Friday 7 April 2023

 بوونی من لە نەبوونی تۆدایە!

فەلسەفەی ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە رەنگبی بگەرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە هێشتا بەشی تایبەتی سەرمایە لە بچووک و گەورەوە خۆی نەخزاندبۆ ناو مالی مروڤ و ئەویش هەوڵی کەڵەکە کردن و وەسەر یەکخستنی سەرمایەی نەدابوو، مادیات هێندە خۆشەویست نەبوو و شەری دەسەڵاتیش لە پێناو وەسەر یەکخستنی ئەو مادیات و داهاتە دەستیان پێ نەکردبوو. ئەو کاتە مرۆڤەکان بەیەکەوە دەچوون بۆ راو و شکارو چیان دەست کەوتبا دەگەل یەک بەشیان دەکرد و ژیانێکی تەواو سادەو ساکاریان دەگەل یەک دەبردە سەر.
بەرە بەرە قازانجی مادی پەیدا بوو،کوێ راو وشکاری زیاتر با و کوێ بۆ ژیان و گۆزەران باشتر با سەرنجی درایە ،مرۆڤ تووشی لێک هەلبەزینەوە هات و وای لێهات کە هەرکەس دەفکری خۆی دابێ و یان بەبارێکی دیکە دا زیاتر دەفکری ئەوە دابێ کە بە باشترین شیوە لە سرۆشت کەلک وەرگرێ. هەر بەو باوەرەشەوە بە ساز کردنی کەرەسەو ئامراز، سروشتی کێوی خۆمالی کرد و هێنایە ژێر رکێفی خۆی،دەوکارەش دا ئەو کەسانە سەرکەوتووتر بوون کە زیاتر بیریان کردەوە و لەراستی دا مێشکیان زیاتر خستە کار و هەمیشە جەستەیان دەخزمەت مێشکیان دابوو، هەربۆیە ئەوانەی باشتر بیریان دەکردەوە زووتر هەلیان دا وجێ پێی خۆیان قایم کرد، لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەو ناکۆکییەکان دا ئەو بیرە زال بوو کە لایەنێک لایەنەکەی دیکە لە مەیدان بەریتە دەرێ و لە راستی دا له‌ باری فیزیکییه‌وه‌ وه‌لای بنێ، ئه‌م شیوه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ گه‌لێ ترسناک بوو و پاشان زه‌ره‌ریی زۆری به‌ کۆمه‌لگای مرۆڤایه‌تی گه‌یاند، چوونکه‌ ئه‌م روانگه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی کۆمه‌ل و کۆمه‌لگادا،کۆمه‌لێ خه‌لکی کارامه‌و چالاکی لانی که‌م له‌ مه‌یدانی به‌رهه‌م هێنان دا که‌ خۆی به‌شیکی گرینگه‌ له‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌لگای مرۆڤایه‌تی وه‌لاناو خستییه‌ په‌راوێزه‌وه‌.
تا کۆمه‌ل به‌ره‌و پێش ده‌چوو مرۆڤیش پێ به‌ پێی ئه‌م پێشوه‌ چوونه‌ پێش ده‌که‌وت و هه‌نگاوی به‌ گۆڕی دەهاویشت و ئالو گۆڕی گه‌وره‌ی له‌ جیهان دا پێک دەهێنا،ده‌ستی به‌ فێر بوون کرد و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا شته‌ ته‌جره‌به‌کراوه‌کانی کۆ کرده‌وه‌و ده‌گه‌ل بیرو بۆچوونی نوێ هه‌ڵی شێلان وزانستی لێ به‌رهه‌م هێنا،زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و ئابوورییه‌کان ، زانسته‌ پزیشکی و ده‌روون ناسی و ئه‌ستێره‌ ناسی وهتد... هه‌مووی هه‌ر به‌رهه‌می ئه‌و مرۆڤانە‌ن که‌ جار جار خه‌ریکن بۆ قازانجێکی ئیحساسی و مادی تاکه‌که‌سی خۆیان یه‌کتر بخۆن!
تا دنیا به‌ره‌و پێشتر چوو کۆمەل ئالو گۆری بەسەر دا دەهات و مرۆڤەکانیش بەو پێیە دەگۆڕان، ئەگەر زەمانێک کۆمەڵێ خەڵک بۆ وەلانانی کۆمەڵیکی دیکە رێگای ئاشکرای تۆند وتیژی و شەڕ و کوشتاریان دەگرتە پێش و بە ئامرازی دوا کەوتووی وەک رمب و خەنجەر و شمشێرلە مەیدانەکانی شەڕ دا خەلکی هەژاریان لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی خۆیان دا بە کوشت دەدا ئەمجارە بە پێشکەوتنی سەنعەت و تەکنۆلۆژیا چەکی هەمە جۆر ساز کرا و بەدوای سازکردنی ئەم چەکانە داو مانەوەی ئەم بیرە مەترسیدارە لە ناو مێشک و ئاوەزی مرۆڤەکاندا "بوونی من لە نەبوونی تۆ دایە " دووبارە مەیداندارییەکە هەرمایەوەو هەوڵدان بۆ نەمانی بەرامبەر و رکەبەرایەتی نابەجێ دووبارە شەڕی نوێ بە چەکی نوێی لێ ساز بوو و لەو شەڕانەدا خەڵکێکی یەکجار زیاتر لە جاران دووبارە بۆ قازانج و بەرژەوەندی تاقمێکی بچووک بوونە قوربانی، شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی نموونەی بەرچاوی تراژیدیای ئەم جۆرە بیر کردنەوانەن کە لە مێژووی بەشەری دا وەک پەڵەیەکی رەش هەتا هەتایە بە تەوێلی هەڵگیرسێنەرانی ئەم شەڕانە واتە فاشیزم و سەرمایەداری پاوانخوازی هارو واجەوە دیارە.
تا زەمانێک بوو مەزهەب و دین لە کلیساوە ئەو فەرمانرەواییەی دەکرد و زۆر کەسی وەک گالیلەیان لە سەر دەربرینی بیرو باوەرە دژی خورافییەکان کوشت،کلیسا له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی خۆی دا خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆری له‌ناوبرد که‌ وه‌ک ئه‌وان بیریان نه‌ده‌کرده‌وه‌ ، لەو بازنە تەسکەی ئەوان بۆ بیرکردنەوە دایان نابوو کەس بۆی نەبوو سنوور ببەزێنێ،حەوشەو حەسارێکی پر لە پەرژینیان بە دەوری بیری ئایینی دا کێشابوو هەرکەس لەم حەوشەو حەسارە ترازابا، هێلە سوورەکانی بەزاندبوو و دەبوو لەناو چووبا. دیارە ئەم شێوە روانینە هەر بەتەنێ لە ناو مەسیحییەت دا نەبوو، لە نێو مۆسولمانە توند رۆیەکانێش دا ئەم بیرکردنەوانە گەلێ کارەساتی لێکەوتۆتەوە،تەنانەت لەم سەردەمەی ئێستاش دا بیری توند رۆیانە لەناو بەشیک لە موسولمانان دا رۆژ نیە لێرەو لەوێ کارەسات نەخۆلقێێێ.لە زۆر شوێنی دنیادا پەیرەوانی شیعەو سوونی، موسوڵمان و هیندوو، وا خەریکی یەکتر قڕ کردنن،لەو شوینانەی کە دەسەڵات بەدەست موسوڵمانانی توند رۆبووە وەک تالیبانی پێشوو له‌ ئه‌فغانستان، هەرکەس بە میلیمیتریش لە روانگەکانی ئەوان لای دابا مەحکووم بە نەمان و نابوودی بوو، وای لێهات کە لەماوەیەکی کورتی حکوومەتی ئەم شێوە بیر کردنەوەیە دا زۆر کارەساتی جەرگ بر و دژی ئینسانی لەم وڵاتەو لە سەر دەستی ئەم موسولمانە توندرۆیانە روویان دا، کچی 12 سالانە لەبەر چاوی خەلک لەناو تەلیس (گوونی) دەنرا و خەلکی چەواشەکراو و لە رێ بەدەر کراو بە دار دەکەوتنە سەری و تا تەلیس دەخوێنێ دا شەڵال دەبوو لێیان دەدا، ئەو خه‌لکه‌ پێیان وابوو هەتا گورزی گرانتر بوەشێنن زووتر دەرگای بەهەشتییان بۆ دەکرێتەوە، لە ڕاستی دا ئه‌وه‌یان له‌ مێشکی ئاخنی بوون. لە ئیرانی ئیسلامیی دا هەر بە دوای هاتنە سەر کاری موسولمانە شیعەکان دا و لە لایەن حاکمانی ئەم رێژیمەوە دەست کرا بە کوشتاری جودا بیران و کۆمەڵ کۆمەڵ خەلک تەنیا بە تاوانی ئەوەی کە وەک ئەوان بیریان نەدەکردەوە برانە پای دار و لەبەر چاوی هەموو مرۆڤایەتییەوە هەڵاوەسران. زۆر جار ته‌نانه‌ت پاش کوشتنیش که‌سو کاری کوژراوه‌که‌ نه‌ده‌بوو مه‌یته‌که‌ له‌ گۆرستانی موسولمانان بنیژن، حاکمان وایان ده‌گوێی خه‌لکی خویندبوو که‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ مردۆکانی دیکه‌ پیس ده‌که‌ن. ئێستاش رۆژ نییە لە سەر دەستی حاکمانی موسوڵمانی ئێران ژنان و کچان بە تاوانی مەسایلی جنسییەوە وەک سەردەمی سەدەکانی ناوەراست تا ناو قەد دەگل نەگیرێن و سەنگەسار نەکرێن.
ئەگەر سەرنجێکی ساکاری رووداوەکان بدەین دەبینین جگە لە قازانج و بەرژەوەندی ئابووری کە بەشیکی بەرچاوی شەر و هەڵـلاکانی لەسەر ساز کراوە ئەساس وبنچینەی کێشەکان لە راستی دا دەگەرێتەوە بۆ ئەو بیرو بۆچوونانە کە نەیان توانیوە یان ناتوانن جگە لە خۆیان کەسی دیکە قەبووڵ بکەن و نابێ له‌م گۆی زه‌وییه‌ که‌سێک هه‌بێ که‌ مه‌ودای بیر کردنه‌وه‌ی له‌ هی ئه‌وان بترازێ، له‌م ناوه‌ دا سێ باوه‌ر وسێ مه‌کته‌بی به‌رچاو له‌ مێژوو دا ئه‌م ده‌وره‌یان به‌ ئاشکرا بینیوه‌.ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شت خه‌ته‌رناکتر بووه‌ له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ "بیر" که‌ به‌راستی ده‌بێ "ئانتی بیر " یان دوژمنی بیر ناو بنرێ زۆر جاران کاریان کردۆتە سەر مێشکی مرۆڤەکان و لێیان نەگەراوە کەس بە ئازادی بیر بکاتەوە بەڵکوو رێبەران و حاکمان لە جیاتی ئەوان بیریان کردۆتەوە، کە ئەوە بۆخوی خەتەرێکی گەورەیە بۆ سرینەوەی مێشکەکان و بە دەروێش کردنی خەلک،ئەم سێ مەکتەبە بریتین لە :
یه‌که‌م: دین که‌ ئەو کاتەی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێکرا هەمیشە خۆی وەک حاکمی موتلەق زانیوە وريگەێ نەداوە کەس بە ئازادی بیر بکاتەوە و بە تایبەتی بیرو باوەری خۆی دەر ببرێ.لەم رێگە دا حاکمان بە فریو دان و لەرێ بەدەر کردنی کۆمەڵانی خەڵک ئەوانیان وەک ئامرازێکی بێ گیان بۆ خزمەت خۆیان و مەرامەکانیان بەکار هێناوە. مێشکی لاوی ساکاریان وەها شتۆتەوە کە حازر دەبێ لە ناو مزگەوت دا و لە ناو کۆمەلێ موسولمانی هاو بیری دا خۆی بتەقێنێتەوە، ئەو مزگەوتەی کە لای موسوڵمانان بە موقەدەسترین شوێن دادەندری و تەنانەت بە ماڵە خوا ناسراوە.
دووهەم:فاشیزم کە باوەری بە بلۆکە کردنی تەواوییەتی دەسەڵات لە دەست یەک حیزب و یەک رێبەر دا هەیە ، ئەو مەکتەبەش هەوڵ دەدا جگە لە خۆی و لە بیرو باوەری خۆی کەسی دیکە بە رەسمییەت نەناسێ و بە تەواوی دەست بەسەر هەموو ئامراز و دەسگاکانی راگەیاندن دا دەگرێ. تەواوی بنکەو بنیاتەکانی ئابووری لە کۆنترۆڵی خۆی دەنێ و رێگە لە هەموو جۆرە ئازادییەکی تاک و کۆ دەگرێ.
سێهەم: کۆمۆنیستە سوننەتییەکان کە ئەوانیش لەگەڵ ئەوە دا دروشمیان ئەوە بوو کە کەس نابێ ئیتاعەتی کوێر کوێرانە قەبوول بکا و مەبەست لەم قسەیەش ئەمە بوو کە ئەندامان دەبێ بۆخۆیان بیر بکەنەوەو تەنانەت بە هەموو قسە و باسێکی رێبەرایەتی نەلێن باشە و بەڵکوو بیر بکەنەوە و بەقەناعەت مەسەلەکان قەبووڵ بکەن بەڵام بە کردەوە وایان لێ هاتبوو کە هەرچی رێبەرایەتی کوتبای لە خوارێرا یەکسەر بێ بیر کردنەوە دەبوو قەبووڵ کرابا. لە ئێران دا سەردەمانێک ئەم فەرمانبەردارییە گەیشتبووە رادەیەک کە خەلکی بە تەوس بە توودەییەکانیان دەکوت ئەگەر لە مۆسکۆ باران ببارێ ئێوە لێرە چەتر هەڵدەدەن! ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەم سێ مەکتەب وسێ فەلسەفەیە نەتنها جگە لە خۆیان کەسیان قەبوول نییە بەلکوو لە گەل یەکتریش هیچ خالێکی هاوبەشیان نیە جگە لە دژی دیمۆکراسی بووونەکەیان.
ئەم جۆرە ئیدئۆلۆژیانە لەم سەردەمە دا ئەگەرچی پێوێستیی و زەروورەتی خۆیان لە دەست داوە بەڵام هێشتاش دەتوانن بە شیوازێکی دیکە و بە ناوێکی دیکەوە لانی کەم لە کورت خایەندا زەرەری گەورە بە کۆمەڵ بگەیەنن. لەم بارەوە گەلێ بیرمەند لە دژی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەراوەستاون، یەک لەوان دکارت_ ی فەیلەسووفە کە بۆ ئەوەی بەرەنگاری داگیرکەرانی بیرو ئاوەزی مرۆڤ بێتەوە دەلێ" من بیر دەکەمەوە کە واتە هەم" ئەم رستە کۆرتە خۆی لە خۆی دا گەلێ پر مانایە و هەوڵێکە لە لایەن مرۆڤێکی بە بیرو باوەر بۆ ئەوەی مێشکەکان داگیر نەکرێن، و لەراستی دا داوا دەکا کە مروڤەکان ئیزن نەدەن بیریان داگیر بکرێ. د.قاسملووی سەرکردە یەکی دیکە لەم بیرمەندانەیە کە بە هەست کردن بەو مەترسییە بە تایبەتی روو لە رووناکبیران دەکاو لە پێناسە کردنی ئازادی دا ئاوا دەدوێ: " هیچ نعمه‌تیک له‌ جهاندا له‌ ئازادی به‌ نرختر نیه‌. ئازادی که‌رامه‌ت و شه‌خسییه‌ت ده‌دا به‌ ئینسان و، رێگا نادا بکرێ به‌ مۆره‌... ئینسان ده‌بێ له‌ حاله‌تی مۆره‌ بیته‌ ده‌ر، ببێته‌ شه‌خسیه‌ت ، ببیته‌ فه‌ردێکی زیندوو و چالاکی کۆمه‌ل.‌" (1) ئەم بیرو بۆچوونە لەم کات و ساتە دا بۆ تێرامانی زیاتر دەبێ و بۆ ئەوە دەبێ مرۆڤ زیاتر لێی ورد بێتەوە، د.قاسملوو لەم وتەیە دا باس لە مەسەلەیەکی گرینگ دەکا، ئه‌ویش ئه‌و که‌رامه‌ت و شه‌خسییه‌ته‌یه‌ که‌ مرۆڤ به‌ هۆی بوونی ئازادییه‌وه‌ وه‌ده‌ستی دێنی، له‌ یه‌ک که‌لامی کورت دا ده‌لێ به‌ بوونی ئازادییه‌وه‌ مرۆڤ له‌ حاڵه‌تی مۆره‌ دێته‌ ده‌رو ده‌بێته‌ فه‌ردێکی چالاکی ناو کۆمه‌ل! ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ مرۆڤی کورد بیری لێ بکاته‌وه‌و به‌ تایبه‌تی رووناکبیرانی کوردو له‌ ناو ئه‌وانیش دا ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان به‌ درێژه‌ده‌ری رێگای قاسملوو ده‌زانن ده‌بێ زیاتر سه‌رنجی بده‌نێ. شه‌هید قاسملوو له‌م وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ دا قامک له‌ سه‌ر خالێکی گرینگی گرفتی روناکبیرانی کورد داده‌نێ و وریایان ده‌کاته‌وه‌ که‌ نه‌هێلن بتان که‌ن بە‌ مۆره! چوونکه‌ ئه‌و ده‌م هه‌م که‌رامه‌ت و شه‌خسییه‌ت له‌ ده‌ست ده‌دن و هه‌م له‌ حاڵه‌تی مرۆڤێکی ئاکتیف و چالاک دێنه‌ده‌ر و ده‌بنه‌ پاشکۆی هه‌موو رووداویک و هه‌موو تاکێکی کۆمه‌لگا.
بوون بە مۆرە یانی نەمانی بیر و بیر کردنەوە،یانی گوێرایەڵی بۆ هەموو فەرمان و گوتەیەک بێ ئەوەی هەڵسەنگانی لەسەر بکرێ! مرۆڤ کە بوو بە مۆرە ئیتر پێویست بە بیر کردنەوە نامینێ و خەڵکی دیکە لە جیاتی ئەو بیر دەکەنەوە و فەرمان دەدەن و ئەویش بێ سی و دوو بەڕێوەیان دەبا، لەم بارەوە دەبێ ئەو راستیە قەبووڵ بکەین کە ئەگەر لە رابردوو دا کەسانێک توانیبێتیان خەڵکی دیکە چەواشە بکەن و تاوانی ئەم چەواشە کردنەش زیاتر لە سەر شانی ئەو کەسانە بووبێ کە دەستییان دەفریو دان و بە لارێدا بردنی خەڵک دا هەبووە، ئێستا بە بوونی دنیای هەراو و ئازادی ڕاگەیاندن بەرپرسایەتی مەسەلەکان تەنیا لە ئەستۆی فریودەران دا نیە بەڵکو فریو خواردوانیش بە ئەندازەی فریو دەران لە مەسەلەکان بەرپرسیارن، ناکرێ مرۆڤ رووداوەکان هەڵنەسەنگێنێ و تەنیا وەدووی دروشم و شوعار کەوێ و پاشانیش خۆی لە کێشەکان بدزیتەوە و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەر بچێ، دیارە ئەم بۆچوونە هەموو لایەک بێ لەبەر چاوگرتنی روانگەی بیرکردنەوە و چۆنیەتی بیرکردنەوەکەی دەگرێتەوە.
1- قاسملوو لە ریبازی دا زیندووە. کۆکردنەوە و نوسینی قادر وریا
تێ بینی ئه‌و بابه‌ته‌ ل15/2/2006 بلاو کراوه‌ته‌وه