Wednesday 23 November 2016

تاڵە ژین



شاهیدیەک بۆ مێژوو ١
تاڵە ژین
من کە چوومە ناو حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ووەک ئەندام و پێشمەرگە دەستم بە کار کرد. گەنجێکی ٢١ ساڵە بووم. بەڵام زیت و وریا و چوست وچالاک، لە گرتنی شارەبانی مەهاباد دا دەستی باڵام هەبوو ئەگەرچی پێش گرتنی شارەبانی لەترسی گیران هەڵاتبوومە سنە و لە ماڵی کاک عەبدوڵای حوسێن پوور دەمامەوە کە کوڕە خاڵ و مامۆستای کوردایەتیم بووە.  تا ئەو شەوەی کە ئیتر بۆ بە هەرا کە شا سبەی بارگەی تێکدەنێ و بە بارەگە تێکنانیشی قوڕێکی خەستتر لە قوڕی دەشتی شاماتی بەسەر سەری میلەت وگەلانی ئێران دادەکا. ئێران لە ئاوری خەڵاسی دەبێ و تووشی لافاو و سێڵاوی بێئامانی دڵڕەشتریبن ئینسانەکان دەبێ.
 کە شارەبانی گیرا دەسبەجێ هێرش  برایە سەر ستادی ژاندارمەری. سەرەتا لە ستادڕا تەقەیان کرد و ئێمەش بێچەک خۆمان وەپەنا گۆشە خەیابانی پەهلەوی ئەوکاتی دابوو، رووبەڕووی بانکی سپە لەو بەری نزیک مەیخانەکە خۆمان بە دیوارییەوە نووساندبوو، تەقە هێندەی نەبرد ئەوجار بڕێک خەستتر بوو، یەکێک بە جلی کوردی لە بن شێرەبەردینەکان درێژ ببوو و تەقەی لە قاتی سەرووی ستاد دەکرد کە لەوێڕا تەقەیان لەخەڵک دەکرد. دوایە بیستمەوە کە کوتیان ئەوە مینەی کاکە سواری بووە تەقەی لە ستاد کردووە کە بەداخەوە دوایە چەکی بۆ ڕێژیم هەڵگرت و بەدەستی پێشمەرگەش کوژرا.
 دوای ئەو تەقەیە خەڵکی وەهای هێرش بردە ناو ستاد کە کەس لەبەر پاڵەپەستۆ دەدەرگا زەلامەکەی ستادەوە نەدەچوو. سەیریش ئەوە بوو کەس نەیزانی ژاندارم وئەفسەر و دەرەجەداری ستاد بە کوێدا هەڵاتوون و بۆ کوێ چوون. نازانم چەندی پێچو بەڵام کەمتر لە سەعاتێک ستاد ئاداری بەسەر پاداریییەوە نەما و هەر بابا بوو بڕنەوێک یان ژ س ییەک بەدەستەوە و لە دەرگای ستاد دەهاتە دەرێ. من لەو هەڵمەتە دا بڕنەوێکی درێژم دەسکەوت. کە دوایی تەسلیمی مزگەوتی هەباس ئاغام کرد کە لەوێ گۆیا چەکیان وەک کومیتەیەک خڕدەکردەوە و ناویان دەنووسی و دوایە دەماندەنەوە کە قەتم چاو پێێ نەکەوتەوە. دوای ئەو هێرش وپەلامارە ئەوجار هێڕشمان بردە سەر هەنگی ژاندارمەری کە نزیک سێ ڕێیانی وەفایی و "کوی فرح" بوو. لەوی تا دیوارکونکردنیش چووینە پێش، وردە وردە تاریک دادهات و وابزانم خەڵک دەستیان بە هێندێک چەکوچۆڵ راگەیشتبوو کە گرمە و قرمەیەکی سەیر پەیدا بوو، لە نەکاو کوتیان تانک لە پادگانێڕا هاتوون و خەڵکیان وەبەر گولـلەداوە، چەند کەسێک کوژراون و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئیتر دەستمان بە کشانەوە کرد و تانک هاتنە سەر سێ ڕێیانی وەفایی و لای شێروخورشیدی قەدیمیش. ئێمە لە ترسی دەسڕێژی گولـلە خۆمان بە مالێکی داکرد کە ئەوەندەی لەبیرم بێ ناوی کابرا رەحمان بوو. کڵاو جەمەدانی لەسەر، هەر کەس هاتبا ژوور لێێ دەپرسی کوڕی کێ، ئەویش دەبوو خۆی ناساندبا، کە گەیشتە من کوتی کوڕی کێێ، کوتم کوڕی حاجی جانگیریم، هەرای کرد سمایل وەرە خزمەکەشت بە چەکەوە پەناهەندە بوو. کە سمایل هات رەحمەتی کاک سمایلی شەڕافەتی. ماڵی کاک ڕەحمان یەکی دیکە نەدەبرد وابزانم نزیک ٣٠ کەسی تێدا بوو. جگە لە من چەند کەسی دیکە چەکیان پێبوو.
درێژەی هەیە.

هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز برایم جەهانگیری نووسه‌ر و چالاکی سیاسی به‌بۆنه‌ی 8ی مارس

هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز برایم جەهانگیری نووسه‌ر و چالاکی سیاسی به‌بۆنه‌ی 8ی مارس

AddThis Social Bookmark Button
braim jehangiri:: پرسیار : تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟
:: برایم جەهانگیری:   سوپاس کاک رەحمان بۆ وروژاندنی ئەو پرسە گرینگەی کۆمەڵگاکەمان. برایم جەهانگیری م و هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتی گەلانی ئێران
دژی رێژیمی پاشایەتی لە ئێران دا واتە ساڵی 1357 هەتاوی رووم کردۆتە کار و باری سیاسیی و بە کردەوە تا ئێستا لەو بارەوە لە جووڵە نەکەوتووم.
:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
:: برایم جەهانگیری: پرسی ژن پرسێکی سیاسیی کۆمەڵایەتییە کە لە زۆر ولات دا تا ئێستاش دەگەڵ کێشە وگرفتی زۆر سەرەکی بەرەوروویە. ئەگەرچی لە هەموو جیهاندا تەنانەت لە وڵاتانی هەرە پێشکەوتووی جیهانیش جار و بارە بێعەدالەتی بەرامبەر بە ژن دەبینرێ و تەنانەت لە سیستەم و یاساش دا هەندێ جیاوازی دانان هەیە لە نێوان پیاو ژن دا بەڵام بە گشتی ئەو کێشەیە، کێشەی سەرەکی وڵاتە ئیسلامییەکانە ، ئەو وڵاتانەی بە پێی کولتووری شەریعەت هەر لەسەرەتاوە هەندێ یاسایان خستۆتە ناو کۆمەڵگاوە کە لەو دا ژن بە تەواوی دەچەوسێتەوە و وەک مرۆڤ حیسابی بۆ ناکرێ. لە شەریعەتی ئیسلامیدا پیاو سالار و سەردارە، مافی هەیە 4 ژن بێنێ، لە ئەگەری مردنی دایک و باب دا ژن بە قەرا نیوەی پێاوێکی لە ماڵی بابی پێدەبڕێ، لە کێشەو گرفتەکانی ناو دادگە دا بە سێیان شاهیدێکن. ژن و پیاوێک بە شێوەیەکی ناشەرعی لەگەڵ یەک تێکەڵاو دەبن، سزای ژنە کە مردنی بە بەردباران کردنە و پیاوەکە بە وەرگرتنی حوکمی چەند قامچییەک و رەنگە چەند مانگ زیندان کێشە و تاوانەکەی لە مل دا دەماڵڕێ.
ئەوانە کە باسمان کرد لەراستیدا بوونەتە بنەمایەک کە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا کە لە باری رەوانییەوە ژن لەو کۆمەڵگایانە دا خۆی هەست بە نوقستانی و کەم و کووڕی بکات لەبەرامبەر پیاواندا. پیاویش بەداخەوە بە هەمان موڕاڵ و ئەخلاقیات رەفتاردەکات و ئەو دەسەڵاتەی لە لایەن ئایین و شەریعەتەوە پێی بەخشراوە بۆتە کولتوور و چووەتە ناو رەگ و دەمارەکانی خوێنی هەردووک لایان. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایە بە گشتی کۆمەڵگایەکی پیاو سالارە و لەو دا بە داخەوە ژن لە بچووکترین ماف بێبەشە.
کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەش بەداخەوە ئەو خاڵە دەیگرێتەوە و ئەگەرچی بە بوونی خەباتی دژی زۆرداری و بوونی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان تا رادەیەک ژنان بە ماف و ئازادیەکانیان ئاشنان و تاک و تەرا و لێرەو لەوێ ژنی زۆر چالاک و بوێر و وشیار لەو بوارە دا هەن بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو چالاکییە نەبۆتە سیستەم و نەچووەتە ناو ژیانی رۆژانەی ژنان و پیاوانەوە. رێکخراوەکانی ژنان لەو بارەوە بەداخەوە کەمتەرخەمن. ئەوان لە جیاتی پرسی خۆیان لە حیزبەکان و سیاسەتی حیزبەکان جیا کەنەوە و وێرای بەشداریان لە کار و چالاکی حیزبی بەڵام پرسی ژن وەک پرسێکی ناحیزبی و گرفتی سەرەکی توێژێکی گەورەی کۆمەڵگا سەیر بکەن زۆر جار هەر لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبدا هەوڵی خۆیان بۆ دەربڕنی داد و هاواری ستەم و بێعەدالەتیەکان چر دەکەنەوە . لە حاڵیکدا ئەو پرسە هی حیزبێک و گروپێکی سیاسیی نییە کێشەی گەورەی کۆمەڵگایە. کەوایە ژن لەو بارەوە دەبێ هەوڵی زیاتر بدات بە تایبنەتی کە گەیشتە کێشەی ژنان لە روانگەی ژنەوە دەرد و مەینەتیەکان بخەنە بەر باس نەک لە روانگەی سیاسەتی حیزبەوە. دیارە بە خۆشییەوە لەم دواییانە دا هەندێ هەوڵی سەربەخۆی ژنان دەبینرێ کە من هیوادارم ئەو هەوڵانە چرتر بکڕێنەوە و بەردەوام بن.
:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟
:: برایم جەهانگیری : چالاکی ژنان لە ناو حیزبە کوردیەکان تا چەند ساڵ لەمەوبەر هەر بەرچاو نەبوو، لە ناو حزبە چەپەکان تا ڕادەیەک چالاکی ژنان بەرچاو و دیار بوو بەڵام لەوێش ئەو چالاکییە بارتەقای وەزن و سەنگی ژنان نەبووە، هەموو حزیبێک و رێکخراوێکی کوردستانی دروشمی ئەوەیە کە ژنان نیوەی کۆمەڵن و مافی ژن و پیاو دەبێ بەرامبەر بێ. بەڵام لە ناو خودی حیزبەکان ئەو مەسەلەیە لەبەر چاو نەگیراوە لە دابەش کردنی دەسەڵات و مودیریەتی گشتی وسەرێ دا ژن بێبەش یان زۆر کەم بەشە. بەهانەش ئەوەیە کە ژنی چالاک و بەتوانای پلەی رێبەری کەمن! لە حاڵێکدا رەنگە پیاوان بەو دەلیلەی کە هەمیشە هەلی فێر بوون و خۆدەرخستنیان لە ژنان زیاتر بووە دەرکەوتەتر و دیارتر بن بەڵام هەر ئێستا لە ڕیزی سەرکردایەتی حیزبەکان دا زۆر بەڕوونی جێگای بەتاڵی ژنان دیار و ئاشکرایە و هەن کەسانێکی بەتوانا لە ڕیزی ژناندا کە دەتوانن لە جیات فڵانە پیاو ئەو پۆستە وەربگرن . ئەو ئیمکانە هەر لە سیاسەت و بەڕیوەبەریدا لە ژنان وەرنەگیراوەتەوە، کەمی رادەی ژنان لە رێزی حیزبەکان وای کردووە کە رێژەی زیاتری ئەندامانی کۆنگرە پیاوان بن وئەوانیش بە دڵنییاییەوە زۆر جاران ئەو کەم و کووڕیەی حیزبەکەی خۆیان نابینن و تەنیا لە بەر یەک هۆکار کە رەنگە هۆکارەکان لای لای تاکەکان جیاواز بن لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگ دەدەن بە پیاوەکە نەک بە ژن.
:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟
:: برایم جەهانگیری : پرسی ژن و هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو بێعەدالەتییەی بەرامبەر بە ژنان لە ئارا دایە تەنیا کار و ئەرکی ژنان نییە، هەموو ئینسانێکی بەرابەری خواز و ئازادیخواز دەبێ لەو ئەرکە گرینگە دا هاوکار و پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای رێکخراوەکانی ژنان بێ، هیچ بەهانەیەک لەم بارەوە لە کەس قەبووڵ ناکرێ کە خۆی لە کێشەکانی ژنان بدزێتەوە. کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەبە خەستی بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنێ، رۆژ نییە ژنان و کچانی نیشتمانەکەمان لە دەست ئەو بێعەداڵەتیەی بەرامەبەریان پەیرەوە دەکرێ ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر نەدەن. کێ لە خوڵقانی ئەو رووداوانە تۆمەتباری سەرەکییە. من ئەو باسە بۆیە وا روون و شەفاف دێنمە گۆڕێ تا کەس خۆی لە راستیەکان نەدزیتەوە. هەر بۆیە ناکرێ دان بەوە دا نەنێن کە ژنان و کچان بۆیە ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردەدەن چون لە لایەن کولتوری پیاوسالار و باوک سالارانە تینیان بۆ دێ و کورد گوتەنی چەقۆ دەگاتە سەر ئێسقانیان و ناچار مەرگیان پێ لە ژین شیرینتر دەبێ و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. بۆیە و لەم پیوەندییە دا تەنانەت من پیاوانییەکسانیخواز لەو خەباتە دا بە پێشەنگ دەزانم و ئەگەر بەڕاستی باوەڕیان بە عەدالەت و دادپەروەری و یەکسانی ژن و پیاو هەیە با ئەو پەڵە شوورەییە لە ناوچاوانی پیاوی کورد بسڕنەوە و هەوڵ بدەن بۆ هەمیشە کۆتایی بەو ستەم و بێعەدالەتییە بێنن کە بەرامبەر بە ژن پەیرەوە دەکرێ. کە باسی کەمتەرخەمی ژنان دەکرێ لەگەڵ ئەوەیدا کە رەنگە ئەمە وەک روویەکی مەسەلەکە راست بێ بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئەوان بە تەنیان، دەنگی پیاوانیان دەگەڵ نیە و ئەگەریش هەیە ئەو دەنگە زۆر کز و لاوازە و یان شتێکی فۆرمی و پۆزێکی رۆشنبیرانەیە.
ژنان بە بروای من دووکاری سەرەکی دەبێ بکەنە پێشەی خەبات و تێکۆشانی خۆیان، یەکەم لەگەڵ ئەوەی دا کە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە چەوساندنەوەی ژنان بە دەستی سیستەم و کولتوری پیاو سالارەوە بە ئنجام دەگات بەڵام لەو خەباتە دا نابێ وا نیشان بدەن کە ژن لەبەرامبەر پیاوان دا رادەوەستن و سەنگەربەندی لەبەرامبەر پیاوان نەکرێتە تاکتیکی سیاسەت و خەباتی ژنان . بە پێچەوانە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی مافخوازانەی خۆیان دەبێ هەڵ بدەن هەرچی دەتوانن پیاوانی یەکسانیخواز وەک پاڵپشتی بەهێزی ئەو رەوت و حەرەکەتە لە دەوری خۆیان کۆکەنەوە. ئەو پرسە وەک کوتم راستە وەک ماف باسی ماف و ئازادیەکانی ژنە بەلام پرسەکە هی ژن و پیاوە و ئەو خەباتە نابێ جیا بکرێتەوە لە خەبات بۆ رزگاری خاک و نێشتمان، نابێ جیا بکرێتەوە لە خەبات بۆ ئازادییە دێمۆکراتیکەکان. کەوایە لێرە دا دیسان پیاو و ژن هاوشانی یەکتر بۆ لاچوونی ئەو ستەمە دەبێ هەوڵ بدەن.
:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟
:: برایم جەهانگیری : من لەسەروو ئاماژەم بەو خاڵە داوە و دووبارە دەڵیم وێڕای ئەوەی کە گرینگی دان بە مەسەلەی ژنان و خستنە ناو بەرنامە و پرۆگرامی حیزبەکان کارێکی دێمۆکراتیک و پێشکەوتووانەیە کە حیزبەکان ئەنجامی دەدەن و تەبلیغی بۆ دەکەن بەڵام ژنان مەسەلەی خۆیان زۆر جاران دەبێ لە چوارچێوەی حیزبەکان بەدەر بزانن و خۆیان وەک ژن باسی کێشەکانیان بکەن و سیاسەت و ئیستراتیژی و تاکتیکی بۆ دا بنێن. بەتایبەتی کاتێ کە رێکخراوێکی کارا و چالاکی ژنان لە سەر ئاستی واقیع بوونی خۆی راگەیاند.
:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟
:: برایم جەهانگیری: پرسی ژن و لاچوونی ستەمە بێئەژمارەکان لە سەر ژنان تەوەرێکی دادپەروەرانە و دیمۆکراتیکە، ناکرێ ئازادیخواز بی و باوەڕت بە یەکسانیی ژن و پیاو نەبێ، ناکرێ شۆڕشگێر بی و دژایەتی ئەو داب و نەریتە کۆن و سەقەتەی کۆمەڵگا نەکەی، ناکرێ نیشتمانپەروەر بی و باسی ئازادی نیشتمان بکەی، بەڵام توێژی هەرە فیداکاری کۆمەڵگا ، دایکان و خوشکانی لە خۆ بردوو لە رەوتی ئەو خەباتە لە بیر بکرێن و بۆ ئازادی و گەیشتن بە مافەکانی ئەوانیش هەوڵ نەدەی. باوەڕ هێنان بە مافی ژن بە کردەوە نەک بە قسە، وەک سەنگی محەکی دێمۆکرات بوون و پێشکەوتوو بوون وایە، عەیارە بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتوو بوون و نەبوون، قسەکانم سەبارەت بەو بابەتە گرینگە بەو شێعرەک مامۆسیتا هێمنی نەمر کۆتایی پێدەێنم کە دەڵێ:
با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی روونیشمان هەبێ
تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە.