Saturday 21 October 2017

بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، بۆ یەکێتیە کوردستان فرۆشەکان


بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، بۆ یەکێتیە کوردستان فرۆشەکان

٦١ ساڵم تەمەنە و لە هەموو ژیانمدا بە قەدەر ئەو چەندڕۆژە خەمبار نەبووم. من لە دوورەوە و لەهەندەران، لەو ڕۆژەوە کە کەرکووکتان فرۆشت تا بە ئەمڕۆ هەموو ڕۆژێ سێ جارم شین گێڕاوە. شین گێڕانم بۆ ئەوە نەبوو کە کورد کەرکووکی لەدەست دا، بۆ ئەوە نەبوو کە خەونی سەتان ساڵەی باب و باپیرانمان لە گۆڕ نرا، شێنگێرانم بۆ ئەوە خەیانەتە بوو کە ئێوە لە کورد و کوردستانتان کرد. دەنا لە شەڕدا شکستیش هەیە و سەرکەوتنیش.
بە گۆڕی هەموو شەهیدانی کوردستان ئێوە شەهیدانتان لە گۆڕێشدا شەرمەزار کرد، بە گۆڕی پێشەوا، قاسملوو، بارزانی، مام جەلال ئیوە سەری ئەوانیشتان لە گۆڕدا شۆڕ کرد، خۆ وەنەبێ نەیزانن دڵنیام هەرچی کردووتانە بۆتان پینە ناکڕێ، خۆ دەزانم تازە ریسوای هەموو مێژوو بوون ، خۆ دەزانم هەرخەریکن بە تەماع وەبەرنان، بە دڵدانەوە، بە فریودان، بە درۆو کڵاولەسەرنان دەتانهەوێ قورسایی باری خەیانەتتان دەگەڵ خەڵکی دیکە بەش بکەن ولەو رێگایەش دا خەڵکی نەفەس نزم کەم نین، هاوبەشتان دەبن، ئەی ئەوە نییە سەعدی ئەحمەد پیرە چۆن پاساو بۆخەیانەتتان دێنێتەوە؟ ئەوەی کەدەبوو مامۆستای کوردایەتی با بۆ نەوەی داهاتوو! خەریکە خەیانەت دەکا بە کولتوری باو نیشتمانفرۆشی دەکا بە تاکتیکی سیاسیی! دەی کوا لەناو بەشێک لە کورد دا شەڕافەت وکەڕامەت ماوە؟
بەڵام لەبەرامبەر دا هێشتا شێرەکەی کەرکووک ئومێدە، گەنجەکانی کورد ئومێدن، پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی شەڕەفمەند وبەویژدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئومێدن، ئەو جار بە گۆڕی ئەو شەهیدانە واتان بۆناچێتە سەرێ. خەڵکی ناو ێەکێتی دەبێ خۆیان لە ئێوە کوردستان فرۆشان بەری بکەن، حاشا بکەن کە لە ئێوە نین، ئەوان دەبێ خۆیان لەو خەیانەت و لەو حەیاچوونە بە دوور بگرن، ئاخر بەرنامەی سبەینێی ئیوە ئەگەر بۆتان بکرێ ئەمەیە کە بە هاوکاری حەشدی شەعبی سەراسەری کوردستان لە شەڕی براکوژی دا نوقم بکەن و حەیاچوونێکی دیکە تووشی کورد بکەن.
ئێوە ئەی نیشتمانفرۆشان چەند ڕۆژە هەر چوارپارچەی کوردستانتان تازیە بار کردووە، من ئاگام لەڕۆژهەلاتە خەڵک بە کۆمەڵ دێنە بەردەرگای ماڵەکانیان و وێکڕا شین دەگێڕن، ئاگاتان لێیە چ شانازیەکتان بۆ گەلەکەتان تۆمار کردووە؟ ئەی فرمێسکی ئەو گەنج ولاوانەی کوردتان نەدیت کە لەسەنگەرەکان کێشابووتانە دواوە چلۆن ئاوری دەهەناوی دایک و خوشکی پێشمەرگەوشەهیدانی کورد بەردەدا؟ ئێوە گەورەترین، هونەرتان، هەدیەتان، تازیەبارکردن و دڵشکاندن و ڕووخاندنی کورد بوو! تەماشا چ شانازیەکی گەورەتان خوڵقاند بۆ بنەماڵەی تالەبانی و بۆ یەکێتی و بۆ کورد؟! دەبزانن عەڕەب و فارس و تورک چۆن سەیری کورد دەکەن، بزانن کوردتان له هەموو کوردستان و جیهان چۆن شەرمەزارو سەرشۆڕ کردووە‌! ئاخر کەس هێندەی ئێوە خەیانەتی لە نەتەوە نیشتمانی خۆی نەکردووە.
بەڵێ جارێ ئێوە هێشتا بەخۆتان نەزانیوە، ئێوە ئەو کەسانە بوون کە دەتانگوت 31 ئاب پارتی خەیانەتی کرد؟ جا 31ی ئاب لە کوێ و 16 ئۆکتوبری ڕەش لەکوێ؟ پارتی لە ٣١ ئاب دوژمنی کوردانی هێنایە سەر دوژمنەکەی خۆی، هێنایە سەر حیزبێک کە شەڕی دەگەڵ بوو، لەیەکتریان دەکوشت، بەڵام دیسان مێژووی خۆی رەش کرد، دەی تۆ داگیرکەرت لە دوای بڕیاڕی ڕیفراندۆم و دەنگی بەڵێ ٩٢/٧ لەسەدی خەڵکی کوردستان هێنایە سەر برا و هاوپەیمان و هاوحیزبی و هاوسەنگەری خۆت؟ لەگەرمەی شيڕێ نیشتمانیدا خەیانەت کرد. ئایا لە هیچ داستان و ئەفسانە و لە مێژووی هیچ گەل ونەتەوەیەکی دیکە نموونەی لەو چەشنەتان پێشک دێ؟ ئەوە بوو "شۆڕشی نوێی ئەمجارە" کە بەڵێنیتان بە گەنج و لاوەکان دەدا؟!
بەڵێ جارێ ئێوە هێشتا بە خەیانەتی خۆتان نەزانیوە. ئێوە هێشتا بە خۆتان نەزانیوە وهیشتا شیعەو دۆستەخوێنشیڕینەکەتان قاسم سولەیمانیتان نەناسیوە، ئەگەر بەرۆژی ڕووناک دوای جێبەجێ بوونی کارەکانیان بە بوووکیان نەبردن هەرچی ئێوە کردووتانە هەقتانە، هەقتانە نیشتمان و خاک و قودسی کوردستانی مام جەلال واتە کەرکووکتان بە رەزیلترین وبێویژدانترین ودڕندەترین بوونەوەری سەرزەوی واتە سپای پاسدارانی ئێرانی و حەشدی شەعبی فرۆشت. ئیتر لەمڕۆڕا ئەی یەکێتیە نیشتمانفرۆشەکان، ئەی حەشدی تاڵەبانی، ئەوەی کەس بێ و ئەوی کورد بێ و ئەوی مرۆڤ بێ نابێ حیسابی کوردبوونتان لەسەر بکا، هاشا ئێوە لە نەوە ونەتیجەکانی خومەینی و خامنەیی و قاسمی سولەیمانین وئێوە کوڕانی مالیکی ونەوەکانی عەبادی و قەیس خەزعەلین ، حاشا حاشا ئێوە کورد نین. کورد هەترگیز خەیانەتی وا لە هاوڕەگەز و لە هاوزمان و لە نیشتمانی داگیرکراو ناکات.
وێنەکە : هێرۆ تاڵەبانی یان هێرۆ برایم ئەحمەد

Friday 23 June 2017

سیامەک عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیا و کەڵ ژیا


سیامەکی عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیاو کەڵ ژیا
ئەگەر بڵێم من سیامەکی عەلیارم لە نزیکەوە و زۆر باش دەناسی ڕەنگە وانەبێ، بەڵام لە ماوەی ٤ -٥ جار دیتن ودانیشتن لێرەو لەوێ ئەوەندەی من ناسیم دووخەسلەتی بەرزی مرۆڤانەی هەبوو کە ناکرێ وەبەر چاو نەگیرێن. ناکرێ باسیان نەکەی، با بۆ هەموو لایەک ئەوانەی لانی کەم دەربەستی هەردووک دنیان ببێ بە پەند.
سیامەک عەلیار ساڵانێکی دوورو درێژ بوو دەگەڵ شێرپەنجەی سی و واتە سیپەلاک بەرەوڕوو بوو، لەمدوایە دا دابوویە مێشکی و دوو جار جەراحی تۆمۆری مێشکیان بۆ کرد. ئاخرین جەراحی تۆمۆری مێشک زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بوو.
یەکەم خەسلەتی سیامەک ئازایەتی وچاونەترسی ئەو مرۆڤە بوو. تەماشای لاپەڕەی فەیسبووکەکەی بکەن تەنیا دوو هەفتە بەر لەمەرگی بە کام وێنە و بە کام پۆستەر بەرەوڕووی ژیانێک دەبێتەوە لە دوکتورەکانی ناهومێدیەکەیان بەرامبەری پێ ڕاگەیاندبوو. ئەو جوانترین وێنەکان و دیمەنەکان دەخاتە سەر لاپەڕەکەی خۆی. سیامەک بڕیاری داوە تا دوا هەناسە چێز لە جوانیەکانی ژیان وەرگرێ و بڕێارەکەشی بردە سەر.

من کاتێ زیاتر لە ساڵێک لەمەو بەر بیستم کە دوکتورەکان پێیان کوتووە تا چەند مانگی دیکە زیاتر ناژی ئەو بڕیاری دا بچێتەوە ئێران و خزم وکەسەکان بۆ دوا جار ببینێ و ئەگەر قەرار بێ هەر ئەو چەند مانگە بژی ئەو لە ناو خزم وکەسی خۆیدا بژی و لە زێد و وڵاتی خۆی گیان تەسلیم بکات و بەخاک بسپێردێ. بەڵام سیامەک ئەو کەسە نەبوو تەسلیمی مەرگ ببێ و ئەو چەند مانگێکی کردە دووساڵ . سەری خزمو دۆستانی دا و گەڕایەوە وزیاتر لە ساڵیکێش دوای گەڕانەوەی هەر وا بە ورە و بە باوەڕ بە ژیان هەڵسوکەوتی دەکرد. دواین پۆستی سیامەک لە فەیس بووک ڕاست دوو هەفتە لەمەوبەر بووە کە ١٠٠ کەس لە رەفیقەکانی بەوینەوە لە فەیسبووک وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بڵێ بەڵێ من تەنیا نیم. ئەوە سەت کەس لە نزیکترین و باشترین دۆستەکانم.
ڕەنگە بە قسە هاسان بێ دەگەڵ نەخۆشی شێر پەنجە ژیان و خەبات کردن، بەڵام بە کردار زۆر کەس بەر لەمەرگی شێرپەنجەیی، خۆیان تەسلیم دەبن و لەبەرامبەر ئەو نەخۆشیە کوشندەیە دا بە چۆک دادێن کەچی ئەلحەق سیامەک عەلیار بۆ ساڵانێکی دوررو درێژ شێرپەنجەی بەچۆک دا هێنا.
دووهەم خەسلەتی سیامەک عەلیار ئەو خەسلەتەبوو کە لە ناو کوردان دا بە خەسلەتی پیاوانە و پیاوەتی و مەردانە ناودێر کراوە، با کەس ئەو دەستەواژەیە بە باری رەگەزی دا وەرنەگرێ، نا، سفەت و خەسلەتی پیاوانە لێرەدا بە مانای هیمەت و ئەخلاقی باڵای مرۆڤایەتی دێ. بەڵێ سیامەک عەلیار لەو خەسلەتە دا بەڕاستی کەم کەس دەسکی لە دوو دەکرد. من خۆم پێمەوە دیوە و ئەوەی دەشی ناسێ ئەو خەسلەتە بە بەشێک لە سیما و لە رەفتاری سیامەک دەزانێ و لێکیان هەڵناوێرێ.
رەوانت شاد سیامەک عەلیار ، خزم و کەست سڵامەت بن.

Tuesday 20 June 2017

دەگەڵ تۆمە هاوڕێم دۆستم!

 دەگەڵ تۆمە هاوڕێم، دۆستم!
کە دادەنیشی لێرەو لەوێ بە سەر تەرمی ڕەفیقەکەتدا باز مەدە بۆ گەیشتن بە کەناری خەیاڵاوی گەورەبووندا! کاتێ نیازی سەرکەوتنت هەیە بۆ سەر مینبەر ، بۆ سەر کورسی، بۆسەری سەر... کەسێتی هاوڕێکەت مەکە پەیژە و پێیدا مەچۆ سەر..... چون ئەوت لێدیارنییە! ئەمە بێوێژادنیترین ئەخلاقە، نا ببورە ئەمە هەر بێئەخلاقییەکی تەواوە و ئەخلاق نایگرێتەوە!  ئاخر خۆ تا سەر ئاوات بۆ ناچیتەسەر، کەسایەتی وکەسێتی شتێک نییە بە کوشتنی کەسانی دیکە دەستت کەوێ، بە خستنی کەسانی دیکە دەستت کەوێ، کەسێتی دەبێ بە خۆتەوەی شک بەری، دەبێ زەحمەتی بۆ بکێشی و دەبێ بە درێژایی تەمەن پەیدای بکەی! دەنا ئەمەی تۆ دەیکەی بۆ دووهفتە بۆ دوو مانگ هەر زۆری برد بۆ دووساڵ بۆت دەچێتە سەر دوایە پەتەت ووەسەر ئاو دەکەوێ و هەم لای خەڵک بوودەڵە دەنوێنی و هەمیش ویژدان ئەگەر هەبێ بەرۆکت دەگرێ. بەڵێ کاکی کاکان بۆخۆت هەوڵبدە ببی بەکەس، نەک پێت وابێ کە پشتەسەر  یەکیترت شکاند ئیتر ئەوەندەی ئەو دەشکێ تۆی پێ گەرە دەبێ!

Wednesday 14 June 2017

کاوە قریشی بە کجا چنین شتابان

کاوە قریشی بە کجا چنین شاتابان!
کاک کاوە قوڕەیشی لاوێکی بە ڕەگەز کوردە، گەنجە و بەبۆچوون و بیرکردنەوەی خۆی خاوەن بیرە، بەڵام کام بیر، چۆن بیرکردنەوە؟ نوسەرە بەڵام کام نووسین بۆ کێ و بۆچی و بە کام ئامانج دەنووسێ؟ ئەمانە هەمووی دەکرێ بە نووسینەکانییەوە دیار بێ و خۆشی بەو نووسینانەوە بناسرێتەوە.
 کاوە لەو کوردانەیە کە هیچ ستراتیژی و تاکتیکێکی دیاری بۆ ئێتسا و بۆ دواڕۆژی خۆی وەک تاکێکی کورد نییە، ئەو لە جەغزی سیاسەتە عەجایبەکانی پ ک ک دا گیری خواردووە و بە هاسانیش تازە قوتاری نابێ.
 کاوە قوڕەیشی لە ئێراندا ئیسلاح تەڵەبە، لە تورکیا دژی ئیمپریالیستە، لە سوریا ئاڵقە لە گوێی ئیمپریالیستە، لای فارسەکان کورد و لای کوردەکان فارسە. لە سەر سنوری ڕۆژهەڵات دژی ئێرانە، لە عێراق و لە سوریا سەتا سەت لە خزمەت سیاسەتەکانی ئێراندایە. خولاسە  کاوە قوڕەیشی یەکێکە لە وجەماعەتەی کە بە کردارییەوە سەرت لە کاری خودا سووڕ دەمێنێ بۆ خیلقەتی.
 ئەمشەو یەکێک زەنگی بۆ لێدام وکوتی ئەرێ بۆچ ناڵێێ وادەی سەربەخۆییە و هەندێک کەس کێچیان دەکەوڵی کەتووە! دوا بەدوای ئەمیش برادەرێک لە ئەمریکاوە پێوەندی پێوە کردم و وێنەی دوو پۆستی کاوە قوڕەیشی بۆ ناردم و ئەویش نووسی ئەرێ بۆ بێدەنگی؟!
 ئەرێ خزمینە، هاوڕێ و دۆست و هەڤاڵانم  بۆ بێدەنگ نەبم، تۆ وەرە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا کورد هەبێ و بە ئاشکرا دژایەتی پرۆژەی سەربەخۆیی و هەنگاونان بەرەو ئەو ئومێدە چەندین ساڵەیەی بابو باپیرانمان بێ!؟  ئەوجار ناویشی بنێ سیاسەت؟ ناوی بنێ پرۆژەی سەربەخۆیی بارزانی؟ تۆ وەرە بە رۆژی ڕووناک ویستێکی رەوای نیشتمانی و کوردستانی، ئاوات وئامانجی میلۆن میلۆن ئینسانی کورد، واتە سەربەخۆیی بخرێتە مەزادی سیاسەتەوە و بە بەهانە و لە داخی بارزانی دژایەتی بکرێ؟ ئەوجار ناویشی بنرێ کوردایەتی؟ خۆ ئیتر بۆ هەموو لایەک وەک ڕۆژ ڕوونە کە کە ئەوانە لە بنەڕەتڕا دژی سەربەخۆیین و بارزانی تەنها بەهانەیە خۆ دەنا یەکێک لە شانازیەکانی بارزانی لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەر ئەمەیە کە خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانە و لێبڕاوانە لەو چەند ساڵەی رابردوو دا باسی کردووە.
 دەی ئاخر چۆن مێژوو دەتان بەخشێ، چۆن کورد و بەرەی داهاتوو دەتانبەخشێ. لە دژایەتی سەربەخۆیی  کورد جگە بانگاواز کردن بۆ ژێردەستەیی عەڕەب و تورک وفارس و مل کەچ بوون و سەرشۆڕبوون بۆیان هیچ ئامانجێکی دیکەتان نیە، تۆ بڵێێ خەڵک وبەتایبەتی بەرەی لاوی ئەمڕۆ هێندە گەمژە بێ ئەوە نەزانێ و دەداوی قسەی زل و هاتەران پاتەرانەکانی ئێوە بکەوێ؟ ئەجار خۆ ئێوە دەتوانن دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکەن، وەک زۆربەی فارس وعەڕەب و تورک دژایەتیی دەکەن،  بەڵام تکایە ئەو دەمامکە کوردبوونە لە ڕووتان داماڵن و بە ناوی کوردبوونەوە دژایەتی کورد و خواستەکانی کورد مەکەن. سەربەخۆیی ویستی یەکلایەنەی هیچ حیزبێک و هیچ سەرکردەیەک نییە، ڕەنگە حیزبێک زیاتری هەوڵ بۆدابێ و یەکی دیکە کەمتر بەڵام سەربەخۆیی ویستی خەڵکی کوردستانە و جگە لە داگیرکەران و نۆکەرانی بێخەڵاتوبەراتیان.... کەسی دیکە دژایەتی ناکات. بەڵێ کاکی برا، کاک کاوە قوڕەیشی بۆ کوێ وا بە پەلە! پێت وانیە دوا ڕۆژ لە ئاست ئەو نوسینانەت شەرمەزار و قەرزدار دێیە دەر؟

برایم جەهانگیری کانادا ١٥/٦/٢٠١٧

Tuesday 2 May 2017

لە یادی ناسری قالە کرمانج دا

لە یادی ناسری قالە کرمانج دا                     برایم جەهانگیری


 ناسری قالە کرمانج، یان ناسری رەحمانی یەکێک لەو کوردە دڵسوزانەو ویەکێک لەوکوردە ئازایانە بوو کە دڵنیام نموونەیان لە نێو کۆمەـڵگای کوردەواری دا کەم نین، ئەویان لای من دیار و خەڵکی دیکەش لای کەسانی دیکە دیار.
 ناسری قالە کرمانج یان ناسری ڕەحمانی بە بنەماڵە کوردپەروەر و تێکۆشەر و ماندوویی نەناس بوو. ئەو لە رۆژە سەختەکاندا نوختە ئومێد و تاقە رێگای هاوتووچۆ و پێوندی گرتنی من و هاوڕێیانی حیزبی بوو، ئەو کاتەی تەنیا تەلەیفوون و نامە هەبوون، کاتێ نامەکانم نیشتوو پێچ دەکرد و بە هەزار ترس و نیگەرانیەوە قەرارمان دادەنا و لە یەخەی کاپشێنەکەیم داخنی و لێک دادەبڕاین ئاهێکی خۆشم هەڵدەکێشا و نیگەرانیکەانم دەڕەوین. ئاخر ئەو کاتی من لە ژێر توندترین چاوەدێری ئەمنیەتی دابووم و ئەویش واتە ناسر ئەمەی زۆر چاک دەزانی بەڵام  دیسان  ئامادەی هاوکاری و ڕاپەڕاندنی کاری حیزبی بوو. سەرنج ڕاکێش ئەوە بوو کە قەرارمان بوو نەلێ ئەو نامانە کێ دەیاننێرێ و من " مەریوان ب" چ کەسم. و ئینسافەن هەر واشی کرد و تا دواجار خۆم ئاشکرا نەکرد تەنانەت حیزبیش نەیدەزانی "مەریوان ب" کێیە؟
  داستانی من وناسر زۆر دوروو درێژن، چەند ساڵ بوو نامەکانم دەگەیشتنە دەستی سمایل بازیار بەڵام کاک سمایل نە دەیزانی من نووسەری نامە " مەریوان ب" کێم ونە دەیزانی هێنەری نامەکان کێن.  وەنەبێ ئیعتیماد و متمانە  لە نێوان ئێمە واتە سمایل بازیار و من و کاک ناسر دا نەبووبێ ،  نا، کاری سەختی تەشکیلاتی لە هەلوومەرجی سەختی ئەو کاتیدا ئەمەی دەخواست. هیچ گومان نەبوو ئەگەر من لەسەر ئەو پێوندیانە و ئەو کارانە گیرابام ئیعدام بچووکترین حوکمم دەبوو، بەڵام من گویم نەدایە، لەمن گرینبگتر ناسر بوو، ئەو دەیزانی کارکردن دەگەڵ من کە لە ژێر چاوەدێری دابووم و بە جۆرێک ئیتر وەک گای نێوچاوان سپیمان لێهاتبوو یەکجار مەترسیدارە، بەڵام  ئەو قەبوڵی ئەو کارەی کرد بێ هیچ شک و دوودڵیەک.  زۆر جار لە کاری تەشکیلاتی دا و لە هاوکاری کردندا ئەو هۆی دایەوە. من و ناسر زۆر بەکەمی یەکترمان دەدیت، وەک ئەوەی  بڵێی بە هەڵکەوت، هەرگیز بەڕواڵەت دوو دۆستی نزیک نەبووین، ئەوە کاری ئێمە بوو، دڵ و گیانمان لە کاری حیزبیدا دەگەڵ یەک بوو بەڵام لەدەرەوەی کاری حیزبی کەمتر دەگەڵ یەک بووین، کەمتر هاوڕێی و ڕەفیق بووین. ئەوە بەشێک بوو لە شێوەی کاری ئێمە و ناسری قالە کرمانج ئەم کارەی بەوپەڕی لێزانی و چازانی ڕەچاو دەکرد.

 خۆکاتێ سوور دەمزانی وەشوێن سەرم کەوتوون و کاتی کوردستانیشم بەجێ هێشت و هەر پەنام بۆ ناسر برد و کوتم دەبێ هەرچی زوور کوردستان بەجێ بێڵم دەنا ڕەنگە گرفتی زۆر گەورە بۆ خۆم وبۆ حیزب دروست ببێ. ئیتر وابوو بەیانی رۆژی  ١٠ خاکە لێوەی ١٣٨٠ مەهاباد زێد و نێشتمانم، حەز و ئارەزوو وخۆشەویستیەکانم، خۆزگەکانم، بە جێ هێشت و دەگەڵ کاک ناسر رێگای حاجی ئۆمەرانمان گرتە بەر.
 ئەو بەیانیە ناسر پەیکانێکی (ماشێنێکی سەواری) ئامادەکردبوو و تا ترمینال بە پشت سیلۆ داخۆمان گەیاندە ترمینال. لەوێش سواری ماشێنێک بووین وبەرەو خانێ واتە پیرانشار وەڕێ کەوتین. لە پیرانشار لە دەوروبەری فەرمانداری زۆر ماتڵ بووین تا دوو نامەی رەسمی چونە ئەودیوی بە پارەیەکی دیار وەرگرت بۆ ئەوەی کەس رێگامان پێنەگرێ. کە هاتینە حاجی ئۆمەران خەڵکیان کردبووە دوو بەش. تازە گەیشتبووینە جێ کە یەکێکی ریش پانی کراس سپی لە کەپرەکە هاتە دەر وە کوتی ئەوەی لە مەهاباد ڕاهوتووە بێتە ناو ئەو چارداغە. بە ناچار بێ سێ ودوو ڕوومان لە چارداغەکە کرد. کابرا ڕۆیی وهەر بێ سێ و دوو من هاتمە دەر و بۆلای کابرایەک چووم کە لەوێ سیگاری دەفرۆشت. تا ئاوڕم دایەوە دەرگای کەپرەکەیان داخست، خۆم شلوێ نەکردو داگەڕامە خوارێ ماشێنی لەندۆوێر ڕیزیان بەستبوو،چوومە پێشەوە وسواری یەکیان بووم و لە کابرای شۆفیرم پرسی بۆ ڕاوەستاوە؟ کوتی لەسەر مسافر! کوتم کاکە بڕۆ من پارەی هەموویانت دەدەمێ. کوتێ زۆر باشە. لە نێوەی رێگا کوتم من بارم لەو دیو ماوەتەوە ودەبێ هەرچی زووتر بگەمە ئەو دیوی دەنا پارەکەم دەخورێ دەچم بەلای سەردەشتێ دا دەڕۆم ئاسانترە. دیارە مەبەستم بوو هەرچی زووتر لەو شوێنە دوور کەومەوە.
ئیتر ناسر لەوێ بەجێ ما وهیچمان ئاگامان لە هیچمان نەما. کابرای شۆفێر کوتی جا بۆ وادەکەی کاکە با بچینە ئەو گوندەی وابزانم" چۆمان" بوو لەوێ ئەمن خزمم هەن دەس بەجێ وڵاغت بۆ دەگرم و بە هاسانی دەرباز بەو بارەکانیشت هەر بەو ڕێگایەدا بێنەوە. دەس بەجێ کوتم زۆر باشە خۆ ڕێی دوور دەرمان نیە.لەمە باشتر نابێ.
شوڕبووینەوە ناو گوند و دڵم هەر وا دەیکوتا، نیگەران بووم کە ناسر چی لێبەسەر دێ و ئاخۆ لەسەر من دوایە هەڵی دەپێچن یان نا، بەڵام من لەوە دڵنیا بووم کەمن لەو جێگایە دەسگیر دەکرام بەڵام ناسر نا. ئاخر ئەو کات کاک ئەمیری باباخانی تازە گیرابوو و من ناچار بووم دەبوو بڕۆم ، بەڵام ناسر پێوەندی دەگەل کەس نەبوو دەگەڵ من نەبێ. ئیتر دوای گیرانم ڕەنگە لە أێر شکەنجەدا ئەویش ناوی هاتبا و ...
لە گوندی چۆمان وڵاغێکیان ئامادە کرد و کورێکی مێرمنداڵ بە ناوی "هیوا" دەگەڵم هات. هیچمان سواری وڵاغەکە نەبووین، هەورازێکی هەتا بڵێی سەخت و ناخۆش بوو، تەڕو قوڕی بوو. هیوا زوو زوو بانگی دەکردم ئەرێ دە فەرموو سواری وڵاغەکە بە‌! منیش دەم گوت ناهیوا گیان تۆ سوار بە فەرق ناکا. تۆ سوار بە هیوا گیان کوڕەگەرەکەی منیش ناوی "هیوا"یە.
  لە کورتی ببڕمەوە لە جەنگەی هەوراز بڕیندا قوڵە سەربازێکمان لێ پەیدا بوو، دەگەڵ هیوای دەقسان گیرا و منیش خۆم لێ بێساحەب کردن و بەدوای ئیسترەبۆزی دا دەهەورازی هەڵبووم، لە ناکاو هەرای کرد "هەی کجا؟ مثل گوسفند سرتو انداختید پایین......" ڕاوەستام وکوتم وەڵا ئێوە سەرگەرمی قسانن کوتم موزاحیمتان نەبم. کوتی "نخیر بیا بینم کجا میری؟ اهل کجایی؟ "بۆ کوێ دەچی و خەڵکی کوێی؟" کوتم بارێکی زۆرم لەو دیوی مەحتەلە و دەبێ هەرچی زووتر بگەمێ بیانهێنمەوە دەنا تووشی زەرەرێکی زۆر دەبم، مشتەریەکانم لە سەرم مەحتەلن! کوتی باری چی؟ کوم وەسایلی بۆردیزێلین؟ کوتی بەتەمای بە کوێدا بیانهێنیەوە؟ کوتم کوێ ئەمینتربێ بەوێدا دەیانهێنمەوە. کوتی ئەگەر بێرەدابیانهێنییەو من یارمەتیت دەدەم،وکوتم ئەگەر ئەتۆ یارمەتیم بدەی منیش ئاگام لەتۆ دەبێ کوتی چەند بار دەبێ کوتم لانی کەم١٥ وڵاغ؟ کوتێ ئەمن پۆستەکەم ناگوڕم و سەربازەکەی دیکە کە هات دەنێرمەوە و تا بەیانی لێرە دەبم تا تۆ دەگەیەی نیگەران مەبە بە هاسانی بارەکەت بگەیەنە ناو دێ. ئەوە هیوا ئەمن زۆر چاک دەناسێ. کوتم قەولی مەردان؟ کوتی قەولی مەردان!
 خەریک بوو بڕۆم دەستم دەگیرفانم نا وپارەیەکم دەمستی نا کوتم ئەمە جارێ بۆ سیگار. تکایە ئێرە چۆل نەکەی من بە هیوای تۆ بەم شوێنەدا دەگەڕێمەوە. کوتی خاترجەم بە لە بن ئەو بەردەی تەکان ناخۆم!
 بەو جۆرە خۆم لە چنگ سەربازە رزگار کرد و دەرفەتی ئەوەم نەدایە لێم ببپرسێتەوە خەڵکی کوێم، ئاخر ئەو کاتی هاتوچۆی خەڵکی مەهاباد لەو سنوورانە زۆر سەخت بوو و دەتکوت سەردەشت و پیرانشار سنووری وڵاتێکی دەرەکین و ئێمەمانان پێیدا تێدەپەڕین.
 دەگەڵ هیوای کە هەر دەتگوت هیوای کوڕمە و تەنیا تۆزێک باوخۆشتر بوو دەقەدی شاخی هەڵبووین، گەیشتینە سەر سوێیە و ئاوەژوو بووینەوە.تا دەربازی سنوور بووین من دوو نیگەرانیم هەبوون، یەکەم ئەوەی کە بە دووماندا نەیەن و من دەگیر نەکەوم و دووهەم نیگەرانی ناسر بووم.
کە نزیکی حاجی ئۆمەران بووینەوە ئیتر خەمی یەکەمم رەوی بەڵام هی دووهەمم هەر ما. لە پەنا دووکانێک ڕاوەستام و چاوم بڕییە ئەو ڕیگایەی خەڵکی رۆژهەڵاتی پێدا دەهاتنە باشوور، ڕەنگە سەعات و نێوێک چاوەڕێ بووم هیچ خەبەر نەبوو، ناسر سەرو سۆراغی نەبوو. وردە وردە نیگەران دەبووم  بەڵام دەشمزانی ناسر زۆر زیرکە وخۆی بەهەر جۆرێک بێ دەرباز دەکا. لە نەکاو دیتم لە دوورەوە ناسر پەیدا بوو، سەری بەردابۆوە و لە دەریای خەیاڵات دا نوقمی نوقم و بە ئارامی دەهات و لە مقەر و لەو شوێنەی کە من چاوەڕیم دەکرد نزیک بۆوە. لێی چوومە پێشێ و کوتم ئەرێ ماڵتە ئەوە ئەتۆ چیت لێهات؟ بۆ خۆت لێشاردمەوە؟ کە ئەمنی دیت تاوێکی باش حەپەسا، دوایە زەردەیەکی هاتێ و کوتی ماڵتە بزانە پیاو خەراپیشم ناکەی؟ هەر بەراستی چۆن گەیشتوویە ئێرە؟  جێت لێهات؟ ئەو عالەمەت هەموو..... خۆ چی نەمابوو هەموومان وەبەر شەقان دەن لەسەر تۆ؟ کوتم بۆ؟ کوڕە کاکە دەیان کوت ئێمە٥ کەس بووین ئەوی دیکە چی لێهات؟  لە پڕ تۆ ون بووی ماڵتە بە منیشت نەکوت دەڕۆی بەتەمای چی؟ باشە بەڕاستی چیت لێهات بە کوێدا هاتوویە ئێرە؟ نەقڵەکەم لە نووکەوەبۆ گێڕاوەکوتی وەڵا خۆ کاری چاکت کرد بەڵام من هەر زۆر نیگەرانت بووم کوتم بە خودای گرتوویانە بۆیە هەر وەک بەردی بن گۆمێ ڕۆیی؟ ئای گورگی باراندیدە......
ناسر سادە بوو، بێ دەعیە و بێ غەڵ و غەش، حیزبایەتی وکوردایەتی هەرگیز بۆ نێو نەکرد. ئەو کوردێکی دڵپاک و ئازا و بەجەرگ بوو. لە سەختترین ڕۆژەکاندا ملی وەبەر کاری حیزبی ناو یارمەتی بە کاری تەشکیلاتی وپێوەندی نێوان شار و شاخ دەکرد. من لەسەر ناسر زۆر شتم هەیە بەڵام داخی گرانم و هێشتاش و دوای مەرگیشی هەموو شت بۆ کوتن نابن.ئیتر ئەوە حاڵی مەمانانە وچی دەگەڵ ناکرێ.هەر ئەوەندە ئەو ئەرکی کوردانە و نیشتمانی خۆی بەجێ هێناو لە یادان ناچێتەوە.
یادی ناسری قالە کرمانج هەمیشە لەدڵدا زیندوو.