Tuesday 10 November 2015

واقع لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی مرۆڤەکان وجوودی هەیە

واقع لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی مرۆڤەکان وجوودی هەیە
ئەو رستەیەی سەرەوە شتێک نییە کەسمان گویمان لێنەبووبێ و تەنانەت رەنگە رۆژانە لێرەوە لەوێش گویبیسی بینەوە. کورد لە هەموو مێژوودا یان لە لایەن داگیرکەرانەوە هاشای لێکراوە یان بە هێند وەرنەگیراوە وهەمیشە حیسابی شارۆمەندی دەرەجە دووی بۆ کراوە، بەڵام کورد هەم بوونی خاریج لە ئیرادەی داگیرکەر هەبووە و هەمیش بە پێچەوانە وەک باقی گەڵانی ئەو ولاتە و دەورەبەری مرۆڤێکە رێک وەک وان.
لە تورکیا دەسەڵاتتادارنی تورک ئەوەندەی وەبیرمان دێ حاشایان لە کورد کردووە و تا ئەم کاتەش ئەم حاشالێکردنە بە بارێکی دیکەدا بەردەوامە، ئەردوغان وحیزبە ئیسلامیەکەی کە چەند ساڵێکە دەسەڵاتی بەسەر تورکیا دا هەیە ئەگەرچی لەزەمانێکی جیواز لەوانی بەر لەخۆی سیاسەت دەکات بەڵام بە جۆرێکی دیکە هەمان رچەی پێواوە. لە ئێران و لە عێراق و لە سووریاش بە هەمان شێوە بەڵامکوردبەدەر لە ئیرادەو خواست و ئارەزووی ئەوان وجوودی هەبووە بە کردەوە هەرگیز ئەو ئارەزوویە لای هیچیان وەدی نەهاتووە.
کوردەش بەهەمان شێوە و لانی کەم دەبی لەو هەمووە حاشالێکردن
و لەو هەمووە ئارەزووە خەیاڵیەی دوژمنان کە هیچیان نەهاتوونە دی دەرس و پەند وەرگرێ. بەرامبەر بە نەیارانی، بەرامبەر بە موخالیفانی واقعبین بێ و لە کوتنی راستیەکان سڵ نەکاتەوە دەنا تووشی هەڵەی قەرەبوو نەکراو دێ.
مەبەستی ئەو باسە تورکەکانی ئازەربایجانن. ئازەربایجان ئەو ناوەی کە بە فیتی داگیرکەران و بۆ ئەوەی هەستی کوردانی ڕۆژهەڵات لە کزی بدرێ و لە باری جوغرافیاییەوە دابڕ دابڕ بکرێ بە سەر بەشێک لە خاکی نیشتمان دا سەپا و ئەمڕۆ لێمان بۆتە بەڵا. ئازەربایجسن ئەو شوێنەیە کە بۆتە بەڵای ناگەهان و بەروکی ئێمەی کوردی گرتووە و لە داهاتوو دا گرفتی هەرە گەورەمان بۆ ساز دەکا.
بەڵام تورک وەک بەشێکی بەرچاوی ئەو ناوچانەی کە کوردستانن و ناوی ئازەربایجانیان بەسەر دا سەپاوە بووونیان هەیە لە دەوروبەری ئەو شارە کوردیانەش ئەان چەندین ساڵ جیران ودراوسێی کوردانن. ئەوەی مەترسی بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش دروست کردووە ئەوە نییە کە ئێمە جیرانی یەکترین یان ئەوان لە زۆر ساری کوردستان تێکەڵاو دەگەڵ کورد دەژین! کێسە ئەمەیە کە ئەوان ئیدیعای داگیرکاریان بە نیسبەت خاکی کوردستانن هەیە و زۆریش جیددین، ئمن زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم کە ئەوان نەک ماکۆ و شاپوور و ورمێ بەڵکوو ئیدیعای مەهاباد و سەردەشت وبۆکان وشنۆ و بانەش دەکەن کە مڵکی باب و باپیریانە!چار چییە ؟ بە سووکایەتی پێکردن و بە جنیودان و بە دروشمدان چمان پێدەکرێ؟ لە روانگەی منەوە و دڵنیام لە ڕوناگەی زۆربەی کوردانەوە دەبێ کورد و تورک لە تەنیشت یەک وەک بترا بژین هیچ کێشەیەک ئەوان لە بەرامبەر یەک ڕانەگرێ و سبەی مەترسی شەڕێکی خوێناویمان لەو بارەوە و لە نێوان ئەو دوو نەتەوە ستەملێکراوە نەبێ، بۆ ئیدارەی ئەو شارانەش دەبێ پشت بە هەڵبژاردن ببەسترێ نەک هیچ ڕیگایەکی دیکە، ئەمن سوور دەزانم ئەوە سیاسەتی زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە. بەڵام ئایا ئەوسن واتە تورکەکانیش بیرۆکەیەکی لەم چەشنەیان هەیە بۆ پێکەوە ژیان؟!
ئەمن لێرەو لەو کانادایە دەگەڵیان دانیشتووم و لە کۆبوونەوەیان بەشداریم کردووە ، ئەوان بەڕەڕووی ئێمە ئیدیعای مەهاباد و بانە و سەردەشتیان هەیە و بە مڵکی خۆیانی دەزانن و پێیان وایە ئەو بابەتە قسەی لەسەر ناکرێ؟ ئەوە بیری زاڵە بە سەر زۆربەی هێز و رێکخراوەسیاسیەکانی تورکی ئازەربایجان. ئەو تورکەی ئەمڕۆ لە ئێران وەک هێزی یەکەم و یەکگرتوو دژی داگیرکاری ئێران قسە دەکات و کە هەموو بۆنەیەکی وەرزشی و ئایینیدا ئاڵای نەتەوەکەی خۆی بەرزدەکاتەوە چ لە تەورێز چ لە تاران!
ئەو باسەم بۆیە هێنایە گوڕێ تا تۆزێ بەرچاوڕوونیم دسبێ بەو کەسانەی کە زانیاریان لەسەر تورکی ئێران نییەو بۆئەوەشی دەورووژێنم کە بە دۆستان بلێم کاکی برام خوشکی بەڕێز نە بەدروشم وبێڕێزیکردن چارەی دەری ئێمە دێ و نە بەوشێوازەش توانیومانە بیرۆکەی داگیرکاری لە مێشکی تورکان وەدەر بنێین. ڕیاگ زۆران و یەک لەوان و سەرەکیترینیان یەکگرتنی هێزەسیاسیەکانە لە بەرەیەکی دێمۆکڕاتیکی ئازادیخوازانە و دژی دیکتاتۆڕی دا، تا یەک نەگرین نابین بە هێز، تا نەبین بە هێز کەس حیسابمان بۆ ناکات، نە دۆست ، نەدوژمن!

با لێشیان فێر بین و هەستیش بە مەترسی بکەین!



با لێشیان فێر بین و هەستیش بە مەترسی بکەین!
هەموو ڕاگەیەنە جیهانیەکان و لۆکاڵیەکان باسی خۆپێشاندان ی بەربڵاوی تورکەکانی ئێران دەکەن، دیارە سەرەڕای لێکدانەوەی ناواقعی کە پێی وایە تورک بەشێکە لە حکوومەت و حکوومەت کاری بەسەریانەوە نییە وادیارە حکوومەت بە هەموو شێوەیەک بەرەوڕوویان بۆتەوە بەڵام جارێ تا ئێرە چون تورک یەکگرتوو و یەکدەستە لە هەموو خۆپێشاندانەکان تەنانەت ئەوەی تارانیش سەرکەوتوو بووە و تەنانەت لە چەند شوێنی تاران ماشێنی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمیان سووتاندنووە.
خۆپێشاندانی یەکگرتووانەو ئازایانەی تورکەکان بۆ لێفێربوون دەبێ، ئەوان چۆنە وا یەک دەست هاتوونە سەرشەقام و کۆشکی حکوومەتە ستەمەگەرەکەی تارانیان وەلەرزە خستووە؟ مەگەر ئەوان حیزبیان نییە؟ مەگەر رایجیوازیان لە نێودانییە؟ بە دڵنیاییەوە هەموویان یەک بیر و باوەڕ یەک جۆری بیرکردنەوەیان نییە بەرامبەر بە رووداو پێشهاتەکان بەڵام لەوەدا یەکدەنگ و یەکڕەنگن کە تورکن! کە بێڕێزی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە قەبووڵ ناکەن.
ئەوەی کورد بەتایبەتی کوردی رۆژهەڵات و حیزبەکانی بە دەرەجەی یەکەم دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان لێی خافڵن و بە خەیاڵی ئاسوودە پاڵیان لێداوەتەوە و هەر لە فکری لەمەیدان بەدەرکردن وپاکتاوکردنی یەکتری دان ئەوان نەیانکردووە، ئەوان لە دەوری یەک کۆبوونەوە بە ناوی" حیزبی ئازەربایجانی جنووبی " کە خۆلیای داگیرکاری کوردستانیشیان لەسەردایە کۆبوونەوە و لە ڕاستیدا ئەو حیزبە بەرەیەکە لە هەموو لایەنەکان بە چەپ و ڕاستەوە. دیارە رەگەزپەرەستی و بیری داگیرکاری بە تایبەتی داگیرکردنی کوردستان بەسەریاندا زاڵە. ئەوان بە ئاشکرا داوای سەربەخۆیی ئازەربایجان دەکەن و بە رۆژهەلاتی و رۆژئاواییەکەی! ئەوەی لەو باسە دا مەبەستمە ئەمەیە کە تورک زۆر درەنگی دەست پێکرد، تا دۆینێ کەواسووری بەرلەشکری ئێران و حکومەتی تاران بوو و لە هەموو مێأوی شەڕ و سەرکوتکاریەکان دژی کورد ئەوان پێشەنگ بوون بەڵام باسی من ئەمە نییە، ئەم بەشە هەر بۆ ئەوەیە کەس ئەو لاپەڕەیە لە بۆچوونەکاندا هەڵنەداتەوە کە ئیترمنداڵی مەدرەسە ئیبتدایئیەکانیش دەیزانن. باسی من ئەمەیە کە ئەوان وا درەنگ هاتوون و ئەوندەش لە پێش ئێمەوەن!
یەکەم کورد تا ئێستاش لەرۆژهەڵات پێێ شەرمە وناوێرێ باسی سەربەخۆیی بکات! یان ئەگەر لە جێی دیکەش باسی دەکرێ بەشێکی لێڕاست دەبێتەوە دژی دەوەستێ! ئەو کوردە یەکنەگرتوو و بڵاو پەرتەوازەیەی هەموو لایەکی دوژمنە خۆشی لە ناوخۆی دا ئێستا بۆتە دوژمنی قەستەسەری یەکتری. کەس لە کەسی قەبووڵ ناکات، خوا رەحمی پێکردین داعشمان ڵێ پەیدا بوو دەنا ئێستا کارێکمان دەکرد ئابڕوومان بۆ کورد نەدەهێشتەوە.
دووهەم تورک مەترسییە، مەترسی بۆسەر سەروەری خاکی کوردستان، ئەوان هەم خۆیان یەکگرتوو و بە هێزن هەمیش ٢ دەوڵەتیان لە پشتە کە هەردووک دەوڵەت هەم دوژمن بە کوردن هەمیش بە ئێران. ئەان بە شێکی زۆر خاکی کوردستانیان لەبن چنگیدایە بە نێوی ئازەربایجانی رۆژئاوایی! ئەوەیان لێکردووینە بەڵگە و هاوکات کە شەڕی سەربەخۆیی دەکەن شەڕی دەرپەڕاندنی کوردیش دەکەن لە خاک و لە زێد و لە نیشتمانی خۆی، ئەگەر کورد دڵی بەوە خۆش کا کە ئەو کەسانە کەمن و توندڕەوی باوی نەماوە لە ناو تورکانیش دا هەر وای بینن، ڕاست لێکدانەوەکەیان بەو ئەندازەیە ڕاستە کە تۆ فارس ببینی و باوەڕی بە ئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی گەلام هەبێ کە بۆ پۆزی رۆشنبیرانەش یەکیان نابینی!
دیسان ئەو هەستانەوە و ئەو خۆپێشندانە وەخەبەرتان ناهێنێ چون ئامادە نین بڵێین ئێمە هەڵەمان کردووە! چون ئامادە نین رەخنە لە ڕابردووی خۆتان بگرن! مێژووش لەسەرمان ڕاناوەستێ و هەنگاوەکانی بەخێرایی با توند کردوون و خەریکە کارەساتێکمان لەسەر تۆمار دەکات کە سەت ساڵی دیکە وەک چۆن داستانی شێخ مەحموودمان بۆ دەگیڕنەوە کە گۆیا دەگەڵ ئینگلیسیەکان ڕێکنەکەوتووە چون پێی وابووە گڵاون ! ئەو داستانەش بۆ ئێوە سەرکردەکانی کورد دەنووسێتەوە.

Monday 2 November 2015

لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا


لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا



محەمد حەلاق کادرێکی سەربازی و فەرماندەیەکی بەوەج و چاونەترسی حیزبی شیوعی عیراق بوو. لە بنەماڵەیەکی شەهیدپەروەری کوردپەروەربوو، ئازا و چاونەترس بوو، لە دەشتی هەولێر بە جیڤارای کوردستان دەناسرا ،باڵابەرزی سمێڵ خورمایی، هەمیشە دەم بە خەندە، من نێوانم دەگەڵی زۆر خۆش بوو، کاتێ لە پشتئاشان و لای هاوڕێیانی حیزبی شیوعی دەژیام تا هاتبایەوە ئەو ناوە دەرفەت هەبا یەکترمان دەدیت،ئەو لوتفی دەگەڵ ئێمەی رۆژهەلاتی هەبوو، بەتایبەتی کاک ئەفراسیاب هەورامی هەمیشە لەدلدا زیندوو و منی هەر دەدیت. دوای شەڕی پشتئاشان و دوای داگیرکردنی پشتئاشان لە لایەن یەکیەتیەوە و کوژرانی نزیک ٨٠ کەسی شیوعی محەمەد حەلاق بەجارێ سیمای گۆڕابوو، ئیتر هەر کات دیتبات لە جیاتی زەردەخەنە و بزە شیرینەکانی نیوان دوو برۆیانی گنجی پێوەدیار بوو، خەمناک ... خەمێکی قووڵ کە وەک مەتەڵێکی تەمو مژاوی کەس ماناکەی بۆ لێکنەدەدرایەوە.


کوردستان ئازاد کرا و پارتی ویەکیەتی هەر یەکەوە دەفەرێکی بۆخۆی بڕدا و خەڵک بە لێشاو ڕوویان لەو دوو حیزبە کوردیە کرد. حیزبی شیوعی سۆڤیەت (شورەوی پێشوو) بە دوای هاتنە سەرکاری گورباچۆڤ و پرۆسترۆیکا و چاکسازی گۆرباچۆف لە بەر یەک هەڵتەکا، بە دوای ئەو دا هەر حیزبە کۆمۆنیستەی لە قوژبن و سووچێکی ئەم دنیایە هەبوو وەک پزدان دەپووچایەوە و لە بەر یەک هەڵدەوەشا! حیزبی شیوعی عێراقیش وێرای پێشینەیەکی زۆر خاوێنی سیاسیی و بوونی سەدان کادری بەوەجی کورد و سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە ڕیزی ئەو حیزبە دا لەو هەڵتەکاندنە بێبەری نەبوو، لە ناکاو هەڵتەکا و زۆربەی کادرەکانی روویان لە پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان کرد، بەلام محمەد حەللاق لە گەڵ هاوڕێ ئەبوو حیکمەت پارتێکی تازەی چەپی کوردیان دروست کرد بە ناوی پارتی کاری سەربەخۆ.

جارێکیان کە بە سەردان چووبوومە باشوور برادەرێکی کۆنە شیوعیم بینی کوتی محەمەد حەلاق هەواڵی پرسیوی، کوتم لە کوێیە زۆرم پێخۆشە بیبینم. کوتی وەڵا ئەوە لە کۆیەیە، هاتمە لای هاوڕێ شاخەوان و هاورێ هەوراز بە پرسیار ئەوانم دیتەوە و لە رێگای ئەوانەوە ماڵی کاک محەمەد و خودی کاک محەمەد حەلاقیشم دیتەوە، شەوێک میوانی بووم و زۆرمان باسی ڕابردوو و گۆرانکاریەکانی ئەم جیهانە و بەتایبەتی کورستان کرد. هەمان گوڕوتینی جارانی پێوەدیار بوو، دڵخۆش بوو بە رزگاری کوردستان بەڵام نیگەرانی داهاتوو بوو. باسی شیعرێکی منی کرد و کوتی ئەگەر لات ماوە تکایە نوسخەیەکم بدەیە، شیعرەکە ناوی "هەڵۆ تاکە" بوو و بۆ کارەساتی پشتئاشان و هێرشی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بۆ سەر هاوڕێیانی شیوعی نووسرابوو، سەرەتای ئەو شێعرە ئاوا دەست پێدەکا:
"هەڵۆ تاکە"
ئاسۆ لێڵ و وڵات کۆترێکی تاساوە
لەسەر بانی ماڵێکی چۆل هەڵکورماوە
تاریکایەکی سامناک
شار و گوندی داگرتووە
چەقولووری سەگی کۆڵان
لە هاتنی دزی شەو و
رێبوارێکی نائاشنا خەبەر دەدا
لە گوێسوانەی گوندەکانا
کوندەبوو تەقڵە لێدەدا
چاوی ئاسمان کز دەسوتێ
بزەی زەوی پڕوکاوە
مانگ ژنێکی چارشێو رەشە
ئەستێرەکان ڕووی دەڕنن
بزەی شیعری ئاگراوی
لە گێژاوی خەیاڵات دا حەپەساو..!

ئەوەم بۆ خوێندەوە، سەری لەبەر خۆی نا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و کوتی هەک ..... هەموو برینەکانم نوێ بوونەوە! ئاگام لێبوو دەفکرانەوە چوو، ناڕەحەت بووم و کوتم خۆزگە بۆم نەخوێندبایەوە. کاتی خۆی بەشێک لەو شێعرەم بۆ خوێندبۆوە، وابزانم لە سەفەری سووریا گەڕابۆوە و تیربارێکی بی کەی سی بەدەستەوە بوو، بیستبووی ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیانی پشتئاشان و کارەساتە لەبیرنەکراوەکەی کوتووە.

ئەوشەوە دوایین دیداری من بوو دەگەڵ کاک محەمەد و ئیتر نەمدیتەوە. لە مەهاباد و لە سەر دووکان بووم کە لە هەواڵەکان بیستم لە بازگەی کۆیە تەقە لە محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی کراوە و شەهید کراون،رەنگە هەر هەمان بازگە بێ کە شەهیدانی دێمۆکڕاتی تێدا خەڵتانی خوێن کرا!

یەکیەتی زۆری خەڵک کوشتووە، هەر ئەو نا حیزبەکانی دیکەش زۆر جار دەستیان بە خوێنی خەڵکی سوور بووە، بەڵام ئەو تاوانەی یەکیەتی هەرگیز لە بیر هیچ ئینسانێکی بەوێژدان ناچێتەوە، ئاخر نە محەمەد حەلاق و نە حیزبەکەی ڕکەبەری یەکیەتی و هیچ حیزبێکی دیکەی باشووریان پێنەدەکرا ، ئەوان تازە بناخەی پارتێکی چەپی کوردیان دامەزراندبوو بەناوی پارتی کاری سەربەخۆ، بەداخەوە تا ئێستاش نازانرێ هۆکاری ئەو کوشتارە سامناک و جنایەتکارانەیە چ بووە، کێ بووە فەرمانی ئەو جنایەتەی داوە و بە دەستووری کام بەرپرسی یەکیەتی ئەو تاوانە نەبەخشراوە ئەنجام دراوە و چۆنە تا ئێستا هۆکاری ئەو کوشتارە دیار نییە؟

بەڵی بەداخەوە لە ڕۆژی 1995/11/2 و لە دەروازەی کۆیە دەستی ڕەشی تاوان لە ناو رێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەسڕێژی لەو کۆمەڵە تێکۆشەرە کرد و ئەوەی لەوێ شەهید کرا دەنا ئەوانی دیکە راگوێزران و پاشان هەموویان گوللە باران کران. ئەو تاوانە ڕاست وێنەی تاوانی شەهیدکردنی کۆمەڵێ کادر و پێشمەرگەی دێمۆکڕات تا هەتایە بە ناوچاوانی یەکیەتییەوە وەک پەلەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە . خۆزگە ئەوانەی ئێستا بوونە بڵیندگۆی ئازادیخوازی و دادپەروەری و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ئەو کەیسەیان زیندوو کردباوە و لانی کەمی هۆکاری کوشتنەکەیان بۆ خەلکی روون کردبایەوە.

یادی محەمەد حەللاق و هاوڕێیانی هەمیشە لەدڵدا زیندوو
نەفرەت لە بکوژان و نەفرەت لەوانەی وا بە هاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەکانەوە
نەفرەت لەوانەی کە ئاگایان لەو کارەساتە هەیە و تا ئێستا بێدەنگەیان لێکردووە.