Tuesday 10 November 2015

واقع لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی مرۆڤەکان وجوودی هەیە

واقع لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی مرۆڤەکان وجوودی هەیە
ئەو رستەیەی سەرەوە شتێک نییە کەسمان گویمان لێنەبووبێ و تەنانەت رەنگە رۆژانە لێرەوە لەوێش گویبیسی بینەوە. کورد لە هەموو مێژوودا یان لە لایەن داگیرکەرانەوە هاشای لێکراوە یان بە هێند وەرنەگیراوە وهەمیشە حیسابی شارۆمەندی دەرەجە دووی بۆ کراوە، بەڵام کورد هەم بوونی خاریج لە ئیرادەی داگیرکەر هەبووە و هەمیش بە پێچەوانە وەک باقی گەڵانی ئەو ولاتە و دەورەبەری مرۆڤێکە رێک وەک وان.
لە تورکیا دەسەڵاتتادارنی تورک ئەوەندەی وەبیرمان دێ حاشایان لە کورد کردووە و تا ئەم کاتەش ئەم حاشالێکردنە بە بارێکی دیکەدا بەردەوامە، ئەردوغان وحیزبە ئیسلامیەکەی کە چەند ساڵێکە دەسەڵاتی بەسەر تورکیا دا هەیە ئەگەرچی لەزەمانێکی جیواز لەوانی بەر لەخۆی سیاسەت دەکات بەڵام بە جۆرێکی دیکە هەمان رچەی پێواوە. لە ئێران و لە عێراق و لە سووریاش بە هەمان شێوە بەڵامکوردبەدەر لە ئیرادەو خواست و ئارەزووی ئەوان وجوودی هەبووە بە کردەوە هەرگیز ئەو ئارەزوویە لای هیچیان وەدی نەهاتووە.
کوردەش بەهەمان شێوە و لانی کەم دەبی لەو هەمووە حاشالێکردن
و لەو هەمووە ئارەزووە خەیاڵیەی دوژمنان کە هیچیان نەهاتوونە دی دەرس و پەند وەرگرێ. بەرامبەر بە نەیارانی، بەرامبەر بە موخالیفانی واقعبین بێ و لە کوتنی راستیەکان سڵ نەکاتەوە دەنا تووشی هەڵەی قەرەبوو نەکراو دێ.
مەبەستی ئەو باسە تورکەکانی ئازەربایجانن. ئازەربایجان ئەو ناوەی کە بە فیتی داگیرکەران و بۆ ئەوەی هەستی کوردانی ڕۆژهەڵات لە کزی بدرێ و لە باری جوغرافیاییەوە دابڕ دابڕ بکرێ بە سەر بەشێک لە خاکی نیشتمان دا سەپا و ئەمڕۆ لێمان بۆتە بەڵا. ئازەربایجسن ئەو شوێنەیە کە بۆتە بەڵای ناگەهان و بەروکی ئێمەی کوردی گرتووە و لە داهاتوو دا گرفتی هەرە گەورەمان بۆ ساز دەکا.
بەڵام تورک وەک بەشێکی بەرچاوی ئەو ناوچانەی کە کوردستانن و ناوی ئازەربایجانیان بەسەر دا سەپاوە بووونیان هەیە لە دەوروبەری ئەو شارە کوردیانەش ئەان چەندین ساڵ جیران ودراوسێی کوردانن. ئەوەی مەترسی بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش دروست کردووە ئەوە نییە کە ئێمە جیرانی یەکترین یان ئەوان لە زۆر ساری کوردستان تێکەڵاو دەگەڵ کورد دەژین! کێسە ئەمەیە کە ئەوان ئیدیعای داگیرکاریان بە نیسبەت خاکی کوردستانن هەیە و زۆریش جیددین، ئمن زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم کە ئەوان نەک ماکۆ و شاپوور و ورمێ بەڵکوو ئیدیعای مەهاباد و سەردەشت وبۆکان وشنۆ و بانەش دەکەن کە مڵکی باب و باپیریانە!چار چییە ؟ بە سووکایەتی پێکردن و بە جنیودان و بە دروشمدان چمان پێدەکرێ؟ لە روانگەی منەوە و دڵنیام لە ڕوناگەی زۆربەی کوردانەوە دەبێ کورد و تورک لە تەنیشت یەک وەک بترا بژین هیچ کێشەیەک ئەوان لە بەرامبەر یەک ڕانەگرێ و سبەی مەترسی شەڕێکی خوێناویمان لەو بارەوە و لە نێوان ئەو دوو نەتەوە ستەملێکراوە نەبێ، بۆ ئیدارەی ئەو شارانەش دەبێ پشت بە هەڵبژاردن ببەسترێ نەک هیچ ڕیگایەکی دیکە، ئەمن سوور دەزانم ئەوە سیاسەتی زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە. بەڵام ئایا ئەوسن واتە تورکەکانیش بیرۆکەیەکی لەم چەشنەیان هەیە بۆ پێکەوە ژیان؟!
ئەمن لێرەو لەو کانادایە دەگەڵیان دانیشتووم و لە کۆبوونەوەیان بەشداریم کردووە ، ئەوان بەڕەڕووی ئێمە ئیدیعای مەهاباد و بانە و سەردەشتیان هەیە و بە مڵکی خۆیانی دەزانن و پێیان وایە ئەو بابەتە قسەی لەسەر ناکرێ؟ ئەوە بیری زاڵە بە سەر زۆربەی هێز و رێکخراوەسیاسیەکانی تورکی ئازەربایجان. ئەو تورکەی ئەمڕۆ لە ئێران وەک هێزی یەکەم و یەکگرتوو دژی داگیرکاری ئێران قسە دەکات و کە هەموو بۆنەیەکی وەرزشی و ئایینیدا ئاڵای نەتەوەکەی خۆی بەرزدەکاتەوە چ لە تەورێز چ لە تاران!
ئەو باسەم بۆیە هێنایە گوڕێ تا تۆزێ بەرچاوڕوونیم دسبێ بەو کەسانەی کە زانیاریان لەسەر تورکی ئێران نییەو بۆئەوەشی دەورووژێنم کە بە دۆستان بلێم کاکی برام خوشکی بەڕێز نە بەدروشم وبێڕێزیکردن چارەی دەری ئێمە دێ و نە بەوشێوازەش توانیومانە بیرۆکەی داگیرکاری لە مێشکی تورکان وەدەر بنێین. ڕیاگ زۆران و یەک لەوان و سەرەکیترینیان یەکگرتنی هێزەسیاسیەکانە لە بەرەیەکی دێمۆکڕاتیکی ئازادیخوازانە و دژی دیکتاتۆڕی دا، تا یەک نەگرین نابین بە هێز، تا نەبین بە هێز کەس حیسابمان بۆ ناکات، نە دۆست ، نەدوژمن!

با لێشیان فێر بین و هەستیش بە مەترسی بکەین!



با لێشیان فێر بین و هەستیش بە مەترسی بکەین!
هەموو ڕاگەیەنە جیهانیەکان و لۆکاڵیەکان باسی خۆپێشاندان ی بەربڵاوی تورکەکانی ئێران دەکەن، دیارە سەرەڕای لێکدانەوەی ناواقعی کە پێی وایە تورک بەشێکە لە حکوومەت و حکوومەت کاری بەسەریانەوە نییە وادیارە حکوومەت بە هەموو شێوەیەک بەرەوڕوویان بۆتەوە بەڵام جارێ تا ئێرە چون تورک یەکگرتوو و یەکدەستە لە هەموو خۆپێشاندانەکان تەنانەت ئەوەی تارانیش سەرکەوتوو بووە و تەنانەت لە چەند شوێنی تاران ماشێنی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمیان سووتاندنووە.
خۆپێشاندانی یەکگرتووانەو ئازایانەی تورکەکان بۆ لێفێربوون دەبێ، ئەوان چۆنە وا یەک دەست هاتوونە سەرشەقام و کۆشکی حکوومەتە ستەمەگەرەکەی تارانیان وەلەرزە خستووە؟ مەگەر ئەوان حیزبیان نییە؟ مەگەر رایجیوازیان لە نێودانییە؟ بە دڵنیاییەوە هەموویان یەک بیر و باوەڕ یەک جۆری بیرکردنەوەیان نییە بەرامبەر بە رووداو پێشهاتەکان بەڵام لەوەدا یەکدەنگ و یەکڕەنگن کە تورکن! کە بێڕێزی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە قەبووڵ ناکەن.
ئەوەی کورد بەتایبەتی کوردی رۆژهەڵات و حیزبەکانی بە دەرەجەی یەکەم دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان لێی خافڵن و بە خەیاڵی ئاسوودە پاڵیان لێداوەتەوە و هەر لە فکری لەمەیدان بەدەرکردن وپاکتاوکردنی یەکتری دان ئەوان نەیانکردووە، ئەوان لە دەوری یەک کۆبوونەوە بە ناوی" حیزبی ئازەربایجانی جنووبی " کە خۆلیای داگیرکاری کوردستانیشیان لەسەردایە کۆبوونەوە و لە ڕاستیدا ئەو حیزبە بەرەیەکە لە هەموو لایەنەکان بە چەپ و ڕاستەوە. دیارە رەگەزپەرەستی و بیری داگیرکاری بە تایبەتی داگیرکردنی کوردستان بەسەریاندا زاڵە. ئەوان بە ئاشکرا داوای سەربەخۆیی ئازەربایجان دەکەن و بە رۆژهەلاتی و رۆژئاواییەکەی! ئەوەی لەو باسە دا مەبەستمە ئەمەیە کە تورک زۆر درەنگی دەست پێکرد، تا دۆینێ کەواسووری بەرلەشکری ئێران و حکومەتی تاران بوو و لە هەموو مێأوی شەڕ و سەرکوتکاریەکان دژی کورد ئەوان پێشەنگ بوون بەڵام باسی من ئەمە نییە، ئەم بەشە هەر بۆ ئەوەیە کەس ئەو لاپەڕەیە لە بۆچوونەکاندا هەڵنەداتەوە کە ئیترمنداڵی مەدرەسە ئیبتدایئیەکانیش دەیزانن. باسی من ئەمەیە کە ئەوان وا درەنگ هاتوون و ئەوندەش لە پێش ئێمەوەن!
یەکەم کورد تا ئێستاش لەرۆژهەڵات پێێ شەرمە وناوێرێ باسی سەربەخۆیی بکات! یان ئەگەر لە جێی دیکەش باسی دەکرێ بەشێکی لێڕاست دەبێتەوە دژی دەوەستێ! ئەو کوردە یەکنەگرتوو و بڵاو پەرتەوازەیەی هەموو لایەکی دوژمنە خۆشی لە ناوخۆی دا ئێستا بۆتە دوژمنی قەستەسەری یەکتری. کەس لە کەسی قەبووڵ ناکات، خوا رەحمی پێکردین داعشمان ڵێ پەیدا بوو دەنا ئێستا کارێکمان دەکرد ئابڕوومان بۆ کورد نەدەهێشتەوە.
دووهەم تورک مەترسییە، مەترسی بۆسەر سەروەری خاکی کوردستان، ئەوان هەم خۆیان یەکگرتوو و بە هێزن هەمیش ٢ دەوڵەتیان لە پشتە کە هەردووک دەوڵەت هەم دوژمن بە کوردن هەمیش بە ئێران. ئەان بە شێکی زۆر خاکی کوردستانیان لەبن چنگیدایە بە نێوی ئازەربایجانی رۆژئاوایی! ئەوەیان لێکردووینە بەڵگە و هاوکات کە شەڕی سەربەخۆیی دەکەن شەڕی دەرپەڕاندنی کوردیش دەکەن لە خاک و لە زێد و لە نیشتمانی خۆی، ئەگەر کورد دڵی بەوە خۆش کا کە ئەو کەسانە کەمن و توندڕەوی باوی نەماوە لە ناو تورکانیش دا هەر وای بینن، ڕاست لێکدانەوەکەیان بەو ئەندازەیە ڕاستە کە تۆ فارس ببینی و باوەڕی بە ئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی گەلام هەبێ کە بۆ پۆزی رۆشنبیرانەش یەکیان نابینی!
دیسان ئەو هەستانەوە و ئەو خۆپێشندانە وەخەبەرتان ناهێنێ چون ئامادە نین بڵێین ئێمە هەڵەمان کردووە! چون ئامادە نین رەخنە لە ڕابردووی خۆتان بگرن! مێژووش لەسەرمان ڕاناوەستێ و هەنگاوەکانی بەخێرایی با توند کردوون و خەریکە کارەساتێکمان لەسەر تۆمار دەکات کە سەت ساڵی دیکە وەک چۆن داستانی شێخ مەحموودمان بۆ دەگیڕنەوە کە گۆیا دەگەڵ ئینگلیسیەکان ڕێکنەکەوتووە چون پێی وابووە گڵاون ! ئەو داستانەش بۆ ئێوە سەرکردەکانی کورد دەنووسێتەوە.

Monday 2 November 2015

لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا


لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا



محەمد حەلاق کادرێکی سەربازی و فەرماندەیەکی بەوەج و چاونەترسی حیزبی شیوعی عیراق بوو. لە بنەماڵەیەکی شەهیدپەروەری کوردپەروەربوو، ئازا و چاونەترس بوو، لە دەشتی هەولێر بە جیڤارای کوردستان دەناسرا ،باڵابەرزی سمێڵ خورمایی، هەمیشە دەم بە خەندە، من نێوانم دەگەڵی زۆر خۆش بوو، کاتێ لە پشتئاشان و لای هاوڕێیانی حیزبی شیوعی دەژیام تا هاتبایەوە ئەو ناوە دەرفەت هەبا یەکترمان دەدیت،ئەو لوتفی دەگەڵ ئێمەی رۆژهەلاتی هەبوو، بەتایبەتی کاک ئەفراسیاب هەورامی هەمیشە لەدلدا زیندوو و منی هەر دەدیت. دوای شەڕی پشتئاشان و دوای داگیرکردنی پشتئاشان لە لایەن یەکیەتیەوە و کوژرانی نزیک ٨٠ کەسی شیوعی محەمەد حەلاق بەجارێ سیمای گۆڕابوو، ئیتر هەر کات دیتبات لە جیاتی زەردەخەنە و بزە شیرینەکانی نیوان دوو برۆیانی گنجی پێوەدیار بوو، خەمناک ... خەمێکی قووڵ کە وەک مەتەڵێکی تەمو مژاوی کەس ماناکەی بۆ لێکنەدەدرایەوە.


کوردستان ئازاد کرا و پارتی ویەکیەتی هەر یەکەوە دەفەرێکی بۆخۆی بڕدا و خەڵک بە لێشاو ڕوویان لەو دوو حیزبە کوردیە کرد. حیزبی شیوعی سۆڤیەت (شورەوی پێشوو) بە دوای هاتنە سەرکاری گورباچۆڤ و پرۆسترۆیکا و چاکسازی گۆرباچۆف لە بەر یەک هەڵتەکا، بە دوای ئەو دا هەر حیزبە کۆمۆنیستەی لە قوژبن و سووچێکی ئەم دنیایە هەبوو وەک پزدان دەپووچایەوە و لە بەر یەک هەڵدەوەشا! حیزبی شیوعی عێراقیش وێرای پێشینەیەکی زۆر خاوێنی سیاسیی و بوونی سەدان کادری بەوەجی کورد و سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە ڕیزی ئەو حیزبە دا لەو هەڵتەکاندنە بێبەری نەبوو، لە ناکاو هەڵتەکا و زۆربەی کادرەکانی روویان لە پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان کرد، بەلام محمەد حەللاق لە گەڵ هاوڕێ ئەبوو حیکمەت پارتێکی تازەی چەپی کوردیان دروست کرد بە ناوی پارتی کاری سەربەخۆ.

جارێکیان کە بە سەردان چووبوومە باشوور برادەرێکی کۆنە شیوعیم بینی کوتی محەمەد حەلاق هەواڵی پرسیوی، کوتم لە کوێیە زۆرم پێخۆشە بیبینم. کوتی وەڵا ئەوە لە کۆیەیە، هاتمە لای هاوڕێ شاخەوان و هاورێ هەوراز بە پرسیار ئەوانم دیتەوە و لە رێگای ئەوانەوە ماڵی کاک محەمەد و خودی کاک محەمەد حەلاقیشم دیتەوە، شەوێک میوانی بووم و زۆرمان باسی ڕابردوو و گۆرانکاریەکانی ئەم جیهانە و بەتایبەتی کورستان کرد. هەمان گوڕوتینی جارانی پێوەدیار بوو، دڵخۆش بوو بە رزگاری کوردستان بەڵام نیگەرانی داهاتوو بوو. باسی شیعرێکی منی کرد و کوتی ئەگەر لات ماوە تکایە نوسخەیەکم بدەیە، شیعرەکە ناوی "هەڵۆ تاکە" بوو و بۆ کارەساتی پشتئاشان و هێرشی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بۆ سەر هاوڕێیانی شیوعی نووسرابوو، سەرەتای ئەو شێعرە ئاوا دەست پێدەکا:
"هەڵۆ تاکە"
ئاسۆ لێڵ و وڵات کۆترێکی تاساوە
لەسەر بانی ماڵێکی چۆل هەڵکورماوە
تاریکایەکی سامناک
شار و گوندی داگرتووە
چەقولووری سەگی کۆڵان
لە هاتنی دزی شەو و
رێبوارێکی نائاشنا خەبەر دەدا
لە گوێسوانەی گوندەکانا
کوندەبوو تەقڵە لێدەدا
چاوی ئاسمان کز دەسوتێ
بزەی زەوی پڕوکاوە
مانگ ژنێکی چارشێو رەشە
ئەستێرەکان ڕووی دەڕنن
بزەی شیعری ئاگراوی
لە گێژاوی خەیاڵات دا حەپەساو..!

ئەوەم بۆ خوێندەوە، سەری لەبەر خۆی نا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و کوتی هەک ..... هەموو برینەکانم نوێ بوونەوە! ئاگام لێبوو دەفکرانەوە چوو، ناڕەحەت بووم و کوتم خۆزگە بۆم نەخوێندبایەوە. کاتی خۆی بەشێک لەو شێعرەم بۆ خوێندبۆوە، وابزانم لە سەفەری سووریا گەڕابۆوە و تیربارێکی بی کەی سی بەدەستەوە بوو، بیستبووی ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیانی پشتئاشان و کارەساتە لەبیرنەکراوەکەی کوتووە.

ئەوشەوە دوایین دیداری من بوو دەگەڵ کاک محەمەد و ئیتر نەمدیتەوە. لە مەهاباد و لە سەر دووکان بووم کە لە هەواڵەکان بیستم لە بازگەی کۆیە تەقە لە محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی کراوە و شەهید کراون،رەنگە هەر هەمان بازگە بێ کە شەهیدانی دێمۆکڕاتی تێدا خەڵتانی خوێن کرا!

یەکیەتی زۆری خەڵک کوشتووە، هەر ئەو نا حیزبەکانی دیکەش زۆر جار دەستیان بە خوێنی خەڵکی سوور بووە، بەڵام ئەو تاوانەی یەکیەتی هەرگیز لە بیر هیچ ئینسانێکی بەوێژدان ناچێتەوە، ئاخر نە محەمەد حەلاق و نە حیزبەکەی ڕکەبەری یەکیەتی و هیچ حیزبێکی دیکەی باشووریان پێنەدەکرا ، ئەوان تازە بناخەی پارتێکی چەپی کوردیان دامەزراندبوو بەناوی پارتی کاری سەربەخۆ، بەداخەوە تا ئێستاش نازانرێ هۆکاری ئەو کوشتارە سامناک و جنایەتکارانەیە چ بووە، کێ بووە فەرمانی ئەو جنایەتەی داوە و بە دەستووری کام بەرپرسی یەکیەتی ئەو تاوانە نەبەخشراوە ئەنجام دراوە و چۆنە تا ئێستا هۆکاری ئەو کوشتارە دیار نییە؟

بەڵی بەداخەوە لە ڕۆژی 1995/11/2 و لە دەروازەی کۆیە دەستی ڕەشی تاوان لە ناو رێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەسڕێژی لەو کۆمەڵە تێکۆشەرە کرد و ئەوەی لەوێ شەهید کرا دەنا ئەوانی دیکە راگوێزران و پاشان هەموویان گوللە باران کران. ئەو تاوانە ڕاست وێنەی تاوانی شەهیدکردنی کۆمەڵێ کادر و پێشمەرگەی دێمۆکڕات تا هەتایە بە ناوچاوانی یەکیەتییەوە وەک پەلەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە . خۆزگە ئەوانەی ئێستا بوونە بڵیندگۆی ئازادیخوازی و دادپەروەری و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ئەو کەیسەیان زیندوو کردباوە و لانی کەمی هۆکاری کوشتنەکەیان بۆ خەلکی روون کردبایەوە.

یادی محەمەد حەللاق و هاوڕێیانی هەمیشە لەدڵدا زیندوو
نەفرەت لە بکوژان و نەفرەت لەوانەی وا بە هاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەکانەوە
نەفرەت لەوانەی کە ئاگایان لەو کارەساتە هەیە و تا ئێستا بێدەنگەیان لێکردووە.

Thursday 22 October 2015

ئایا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوەندی شەڕیکی گەورەی ئیقلیمی


هەموو ئاماژەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە بە بچووکترین هەڵەی زلهێزەکان، رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و بەتایبەتی دەروبەری ئێمەی نه‌ته‌وه‌ی کورد ، بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەنگاو دەنێ.سووریه‌ وەک تا ئێستا مەیدانی کێ بەرکێ و شەڕی هێزە ئیقلیمیەکانە دەبێتە سه‌ره‌کیترین مەیدانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕەو بێگومان کور بەشێ جیانەکراوەی شەڕەکە دەبێ کە ڕەنگە لە ئێستادا لە یەک بەرەدا، بەڵام لەدواڕۆژدا .ڕەنگە لە دووبەرەی دژ بەیەک لە شەڕ دابن.

ئەگەرچی کورد لەمڕۆدا دەبوو زیاتر له‌ هه‌موو کاتێک بیر لە خۆپتەوکردن و خۆ رێکخستن و ناوماڵی کورد رێکخستن بکاته‌وه‌،بەڵام تا ئێرە خۆمە خۆمە و پاوانخوازی بێ ئەژماری سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەوپەڕی خۆیدایە و سبەی کە کار لە کارترازا ئیتر هەزار هاوارە پوڵێکی!
لەم نێوەدا ئێران بۆتە پشیلەی رەجەبە شێتی و خەریکە گەڕەکە ماڵێک بە خۆیەوە دەسووتێنێ، دوور نییە ئەوان هەمان فەلسەفە پەیرەو بکەن کە دەڵێ: تا دنیا ئاڵۆز نەبێ و خوێن سەران نەبا ئیمامی زەمان زوهوور ناکا! لە رووی سیاسیشەوە ئێران ناچارە پشتیوانی لێبڕاوانەی خۆی لەسوریه‌ و حکوومەتە دیکتاتۆریەکەی ئەسەد بکا، هۆکارەکەشی زۆرئاسانە، ئێران بە هۆکاری زەق کردنەوەی مەترسی دوژمنی دەرەکی هەمیشەیی هەموو جۆرە سەربزێوی و ناڕەزایەتیەکی هاووڵاتیانی ئێرانی سەرکوت دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پردی پەرێنەوەی کەلوپەلی نیزامی و سەربازی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان کە بە بازووی سەربازی ئێران و سوپای پاسداران لە ناوچەکە ناسراوە تا بە قەولی خۆیان ئیسرائیل لە سەر نەخشەی .جیهان بسڕنەوە.
ئەوە بە کورتی حاڵ و هەوای ناوچەکەیە کەلە باری سیاسییەوە بە دوو ڕێزبەندی ئاشکرا دا گوزەر دەکات: بەرەی یەکەم واتە ئێران و عێراق و سوریه‌ و حیزبوڵڵا و رووسیه‌ و به‌شێک له‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی باشوورو باکووری کوردستان کە ئەم هێزانه‌ بەم دواییانە بە ئاشکرا خۆیان لە ریزبەندی یەکەم دا دەبیننەوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش عەڕەبستان و تورکیه‌ و ولاتانی رۆژئاوایی و لە سەرووی هەموانەوە ئەمریکا و هێزێکی دیاری باشووری کوردستان دەکەونە خاڵبەندی دووهەم. سەیر لێرەدا ئەمەیە کە لە جیاتی ئەوه‌ی کورد بە ستراتیژی و تاکتیکێکی دیار و یەکگرتووه‌وه‌ بەرەوڕووی ئەم روداو و پێشهاتانە بووبایەوە بەداخەوە لە هەموو کات زیاتر پەرت و پەرەوازەیە.
پرسیار لێرەدا ئەمەیە کە لەو کێشەو هەرا مەنتەقەیی وئیقلیمییە هەر دەوڵەتە و وەدوای بەرژەوەندی حکوومەتی و نیشتمانی و بازرگانی و سیاسیی خۆی کەوتووە، کورد وەدووی چی کەوتووە!؟ بۆ هەر یەکەو بە لایەک دا ڕایدەکێشێ!؟ لەم ئان و ساتە ئاستەمەدا کورد و سەرکردایەتی کورد و حیزبەکان بۆ دەبێ بیڕێک لە خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خەڵکی کوردستان نەکەنەوە ئەو شەڕەگەڕەکە نێوخۆییەی بۆ تووشی خۆی کردووە؟
هیوادارین ره‌وتی رووداوه‌کان بەو ئاراسته‌یه‌دا نه‌ڕۆن و ئەو ناوچەیە نەبێتە مەیدانی شەڕیکی ماڵوێرانکەر. چوونکی لە ئەگەری وەها حاڵەتێکدا بەو پرشو بڵاوییەی هێزه‌سیاسییه‌کانی کوردستان تووشی بوون، بە دڵنیاییەوە زەرەرمەندی یەکەم هەر خه‌ڵکی کوردستان دەبێ، هەرچەند و لە حاڵەتی وشیاری نەتەوەیی و نیشتمانی و یەکگرتوویی هێزەسیاسیەکان دا دەکرێ ئەو گۆرانکاری و شەڕ و کاولکارییە بە هەموو زەرەر و زیانە مادی و مرۆییه‌کانیه‌وه‌ کە کوردیش پشکی شێری بەرکەوتووە و بەری دەکەوێ، لانی کەم لە رووی سیاسییەوە لە بەرژەوەندی خۆی بقوازێتەوە.

Wednesday 12 August 2015

ئێران لە سەراولێژی داڕماندا


ئێران لە سەراولێژی داڕماندا

ماوەیەک لەمەوپێش نووسیم ئێران خەریەکە لە هەموو بەرەکان تێکدەشکێ و وادیارە یەکێک لە پێشبینیەکانم وەڕاست گەڕاوە، کە دەڵێم لە هەمو جەبهەکاندا تێکذەشکێ مەبەستم لە بەرەو جەبهانەیە کە ئێران ساڵەهایە سەرمایە گوزاری قورسی ماددی ومانەوی لەسەر کردوون، ئەو جەبهانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەکەیدان و تەنیا بۆ بە قەولی خۆی ناردنەدەرەوەی شۆڕش خوێن فرمێسکی خەڵکی بێدەرەتانی ئێرانی بۆ خەرج کردوون.
بەرنامەی ناووکی و ئەتۆمی ئێران پاش ساڵەها سەرمایەگوزاری قورس و بە دوای گەمارووە ئابووریەکاندا گەڕاوە سەر خاڵی سفر و ئێران ملکەچی هەموو بڕیار وڕاسپاردەیەکی وڵاتانی رۆژئاویی بوو. ئێران کە ساڵەهای ساڵە هەرچی پارەو پووڵی ئەو خەڵکە هەیە خەرجی سیاسەتەدەرەکیەکانی خۆی دەکات لە لوبنان، سووریا، غەزە ی حەماس، عیراق وباشووری کوردستان، ئێستا وردە وردە لەوشوێنانەش نیشانەکانی شکستی پیلان و بەرنامەکانی وەدیار دەکەوێ.
فەرماندەی ئەو پیلانانە کەسێکە بە ناوی قاسم سولەیمانی کە بەرپرسی قەرارگای قودسی سپای پاسدارانە، ئەو سپایە و ئەو بەشەی سپای پاسداران کە بەرپرسی هەموو ترۆرەکانی چەندین ساڵی ڕابردوویە لە هەندەران، لە ئورووپا، لە تورکیا، لە باشووری کوردستان، لە نێویاندا ترۆری ڕیبەرانی حیزبی دێمۆکڕات، قاسملوو وشەڕەفکەندی. قاسم سولەیمانی و سوپای قودس کە بەرپرسیارەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لە ئەستۆیە! وردە وردە دەبێ هەست بە تامی تاڵی شکستی ژاراوی بکات.
لە یەمەن زۆر پارێزگا و ناوچەی ژێردەسەڵاتی حووسیەکان و عەلی عەبدوڵا ساڵحی هاوپەیمانی ئێران لە لایەن هێزەکانی خەڵکی و ئەرتەشی ئەو وڵاتە دووبارە رزگار کرانەوە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند سەعاتی داهاتوودا شەڕ بۆ ئازادکردنی سەنعای پێتەختی ئەمەن دەست پێبکات و ئاماژەکان ئەوەیان لێدەردەکەوێ کە هێزەەکانی سەر بە حووسی و شیعەکانی سەر بەئێران بە جارێ ورەیان بەرداوە و ڕەنگە نەتوانن بەربەرەکانێکی ئەوتۆ لە بەرامبەر هێرشی هێزەگەلی و خۆجییەکان و ئەرتەشی یەمەندا بکەن.
رێژیمی ئیسلامی ئێران لە یەمەن کاتێ لاقی لەبەڕەی خۆی پتر ڕاکێشا، ئیتر وڵاتە عەڕەبیەکان و لە سەرووی هەموانەوە عەڕەبستانی سعوودی و میسر بەگژ سیاستەکانی ئێران داهاتنەوە و ڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی "عبدربه منصور هادی" هێرشی هەواییان کردە سەر حووسیەکان و لە ڕاستیدا لە ماوەیەکەی کەمدا توانیان کە بنکەو بنیاتە نیزامیەکانی سەر بە حووسیەکان وێران بکەن و رێگای گەیشتنی یارمەتیەکانی ئێرانیان بۆ حوسیەکان بە تایبەتی لە بەندەری عەدەنەو ە بەست وئیتر حووسیە شیعەکانی لایەنگری ئێران دەستیان وەهیچ کوێ ڕانەگەیشت و تا وردە وردە بەرەو سەراولێژی داڕمان شۆڕبوونەوە و ئەمەش یەکەم شکستی روون ودیاری سیاسەتە مەزنیخوازانەکەی ئێرانە لە ناوچە کە بە دڵنیاییەوە بەدووی دادێ.
لە سووریا لە گەرمەی دەنگۆی سەردانەکەی محەمەد جەوادی زەریف بۆ دیمەشق ناوەندی ئەو شارەو ئەو پێتەختەی دیکتاتۆڕی ئەسەد لە لایەن موخالیفانەوە تۆپباران کرا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە دەوروبەری پێتەختی سووریا لە بەردەستی هێزە دژبەرەکانی سووریادایە. کەواتە سووریا تەنانەت دەسەڵاتی پێتەختەکەی خۆشی بەتەواوی نییە و دوور نیە دووهەم شکستی ستراتیژی سیاسەتەکانی ئێرانی ئیسلامی لە دیمەشقەوە سەرهەڵبدا، دیمەشق بۆ ئێران شاڕەگی حەیاتی سیاسەتە چەواشەکارانە و خەڵک فریودەرانەیە، کە دیمەشق نەمێنێ ئیتر حیزبوڵلا ئوتوماتیک دەکەوێتە گەماورۆە و هەم لووبنان لە چنگانی ئاسوودە دەبێ و هەمیش ئاژاوەگێڕیەکانی ئێران بۆ هەتایە لەو ناوچەیە کۆتایی دێ. لە خۆڕا نییە کە ئێران وەحەولەوەلا کەتووە تا بەڵکوو بتوانێ بە تەرفەند وفێڵ وتەڵەکەیەک ئەسەدی هاوپەیمانی لە سەرەمەرگدا زیندوو کاتەوە!
گەلۆ ئێران دوای ئەم دۆڕانە گەورانەی هەموو ئیعتیبار وکەسێتی سیاسیی خۆی لانی کەم لەناو خۆیدا لەسەر دانابوو چی بەسەر دێ؟ تۆ بڵێی نۆرەی بوومەلەرزەکەی ئێران نەبێ و زستانی عەڕەبی و تورکی و کوردی و بلووچی و تورکەمەنی مێشکە چەقبەستووەکەی سەدەکانی ناوەڕاست دووچاری بەستەڵەکی تا هەتایی نەکات.
خزمینە لەئەگەری روودان و هاتنە دی ئەو لێکدانەوەیە تۆ بڵێێ ئێمەی کورد وهێزەسیاسیەکانمان هیچ ئامادەکارێکیان کردبێ تا لەو دەرفەتە کەڵکی بەجێ وەرگرن و بە تەجرەبە وەرگرتن لە پاڕچەکانی دیکەی کوردستان خەونی بنیاتێکی قایم و دێمۆکڕاتیک و کوردستانی بەو بەشە ستەملێکراوەی کوردستان واتە ڕۆژهەڵاتی ئاگر و گڕ ببینین؟

Friday 12 June 2015

مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە


مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە 
سەرنجێک لە سەر سەفەرەکەی قەشقاوی و هەیئەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان
کورد کوتوویە " مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە" ئەو پەندەکوردییە زۆر جاران وەڕاست گەڕاوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتە زەبەلاحە گەندەڵانەیە کە تا درێشەی پێشان نەدەی بارانی مشتەکۆڵەی ناوەستێ هەموو لایەک ئاگادارن کە ئێران لەوەتا هەیە چۆنی دۆژمنایەتی کورد بە تایبەتی کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچی خوێنی لە شەڕی براکوژیدا ڕژا لە خۆ بەزلزانی و پاوانخوازی کورد و پیلانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران ڕاسەرچاوەی گرت.
ئێران هەرگیز دەستی لە پیلانگێرێ دژی حکوومتی هەرێمی کوردستان بەرنەداوە و لە چەند مانگی ڕابردوو دا چەندەها پیلانی دژی حکوومەتی هەرێمی کردستان و بە تایبەتی دژی یەکدەنگی و یەکدڵی کورد لە باشوور وەرێخست تەنیا بۆ ئەوەی خەونی سەربەخۆیی لەبار بەرێ. بەداخەوە هەلوومەرجی کوردستان و جوغارافیای سیاسی کوردستان واهەڵکەوتووە کە سیاسەتوانی کورد زۆر بە پارێزەوە دەگەڵ ئەو کەڵەگایی و ملهوڕیەی داگیرکەران بەرەوڕوو بێ و لەبەر یەک نەبوون نەبوونی یەکڕیزی لە ناو حیزبە کوردیەکان دا وەک کورد دەڵێ ناچارن جار جارە بە حەریفی دایکیان بڵێن خاڵە! 
لێرەوە بەڕاشاکاوی دەمهەوێ باسی ئەو بابەبەت بکەم کە لەم چەند ساڵە دا بە تایبەتی پارتی کە بە پێچەوانەی حیزبە هاوپەیمانە دژبەرەکەی کە سەر بە ئێرانە و نەک سەر بە ئێرانە بەڵکوو بە قەولی کاک سەلاحی موهتەدی دەڵێ سپای پاسداران حوکمی یەکیەتی دەکات! پارتی لە بەرەی ڕۆژئاوا دایە و هەر بۆیەش دەگەڵ ئێران ئەگەر لە سەرەوەش و بە ڕواڵەت و بە دیپلۆماسی تایبەتی کە دەبێ دەگەڵ ئێران هەیانبێ دۆست بن ئەوا لە بنەوە ددان لێک دەچیڕەوە دەبەن و بەتایبەتی ئێران بە خوێنی سەری پارتی و بارزانی تینووە.
هەرچی ئورگانی سەر بە سپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی ئێرانە لەو ماوەیەی ڕابردوودا وهاوکات دەگەڵ هەندێ هێزی کوردی حەشریان بە پارتی و بە بارزانی کردووە، ئەوەی رەجانیوز و بازتاب و باقی ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران بۆ دژایەتی پارتی و هەزینە کردن بۆ ئەو دژایەتیە کردوویانە نە لە چاوی پارتیەکان دوورە و نە لە چاوی هیچ چاوەدێرێکی سیاسیی ونبووە. لە هەمان کاتدا ئەندام و لایەنگرانی پارتیش وا بۆ یەک دووساڵ دەچێ ئیتر بە ئاشکرا لە دژی ئێران دەنووسن و دەپەیڤن. 
پارتی تینی بۆهات، چەقۆی گەیشتە سەر ئێسقانی، لە دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی ئێران بەرامبەر بە خۆی ماندوو بوو، لەولاش گوشارێکی زۆر هەبوو کە بۆچی کوردی رۆژهەڵات دەبێ شۆڕش و ڕاپەڕینەکەی هەروا لە سێبەری هەلوومەرجی تایبەتی باشوور دا بمێنێتەوە و وردە وردە بەرەو توانەوە یان حیزبەکانی بەرەو دابڕان لە خەڵک بچن! ئەو بۆشاییە تا کەی دەبێ هەبێ و تا کەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێ ئاوڕ لە خۆزگەو ئارەزووەکانی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات نەداتەوە و تا کەی دەبێ بەربەست بێ لەبەردەم کردنەوەی بارەگا وبنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە سەرسنوور.
قەشقاوی بۆ بەهەڵەداوان خۆی گەیاندە هەولێر، ئەوان چاک لەخۆیان و لە ناخی کڵٶڵی خۆیان ئاگادارن، لەوە دڵنیان چەخماخەیەکی بچووک ڕەنگە وەک ئاوری پووش و پەڵاشی قەدپاڵێک بە خێرایی بتەنێتەوە و هەرچی هەیە لە حکوومەت و لە دەسەڵات و لە هێزی بێبنەما دەگەڵ خۆی بەرێ. پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێ بچنە ژێر هیچ چەشنە گوشارێکی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و ڕاست بە شێوەی خۆیانیان سیاسەت دەگەڵ بکەن. لەسەرەوە بڵێن بە چاوان و لەبنەوە لێگەڕێن با بۆسۆ وبۆچرووک لە ریش و پەشمی مەلایان هەڵبستێ و ئەو دێوەزمەیە بە یەکجاری لە کۆڵ گەل و وڵاتی داگیرکراومان کوردستان ببێتەوە. هەیئەتی ئێرانی تەنیا لە ترسی چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە و بەس!
ئێران ئەو دارە زلەیە کە لە دووڕەوە دەیبینی دەیان لق و پۆی لێبۆتەو بەڵام کاتێ لێێ نزیک دەبێیەوە گەندەیڵ و کڵۆڵی هەر لە خۆی جوانە. ئێران ئەو رێژیمەیە کە مەرگی شەیتانی گەورەی بە قۆنترات هەڵگرتبوو بەڵام ئێستا هەرچی شەیتانی گەورە بڵێ شەیتانە بچکۆلە ناڵێ نا! بەڕێزانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گڕوگیڤی ئێران نەتان خەجڵێنێ ئێوە ڕاست قامکتان لە سەر خاڵی هەرە لاوازی حکوومەتی ئێران داناوە. لەبیرتان نەچێ زۆر جار مشت لە درێشەدەگەڕێتەوە.

Thursday 11 June 2015

تاڵە ژین

تاڵە ژین
دایکی کورد

دایکی کورد واتە دایکی رۆڵەی کوردان ڕەنگە پڕ کوێرەوەریترین دایکی دنیا بێ. لەبیرمە تازە لە زیندان هاتبوومە دەر، وەزعی رووحیم هەرچەندی بڵێێ خەراپ بوو، لوقمانی بڕام ڕەنگە شاهید بووبێ کە من زۆر رۆژان بە دەنگی" اندک اندک جمع مستان میرسند" ی شەهرام نازری گۆرانیەکانی شەجەریان و... شوان و .... کۆڵێ فرمێسکم هەڵدەوەراند، من نەخوازراو تووشی وەزعێک بووبووم کە بەدەست خۆم نەبوو، لە یاران هەڵبڕابووم کە لانی کەم بەو شێوەیەی ئەو کات خۆمم بۆ ئامادەنەکردبوو وبە شاهیدی هەمو دۆستان تا ئەو کاتەی هاتمە دەرێش هەرگیز نەمتوانی بۆ یەک چرکەش دەگەڵ وەزعی مەوجوودی ناوخۆو ئێران و کوردستان ڕابێم.
لەبیرمە کاتێ پاش ماوەیەکی زۆر لە ماڵ مانەوە دۆستی هەرە نزیکم وەستا ڕەشیدی ئازەرپوور هاتە لام و دەگەڵ خۆی بردمییە دەرێ و بۆ قەراخ سەد دەڕۆیشتین زۆرمان دەردە دڵ کرد، زۆرمان قسە و باسی رابردوو بۆ یەک گێڕاویەوە، سەر ئەنجام هاتمە سەر ژیانی تایبەتی و خاو وخێزانی ولێم پرسی، چەند منداڵت هەیە؟ وابزانم ئەوکاتی کوتی ٤، منیش کوتم ماڵتە جا چوار منداڵت بۆچن خۆ بەتەما نین جووجەخانەیان لێدابنێی! کوتی برایم پێم سەیرە قسەی وادەکەی، کورد لانی کەم دەبێ ٤ منداڵیان هەبێ، کوتم بۆ؟ کوتی یەک بۆ زیندان، یەک بۆ چوونەدەر و پێشمەرگایەتی، یەک بۆ ماڵ و بەردەستی دایک وباب ئەگەر پێمانەوە بمێنێ، یەکیش بۆ زاپاس!
ئەو کاتی ئەو قسەیەم چوو دەکەللەیەوە و بەقسەیەکی تەواو ڕاستم زانی بۆیە تا ئێستا وەک شێعری ناسک و جوان لەبەرمە. بەڵام ئەو داستانە زەجر و کوێرەوەری دایک وبابیشی بەدواوەیە. دایک و بابی هەناسە سارد هەر خۆیان دەزانن لە نەبوونی منداڵکانیان لای خۆیان وبەتایەبەتی لە پێشمەرگایەتیدا چ گۆڕەوشارێک دەدرێن هەموو ڕۆژ و هەموو شەوێک. چەند جار دمن چەند جار دەژینەوە! دایکی منیش یەکێک لەو دایکانەیە.،
باش لەبیرمە لە ١٢ خەرمانانی ساڵێ ١٣٥٨ دوای شەڕێکی چەند رۆژە لە هەردوو بەری مەهاباد میانداو و مەهاباد نەغەدە - ورمێ و گەمارۆی سەختی چەند مانگەی ئابووری لە سەر شار سەرئەنجام لە ئێوارێی ئەو رۆژە ئەرتەش و سپای دژی گەلی رێژیمی ئیسلامی ئێران مەهابادیان داگیر کردەوە. من رۆژێک پێشتر پۆلێکم پێشمەرگە بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد و رۆژی دوایی گەڕامەوە مەهاباد و ئەو رۆژەی کە یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم بوو، کاتێ ئەرتەش گەیشتە سەر بلواری میاندواو و ئەو تەپەیەی کە ئێستا دانشکای پەیامی نووری لێیە گرتی و بە هێلیکۆپتیریش لە داشامەجید هێزی پیادەکرد ئیتر وردە وردە شار لە بنکە رەسمیەکانی حیزب چۆل کرا و منیش بۆ خودا حافیزی چوومەوە ماڵ ، جیبێکی ئەرتەشیم پێبوو، لەبەر دەرگا ڕامگرت و چووم کۆڵە پشتیەکم هەبوو دەستم دایەوە وەدەر کەوتم..
لەبەر دەرکێ دایکم بەدووم داهات و کوتی برایم بۆ کوێ دەچی؟ کوتم دایە دەڕۆم دەچمە دەڕی لە شار ، غاری دامێ و توند بەرۆکی گرتم و کوتی " شیری ئەو مەمکانەت لێ حەڵاڵ بێ رۆڵە مەڕۆ "! دایکم ماچ کرد و خودا حافیزیم لێکرد و ئەگەر راستیشتان بوێ زۆریشم گوێ لە داواکەی نەبو و هەستێکیشم بەرامبەر پاڕانەوەکەی دایکم نەبوو، هەست و غروور و هەموو سۆزێک ئەو دەمی کوردستان وحیزب و پێشمەرگایەتی بوو، ئیتر وەزعەکە وابوو و گوناهی کەسی تێدانەبوو هەرچی پێشمەرگە بوو ئەو کات ئەو غرورەی هەبوو.
دایکم بەجێ هێشت و بۆسەرهەڵێنان لە بنکەی خۆمان کە لە شوێنی کەڵانتەری و رووبەرووی کووچەی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی بوو سەردانی ئەوێم کرد کە بزانم کێی لێیە دەگەڵ خۆم بیبەمە دەرێ، کەچی بەسەر هەواری خاڵی داکەوتم و کەسم تێدا نەدیت، سەیر ئەوە بوو تا هاتمە دەر ماشێنەکەیان دزیم و خۆم بە تەنێ لەوگۆڕەی مامەوە. یادی بەخێر هەزار جاری دۆستێکی زۆر خۆشەویستم بە ماشێنی خۆی تا هەمزاوایەی بردم لەوێ دیتم چەند پێشمەرگەیەک ماشێنەکەی منیان پێیە و لەوێ ڕاوەستاون. لە پیشدا ماشێنەکەم لێ هەسستاندنەوە گلەیم لێکردن کە ئەگەر ماشێنیان پێویست بوو دەبو ئاگادارم بکەن خۆ من بەتەنێ بووم و ئەوانشم دەگەڵ خۆم دێنا دەر. بەڵام ئەوان هەر بەدەم فشەکردنەوە کوتیان کاک برایم بە خودای خەجاڵەتین نەمانزانی هی تۆیەو پاشان لەو بەلبەشۆیەی دا کێ لە ماشێنی کێ دەپرسێ؟.
بەڵێ ئەمە داستانی ژیانی کولە مەرگی کوردە، ئەوان ڕۆلەكان بوون و ئەمانیش دایکەکانن ، ئێستا دایکم و دایکەکانی دیکەش بێ ئەوەی ئارەزووی خۆیان وڕۆلەکانیان وەدی هاتبێ ، یان بەجێیان هێشتووین و یان پیری چواردوەری ژیانی تەنیون و بڕستی لێبڕیون. ئەو دایکانە و ئەوانەوی ڕۆلەکاننان لە رێگای داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کورد فیداکرد هەمووی دەبێ تاجی سەر بن، هەموو دەبێ نموونە بن، لەمەش گرینگتر دەبێ خۆزگەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارە حیزبیەکانەوە بە هێند بگیرێ.
هۆ دایکە دڵ پڕ لەخەم و ژیان پڕ لە کوێرەوەیەکە.. هۆ دایکانی رۆڵەخەباتکارەکانی کورد تۆزی بەرپێتانم، بمان بوورن نیشتمان پێوستی پێمان بووە و هەر کەس بە عەقڵی خۆی و بە تێگەیشتنی خۆی ملی لە رێگایەک ناوە کە بتوانێ خزمەتێکی ئەگەر بچووکیش بێ بە گەل و نیشتمانەکەی بکا.

ئایا سەرکەوتنی هەدەپ سەرکەوتنی کوردیش مانا دەکرێتەوە؟


ئایا سەرکەوتنی هەدەپ سەرکەوتنی کوردیش مانا دەکرێتەوە؟

ئەگەر بە دوور لە دەمارگرژی و بە دوور لە بازنەی سیاسەتی داخراوی گرووپیدا ئەو سەکەوتنەی ه د پ وەرد دەینەوە
 لە یەکەم هەناودا ئەو سەرکەوتنە بە شکستی دەسەڵاتداری تاک لایەنەی حیزبی داد و گەشە پێدان کە سەرۆکەکەی ئەردوغانێکی لەخۆبایی و چەواشەکار و دروزنە تەواو بووە، واتە لە تورکیا هیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ بڵێ من حاکمی موتڵەقم.
لەوەەتا تورک هەیە و حکوومەتی هەیە هەرگیز ئەو وڵاتە لە حکوومەتێکی یەک لایەنە و خۆبەزلزانی تاکڕەو نەترازاوە، دیمۆکڕاسی و سیستەمی پارلەمانی لە وڵاتە هەمیشە یان بەدەم کودەتا سەربازیەکان و یان بەدەم دەسەڵاتی حکوومەتە فاشیستی و تاکڕەوەکانەوە بووە کە هەر هەموویان تاسەر ئێسقان دوژمن بە کورد و داوا ڕەواکەی کورد بوون. ئێستا ئەو هەیمەنە و ئەو تابۆیە بەدەستی کورد، بەڵێ بەدەستی کورد و بەدەنگی کورد چرژی تێکەوت، ئیدی هەیمەنەی تورک بەسەر کورددا هەرگیز لەم ڕۆ بەو لاوە وەک ڕابردووی لێنایەتەوە و ورد وخاش کرا. ئایا ئەوە سەرکەوتنێک نییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دێمۆکڕاسی هەیە و خوازیاری ئازادی و گەشەکردنی فرەدەنگی و فرە چەشنین، ئەویش بیستنی دەنگی کورد؟! خۆ هیچ کەسمان گومانمان لەوە نییە کە ئەوەی دەنگی بە ه د پ داوە زۆربەی هەرە زۆریان کورد بوون. تۆ بڵێی ئەو کوردە کە خۆڕا دەنگی بە ‌ ه د پ دابێ؟
دووهەم مەسەلە کە دەبێ باسی لێوەبکرێ و بە ىروای من یەکجار گرینگە ئەمەیە کە، کورد لە باکوور بە رەسمی و بە دەنگی گەل پێی نایە قۆناخێکی تازەی سیاسەت کە بەدڵنیاییەوە پڕدەسکەوتترین خەباتی کورد دەبێ لە باکوور و دەرسێکیش دەبێ بۆ هەموو لایەنەکانی دیکە. گرینگی دیکەی ئەو بابەتەش ئەمەیە کە ئیتر کورد تەنیا هیوای چەک وچیا نییەو بە جیددی بیر لە چڕکردنەوەی خەباتی مەدەنی کە لووتکەی خەباتەکە دەبێتە خەباتی پارلەمانی بکاتەوە و کاری بۆ بکا. ڕاستە دوژمنان کوردان وەک نەتەوەیەکی چەک خۆشەویست وێنا کردووە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کوردی مەجبوور کردووە کە پەنا بۆ چەک بەرێ ئەوە داگیرکەرانی کوردستانن دەنا کورد لەوەتا هەیە هەوڵی ئەوەیە کە لە رێگای دەنگدان و لە رێگای هەڵبژاردن و لە ڕیگای بنیات و دامەزاراوە مەدەنیەکان قسەی خۆی بە گوێی کەڕی داگیرکەران بگەیەنێ بەڵام ئەوان خۆیان لە ئاست داوخوازیەکانی کورد هەمیشە کەڕ و کڕ وکپ کردووە،
هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا و سەرکەوتنی کوردەکان لەو هەڵبژاردنە دا بە دڵنیایەوە گۆڕانکاری گەورە هەم لە سیاسەتی کوردان دا و هەمیش لە سیاسەتی تورک دا بە دوای خۆیدا دێنێ بە تایبەتی ئەگەر کورد ژیرانە هەڵسوکەت دەگەڵ مەسەلەکە بکات. راستە ئەوەی تا ئێستا ئینکاری کورد و مافی کوردانی لە تورکیا کردووە دەسەڵاتتدارانی تورک بوون بەڵام ئیدی وەزن و سەنگی نوێنەران وپارلەمانتارانی کورد لە پارلەمانی تورکیا بۆ بە کەمگرتن نابێ و تورک دەبێ روانگەی بە رامبەر بە کورد گۆڕانی جیددی بەسەر دابێ.
بەڵێ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ دا کوردی باکوور سەرکەوت و ئەردووغان و فاشیزم وڕەگەز پەرەستی تورک بە چۆکداهات، گەمەی سیاسیی دوای چوونە ناو پەرلەمانی ه د پ شتێکە کە هەر خۆیان دەبێ بزانن چۆنی دەگەڵ ڕادێن کە لەویش دا هیوای سەرکەتنیان بۆ دەخوازم.
تێبینی: وێنەکە لە وێبسایتی ڕادیۆ فەردا وەرگیراوە

Tuesday 2 June 2015

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد ده‌فرۆشێ

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد ده‌فرۆشێ
  بەشی سێهەم
پ ک ک و قەندیل و ستراتیژی پاراستنی سنوورەکانی رۆژهەڵات

 پ ک ک کاتی خۆی کە سوریای چۆل کرد لە چیا و دۆڵە سەختەکانی "خواکورک" پترجێگیر بووو ئەو ناوەی کردە بنکەی سەرەکی خۆی، خواکورک دەگاتە سێکوچکەی ئێران، تورکیا، عێراق، خۆاکورک یان دۆڵی خواکورک لە ڕاستیدا دۆڵێکە هەزار بەهەزار. تەنانەت لە قەندیل زۆر سەختر و ئاستەم ترە. یەک دۆڵە بەڵام سەتان دۆڵی لێدەبێتەوە . لایەکی دەرواتەوە بۆ زێوەی مەرگەوەری و لایەکی تری دەکرێ بڵێین بە دۆڵی "کەوەرت" و دەراو دا بەرەو "لۆلان" هەڵدەکشێ کە ئەویش هەر دەگاتەوە ناوچەی شنۆ. لەم لایەشڕا دەچێتە سەر کەوەرت و "لێکان" و دەشتی "سیدەکان" کە عەشیرەتی هەرکی لێ نیشتەجێن. لایەکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆڵی "حەیات" وشۆڕدەبێتەوە بۆ دەشتی "بەرازگری" و لەوێڕا بەرەو حدوودی باکووری کوردستان دەکشێ، ئەو شوێنە بۆ پ ک ک باشترین شوێن بوو، ئاوێکی زۆر و شاخی هەزار بەهەزار و دۆڵ و دەڕەی بێ ئەژمار، لە ڕاستیدا خۆی وڵاتێکە. بەڵام چی پێنەچوو پ ک ک لە ژێر گوشاری بۆمباران وتۆپخانەکانی تورکیا خواکورکی بەجارێک چۆل کرد و رووی لە قەندیل کرد کە بەدەیان کیلۆمێتر لە حدوودی تورکیا دوورە.

 ڕەنگە لە سەرەتا دا پ ک ک بۆ دەرباز بوون لە گوشارەکانی تورکیا خواکورکی چۆل کردبێ و قەندیلی وەک بنکەی سەرەکی خۆی هەڵبژاردبێ بەڵام وردە وردە قەندیل بوو بە مەکۆی حەسانەوە دەسدرێژی کردنە سەر باشوور و بیری سازکردنی حیزبیش بۆ رۆژهەڵات هەر لەو پێوەندیەدا و لەوێڕا زیاتر ئەو بیرە لە لایان زەق بۆوە و بە چەندین قوونە شەڕی پژاک دەگەڵ سپای پاسداران توانیان هەستی لاوی رۆژهەلاتی بجووڵێنن و کۆمەڵی گەنجی رۆژهەڵاتی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن .

ئەگەرچی تورکیا چەند جار هەوڵی دا کە پ ک ک لە قەندیل دەربکا بەڵام دووری رێگا و بوونی سەدان کۆسپی ئابووری و هەروەها بوونی گریلا گیان فیداش لە ناوچە جیاجیاکان ئەو ئیمکانەی لای تورکیا هێندە ئاسان نەدەکرد. بۆیە پاش چەندین جار هێرشی ئاسمانی ئەویش ئیتر جارێ وازی لە هەڕەشە و گوڕەشە هێنا بە تایبەتی کاتێ دیتی ئیتر پ ک ک ئەو مەترسییە سەربازییەی جاران نەبوو بۆ تورکیا.

ئێستا و ئەوا چەند ساڵێکە بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێڤاژۆو گفتگۆی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا لە لایەک و ئۆجالان لە ئیمراڵی و "ەدپ" لە باکوور و سەرکردایەتی پ ک ک لە قەندیل ساز بووە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا ئەگەرچی هەم ئەردۆغان و حکوومەتی تورکیا دەگەڵ کورد رووڕاست نین و درۆ دەکەن و هەوڵی سادقانەیان نیە بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو بەشە بەڵام لایەنی شەڕخوازی ناوپ ک ک ش هەر تاو ناتاوێ بە هەڕەشە و گوڕەشە وڵامی قسە و کردارەکانی تورکیای داوەتەوە کە ئەو هەڕەشانە هەرگیز نەچوونە خانەی کردارەوە.

گرینگترین گۆڕان لە سیاسەت و تاکتیکی پ ک ک کاتێ روویدا کە ڕۆژائاوا دوای شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساتوسەودایەکی نێوان پ ک ک- بەشار ئەسەد دا کەوتە دەست کوردەکان و ئیتر پ ک ک کەوتە تەراتێن و لە کورت ماوەترین کاتدا هەرچی حیزبی ئەو بەشەی کوردستان بوو ڕایماڵین وبە ترۆر و تەقە لێکردن و گرتن وتۆقاندن وایکرد کە زۆربەی ئەو حیزبانەی کاتی خۆی دژایەتیان دەگەڵ سووریا دەکرد و ئەندامانیان لە ژێر ئەشکەنجەو ڕاوەدوونانی حکوومەتی ئەسەد دابوون رۆژئاوای کوردستان لەترسی پ ک ک چۆل بکەن، ڕاست ئەو کاتەی هێزەکانی رۆژئاوا لە زیندانەکانی سوریادا لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەی حکوومەتی ئه‌سه‌ددابوون  پ ک ک دەستی دەگەڵ ئەسەد تێکەڵ بوو و بە ئاشکرا بنکەو بارەگای لە سووریا داهەبوو، بەڵام کە لەم چەند ساڵەی دوایی هەلومەرجەکە گۆڕا پ ک ک بە هێزی سەربازی توانی دەست بە سەر رۆژئاوا دابگرێ و هەرچی حیزبی ئەو بەشەیە ڕایانماڵێ و تا ئەم کاتەش ئامادە نییە دەگەڵ هیچ هێزێکی کوردی هاوپەیمان بێ لە حاڵیکدا لە تازەترین هاوپەیمانیدا جگە لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ئاشکرا لە هەندێ شوێنی وەک حەڵەب دەگەڵ هێزەکانی ئەسەدیش دا چۆتە بەرەیەک بۆ بەرەبەرەکانی داعش.

 بەڵام سەبارەت بەرۆژهەڵات،  پ ک ک لە قەندیل و دوای چەندین شەڕی پژاک و سپای پاسداران و بە رێککەوتنێک دەگەڵ حکومەتی ئێران پژاکی بە جارێ بێدەنگ کرد تا ئەو جێگایەی ئێستا لە بەیاننامەدەرکردنیشدا ناوی لە کوولەکەی تەڕدا نەماوە. ئێستا ئیترئەو تەجرەبەیەی رۆژئاوای بۆ بۆتە حوکم و بۆی بۆتە تئوریەک کە پشتی پێدەبەستێ هەر بۆیە لە تازەترین کەڵەگایی ئاشکرایدا بەرامبەر بە حدکا و باقی هێزەکانی رۆژهەڵات دەڵێ ئیزنی مانەوە بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات نادات تا لە سنوورەکانی خاکی بابوباپیرانیان بنکە بکەنەوە و بەرەو ئەو دیوی سنوور شۆڕ بنەوە.  ئەگەر لە هۆکار و پاساو هێنانەوەی بێ بنەما وەک " هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئارادان بۆیە تورکیا و بارزانی و حدکا دەیان هەوێ زەبرمان لێدەن"! گەڕێن پ ک ک بە دوو هۆکار ئەمە دەکات، لە ئێستا دا ئەو هەوڵەی بە پێی ئەو رێککەوتنە نهێنییانەیە کە لە نێوان پ ک ک و حکومەتی ئیسلامی ئێران داهەیە. بۆ داهاتووش وا پێشبینی دەکات کە ڕەنگە ئێرانیش لە باشترین حاڵەتدا وەک ئەسەدی لێ بێ! دەی ئەو کات ئەو ئەوە لە سنوورەکانی رۆژژهە‌ڵات و ئێران نیزیکە وهەمان سناریۆی رۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتیش دووپات دەکاتەوە.

ئەوەپوختەی لێکدانەوەی پ ک ک یە و هیچ کەس نابێ گومانی لەو شتە دا هەبێ. ئێستا ئایا هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەگەنە ئەو راستییە کە کاتی گالتە کردن بە خۆیان وبە ڕابردوویان بۆ نییە؟ دەگەنە ئەو عەقڵیەتە کە وشیاری خۆیان نەبن سبەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ ببێتە جێگەی رمبازێنی پ ک ک و لەوێش بە پێی ئیدئۆلۆژیەکانی خۆی ئەو بەشە لە کوردستان تووشی کارەسات و تووشی بێ سیاسەتی بکات . من بێ هیچ پێچ و پەنایەک ئاسۆیەکی تاریک و لێل لە داهاوتووی ئەو ناوچەیە دێتە بەرچاوم و هیچ باوەڕیشم بە پ ک ک نییە دەگەڵ کەس بێتە ڕەدایە، ئەوان سیاسەتی خۆیان بێ زەڕڕەیەک ئەو لاو ئەم لا پەیرەو دەکەن و ئەوەی لە ئیعلام و راگەیاندنیش دا جار جارە باسی دەکەن ئەگەرچی بە ئاشکرا دیارە بە زۆر بەسەر زاریان دا دێ تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵکەو چیتر نیە. پ ک ک هێزێکی باکووری کوردستانە بە دڵنییاییەوە ناتوانێ چۆن بەسەر رۆژئاوا دا زاڵ بوو بە سەر رۆژهەڵاتیشدا زاڵ بێ، جیاوازی یەکجار زۆر لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دایە، ئەوانەی دیفاع لەو سیاسەتە ولە دەست تێوەردانەی پ ک ک دەکەن بەرپرسیاری هەموو ئەو خوێنانەن کە لە داهاتوو و لە شەڕی کورد کوژیدا  له‌ نێوان پ ک ک و باقی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشوور و رۆژئاوا گیان لەدەست دەدەن. سەرکردایەتی پ ک ک دەبێ ئاوڕ لە مێژووی خۆی بداتەوە و بزانێ هەر لەسەر ئەو مەزنیخوازییەی لەسیاسەتدا هەیەتی چها خوێنی لە شەڕی کوردکوژی دا ڕشتووە . چها خەڵکی لە خۆی کردووە بەنەیار!  رێبەرایەتی پ ک ک زۆر بەجیددی دەبێ بیر لەوە بکەنەوە و فریوی چەند کەسی چەپڵە لێدەری چاوقووچاوەی ڕۆژهەڵاتی نەخۆن و لەوە دڵنیا بن کە رۆژهەڵات رۆژئاوا نییە. ئەگەر ئەمڕۆ ئەوان هێزی چەکداریان لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات زیاترە هەر بەوەش دەخوڕن حیزبەکانی رۆژهەڵات هەم لە ناو خەڵک وهەمیش لەناو کۆمەڵگای ناودەوڵەتی ئیعتیبار و گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە و تێکەوتن دەگەڵ ئەو هێزانە وا بە هاسانی بۆ پ ک ک بووز ناخوا. جگە لەمە دێمۆكڕاتەکان دەتوانن لە کەمترین ماوەدا هێزی چەکداری خۆیان بگەیننە هەزاران ئەو شتەی پ ک ک زۆر باش دەیزانێ بە شەرتیک دەرفەتیان هەبێ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

هیوادارم لێرەوە دەنگی ناڕەزایەتی زۆر کەس و لایەن بەرامبەر بە کرداری مەترسیداری پ ک ک بڵیند بێ و هەموو لایەنێک ئەو مەزنیخوازییەی پ ک ک و ئەو کەڵەگاییەی پ ک ک بە پێی توانای خۆیان لە قاو بدەن بەڵکوو بۆ یەکجار بووبێ سەرکردایەتی پ ک ک واز لە سیاسەتی پاوانخوازی و دژبەری بەرامبەر هەموو پارت و هێزێکی کوردستانی بێنێ و رێگای دیالۆگ و گفتگۆ و برایەتی بگرێتە بەر. با هەموو لایەکیش ئەوە بزانێ سازش و چاوپۆشی کردن لە سیاسەتی هەڵە  ورەخنە نەگرتن لە کرداری ناننیشتمانی هێزە سیاسییەچەکدارەکانی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات نەک نوسینی چەند دێڕ رەخنە ئەگەر بە زمانی کوتکیش بێ!

Saturday 30 May 2015

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد دەفرۆشێ بەشی دووهەم


ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکێتی یەوە شەڕ بە کورد دەفرۆشێ بەشی دووهەم


پ ک ک و یەکێتی بە تەمای چین..

یەکێتی و پ ک ک و رێککەوتنێکی ناموبارەک 

  ئەو دوو هێزە چەکدار و سیاسییە لە دوای دوڕاندنی یەکێتی بەرامبەر بە گۆڕان وپارتی لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ڕابردووە و بە پیلانی یەکیەتی دەستیان لێکگرێدا، لە ڕاستیدا ئەگەرچی پ ک ک بە هۆی پاوانخوازی و خۆ بە تاکەسواری مەیدان زانین وچون جگە لە خۆ کەسێ پێ هەونییە ئەو زمینەیەی هەر تێدا بوو تا بچێتە ناو هەر سەنگەربەندییەک کە دژی پارتی دێمۆکڕات بێ. ئەو باش دەزانێ جارێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەوەی لە هەموو بارێکەوە لە پ ک ک لەسەرتر و هیچ خواستێکی نا بەجێش لە پ ک ک قەبووڵ ناکات تا ئێرە هەر پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانە هەر بۆیە لە خوای دەوێ دەگەڵ هەر کەس و لایەنێک بچێتە ناو پێكهاتەیەک کە دژی پارتی و بارزانی بێ، بۆ:
١- دژایەتی حکوومەتی هەریم بەگشتی و بەتایبەتی دەسەڵاتی پارتی لە ڕوانگەی پ ک ک وە
٢- دژایەتی دەسەڵاتی پارتی و گۆڕان بەتایبەتی لە زوومی سەوز واتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە ڕوانگەی یەکێتی ییەوە
لەسەر ئەو دوو ڕووانگەوە یەکیەتی وپ ک ک دیارە بە چاوساخی و بە پێشنیاری ئێرانی  پشت وپەنا ساخ بوونەوە کە یەکگرتنێکی ئاشکرایان بە تایبەتی لە باری ئیعلامی و راگەیاندنەوە هەبێ. یەکێتی دوای ئەو دۆڕانە پارلەمانیەی کە باس کرا لە جیاتی ئەوە وەک حیزبێکی پێشکەوتوو کە باوەڕی بە بنەماکانی دێمۆکڕاسی هەیە واز لە بیری عەسکەرتاریەتی خۆی بێنێ و هەوڵ بدات کوردستان بەرەو کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێشکەوتوو بەرێ بە پشت بەستن بە هێزی چەکداری خۆی و مقاومەت کردن لە بەرامبەر ویستی حکوومەت و خەڵک بۆ یەکدەست کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەر لەسەرەتاوە نیشانی دا کە ئەو باوەڕی بە هیچ هەڵبژاردنێک نییە و هەست و نەستی نەتەوەیی و دەرفەتی زێڕینیش کە بۆ کورد هەڵکەوتووە لای ئەو لەبەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەکان پووشێ ناهێنێ. یەکێتی رایگەیاند کە ئەو ئیتر دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن و بەهەڵەش رێچکەی گورانی گرتە بەر کە لە کاتی ئوپۆزیسیۆن بوونیدا دژی گەندەڵی و دەسەڵاتی تاکڕەوانەی یەکێتی وپارتی دەدوا و هەڵوێستی دەگرت و ئەوەی ڕاستیش بێ گۆڕان زیاتر دژی گەندەڵکاری دەسەڵاتی سلێمانی بوو و هەر ئەو هەڵدانەوەی لاپەڕەی گەندەڵکارانی سلێمانی وای کرد کە گۆڕان لای خەڵک خۆشەویستر بێ و لە یەکێتی و لەو ناوچەی سەوز دەنگی یەکەم بێنێتەوە. یەکێتی لێرەدا توووشی هەڵەیەکی منداڵانە هات، ئەو هەمان ڕچەی گۆڕانی گرتە بەر لە حاڵێکدا خۆی بەشێک بوو لە حکوومەت، بەڵام ئەو ڕچەیە و ئەو رێگایە زۆر زوو دەری خست کە یەکیەتی نە دەگەڵ خۆی ڕاستە و نەدەگەل خەڵکیش. بۆیە کاتێ ئەوەی بۆ نەچووە سەر و ئەمجار لەهەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانیش بە گۆڕانی دۆڕاند ئیتر هەمو ریسەکانی لێبۆوە بە خوری. تازە هیچ مەجال نەما و ناچار دووبارە بە پشت بەستن بە هێزی سەربازی و چەکدار وای کرد کەبۆ ماوەیەکی زۆر پۆستی پارێزگای سلێمانی ئاڵوگۆڕی بەسەر دانەیە و پاش چەندین دانیشتن سەرئەنجام بەرێککەوتنی کوێخایانە ملی بۆ سازشێکدا کە پۆستەکان دەورەیی بن ویەکەم دەورەش هەر دەبێ خۆی پۆستی پارێزگای بەدەستەوە بێ. 

یەکێتی بەو کارەی هەموو ئەو یاسایانەی لە ژێر پێ نا کە خوێنی بۆدابوون، کە خۆی دەنگی بۆدابوو، یەکیەتی سەلماندی کە بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایانەی دەیان کات هەرگیز باوەڕی بە ئازادی رادەربڕین نەبووە و دەنگی خەڵک لای ئەو بەهیچ حەسێو ناکرێ. 
لەو لا پ ک ک بە توندی بەر هەڵستی پارتی وحکوومەتی هەرێم (بەشی پارتی) دەبۆوە ئەو ئیدیعای گەندەڵی و راووروت و دزی وفزی حکومەتی هەریمی دەگەیاندە لووتکەی تەبلیغات و خەڵک و لایەنگرانیشی بە توندترین شێوە دژی ئەو گەندەڵیە ڕادەوەستان وشتەکانیان دە هێندە گەورە دەکردەوە و ئەوەی نەشبووبا دیسان بە تەبلیغاتی بەربڵاو مێشکی خەڵکیان لە دژی حکوومەتی هەرێم ئامادە کرد، پ ک ک بە تایبەتی پاش دەست بەسەرداگرتنی رۆژئاوای کوردستان ئیتر هێندە غروور گرتبووی کە سالح موسلیمی وا لێکردبوو چەندین جار بەهەڕەشە بفەرموێ" ئەم حکوومەتی باشووریژ تەربیەت بکەین"! ئەوان وایان کرد کە ڕۆژئاوا و پ ی د- دەسکردی پ ک ک بەتەواوی ببێتە دوژمنی پارتی و بە تایبەتی دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ پ ک ک هەم حکوومەتی تورکیای بەتەواوی لەبیر کردبۆوە و هەمیش داعش، هەموو تەبلیغاتەکان هەر بۆدژایەتی پارتی و بارزانی بوو بە تایبەتی ئەوەیان دەکردە پرسیار کە بۆ حکوومەتی هەرێم هاریکاری کۆبانێ ناکات؟! لە حاڵێکدا خۆیان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە چەند هەزار چەکداری ئامادەیان لە قەندیل هەیە! دیارە زۆر کەسیش بۆی پرسیار بو کە باشە ئەتۆ کەخۆت لەوێ حکوومەتت بەدەستە و چەند هەزار چەکدارات هەیە، بۆچی ناچێ و یارمەتیان ناکەی بۆ لە حکوومەتی هەرێمت هەڵپێچاوە؟ لە حاڵێکدا نە رێگا هەبوو بۆ کۆبانێ تا پ ک ک یان حکوومەتی هەرێم بتوانێ یارمەتیان بۆ بگەیەنێ و پ ک ک ش ئەوەی زۆر باش دەزانی. تەنیا رێگا دەبوو بە خاکی تورکیا داڕۆیشتبا، کە دوایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگای ئەمریکاوە گوشاری خستنە سەر تورکیا وڕازی کرد تا سەرئەنجام هێزی پێشمەرگەی کوردستان سنووری باشوور و تورکیای بە ئاڵای کوردستانەوە برێ و بەرەو کۆبانێ وەڕێ کەوت کارێک کە دنیای هەژاند بەڵام برایانی پ ک ک ئاگایان لێی نەبوو! جگە لەمە پ ک ک خۆی باش دەیزانی کە کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێمیش خۆی لەشەڕێکی سەخت دابوو دژی داعش و بنەماڵەی کورد و پێشمەرگە لەو بەشەی نیشتماندا هەموو ڕۆژێ چەندین شەهید و برینداری بۆ دەهاتەوە! دیارە هەر خۆشیان وڵامیان دەدایەوە کە پارتی یارمەتی نادات و و پارتی خۆی بە هاوکاری تورکیا داعشی دروست کردووە!! p k k ڕاست لەگەرمەی شەڕەکاندا و لەو کاتەیدا کە هێشتا پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی خۆی نەگرتبوو بۆ بێ ئیعتیبار کردنی وەزاڕەتی پێشمەرگە داوای فەرماندەیی هاوبەشی دەکرد و پێێ وابوو کە ئەوانیش دەبێ بەشێک بن لە فەرماندەی ئەو شەڕانە و لەو بارەوە یەکێتی بە تەواوی پشتگیری دەکرد، ڕەنگە داخی یەکیەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە بێ کە مستەفا سەید قادر سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە وەزیری پێشمەرگە بوو. بەڵام بەهەر حال ئەو داوایەیان بە توندی ڕەتکرایەوە تا وای لێهات ئیتر پ ک ک بەرەکانی شەڕی باشووری بۆ جێگەی تایبەت بەجێ هێشت. 

هەر وەک لە کاتی هجوومی داعش بۆ سەر باشوور و لەیەکەم ڕۆژەکانی گرتنی شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکە پ ک ک و لایەنگرەکانی تەبلیغاتێکی وەهایان بە قازانجی داعش و لە دژی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد کە هیچ دوژمنێک نەیدەکرد ، هەواڵنێرە دیارەکانی پ ک ک لە سەر رێێ کشانەوە یان هەڵاتنی پێشمەرگە فیلم و ویدۆیان هەڵدەگرتەوە و بە پرسیاری : "هون چما شنگال هێڵا و چما و درەڤن؟" بۆچی شنگالتان بەجێ هێشت وبۆ کوێی و بۆچی هەڵدێن، تەواوی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیان پڕ کردبوو، ئەوان شەو ڕۆژ تەبلیغاتیان بۆ گرتنەوەی هەولێر دەکرد وخودا خودایان بوو هەرچی زووتر هەولێر لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەر دابگیرێ، لەڕاستیدا پ ک ک و لایەنگرانی باشترین ئەندامی تەبلیغاتی داعش بوون لەو کات و دەمانە دا. ئەگەرچی لەو بارەوە کەس نەبوو فیلم و دێکۆمێنت لە هەڵاتنی پ ی د هەلگرێتەوەکە ئەوانیش بە هەموو هێزی پ ک ک و پ ی د وە لە یەک شەو دا زیاتر لە ١١٠گوندیان تەسلیمی داعش کرد و نیوەی زیاتری کۆبانێش لە ماوەیەکی کەمدا کەوتە دەستی داعش کە بە هاوکاری هاوپەیمانان ولە سەرووی هەموانەە ئەمریکا و قارەمانەتی کەم وێنەی شەروان  و پێشمەرگەی کوردستان سەرئەنجام تا ئێرە مەترسی داعش لە سەر کۆبانێ و دەوروبەری رەویوەتەوە بەڵام زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی کۆبانێ و دەوروبەر تا ئێستاش ئاوارەن ولە تورکیا نێشتەجێن. ئەوە لە حالێکدایە کە کە هیچ کەس ولایەنێک بەتایبەتی حکوومەتی هەرێم و پارتی دێمۆکڕاتیش نەتەنیا رەفتاری پ ک ک یان رەچاو نەکرد بەڵکوو بە ناردنی هێزی یارمەتیدەری پێشمەرگە بۆ کۆبانێ توانیان لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەی بەیەکەوە بوون و برایەتی وهاودەنگی و هاوئاهەنگی نێوان بەشەکانی دیکەی کوردستان بە جیهان نیشان بدەن، ئەو کارەی حکوومتی هەرێم بۆ ماوەیەکی زۆر تۆپخانەکانی تەبلغاتی پ ک ک لە دژی پارتی راگرت و بێدەنگی کردن.
ئێستا لای یەکێتتی شتەکە سەرەڕای وێرانی ئەو حیزبە و نەمانی هیچ ئوسول وپرەنسیبێکی حیزبی ئاڕمانگەرایانە و نەبوونی هیچ سیستەمێکی دروستی تەشکیلاتی یەک شت گرینگە، دژایەتی هەموو هەلوێست و هەموو ئاکارێکی پارتی وحکومەتی هەرێم کە خۆشی بەشێكێتی، ئەو لە داخی پارتی ئامادەیە هەموو شتێک بکات و تەنانەت کوردستان بکرێتە گۆمی خوێن وئەوەی هەشە لەدەست بچێ بەس پارتی نەتوانێ هەر وا لە سەر کورسی دەسەڵات بمێنێ. یەکیەتی رق و کینە بەرامبەر بە پارتی وەها بەر چاوی گرتووە ئەو دەرفەت زێڕینەی بۆ کورد هەڵکەوتووە نایبینێ و دەستی دەگەڵ دوژمترین و دڕندەترین دوژمنانی کورد تێکەڵکردووە و بۆلەبار بردنی هەر ویستێکی خەڵک کە پارتی هاوڕای بێ ئامادەیە هەمو کارێک بکات.
یەکیەتی دەستی لە خۆی شتووە
یەکیەتی دوای ئەوەی دیسان بۆی سەلما کە ناتوانێ نە بە هەڵبژاردن و نە بەهێز لە بەرامبەر پارتیدا راوبوەستێ و گۆڕانیش کە لە دوو هەڵبژاردندا شکستی سەختی بەسەر یەکەیەتی دا سەپاندبوو، ئەوجار پیلانێکی دیکەی گرتەبەر. لەکاتی هێرشی داعشدا رێگای بۆ پ ک ک ئاوەڵا کرد تا بە ناوی دیفاع لە کوردستان بە لێشاو بڕژێنە ناو کۆڵان وشەقامی رانیەو قەڵادزێ و سلێمانی و هەر ماشێنەی پ ک ک کە ٤ کەسی لەسەر با ١٤ ئاڵای پ ک ک و ک ج ک ی لەسەر دەشەکایەوە، دیارە بێ گومان گریلا قارەمانەکان لەو شەڕانەی باشووریشدا دەوری خۆیان هەبوو و گیانفیدایانە بەرگریان لە کوردستان کرد. لێرە مەبەست پیلانی سیاسیە نەک دەوری گریلا گیان فیداکان. بەڵێ یەکیەتی دەستی لە خۆی شوتووە وبۆیە لە بەشێکی دیکە لە کوردستان واتە ناوچەی سەوز جێگا و بنکە و بارەگای بۆ پ ک ک دابین کرد. بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو هەڵسووکەوتەی پ ک ک و یەکێتی بێ ئاگاداری ئێران نەکراوە و ناکرێ کە خۆی دوژمنی قەستەسەری بارزانی و پارتییە، ئاخر چ بمان هەوێ و نەمان هەوێ بارزانی لە خەتی هاوپەیمانەتی رۆژئاوا و لە سەرووی هەموانەوە ئەمریکا دایەو لەمەش گرینگتر ئەو جار جارە باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. پارتی و بەشەکەی لای پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت ئیزنی نەدا حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئێران وەک بە ئاشکرا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکەیتیدا تەراتێنیان دەکرد لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بوونیان هەبێ. 

پ ک ک ئیتر باشترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە تا لاوانی لایەنگری یەکیەتی کە مێشکیان بە دوژمنایەتی پارتی گۆش کراوە بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، لەم نێوە دا یەکیەتی هەڵەیەکی گەورەی دیکەشی کرد و بە خۆی نەزانی، ئەو نەیزانی ئەوانەی لە دەوری پ ک ک کۆ دەبنەوە هەر ئەندامان ولایەنگرانی هەرە توندڕەوی یەکیەتین نەک کەسی دیکە، خۆ پارتی نابێتە پ ک ک، خۆ حیزبی سۆسیالیست و شیوعی و گۆران بۆ لای پ ک ک ناچن چون ئەو ئیتیحادە ئامانجدارەی لە نێوان پ ک ک و یەکیەتی هەیە لە نێوان پ ک ک و باقی حیزبەکانی دیکەی باشوور دانییە. کەوایە دیسان یەکێتی ئاوای بەسەر دێ کە کوردگوتەنی "لەبا و لە بارانێ هەر لە عەمری بەفرێ کەم دەبێ."

پ ک ک و قەندیل و ستراتیژی پاراستنی سنوورەکانی رۆژهەڵات
درێژەی هەیە

Friday 29 May 2015

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد دەفرۆشێ بەشی یەکەم


ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد دەفرۆشێ بەشی یەکەم

رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران تووشی دەیان قەیرانی ئابووری و سیاسیی ناوخۆ و دەرەوە بۆتەوە کە توانایی چارەسەر کردنی هیچیانی نیە و تا بینەقاقای لە زەڵکاوی هەڵدێر و نەمان ڕۆچووە. هەر ئێستا و لە سوریا گەورەترین دۆست و هاوپەیمانی ستیراتیژی ئێران واتە بەشارئەسەد دوایین هەناسەکانی دەدات و ئوپۆزیسۆنی سوریا و گرووپە تروریستیە مەسەبیەکان ئاڵقەی گەمارۆی دیمەشقیان لە هەموو کات تەنگتر کردۆتەوە و هەر بۆیە ئێران وەهەناسەبڕکەیەکی سەیر کەوتووە. لەوەش گرینگتر حیزبووڵای لوبنانیش وەک گەورەترین میلیشیای دەسکردی ئێران لە ناوچەکەدا و بە بەشداری کردنی ڕاستەوخۆیی لە شەڕی سووریا و پشتیوانی کردنی لە ئەسەد بە فەرمانی ئێران تووشی هەمان چارەنوسی ئەسەد دەبێتەوە و بەدڵنیاییەوە تێداچوونی ئەسەد تێداچوون و تەفروتونابوونی ئەوانیشی بەداوە دەبێ. کەواتە تا ئێرە ئێران سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی چەندین ساڵەی لە سووریا و لوبنان خەریکە بەجاری کاول و وێران دەبێ و بەسەر یەکدا دەپێ.

لە یەمەن کە ئێران لە مێژە سەرمایەگوزاری لەسەر دەکات و زۆر بە هیواوە دەیڕوانیە هەڵمەتی میلشیا شیعەکان واتە حووسیەکان، وەزعەکە ئاڵوگۆڕی جیددی بەسەر داهاوتووە، بەرەی عەبد ڕەببە سەرۆک کۆماری هەڵبژێراوی یەمەن و هێزی بەرگری گەل کە زۆرتر لە سوننیەکان پێکدێن لەچەند ڕۆژی رابردووە سەرکەوتنی زۆر بەرچاویان بەدەست هێناوە، ئەوان ئێستا لەچەند قۆڵەوە پەلاماری حوسیەکانیان داوە و چەند شار و ناوچەیان لێهەستاندوونەوە و زەبری گرانی مادی و رووحی وە پەیکەرەی حووسیەکان و عەبدوڵا سالحی کۆنە کۆمونیست و کۆنە پارێزی هاوپەیمانی حووسیەکان و ئێران کەوتووە، ئەوە سەرەڕای بەردەوامی هێرشی خەستی هەوایی هاوپەیمانان بە رێبەری عەڕەبستانی سعوودی کە رۆژانە بە خەستی لە رێگەی ئاسماییەوە بۆمبارانی پێگە و بنکە بارەگاکانی حووسیەکان دەکەن. کەواتە ستارتی شکستی پیلانی ئێران لەو ناوچەیەش خەریکە وردە وردە سەرەداوەکەی دەردەکەوێ و لە خۆڕا نییە کە موحسینی رەزایی هەڕەشە لە عەڕەبستان دەکات و دەڵێ: " ئەگەر بتان هەوێ ئەمنیەتی ئێمە تێک بدەن دەتان گەڕێنینەوە پێش سەردەنی پیشەسازی"! هەڕەشەیەک کە دەبێ لە ئازار پێگەیشتنێکی کوشندەوە سەرچاوەی گرتبێ.

لە عێراق ئەوە بۆ چەند مانگە کە شەڕ لەسەر پارێزگای ئەنبار و رۆمادی لە نێوان هەزاران پاسدار و بەسیجی ئێرانی و ملیشیا شیعەکانی سەر بە رێژیمی بەغد_تاران دەگەڵ سوونیەکانی ئەو دەڤەرەو دەگەڵ داعش لە شەر دن و گرتنەوەی ئەو شارو ناوچانە چەندین جار لە نێوان حکومەت شەق و شڕەکەی بەغدا و داعشدا لە ئارادایە و حکوومەتی عیراق سەرەڕای پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و هەبوونی ئەرتەش و میلیشیا سیعەکان و باشترین وپێشکەوتووترین چەکی ئەمریکایی نەیانتوانیوە ئارامی بۆ ئەو شار و پارێزگایە بگێڕنەوە و ناوچەداگیرکراوەکان لە داعش وەرگرنەوە. لە حەوتووی ڕابردووش دا گرتنی یەکێک لە بنکە گرینگەکانی سەر سنووری سووریا و عراق لە لایەن داعشەوە بە ناوی " التنف" وای کرد کە ئیتر نە عێراق و نە سووریا کۆنترۆڵیان بەسەر سنووری نێوان بەغدا دیمەشقدا نەمێنێ. ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەی دیکە بوو بۆ داعش و شکستێک بۆ حکوومەتی بەغدا_تاران. ئیتر داعش زۆر بەهاسانی دەتوانێ لە نێوان میلیشیاکانیدا لە عێراق و لە سوریا پێوەندی هەبێ و هەموو ئیمکانێکی لوجستیکی بە خیرایی و لە ئەمنیەتی تەواودا بگوازێتەوە بۆ ئەو دیو یان ئەم دیو.
وەک دەبینین ئێران لەو دوو سێ خاڵە بە هیزە ستراتیژژیە شکستی گەورەی خواردووە و وەبەرهێنانی دەیان ساڵەی بەجارێ خەریکە دەبێتە بڵقی سەرئاو و مهەندیس و بەرنامەداڕێژی ستراتیژی دەستتێوەردانی ناوداری ئێرانیش واتە قاسم سولەیمانی ئیتر لەو شوێنانە چی لەدەست نایە و شکستی پرۆژەی ناردنەدەروەی شۆڕش بە کردەوە خەتیکە تووشی داڕمان دەبێ و هەموو خەون وهەموو هیواو ئاواتی ڕیبەر و سەرکردەکانی تاران خەریەکە بە قوونەوە لەقەبری دەنرێ . بەڵام ئەوان بیری چەپەڵ و مەترسیداری خۆیان لێرە ڕانەگرتووە و لەمێژە بە کڕینی پ ک ک و یەکیەتی نیشتمانی خەونی پێگەو دەسەڵاتێکی دیکەیان لە کوردستان بنیات ناوە و دوای دۆڕانی گەورە لە قوماری ناردنەدەروەی شۆڕش بۆ ولاتانی عەڕەبی ئێستا خەون بە داگیرکردنی کوردستان و بە تایبەتی باشووری کوردستانەوە دەبینێ کە دیارە لەو بارەشەوە لە مێژە بە دەستەمۆکردنی هەندێ سەرکردەی پ ک ک و یەکیەتی نیشتمانی خەریکی بنکۆڵکردنی پێگەی خەڵکی و جەماوەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو حکوومەتی لە نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەدا ڕەنگە دوای تورکیە دووهەم ولات بێ کە هەڵبژاردان و حکوومەتی پارلەمانی وەک بنەمای بنیات نانی دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیک تێدا لەبەرچاوگیراوە.( لە تورکیا ئەو دێمۆکڕاسیە بۆ تورک بەتەواوی هەیە و پڕیشکەیەکی بچووکیشی بەر کورد کەوتووە لە هەڵبژاردن وبەشداری پارلەمانیدا) ئەو دووهێزە و تەبلیغاتی یەکجار بێشەرمانەی و دروزنانەی ئەو دووپارتە کوردیە لەو ماوەیە دا دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستیە دەسەڵمێنێ کە نیازی ئێران و پیلانی ئێران وەک پێلانی سێکوچکەی تاوان پیلانێکی مەترسیدارەو ڕەنگە جارێکی دیکە کورد تووشی شەڕێکی دیکەی کورد کوژی بکاتەوە دیارە ئەگەر بۆیان بکرێ کە ئەمەیان بەلێکدانەوەی توناکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێگەی حکوومەتی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە جێگای گومانە.
پ ک ک و یەکیەتی بە تەمای چین..

Wednesday 27 May 2015

تاڵە ژین

تاڵە ژین
بۆچی نیگەرانم، بۆ بێ سڵ کردنەوە کورد کوشتن مەحکووم دەکەم!
 


تا ساڵی ١٣٥٧ و تا دژە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەری ئایەتوڵا خومەینی من زۆر باشم لەبیرە کە، ماڵمان لە گەڕەکی یەرغوو وکووچەی شیرکەتی نەفتی بوو، ئەوندەی من لەبیرم بێ زۆر منداڵ بووم کە لە نێو خزمان دا حاجی جانگیری بابم یەکەم کەس بوو کە خانووی لەو شوێنە دروست کرد کە پێی دەکوترا کووچەی شیرکەتی نەوتی، بەدوای ئەودا، ئامۆزا و بن ئامۆزاو و برا وبە گشتی بەشێک لە تایفەی جەهانگیری لەدەوری یەک کۆ بوونەوە، هەرکەسە و لە تەنیشت ماڵی ئێمە یان دوو خانوو خوارترو سەرتر یان ڕووبەڕووی ماڵە بابم خانوویەکی بچکۆلانەی ساز کرد.
 ئەوان بۆیە لە پەنا یەک و لەنزیک یەک سەریان پێکەوە نا و مالیان ساز کرد  تا ئەگەر کەسێک تەعەدای لێکردن بتوانن بەهاواری یەکترەوە بێن. هەر واش بوو یەکدوو شەڕ و نووکەشەری بابم و مامە حاجیملە خەڵکی لەبیرە کە چۆن لەسەر یەکیان کردۆتەوە دەگەڵ مەست و ئەو لات و لووتانەی بە مەستی بە گەڕەکی مەدا دەهاتن و بەتایبەتی کە ئەواکاتی ئیتر هەر یەک ماڵ لەدوای ماڵی ئێمەوە بوو، ئەویتر زەوی و مەزارایەک بوو کە گەنم و جۆ کەروێشکەی دەکرد. زستانان جێگا  ومەکانی تەپکەدانانەوە بوو.
 تاساڵی ٥٧ و تا هاتنی خێروبەرەکەتی ئیسلامی بۆ ئێران وبۆ کوردستان ئەو برایەتییەو ئەو سەمیمیەتە هەر درێژەی هەبوو، لەپڕ بوو بە هەرا و تەزاهورات و ڕاپەڕین و شا هەڵات و خومەینی جێگای گرتەوە. حیزب هاتەوە و مقەراتیان دامەزراند و کۆمەڵە دەفتەروبارەگایان کردەوە، چریک و حیزبی توودە و پەیکار و رەزمەندەگان و .... خۆلاسە مەهاباد بۆ بە مەهدی دێمۆکڕاسی! چ دێمۆکڕاسیەک لە پێشدا خەڵکیان لێک کردە دوژمن، برایان لەبرا هەڵبڕی، باب و کوڕیان لێک کرد و دایک و کچیان لێک هەڵاوارد. ئیتر ئینسانیەت بە گشتی باری کرد و ناویشی لە کوولەکەی تەڕ دا نەما.
 ئێمە دەگەڵ ماڵە مامە حاجی جیرانی دەرک بەدەرکێوە بووین، دیواری حەسارمان تەنیا چوارچیوەیەکی دەرکەی تێدابوو و قەتی دەرگا بە خۆیەوە نەدیت، واتە یەک ماڵ بووین. نیورۆیان چیشتی کام لا خۆشتر بوایە هەموو ڕوومان دەوێ دەکرد، کفتەی ئایەفاتم و خۆرشت و دۆکڵیوی دایکم بازبازدێنیان لە نێوان ئەو دوو ماڵە دروست کردبوو، لەپڕ یەکمان بووین بە دێمۆکڕات وئەو دیکە بوو بە کۆمەڵە،  ئەو نێوانە نەما، خوشکوبرایەتیمان چڕژی تێکەوت، وردە وردە بووینە دوژمنی قەستە سەر! دایکمان.....  بەڵی دایکی هەناسە ساردی من وهی منداڵەکانی مامە حاجیش کە هیچیان ئەلف وبێی سیاسەتیان نەبیستبوو نەک بیزانن! ئەوانیش لە سیاسەت وەردران،ئەوانیش لەبەر خاتری منداڵەکان لایەک دێمۆکڕات و لایەک کۆمەڵەی هەڵبژارد،  ئەوان ئێمەیان دەکوتا وهی ئێمە ئەوانیان دەکوتا. سفرەی هابەش کۆکرایەوە ، هاتووچۆ نەمان، لێک نەبان بوین، سەیر، وێرانیان کردین و هیچ بنەمایەکی ئینسانیمان لە نێودا نەما، دەمارگرژی حیزبی وکۆمەڵەیی بڕستی لە جەستەی برینداری کورد بڕی... وێران کراین...
 وێرانیان کردین، دایان پڵۆسین ودایان ماڵین لە هەموو نەریتێکی ئێنسانی، ئێستا پاش ئەو هەمووە ساڵە ئەو شتانەم دیتەوە بیر و نیگەرانم، ئەمن بۆیە بەڕاشکاوی مەحکووم دەکەم، ترسی ئەوڕۆژەمە کوڕی دێمۆکرات و پ ک ک هەر یەکەو لە پێگەیەکەوە تەقە لەوی دیکە بکا و بیکوژێ و بە خەیاڵیشی دانەیە کە چ کارەساتێک لەسەر دەستی ئەو و بە گوللەی ئەو خەریکە ڕوودەدات! ئاخر ئەوان بە پرۆژە پەروەردە دەکرێن ولە کاتی پێویستداکورد کوشتن بە شانازی و بە سەرکەوتن دەزانن!   بەڵێ ئەمن ترسی ئەو ڕۆژەمە نەزانین بۆ کێ پرسە دابنین و نەزانین سەرەخۆشی لە کێ بکەین و چ ناوێک لە گیانبەختکردوەکانمان بنیێن!

وێنەکە ماڵی ئێمە و ماڵی مامە حاجی ساڵەیە کە دەگەڵ بابم بن ئامۆزا بوون بەڵام هیچ برایەک ئەوەندەی ئەوان یەکتریان خۆش نەدەویست و لەیکتر نزیک نەبوون.

Monday 25 May 2015

پ ک ک میلیشیایەکی چەکدار نەک حیزبێکی سیاسیی

پ ک ک میلیشیایەکی چەکدار نەک حیزبێکی سیاسیی


هەر حیزبێکی سیاسیی کوردستانی تا ێستا نە گەیشتبێتە ئەو باوەڕە کە پ ک ک حیزب نیە و سیاسەت ناکات و سیاسەت تەنیا بۆ بەهێز بوونی خۆی و گرووپەکەی دەکات نەلە خۆی حاڵی بووە نە لە پ ک ک . پ ک ک ئەو گرووپە چەدارە بەهێزەیە کە هیچ ئامانجێکی سیاسیی تۆکمە و بەرنامەیەکی سیاسیی و ڕوون و دیاری بۆ ئێستا و داهاتووی کورد تەنانەت لە تورکیاش نییە. ئەوان تەنیا لە بازنەی بەهێزکردنی خۆیان دا خولدەخۆن و ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەگەر چەک نەبێ و ئەگەر شەڕ نەبێ پ ک ک بوونی نییە. 


پ ک ک بە شەڕ زیندووە، لەشەڕدا گەشەدەکا، خەڵکی وێهەڵدەگەڕێ، هەربۆیە هەرگیز بەلایەوە ئەخلاقی سیاسیی ، دووربینی سیاسی،بەرژەوەندی سیاسیی چ بۆ خۆی و چ بۆ کوردستان گرینگ نەبووە. لەبیرمە کاتێ بە میوانی لای حیزبی شیوعی بووم بە شاهیدی هەموو ئەو توودەییانەی ئێستا بۆ هەموو سەرمەقولاتێکی پ ک ک چەپڵە لێدەدەن و لە ئاست هەڵەو تاوانەکانی پ ک ک چاو دەنووقێنن، حیزبی شیوعی دووهەمین هێز بوو کە یارمەتی پ ک ک ی دەدا، یەکەم هێز پارتی بوو کە لە تفەنگ و چەکو چۆڵ ڕا بگرە تا ئاردی مقەڕەکانیشیانی دابین دەکرد. حیزبی شیوعی مەفرەزی دەناردە سووریا بۆ چەک ههێنان، ئەو کات سووریا یارمەتی چەکوتەقەمەنی بە شیوعیەکانی عێراق دەکرد، حیزبی شیوعیش هەموو جارێک چەند کەسێکی پ ک ک هەم وەک شارەزای ڕێ و هەمیش وەک هاوڕێ دەگەڵ خۆیان دەبرد و لە گەڕانەوەش دا بەشی ئەوانیشیان لەو چەکانە دەدا کە لە سووریا وەریان گرتبوو، ئەو باسە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی١٩٨٣-١٩٨٤. جارێکیان برادەرانی پ ک ک گەڕانەوە و پێشمەرگەکانی شیوعی دیار نەمان و دۆستانی پ ک ک ڕایانگەیاندبوو کە ئەوان لەکەمینی هێزەکانی عێراق کەوتوون و شیوعیەکان وەبەر هاتوون و شەهید بوون.

خەمێکی گەورە باڵی بەسەر بنکەکانی شیوعی داکێشا، ئەوە یەکەم جار بوو کارەساتێکی وا گەورە ڕووی دەدا و بە کەمینی بەعسیەکان چەند پێشمەرگەیەکی شیوعی گیانیان بەخت دەکرد، بەڵام چی پێنەچوو گریلایەکی پ ک ک هەڵات و هاتە ناو حیزبی شیوعی و ڕاستی مەسەلەکەی ئاشکرا کرد کە داستانەکە شتێکی دیکە بووە. 

ئەو گریلایە کوتی کە ئەوان پێشمەرگەکانیان لە خەودا کوشتووە تا چەکەکانیان دەست کەوێ ولە قوڵکەیەک دا فرێیان داون، حیزبی شیوعی دەسبەجێ مەفرەزەیەکی ئامادە کردو دەگەڵ ئەو گریلایە کە ویژدانی لەو کارە خرۆشابوو و عەزابی دەدا چوونە شوێنی رووداوەکە و تەرمی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی عێراقیان هێنایەوە. بە دوای ئەمەدا حیزبی شیوعی لە هێرشێکی بەرفراواندا بۆسەر بنکەکانی پ ک ک لە هەموو ئەو شوێنانەی لە نزیک مقەڕەکانی ئەوان بوون دەریان پەڕاندن و بۆ ماوەیەکی زۆر لێرەو لەوێ شەڕی نێوان ئەو دووە هەر هەبوو. با هاوڕێیانی حیزبی شیوعی ناوی ئەو شەهیدانە و دەقی روودانی ئەو کارەساتە بۆ مێژوو بنووسنەوە.

بەڵێ پ ک ک ئەو گرووپەیە و ئاوا شکڵی گرتووە، ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە، باکیان بە وە نییە چۆنیان باس دەکەن، لە خەمی ئەخلاقی سیاسیی دانین، کوتری سپی لەسەر دەستیان دا هەڵدەگرن و وێنەی دەگرن، باز بازدێنی مەڕە کێوی وبزنە کێوی بە سەر قەڵاندۆشیان دا دەکەنە ویدۆ، شیر بەزاری بیوەڵە ورچەوە دەکەن، بەڵام لە منداڵی کورد کوشتنیش هەرگیز سڵناکنەوە. لەبیرمان نەچۆتەوە بەقسەی عەبدوڵا ئۆجالان لە یەک شەو دا لە "٢١ پایگای قەرەقۆڵی توکیان دا" یەکەم هێرشی پ ک ک بۆ سەر پارتی و شەڕی خوێناوی کورد کوژی لە باشوور. لەوشەڕەدا پ ک ک پرد نەما نەیتەقێنێتەوە، گوند نەما وێران وکاولی نەکا، ئاو و ئاوەڕۆ نەما بە تی ئین تی هەڵی نەتەکێنێ، مەڕو ماڵات نەما تاڵانی نەکا، گەنجی باشووری بە تاوانی لایەنگری وبنەماڵەی پێشمەرگەی پارتی بە زیندوویی دەسووتاند، دەیان فیلم و دیکۆمێنت لەو بارەوە هەیە، هیوادرام یەکێک پەیدا بێ و ئەوانە کۆبکاتەوە و بۆ بەرچاوڕونی خەڵک لە تویی بەڵگەنامەیەکدا بیخاتە بەر دیدەی خەڵکی کوردستان. 

پ ک ک لە باکوور ماڵ نەماوە داغداری نەکات، کەم لایەنی سیاسیی هەیە زەبری خوێناوی پ ک ک وێنەوتبێ، ئەوەندەی لە تورکی کوشتووە بگرە زیاتری لە کوردان کوشتووە، با لێرەدا کەس خۆی سوور وشین هەڵنەگێڕێ، بڕۆن مێژووی پارتی کرێکاران بخوێننەوە لە نوسینی هەڤاڵ جومعە بزانن هەر لە تەسفیەی حیزبی دا چیان بەسەر ئەو کادر و ئەندامانە هێناوە کە لە ڕیزەکانی پ ک ک دا نازڕازی بوون. کانی یلماز یەکێک لە دیارترین کادرەکانی پ ک ک هەر چەندساڵ لەمەوبەر کە بە هۆی ناڕەزایەتی لە سیاسەتەکای پ ک ک رێزەکانی ئەو رێکخراوەی بەجێ هێشتبوو لە ساتو سەودایەکی نێوان پ ک ک و یەکیەتی نیشتمانی دا لە سڵیمانی ترۆر کرا، بۆمبی بۆ داندرایەوە، کوژرا.

پ ک ک دووجار شەڕی پارتی کردووە یەکیان کە لە یەکەمین هێڕشیدا و لە یەک شەو دا لە ٢١ پێگەی هێزەکانی پارتیدا و دواییش کە ئەو شەڕە درێژەی کێشا و سەدان کەسی تێدا بوون بە قوربای و کاتێ پ ک ک دیتی نا پارتی ئەو هێزە نیە بەرامبەر بە ویستی پ ک ک بە چۆک دابێ ناچار  رێککەوتنێکی دەگەڵ پارتی ئیمزا کردو زۆربەی مەرجەکانی پارتی قەبووڵ کرد، ئەو مەرجانەی هەرگیز نە باوەڕی پێی بوو و نە ڕەچاویشی کرد. دووهەم جار پ ک ک بە هاوکاری یەکیەتی و حیزبی سۆسیالیستی زەحمەتکێشان و بە هاوکاری سەتا سەتی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران هێرشێکی بەرفروانیان بۆ سەر پارتی دەست دەست پێکرد، دیسان بە بوونی پ ک ک لەو ناوچەیەدا و پیلانەکانی ئەو هێزە چەکدارە وبە هاوکاری ئێران شەڕێکی دیکە بەرۆکی باشووری گرتەوە، تۆپخانەکانی ئێران بە خەستی بنکەکانی پارتیان دەکوتا و یەکیەتی لەو لاو پ ک ک لە حدوودی حاجی ئۆمەران کەوتنە پەلاماردانی بنکەکانی پارتی و شەڕێکی خوێناوی کوردکوژی دیکەیان بەسەر کوردی ماڵوێران دا سەپاند، قەت لەبیرم ناچێ راگەیاندنی پارتی بۆ یەکەم جار و لەهەموو ژیانی خۆیدا دەستە وشەی"کۆماری کۆنەپەرەستی ئیسلامی ئێران" ی بۆ رێژیمی ئیسلامی ئێران بەکار هێنا ئەویش کاتێ لە هێرشی کاتیوشا و تۆپخانەکانی ئێران و پ ک ک نزیک ٩٠ کەسی لێ کوژرابوو. دیسان لەو شەڕانە دا کورد خوێنی خۆی بە دەستی خۆی و بە پیلانی داگیرکەران وهەڵبەز دابەزی میلیشاکانی پ ک ک ڕشت. ئەو شەڕە چەندین رۆژی خایاند سەدان، کەس لە هەردووک لا بوونە قوربانی پیلانە گڵاوەکانی دوژمنانی داگیرکەری کوردستان و زیادەخوازیەکانی پ ک ک ، خوێنی لاوی کوردی باتمانی و دیاربەکری ئامێدی و هەولێری و سلیمانی و قەڵادزەیی تێکەڵ بەیەکتربوون و لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی لە مێژووی شەڕی کوردکوژی دا خستە سەر لاپەڕەکانی مێژووی ڕەشی کورد. شەڕ دریژەی هەبوو تا پارتی لە رێککەوتنێکی ئاشکرا دا دەگەڵ بەعس وحکومەتی عێڕاق سوپای داگیرکەری بەعسی هێنایە سەر یەکیەتی و لە چاو ترووکانێکدا هەر بابا بوو هەڵدەهات، یەکیەتی لە هەولیڕ هەڵاتهەڵاتی بوو پ ک ک خەریک بوو قەندیلیش چۆل بکات، لە هەموو بەرەکاندا ئەوجار هێزەکانی پارتی لە پێشڕەوی دابوون، یەکیەتی قەڵادزێ و ڕانیە سەهلە و سلێمانیشی بە نیوسەعات چۆل کرد و بەرەو ئێران وئەودیو سنوورەکان هەڵاتن و پارتی دەستی بەسەر هەموو کوردستان داگرت. چی پێنەچوو دیسان یەکیەتی بە پشتیوانی ئێرانی برا و پشت و پەنا خۆی گەیاندەوە کوردستان و ئەوانیش لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا هەموو ئەو شوێنانەیان گرتەوە کە پارتی لە پێشدا دەستی بەسەر داگرتبوو، بەڵام ئەوجار پ ک ک خۆی لەشەڕەکە وەرنەدا.

پ ک ک لای پارتی بەیەکجاری ئیعتیباری چوو و ئیتر پارتی تا ئەو دەقیقەیەش هیچ ئیعتیبارێک و هیچ متمانەیەک بە پ ک ک ناکات، بەڵام یەکیەتی هەر لە سۆنگەی دژایەتی ودوژمنایەتی پارتی ڕاست وەک ئێستا دەگەڵ پ ک ک دەستی تێکەڵ کرد و بوون بە برا. یەکیەتی بۆ بەرژەوەندیەک و پ ک ک بۆ بەرژەوەندیەک. یەکیەتی مقەڕ و بنکەو بارەگای بۆ پ ک ک لە زۆربەی شوێنەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی دابین کرد. بەڵام چی پێنەچوو نێوانیان تێکچوو، گرژی کەوتە نێوانیان، یەکیەتی داوای لە پ ک ک کرد کە هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو چۆل بکات، پ ک ک کوتی نایکەم،کێشەکە گەورە بۆوە، لە نەکاوێک و شەوێک پ ک ک راست چۆن پەلاماری پارتیدا ئەوجار پەلاماری یەکیەتی برا و هاوپەیمانی خۆیدا و وەک دەڵێن لەو پەلامارەدا سەدان کەسی یەکیەتی تیدا کوژرا، دیسان شەڕ دەستی پێکردەوە یەکیەتی بنکەکانی پ ک ک لە دەشتی قەرەداغ و ناوچەی گەرمیان گەمارۆ دا و داوای لە پ ک ک کرد کە خۆیان تەسلیم بکەن و چەکەکانیان تەحویل بدەن ، ئەوانیش ملیان نەدەدا، یەکیەتی پەراماریدان، ئەوەی کوژرا کوژرا ئەوی دیکە بە دیل گیران. لەوشەڕانەدا چەند کوردی ڕۆژهەڵاتیش بوون بە قوربانی.

ئەوە مێژووەیەکی کورتی خێرو بەرەکەتی بوونی پ ک ک یە لەو ناوچەیەدا، دەکرێ یەکێک پێم بڵێ پ ک ک بۆچی وادەکات، بەتەمای چییە؟ ئایا ئەو حیزبێکی سیاسییە یان میلیشیایەکی چەکدار کە تەنیا بە "عەرزی عەزەڵات" نیشاندانی هێزی سەربازی و قرمەی چەکەکانی دەژی. با دوور نەڕۆین، لە هێرشی داعش بۆسەر کوردستان هەموومان دیتمان پ ک ک چۆن لێکدا لێکدا بەیاننامەی بڵاو دەکردەوە و دەیکوت لە هەر کوێیەک گەل پێویستی پێمان بێ ئێمە ئامادەین داکۆکی لێبکەین. ئەوان داکۆکیان لەگەل کرد یان لە خۆیان؟ ڕاستە شەڕی قارەمانەیان لە بەرامبەر داعشیشدا کرد و چەند گریلای قارەمان گیانیان بەخت کرد و یادیان بۆ هەمیشە لە دڵدا زیندوو، بەڵام پ ک ک بۆ خۆ مەترەح کردن ئەو شەڕەی دەکرد و لەو شەڕەدا بەشدار دەبوو. ماشێنێک کە چوار گریلای لەسەر با ١٤ ئاڵای پ ک ک ی لەسەر دەشەکایەوە، هەڵبەت لە ناوچەی یەکیەتی، ئەوان ئێستا لە جاران زیاتر لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکیەتی چالاکن و لە راستی دا وەک جارێکی دیکەش باسم کردووە، یەکیەتی ئیتر دەستی لە خۆی شوتووە و لە داخی گۆڕان و پارتی خەریکە باشوور و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی بەخری تەسلیمی پ ک ک دەکات. کارێک کە هیچ گومانم نییە سبەی گەورەترین کێشە بۆ باشوور و بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکیەتی دروست دەکات.

لە سەر هێرشکردنە سەر پێشمەرگەکانی دێمۆکڕات

جارێ لە پێشدا دەبێ بڵیم کەس نابێ گلەیی لە پ ک ک بکات کە بۆچی وادەکات، پ ک ک پشت ئەستوورە بەو هەمووە رووناکبیر ونووسەر و چالاکە سەربەخۆیەی! مامۆستای پاساو هێنانەوە مامۆستای شێواندنی راستیەکانن، ئەوان نایان هەوێ کێشەکە گەورە بێتەوە! نایان هەوێ شەڕی براکوژی دروست ببێ! وای کە چەندە دڵسۆزی کوردن ئەوانە! نەفرەت لەوەی شەڕی کوردکوژی دروست دەکات، نەفرەت لەوەی یەک وشەدەنوسی کە هاندەری شەڕی براکوژی بێ و نەفرەت و سەرشۆڕیش بۆ ئەو کەسانەی خەریکن خوێنی ڕژاوی یەک ئینسانی بێتاوانی دڵ پڕ لەهیوا دەکەن بە ئاو. پ ک ک هێرشی کردۆتە سەر حدکا، بەو تاوانەی ئەوان دەیان هەوی بە ناوچە سنووریەکان دا بچنەوە ئێران و شەڕی ئێران بکەن! وەک دەڵێن گۆیا برادەرێکی بەرپرسی ملیشیا چەکدارەکانی پ ک ک کوتوویەتی ئەوەی ئێمە کردوومانە پێویست بووە بۆ تەمبێ کردنی حیزبێک کە گویی بە فەرمانەکانی ئێمە نەداوە. ئیتر ئەوە پاساو هێنانەوەی بۆچییە، شەهامەتی مەحکووم کردنیت نییە بێدەنگەی لێبکەی سەنگینتری! وێنەی گوڵ و بووبولی خۆت دابنێ و دوو ئاوازی گوگووش و .... بخە سەر لاپەڕەکەت باشترە لەوەی شرۆڤەی ئەو وەزعە ئاوا بکەی.

هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پ ک ک بۆ سەر پێشمەرگەکانی دێمۆکڕات بە دڵنیاییەوە پەڵەیەکی ڕەشی تاوانی مێژوویە بە ناوچاوانی سەرکردەکانی پ ک ک وە و بۆ هەتا هەتایە لە بیر ناچێتەوە، ئەگەرچی ئەوان باکیان بەوە نیە. پ ک ک ئەوەیە کە دیتووتانە و هیچ گومانتان نەبێ هەمیشەش هەر وا دەمێنێتەوە، ئەو تەنیا لە بەرامبەر هێز دا پاشەکشەدەکات دەنا سیاسەت و ئەخلاقی سیاسی لای ئەوان نە بوونی هەیە و نە گوێی دەدەنێ، ئەوان هێزیان هەبێ بەسە، شەڕ و ئاڵۆزی دروست ببێ بەسە. یەک دەڵی ئەوە دێمۆکڕات بۆیە چۆتە وێندەرێ تا شەڕ دەگەڵ پ ک ک بکات چون کاتی هەڵبژاردنی تورکیایە پ ک ک و ه د پ زەبریان وێدەکەوێ ! چون پێشمەرگەیان کوشتووە دەنگەکانیان کەمتر دەبێتەوە! نەخێر قوربان ئێوە درۆ دەکەن، سوور دەزانن لایەنگرە دوکتور و پرۆفسۆرەکانی پ ک ک ئەگەر بە زاهیر نیسکێک ئەو کوشتارەیان پێناخۆش بێ لە ناخەوە هەست بەسەر کەوتن دەکەن. ئەوان دەڵێن همممممم پ ک ک لە رۆژهەڵاتیشدا باڵا دەستە، ئوسولەن لایەنگر و ئەندامنی پ ک ک هەر بەو فەلسەفەیە گۆشیان گرتووە، کەواتە ئەوە سەرکەوتنە بۆیان و دەنگیان پێی زیاد دەبێ نە کەم! هەر بۆیە پ ک ک ڕاست لەو کاتە دا ئەو هێرشە دەکات و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات شەهید دەکات. دەڵێن نا سەیری هەڵوێستان بکەن بزانن بێ پاساو هێنانەوە یەک کەس هەیە لە ئەندام ولایەنگرانی پ ک ک ئەو کورد کوشتنە مەحکووم بکات!؟

گەنجان لاوانی نیشتمانپەروەری کورد، چاوتان خورد کەنەوە ، لە داوی وێنەو ویدۆ و قرمەی دەنگی تەفەنگان مەکەون، کورد بە تفەنگ رزگاری نەبووە و نابێ، کێشەی کورد کێشەی تەقە وتفەنگ نییە، پەناگەی کورد تەنیا چەک وچیا نییە. کورد کێشەی سیاسیی هەیە و تەنیا لە رێگای سیاسییەوە و بە حیزبی سیاسیی چارەسەری ئەو کێشەیە دەکرێ، ئەو مەسەلەی پ ک ک هەمیشە لێێ هەڵدێ و کە باسی ئاشتی دەکرێ ئەوان کێچیان دەکەوڵی دەکەوێ. ئەمن نزیک ٦٠ساڵم تەمەنە ، دەزانم لای تۆی مێشک شۆراوە و گۆشکراو بە فکری ئاپۆچی زەحمەتە کارتێکەری ئەو قسانە هەبێ بەڵام بۆ مێژوو پێت دەڵێم، ئەگەر بە کوشتنی پێشمەرگە هەستت بە سەرکەوتن وغروور کرد نەک لە کوردایەتی و کوردبوونی خۆت شک بکە بەڵکوو لە ئینسانبوونی خۆشت وەشک کەوە. 

قسەی کوتایی، پ ک ک با پێی وانەبێ بە چەند رووناکبیر سمێل زلی قسەزلی سەفسەتەباز دەتوانێ لە کاردانەوەی نیگەتیڤی هێرش بۆسەر پێشمەرگەی دێمۆکڕات وا بەهاسانی قوتاری بێ. ئەگەر پێشمەرگە مەرگی بە سۆغرە گرتووە، دڵنیاش بن زۆرن ئەو قەڵەمبەدەست و رووناکبیرانەی مەرگ بەسۆغرە دەگرن و لە ئاست تاوان و جنایەتەکانی ئێوە بێدەنگ نابن، هیچ کوردێک نەتەنیا نابێ لەو تاوانە بێدەنگ بێ بەڵکوو دەبێ لە ماڵ، لە چایخانە، لە ناو ئوتووبووس، لە لاپەڕەکانی سەر فەیسبووک و تویتر ئەو ئابڕووچوونەی پ ک ک، ئەو تاوانە نەبەخشراوەی پ ک ک لە قاو بدەن، ئێوە دەستتان بە خوێنی ڕۆلەێەکی کورد سوور کردووە دەتانهەوێ خەڵک نەڵێ بۆچی وادەکەن! سەت کیلۆمێتر سنووری باکووری کوردستانتان بە جێ هێشتووە و هاتوون پاسەوانی سنوورەکانی رۆژهەڵات دەکەن و بە ناوی دەڤەر و سنووری مێدیا ناوی دەبەن دەتانهەوێ خەڵک نەڵێ ئەوە چەندی بەچەند! کوردی رۆژهەڵات نابێ بێ ئیزنی ئێوە بچێتەوە ڕۆژهەڵات؟ ئەوانە پرسیارگەلێکن هیچ وڵامێکیان بۆی نییە و خاترجەم بن ئەوە تەنیا پرسیاری من نییە و پرسیاری زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. 

ئەندام و لایەنگرانی دێمۆکڕات، بە جنیودان و سووکایەتی ئاستی خۆتان لە هەموو بارێکەوە دێننە خوارێ، بە هەڕەشە و گوڕەشە و ئاگری شەڕێک خۆشدەکەن کە پ ک ک لە خودای دەوێ. بەر لە هەموو شتێک خۆ رێکخستن و ماڵی خۆ ئاوەدان و ساخکردنەوە پێویستە، دێمۆکڕات نە شەڕخواز بووە و نە نانی لە شەڕ دادەگەرێ، نەشەڕێش چارەسەری کێشەکانە. دان بە خۆداگرتن لەهەمانکاتداو لە قاودانی ئەو کارەساتە تەنیا کارێکە کە دەتوانێ پێش بە کارەساتی گەورەتر بگرێ.