Wednesday 12 August 2015

ئێران لە سەراولێژی داڕماندا


ئێران لە سەراولێژی داڕماندا

ماوەیەک لەمەوپێش نووسیم ئێران خەریەکە لە هەموو بەرەکان تێکدەشکێ و وادیارە یەکێک لە پێشبینیەکانم وەڕاست گەڕاوە، کە دەڵێم لە هەمو جەبهەکاندا تێکذەشکێ مەبەستم لە بەرەو جەبهانەیە کە ئێران ساڵەهایە سەرمایە گوزاری قورسی ماددی ومانەوی لەسەر کردوون، ئەو جەبهانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەکەیدان و تەنیا بۆ بە قەولی خۆی ناردنەدەرەوەی شۆڕش خوێن فرمێسکی خەڵکی بێدەرەتانی ئێرانی بۆ خەرج کردوون.
بەرنامەی ناووکی و ئەتۆمی ئێران پاش ساڵەها سەرمایەگوزاری قورس و بە دوای گەمارووە ئابووریەکاندا گەڕاوە سەر خاڵی سفر و ئێران ملکەچی هەموو بڕیار وڕاسپاردەیەکی وڵاتانی رۆژئاویی بوو. ئێران کە ساڵەهای ساڵە هەرچی پارەو پووڵی ئەو خەڵکە هەیە خەرجی سیاسەتەدەرەکیەکانی خۆی دەکات لە لوبنان، سووریا، غەزە ی حەماس، عیراق وباشووری کوردستان، ئێستا وردە وردە لەوشوێنانەش نیشانەکانی شکستی پیلان و بەرنامەکانی وەدیار دەکەوێ.
فەرماندەی ئەو پیلانانە کەسێکە بە ناوی قاسم سولەیمانی کە بەرپرسی قەرارگای قودسی سپای پاسدارانە، ئەو سپایە و ئەو بەشەی سپای پاسداران کە بەرپرسی هەموو ترۆرەکانی چەندین ساڵی ڕابردوویە لە هەندەران، لە ئورووپا، لە تورکیا، لە باشووری کوردستان، لە نێویاندا ترۆری ڕیبەرانی حیزبی دێمۆکڕات، قاسملوو وشەڕەفکەندی. قاسم سولەیمانی و سوپای قودس کە بەرپرسیارەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لە ئەستۆیە! وردە وردە دەبێ هەست بە تامی تاڵی شکستی ژاراوی بکات.
لە یەمەن زۆر پارێزگا و ناوچەی ژێردەسەڵاتی حووسیەکان و عەلی عەبدوڵا ساڵحی هاوپەیمانی ئێران لە لایەن هێزەکانی خەڵکی و ئەرتەشی ئەو وڵاتە دووبارە رزگار کرانەوە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند سەعاتی داهاتوودا شەڕ بۆ ئازادکردنی سەنعای پێتەختی ئەمەن دەست پێبکات و ئاماژەکان ئەوەیان لێدەردەکەوێ کە هێزەەکانی سەر بە حووسی و شیعەکانی سەر بەئێران بە جارێ ورەیان بەرداوە و ڕەنگە نەتوانن بەربەرەکانێکی ئەوتۆ لە بەرامبەر هێرشی هێزەگەلی و خۆجییەکان و ئەرتەشی یەمەندا بکەن.
رێژیمی ئیسلامی ئێران لە یەمەن کاتێ لاقی لەبەڕەی خۆی پتر ڕاکێشا، ئیتر وڵاتە عەڕەبیەکان و لە سەرووی هەموانەوە عەڕەبستانی سعوودی و میسر بەگژ سیاستەکانی ئێران داهاتنەوە و ڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی "عبدربه منصور هادی" هێرشی هەواییان کردە سەر حووسیەکان و لە ڕاستیدا لە ماوەیەکەی کەمدا توانیان کە بنکەو بنیاتە نیزامیەکانی سەر بە حووسیەکان وێران بکەن و رێگای گەیشتنی یارمەتیەکانی ئێرانیان بۆ حوسیەکان بە تایبەتی لە بەندەری عەدەنەو ە بەست وئیتر حووسیە شیعەکانی لایەنگری ئێران دەستیان وەهیچ کوێ ڕانەگەیشت و تا وردە وردە بەرەو سەراولێژی داڕمان شۆڕبوونەوە و ئەمەش یەکەم شکستی روون ودیاری سیاسەتە مەزنیخوازانەکەی ئێرانە لە ناوچە کە بە دڵنیاییەوە بەدووی دادێ.
لە سووریا لە گەرمەی دەنگۆی سەردانەکەی محەمەد جەوادی زەریف بۆ دیمەشق ناوەندی ئەو شارەو ئەو پێتەختەی دیکتاتۆڕی ئەسەد لە لایەن موخالیفانەوە تۆپباران کرا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە دەوروبەری پێتەختی سووریا لە بەردەستی هێزە دژبەرەکانی سووریادایە. کەواتە سووریا تەنانەت دەسەڵاتی پێتەختەکەی خۆشی بەتەواوی نییە و دوور نیە دووهەم شکستی ستراتیژی سیاسەتەکانی ئێرانی ئیسلامی لە دیمەشقەوە سەرهەڵبدا، دیمەشق بۆ ئێران شاڕەگی حەیاتی سیاسەتە چەواشەکارانە و خەڵک فریودەرانەیە، کە دیمەشق نەمێنێ ئیتر حیزبوڵلا ئوتوماتیک دەکەوێتە گەماورۆە و هەم لووبنان لە چنگانی ئاسوودە دەبێ و هەمیش ئاژاوەگێڕیەکانی ئێران بۆ هەتایە لەو ناوچەیە کۆتایی دێ. لە خۆڕا نییە کە ئێران وەحەولەوەلا کەتووە تا بەڵکوو بتوانێ بە تەرفەند وفێڵ وتەڵەکەیەک ئەسەدی هاوپەیمانی لە سەرەمەرگدا زیندوو کاتەوە!
گەلۆ ئێران دوای ئەم دۆڕانە گەورانەی هەموو ئیعتیبار وکەسێتی سیاسیی خۆی لانی کەم لەناو خۆیدا لەسەر دانابوو چی بەسەر دێ؟ تۆ بڵێی نۆرەی بوومەلەرزەکەی ئێران نەبێ و زستانی عەڕەبی و تورکی و کوردی و بلووچی و تورکەمەنی مێشکە چەقبەستووەکەی سەدەکانی ناوەڕاست دووچاری بەستەڵەکی تا هەتایی نەکات.
خزمینە لەئەگەری روودان و هاتنە دی ئەو لێکدانەوەیە تۆ بڵێێ ئێمەی کورد وهێزەسیاسیەکانمان هیچ ئامادەکارێکیان کردبێ تا لەو دەرفەتە کەڵکی بەجێ وەرگرن و بە تەجرەبە وەرگرتن لە پاڕچەکانی دیکەی کوردستان خەونی بنیاتێکی قایم و دێمۆکڕاتیک و کوردستانی بەو بەشە ستەملێکراوەی کوردستان واتە ڕۆژهەڵاتی ئاگر و گڕ ببینین؟