Friday 7 September 2018


ئایا حیزبی دێمۆکڕات داگیر کراوە؟
سەرەتای بەهاری ساڵی ١٣٨٠سەعات ٥ی بەیانی بێ ئەوەی کەس هەست بە هەستانم بکا و بێ ئەوەی ماڵاوایی لە ماڵ و منداڵ بکەم بە ئەسپایی دەرگای دەرەوەم کردەوە و بە نیگەرانیەکی زۆر بەرەو شوێنی دیاری کراوی خۆم ویاد بەخێر کاک ناسری ڕەحمانی وەڕی کەوتم. لە پشت مزگەوتی حاجی ساڵەی شاتری خوار گەڕەکی باغی سیسە یەکمان گرتەوە و بە پەلە و بەتاکسی خۆمان گەیاندە ترمینال و ئیتر لەوێوە بەرە حاجی ئۆمەران بۆ ئاواکردنی سنووری دەسکردی نێوان باشوور و رۆژهەڵات وەڕێ کەوتین.
لەسەر سنوور لە نەکاو دەگیر کەوتین و سێ چواری کەس کە کراس سپیان بەسەر شەلواردا بەرببوەو و ریش داربوون لەماشێنێک دابەزین و هەموو ئەوانەی چاوەڕێی پەڕینەوە بوون خرانە چواردیوارێکی دارین کە دەت کوت بۆ دانگەی مەڕ دروست کراوە. من دەس بەجێ نیگەران بووم، ئەوان گەڕانەوە بۆ ناو ئەو ئەو ژوورە بچووکەی هی نیگابان و ئێشکچیەکان بوو. هەر دەس بەجێ و بە دوای ئەواندا بە بیانووی سیغار کڕین وەدەر کەوتم و سەری خۆم بەردایەوە تا گەیشتمە لای ماشێنێک (لەندرەوێرێک) و ئیتر چووینە گوندێکی خوارتر و من بە بێ ئەوەی ناسر ئاگای لە حاڵم بێ بەو دؤڵ و چیایە دا دەگەڵ کوڕێکی گەنج کە ڕەرگەڵیان خستبووم ئاوەدیوی سنوور بووم بەڵام هەر وا هاسان نا و ئەمە خۆی داستانێکی دیکەی هەیە کە وابزانم پێشتر باسم کردووە. ئیتر دوای نێوەڕۆ و درەنگانێک لە چاوەڕوانی ناسر دا ئەویش پەیدا بوو و کە منی دیت دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو. یادی ناسری ڕەحمانی پێشمەرگە و سەربازە ونەکەی دێمۆکڕات بەخێر.
پاش یەک دوو ڕۆژ خۆم لە ئازادی و لە ماڵە کاک سمایلی بازیار دیتەوە، بۆ ماوەیەک ئیتر ببوومە سەربار بەسەریانەوە و وابزانم کاک سمایل دڵی نەدەهات بمنێڕێتە شوێنێکی دیکە یان پێی وابوو کە ئیمکانی گەڕانەوەم بۆ ناوخۆ هەیە، سەرئەنجام پاش مشت ومڕێکی زۆرو پاش ئەوەی ئیتر ڕێگای گەڕانەوەم نەمابوو رازی بوو بمێنمەوە. یەکەم جار دایان نابوو بچمە ڕۆژنامەی کوردستان و لەگەڵ ئەوان کار بکەم کە بەو بڕیاڕە خۆشحاڵ بووم. مانەوەم لە ماڵی کاک سمایل لەوماوەیەدا بە تایبەتی کە نەدەهاتمەدرێ و خواردن و لێنان و ساز کردن باری سەرباری خوشکە خەیاڵ هاوسەری کاک سمایل بوو منی زیاتر عەزاب دەداو جارێکی دیکەش کوتوومە زۆری قەرز دارم.
یەکەم قۆناغم فێرگە بوو کە بۆ ماوەیەک لە وێ بمێنمەوە لای کاک "مەهدی بەدری" کە کادری فێرگە بوو میوان بم تا جێگاوشوێنم بۆحاوانەوە بۆ دەبیننەوە. ئیتر ئەو ماووەیەی کە لە فێرگە بووم و هەر لەسەرەتا و یەکەم ڕۆژەکانی پەیوەست بوونم بە حیزب هەستم کرد بەداخەوە ئەو حیزبە کە من بۆی هاتووم هەو نیە، واتە حیزبی دێمۆکڕات نیە ، تەشکیلاتێک بوونی نەبوو، بەڵکوو دوو تەشکیلات بوون تازە ئەگەر بکرێ ناوی تەشکیلاتیان لێ بنرێ! لەجیاتی هاوڕێ وهاوسەنگەر و برا وپشت وپەنای یەک بن یەکێان دەهاڕی وەک ئەسپۆنی ورد! ئەوەی بەیەکتریان دەکوت من لە هیچ مەیدان و کووچە و شەقامی شار دا لە شەڕی منداڵاندا نەمبیستبوو.
زانیم ئیتر حیزب بۆتە ئامرازێک و بەدەست چەند کەسێکەوە و بۆ مەیل و ئامرازی شەخسی کەڵکی لێوەردەگیرێ و هەستم کرد کە حیزبێک کە مڵکی خەڵکی کوردستانە ئەمانەتێکە بە کەسانێک دەسپێردرێ بە دەست دوو دەستەوە دەستاو دەستی پێدەکرێ ولە ڕاستیدا داگیرکراوە و دەستی بەسەر داسگیراوە! دەستم سڕ بوون و چۆکم نووشتایەوە تازەش چ چارم نەبوو.... جا لەو ساوە تا ئێرە ئیدی هەمووتان دەزانن کە ئەو حیزبە چی بەسەر هاتووە و ئێستا چ پێگەیەکی هەیە لەچاو جاران.
چەندین ساڵە دەمهەوێ کە ئەوەی سەبارەت بەو حیزبانە و بە سەرکردایەتیەکەیان خۆم هەستی پێدەکەم و بۆی دەچم وەک خۆی باسی بکەم بەڵام لەبەردڵی دۆست وهاوڕێ وهەڤاڵی زۆر خۆشەویست کە هێشتاش لە ڕیزی ئەو حیزبانە دان هەر دڵم نەهاتووە و دانم بە جەرگی خۆم داگرتوووە. وەنەبێ ئەو قسەیەم لە دژایەتی حیزبەوە بێ نا، دڵنیابن، هەموو لایەک خاترجەم بن حیزبم لە هەمووتان خۆشتر دەوێ ئاخر هەموو تەمەنی لاوەتی و پیاوەتیم لەو حیزبە دا بردە سەر، ئاخر ئەگەر هیچ شانازێکەم هەبووبی شانازیم ئەوەیە کە لە ڕیزی ئەو حیزبەدا پێشمەرگەی کوردستان و ئەندام و تیکۆشەرێکی ئەو حیزبە بووم، دەی خۆ گێژداغ نەکراوم تفی بەرەوبا هەڵاوێم؟
جا ئێستا دەزانم خەڵکێک دووبارە بەو نووسینە هەڵدەبەزنەوە و دەڵێن فڵانە کەس دیسان بێوەفایی بەرامبەر بە حیزب نواند! بەلام وەک چەندین جاری دیکەش کوتوومە ئەوەی حیزبی وێران کرد ئێمە و ڕەخنەگرانی ئەو حیزبە نەبووین، ئەوە چەپڵە بوو ماڵی حیزبی کاول کرد، چەپڵە لێدان حیزبی لە قوڕنا.

ئێستا و دوای لەت بوونیش دەبینم هەمان وەزع لەهەردوو بەش دا زاڵە، حیزبێک کە لەسەر یەک بەندی ئەساسنامەی خۆی نەڕوات وکولتور و فەرهەنگی دەوڵەمەندی حاوانەوە و وێکهەڵکردنی گوڕێبێتەوە بە پاکتاوکردن و خۆمە و خۆمە و حیزب حیزبێنە ئیتر کوا ئەمە دێمۆکراتەکەی جارانە کە بۆ یەکتری دەمردین؟ یەکێکمان لە جنووب لێ شەهید بووبا لە شیمالی کوردستان پێشمەرگە هەناوی گڕی دەگرت؟ ئێستا خودا خوداتانە پێشمەرگەی لایەنەکەی دیکە بە ساخی لە جەولەیەکی ناوخۆ نەگەڕێتەوە! تا بڵێین ئەها نەمان کوت ئێمە ڕاست دەکەین؟ ئێمەچاکتری لێدەزانین؟ ئێمە خەڵکیترین؟ ئێمە ...
تاکپەرەستی و خۆخۆیی و خۆخۆری هەرگیز کولتوری زاڵی حیزبی دێمۆکرات نەبووە بەڵام ئەوڕۆ هەیە، ئەوانەی دنەشی دەدەن و ئەوانەش کە هانی تەنانەت دووبەرەکی فیکری دەدەن لە هەرە خۆ پێڕۆشنبیرەکانی حیزبن! سەرکردەکان با لەو لای دابنێین کە هەر هەموویان ئیتر دیارە چۆنیان ئەو حیزبە کردووە بە سوپەر مارکێت بۆ بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان بەکاری دێنن.
ئێستا دوای هەزاران جار داوای خەڵک و دڵسۆزانی حیزب، داوای پێشمەرگەو کادرە تێکۆشەرەکان هیچ ئاسۆیەک دیار نیە بۆ ئەوەی ناخی قڕێژ گرتووی هەندێ سەرکردەی حیزب مشت و ماڵ بدرێ و پاک بێتەوە و ئەهون و ئارام بێتەوە و میهرەبانی رووی تێبکا! ئیتر لێرە قسەی دڵم دەکەم، لەناخی دڵمەوە و و بێ ئەوەی هیچ ڕقێکم لە کەس بێ و بێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندیەکم لە دژایەتی یان خوێنی خۆ تاڵکردن دا هەبێ لە یەک ڕستەدا دەڵێم "حیزبی دێمۆکڕات داگیر کراوە". حیزب بە دەست کەسانێکی نامەسئوول و بێ پرەنسیپ و نانیشتمانی داگیرکراوە و لە ڕەوت و ڕەواڵی سروشتی خۆی چۆتە دەرێ و بۆتە ئامرازی کێشە و ناکۆکی ئەم وئەو سەرکردە و بەرپرس و مەسئوول.
ئەگەر ئەندام و لایەنگرانی دێمۆکرات هەرچی زووتر لەجیاتی حیزب حیزبێن بیرێک لەخۆیان و لە حیزبی دێمۆکرات نەکەنەوە ئەو قسەیەم بۆ مێژوو هەڵگرن هەمووتان بە هەموو باڵ و لق وپۆ هێز و تەشکیلاتەوە چارەنووسی حیزبەکەی بولەند ئیجەویدی تورکیەتان بەسەر دێ. دەست لە چەپلە لێدان هەڵگرن، حیزبێک خۆی داگیرکرابێ ناتوانێ خاکی داگیرکراو لە داگیرکەر وەرگرێتەوە، لە پێشدا حیزب لە دەست داگیرکەر ڕزگار بکەن. بەزەییتان بە حیزبی پێشەوا قازی دابێتەوە، بەزەییتان بە هیوا و هومێدی دایکی شەهیدان دا بێتەوە، بەزەییتان بە خۆزگەی نیوە زیندووی گەلی ڕۆژهەڵات دا بێتەوە و ئەو حیزبە بگەڕێننەوە سەر رەوتی ئاسایی خۆی.
حیزبی دێمۆکرات مڵکی خەلکی کوردستانە، حیزبی ذیمۆکڕات بە هەموانەوە جوانە.