Tuesday 25 November 2014

نە مێژووی حەسەن زیرەکتان بۆ خەوشدار دەبێ و نە مەهابادتان بۆ بەچۆک دادێ

نە مێژووی حەسەن زیرەکتان بۆ خەوشدار دەبێ و نە مەهابادتان بۆ بەچۆک دادێ
باسێکی دیکە لەسەر ڕاپرسیە ئامانجدارەکەی دەنگ و رەنگی رێژیم لە مەهاباد

دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە مەهاباد لە ڕاپرسیەکدا کە وەک هەمووشتێک دەچوو جگە لە ڕاپرسی سێ دەنگبێژ و هونەرمەندی خستنە ناو کێ بەرکێیەکی ناعادیلانە کە ئەو کارە بە ئاشکرا ئامانجی زەبر وەشاندن لە هونەر و کولتووری کوردانی لە پشت بوو.

یەکەم لە هەڵبژاردنی شێوەی ڕاپرسی دەبێ دوو شتی گرینگ ڕەچاو بکرێ یەکەم راپرسیەکە لە نێوان ئەو کەس یان لایەنانە دا بێ کە لە یەک بوار دا کار دەکەن، ئەگەرکارەکە هونەری بێ دەبێ سەبکەکان یەک بن و ناکرێ راپرسی لە نیوان دوو شێوازی جیاواز دا بکرێت و دەبێ ڕاپرسیەکە کارناسانە و هەڵسەنگێنراو بێت، بەڵام سەبارەت بە ڕاپرسیەی دەنگ و رەنگی ڕێژیم لە مەهاباد ئەو پرسیارە هەیە کە چۆن دەکرێ ڕاپرسی لە نێوان سێ هونەرمەند دابنرێ کە یەکەم:
یەکیان کورد بێ ودوویان فارس بن، یەکیان واتە حەسەن زیرەکی نەمر، زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ژیاندا نەماوە وبڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە هەموو دەسگا راگەیەنەرەکانی ئێرانیدا قەدەغە کراوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە مەگەر مەمانان کە تەمەنمان لە سەرێیە ئەو دەم و کاتمان باش لەبیرە کە حەسەنزیرەک و چریکە بەسۆزەکەی زەوی و ئاسمانی کوردستان و تەنانەت ئیران و عێراقیشی داگرتبوو ودەنگی و ناوبانگی ئەو کەڵە هونەرمەندەمان هەر لە یاد و لە مێشکیدا ماوە ، دەنا خەڵکی دیکە بە تایبەتی بەرەی لاو لەو دەنگە سیحراوییە بێبەش کراوە ودەگەڵی نامۆیە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە رەوانشاد موورتەزا پاشایی لە ناوەندی دەنگ و رەنگی رێژیم دا ئاوازەکانی بڵاو دەبنەوە و هەن و قەدەغەیان لەسەر نییە. ئەوە سەرەڕای ئەمەی کە مورتەزا پاشایی هەر یەک دووهەفتە لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە گیانی سپارد و خەڵکێکی زۆریش بۆی بەداخ بوو و بە دڵنیاییەوە لاوانی هونەر دۆستی کوردیش لەو خەمباریە دا بەشدار بوون . ئەگەر لێرە تەنیا سەرنجی ئەو کارەی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامی لە مەهاباد بدەین دەبینین کە لە حاڵ و هەوایەکدا کە زۆر لاوی کوردیش هۆگری بۆ مورتەزا پاشایی هەبووە و خەمناکی کۆچی ناوەختی ئەو هونەرمەندە دەنگ خۆشە هێشتا بەرۆکی بەرنەداوە لەپڕ بەرەوڕووی پرسیارێکی ئامانجداری وا دەبێتەوە سروشتیە کە دەنگ بدا بە مورتەزا پاشایی. من وەک خۆم ئەو کارە هیچ بە تاوانی خەڵکی مەهاباد و لاوانی مەهابادیش نازانم، جگە لە هەمووی ئەوانە ، لاوی کوردیش مافی خۆیەتی گۆرانی کێی پێ خۆش بێ یان نەبێ ، ئەوە هیچ گوناه و سووچێکی لە پشت نییە، گوناه و تاوان لەوەدایە کە بەڕیوەبەرانی ئەو پیلانە ئامانجیان وردکردنی حەسەنزیرەک و شکاندنی هەیبەتی مێژوویی مەهابادە. دەنا ئەگەر وا نەبوایە چۆن لە دوای ئەو هەمووە ناڕەزایەتیەی خەڵک سەبارەت بەو کارە ناڕەوایە هەیانبوو، بەڕێوەبەران لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن بەوپەڕی رووهەڵماڵراوی دێن ودەڵێن ئێمە تەنیا پرسیارمان کردووە گوناهمان نییە؟! ئەوە خەڵکە رای خۆی دەربڕیوە؟! بەڵێ ئەوە لە پیلانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەچێ و زۆر شارەزایانە کاری بۆ کراوە، ئەگەر کەسانێکیش ئۆباڵی ئەو سەرکەوتنەی ئیتلاعات دەگرنە ئەستۆی خۆیان و دەداوی ئەو پیلانە دەکەون ئەوە خۆیان لە داهاتوو و لە مێژووی خۆیان بەرپرسیارن.
دووهەم: سەبکی وتنی ئەو هونەمەندانە جیاوازە، مۆرتەزا پاشایی پاپی فارسی کوتووە و حەسەنزیرەکی کورد زیاتر گۆرانی و مەقامی فۆلکلۆری کوردی وتووەتەوە. پاشان هەر کام هی زەمەن و کاتێکی دیاری کراوی مێژووی هونەر و سیاسەت و کۆمەڵناسین، چۆن دەکرێ پێکیان هەڵکیشێ؟ کام ئوسوول و کامە پرەنسیبی ئەخلاقی ئەو رێگایە بە خۆیدەدا وێرای ئەو باسەی سەرەوە دەنگێکی قەدەغەکراوی لەبیرکراو لە پیلانێکی گڵاوی زاڵمانە دا بخرێتە ڕاپرسی دەگەڵ دەنگێکی ئەمرۆیی ئازاد و سەردەمیانە.

سێهەم: پاش ئەو ڕاپرسیە چما ئەو دەمگۆیەتان بڵاو کردۆتەوە کە مەهابادی قەڵای کوردایەتی و قوربانیدان پشتی لە کولتوور و هونەری کورد کردووە و رووی لە فارس و فارسیسم و هونەری داگیرکەران کردووە؟ ئەو دەنگۆیەتان ڕاستی ئەوە بۆچوونە دەسەلمێنێ کە ئەوە پیلانێکە و ڕاست بەو ئامانجە گەڵاڵەکراوە کە ئێوە مەهاباد و شاری کومار لە بەرچاوی خەڵک ڕەش بکەن و کێشە و دووبەرەکیش بخەنە ناو خەڵکی خودی شارەکە. بەداخەوە پیلانەکانی رێژیم هەمیشە لای روناکبیر و لای حیزب و لایەنی کوردیش هەر بە کەمتەرخەمی سەیری کراوە و زۆرجار بێ هەڵوێست بوون بەرامبەری ئەوانی وا لێکردووە کە خۆیان بە خاوەن هەق بزانن و ئەسپی خۆیان لە مەیدانی دوژمنایەتی کورددا تەقڵەکوت غاربدەن! ئەم بەشە لە ڕووناکبیر و لایەنی حیزبیش باشترین قسەیان لە کاتی وادا ئەمە بووە ، دەی کاکە ئەمە چییە گەورەی دەکەنەوە؟! ئەوە رەنگدانەوەی توێژی رووناکبیری کوردە بۆیە برادەرێک لە تاران ڕا بۆی نووسیبووم کە دۆینێ شەو لە تەلەویزیۆنی مەهاباد ئەوەی دیتم تەنیا هەر ئارمی تەلەویزیۆنی مەهاباد بوو دەنا ئەوی دیکە و ناوەرۆکی بەرنامەکان دەگەڵ هی تاران و قوم و کاشان فەرقی نەبوو!

ئەگەر لە پیلانی شانۆسازی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دا و بە نێوی حەڕەکەتی مەدەنی تەسلیمی شەپۆلی ئابڕووبەرانەی دەداوکەوتوان و فریوخواردوانی شانۆی هەڵبژاردن نەبایەین و هەڵوێستی شیاومان هەبایە ئەمڕۆ وا بە هاسانی بە ناوی دەنگی خەڵک تەمای ڕووشاندنی هەیبەتی ئوستوورە هونەریەکانمان ناگرن و خەونی بە چۆکداهاتنی مەهابادی شاری کۆمار و شاری شۆڕش و قوربانیدانمان پێوە نابینن.

با کەس پێێ وانەبێ ئەمن هێندە دەمارگژم کە پێم وایە خەڵکی ئێستا خەڵکی زەمانی کۆماری کوردستانە، با کەسیش پێی وانەبی کە من لاموایە خەڵکی ئێستا تەنانەت خەڵکی ٣٠ ساڵ لەمەوبەرە، بەڵی ئەوانیش داکشانیان هەبووە هەر وەک ئێمە و حیزبەکان داکشانی گەورە بە رووخسارمانەوە دیارە. روحی شۆڕشگێری لە ناو خەڵکی ئێمەدا لە تەنکێی داوە چوون ئیتر شۆڕشێک و بەرخۆدانێک لە ئارا دا نییە، خۆمە خۆمە و پاوان خوازی و خۆبەزلزانی ، شۆڕش و بەرخۆدان و کوردایەتی هەمووی وێکڕا قووتدان. سەرەڕای ئەمە هەر ئێستاو لە ناوخۆی کوردستان و لە هەلوومەرجی زۆر سەخت دا زۆرن ئەوانەی بە قەرا نووکە دەرزیەک سەریان بۆ رێژیم دانەنواندووە هەرگیز بە سازی رێژیم سەمایان نەکردووە. ئەو رووحە هەڵچووە و بەئیرادەو باوەڕە جارێکی دیکە دەبێ لە ناو خەڵکی رۆژهەڵات دا بە گشتی زیندوو بکرێتەوە باهەندێ خەڵکی سوک و بێ نرخ شانازی بە کارە شوورەییەکانیانەوە نەکەن و لاوان لە خشتە نەبەن. ئەگەرچی ئەو باسەی دوایی زۆریش پیوەندی بەو باسەی سەرەوە بەشێوەیەکی کۆنکرێت و دەقاودەق نییە بەڵام وەبیرهێنانەوە و ئاوڕدانەوەیەک لە خۆمان و ئینجا لە خەڵک ڕەنگە خەراپ نەبێ.
وتەی دواییم بۆئەوکەسانەی بەرپرسیاری ئەو ڕاپرسیەن ئەمەیە، ئەگەر دەداوی پیلانی رێژیم نەکەوتوون داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و پێ لە هەڵە و کارە سەقەتەکەی خۆتان بنێین، ئەگەر نا بەتەمای بەڕیوەبردنی پیلانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتن کە بەڕیوەبەری ڕاستەوخۆی تەلەویزویۆنی مەهابادە ئەوا دڵنیا بن نە مێژووی حەسەن زیرەکتان پێ خەوشدار دەکرێ و نە مەهابادتان پێ بە چۆک دادێ

Tuesday 18 November 2014


پێشمەرگە

زۆرن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و هەر بە ناوناوبانگەوە سوجدە بۆ گەورەیی و سوجدە بۆ بوێری و کڕنۆش بۆ لە خۆبردوویی پێشمەرگە دەبەن، زۆرن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و نە لە ماڵ و نە لە پایگا و نە پەنا تۆپ و تانکەکانی داگیرکەران دا لە ترسانی حەجمینیان هەیە. 

زۆریشن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و نە هەستی پڕ لە هەستی ئەویان دەرک کردووە، نە هەرگیز لە مانای روانینی پێشمەرگە بۆ ژیان تێگەیشتوون، نە هەرگیز فەلسەفە و باوەڕی بە هێزی پێشمەرگەیان بۆ قووت دراوە! و نە هەرگیزیش لە مانا و ناوەرۆکی پێشمەرگە دەگەن.

پێشمەرگە ئەو ئینسانە لە خۆبردووەی بە هەزار پیلان و بە هەزار هەوڵی چەواشەکارانەی دوژمن دڵخۆشکەر و بە هەزاران دەهۆ و دەگەی نامەردانە نە لەگەورەییەکەی کەم دەبێتەوە و نە ناوە پیرۆزەکەی بە قەرا زەڕەیەک خەوشدار دەبێ، ئەوەی نەیهەوێ لە پێشمەرگە تێبگا... بە کوتکیش لەسەری دەی تێناگا، ئەو بڕیاری خۆی داوە، ئەوەش کە لە ئاست گەورەیی و لە خۆبردوویی و پێرۆزی ناوی پێشمەرگەدا خۆی بە بەرپرسی وێژدانی دەزانێ ئەوا دڵنیام وێرای من بە شانازییەوە بۆ گەورەیی و فیداکاری ئەو مرۆفە گیانفیدا و لە خۆبردوویە سەری کڕنۆش دادەنوێنێ.

من سەرم لەو هەمووە هێز و باوەڕە سووڕ ماوە، من حەپەساوم لە ئاست گەورەییت، من بێتوانام لە ئاست لێکدانەوەی ئەو ئیمانە و ئەو هەستە بەرزەت، من چەندە بێنرخم کاتێ فاخری فەخری کوردستان بەم شێوەیە لە جیاتی وەک پەککەوتە لە ماڵ بمێنێتەوە و وەدوای ژیانی ماڵ و منداڵی خۆی کەوێ، پارەو دراو کۆکاتەوە و قەڵا و کۆشک و باڵاخانەی پێساز بکا... لە مەیدانی ئەو مین و تەوقەمەنیەی کە داعش بۆ خەڵکی کوردی داناوەتەوە و ئەو خەریکی هەڵگرتنەوەیانە گیانی پاکی بە خاک و نیشتمانی کوردان دەبخشێ... 

ئای کەلەئاست گەورەییت هیچ شتێکم پێشک نایە کە لەگەڵتی بخەمە تای تەرازوویەک و پێکتان هەڵکێشم، یان هیچ شتێکم پێشک نایە کە بە نموونەی بێنمەوە و لانی کەم بڵێم کە ئەویش تات ناکات! نا.. نا ..بە دڵنییایەوە تۆ بێ هاوتای... هەر خۆت گەورە و هەر خۆت سەروەر و هەر خۆت سەرداری، هەر تۆ و هاوڕێیانی پێشمەرگەت فەخری کوردستانن ... 

دووبارە کڕنۆش و خۆزگە دەسەڵاتم هەبا لانی کەم یەکەم پەیکەرەی پێشمەرگەم لە هەیبەتی تۆ و لە پێتەختی هەرێمی کوردستان ساز کردبا فاخری برام... فاخری پێشمەرگە.... کوردستان و ئاڵای کوردستان خۆش...

وێنەی "فاخر" لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تازەترین گیانفیدای کوردستان لە دیواری کاک ئاریان فەرەج وەرگیراوە.






زستان

لە کوردەواریدا دەڵێن کە زستان هات بەڕەی فەقیری دڕا! ئەوەش راست بەو هۆیە کوتراوە کە مرۆڤی فەقیر بێ کار و کاسبی دەبێ و نانێکی لێ دەچێتە پشتی شێران. لەم بارەوە بەڵێ زستان روویەکی دزێو و ناحەزی هەیە.

بەڵام رووی دیکە زستان ئەو سروشتە جوانەیە کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا وەک یەکێک لە چوار وەرزەکەی ساڵ جێگای خۆی لە نێو ڕۆژژمێر و مانگەکاندا کردۆتەوە. زستان زۆر جاران رەوتی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێ، لەم بارەوە بەو باری دا دەخات، وەک کوتم فەقیر و بێ ئەنوا بە تایبەتی لە کوردستانی خۆمان ڕەنگە رقیان لێی ببێتەوە، بەڵام هەر لەو کوردستانە ڕەنگە منداڵەکان تەنانەت منداڵی فەقیر و هەژارەکانیش کەیفیان پێێ بێ، ئەوان خۆیان بۆ خلیسکێن و تۆپ تۆپێنی بەفر و دروستکردنی پەیکەرەی جۆراوجۆری بەفرین ساز دەکەن.

زستان بە هەموو سەختی و ساردو سڕێیەکەیەوە لای زۆر کەس جوانی خۆی هەیە، من کە منداڵ بووم یەکێک لە خۆشترین و جوانترین وەرزەکانی سال بەلامەوە زستان بوو. خلیسکێن و تەپکە دانانەوە کایە دیارەکانی ئەو دەمە بوو کە من سەیر تامەزرۆیان بووم. من و هەڤاڵانم کە لە گەڕەکی شیرکەتی نەوتی لە مەهاباد دەژیان، زۆر جاران بۆ خلیسکێن دەچووینە هەورازی تەپەی قازی یان ئاشی مام ئەحمەدی، لەو سەراولێژییەڕا ڕابە خلیسکێن هاتنە خوارەوە تامێکی سەیری هەبوو، ناڵچە لێدان و چەست لێدان ولە سەر یەک لاق رۆێشتن کاری هەمو کەس نەبوو بە تایبەتی لەو سەراولێژییەی ئاشی مام ئەحمەد و تەپەی قازی.

تەپکە دانانەوە یەکێک لە خۆشترین کاتەکانی ژیانی زستانی منی بە خۆوە تەرخان دەکرد، کەیفم پێی دەهات، بیرەوەریە شیرینەکانی ئەو دەمە هەر ماون. جیرانێکمان هەبوو نێوی گوڵبەهار بوو، ئەو ژنێک بوو خاوەنی چەند کوڕ و کچ کە زۆریان لە من بە تەمەنتر بوون، هەمیشە تەپکەی دادەناوە لە زۆر کەس پتری دەگرت، ئەوکات هەر پشت ماڵە خۆمان و چەند سەت میتر ئەولاتر هەمووی زەوی و زار بوو و زستانان بابەتی تەپکە دانانەوە بوو. گوڵبەهار تورک بوو، منیش رەفیقێکی بە رەگەز تورکم هەبوو بەڵام زۆر زەحمەت بۆت لێک دەبووە کە تورک بێ، ناوی حەیدری باهووش بوو، برای گیانفیدا شەهریاری باهووش.

باهووش بە هۆش بوو لە فێڵ و تەڵەکەشدا بە تایبەتی، ئەو دەیزانی گوڵبەهار جێگای چاک دەبینێتەوە بۆ تەپکە دانانەوە و هەمووڕۆژێ ریرەوی تەیر و باڵندە بچکۆلەکانی وەک، سریلە، چۆڕڕە، قازەڵاخ، سێروو و ئەوانی دیکەی لە مەمانان چاکتر دەدیتەوە. هەر بۆیە دەچوو تەپکەکەی یان لە پیش تەپکەی گوڵبەهار دادەناوە و یان لە دوای ئەو، باهووش باریکەڵەودرێژ و چوست و چالاکیش بوو، دەگەڵ ئێمە لەتیمی فوتباڵی گەڕەکێدا کایەی دەکرد. جار جارە هەر داعبایەک بە تەپکەکەی گوڵبەهارەوە دەبوو باهووش لە پێش هەموان دا غاری دەدایە و دەیکوت ئەها بە هی منەوە بووە. لە دووریش ڕا زۆر زەحمەت بوو بۆت لێکبدەبۆوە کە ئەو باڵندەیە بە تەپکەی کێوە بووە؟ هەتا گوڵبەهاری هەناسەسارد دەگەیشتێ باهووش کە لە سەر توولە رێگاکە و پشتی دە ئێمە بوو کاری خۆی دەکردو داعباکەی لێدەکردەوە و دەچوو لە سەر تەپکەکەی خۆی کە هەر دوو بست لەو لاتر بوو و لە قەستی خەریکی داپۆشینی سەر لە نوێی تەپکەکەی خۆی دەبۆوە، ئەننەما داعباکە هەر ڕاست بە تەپکەی خۆیەوە بووە! دیارە بەو حاڵەش گوڵبەهار لە ئاخری دا کە هەموانی پتر دەگرت. جار جارەش گوڵبەهار شکی لێدەکرد و دەبووە قڕەیان بەڵام گوڵبەهار زوو خاو دەبۆوە و پێدەکەنێی و دەیکوت هەتیوە "دازەڵاخی" من بدزی دارت بۆ دەکەم ها!

زستان بۆ من بەو یادەوەریانەوە جوانیەکەی جارانی هەر ماوە، ئێستاش وەک رابردوو و بە پێچەوانەی زۆر کەس هەرگیز ساردی و سەرما رێگای ئەوەی لێنەگرتووم کە سێ مانگەی زستانێ و بە تایبەتی لە رۆاژانی بێکاریم دا لە قوژبنی ماڵ دابنیشم و ئەو دنیا جوان وبەرفراوانە بۆ ٤ بست و چوار دیواری ژوورێک بەجێ بێڵم. ئێستاش هەر وەک دەورانی منداڵێم خۆلیا و خۆزگەکانم هەر لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت دا دەبینمەوە و هەر بەیادی ئەو کاتیش پاشماوەی تەمەنی پڕ لە چەرمەسەریم کە ڕەنگە زۆری بەبەرەوە نەمابێ لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت بە هەموو وەرزەکانییەوە دەبەمەسەر.