Wednesday 22 December 2021

حەیدەر قوربانی کوردستانی بوو

 حەیدەر قوربانی کوردستانی بوو

هێشتا لە خەمی لە دەست دانی قارەمانی ئەو گەلە خۆراگر و نەبەزە نەبووینەوە هەست دەکرێ لە هەندێ لاوە خەریکی پاوان کردنی ئەو قارەمانەن بۆ خۆیان تا نەهێڵن خەڵک بە هی خۆیان و بە هی کوردستانی بزانێ ، لە حاڵێکدا ئەو خۆی بە کوردستانی دەزانی واتە خۆی بە هەموو لایەک زانیوە، بە هەردووک دێمۆکڕات وبە کۆمەڵە و بە بێلایەنشەوە.
ئەگەر گوێ لە قسەکانی حەیدەر قوربانی بگری ئەو پێش ئیعدام کردنی بە ورەیەکی بەورائاسا، بە قارەمانەتێکی کەم وێنەی مەرگ بەزێن بەرەوڕووی خەونی داگیرکەران دەبێتەوە و دەڵی:
"قەسەم بە خوا ئیرادەم پۆڵایینە و یەک مسقاڵە زەڕە ترسم نیە، هەزار گیانم هەبێ ئەیکەم بە قوربانی ئەو کوردستانە، ئەو میلەتە باشەڕەفە، خۆ خوێنی من لە خوێنی سێ برای یەک بنەماڵە ڕەنگینتر نیە کە لە شەڕی دژی داعش گیانیان بەخت کرد."
ئەو قسانە قسەیەکی هاکەزایی نین، فەلسەفە وبیرکردنەوەی لە پشتە، لەباوەڕ و ئیمانێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە درێژایی تەمەن کۆکراوەتەوە، ئەو لە زیندان دا ئاگای لە گیانبازی هاوخوێن و هاورەگەز و هاونیشتمانییەکەی خۆیەتی کە لەو دیوی سنووری دەسکردەوە بۆ خاتری پاراستنی خاک و نیشتمان گیان فیدا دەکەن.
حەیدەر قوربانی نەیکووت من گیانم فیدای خەڵکی کامیاران دەکەم، ئاخر ئەو ناوچەگەرا نەبوو، نەشی کوت فیدای ڕۆژهەڵاتی دەکەم چون ئەو کوردستانی بەیەک خاک و یەک نیشتمان زانیوە بۆیە دەڵێ هەزار گیانم هەبێ بە قوربانی کوردستانی دەکەم.
ئەگەر لە شەهیدی قارەمان و ڕێبەری بوێر و نەترسی کوردایەتی حەیدەر قوربانی گەڕێین و ئاوڕێک لە حاشیەو کەلێن و قوژبنی مەراسمی بە خاک سپاردنی حەیدەر قوربانی بدەینەوە ئەوە هەمان پەیام و ڕاسپاردە دەبینین.
محەمەد میرزا ڕەحمانی کەسایەتی ئایینی - نیشتمانپەروەر و یەکێک لە گوتاربێژانی مەراسمی سەرەخۆشی شەهید حەیدەر قوربانی قسە دەکا ، ئەو جگە لەوەی کە بیهەوێ بیسەلمێنێ کە ئێمە تەنیا بە هۆیە کە کوردین دەچەوسێنەوە ودەمان کوژن چی دیکە ناڵێ. زۆر بە زمانێکی ساکاریش ئەوەی سەلماند، باسی هیچ کەلێن و قوژبنێکی دیکەی نەکرد، شا بەیتی قسەکانی ئەوانە بوون، "ئێمە تەنیا چون کوردین ئەمان کوژن دەی تاوانمان چیە خوا گیان تۆ ئێمەت وەک کورد خەلق کردووە! دەنا ئێمە ئاومان هەست هەوامان هەست ..... (بە قوڵپی گریانەوە ) ئاڵامان هەس ...." دڵنیاش بن باسی ئەو خاک ونیشتمانە دەکا کە هی هەموو کوردە، باسی ئەو ئاڵا سێ رەنگە دەکات کە زۆربەی هەرەزۆری کورد بە موقەدەسترین شتی دەزانێ جگە لە چەند کەسیکی بیرتەسک کە دەیانهەوێ بە ئالا کورد لێک جودا کەنەوە!
ئەوانە پەیامێکی حەقیقین، شتێک نیە کە کەس داوای لێ کردبن وابڵێین، ئەوە ناخی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ڕۆژهەڵاتە، کە وایە لە پەیامی حەیدەری قارەمانی نەتەوەییمان ولە پەیامی خەڵک و کەسایەتیەکانمان ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە حیزبایەتی جگە لە ناو خەڵکێکی لە قالبدراو لە ڕووی فکر و مێژووە رەنگی نەماوە و خەڵک ئیدی کوردایەتی دەکا. سەرنج ڕاکیش ئەوەیە ئەو پەیامە لە ناوەندی کوردایتیەوە نەدراوەتە دەرێ کە لە باری مێژووییەوە موکریان بەو ناوەندە ناسراوە بەڵکوو ئەوە پەیامێکی یەکجار گرینگە کە ئیتر کوردستان و کوردایەتی تەنیا لە موکریان دا خۆلاسە نابێتەوە و بەلووپۆی هاویشتووە بۆ سەرتاسەری کوردستان، هەر بۆیە ئەگەر مەهاباد پێشەوای لێ هەڵکەوتووە کامیاران حەیدەر قوربانی لێ هەڵدەکەوێ. هەردووک کەسایەتی ئایینی وهەردووک لە پێناو خاک و نەتەوە و نیشتمان ئازایانە گیانیان بەخشی. ئەوەتا لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ئەو نیشتمانە هاوخەمی بۆ لەدەست دانی ڕۆلەیەکی بەئەمەگ و بوێر و قارەمانی کورد حەیدەر قوربانی وەک دەریا شەپۆلان دەدا، بەو هۆکارەشە کە رێژیم و بەداخەوە هەندێ کورد و حیزبیش خوڵا خوڵایانە ئەو مانگرتنەی قەرارە بکرێ سەرنەگەرێ! بۆ دەبێ وابێ؟ ئەوە چ حیکەمتێکی تێدایە؟ شتەکە ڕوونە ئەوان لە داڕمانی داڕشتی قەوارەی حیزب و بزاوی حیزبی لە ئاست بیری کوردایەتی دا نیگەرانن. لە حاڵێکدا لەجیات ئەو نیگەرانییە دەبوو ئەو هەلە زێڕێنە بقوازنەوە و بە پیر ئەو هەستەوە پاک وبێگەردەوە بچن و هەموو توانایان بخستایە گەڕ بۆ سەرخستنی مانگرتنی گشتی. کەچی لە دیواری فەیس بووکی ئەندامەکەنیشیان دا جگە لە یەک جار یادکردنەوەی حەیدەری قوربانی ئیدی چی دیکە نابینی و بەلای دا نەچوونەوە.
ئەو بابەتەم بۆ ئەوە نیە کە حاشا لە ئەندام بوونی حەیدەر قوربانی بکەم بۆ لایەنێک بەڵکوو ئەوە گەورەیی ئەو ئینسانە دەگەیەنێ کە ڕوانینی لە حیزبایەتی بەرزتر بووە و کورستانی ڕوانیوێتی خۆ لە ناو هەموو حیزبەکان دا بە کۆمەڵە دێمۆکڕاتیشەوە ئێستا خەڵکی وا گەلێک زۆرن. کە وایە مەبەستی من بیرکردنەو و ڕوانگەی خەڵکە بەگشتی و هی شەهیدی نەمر حەیدەر قوربانی بەتایبەتی.
ڕەوتی کوردایەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان شەپۆلان دەدا، ئەو رەوتە و ئەو ڕوانینە بەرهەمی ٣-٤ دەیە خەبات و قوربانی دانی کۆمەڵە و دێمۆکڕات و خەبات و پاک و ... هتدە، بەڵام خەڵک گۆڕانی بەسەر داهتاتووە و هەنگاوەکانی بەرەو پێش هاویشتوون و حیزبەکان لە بیرکردنەوەی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر جار جارە بە هەڵە ئەگەر لا دەدەن دوایە دیسان دێنەوە سەر هەمان رەوت وڕەو، ئەوان بەداخەوە بچووکترین گۆڕانیان بەسەر دانەهاتووە لەوەش خەفەتبارتر ئەوەیە کە حیزبێکی گەرەو گرانی وەک دێمۆکرات وکۆمەڵەیان پارچە پارچە کردووە و پاش ٤٠ ساڵ بێ ئەوەی بچووکترین هەستی نیشتمانی ونەتەوەیی بە واقع بیانجووڵێنێ لە جەغزی بەرتەسکی حیزبایەتی دا گیریان خواردووە و وادیارە محاڵە لێی دەربچن.
یاد وناوی قارەمانی گەل حەیدەر قوربانی لە دڵ دا زیندوو.

Friday 12 November 2021

نەوشێروان مستەفا

 نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان مستەفا هەرگیز بەو ئامانجە نەگەیشت کە لەسەرەتای دروست بوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە هەوڵی بۆ دەدا، ئەویش سڕێنەوەی پارتی و بارزانی بوو لە ساحەی کوردستان. ئەگەر بە وردی بەمێژووی یەکێتی دا بچییەوە دەبینی ئەوەی پەرەی بەشەڕی براکوژی دا و ئەوەی ئیدەی شەڕی براکوژی بە هەق و ڕەوا زانی ئەوە نەوشیروان مستەفا بوو.
شەڕی براکوژی و سڕینەوەی ئەم وئەو نەک هەر پارتی ستراتیژی وتاکتیکی روون ودیاری نەوشیروان مستەفا بوو، خۆ ئەوەی ئەو دەگەڵ ئیسلامیەکان، دەگەڵ سۆسیالیستەکان، دەگەڵ پاسۆک و سەرئەنجام دەگەڵ شیوعیەکان کردی هەمووی خەراپتر بوون لەوەی دەگەڵ پارتی کردی.
نەوشیروان مستەفا کە لە شاری ڕۆشنبیری بە باوکی هەژاران ناودێر کراوە بە سەتان کوڕە هەژاری پێشمەرگەی لە حیزبە کووردستانیەکان خەڵتانی خووێن کرد. ئەو باوک و فەیلەسووف و داهێنەری ئەو رق و نەفرەتەیە کە ئیستا سەرتاپای باشووری کوردستانی داگرتووە، دیارە بەتەنێ هەرگیز ئەوەی بۆ نەدەکرا ئەگەر بەختیار عەلی و فاروق رەفیق و مەریوانی وریا قانع و بەختیار سەعید و ....سایت وماڵپەڕی وەک ئاوێنە وKNN و .... هاوکاری نەبووبان.
نەوشیروان مستەفا بەتایبەتی دوای جوێ بوونەوە لە یەکێتی و بوون بەدەسەڵاتی ڕەها لە ناو گۆڕان دا ئەو نەفرەت بەشینەوە و ژیاندنەوەی فەلسەفەی توندوتیژی و یەک بە جاش ویەک بە باش و هەولێڕچێتی و سڵێمانچێتی و بە گشتی بە دوژمنکردنی کۆمەڵگای کوردەواری دەگەڵ خۆی، دەگەڵ یەکتری تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو. ئەو تا ما و تا کۆتایی تەمەن ئەگەرچی لەو دواییانە دا کە زانی ئەوەی لەهەموو ژیانی داهەوڵی بۆدا بۆی ناچێتەسەر بە ئاشکرا نەیدەکرد بەڵام بە خشکە هەر پەرەی پێدەدا، ئەو بۆ دوای خۆشی خەڵکی پەروەردە کرد و کەسانی وەک هوش یار عەبدوڵای دەگیانی خەڵک بەردا. بیجگە لەو و چەند کەسێکی دیکە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ نەفرەت بەشینەوە لاهوور جەنگی بورهان بوو کە وادیارە ئەستێرەی بەختی بەرەو کوژانەوەیە.
ئەوەیە کە زۆر جار تووش دێی کەسێکی خۆێندەواری پلە باڵاش بە ئاشکرا دژایەتی حکوومەتی کوردی دەکات، جنێو بە ئاڵا و بە خاک و بە نیشتمان دەدا، نیشتمانی لە لا لە پێڵاوەکانی سووکترە، ئەوانە بە ئاشکرا بە بەژن وباڵای حکوومەتی بەغدا و تاران هەڵدەڵێن، پێیان لە حکوومەتی کوردی چاکترە لە حاڵێکدا حکوومەتی هەرێم بە هەموو پێوەر و پێوانەکان سەت قات لەو حکوومەتانە چاکترە و دێمۆکڕاسی وئازادیش لەو هەرێمە تا سنووری بەرەڵایی هەیە.
ئەو دەستەیە هێندەیان ڕق و کینە لە ناخی دا کۆبۆتەوە کە جێگای هیچ خۆشەویستییەک نابێتەوە، خۆشەویستی بۆ نیشتمان ڕا بگرە تا بۆ هاوڕی وهەڤاڵ و خزم وکەسی خۆشیان، لەوە خاترجەم بن کە ئەوان خۆشەویستیان بە گشتی لێ بزر بووە، دەگەڵی ئاشنا نین، ئەوان و ەها ئەو نەفرەتە چووە دەخوینیانەوە ئەگەر هیچ کەس نەما ڕقیان لێی بێتەوە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە، نەفرەتیان لە ژن و منداڵەکانی خۆیان دەبێتەوە. ئەو بێڕەحمییەی ئێستا لە کوردستان لە برەو دایە ، برا برای خۆی دەکوژێ، باب کوڕی خۆی دەکوژێ، کوڕ بابی خۆی دەکوژێ، بەشێکی زاڵبووونی ئەو سایکۆلۆژیەیە کە نەوشیروان مستەفا داهێنەری بوو.
ئەوەی ئەوڕۆ لە باشووری کوردستان دەیبینن ڕێک بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵەی نەوشیروان مستەفا و ئەو گرووپە بە ناو فەیلەسووف و مامۆستای زانکۆ و خوێندەوارەیە کە شاری رؤشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی و شاری کوردو کوردایەتیان وا لێکردووە کە ئەوە دەیبینن ئێستا لە چەندین قۆڵەوە هەر یەکەو وڕقی لە ئەویترە، ڕقیان لەیەکترە. ڕقیان خۆشیانە!








Like
Comment
Share

Thursday 2 September 2021

 مینەو فاتێ

ئەو بابەتە لە فەیس بووک و لە ٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە

ئەو وێنەیەم لەسەر دیواری کاک مەنسووری ئەمیری دیت و یەکسەر فلاش بەگێک و گەڕانەوە بۆ زیاتر لە ٥٠ ساال لەمەوبەر، ئەو کاتەی مێرمنداڵێکی بزۆز و قۆشمە بووم، سەرنجم بۆ لای هەمووشتێک دەچوو کە نامۆ با بوم و زوومی زەینم لەسەر رادەگرت و لە مێشکم دا تۆمارم دەکرد. ئەوکاتیش حەزم لە راوە ماسی بوو، دەگەڵ یەک دوو دۆست سیم و قولاپمان هەڵدەگرت و پیشکێکمان دەست دەدایەو دەچووین لە قەراغ چۆمە جوانەکەی مەهاباد و لە بن دار و کۆلکەدارەکان، مڵە و تەمبەڵە و کرممان کۆ دەکردەوە و دە قوتتویەکی تەنەکەمان دەکرد و بەرەو نزیک بیمارستانی "سیل" وەڕی دەکەوتین( قسە لە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەرە ئەگەر لەناوی بیمارستانەکە هەڵە بم بۆم ساخ کەنەوە) کە بەڕێگا دا دەڕۆیشتن و بەر لەوەی بگەینە سەرچۆمی لە بن ئەو دار و درەختانەی سەر ڕیگاکە کەپرۆکەیەکی شڕ و بێ ئەنوامان دەدیت کە دوو عاشق، دوو ئینسانی بێ پەنای سەیر بە دەست چەرمەسەریەکانی ڕۆژگارەوە پێوە بووی لەبن دا دەژیان.

مینە گەزۆ و فاتێ، مینە گەزۆ و فاتێ ئەو دوو ژن ومیردە بوون کە خەڵک پێیان دەکوتن شێتن، ئایا شێت بوون یان نا، من نازانم چون ئەوکاتی کە ئەوانم دەدیت ڕەنگە من هەر ١٣ - ١٤ ساڵان دەبووم، لەو بارەوە تەنیا شتێک کە سەرنجی منی رادەکێشا وەفا و پارێزگاری ئەەو پیاوە بوو لەو ژنە، ژنێکی چلکنی شرەپۆشی دەموچاو تێکچرژاو، خوای نەکردبا یەکێک گەپی بە فاتێ دابا، مینە وەهای لێدەرهەڵدەبوو جنێوی وای پێدەدا گەیشتباوە حەوت پشتی و خڕکەی وای ڕێدەهاڵاند وەهەرکەس کەوتبا نانی زیندوانی نەدەخوارد.
فاتێ هەمیشە گۆپاڵیکی بەدەستەوە بوو کە هەم گۆچانی دەستی بوو هەمیش کە منداڵ یان گەورە گەمژەکان گەپیان پێدەدا و پێی پێدەکەنین هەڵی دەزووراند بۆ ئەوەی خەڵکەکە وازی لێ بێنن، من چەندین جار ئەو دیمەنەم دیوە چون زۆر بە کووچەی سەربەرداشی دا دەهات و سوالی دەکرد، ناڵیم بابی خۆم بوو بەڵام هەرگیز نەمدیت ئەو گەپیان پێبدات، هەمیشەش کە دەگەیشتنە لای بابم چون یارمەتی دەدان، پەنیر و شیرێژ وڕۆن و شت و مەکی دەدانێ و قەتیش گەپی پێنەدەدان زۆرم بەلاوە سەیر بوو کە ئەو مینە گەزۆیەی کە من زەندەقم لێی چووبوو پێدەکەنی و بە بابمی دەکوت بە قوربانت بم، نۆکەری تۆم و خودا خێرت بنووسێ و...... لەو قسانە، هەر لەوێ دەترازا دووکانداری ئەو بەرەو بەر ( نەک هەموویان) زۆریان فشەیان پێدەکرد و گەنج و لاویش کە ئیتر باسیان ناکرێ ئیتر مینە دەبۆوە بە شێتە بەناوبانگەکە و خەلکی بەولاو لادا راوودەنا. زۆر جاران لە کابرای نزیک دەبۆوە و بەهەموو دەمای خۆی لێێ ڕادەسا بەڵام کە کابرا دەیکوت مینە نەکەی من هەو نیم، لە حاڵێکدا زور چاک دەیزانی ئەوەی فشەی پێکردووە هەر ئەو کەسەیە بەڵام خاو دەبۆوە و بەلایەکی دیکە دا دەڕۆیی.
مینە، فاتێی خۆش دەویست عاشقتی ئەو بوو، تەنانەت لە کاتی سوالکردنیش دا قاپە فافۆنەکەی رادەگرت و دەیکوت تێی هاوێ بۆ فاتێیە. مینەو فاتێ کوڕێکیان هەبوو ناوی ڕەحمان بوو، باوەڕتان بێ هیچی نەبوو، بەڵام چون کوری مینە وفاتێ بوو خەڵک ئەویشیان شێت کردبوو. ڕەحمان کورێکی گەنجی چوارشانەی گورج و گۆڵ دیار بوو، زۆر جاران فاتێ کە لە لایەن خەلکەوە فشاری بۆدەهات هاواری دەکرد ، مینە . ڕەحمان ئەوە لە کوێن؟!.... کە کەس بە هاورای نەدەگەیشت سەری دەبەرە خۆی دەنا و دەگریا، دەستە چرچ و لۆچەکانی کە قەتماخەی چڵکیان بەسەرەوە دیار بوو بە چاوانی دا دێنا و فرمیسکەکانی دەسڕییەوە.
ئەوڕۆ بەدیتنی ئەووێنەیە ڕاست ئەوڕۆژانەم وەبیر هاتنەوەو بیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا بڵێێ ئێستاش مینەو فاتێ ورەحمان لە وڵاتی ئێمەداهەبن، ئایا ئێستاش خەلکی لەجیاتی یارمەتی ماددی وڕووحی و ڕەوانی هەر ئازاریان دەدەن یان دنیاکە گۆراوە و ئینسانیەت هەر لەسەر لاپەڕە و دێرەکان نین و رەگی بۆ ناخی کۆمەڵگاش دا شۆڕکردۆتەوە ولەو بارەوە گۆڕانی جیددی بە خۆیەوە دیوە. بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆلەو سێیە کامیان ماون و کامیان نا، کێهایان لە پێش ئەوی دیکەدا مردووە و ئاخۆ دەبێ ئەوانی دوای ئەو چ شتینێکیان بۆ کردبێ و کەژاوەی مەرگی بە کاروانی چەندەها مرۆڤ بەرەو گۆڕستانی ئەبەدی بەڕێکرابێ؟


Sunday 8 August 2021

دوا سەرنج لەسەر ترۆری مووسا باباخانی و پێشنیارێک

 دوا سەرنج لەسەر ترۆری مووسا باباخانی و پێشنیارێک

یەکەم
ترۆر خۆی لە خۆیدا دزێوترین کردەوەی مرۆڤەکانە لە هەر کوێ ولە لایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بکرێ، بەڵام هی وایە ترۆر بۆتە بەرنامە و ئیدە وباوەڕەکانی و ناتوانێ وازی لێ بێنێ. نموونەی هەرە زیندوو ڕێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران.
ترۆری ئەو جارە دەبێ زۆر بە وردی هەڵوێستەی لەسەر بکرێ، ئەو ترۆرە زۆر بە دانستە بەرنامەی بۆداڕێژراوە، بەرنامەیەک وئامانجێک کە ناکرێ حکوومەتی هەرێم لێی ئاگادار نەبێ. ڕاستە لە ترۆری مووسا باباخانی دا ئەوەی تا ئێرە دیارە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکا، کەمتەرخەمی خودی هاوڕێیانی حیزبی دیمۆکڕاتە، واتە بێ موبالاتی ئەو حیزبە هۆکاری سەرەکییە بۆ بە هاسانی دەداو کەوتنی کادر و ئەندامانی ئەو حیزبە. بەڵام لێرەدا سەرنجێکی تایبەتی هەیە کە لای زۆران پرسیارە.
حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی حکوومەت دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن بۆ هەولێر وەک پێتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ترۆرە هەڵبژێردراوە. ئایا ئەو ترۆرە ئەویش ڕاست هاوکات دەگەڵ سەفەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و گەڕانەوەی شتێکی لەخۆڕا و بێ بەرنامە بووە؟ ئایا ئێوە دەزانن هەر دوای ترۆرەکە دەس بەجێ هەندێ خەڵک ڕێک دەداوی ئەو پیلانە شوومە کەوتن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نووسیان ئەوە دیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئێران!! خۆ دیارە بەشێک لەو کەسانە هەر لە کەمین دان تا شتێکی ئاوا ڕوو بدا و ئەوان بیقوازنەوە ورێک هاوتەریب دەگەڵ ئامانجەکانی ڕێژیم مێشکی خەڵک تێک بدەن و لاوان و گەنجانی نیشتمانپەروەر بەلاڕێ دا بەرن، دووبەرەکی بخەنە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور کە هیچ گومان نییە ئەو دووبەشە چارەنووسیان وەها لێک گرێدراوە بە کەس جیا ناکرێتەوە!
با هەموو لایەک لەوە دڵنیا بن بە ترۆری مووسا باباخانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران تا ئێرە دوو ئامانجی پێکا، یەکەم نەیارێکی چالاک و شوێندانەری خۆی لە کۆڵ کردەوە دووهەم نومرەیەکی نیگەتیفی خستە سەر کارنامەی حکوومەتی هەڕیم بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و ئەمنیەتی پێتەختی ئەو حکوومەتە. ئەو ترۆرە ڕاست ئەو پەیامەیە کە تاران هەر کات بیهەوێ دەتوانێ پێتەختی حکوومەتی هەرێم بشڵقێنێ! ئەوجار ئێران بەو کارە یەک کەسی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ترۆر کرد بەڵام سومعەو هەیبەتی حکوومەتی هەرێمیشی تا ئێرە شکاندووە کە میلونەها ئینسانی کورد چاوی ئومیدی تێبڕیوە..
بەو پێیە حکوومەتی هەریمی کوردستان لە گەڵ تاقیکارییەکی زۆر هەستیار و مێژووی بەرەوڕوویە، لە لایەک ئێران گۆڵی خۆی کردووە و سەر مەست لە سەرخستنی پیلانەکەی ئەوا شاگەشکە بووە، لە لایەکی دیکەوە چاوی پڕ لە هومێدی میلونها ئینسانی کورد بە تایبەتی کوردی ڕۆژهەلات کە تا ئەم دەقیقەیەش بە هێزترین پشتیوانی مەعنەوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسگا ئاسایش و ئەمنیەتییەکانی هەرێمە تا بە دیتنەوەی تاوانباران هەم ئەوان لەبەرامبەر داگیرکەری قین لە دڵ و تاریک بیری سەدەکانی ناوەراست ڕووسور بێنە دەر و بینەری ئەوەش بن کە ئەو خەیانەتکارانەی لەپێشدا دەرهەق بە ئیعتیباری هەرێم ئەو ترۆرەیان کردووە و دوایەش کوردێکی دڵسۆزی نیشتمانییان بە ناهەق و بە خەیانەت خەڵتانی خوێن کردووە بدۆزرێنەوە و بێ سێ و دوو بە سزای خەیانەتی خۆیان بگەینرێن، لەبیری نەکەین مووسا باباخانی خەڵکی شاری کرماشانە و ئەو جێگەو پێگەیە هەستیاربوونی ئەو کەیسەی دوو هێندە لێ کردووە. ئیتر ئەوە ئێوە و ئەوە تاقیکاری مێژوویی کە هیوادارم حکوومەتە کوردیەکەمان روو سوور و سەربڵێند لێی بێتە دەر.
دووهەم
ڕووی قسەم لە هاوڕێیان و دۆستانی خۆمانە ، ڕۆژهەڵاتیەکان، لەکەیسی شەهید مووسا باباخانی هەرکەسەو قسەی خۆی کردووە، تووڕەبوون و خەمخۆریەکان بە ئاشکرا باس کراون، لێرە بەو لاوە لێگەڕێن با ئەو کەیسە ڕێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێ، ئیتر لێرە بەو لاوە ئاسایشی حکوومەتی هەرێم، کومیتەی بەدواداچوونی کەیسی مووسا باباخانی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بەرپرسی ئاشکرا کردن و دانی زانیاری زیاترن لەو بارەوە. با لێگەڕێین ئەوان کاری خۆیان بکەن.
رەوانی تازەترین شەهیدی دەستی ترۆر و خەیانەت مووسا باباخانی شاد
نەفرەت لە فاشیزمی مەسەبی ئێران.