Monday 15 February 2016

کۆنگرەی ١٦ حدک و بەرپرسیارەتی مێژوویی





کۆنگرەی ١٦ حدک و بەرپرسیارەتی مێژوویی

هەلوومەرجی ناوچە و ئاڵووگۆڕ و کێشە و ناکۆکیەکانی دەوڵەتانی دەوروبەر، شەڕ وکاوڵکاری و بێهێزی دوژمنان و داگیرکەران وبە هێز بوونی کورد و هەڵکەوتنی دەرفەتی لەبار بۆ کورد، بوونی دوو دەسەڵاتی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و هەژاندنی شەقامی باکووری کوردستان و پارلەمانی تورکیا لە لایەن کوردی باکوورەوە و زەقبوونەوەی بیری سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ناوچەکەمان بەرەو گۆرانکاری گەورەو تەنانەت چاوەڕواننەکراو هەنگاو دەنێ. هەر بۆیە خویندنەوەی دروست وخۆتەیارو ئامادەکردن وبۆ شوێندانەر بوون و بەپیرەوەچوونی پێشهاتەکان ئایندەیەکی پڕ لە ئومێدمان دەخاتە پێش ولەهەمانکاتیشدا هەر چەشنە سستییەک وخوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ روادو وپیشهاتەکان، لەگێژاوی ڕووداووە نەخوازراوەکاندا بێسەروشوێنمان دەکات.
کۆنگرەی ١٦ حدک چەند ڕۆژێکە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێناوە، هەر بە تەواو بوونی کۆنگرە بە ئاشکرا هەندێ کەس کەوتوونە پڕتەو بۆڵە و تانە و تەشەر کە ئەوکۆنگرەیە ئەگەر هیچی نەگۆڕی بۆچی ئەوخەڵکەی لە هەرچوار قوژبنی دنیارا هێنایە کوردستان ! ئەوکۆنگرەیە دێمۆکرای نەقز کردووە و مافی ئەم وئەوی نەپاراستووە و ...
دیارە مررۆڤ لەهەق نەگوزەرێ ڕەخنەگری زۆر باسیش هەبوون کە بەنیازی رەخنەگرتن و چاکسازی نقورچیان لە سکرتێر و ئەندامانی رێبەری و کۆنگرە گرتووە و وشیاریان کردوونەتەوە کە پێتان وانەبێ خەڵک ناتان بینن وهەرچی پێتان خۆش بێ دەتوانن ئەنجامی بدەن. من لێرە نامهەوێ باسە دووبارە بکەمەوە و باسی کەمووکوڕیەکان بکەم کە رەخنەی جیدییان لەسەر و هەر وەک نموونە هەڵبژێرانی لە گۆترەی ئەندامانی رێبەری وەک بیدعەتێک دەزانم و لەراستیدا پێموایە کە دەکرێ وەک پێشێلکردنی ئەساسنامەش سەیری بکرێ. بەڵام ئایا کۆنگرە هەر ئەوکارە ناپەسەندانەی کردووە ئیتر هیچی دیکەی تازەی پێنەبووە و هیچ خاڵێکی وەرچەرخان و گۆڕان بەرەو پێشی لێ بدەدی ناکرێ.
ئالێرەدایە کە ئینساف و داد لە نوسینی کەم کەس دادەبینرێ، خۆ ڕەخنە و هەاڵسەنگاندنی بابەتێکی وەک کۆنگرە هەر تەوس وپلار تێگرتن نییە بەبۆنەی هەڵەیەکی کۆنگرەو ورێبەری ئەو حیزبە. خۆ ئەوە ناچێتە خانەی شرۆڤە و لێکدانەوە مەگەر هەر لە لای کورد و لای ڕەخنەگری کورد ئەو حیسابەی بۆ بکرێ. کۆنگرە جگە لە بڕیار وپەسەند کردنی هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە دەگەڵ هاوڕێیانی حدکا کە بڕیارێکی یەکجار دڵخۆشکەرە و لە هەست بەمەسئولیەت لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێ سێ خالێ دیکەی پەسەند کرد کە لانی کەم دوانیان تازەن و گرینگن.
١-ئازادی بیرورا لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا تا پێکهێنانی فراکسیون.
٢-چالاککردنەوەی هێزی پێشمەرگە و کەڵکوەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات
٣-گەلی کورد مافی خۆیەتی کە داوای رێفراندۆم بکات و شێوەی ژیانی خۆی دەستنیشان بکات.

ئەو سێ خاڵە بەلای منەوە و بۆ ئەوەی شۆرشێ رۆژهەلات وەجووڵە کەوێ و بۆ ئەوەی بیرێکی تازە و خوێنێکی تازەبڕژیتە ناو دەمارەکانی نەوەی نوێ یەک لە یەکێ ئەرینیتر و بەجێترن. بۆ کەس باس لە چالاکردن و وەگەڕخستنی ئەو سێ خاڵە ناکات، بۆ ڕەخنەگران نالێن حدک ئیدەیەکی تازەی هێناوەتە ئاراوە وبا پشتی بگرین وێرای بوونی رەخنەکان و لەجێی خودا بوونی رەخنەی رەخنەگران.

لێرەوە ئەرکی سەرشانی هەر ئەندامێکی حدک قورستر دەبێ، شانەخاڵی کردن لەژێرباری بەرپرسایەتی و دەرچوون لە بازنەی حیزبی هەڵاتنە لەتەوژمی خەباتێکی نوێ کە دەکرێ هەرچی زووتر وەگەڕ بخرێ. ئەندامانی رێبەرایەتی و لەسەرووی هەمووان کاک خالیدی عەزیزی بەرپرسە بەرامبەر بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیاراتە، ئەندامانی رێبەری قەرزاداری دەنگدەرانی خۆیانن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو سێ خاڵە. ئەندامانی کۆنگرە قەرزداری ئەو کەسانەن کە وەک نوێنەر ئەوانیان ناردۆتەوە کۆنگرە. ئەندام ولایەنگری حدک دەبێ جێبەجێکردنی ئەو سێ خاڵە و خاڵی یەکگرتنەوەش دەگەڵ برایانی حدکا بکەنە بەرنامەی هەنووکەیی ولەئێستارا کاری بۆ بکەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان بمان هەوێ و نەمان هەوێ تەنیا بەقرمەی پێشمەرگە و بە یەکگرتوویی هێزەسیاسیەکان زیندوو دەبێتەوە و رووحێکی تازەی بەبەر دا دەکرێ. لە باسی رێفراندۆمدا ، ئەو پرسە پێویستییەکی بەڕچاوە و دەبێ حدک بە بەرنامە و سیستەماتیک بۆئەو باسە بچێ. خەڵک ولاوانی کوردستان هەر لە ئێستاوە بەبیری سەربەستی پەروەردە بکات وسەرەتای ئەم باوەڕە دەبێ هەرچی زووتر لە کوردکاناڵ دەنگ ورەنگی حدک بە گوێێ هەموو خەڵکی کوردستان بگات ئەگەرنا ئەو باسە لە چوارچێوەی تەبلیغات تێناپەڕی و حدک لەو بارە دەبێ باجی ئەو دروشمە بدات.

ئەندامان ولایەنگرانی حدک لەجیاتی خۆیان بە پرسە لاوەکیەکان خەریک کەن دەبێ قۆڵی لێهەڵکەن و ئەو چەند خاڵە زەقە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. دیارە لە سەر یەکگرتنەوە و مکانیسمەکانی ئەو یەکگرتنەویە قسە زۆرە بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ لایەک نابێ کیسە بۆ ئەوە هەڵدروون کە لایەک دەڕۆخێ وناچار دەچتەوە باوەشی ئەویدیکە! ئەو باوەرە و ئەو شێوە بیرکردنەوەیە دەبێ بۆ هەمیشە لای هەم ئەندام و بەدەنە و هەم سەرکردایەتی هەردووک لا لەگۆڕبنرێ.