Tuesday 18 November 2014






زستان

لە کوردەواریدا دەڵێن کە زستان هات بەڕەی فەقیری دڕا! ئەوەش راست بەو هۆیە کوتراوە کە مرۆڤی فەقیر بێ کار و کاسبی دەبێ و نانێکی لێ دەچێتە پشتی شێران. لەم بارەوە بەڵێ زستان روویەکی دزێو و ناحەزی هەیە.

بەڵام رووی دیکە زستان ئەو سروشتە جوانەیە کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا وەک یەکێک لە چوار وەرزەکەی ساڵ جێگای خۆی لە نێو ڕۆژژمێر و مانگەکاندا کردۆتەوە. زستان زۆر جاران رەوتی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێ، لەم بارەوە بەو باری دا دەخات، وەک کوتم فەقیر و بێ ئەنوا بە تایبەتی لە کوردستانی خۆمان ڕەنگە رقیان لێی ببێتەوە، بەڵام هەر لەو کوردستانە ڕەنگە منداڵەکان تەنانەت منداڵی فەقیر و هەژارەکانیش کەیفیان پێێ بێ، ئەوان خۆیان بۆ خلیسکێن و تۆپ تۆپێنی بەفر و دروستکردنی پەیکەرەی جۆراوجۆری بەفرین ساز دەکەن.

زستان بە هەموو سەختی و ساردو سڕێیەکەیەوە لای زۆر کەس جوانی خۆی هەیە، من کە منداڵ بووم یەکێک لە خۆشترین و جوانترین وەرزەکانی سال بەلامەوە زستان بوو. خلیسکێن و تەپکە دانانەوە کایە دیارەکانی ئەو دەمە بوو کە من سەیر تامەزرۆیان بووم. من و هەڤاڵانم کە لە گەڕەکی شیرکەتی نەوتی لە مەهاباد دەژیان، زۆر جاران بۆ خلیسکێن دەچووینە هەورازی تەپەی قازی یان ئاشی مام ئەحمەدی، لەو سەراولێژییەڕا ڕابە خلیسکێن هاتنە خوارەوە تامێکی سەیری هەبوو، ناڵچە لێدان و چەست لێدان ولە سەر یەک لاق رۆێشتن کاری هەمو کەس نەبوو بە تایبەتی لەو سەراولێژییەی ئاشی مام ئەحمەد و تەپەی قازی.

تەپکە دانانەوە یەکێک لە خۆشترین کاتەکانی ژیانی زستانی منی بە خۆوە تەرخان دەکرد، کەیفم پێی دەهات، بیرەوەریە شیرینەکانی ئەو دەمە هەر ماون. جیرانێکمان هەبوو نێوی گوڵبەهار بوو، ئەو ژنێک بوو خاوەنی چەند کوڕ و کچ کە زۆریان لە من بە تەمەنتر بوون، هەمیشە تەپکەی دادەناوە لە زۆر کەس پتری دەگرت، ئەوکات هەر پشت ماڵە خۆمان و چەند سەت میتر ئەولاتر هەمووی زەوی و زار بوو و زستانان بابەتی تەپکە دانانەوە بوو. گوڵبەهار تورک بوو، منیش رەفیقێکی بە رەگەز تورکم هەبوو بەڵام زۆر زەحمەت بۆت لێک دەبووە کە تورک بێ، ناوی حەیدری باهووش بوو، برای گیانفیدا شەهریاری باهووش.

باهووش بە هۆش بوو لە فێڵ و تەڵەکەشدا بە تایبەتی، ئەو دەیزانی گوڵبەهار جێگای چاک دەبینێتەوە بۆ تەپکە دانانەوە و هەمووڕۆژێ ریرەوی تەیر و باڵندە بچکۆلەکانی وەک، سریلە، چۆڕڕە، قازەڵاخ، سێروو و ئەوانی دیکەی لە مەمانان چاکتر دەدیتەوە. هەر بۆیە دەچوو تەپکەکەی یان لە پیش تەپکەی گوڵبەهار دادەناوە و یان لە دوای ئەو، باهووش باریکەڵەودرێژ و چوست و چالاکیش بوو، دەگەڵ ئێمە لەتیمی فوتباڵی گەڕەکێدا کایەی دەکرد. جار جارە هەر داعبایەک بە تەپکەکەی گوڵبەهارەوە دەبوو باهووش لە پێش هەموان دا غاری دەدایە و دەیکوت ئەها بە هی منەوە بووە. لە دووریش ڕا زۆر زەحمەت بوو بۆت لێکبدەبۆوە کە ئەو باڵندەیە بە تەپکەی کێوە بووە؟ هەتا گوڵبەهاری هەناسەسارد دەگەیشتێ باهووش کە لە سەر توولە رێگاکە و پشتی دە ئێمە بوو کاری خۆی دەکردو داعباکەی لێدەکردەوە و دەچوو لە سەر تەپکەکەی خۆی کە هەر دوو بست لەو لاتر بوو و لە قەستی خەریکی داپۆشینی سەر لە نوێی تەپکەکەی خۆی دەبۆوە، ئەننەما داعباکە هەر ڕاست بە تەپکەی خۆیەوە بووە! دیارە بەو حاڵەش گوڵبەهار لە ئاخری دا کە هەموانی پتر دەگرت. جار جارەش گوڵبەهار شکی لێدەکرد و دەبووە قڕەیان بەڵام گوڵبەهار زوو خاو دەبۆوە و پێدەکەنێی و دەیکوت هەتیوە "دازەڵاخی" من بدزی دارت بۆ دەکەم ها!

زستان بۆ من بەو یادەوەریانەوە جوانیەکەی جارانی هەر ماوە، ئێستاش وەک رابردوو و بە پێچەوانەی زۆر کەس هەرگیز ساردی و سەرما رێگای ئەوەی لێنەگرتووم کە سێ مانگەی زستانێ و بە تایبەتی لە رۆاژانی بێکاریم دا لە قوژبنی ماڵ دابنیشم و ئەو دنیا جوان وبەرفراوانە بۆ ٤ بست و چوار دیواری ژوورێک بەجێ بێڵم. ئێستاش هەر وەک دەورانی منداڵێم خۆلیا و خۆزگەکانم هەر لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت دا دەبینمەوە و هەر بەیادی ئەو کاتیش پاشماوەی تەمەنی پڕ لە چەرمەسەریم کە ڕەنگە زۆری بەبەرەوە نەمابێ لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت بە هەموو وەرزەکانییەوە دەبەمەسەر.

No comments:

Post a Comment