Sunday 28 December 2014

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان




نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان


بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعوود بارزانی 



وەک کوردێکی رۆژهەڵاتی و وەک تاکێکی چالاکی سیاسیی هەتا ئێستاش جەنابتان و هەڵسووکەتی جەنابتان و هەڵوێستە نەتەوەییەکانت بۆم جێگای سەرنج بووە و هەیە، نەک بۆم جێگای سەرنج بووە بەڵکوو زۆر جاران سەرەڕای جەوێكی زۆر سەخت و دژواری دژایەتی بارزانی و پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بێگومان رێشەکەی لە ستراتیژی سیاسیی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێ و لەوێوە دەخزێتە ناو سیاسەتی تاک و لایەنی کوردییەوە، هەمیشە و بە ڕاشکاوی پشتیوانی هەڵوێست و کردارەکانی جەنابتان بووم. دیارە نەک من بەڵکوو بە خاترجەمی زۆربەی کوردی رۆژهەڵات لەو بارەوە هەمیشە بەچاوێکی رێز و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی سەیری 
.جەنابتیان کردووە

گومانم نیە بەڕێزتان زۆر چاک ئاگادارن کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران هەمیشە دژایەتی راستەوخۆی جەنابت و پارتەکەت و حکوومەتی هەرێمشی کردووە ، ئەو دژایەتیەش راست بەو هۆکارانەیە کە من باسم کردن و کوتم کە کوردی رۆژهەڵات لایەنگرتانن. ئێران بە ڕوونی لە بەرەی دژی جەنابتان دایە، هەر لە هەڵوێستە نەتەوەیەکانتان ڕا بگرە تا نزیکیتان لە رۆژئاوا و لە سەرووی هەموانەوە ئەمریکا و دژایەتی حکوومەتی بەشار ئەسەدی دڕندە و دیکتاتۆڕهەر هەمووی دژایەتی ڕاستەوخۆی هەیە دەگەڵ ستراتیژی سیاسەتی ئێران لە ناوچە و جیهاندا.

ڕەنگە باش ئاگاداری سیاسەتەکانی ئێران بی لە دەغەڵبازی و درۆزنیدا بەڵام با من یەک دوو نموونەی بچووکتان وەبیر بێنمەوە. ئێران ئەوا چەندین ساڵە لە بەرنامەی وزەی ئەتۆمی دا کێشە و گەنگەشەی دەگەڵ هەموو جیهان دا هەیە، چەندین جار دانیشتنی کردووە و هەڵوەشاوەتەوە و هیچ پێکهاتنێک لە نێوان حکوومەتی ئیسلامی ئێران و ناوەندی وزەی ئەتۆمی و لایەنە پێوەندیدارەکانی رۆژئاوادا نەکراوە، لە ڕاستیدا ئێران بە ئاشکرا ئەو ناوەندانە بە گێل دەزانێ و کات دەکۆژێ و لە بنەوەش هەر خەریکی کاری خۆیەتی! ئێران بە ئاشکرا کڵاو لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەنێ، درۆیان دەگەڵدا دەکات، لە تازەترین دەهۆ و فێڵدا پاش ئەوەی گەمارۆی سەختی خرایە سەر ئەوجار دووبارە دانووستاندن دەستی پێکرد، هەندێ شەرتی سەرەتایی قەبووڵ کرد تا پارە دەست بەسەر داگیراوەکانی وەرگرتەوە. ئێستا دووبارە خەریکە سەوداکە تێکدەچێ و سەرەداوی فریودانی دووبارەی رۆژئاوا خەریکە وەدەر دەکەوێ. ئەوە نموونەیەکە کە ئێران هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە لاڕێدا دەبا جا تۆ بڵێی کوردی باشوور و حكوومەتی هەرێمی کوردستان خۆ لەبەرامبەر پیلانەکانی ئێرانی ئیسلامیدا بگرن ئەوەیش بەو ماڵە شپرزەیەی حکوومەت و حیزبەکان هەیانە؟

ئێران سوور دەزانێ لە ناوچەدا تەنیا یەک لایەنی کوردی زەق و بەرچاو هەیە کە کە دژایەتی پیلانە سیاسیی و ستراتیژیەکانی ئەو دەکات، یان لەگەڵ ستراتیزژی سیاسیی ئەو د اهاوتەریب نییە. ئەویش پارتی وبارزانییە، ئەو دەزانێ بەو هۆکارەی کە من باسم کرد کوردی رۆژهەڵات لە پارتی و لە بارزانی نزیکترە، سیاستەکانی ئێوە لە بەرژەوەندی کوردی رۆژهەڵات دابوون، لەگەڵی هاوتەریب بوون. هەر بۆیە رۆژهەڵات و باشوور لە زۆر پرسدا یەکدەنگن، لێت ناشارمەوە و من و زۆر کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی هەر لەسەر ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بەجەنابت و حکوومەتی هەرێم هەمانە زۆر جاران کەوتووینە بەر تانەو تەشەر، بەڵام نە من ونە کەس لەو دەستەیەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی جەنابت بەرز دەنرخێنن قەتمان گوێ بەو قسە و تانە و تەشەرانە نەداوە و دیسانیش تا لە سەر هەڵوێستەکانت سوور بی بە دڵنیاییەوە زۆربەی کوردی رۆژهەڵات پشتیوانتن.

بەڵام ئەوەی منی هێنایە سەر نووسینی ئەم نامەیە ئەوەیە کە بەڕێزتان یان بە ڕاستی ئاگاتان لەو هەڵوێستەی کوردی رۆژهەڵات نیە و یان دەبێ بۆتان گرینگ نەبێ کە بە هەڵسوکەتی نەگونجاوی دوور لە نەریتی کوردانەتان زەبر لە پێگەی خۆشەویستی خۆتان لە ڕۆژهەڵات بدەن، ئەگینا چۆن دەبێ ئاگاداری پیلانی ئێران نەبی کە چۆن خەریکە بن کۆڵی ئەو دیوارە متمانەیە دەکا کە لە نێوان ئێوە و کوردی رۆژهەڵاتدا هەیە؟ ئێران ئاگاداری ئەو پێگەیە هەیە و بە پیلانی زۆر مەترسیدار و بێ ئابڕووانە خەریکە زەبری قەرەبوو نەکراوت لێدەدا. داخی گرانم ئەوەی لە یەک دوورۆژی ڕابردوو دا دیتم هەرگیز لە هەڵوێستی بەڕێزتان و لە باوەڕی جەنابتان چاوەڕوان نەدەکرا! ئایا ئاگات لێ نییە قاسملووی کوردان چەندە خۆشەویستە لە ڕۆژهەڵات و بگرە لە باشووریش؟ ئایا ئاگات لەوە نییە کە ئەوەی جەنابت دەستت خستۆتە دەستییەوە قاتڵی دوکتور قاسملوویە؟! سەحراروودی ئەو ترۆریستە دڵرەق و ترسەنۆک و خوێڕی وسەخیفەیە کە دوکتور قسملووی پێشمەرگەی لە سەر مێزی وتووێژ دا زۆر نامەردانە ترۆر کرد و جەنابیشت ئەوە باش دەزانی! چۆن دڵت بڕوای دا دڵی میلۆنان کوردی رۆژهەڵات بریندار بکەیەوە و دەستی جوامێرانەت بخەیە ناودەستی گڵاو و خوێناوی قاتڵی دوکتور قاسملوو؟!

بەڕێز مەسعوود بارزانی من نازانم دەبێ چ بکەی؟ دەبێ داوای لێبوردن بکەی؟ دەبێ روون کردنەوە بدەی؟ دەبێ بەیاننامە دەر بکەی وبڵێی جارێکی دیکە سەحراروودی بۆی نییە پێ بخاتە خاکی باشووری کوردستان! نازانم دەبێ چ بکەی بەڵام سوور دەزانم دڵی برینداری میلۆنان کوردی رۆژهەڵاتت وەها کولاندەوە کە لە گوتن نایە. تکایە سەیری ئەو وێنەیە بکە و بزانە کێ بۆی بڵاو کردوویەوە ، هەر ئێران و ماڵپەڕەکانی ئێران بەو مەبەستەی من ئاماژەم پێکردووە بۆیان بڵاو کردوویەوە! مەبەست لە هێنانی بکوژی قاسملوو بۆ لای جەنابت تەنیا پێک هێنانی ئەو وەزعەیە کە لایەنگرە هەرە توند و تۆڵەکانیشت لە بەرامبەر رەخنەی کوردی رۆژهەڵاتدا متەقیان لێبڕاوە. ئاخر هەقمانە و ئەوەی ئێوە کردتان لە ئێوە نەدەوەشایەوە! تکایە.... دیسان تکایە ئەو متمانە و ئەو دیواری خۆشەویستی و رێزلێنانە وێران مەکە! کوردی رۆژهەڵات مەنتیقین، دەزانن باشوور پێویستی بە پێوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی دەگەڵ دراوسێکانی هەیە و کەس نکۆڵی لەوە نیە، بەڵام نابێ لە پەنا پێوەندی دیپلۆماسی رێگا خۆش بکرێ قاتڵی سەرکردەیەکی کورد وەک کەسایەتی دیپلۆماتیک فەرشی سووری لەبن پێ رابخرێ! بەڕێز بارزانی ئەو وێنەیە و پەیامی ئەو وێنەیە لە مێشکی کوردی رۆژهەڵاتدا بسڕەوە، مێژوو حوکمی یەکجار خەراپت لەسەر دەردەکا... من دۆستی تۆم، رێزم بۆت هەیە و هەمیشە پشتیوانی هەڵوێستەکانت بووم، بەڵام بە دیتنی ئەو وێنەیە راستت بوێ شەرمەزار بووم شەرمەزار....!

تێبینی: تکام وایە ئەوەی دۆستی بارزانی یە ئەو نامەیە بگەیەنێتە بارزانی، ئەگەر پەرۆشی خۆشەویستی و کەسێتی مەسعود بارزانی لەو نامەیە ئاگاداری کەوە.