Thursday 25 January 2018

پێشمەرگەو ئەو...


پێشمەرگەو ئەو...
بە ئەسپایی لە نێو جێگاکەی دێتەدەر و لەسەر تەختەکە دادەنیشێ و یەک دوو باوێشک ددەدا و ئەنجا هەڵدەستێتە سەر پێ و دەچێ ئاوێک بە دەم و چاوی دادەکا....
پاش خواردنی نانی بەیانی بە شێنەیی وەکوو تارمایی بەرەو کۆمپیوتێرەکەی دەکشێ. لە خەیاڵی خۆیدا دۆنکیشوەتێکە بۆخۆی!
دەنوسێ: ئەرێ كێ هەواڵێ تازەی پێێە لە ڕاکردنی پیشمەرگە... ههههه. ئەرێ خانەقین نەگیراوە هێشتا؟ کاکە پێشمەرگە شەڕ ناکا نا نا، ئەو هەر لە تەرێ خواردوویە و لە ویشکی نووستووە.
لەو لا: پێشمەرگە لە گەرمای تاقەتپڕۆکێندا لێوەکانی ویشک بوون ، چەکی دەستی گەرم داهاتووە، فەرماندەکەی هەرا دەکات، کاکە ئەتۆ ئەو سێ کەسەتان خەریکی نانخواردن بن. پشوویەک بدەن.
پێشمەرگە جانتاکەی لە پەنا خۆی دەکاتەوە. قوتوە کونسێروەکەی دەر دێنێ و دەبە ئاوەکەشی لە پەنا دادەنێ. هەڵی دەپچڕێ نانەکە دەخاتە سەر ڕانی ، بەر لەیەکەم پاروو، دەست دەبا بۆ گیرفانی و وێنەی تاقە کچۆڵەکەی دەردێنێ و سەیرێکی دەکات.. . چاوی لێڵ دەبن.. لە نەکاو دەگیرفانی دەنێتەوە و دەڵێ... بم بوورە ڕۆڵە نیشتمان واجبترە!
یەکەم پارووی دەزاری دەنێ قومێکی ئاو پێدادەکا ، لەنەکاو خۆمپارەیەک لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەتەقێتەوە، تەپوتۆز ئەو ناوە پڕ دەکات، لەو لاوە ناڵەناڵی بریندارێک دەگاتە گوێ، فەرماندە بانگ دەکا یارمەتیدەن! بیبەنە دواوە! با تیمی پزشکی برینەکەی بۆ وەپێچن! شەڕ بەگەرمی بەردەوامە. دوژمنی خیلە سەر کۆک و پۆشتەو تەیارە بەچەک وپێشمەرگەش پڕە لە بیر و باوەڕ.
ئەو دووبارە دەنووسێ، ههههه سەربەخۆییان بۆ وەردەگرتم؟! بابە ئەتۆ کوا دەوڵەتت بۆ ئیدارە دەکرێ؟ کوا کاتی ئەو قسانەیە بۆ تەبلیغاتی حیزبی؟ هەرچوار دەورمان دوژمنە، دەبێ بە کاوەخۆ بین، لە خۆڕا ئەوان نەهارووژێنێن. سیاسەت عیلمە عیلم!!! ئاخ پشتم.... با بچم قاوەیەک تێکەم و تاوێک لەسەر ئەو مۆبڵە پاڵدەمەوە. بەراستی ماندووم. کوردایەتی خۆ لێت ناگەڕێ بحەسێیەوە؟!
پێشمەرگە بە پەلە نانەکەی دەخوا و دەگەرێتەوە ناوسەنگەری بەرگری لەخاک و لە نیشتمان، ئەو تازە ناوچەدابڕاوەکانی وەدەست کەوتۆتەوە، دەست دەکا بە تەقە و لە نیوان دەسڕێژی یەکەم دا وەبیری دێتەوە ... ئای کە سەربەخۆیی و ویستی سەربەخۆیی چەندە بە زاری داگیرکەران تاڵە.... ئای چۆن لێمان کەوتوونە گەلە کۆمەکێ.... بەڵام خەیاڵیان خاوە، کورد تازە لە ویستی خۆی پاشگەز نابێتەوە. دوژمن تازە ناتوانێ زەفەر بە پێشمەرگە بەرێ و بستێک لە خاکی نیشتمان داگیر بکا، پێشمەرگە لە سەنگەردایە.
ئەو... لەسەر مۆبلەکە بە ئارامی پاڵی داوەتەوە و کۆنتڕۆڵی تەلەویزیۆنەکەی بەدەستەوەیە و هەر دەقیقە و جێگایەک و کاناڵێک سەیر دەکات... لەپڕ بە مێشکی دادێت... ئەو ئامرێکا سەگبابە چ بوو لەو دەمەی دا پەیدا بوو، بە شەڕەف یەک هەفتە درەنگ هاتبا هەولێریش دەگیرا..... دەک بەنەعلەت بێ ئەدی بۆ مالکی داوای لێکردی بە هانایەوە نەچووی....
لەو لا قرمەەی تفەنگی دەستی پێشمەرگە خەیاڵ و خەونی دوژمنی پووچەڵ کردۆتەوە ، دنیا لە سەر کورد ودەندەگ هاتووە... پێشمەرگە تەنیا نیە... کورد تەنیا نییە.دیسان کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بۆ داکۆکی لەکورد وەدەنگ هات... پێشمەرگە چاوەڕێی فەرمانە تا لە هێرشێکی لە نەکاوڕا ئوخژنێک بخاتە دەروونی ئاوارەکانی شنگال و ئومێدێک بخاتە دەروونی دنیای دژی ترۆر .... ئەو سوپاکەی مالکی نییە بە شەو ڕۆژێک سێ پارێزگا لەدەست بدا. پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە و پێشمەرگە پێشمەرگەیە.
لە دوورتر قاسمێک هەیە، لووتی داژەنیەوە و نیگەران لەوەی کە پیلانەکەی سەری نەگرت و شکستێکی دیکەی تووش بووە، بۆیە دیسان گەڵالەی پیلانێکی دیکەی لە زەین دا ئامادەکردووە...