Sunday 28 December 2014

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان




نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان


بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعوود بارزانی 



وەک کوردێکی رۆژهەڵاتی و وەک تاکێکی چالاکی سیاسیی هەتا ئێستاش جەنابتان و هەڵسووکەتی جەنابتان و هەڵوێستە نەتەوەییەکانت بۆم جێگای سەرنج بووە و هەیە، نەک بۆم جێگای سەرنج بووە بەڵکوو زۆر جاران سەرەڕای جەوێكی زۆر سەخت و دژواری دژایەتی بارزانی و پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بێگومان رێشەکەی لە ستراتیژی سیاسیی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێ و لەوێوە دەخزێتە ناو سیاسەتی تاک و لایەنی کوردییەوە، هەمیشە و بە ڕاشکاوی پشتیوانی هەڵوێست و کردارەکانی جەنابتان بووم. دیارە نەک من بەڵکوو بە خاترجەمی زۆربەی کوردی رۆژهەڵات لەو بارەوە هەمیشە بەچاوێکی رێز و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی سەیری 
.جەنابتیان کردووە

گومانم نیە بەڕێزتان زۆر چاک ئاگادارن کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران هەمیشە دژایەتی راستەوخۆی جەنابت و پارتەکەت و حکوومەتی هەرێمشی کردووە ، ئەو دژایەتیەش راست بەو هۆکارانەیە کە من باسم کردن و کوتم کە کوردی رۆژهەڵات لایەنگرتانن. ئێران بە ڕوونی لە بەرەی دژی جەنابتان دایە، هەر لە هەڵوێستە نەتەوەیەکانتان ڕا بگرە تا نزیکیتان لە رۆژئاوا و لە سەرووی هەموانەوە ئەمریکا و دژایەتی حکوومەتی بەشار ئەسەدی دڕندە و دیکتاتۆڕهەر هەمووی دژایەتی ڕاستەوخۆی هەیە دەگەڵ ستراتیژی سیاسەتی ئێران لە ناوچە و جیهاندا.

ڕەنگە باش ئاگاداری سیاسەتەکانی ئێران بی لە دەغەڵبازی و درۆزنیدا بەڵام با من یەک دوو نموونەی بچووکتان وەبیر بێنمەوە. ئێران ئەوا چەندین ساڵە لە بەرنامەی وزەی ئەتۆمی دا کێشە و گەنگەشەی دەگەڵ هەموو جیهان دا هەیە، چەندین جار دانیشتنی کردووە و هەڵوەشاوەتەوە و هیچ پێکهاتنێک لە نێوان حکوومەتی ئیسلامی ئێران و ناوەندی وزەی ئەتۆمی و لایەنە پێوەندیدارەکانی رۆژئاوادا نەکراوە، لە ڕاستیدا ئێران بە ئاشکرا ئەو ناوەندانە بە گێل دەزانێ و کات دەکۆژێ و لە بنەوەش هەر خەریکی کاری خۆیەتی! ئێران بە ئاشکرا کڵاو لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەنێ، درۆیان دەگەڵدا دەکات، لە تازەترین دەهۆ و فێڵدا پاش ئەوەی گەمارۆی سەختی خرایە سەر ئەوجار دووبارە دانووستاندن دەستی پێکرد، هەندێ شەرتی سەرەتایی قەبووڵ کرد تا پارە دەست بەسەر داگیراوەکانی وەرگرتەوە. ئێستا دووبارە خەریکە سەوداکە تێکدەچێ و سەرەداوی فریودانی دووبارەی رۆژئاوا خەریکە وەدەر دەکەوێ. ئەوە نموونەیەکە کە ئێران هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە لاڕێدا دەبا جا تۆ بڵێی کوردی باشوور و حكوومەتی هەرێمی کوردستان خۆ لەبەرامبەر پیلانەکانی ئێرانی ئیسلامیدا بگرن ئەوەیش بەو ماڵە شپرزەیەی حکوومەت و حیزبەکان هەیانە؟

ئێران سوور دەزانێ لە ناوچەدا تەنیا یەک لایەنی کوردی زەق و بەرچاو هەیە کە کە دژایەتی پیلانە سیاسیی و ستراتیژیەکانی ئەو دەکات، یان لەگەڵ ستراتیزژی سیاسیی ئەو د اهاوتەریب نییە. ئەویش پارتی وبارزانییە، ئەو دەزانێ بەو هۆکارەی کە من باسم کرد کوردی رۆژهەڵات لە پارتی و لە بارزانی نزیکترە، سیاستەکانی ئێوە لە بەرژەوەندی کوردی رۆژهەڵات دابوون، لەگەڵی هاوتەریب بوون. هەر بۆیە رۆژهەڵات و باشوور لە زۆر پرسدا یەکدەنگن، لێت ناشارمەوە و من و زۆر کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی هەر لەسەر ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بەجەنابت و حکوومەتی هەرێم هەمانە زۆر جاران کەوتووینە بەر تانەو تەشەر، بەڵام نە من ونە کەس لەو دەستەیەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی جەنابت بەرز دەنرخێنن قەتمان گوێ بەو قسە و تانە و تەشەرانە نەداوە و دیسانیش تا لە سەر هەڵوێستەکانت سوور بی بە دڵنیاییەوە زۆربەی کوردی رۆژهەڵات پشتیوانتن.

بەڵام ئەوەی منی هێنایە سەر نووسینی ئەم نامەیە ئەوەیە کە بەڕێزتان یان بە ڕاستی ئاگاتان لەو هەڵوێستەی کوردی رۆژهەڵات نیە و یان دەبێ بۆتان گرینگ نەبێ کە بە هەڵسوکەتی نەگونجاوی دوور لە نەریتی کوردانەتان زەبر لە پێگەی خۆشەویستی خۆتان لە ڕۆژهەڵات بدەن، ئەگینا چۆن دەبێ ئاگاداری پیلانی ئێران نەبی کە چۆن خەریکە بن کۆڵی ئەو دیوارە متمانەیە دەکا کە لە نێوان ئێوە و کوردی رۆژهەڵاتدا هەیە؟ ئێران ئاگاداری ئەو پێگەیە هەیە و بە پیلانی زۆر مەترسیدار و بێ ئابڕووانە خەریکە زەبری قەرەبوو نەکراوت لێدەدا. داخی گرانم ئەوەی لە یەک دوورۆژی ڕابردوو دا دیتم هەرگیز لە هەڵوێستی بەڕێزتان و لە باوەڕی جەنابتان چاوەڕوان نەدەکرا! ئایا ئاگات لێ نییە قاسملووی کوردان چەندە خۆشەویستە لە ڕۆژهەڵات و بگرە لە باشووریش؟ ئایا ئاگات لەوە نییە کە ئەوەی جەنابت دەستت خستۆتە دەستییەوە قاتڵی دوکتور قاسملوویە؟! سەحراروودی ئەو ترۆریستە دڵرەق و ترسەنۆک و خوێڕی وسەخیفەیە کە دوکتور قسملووی پێشمەرگەی لە سەر مێزی وتووێژ دا زۆر نامەردانە ترۆر کرد و جەنابیشت ئەوە باش دەزانی! چۆن دڵت بڕوای دا دڵی میلۆنان کوردی رۆژهەڵات بریندار بکەیەوە و دەستی جوامێرانەت بخەیە ناودەستی گڵاو و خوێناوی قاتڵی دوکتور قاسملوو؟!

بەڕێز مەسعوود بارزانی من نازانم دەبێ چ بکەی؟ دەبێ داوای لێبوردن بکەی؟ دەبێ روون کردنەوە بدەی؟ دەبێ بەیاننامە دەر بکەی وبڵێی جارێکی دیکە سەحراروودی بۆی نییە پێ بخاتە خاکی باشووری کوردستان! نازانم دەبێ چ بکەی بەڵام سوور دەزانم دڵی برینداری میلۆنان کوردی رۆژهەڵاتت وەها کولاندەوە کە لە گوتن نایە. تکایە سەیری ئەو وێنەیە بکە و بزانە کێ بۆی بڵاو کردوویەوە ، هەر ئێران و ماڵپەڕەکانی ئێران بەو مەبەستەی من ئاماژەم پێکردووە بۆیان بڵاو کردوویەوە! مەبەست لە هێنانی بکوژی قاسملوو بۆ لای جەنابت تەنیا پێک هێنانی ئەو وەزعەیە کە لایەنگرە هەرە توند و تۆڵەکانیشت لە بەرامبەر رەخنەی کوردی رۆژهەڵاتدا متەقیان لێبڕاوە. ئاخر هەقمانە و ئەوەی ئێوە کردتان لە ئێوە نەدەوەشایەوە! تکایە.... دیسان تکایە ئەو متمانە و ئەو دیواری خۆشەویستی و رێزلێنانە وێران مەکە! کوردی رۆژهەڵات مەنتیقین، دەزانن باشوور پێویستی بە پێوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی دەگەڵ دراوسێکانی هەیە و کەس نکۆڵی لەوە نیە، بەڵام نابێ لە پەنا پێوەندی دیپلۆماسی رێگا خۆش بکرێ قاتڵی سەرکردەیەکی کورد وەک کەسایەتی دیپلۆماتیک فەرشی سووری لەبن پێ رابخرێ! بەڕێز بارزانی ئەو وێنەیە و پەیامی ئەو وێنەیە لە مێشکی کوردی رۆژهەڵاتدا بسڕەوە، مێژوو حوکمی یەکجار خەراپت لەسەر دەردەکا... من دۆستی تۆم، رێزم بۆت هەیە و هەمیشە پشتیوانی هەڵوێستەکانت بووم، بەڵام بە دیتنی ئەو وێنەیە راستت بوێ شەرمەزار بووم شەرمەزار....!

تێبینی: تکام وایە ئەوەی دۆستی بارزانی یە ئەو نامەیە بگەیەنێتە بارزانی، ئەگەر پەرۆشی خۆشەویستی و کەسێتی مەسعود بارزانی لەو نامەیە ئاگاداری کەوە.



Tuesday 25 November 2014

نە مێژووی حەسەن زیرەکتان بۆ خەوشدار دەبێ و نە مەهابادتان بۆ بەچۆک دادێ

نە مێژووی حەسەن زیرەکتان بۆ خەوشدار دەبێ و نە مەهابادتان بۆ بەچۆک دادێ
باسێکی دیکە لەسەر ڕاپرسیە ئامانجدارەکەی دەنگ و رەنگی رێژیم لە مەهاباد

دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە مەهاباد لە ڕاپرسیەکدا کە وەک هەمووشتێک دەچوو جگە لە ڕاپرسی سێ دەنگبێژ و هونەرمەندی خستنە ناو کێ بەرکێیەکی ناعادیلانە کە ئەو کارە بە ئاشکرا ئامانجی زەبر وەشاندن لە هونەر و کولتووری کوردانی لە پشت بوو.

یەکەم لە هەڵبژاردنی شێوەی ڕاپرسی دەبێ دوو شتی گرینگ ڕەچاو بکرێ یەکەم راپرسیەکە لە نێوان ئەو کەس یان لایەنانە دا بێ کە لە یەک بوار دا کار دەکەن، ئەگەرکارەکە هونەری بێ دەبێ سەبکەکان یەک بن و ناکرێ راپرسی لە نیوان دوو شێوازی جیاواز دا بکرێت و دەبێ ڕاپرسیەکە کارناسانە و هەڵسەنگێنراو بێت، بەڵام سەبارەت بە ڕاپرسیەی دەنگ و رەنگی ڕێژیم لە مەهاباد ئەو پرسیارە هەیە کە چۆن دەکرێ ڕاپرسی لە نێوان سێ هونەرمەند دابنرێ کە یەکەم:
یەکیان کورد بێ ودوویان فارس بن، یەکیان واتە حەسەن زیرەکی نەمر، زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ژیاندا نەماوە وبڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە هەموو دەسگا راگەیەنەرەکانی ئێرانیدا قەدەغە کراوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە مەگەر مەمانان کە تەمەنمان لە سەرێیە ئەو دەم و کاتمان باش لەبیرە کە حەسەنزیرەک و چریکە بەسۆزەکەی زەوی و ئاسمانی کوردستان و تەنانەت ئیران و عێراقیشی داگرتبوو ودەنگی و ناوبانگی ئەو کەڵە هونەرمەندەمان هەر لە یاد و لە مێشکیدا ماوە ، دەنا خەڵکی دیکە بە تایبەتی بەرەی لاو لەو دەنگە سیحراوییە بێبەش کراوە ودەگەڵی نامۆیە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە رەوانشاد موورتەزا پاشایی لە ناوەندی دەنگ و رەنگی رێژیم دا ئاوازەکانی بڵاو دەبنەوە و هەن و قەدەغەیان لەسەر نییە. ئەوە سەرەڕای ئەمەی کە مورتەزا پاشایی هەر یەک دووهەفتە لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە گیانی سپارد و خەڵکێکی زۆریش بۆی بەداخ بوو و بە دڵنیاییەوە لاوانی هونەر دۆستی کوردیش لەو خەمباریە دا بەشدار بوون . ئەگەر لێرە تەنیا سەرنجی ئەو کارەی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامی لە مەهاباد بدەین دەبینین کە لە حاڵ و هەوایەکدا کە زۆر لاوی کوردیش هۆگری بۆ مورتەزا پاشایی هەبووە و خەمناکی کۆچی ناوەختی ئەو هونەرمەندە دەنگ خۆشە هێشتا بەرۆکی بەرنەداوە لەپڕ بەرەوڕووی پرسیارێکی ئامانجداری وا دەبێتەوە سروشتیە کە دەنگ بدا بە مورتەزا پاشایی. من وەک خۆم ئەو کارە هیچ بە تاوانی خەڵکی مەهاباد و لاوانی مەهابادیش نازانم، جگە لە هەمووی ئەوانە ، لاوی کوردیش مافی خۆیەتی گۆرانی کێی پێ خۆش بێ یان نەبێ ، ئەوە هیچ گوناه و سووچێکی لە پشت نییە، گوناه و تاوان لەوەدایە کە بەڕیوەبەرانی ئەو پیلانە ئامانجیان وردکردنی حەسەنزیرەک و شکاندنی هەیبەتی مێژوویی مەهابادە. دەنا ئەگەر وا نەبوایە چۆن لە دوای ئەو هەمووە ناڕەزایەتیەی خەڵک سەبارەت بەو کارە ناڕەوایە هەیانبوو، بەڕێوەبەران لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن بەوپەڕی رووهەڵماڵراوی دێن ودەڵێن ئێمە تەنیا پرسیارمان کردووە گوناهمان نییە؟! ئەوە خەڵکە رای خۆی دەربڕیوە؟! بەڵێ ئەوە لە پیلانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەچێ و زۆر شارەزایانە کاری بۆ کراوە، ئەگەر کەسانێکیش ئۆباڵی ئەو سەرکەوتنەی ئیتلاعات دەگرنە ئەستۆی خۆیان و دەداوی ئەو پیلانە دەکەون ئەوە خۆیان لە داهاتوو و لە مێژووی خۆیان بەرپرسیارن.
دووهەم: سەبکی وتنی ئەو هونەمەندانە جیاوازە، مۆرتەزا پاشایی پاپی فارسی کوتووە و حەسەنزیرەکی کورد زیاتر گۆرانی و مەقامی فۆلکلۆری کوردی وتووەتەوە. پاشان هەر کام هی زەمەن و کاتێکی دیاری کراوی مێژووی هونەر و سیاسەت و کۆمەڵناسین، چۆن دەکرێ پێکیان هەڵکیشێ؟ کام ئوسوول و کامە پرەنسیبی ئەخلاقی ئەو رێگایە بە خۆیدەدا وێرای ئەو باسەی سەرەوە دەنگێکی قەدەغەکراوی لەبیرکراو لە پیلانێکی گڵاوی زاڵمانە دا بخرێتە ڕاپرسی دەگەڵ دەنگێکی ئەمرۆیی ئازاد و سەردەمیانە.

سێهەم: پاش ئەو ڕاپرسیە چما ئەو دەمگۆیەتان بڵاو کردۆتەوە کە مەهابادی قەڵای کوردایەتی و قوربانیدان پشتی لە کولتوور و هونەری کورد کردووە و رووی لە فارس و فارسیسم و هونەری داگیرکەران کردووە؟ ئەو دەنگۆیەتان ڕاستی ئەوە بۆچوونە دەسەلمێنێ کە ئەوە پیلانێکە و ڕاست بەو ئامانجە گەڵاڵەکراوە کە ئێوە مەهاباد و شاری کومار لە بەرچاوی خەڵک ڕەش بکەن و کێشە و دووبەرەکیش بخەنە ناو خەڵکی خودی شارەکە. بەداخەوە پیلانەکانی رێژیم هەمیشە لای روناکبیر و لای حیزب و لایەنی کوردیش هەر بە کەمتەرخەمی سەیری کراوە و زۆرجار بێ هەڵوێست بوون بەرامبەری ئەوانی وا لێکردووە کە خۆیان بە خاوەن هەق بزانن و ئەسپی خۆیان لە مەیدانی دوژمنایەتی کورددا تەقڵەکوت غاربدەن! ئەم بەشە لە ڕووناکبیر و لایەنی حیزبیش باشترین قسەیان لە کاتی وادا ئەمە بووە ، دەی کاکە ئەمە چییە گەورەی دەکەنەوە؟! ئەوە رەنگدانەوەی توێژی رووناکبیری کوردە بۆیە برادەرێک لە تاران ڕا بۆی نووسیبووم کە دۆینێ شەو لە تەلەویزیۆنی مەهاباد ئەوەی دیتم تەنیا هەر ئارمی تەلەویزیۆنی مەهاباد بوو دەنا ئەوی دیکە و ناوەرۆکی بەرنامەکان دەگەڵ هی تاران و قوم و کاشان فەرقی نەبوو!

ئەگەر لە پیلانی شانۆسازی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دا و بە نێوی حەڕەکەتی مەدەنی تەسلیمی شەپۆلی ئابڕووبەرانەی دەداوکەوتوان و فریوخواردوانی شانۆی هەڵبژاردن نەبایەین و هەڵوێستی شیاومان هەبایە ئەمڕۆ وا بە هاسانی بە ناوی دەنگی خەڵک تەمای ڕووشاندنی هەیبەتی ئوستوورە هونەریەکانمان ناگرن و خەونی بە چۆکداهاتنی مەهابادی شاری کۆمار و شاری شۆڕش و قوربانیدانمان پێوە نابینن.

با کەس پێێ وانەبێ ئەمن هێندە دەمارگژم کە پێم وایە خەڵکی ئێستا خەڵکی زەمانی کۆماری کوردستانە، با کەسیش پێی وانەبی کە من لاموایە خەڵکی ئێستا تەنانەت خەڵکی ٣٠ ساڵ لەمەوبەرە، بەڵی ئەوانیش داکشانیان هەبووە هەر وەک ئێمە و حیزبەکان داکشانی گەورە بە رووخسارمانەوە دیارە. روحی شۆڕشگێری لە ناو خەڵکی ئێمەدا لە تەنکێی داوە چوون ئیتر شۆڕشێک و بەرخۆدانێک لە ئارا دا نییە، خۆمە خۆمە و پاوان خوازی و خۆبەزلزانی ، شۆڕش و بەرخۆدان و کوردایەتی هەمووی وێکڕا قووتدان. سەرەڕای ئەمە هەر ئێستاو لە ناوخۆی کوردستان و لە هەلوومەرجی زۆر سەخت دا زۆرن ئەوانەی بە قەرا نووکە دەرزیەک سەریان بۆ رێژیم دانەنواندووە هەرگیز بە سازی رێژیم سەمایان نەکردووە. ئەو رووحە هەڵچووە و بەئیرادەو باوەڕە جارێکی دیکە دەبێ لە ناو خەڵکی رۆژهەڵات دا بە گشتی زیندوو بکرێتەوە باهەندێ خەڵکی سوک و بێ نرخ شانازی بە کارە شوورەییەکانیانەوە نەکەن و لاوان لە خشتە نەبەن. ئەگەرچی ئەو باسەی دوایی زۆریش پیوەندی بەو باسەی سەرەوە بەشێوەیەکی کۆنکرێت و دەقاودەق نییە بەڵام وەبیرهێنانەوە و ئاوڕدانەوەیەک لە خۆمان و ئینجا لە خەڵک ڕەنگە خەراپ نەبێ.
وتەی دواییم بۆئەوکەسانەی بەرپرسیاری ئەو ڕاپرسیەن ئەمەیە، ئەگەر دەداوی پیلانی رێژیم نەکەوتوون داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و پێ لە هەڵە و کارە سەقەتەکەی خۆتان بنێین، ئەگەر نا بەتەمای بەڕیوەبردنی پیلانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتن کە بەڕیوەبەری ڕاستەوخۆی تەلەویزویۆنی مەهابادە ئەوا دڵنیا بن نە مێژووی حەسەن زیرەکتان پێ خەوشدار دەکرێ و نە مەهابادتان پێ بە چۆک دادێ

Tuesday 18 November 2014


پێشمەرگە

زۆرن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و هەر بە ناوناوبانگەوە سوجدە بۆ گەورەیی و سوجدە بۆ بوێری و کڕنۆش بۆ لە خۆبردوویی پێشمەرگە دەبەن، زۆرن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و نە لە ماڵ و نە لە پایگا و نە پەنا تۆپ و تانکەکانی داگیرکەران دا لە ترسانی حەجمینیان هەیە. 

زۆریشن ئەوانەی هەر ناوی پێشمەرگەیان بیستووە و نە هەستی پڕ لە هەستی ئەویان دەرک کردووە، نە هەرگیز لە مانای روانینی پێشمەرگە بۆ ژیان تێگەیشتوون، نە هەرگیز فەلسەفە و باوەڕی بە هێزی پێشمەرگەیان بۆ قووت دراوە! و نە هەرگیزیش لە مانا و ناوەرۆکی پێشمەرگە دەگەن.

پێشمەرگە ئەو ئینسانە لە خۆبردووەی بە هەزار پیلان و بە هەزار هەوڵی چەواشەکارانەی دوژمن دڵخۆشکەر و بە هەزاران دەهۆ و دەگەی نامەردانە نە لەگەورەییەکەی کەم دەبێتەوە و نە ناوە پیرۆزەکەی بە قەرا زەڕەیەک خەوشدار دەبێ، ئەوەی نەیهەوێ لە پێشمەرگە تێبگا... بە کوتکیش لەسەری دەی تێناگا، ئەو بڕیاری خۆی داوە، ئەوەش کە لە ئاست گەورەیی و لە خۆبردوویی و پێرۆزی ناوی پێشمەرگەدا خۆی بە بەرپرسی وێژدانی دەزانێ ئەوا دڵنیام وێرای من بە شانازییەوە بۆ گەورەیی و فیداکاری ئەو مرۆفە گیانفیدا و لە خۆبردوویە سەری کڕنۆش دادەنوێنێ.

من سەرم لەو هەمووە هێز و باوەڕە سووڕ ماوە، من حەپەساوم لە ئاست گەورەییت، من بێتوانام لە ئاست لێکدانەوەی ئەو ئیمانە و ئەو هەستە بەرزەت، من چەندە بێنرخم کاتێ فاخری فەخری کوردستان بەم شێوەیە لە جیاتی وەک پەککەوتە لە ماڵ بمێنێتەوە و وەدوای ژیانی ماڵ و منداڵی خۆی کەوێ، پارەو دراو کۆکاتەوە و قەڵا و کۆشک و باڵاخانەی پێساز بکا... لە مەیدانی ئەو مین و تەوقەمەنیەی کە داعش بۆ خەڵکی کوردی داناوەتەوە و ئەو خەریکی هەڵگرتنەوەیانە گیانی پاکی بە خاک و نیشتمانی کوردان دەبخشێ... 

ئای کەلەئاست گەورەییت هیچ شتێکم پێشک نایە کە لەگەڵتی بخەمە تای تەرازوویەک و پێکتان هەڵکێشم، یان هیچ شتێکم پێشک نایە کە بە نموونەی بێنمەوە و لانی کەم بڵێم کە ئەویش تات ناکات! نا.. نا ..بە دڵنییایەوە تۆ بێ هاوتای... هەر خۆت گەورە و هەر خۆت سەروەر و هەر خۆت سەرداری، هەر تۆ و هاوڕێیانی پێشمەرگەت فەخری کوردستانن ... 

دووبارە کڕنۆش و خۆزگە دەسەڵاتم هەبا لانی کەم یەکەم پەیکەرەی پێشمەرگەم لە هەیبەتی تۆ و لە پێتەختی هەرێمی کوردستان ساز کردبا فاخری برام... فاخری پێشمەرگە.... کوردستان و ئاڵای کوردستان خۆش...

وێنەی "فاخر" لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تازەترین گیانفیدای کوردستان لە دیواری کاک ئاریان فەرەج وەرگیراوە.






زستان

لە کوردەواریدا دەڵێن کە زستان هات بەڕەی فەقیری دڕا! ئەوەش راست بەو هۆیە کوتراوە کە مرۆڤی فەقیر بێ کار و کاسبی دەبێ و نانێکی لێ دەچێتە پشتی شێران. لەم بارەوە بەڵێ زستان روویەکی دزێو و ناحەزی هەیە.

بەڵام رووی دیکە زستان ئەو سروشتە جوانەیە کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا وەک یەکێک لە چوار وەرزەکەی ساڵ جێگای خۆی لە نێو ڕۆژژمێر و مانگەکاندا کردۆتەوە. زستان زۆر جاران رەوتی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێ، لەم بارەوە بەو باری دا دەخات، وەک کوتم فەقیر و بێ ئەنوا بە تایبەتی لە کوردستانی خۆمان ڕەنگە رقیان لێی ببێتەوە، بەڵام هەر لەو کوردستانە ڕەنگە منداڵەکان تەنانەت منداڵی فەقیر و هەژارەکانیش کەیفیان پێێ بێ، ئەوان خۆیان بۆ خلیسکێن و تۆپ تۆپێنی بەفر و دروستکردنی پەیکەرەی جۆراوجۆری بەفرین ساز دەکەن.

زستان بە هەموو سەختی و ساردو سڕێیەکەیەوە لای زۆر کەس جوانی خۆی هەیە، من کە منداڵ بووم یەکێک لە خۆشترین و جوانترین وەرزەکانی سال بەلامەوە زستان بوو. خلیسکێن و تەپکە دانانەوە کایە دیارەکانی ئەو دەمە بوو کە من سەیر تامەزرۆیان بووم. من و هەڤاڵانم کە لە گەڕەکی شیرکەتی نەوتی لە مەهاباد دەژیان، زۆر جاران بۆ خلیسکێن دەچووینە هەورازی تەپەی قازی یان ئاشی مام ئەحمەدی، لەو سەراولێژییەڕا ڕابە خلیسکێن هاتنە خوارەوە تامێکی سەیری هەبوو، ناڵچە لێدان و چەست لێدان ولە سەر یەک لاق رۆێشتن کاری هەمو کەس نەبوو بە تایبەتی لەو سەراولێژییەی ئاشی مام ئەحمەد و تەپەی قازی.

تەپکە دانانەوە یەکێک لە خۆشترین کاتەکانی ژیانی زستانی منی بە خۆوە تەرخان دەکرد، کەیفم پێی دەهات، بیرەوەریە شیرینەکانی ئەو دەمە هەر ماون. جیرانێکمان هەبوو نێوی گوڵبەهار بوو، ئەو ژنێک بوو خاوەنی چەند کوڕ و کچ کە زۆریان لە من بە تەمەنتر بوون، هەمیشە تەپکەی دادەناوە لە زۆر کەس پتری دەگرت، ئەوکات هەر پشت ماڵە خۆمان و چەند سەت میتر ئەولاتر هەمووی زەوی و زار بوو و زستانان بابەتی تەپکە دانانەوە بوو. گوڵبەهار تورک بوو، منیش رەفیقێکی بە رەگەز تورکم هەبوو بەڵام زۆر زەحمەت بۆت لێک دەبووە کە تورک بێ، ناوی حەیدری باهووش بوو، برای گیانفیدا شەهریاری باهووش.

باهووش بە هۆش بوو لە فێڵ و تەڵەکەشدا بە تایبەتی، ئەو دەیزانی گوڵبەهار جێگای چاک دەبینێتەوە بۆ تەپکە دانانەوە و هەمووڕۆژێ ریرەوی تەیر و باڵندە بچکۆلەکانی وەک، سریلە، چۆڕڕە، قازەڵاخ، سێروو و ئەوانی دیکەی لە مەمانان چاکتر دەدیتەوە. هەر بۆیە دەچوو تەپکەکەی یان لە پیش تەپکەی گوڵبەهار دادەناوە و یان لە دوای ئەو، باهووش باریکەڵەودرێژ و چوست و چالاکیش بوو، دەگەڵ ئێمە لەتیمی فوتباڵی گەڕەکێدا کایەی دەکرد. جار جارە هەر داعبایەک بە تەپکەکەی گوڵبەهارەوە دەبوو باهووش لە پێش هەموان دا غاری دەدایە و دەیکوت ئەها بە هی منەوە بووە. لە دووریش ڕا زۆر زەحمەت بوو بۆت لێکبدەبۆوە کە ئەو باڵندەیە بە تەپکەی کێوە بووە؟ هەتا گوڵبەهاری هەناسەسارد دەگەیشتێ باهووش کە لە سەر توولە رێگاکە و پشتی دە ئێمە بوو کاری خۆی دەکردو داعباکەی لێدەکردەوە و دەچوو لە سەر تەپکەکەی خۆی کە هەر دوو بست لەو لاتر بوو و لە قەستی خەریکی داپۆشینی سەر لە نوێی تەپکەکەی خۆی دەبۆوە، ئەننەما داعباکە هەر ڕاست بە تەپکەی خۆیەوە بووە! دیارە بەو حاڵەش گوڵبەهار لە ئاخری دا کە هەموانی پتر دەگرت. جار جارەش گوڵبەهار شکی لێدەکرد و دەبووە قڕەیان بەڵام گوڵبەهار زوو خاو دەبۆوە و پێدەکەنێی و دەیکوت هەتیوە "دازەڵاخی" من بدزی دارت بۆ دەکەم ها!

زستان بۆ من بەو یادەوەریانەوە جوانیەکەی جارانی هەر ماوە، ئێستاش وەک رابردوو و بە پێچەوانەی زۆر کەس هەرگیز ساردی و سەرما رێگای ئەوەی لێنەگرتووم کە سێ مانگەی زستانێ و بە تایبەتی لە رۆاژانی بێکاریم دا لە قوژبنی ماڵ دابنیشم و ئەو دنیا جوان وبەرفراوانە بۆ ٤ بست و چوار دیواری ژوورێک بەجێ بێڵم. ئێستاش هەر وەک دەورانی منداڵێم خۆلیا و خۆزگەکانم هەر لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت دا دەبینمەوە و هەر بەیادی ئەو کاتیش پاشماوەی تەمەنی پڕ لە چەرمەسەریم کە ڕەنگە زۆری بەبەرەوە نەمابێ لە ناو سروشت و جوانیەکانی سروشت بە هەموو وەرزەکانییەوە دەبەمەسەر.

Tuesday 21 October 2014

شەڕی چارەنووسساز

شەڕی چارەنووسساز

بەداوای چڕبوونەوەی گەمارۆی کۆبانێ و هاتنە دەنگی وڵاتانی رۆژئاوایی و بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی داعش لە دەوروبەری کۆبانێ لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، ئەگەرچی هیرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کەمبوونەوە جار جارە سستی لە پەلامارەکانیاندا دەبینرێ بەڵام مەترسی داگیرکردنی کۆبانێ و کوشتاری بە کۆمەڵی پاڕیزەرە قارەمانەکانی کۆبانێ هەر وا بە قووەت لە جێگای خۆیەتی.

ئەو شەڕە و ئەو هجووم وپەلامارەی داعش ئەوندەی بەرهەمی دوژمنایەتی داعشە وەک هێزێکی وەحشی و دڕندەی مەترسیدار بەرامبەر بە کورد، شەڕێکی ئیقلیمی و ناوچەییە کە بە گشتی لە نێوان ئێران و بەشار ئەسەد شیعە و عەلەوی و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و تورکیا و عەڕەبەستانی سعوودی و بەرەی سووننی لە لایەکی دیکەوەیە. ئەگەر ئێران بە پاڵنانی داعش بەرەو باشووری کوردستان بووە هۆکاری شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە بەرەی دووهەم و سووننە نزیکە ئەوا تورکیا بە پاڵنان و هاندانی داعش بەرەو کۆبانێ ویستی گۆمەکە زیاتر بشڵەقێنێ و بە ئێران نیشان بدا کە ئەویش توانای وڵامدانەوەی بە پیلانگێڕیەکانی ئێران هەیە و دەتوانێ بە حەڕەکەتێک هەم پێگەی ئێران وئەسەد لە ناوچەکە لەق بکات و هەمیش دوژمنێکی بناگوێی خۆی کەم کاتەوە.

ئەو کێ بەر کێی و شەڕی ئیقلیمیە بەداخەوە کارتی یاریەکەی بە خوێنی کوردان دەگەڕێ کە هەمیشە بۆ بەرژەوەندی دوژمنان وداگیرکەران خۆشدەست بووە. لەوەتا کورد هەیە لەو یاریانە دا دۆڕاو و خەسارەتباری سەرەکی بووە. بەڵام ئەوجارە جگە لە مەترسی لە ناوچوونی هەندێ دەسکەوتی کورد لەو ناوەدا شەڕێکی ئیقلیمی گەورەتر لە ئارادایە کە ئەوەندەی بۆ کورد چارەنووسازە بۆ ئێران وئەسەد و هاوپەیمانانیشی چارەنووسسازە.

ئەگەرچی تا ئێرە و لە باری جووڵاندنی شەقامەوە ئێران و بەرەی ئێران وەک سەرکەوتو دیارن بەڵام بە روانینێکی سەرپێێ لەئایندە بۆمان دەرکەوێ کە ئەمجارە تورکیا خاڵی سەرەکی کێشەکەی دیوەتەوە و لەڕاستیدا لە سەری مارەکە دەگەڕێ وسوورە لەسەر بە ئەنجامگەیاندنی بیرۆکەی بەرەی سوننی و دنیای غەربیش بە هەر نرخێکی مومکین. هەربۆیە لە ئاست پەلاماری داعشدا بۆ سەر کۆبانێ تورکیا بۆ یەکەم جار لەهەموو مێژووی سیاسیی خۆیدا بەرامبەر بە ئەمریکا وناتۆ ڕاوەستاوە دەڵێ شەڕی داعش ناکەم مەگەر زەمانەتی ئەوە هەبێ کە ئەو شەڕە بە ڕووخاندنی بەشار ئەسەد و حکوومەتی سووریا تەواو بی. دیارە ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە تەنانەت بە هێزی سەربازی دەگەڵ داعش ڕاستەوخۆ بکەوێتە شەڕ و لە یەکەم رۆژەکانیشدا فرۆکەکانیان چەند گەشتێکێان بە سەر کۆبانێ و دەوروبەریدا لێدا کە دەس بەجێ دەگەڵ کاردانەوە و مەحکووم کردنی سووریا و ئێران بەرەوڕوو بوو. لەم نێوە دا ئێران باشدەزانێ کە نەمانی بەشار ئەسەد یانی نەمانی ئەڵقەی پێوەندی ئێران و حیزبوڵڵا و ئێران و حەماس، یانی نەمانی ئێران و نەمانی هەموو ئەو دلسۆزیە بەدرۆیانەی بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و لوبنان لە خۆی نیشاندەدا بۆ ئەوەی بیکاتە بەهانەیەک بۆ کوتان و سەرکوت کردن و دەمکوت کردنی ئازادیخوازانی ئێرانی وکورد کە لە بچووکترین مافی ئینسانی و نەتەوەیی بێبەش کراون.

دوای ئەو قسانە ئیتر ئێران وسووریاش کەوتنە خۆ و ئەوەی ئێستا لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە هەولێر دەیبینین گومانی تێدا نییە کە بەشێکە لەو شەرە ئیقلیمییەی کورد تێدا سادەتر و بێ ئەنوا ترین کارتی گوشارە. بەڕوونی و بە ئاشکرا ئێران پەیامی خۆیدا بە ئەردوغان وبە تورکیا کە ئەگەر دەست لە رووخانی ئەسەد هەڵنەگری ئەتۆش ناتوانێ رووی ئاسودەیی بە خۆتەوە ببینی. ئیزندان بەسووتاندنی ئاڵای تورکیا بۆ یەکەم جار لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی کردستان گەمژەترین پەیامی ئێران بوو بە تورکیا.

بە داخەوە لەم نێوەدا هەر کوردە کە لەباکوور و لە کۆبانێی و لە باشوور کەتۆتە بەر پەلاماری تورک و داعش کە جارێ لە بەرەیەکی دژ بە کورد دا یەکیانگرتۆتەوە. لەم نێوەدا ئەگەرچی داعش لە لایەن ئەمریکا وهاوپەیمامانی لە ژێر گوشار دایە بەڵام زیرەکترین یاریکەری مەیدانەکەیە، بۆ ‌هجوومکردنە سەر باشوور پارەو پوڵ و چەک لە ئێران و لە سووریا وەردەگرێ، بۆ هێڕش کردنە سەر کۆبانێ هەموو جۆرە یارمەتیەکی لە لایەن تورکەکانەوە پێدەگا، بۆ هێڕشکردنە سەر ئەسەدو هێزەکانی حکوومتی عێڕاقیش ئەوا دۆڵار و دیناری عەرەبستان وقەتەریشی بە لێشاو بۆ دێت. لە ئێستاشدا ئامانجی سەرەکی هێرشکردنە سەر کۆبانێ ئەمەیە کە وەک خاڵێکی سەرەکی بازرگانی و توجاری سەیری ئەو سنورە دەکات تا لەوێوە و لە ڕیگای فرۆشی نەوت بە تورکیا بتوانێ بە کڵۆ دۆڵار بۆ خۆی و بۆ جیهادیەکانی هاوبیری کۆبکاتەوە.

ئەوەی سەرەوە راستیەکە ڕەنگە زۆر کەس و سەرکردە کوردەکانیش بیزانن، ئەگەر نایزانن با بیرێک بکەنەوە و ئاگادار بن کە ئاسۆی رووداوەکان بەرەو کوێ دەچێ و ئایندەی ئەو کوردە لە هاوکێشە ئیقلیمیەکان لەو دەڤەرە پڕ کێشەیە بە نەمانی بەشارئەسەد کە لە پلانی ئەمجارەی رۆژئاوادا ئەگەریکی بە هێزە چی لێدێ؟

Sunday 5 October 2014

داعش و کوردو سیاسەت


داعش و کوردو سیاسەت

کورد لە ناوچەدا نە حاکم و دەسەڵاتدار بووە و نەستەمگەر، ئەو هەمیشە زۆڵمی لێکراوە، قوربانی دەستی زۆرداری داگیرکەران بووە،هەر لەسنەو پاوەڕا تا مەهاباد و ورمێ هەر لە بارزان تا هەڵەبجە، لەئەنفال و کیمیا باران و قەتڵوعامی بە کۆمەل کراوە ، دەیان و سەدان هاوڵاتی کورد لە باکور بوونەتە قوربانی رەگەزپەرەستی تورک، لە رۆژئاوا رێژیمی ئەسەدی باوک و کور جگە لە حاشاکردن لە بوونی کورد لەو ولاتە سەدان کوردیان لە ژێر ئەشکەنجە دا کوشتووە، کورد لەو ولاتانە بە گشتی لە ژێر ستمەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکی کەم وێنە دابووە، ئەو ستەملێکراوترین گەل و نەتەوەی هەمووسەدەی ڕابردوو بووە.

کورد موسوڵمانە، زۆربەیان سوننین، کۆمەڵگایەکی سوننەتی ئیمانداری هەیە، ئەدی خێرە داعش کە خۆی نوێنگەی سوننی و ئیسلامی محەمەدییە رووی شەڕ و کوشتاری کردۆتە کوردستان؟

داعش کە ساز بوو سەرەتا وەک رێکخراوێکی دژی بەشار ئەسەد سەری هەڵدا، بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستا بەقەرا ئەو چەند ڕۆژەی شەڕی کۆبانێی نە فیشەک بە حکوومەتی ئەسەدەوە ناوە و نە شەڕی دەگەڵ کردووە و نە زەرەری بۆی هەبووە، لە دوایی شەڕی دەگەڵ ئەسەد دا شاری رقەی گرتەوە کە پێگەیکی نیزامی و ئاسمانی گرینگی حکوومەتی سوریای تێدابوو، بەڵام سەرەڕای تەبلێغاتێکی زۆر کە گۆیا چەند سەت کەس لە شەڕی گیرانەوەی رقەدا کوژران ئەویش هەر شانۆیتەک بوو کە لە لایەن بەشاری کورێ حافز ئەسەدەوە بەڕیوە چوو. شانۆیەک راست بە کۆپی کردن لە مالیکی و تەسلیم کردنی موسڵ و سەلاحەدین وئەنبار و هەموو ئەو چەکو چۆڵانەی کە لەو ناوچەیە داهەبوو . لە زۆر شوێندا شوێن دا داعش پەلاماری هێزەکوردیەکان دەدا و هەوڵ و تەقەلای ئەوەیە کە خۆی بگەیەنێتە شوێنە ستراتیژیەکان بە تایبەتی شوێنە نەوتیەکان، ڕیگاو بانە سەرەکیەکان، ئاو و رووبار وبەنداوەکان، کێ ئەو زانیاریە و ئەو خەریتە سەربازی و ئەو نەخشەسەربازییە پڕ بەهایە دەداتە داعش و ئەوانە کیێان دەگەڵ دایە کە وەها بە بەرنامە و بە جیددی کار بۆ داگیرکردن یکوردستان دەکەن ؟ ئایا داعش دەیهەوێ خەلافەتی ئیسلامی یان ئیمپراتۆریەکی عوسمانی دیکە لە سەر خاکی کوردستان و بەشێک لە خای عەڕەبی سوریاو عێراق دابمەزرێنێ؟ ئەوانە پرسیارگەلێکی جیددین کە پێویستە هەموو لایەک بیر لە وڵامەکانی بکەنەوە.

هێرشی سەرەکی داعش هەر لە جەلەولا تا دەگاتە کەرکووک و مەخموور و شنگال لە باشوور و حەسەکە و جزعەو تەل حەمس و کۆبانێ تا ئێستا درێژەی هەیە، رۆژ نییە کوڕو كچانی کورد لەو شەڕانەدا خەڵتانی خۆێن نەکرێن، رۆڵەکانی کورد لە رۆژئاوا و لە باشوور خەریکی بەرگری قارەمانانە لە کوردستان و خاکی کوردستانن، ئەو شەڕە تاکەی بەردەوام دەبێ؟ بۆچی کورد بۆتەئامانجی سەرەکی هێرشەکانی داعش؟ کورد لەو کات ودەم دا دەبێ چ بکا؟ ئەوانەی هەمووی پرسیار گەلێکن کە وڵامەکەی تەنیا لە لای دەسەڵاتدارانی حیزب و حکوومەت دەست دەکەوێ، ئێمە ئەوەندە دەزانین حیزبەکان لە جیاتی ئەوەی کە دوژمنی سەرەکیان لە بیربچێتەوە و هەر خەریکی یەکتر تاوانبارکردن و کوتان و هیرشکردنە سەر یەک بن، واچاکە مەترسی داعش بەجیددی وەربگرن، داعش ئێستا هیزێکی بە هێزی ئیقلیمیە هەم لەباری ئیدئۆلۆژی و هەمیش لەباری پێگەی جەماوەری و هەمیش لەباری پشتیوانیکردن لە لایەن دەوڵەتە عەڕەب و دەوڵەتە دژبە کوردەکان.

لەملاوە کورد هیچ پشتیوانیەکی ستراتیژی تا ئەم دەقیقەیە نیە، هەرچی پشتیوانییە بە هی رۆژئاواشەوە هەمووی لە سەر ئەساسی یەکگرتنەوەی بەرژوەندیەکانە، هەر بۆیە ئەگەر نەتوانێ هاوپەیمانی ستراتیژی بۆخۆی پەیدا بکات و نەتوانێ متمانەی جیددی لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتی رۆژئاوا و لەسەرووی هەموانەوە ئەمریکا بەدەست بێنێ، گومان نییە کە دەبێ چاوەڕوانی زۆر شەڕ و کاولکاری و کارەساتی دیکە بین. کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسیە، ئەو شەرەی بەرۆکی کوردی گرتوە بەر لەوەی شەڕی هێزێکی چەکداری خیلە سەر بێ شەڕی باوەڕ و فکرەیەکی سساسیی و ئیدئۆلۆژیەکی نەگۆڕ و چەقبەستوویە کە سەدان ساڵە کاری بۆدەکرێ و تەنانەت لە ناو کردەکانیش دا بە دڵنییایەوە لەیەنگری بەرچاوی هەیە، کەواتە قورسایی کاری کورد و تێکۆشانی کورد وێڕای بەرخۆدان ومقاومەتی سەرسەختانەو قارەمانانە دەبێ سیاسەت و دیپلۆماسیەت و پەیداکردنی دۆست وهاوپەیمانی ستراتیژی بێ، کورد ئەگەر بەتەمای رزگاری خۆیەتی و حیزبەکان ئەگەر خەمی خەڵکیان لەبەرە وێڕای واز هێنان لەو دووبەرەکی و دژایەتیکردنەی یەکتر، نابێ بۆ ئێستا سیاسەت بکەن بەڵکوو دەبێ داهاتوویان لەبیر بێ و لە ڕاستیدا شەڕی داهاتوو بکەن نەک ئێستا.خۆ قەرار نییە کورد هەتا هەتایە هەر لە ئاوارەیی و شەڕ و کاولکاری دابێ، ئەدی ژیان ، ئەدی ئاسوودەیی، ئەدی ئاوەدانی؟

Wednesday 13 August 2014

سەرکەوتنێکی گەورە بۆکوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان


سەرکەوتنێکی گەورە بۆکوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان 


ئەگەرچی ئێمەی کورد هێشتاش راهاتوون کە دڵخۆش بین بەوەی کە بە قڕمەی تفەنگ گردۆکەیەک، تەپۆلکەیەک لەدەستی دوژمن یان ئەم و ئەو دەربێنین و بە سەرکەوتنی مەزنی بزانین، بەڵام کێشەي کورد کێشەو گرفتێكی سیاسییەو بەو پێیە تەنانەت قرمەی تفەنگەکانیشمان دەبێ هەر لە خزمەت سیاسەت دابێ.


کۆڕەوی کوردان و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە یەکێک لە تراژیدیەکانی مێژووی نەهێندە دووری ئێمەیە کە لەو دا بە هەزاران ئینسانی بێدیفاع و بێتاوان گیانی خۆیان لەدەست دا کە چی وێڕای ئەو هەمووە نەگبەتی و چارەرشیە کورد توانی پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بۆخۆی بەدەست بێنێ تا ئەو جێیەی مەداری ٣٢ دەرەجە و قەدەغە کردنی فڕینی هێزی ئاسمانی عێراقی بە سەر بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا و هەر ئەمەش لە دوایی دا بۆ بە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەرینی -٩٢-٩١ کە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو حکوومەتەی سەرەرای هەموو کەموکوڕیەکانی تاکە حکوومەتی دیار و یاسایییە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێداناوەولە پێتەختی ئەو حکوومەتە دا بە دەیان کۆنسوولگەری و نوێنەرایەتی سیاسیی و بازرگانی جیهان جێگیر و لەو پەڕی ئارامی وئاسایش دا کار و باری خۆیان بەڕێبردووە.دیارە ئەوە بە یەکەم و گەورەترین دەسکەوتی سیاسیی هەموو مێژووی کوردیش تا ئەم کاتەی ئێستا دێتە ئەژمار.

لە تازەیرین دوژمنکاری و پیلانی داگیرکەراندا و بەدوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزای شنگال و داگیرکردنی شنگاڵ و چەند گوندێکی ئەو دەڤەرە و ئەگەرچی زۆر یەک لە دوژمنان و بەشێک لە ناحەزان و ئەوانەی خەونی گولیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبینی وایان دانا کە ئیدی حکوومەتی هەریمیش وەک حکوومەتی عێراقی بەسەر دێ و هێزی پێشمەرگەش لە ئاست داعش و پەلامارەکانیدا وەک سوپای عێراق دەست بەردەداتەوە و تەسلیم دەبێ و خۆڵا هەڵناگرێ ئەو دوولایەنە تا ئێرە بە شەریکی زۆریشیان هەوڵ دا تا ورەی پێشمەرگەو خەڵک بڕۆخێنن بەڵام بە دەیان پەلاماری چووک و گەورەی داعشی ترۆریست لە ئاست بەرخۆدانی پێشمەرگە دووچاری شکست و سەرشۆڕی هات. ئەگەرچی ئەو بەرخۆدانە تا ئێرە بە گیانفیداکردنی زیاتر لە ١٥٠ پێشمەرگەی کوردستان تەواو بووە. ئەو خۆڕاگریە بە تایبەت سەرەڕای نەبوونی چەکووچۆڵی تەواو و پێشکەوتوو وەک ئەوەی داعش لەبەردەستی دایە بوو بە جێگای سەرنجی هەموو جیهان و میدیا جیهانیەکان پێشمەرگەیان وەک سوپایەکی رزگاریدەر و بەتوانا لە بەرامبەر هێرشەکانی داعشدا پێناسە کرد و لە مێدیا جیهانیەکان ناوی پێشمەرگە بوو بە رەمزی بەرخۆدان و دیفاع لە خاک و نیشتمان. 

ئێستا و ئیدی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری ساوایی و کەموو کوڕیەکان باشترین و جێمتمانەترین حکوومەتی ناوچەکەیە (بەدوای تورکیا دا) کە بتوانێ ئەمنیەت و ئاسایشی کوردستان و تەنانەت دەوروبەریشی لە داهاتوو دا بپارێزی، هەر بۆیە لە یەکەم هەنگاو دا دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمانی ئۆباما راستەخۆ بڕیاری دیفاع کردن لە حکوومەتی هەریمی کوردستانی دەرکرد و لە دووهەم کاردانەوەی دا بڕیاری ناردنی راستەوخۆی چەک و تەقەمەنی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد. ئەوە یەکەم دەسکەوت و یەکەم سەرکەوتنی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە قۆناغێکی یەکجار چارەنووس سازدا.

ئەمڕۆ بە دوای هەڵوێستی بە جێی ئەمریکا وڵاتانی ئەڵمان و فەرانسە بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە بڕیاری ناردنی ڕاستەوخۆی چەک و تەقەمەنیان بۆ هەرێمی کوردستان داوە و بە دڵنیایەوە وردە وردە ولاتانی ئوروپایی بە گشتی بەو قەناعەتە دەگەن کە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیە بە ئاساێس وئارامی ناوچە و یارمەتیە بە پڕۆسەی دێمۆکڕاسی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەش بە بڕوای من گەورەترین دەسکەوتی سیاسیی حکوومەتی هەرێمە لە قۆناخێکی زۆر هەستیار دا هەر بۆیەشە دوژمنان و ناحەزان لە بەرامبەر گەی کورد و ئیرادەی ئەو گەلە ، حکوومەت و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یان سەری تەسلیمیان بەرداوەتەوە و لەو پەڕی پروپاگەندە دژی حکومەتی هەریم ڕا هاتوونە سەر ئەوەی کە بڵێین "ئێمە ئامادەین چەک و تەقەمەنی و یارمەتیەکانی دیکە پێشکەش بە حکوومەتی هەرێم بکەین" یان ئەوە هەندێک لە خەڵکی بەرژەوەندیخواز و قین لە دڵ کە ئامادەن کوردستان بکەنە قوربانی لە پێناو ئامانجە حیزبی و تاکە کەسیەکانی خۆیان شەپۆلی هێرش و پەلامارو بوختانی بێ جێیان بۆسەر حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەو حکوومەتە واتە مەسعوود بارزانی کە بە دڵنیاییەوە شوێندانەرترین و کاراترین کەسایەتی پێکەوەژیانی برایانەیە لە کوردستان و لە ناوچەکەشە درێژەدەدەن، دیارە من لەوە دڵنیام کە لە کۆتایی دا جگە لە شەرمەزاربوون لە بەرامبەر مێژوو دا چیتریان بۆ نامێنێتەوە ڕۆژێک دادێ ئەو کۆمەڵە خەڵکە لە خۆیان بپرسن کە لە مەترسیدارترین کاتەکاند ا ولە گەرمەی جنایەت و کارەساتی داعشی ترۆریست لە پەلامەری بۆ سەر کوردستاندا ئەوان چۆن هاوکاری داعشبوون بۆ دابەزاندنی ورەی خەڵک و پێشمەرگە و دەوری ستوونی پێنجەمیان گێڕا ئەگەرچی بە خەیاڵی خاوی خۆیان جۆرێک دڵسۆزیان دەنواند بۆ کورد و بۆ خەڵکی لێقەماوی شنگاڵ. ئەمڕۆ و بە لە گۆڕنانی پیلانی هەرە گەورەی داگیرکەران بە خۆشیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی خێرای دیکەی بەرەو بە دەوڵەت بوون و سەرەبەخۆیی هەڵێناوتەوە و زامنی ئەو هەنگاوەش بەر لە هەموو شت یەکدەنگی و هاوئاهەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی پێوێستە دەنا پشتیوانی نێودەوڵەتی وەک کاراترین پاڵپشت و ئیمکان ئەوە ئێستا ئامادەیە و لە بەردەست دایە.

بۆ پێشەوە بەرەو یەکیەتی و برایەتی هێزە سیاسیەکانی کوردستان
نۆ پێشەوە بەرەو ئامادەکاری راگەیاندنی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردی
بژی کورد، بژی کوردستان


Friday 1 August 2014


کێ راست ده‌کا ؟ ئێمه‌ یان ئه‌وان‌؟                             برایم جەهانگیری
کێ راست ده‌کا ؟ ئێمه‌ یان ئه‌وان‌؟                             برایم جەهانگیری

 ،با زۆر بەڕاشکاوی بڵێم که‌ ئه‌وه‌ی دیاره‌ و هه‌موومان ده‌یزانین ئه‌مه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی کورد به‌ گشتی بۆته‌ دووبه‌ش، به‌تایبه‌تی له‌ باشوور و له‌ رۆژهه‌ڵات که‌ به‌ کرده‌وه‌ چاره‌نووسیان به‌ یه‌که‌وه‌ گرێدراوه‌. ئەگەر من خۆم وەک یەکێک لەو لایەنانە دابنێم دەبێ بڵێم کێ راست دەکات ئێمە یان ئەوان؟ له‌م دابه‌ش بووونه‌ دا لایه‌نێک پیێ وایه‌ که‌ کاتی راگه‌یاندی ده‌وڵه‌تی کوردی و راپرسی گشتی واته‌ رێفراندۆم بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی له‌ گه‌ڵ عێراق مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ ‌وه‌ڕێ بخرێ و لایه‌کیش پێێ وایه‌ که‌ کاتی وه‌ی نەهاتووه‌ و باشتره‌ ده‌گه‌ڵ عێراق و حکوومه‌تی ناوه‌ندی بمینینه‌وه‌، چوونکه‌ هه‌ر چوارلامان دوژمن و داگیرکه‌ره‌ و ئه‌وان ناهێلن کورد ببێ به‌ دوڵه‌ت و رای گشتی دنیاش ده‌گه‌ڵمان نییه‌.

 من ده‌گه‌ڵ خه‌تی یه‌که‌میانم و پێم وایه‌ کات بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ رێگای رێفراندوم و راپرسی گشتی زۆر له‌باره‌. به‌ڵام با جاڕێ بێمه‌ سه‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ لایه‌نی دژ به‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی پشتی پێده‌به‌ستێ، ئه‌وان و ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ وا بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ راستی دا له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ له‌مپه‌رێکن له‌ به‌ر ده‌م راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ پله‌ی یه‌که‌م یه‌کیه‌تی نیشتمانی و به‌ پله‌ی دووهه‌م پ ک ک و لق و پۆیه‌کانی دێن. له‌ باشوور تا ئێستا گۆڕان به‌ ڕه‌سمی هیچی نه‌کوتووه‌ و به‌ روونی دیار نییه‌ ده‌گه‌ڵ کام لایه‌نه‌، وادیاره‌ راوه‌ستاوه‌ تا بزانێ قورسایی و گرانی ویسته‌که‌ به‌ کام لا داده‌گه‌ڕێ ئه‌و ده‌م خۆی یه‌ک لا بکاته‌وه‌. ئیسلامیه‌کان ئه‌گه‌رچی به‌گشتی و به‌ڕه‌سمی هیچیان نه‌کوتووه‌ به‌لآم وادیاره‌ ئه‌وان زیاتر ده‌گه‌ڵ حه‌لافه‌تی ئیسلامین تا ده‌وڵه‌تی کوردی!

  هۆکار یان باشتر بڵێم به‌هانه‌ی لایه‌نی دووهه‌م بۆ هه‌وڵنه‌دانی پێک هێنانی ده‌ووڵه‌تی کوردی له‌ راستیدا بۆ دوو یان سێ هۆکار ده‌گه‌رێته‌وه‌، یه‌کیه‌تی نیشتمانی و پ ک ک ش به‌ گشتی پێوه‌ندێیه‌کی ژێر به‌ ژێر و قوڵیان ده‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و به‌و پێیه‌ش ده‌بێ نێوانیان ده‌گه‌ڵ مالیکی که‌ هیچ گومان نیه‌ دارده‌ستی ئێرانه‌ خۆش بێ. له‌و باره‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ پ ک ک بیده‌نگه‌ی لێکردووه‌ چوون ده‌زانێ ویستی سه‌ربه‌خۆیی خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و ئه‌ویش نایهه‌وێ له‌و باره‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی باشوور خۆی به‌روه‌ڕووی پرسیاری بێ ولام بکاته‌وه‌. به‌ڵام یه‌کیه‌تی له‌به‌ر هۆکاری دووهه‌م که‌ ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ ئه‌وان پشکی سه‌رۆک کۆماریان له‌ عێراق به‌رکه‌وتووه‌ و به‌داخه‌وه‌ لێره‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و مه‌سله‌حه‌تی تاکتیکی به‌ری چاوو ڕوانینی یه‌کیه‌تی کز کردووه‌ و ناهێڵێ واقعبینانه‌ بیر له‌و ده‌رفه‌ت و هه‌له‌ بکاته‌وه‌ که‌ بۆ کورد هه‌ڵکه‌وتووه‌. که‌ واته‌ دووهه‌م هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی به‌رامبه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی پێجه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی مێژوویی خۆشی ره‌فتار بکات، ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئاماده‌ نییه‌ ده‌ست له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری به‌غدا هه‌ڵگرێ که‌ ئیدی هه‌مومومان ده‌زانین بێ ده‌سه‌لاتترین حکومه‌ت له‌ هه‌موو جیهان دا ڕه‌نگه‌ ئێستا حکووتی ناوه‌ندی به‌غدا بیت ئەو حکوومەتەی کە سەرۆک کۆمارەکەی هەرگیز دەسەڵاتی هچی نەبووە. به‌ڵام پرسی سێهه‌م وهۆکاری سێهه‌می یه‌کیه‌تی ئه‌مه‌یه‌ که‌ دوای شکانی یه‌کیه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رامبه‌ر گؤڕان ئه‌وان هاتن و سیاسه‌تی گۆڕانیان کرده‌ ستراتیژی 4 ساڵی داهاتوو و پێان وایه‌ به‌ دژایه‌تی حکوومه‌تی هه‌رێم (که‌ خۆیان به‌شێکی چالاکی ئه‌و حکوومه‌ته‌ن) و بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانن ده‌وری گؤڕان بگێڕن و جێگای جارانیان بگرنه‌وه‌ ، ئه‌وان له‌ یه‌که‌م هه‌ڵویستی ره‌سمیان به‌رامبه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوتیان که‌ پارتی پرسی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک رێکلام و ته‌بلیغات بۆ حیزب به‌کار دێنێ؟! ئه‌و بابه‌ته‌یان دەمەتەقەی زۆری دروست کرد که‌ ڕاگه‌یه‌نەره‌کانی پارتی له‌و باره‌وه‌ به‌ڕه‌سمی وڵامی یه‌کیتیان دایه‌وه‌. به‌ڵێ یه‌کیه‌تی به‌و سێ هۆکاره‌ له‌ ره‌وتی خه‌بات و تێکۆشانی ئازادی گه‌لی کورد تا ئێره‌ وه‌دوا که‌وتووه‌ وبه‌ دڵنیاییه‌وه بەو هەڵوێستە نەشیاوەی‌ زەبرێکی کوشنده‌ی له‌ خۆی و له‌ مێژووی خۆیداوه‌ که‌ من هیوادارم هه‌رچی زووتر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌شازه‌ی یه‌کیه‌تی گۆرانی جیددی به‌سه‌ر دابێ. با ئه‌و راستیه‌ش بڵیم که‌ ئه‌گه‌رچی تا ئێستاکه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی باڵاده‌سته‌ له‌ ناو یه‌کیه‌تی دا به‌ڵام هه‌ڵویستی هه‌موو یه‌کیه‌تی نییه‌ و به‌ دڵنیایه‌وه‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ کادر و ئه‌ندامانای رێبه‌ری و ئه‌ندام ولایه‌نگری یه‌کیه‌تی ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵویسته‌ نییه‌ هه‌ر بۆیه‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی ده‌بێ چاوه‌رێ قه‌یرانێکی دیکه‌ بێ کە به‌ زوویی یه‌خه‌ی ده‌گرێ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی ساخکردنه‌وه‌ی حکوومه‌ته‌ شه‌ق و شره‌که‌ی به‌غدا سوور بێ و پشت لە ئامانج و ئارەزووەکانی گەلی کورد بکات.

 بۆ کاتی راگه‌یاندنی حکوومه‌تی کوردی نییه‌؟

 با بریک به‌ره‌و دوا بگه‌رێننه‌وه‌، با ئاوریک له‌ مێژووی نه‌هێنده‌ دووری کۆماری کوردستان بده‌ێنه‌وه‌ ، ئه‌و کات ناوچه‌ی ژیر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری کوردستان که‌متر له‌ سێ به‌یه‌کی کوردستان بوو، هێزی پیشمه‌رگه‌ی کوردستان مسته‌فا بارزانی و پیشمه‌رگه‌کانی باشووری لێده‌رکه‌ی چی لێدیار نه‌بووو چی لەباران دا نەبوو، دوژمن له‌ چاو کورد به‌هێز و ته‌یار و کورد بێ ئه‌نوا و بێ پشت و په‌نا بوو، له‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌ گرینگتر راگه‌یاندن مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ هاوار و دادی سته‌ملێکراوان له‌ چاو ئه‌مڕۆ فتیله‌یی بوو . هه‌م راگه‌یاندنی دنیا و هه‌میش هی کوردان. که‌چی پێشه‌وا قازی کۆماری کوردستانی راگه‌یاند ، کۆمارێک که‌ هه‌موو کوردێک له‌ هه‌ر سووچێکی ئه‌م جیهانه‌ شانازی پێوه‌ده‌کات. پیشه‌وا به‌ راگه‌یاندنی کۆمار ته‌نیا کۆماری نه‌خسته‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو، ئه‌و ئه‌رکی خسته‌ سه‌ر شانی به‌ره‌ی دوای خۆی، ئه‌و سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد دیاری کرد. ئه‌و ئاڵای کوردی به‌رز کرده‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ هه‌ر هی ئه‌وو هەرهی کۆماره‌‌، که‌س چی پێوه‌ زیاد نه‌کردووه! ‌ ئه‌مڕۆ چی؟  دوژمن له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ ده‌گه‌ڵ قه‌یرانی مه‌شرووعیه‌ت، ده‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابووری ، سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌ چه‌شن و هه‌مه‌ لایه‌ن به‌ڕه‌وڕوون، ده‌وڵه‌تانی دنیا چ متمانه‌ و باوه‌ڕی پێیان نه‌ماوه‌، دنیای ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ نییه‌ بایی شاییه‌ک سه‌رمایه‌گوزاریان له‌سه‌ر بکات. ته‌نیا یه‌ک وڵات هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش به‌ ڕواڵه‌ت برێک باشتره‌، تورکیا که‌ به‌حه‌قیقه‌ت وه‌ک داریکی زل و زه‌به‌لاحی ناو کڵۆڵ وایه‌. 

کورد چی؟ له‌ باشوور هه‌موو خاکی خۆی و هه‌موو هیزی خۆی له‌به‌ر ده‌ستی خۆیدایه‌. حکوومه‌تێکی هه‌یه‌‌ ته‌جره‌به‌ی دوو ده‌یه‌ حکومه‌تداری له‌ کارنامه‌ و میژووی خۆیدا تۆمار کردووه‌‌، له‌ پێته‌ختی ولاتی ئه‌و حکوومه‌تی کوردیه‌ دا ده‌یان کۆنسووڵخانه‌ و ده‌فته‌ری ده‌وڵه‌ت و رێکخراوه‌ جیهانیه‌کانی لێیه‌. به‌ کرده‌وه‌ و به‌ ئاشکرا تا ئێستا وه‌ک ده‌وڵه‌تێک ره‌فتاری ده‌گه‌ڵ کراوه‌ و دانی پێدا نراوه‌. کورد له‌و ولاته‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکوومه‌تی سه‌دامه‌وه‌ تا ئێستا (چه‌ند ساڵ شه‌ری ئابڕووبه‌رانه‌ی براکوژی لێده‌رچێ) ‌سه‌رچاوه‌ی ئه‌منیه‌ت وئاسایش بووه‌. ژیان و بووژانه‌وه‌ی ئابووری به‌ خێرایی به‌ره‌و پیش چووه‌ وبه‌ره‌وپێشچوونی سیاسیی و ته‌مرینی دێمۆکڕاسی له‌و ولاته‌ هه‌نگاوی به‌رچاوی ناوه‌ و ئه‌وه‌ شتێکه‌ تەنانەت دوژمن حاشای لێناک. له‌ رۆژئاوا، کورد له‌ سه‌ر به‌شێکی زۆر له‌ خاکی خۆیدا حوکمڕانه‌، ئه‌گه‌رچی شه‌ڕێکی لابه‌لای ترۆریستان به‌رۆکی گرتووه‌ به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ که‌س ناتوانێ زه‌فه‌ریان پێبه‌رێ چون ئه‌وان داکۆکی له‌ خاک و نیشتمانی خۆیان ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌ت له‌و وڵاته‌ دا واته‌ حکوومەتی سوریا نه‌ماوه‌، حکومه‌ت دیمه‌شق و چه‌ند شاریکی ده‌وره‌وبه‌ری به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌و بڕۆ بە دەشتێدا، داعش به‌شێکی به‌ده‌سته‌ و سوپای ئازاد حوکمڕانی به‌شیکی ده‌کات و کوردیش به‌شی به‌رچاوی کوردستانه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. سوریا ئه‌و حکووومه‌ته‌ نییه‌ که‌ له‌ پیلانی له‌ ناوبردنی حکوومه‌تی کوردی دا به‌شدار بێ. ئه‌و ده‌گه‌ڵ ده‌رد ومه‌رگی خۆی ده‌سته‌و یه‌خه‌یە. مالیکی و حکوومه‌ته‌ شه‌ق وشڕه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایان به‌ ته‌واوی نییه‌، ئه‌و به‌شیکی زۆری وڵاتی به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی سوونه‌ نشینه‌ له‌ده‌ست داوه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانێ هیچ کرده‌وه‌یه‌ک له‌ دژی ئه‌و حکوومه‌ته‌ کوردیه‌ له‌ خۆی نیشان بدا ئه‌گه‌ر رابگه‌یه‌نرێ. ده‌مینێته‌وه‌ ئێران، ئێران هه‌ر ئێستا له‌ دوو به‌ره‌ دا به‌ کرده‌وه‌ له‌شه‌ڕ دایه‌، له‌ غه‌زه‌ و له‌ سووریا به‌ ئاشکرا و له‌ عێراقیش به‌ نیوه‌ ئاشکرا ئه‌گه‌رچی وادیاره‌ سه‌ره‌داوه‌کانی ناردنی هێز بۆ عێراق وبۆ کوردستانیش ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌که‌ون. که‌واته‌ ئه‌و هه‌موو قۆناغه‌ی بۆ ناکرێ، ئه‌و جار کێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی له‌ گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر پرسی پیتاندنی ئورانیۆم جارێ خۆی کلکی به‌ته‌ڵه‌وه‌ بووه‌. ئێران له‌ ناو خۆ دا وه‌زعی زۆر له‌ سوریا خه‌راپتره‌. گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای ئه‌و وڵاته‌ی داگرتووه‌، سپای پاسداران وه‌های هێز و ده‌سه‌ڵات له‌دەسته‌خۆی دا قه‌بزه‌ کردووه‌ که‌ که‌سی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌، ئێران به‌ کرده‌وه‌ ویرانه‌یه‌که‌ سه‌ری داپۆشراوه‌ و دوور نییه‌ به‌ زوویی خه‌راپتر له‌ هه‌موو ئەو وڵاتانه‌ی به‌سه‌ر بی که‌ ئێستا ده‌یانبینین حاڵیان به‌ چ حاڵه‌. ده‌مێنیته‌وه‌ تورکیا، من باوه‌ڕم به‌ دۆستایه‌تی تاسه‌ری هیج داگیرکارێک نییه‌ ده‌گه‌ڵ کورد،به‌لام مه‌سڵه‌حه‌تی بازرگانی و سیاسیی وای کردووه‌ تا ئێره‌ تورکیا ته‌نانه‌ت به‌فەرمی دژایه‌تی پێکهاتنی ده‌ووله‌تی کوردیش نه‌کات. جگه‌ له‌مه‌ تورکیا ده‌ه‌گه‌ڵ پرسی کورد و کێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌کراوی کوردان به‌ڕه‌وڕوویه‌ که‌ له‌مپه‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ به‌رده‌م چوونی تورکیا بۆ یه‌کیه‌تی ئوروپا. له‌و لاشه‌وه‌ تورکیا نایهه‌وێ خۆی به‌ شه‌ڕێکه‌وه‌ خه‌ریک بکات که‌ له‌ ئه‌ساس دا هی ئه‌و نییه‌ و له‌ راستیش دا ئه‌و تواناێه‌ی نییه‌. ئه‌و ئه‌گه‌ر خاوه‌نی توانایه‌کی وا بوایه‌ به‌ قه‌را نووکه‌ ده‌رزیه‌ک له‌ به‌رخۆدانی کوردان و هیزی گه‌لی کوردانی باکوور واته‌ پ ک ک که‌مده‌کرده‌وه‌. که‌واته‌ به‌ بڕوای من هیچ یه‌ک له‌و ده‌وله‌تانه‌ نه‌ خاوه‌نی ئه‌و توانایه‌ن که‌ به‌رگری له‌ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی کوردی بکه‌ن و نه‌ ده‌شیان هه‌وێ خۆیان به‌ کێشه‌ لابه‌لاکانه‌وه‌ خه‌ریک بکه‌ن، ئێران له‌م ناوه‌ دا له‌ هه‌موان زیختره‌ بۆ ده‌ست تێوه‌ردان، به‌ڵام با ئاکامی ناردنی هیز بۆ سوریا لێکداته‌وه‌ ئه‌نجا ده‌زانێ چه‌ند کونی ده‌به‌ده‌نی بووه‌

. به‌ڵێ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی کاتیه‌تی و وه‌دره‌نگ خستنی تاوانه‌ ،‌ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ رێگای رێفراندۆمه‌وه‌ ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان به‌ تایبه‌تی حیزبه‌کانی باشووره، وه‌دره‌نگێ خستنی تاوانه‌، روو له‌ خه‌ڵک بکه‌ن وئه‌و پرسه‌ به‌خه‌ڵک بسپێرن، با حیزبه‌کان دیسان نه‌بنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌ر ده‌م راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی، کاتی خۆشی و چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌لک روویان له‌ ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ کرد بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ، ئه‌و کاتیش هه‌ر حیزبەکان بوون نه‌یان هێشت‌ خه‌ڵک داواکاری خۆی به‌گوێ دنیا بگه‌ینێ. وه‌ری خستنی رێفراندۆم ئه‌رکی حکوومه‌ته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یکرد ئه‌دی رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و چالاکانی سیایی له‌ کوێن. هه‌له‌و هه‌ڵکه‌وتووه‌، ده‌رفه‌ته‌ و هاتۆته‌ ده‌ست، به‌ره‌ی دواڕۆژ چاوی له‌ هیمه‌تی ئیوه‌یه‌ تا بۆ هه‌میشه‌ له‌کۆڵ سته‌مکاری داگیرکه‌رانی بکه‌نه‌وه‌، ئه‌و پرسه‌ به‌ رێفراندۆمێک ده‌بیته‌ پرسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی، کوردان و چالاکانی باشووری کوردستان ته‌کان و جووله‌یه‌ک وه‌ڕێ خه‌ن، سه‌ربه‌رزی و سه‌رکه‌و‌تن و بوون به‌ ده‌وڵه‌ت له‌ گره‌وی به‌ گشتیکردنی خواستی سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه‌. با له‌ کۆماری کوردستان و با له‌ پیشه‌وا قازی و با له‌ مسته‌فا بازرانی فێری بوێری و نیشتمانپه‌روه‌ری و بڕیاردان بین.

Tuesday 10 June 2014

بڵێی داعش و گروپه‌ ده‌سکرده‌که‌ی دوژمن کورد له‌ خه‌وی گران ڕاپه‌ڕێنێ؟

بڵێی داعش و گروپه‌ ده‌سکرده‌که‌ی دوژمن کورد له‌ خه‌وی گران ڕاپه‌ڕێنێ؟

هیچ گومانی تێدا نییه‌ داعش گرووپه‌ ده‌سکرده‌که‌ی دوژمن که‌ له‌ سوریا  وبه‌ فیتی دوژمنان له‌ دایک بوو و هه‌ر له‌وێ و به‌ ناوی شه‌ڕ ده‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، وه‌داره‌ داره‌ که‌وت و پێێ هه‌ڵگرت ,  بابه‌تێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیدار و جێگای ڕامانه‌. ئه‌و گرووپه‌ی که‌ بۆ فریوی خه‌ڵکی دنیا و سوریا سه‌ره‌تا دژایه‌تی به‌عسی سوریای ده‌کرد و که‌ چی به‌م دواییانه‌ به‌ ته‌واوی شه‌ڕی له‌ دژی ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌د وه‌ساتاندووه‌ و بۆ شوێنه‌ونکه‌ نه‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ سوپای ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ته‌قه‌ی له‌ تفه‌نگێ نه‌هاتووه‌.

 داعش که‌ ده‌بوو شه‌ڕی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ده‌گه‌ڵ به‌شاری کوڕی حافز ئه‌سه‌د بوایه‌، سه‌ره‌تا شه‌ڕی له‌ دژی جه‌بهه‌تولنوسره‌ ده‌ست پێکرد و دوایه‌ش په‌لاماری ژن ومنداڵی بێتاوانی کوردی رۆژئاوای دا و کاره‌ساتی وه‌حشیانه‌ی خۆڵقاند. ئیدی بۆ هه‌موو لایه‌ک روونه‌ که‌ ئێستا ئیدی داعش نه‌ته‌نیا هیچ مه‌ترسی نییه‌ بۆسه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی به‌ڵکوو به‌ فیتی ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌د خه‌ریکه‌ به‌ره‌و باشوور ده‌کشێ و له‌ کوردستانی ئازاد نزیک ده‌بیته‌وه‌. دوژمن‌ ده‌زانێ باشوور و حکوومه‌تی کوردی گه‌وره‌ترین مه‌ترسین  بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆڕه‌کانی ئه‌وان له‌ ناوچه‌که‌دا. سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشوور مه‌ترسی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر حکوومه‌تی به‌عسی سوریا، بۆ سه‌ر ئیران بۆ سه‌ر حکوومه‌تی ناوه‌ه‌ندی عێراق. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتی دێمۆکڕاتیک که‌ له‌ ناوچه‌که‌ دا هه‌بێ ئه‌وه‌ بێ گومان ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی باشووری کوردستانه‌. خۆ به‌وه‌ی نییه‌ که‌ کوردی خۆ پێ زۆری قسه‌ زلی به‌ هیچ رازی نه‌بوو رۆژهه‌تا ئێوارێ بن کۆڵی حکوومه‌تی هه‌ریم ده‌کات و راست  و هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی سایتی "دیار و نادیار" له‌ ده‌ بابه‌ت 9یانی له‌ دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌.

 له‌م لایه‌ش ده‌ردی سه‌رباری ده‌ردان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانن که‌ له‌ جیاتی له‌و مه‌ستیه‌ و سه‌رخۆشیه‌ی خۆلیای ده‌سه‌ڵات و کورسی و پله‌و پایه‌یه‌ بێنه‌ ده‌رو بیرێک له کوردستان بکه‌نه‌وه‌ که‌ هێشتا  تا لێواره‌کانی ده‌ریای ئازادی مه‌ودای زۆره‌. که‌ هێشتا جارێ ئێسک و پروسکی شه‌هیدانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ وکه‌ .... .ئه‌وان تا ئێستاش هه‌ر خه‌ریکی رقابه‌تی ناسالم و کێ به‌ر کێی نابه‌جێن له‌ سه‌ر پۆست  وپله‌ و کورسی پارله‌مان و نه‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان به‌لاوه‌ گرینگه‌ و نه‌ کێشه‌ سیاسیه‌کان. له‌ لایه‌ک به‌  قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سپای پاسدرانی ئێران هه‌ڵده‌لین وله‌ لایه‌ک هه‌یئه‌ته‌کانی سپا دێنه‌ کوردستان و له‌و کێ به‌ر کێیه‌ دا خه‌ریکن ئه‌سپی خۆیان تاو ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ ده‌م راستی ئه‌م و ئه‌و و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌ه‌وه‌ ئه‌وا داعش خه‌ریکه‌ باره‌گاکانین له‌ موسڵ پێ چۆل ده‌کات!

داعش خه‌ریکه‌ له‌ کوردستان نزیک ده‌بیته‌وه‌؟ داعش بۆچی موسڵی هه‌ڵبژاردووه‌؟ ئایا به‌ گرتنی موسڵ حکوومه‌تی ناوه‌ه‌ندی عێڕاق ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێڕاق وشام؟ ئایا ده‌وله‌ت و سوپای عێراق توانای به‌ربه‌ره‌کانی و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعشیان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌ بۆ هه‌نگاوێکی جیدیی هه‌ڵناهێننه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر نییانه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ هارت و پورته‌یان له‌ چییه‌؟ بۆ له‌ سه‌ر کورد بوونه‌ بابئۆغلی و قووت و مووچه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بڕن ؟؟!! داعش ئه‌و گرووپه‌یه‌ که‌ بۆشه‌ڕ له‌ دژی حکوومه‌تی هه‌رێم ساز کراوه‌، خۆ ناکرێ هه‌ر راسته‌و ڕاست و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاتبایه‌ ‌ ناو مه‌یدانی شه‌ڕی دژی کورد؟! ئه‌و ده‌بوو هه‌ندێ شه‌ڕ و شوڕی دیکه‌ له‌ ناو شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق ساز بکا ده‌نا دوایه‌ خه‌ڵک له‌ مالیکی و پیلانه‌که‌ی قاسم سوله‌یمانی وه‌شک ده‌که‌وتن؟! داعش  پشتیوانی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ پڕچه‌ک و ته‌یار کراوه‌. من له‌ پیلانی داعش نیگه‌رانم نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وابێ ده‌توانێ زه‌فه‌ر به‌ کورد به‌رێ به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد له‌شه‌ڕێکی نه‌خوازراو وه‌رده‌رێ و دیسان له‌ جیات حه‌سانه‌وه‌ و له‌ جیات ئاوه‌دانی کوردستان ده‌بێ شاهیدی شین وڕۆڕۆی دایک و خوشک و بابه‌کان بین. ده‌نا خۆ وه‌ک رۆژێ لێم روونه‌ داعش و هه‌ر هێزێکی دیکه‌ ته‌نماحی خاکی کوردستانی هه‌بێ  له‌ به‌رانبه‌ر وره‌ و ئیمانی خۆراگری پێشمه‌رگه‌ دا هه‌ر به‌ چۆک دادێ.
کۆتا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و پیلانه‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ جارێکی دیکه‌ تاکی کورد به‌ حیزبی و ناحیزبییه‌وه‌ له‌ خه‌وی گران راپه‌ڕێنێ و هه‌ر که‌س له‌به‌ره‌ خۆیه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی مێژوویی خۆی بزانێ که‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بیرکردنه‌وه‌ و هه‌نگاو هه‌ڵێنان ئه‌رکی ویژدانی و کوردانه‌ی هه‌ر تاکێکی ئێمه‌یه‌، هیوادارم ئه‌و هجووم و پیلانه‌ داڕێژاوه‌ی داعش کورد له‌ خه‌وی گران راپه‌ڕێنێ و وشیاری کاته‌وه‌ که‌ به‌ڵێ پاش زیاترله‌ بیست ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هێشتا هه‌ر ساوایه‌ له‌ سیاسه‌ت دا و ساوایه‌ له‌ ده‌وڵه‌تداریدا.

Tuesday 29 April 2014

سیاسه‌ت زانستێکی واقعبینانه‌


سیاسه‌ت زانستێکی واقعبینانه‌     برایم جه‌هانگیری


سیاسه‌ت له‌ هه‌موو جیهان دا هه‌ر له‌ رۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه‌ له‌ سه‌ر بناخه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌سڵه‌حه‌ت دامه‌زاوه‌ و په‌یره‌و کراوه‌. پیوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌کان، ده‌وڵه‌تان، حیزب و تاکی ده‌ست رۆیشتوو و بێ ئه‌نوا، کارخانه‌و فابریکا و مامه‌ڵه‌ وبازرگانی ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌ ره‌وتی عه‌شق و خۆشه‌ویستیش هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی وخویندنه‌وه‌ی ئاینده‌ و ..... داده‌ڕێژرێ. 

له‌ کوردستان تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هیزه‌ سیاسیه کوردستانیه‌‌کان ئه‌و ده‌رسه‌یان چاک نه‌ده‌زانی، به‌رژه‌وه‌ندی دوارۆژ که‌متر سه‌رنجی ده‌درایه‌ و پلان و تاکتیکه‌کان هه‌ر بۆ کورت ماوه‌ داده‌ڕێژران. به‌ هاتنه‌ سه‌ر کاری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و چووکه‌ ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ باشوور، کورد که‌وته‌ نێوان 4 به‌رداشی به‌هێزی وێران که‌ر و له‌ هه‌ر چوار لا پیلان و ده‌ستدرێژی دیار و نادیار بۆ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ له‌ نیشتمانی تازه‌ رزگار بوو وه‌ک بارانه‌ی به‌هار داده‌باری. 

یه‌که‌م پرۆسه‌ی مه‌ترسیداری ئه‌و دوژمنانه‌ پێک وه‌رکردنی کورد له‌ ناوخۆی کوردستان بوو که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌مارگرژی حیزبی و گرووهی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی زۆر به‌هاسانی ره‌خساند تا حکوومه‌ته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌که‌ی کوردستان هه‌ر له‌ ده‌دسپێکی ڕا سیمایه‌کی نامه‌ده‌نی و ناپێشکه‌وتوو به‌ کورد و به‌ هه‌موو جیهانیان نیشان بدات. شه‌ڕی براکوژی کارنامه‌ی هه‌ره‌ ڕه‌شی حکوومه‌تی هه‌ریم و پارتی دێمۆکڕات و یه‌کیه‌تی نیئشتمانیه‌ که‌ له‌ مێژووی کورد دا وه‌ک په‌ڵه‌یه‌کی نه‌نگین ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ دوای ئه‌ودا ترۆری شۆڕشگێرانی رۆژهه‌ڵات به‌ کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکراته‌وه‌ و هێنانی له‌شکری سپای پاسداران له‌ لایه‌ن یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بۆ سه‌ر بنکه‌ باره‌گاکانی حیزبی دێمۆکڕات و پاشانیش شه‌ڕی نێوان پ ک ک و پارتی و یه‌کیه‌تی، پ ک ک و پارتی، پ ک ک یه‌کیه‌تی، که‌ به‌ سێ قۆناخی جیاواز دا تێپه‌ڕبوو به‌شێک بوون له‌ پیلانی دوژمنان که‌ چه‌نده‌ دوژمن تێدا تاوانبار بوو کورد خۆی دوو ئه‌وه‌نده‌ی له‌و تاوانه‌ به‌ر ده‌که‌وێ به‌تایبه‌تی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاستتداره‌کانی باشوور.

شه‌ڕی براکوژی ته‌واو بوو و به‌ هیمه‌تی ئه‌مریکا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان پێش به‌و خوێنڕێژییه‌ گیراو له‌سه‌رڕا پارله‌مان و حکوومه‌ت ده‌ست به‌کار بۆوه‌، کورد ئه‌مجار پێی نایه‌ قۆناخێکی تازه‌تره‌وه‌ و مه‌یدانێکی دیکه‌ی بۆ تاقیکاری هه‌ڵبژارد. ئه‌وجار دووباره‌ دوژمن بێکار دانه‌نیشت و شه‌ری گرووپه‌ ئیسلامیه‌کانی له‌ دژی یه‌کیه‌تی بۆ کورت ماوه‌ تاقی کرده‌وه‌. کورد به‌ره‌ به‌ره‌ و به‌ پێی جه‌بری زه‌مان ته‌سلیمی ئه‌و راستیه‌ بوو که‌ بیر له‌ شێوازێکی دیکه‌ی خه‌بات بکاته‌وه‌ و به‌تایبه‌تی بۆ رکه‌به‌رایه‌تی ده‌گه‌ڵ یه‌کتری رێگایه‌کی نوێ هه‌ڵبژێری ئه‌ویش هه‌ڵبژاردن و خه‌باتی پارله‌مانی بوو. ئه‌گه‌رچی تا ئێره‌ له‌و بواره‌شدا هه‌ر کاڵ و کرچه‌ به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ مه‌لۆتکه‌ی ئاره‌زووه‌کانی کورد له‌وبه‌شه‌ دا خه‌ریکه‌ وه‌رده‌ ورده‌ پێهه‌ڵده‌گرێ و سه‌ر به‌ قۆناخێکی دیکه‌ له‌ ژیانی سیاسیی خۆیدا ده‌کات.

له‌م پێوه‌ندییه‌ دا دوو خاڵ جێگای سه‌رنجن. یه‌که‌م پێوه‌ندی دیپلۆماسی حکوومه‌تی کوردستان ده‌گه‌ڵ دنیاو ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌تی ده‌گه‌ڵ دوژمنانی کورد له‌ به‌شه‌ جیاجیاکانی کوردستان جێگای ڕامان و لیوردبوونه‌وه‌یه‌. پارتی دێمۆکرات و یه‌کیه‌تی وه‌ک دوو هیزی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان تا ئه‌م دواییانه‌ هه‌ر یه‌ک و هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌ساسی پاشخانه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نێکی له‌ جیرانه‌ دوژمن به‌ کورده‌که‌ هه‌ڵبژارد، پارتی زیاتر به‌لای تورکیا دا شکایه‌وه‌ و یه‌کیه‌تی به‌لای ئێران دا. ئه‌گه‌رچی پیوه‌ندیه‌کان جار جاره‌ له‌ سنووری پیوه‌ندی دیپلۆماسی ترازاو‌ن به‌لام ئه‌و درێژه‌دان و به‌رده‌وام بوون به‌ پێوه‌ندیه‌کان ده‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ خاڵی هه‌ره‌ به‌هێزی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌روه‌ی حکوومه‌تی باشووری کوردستان دا. پارتی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتتداری سه‌ره‌کی له‌ حکوومه‌ت وپارله‌مانی کوردستان دا سه‌ره‌ڕای دوژمنکاری لایه‌نگرانی پ ک ک سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندیه‌کانی ده‌گه‌ڵ تورکیا دا و تۆمه‌ت و سووکایه‌تی لێره‌و و له‌وێ، هه‌رگیز گوێی به‌ قسه‌ی پ ک ک و هیچ که‌سی دیکه‌ نه‌دا و وه‌ک ده‌وڵه‌تێک هه‌ڵسووکه‌وتی ده‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خۆ ناساندن و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی خۆی کردووه‌. تا دێ پێوه‌ندیه‌ سیاسیی و دیپلۆماسی و بازرگانیه‌کانی خۆی ده‌گه‌ڵ تورکیا به‌هیز ده‌کات. ئه‌گه‌رچی ناحه‌زانی پارتی ئه‌و راستیه‌ نابینن که‌ تورکیای تا سه‌ر ئێسقان دوژمن به‌ کورد ئیستا و له‌ پاش ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ چۆن ده‌ڕوانێته‌ کورد و به‌ تایبه‌تی حکوومه‌تی باشووری کوردستان. به‌ڵام ئه‌و ئاڵوو گۆرانه‌ی له‌ روانگه‌ی تورکیا دا به‌رامبه‌ر به‌ کوردستان و کورد چ له‌ باشوور و چ له‌ باکوور هاتوونه‌ته‌ پێش بێ شک ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌ڵمێنن که‌ رۆڵی سیاسه‌تی دیپلۆماسی حکوومه‌تی کوردستان و پارتی له‌و باره‌وه‌ دیار و به‌رچاوه‌ و کاریگه‌ری بارزانی به‌تایبه‌تی به‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌دارانی تورکه‌وه‌ حاشای لێناکرێ.

له‌و لاوه‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ و سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی کوردانی رۆژهه‌ڵات و لایه‌نگرانی دێمۆکڕات به‌ تایبه‌تی هه‌مان سیاسه‌تی خۆی ڕه‌چاو کردوه‌ و پێوه‌ند‌یه‌کانی خۆی بێگوێدانه‌ ناز و گله‌یی دێمۆکڕاته‌کان په‌ره‌ پێداوه‌، له‌م ناوه‌ دا ئه‌وه‌ی جێگای گله‌یی بێ له‌ برایانی یه‌کیه‌تی ئه‌مه‌یه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ زیاد‌ له‌ ئه‌ندازه‌ رێگایان بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی ئێران له‌ کارو باری خودی یه‌کیه‌تی و ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تی ئاوه‌ڵا کردووه‌.یه‌کیه‌تی به‌م ره‌فتاره‌ به‌ر له‌هه‌موو که‌س و لایه‌نیک زه‌ره‌ر له‌ که‌سێتی خودی یه‌کیه‌تی ده‌دات و شکستی یه‌کیه‌تی نیشتمانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی چه‌ند مانگی ڕابردووی پارله‌مانی کوردستان په‌یامێکی روون و ئاشکرا بوو که‌ یه‌کیه‌تی ده‌بێ به‌ هه‌موو ئاکار و ره‌فتاری خۆیدا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یهه‌وێ جارێکی دیکه‌ ببێته‌وه‌ هێزێكی کاریگه‌ری مه‌یدانی خه‌باتی نوێ گه‌له‌که‌مان له‌ باشوور.
ده‌سکه‌وتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی حکوومه‌تی باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ توانیوێتی بێ ئیزنبی به‌غدا نه‌فتی کوردستان بنیڕێته‌ ده‌رێ و بیفرۆشێ. ئه‌گه‌رچی زۆر که‌س و لایه‌ن له‌و باره‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ حکوومه‌ت و له‌ پارتی ده‌گ‌رن به‌ڵام خاڵی هه‌ره‌ به‌هێز له‌ سیاسه‌تی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دا ئه‌مه‌یه‌ که‌ نه‌وتی کوردستان بێ ئیزنی به‌غدا بفرۆشێ و ئه‌مه‌ش یانی ده‌سه‌لات و سه‌روه‌ری سیاسیی و ئابووری حکوومه‌تی کوردستان. ئه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌نگا و گرینگترین هه‌نگاویشه‌ به‌ بنیات نانی حکوومه‌تێکی کوردی که‌ چاک یان خه‌راپ سبه‌ی ده‌توانێ ئاڵووگۆڕی به‌سه‌ر دا بێ و جێ گۆڕکێی ده‌سه‌لات ب‌کرێ وه‌ک له‌ ناوچه‌ی یه‌کیه‌تی و له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارله‌مان دا دیتمان.
سیاسه‌ت زانستی چۆن مامه‌ڵه‌ کردنه ده‌گه‌ڵ روودا و پێشهاته‌کان‌، پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌ به‌تایبه‌تی به‌رژوه‌ندی گشتی. وادیاره‌ کوردیش خه‌ریکه‌ فێری ئه‌و زانسته‌ ده‌بێ و له‌ مه‌یدانی کرده‌وه‌ دا په‌یره‌وی ده‌کات. دانیشتنی ئه‌مڕۆی پارله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک و سکرتێری پارله‌مان ئه‌و راستیه‌مان زیاتر بۆ ده‌رده‌خا که‌ به‌ڵێ کوردیش فێری خه‌باتی پارله‌مانی و سات و سه‌ودای سیاسیی بووه‌. ڕاپۆرتی رووداو له‌و باره‌وه‌ بخوێنه‌وه‌.

رووداو – هەولێر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان چەند كەسێك خۆیان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە پێكدێت لە سەرۆك، جێگر و سكرتێری پەرلەمان، پاڵاوت. دەنگدانەكە بەشێوەیەكی نهێنی بۆ هەرسێ پۆستەكە بەڕێوەچوو. یوسف محەممەد، لە فراكسیۆنی گۆڕان بەبێ ركابەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كاندیدكردو بە زۆرینەی دەنگ (84 دەنگ) بووە سەرۆكی پەرلەمان. جەعفەر ئیمنیكی لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌ ‌خۆی‌ بۆ پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان كاندیدكرد‌و ئەویش بە زۆرینەی دەنگ (78 دەنگ) بووە جێگری سەرۆكی پەرلەمان. هەریەك لە فەخرەدین قادر لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و ئەبو كاروان لەسەر لیستی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ خۆیان‌ بۆ پۆستی‌ سكرتێری پەرلەمان پاڵاوت، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ ( 73 دەنگ) كاندیدەكەی كۆمەڵ یەكلابووەوە. هەر لە سەرەتای دانیشتنەكەدا فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند "دەنگ بەو پرۆسە ناتەندروستە نادەین". - http://rudaw.net/sorani/kurdistan/2904201411#sthash.okXSFEgE.dpuf

Monday 14 April 2014

له‌ یادی ساڵوه‌گه‌ری مامۆستا هێرش کاک سوله‌یمان چیڕه‌

له ساڵوه‌گه‌ڕی کۆچی دوایی شاعیر و نووسه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ر" مامۆستا هێرش" سوله‌یمان چیره‌ دا بێ ئه‌مه‌گییه‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی سه‌رپێێ لێ نه‌ده‌مه‌وه‌ و چه‌ند بیره‌وه‌رێکی لێ نه‌گێڕمه‌وه‌.
کاتی له ساڵی ٦٢ رێژیمی ئیسلامی ئێران هێرشی به‌ربڵاوی کرده‌ سه‌ر حیزبی تووده‌ کاک سوله‌یمان وێڕای ده‌یان که‌سی دیکه‌ ئاوه‌دیوی سنووری باشوور بوون و خۆیان له‌ ناو حیزبی شیوعی عێراق دا دیته‌وه‌. ئه‌و کات منیش له‌وێ بووم، ساڵێک پێشتر به‌ هۆی کێشه‌ ده‌گه‌ڵ ته‌شکیلاتی حیزب له‌ مه‌هاباد و هه‌ڵنه‌کردن له‌و ناوچه‌یه منیش په‌ڕیوه‌ی لای حیزبی شیوعی بووم. 

دیتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ی کاک سوله‌یمان دیدار تازه‌کردنه‌ویه‌ک بوو، ئه‌گه‌رچی دیداری یه‌که‌م تاقه‌ یه‌ک جار ویه‌ک دوو رۆژ بوو به‌ڵام له‌ بیر ناکرێ. دیدارێک که‌ که‌ ئه‌و کات کاک سوله‌یمان له‌ ڕیزی حیزبی دێمۆکڕات دابوو و هه‌ر هه‌موومان له‌ چرکه‌ ساتێک دا ده‌گه‌ڵ مه‌رگی له‌ نه‌کاو به‌ره‌وڕوو بووین. ساڵی ٥٨ و بۆ یه‌که‌م جار و له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌کانی کوردستان دا من و کاک سوله‌یمان هاوڕێی سه‌فه‌رێکی پڕ ماجه‌را بووین که‌ به‌داخه ‌وه‌ له‌ به‌ر هه‌ندێ هۆکار هێشتاش باس کردنی به‌ پێویست نازانم و هه‌له‌که‌ گوونجاو نییه‌ ده‌نا داستانی ئه‌و رۆژه‌ خۆی کتێبێکه‌، رۆمانێکه‌.

کاک سوله‌یمان به‌ر له‌ کۆچی دوایی داوای لێکردم که‌ ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌ له‌بیرم ماوه‌ با بۆی بنووسم و بۆی بنێرم که‌ منیش بۆم نووسی و بۆم نارد به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا تا بزانم له‌ کوێ و وه‌ک چی ئه‌و داستانه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌، دیاره‌ باس و خواسه‌کان و ئاڵوگۆڕی بیرورا له‌ باره‌ی ئه‌و رۆژه‌وه‌ هه‌ر وا له‌ لام پارێزراوه‌.ئه‌وه‌ی له‌ سیمای کاک سوله‌یمان من هه‌میشه‌ له‌به‌ر چاومه‌، قاقا و پێکه‌نینه‌کانێتی، قاقای کاک سوله‌یمان لای من خۆشترین نه‌غمه‌ی موسیقا بوون، چون له‌ ناخی دڵه‌وه‌ پێده‌که‌نی، جار جار هاوکات ده‌گه‌ڵ پێکه‌نین و قاقاکانی به‌ ده‌ست له‌ سه‌ر ڕانی خۆی ده‌ده‌واو وه‌ک منداڵ خۆی هه‌ڵداویشت، ئاخر به‌ڕاستی دڵێکی ساف و ساده‌ و بێگه‌ردی منداڵانه‌ی هه‌بوو. ئه‌و دیمه‌نانه‌م هه‌رگیز له‌ بیر ناچن.به‌ بڕوای من کاک سوله‌یمان به‌ر له‌وه‌ی بۆ سیاسه‌ت دروست کرابێ بۆ ئه‌ده‌بیات و شێعر دروست کرابوو. من ماوه‌ی نزیک ٤ ساڵ لای حیزبی شیوعی لێی نزیک بووم، که‌ سه‌ردانیم ده‌کرد یان ئه‌و ده‌هاته‌ لام هه‌میشه‌ شێعری بۆ ده‌خوێندمه‌وه‌و دوایه‌ش ده‌یکوت ده‌ی جا غه‌زلێکم بۆ بخوێنه‌وه‌. له‌ ناو که‌پرۆکه‌ و چادره‌که‌یدا هه‌میشه‌ ده‌فته‌ری شیعر و هه‌میشه‌ کتێبی شیعر و هه‌میشه‌ دیوانی هێمن و حافزی له‌ ته‌نیشت داندرابوو، من نه‌مدیت رۆژێک له‌ رۆژان کتێبێکی سیاسیی و فه‌لسه‌فی له‌ لا بێ، وه‌نه‌بێ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بێ که‌ نه‌یده‌خوێنده‌وه‌ ، نا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هۆگری به‌ شیعره‌وه‌ هه‌بوو ، به‌ وشه‌ی جوانی کوردیه‌وه‌ هه‌بوو، عاشقی جوانی بوو، دیمه‌ن و پێده‌شت و چیاو لووتکه‌ و دامێن و سه‌وزه‌زاری پڕ له‌ گوڵ و هه‌ستی ده‌بزواند، ده‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌ژیا نه‌ک ده‌گه‌ڵ سیاسه‌ت دا.
توده‌ییه‌کان ده‌گه‌ڵ دێمۆکڕاته‌کان نێواناین خۆش نه‌بووه‌ و ئیستاش له‌ هه‌ردووک لا ئه‌وانه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر هه‌وای کۆن ده‌ژین هه‌ر وان، ئێستاش هه‌ندێکیان له‌ سه‌ر هه‌مان بیرۆکه‌ی قه‌دیم ماون و روانگه‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کتری فه‌رقی نه‌کردووه‌، له‌ ناو دێمۆکڕاته‌کانیش دا هه‌ر وا. زۆرن له‌ ناو ئه‌وانیش دا دید و بۆچوونیان به‌رامبه‌ر به‌ تووده‌ییه‌کان نه‌گۆراوه‌، لای من هه‌ردووکیان هه‌ڵه‌ن. ئه‌وه‌ی رووی دا، چووه‌ ناو لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو، لاپه‌ڕه‌ی تازه‌ ده‌بێ هه‌ڵبدرێته‌وه‌، سیاسه‌ت وا ده‌خوازێ.
کاک سوله‌یمان له‌و که‌سانه‌ نه‌بوو، تێکه‌ڵ به‌ ده‌مارگرژی حیزبی بێ له‌ ژیانم دا یه‌کجارم لێ نه‌بیست باسی دێمۆکراته‌کان به‌ خه‌راپه‌ بکات، نه‌مدیت بیان بوغزێنی. کاری به‌سه‌ریانه‌وه‌ نه‌بوو، ئه‌و له‌ موسڵۆک و له‌ خواره‌وه‌ی مقه‌ڕه‌ ئه‌سلیه‌که‌ی براده‌رانی تووده‌یی چادرێکی بۆ خۆی هه‌ڵدا بوو ته‌نانه‌ت زستانیش له‌وێدا ده‌ژیا، خۆی و خێزانی و شیعر و گۆرانی و ....... هه‌میشه‌ که‌تریه‌ ڕه‌شه‌که‌ی له‌ سه‌ر کووره‌ دارییه‌که‌ داندرابوو، چای هه‌میشه‌ ئاماده‌ بوو ، نه‌بوو جارێکی من میوانی بم و شیعرێکی تازه‌م بۆ نه‌خوێنێته‌وه‌. دڵساف، بێ غه‌ل و غه‌ش، بێ کێنه‌ و بێ گرێ و گۆڵ بوو، ئه‌و یه‌کپارچه‌ گوڵ بوو هه‌ر بۆیه‌ش عه‌مری که‌م بوو. 
زۆرم یادوه‌ری و بیره‌وه‌ری له‌ کاک سوله‌یمان هه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌یان عه‌زابم ده‌دات، کاتی خۆی و له‌ مه‌رگی ناواده‌ی دا ئه‌و چه‌ند دێڕه‌م وه‌ک هه‌ستی خۆم بۆ نووسی به‌ڵام بۆ کوری یاده‌وه‌ریه‌که‌م نه‌نارد تا نه‌کا شوێنی نووسینی براده‌رێکی دیکه‌ بگرمه‌وه‌ به‌ڵام دامنابوو له‌ سالوه‌گه‌ڕی کۆچی ناواده‌یدا بڵاوی بکه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی شیاوی دڵه‌ جوانه‌که‌ی کاک سوله‌یمان چیره‌ نییه‌.



بۆ مه‌رگی له‌ ناکاوی مامۆستا هێرش

"یاخودا بەخێرێی بەهار، لەو بەهارەی ڕەنگینە"
سەراسەری کوردستان خەمڵیوە، سەوز و شینە
ئەگەرچی بای شەماڵ و خونچە و چرۆی سەرچڵان
وەک ماری ئاشقەوماشقە لێک ئاڵاون ببینە
خاک وەک گوڵی نوێبەهار تازە دەم دەکاتەوە
کانیی بەر پاڵ و پەسیو چاو لە ڕێی شۆڕەبینە
بەفری نسار و پەنا چۆڕاوگەیان بەستووە
دەنگی جۆگە و جۆباران خۆشترین نەغمەی ژینە
بولبول دەخوینێ بە کوڵ، دارە بی دەشنێتەوە
کۆتر بە قەندە و لەنجە وا خەریکی گمینە
ئەوانە تێکرا مۆژدەن بۆ وەی دڵ گەش بێتەوە 
ناخی قەتماخە گرتوو بە شنە ببوژێتەوه‌
بەڵام دیسان هەواڵێک، کۆستی خەمێکی گران
بەهاری لێ تاڵ کردم، بەو خەبەرە حەزینە
عاشقێکی دووروڵات غەریب سەری نایەوە
هەتاو کزو بێ تین ما، "گزینگ" چاو بە ئەسرینە
خەیاڵ بڕ ناکا، تاسا، وێنە تارمایی گرتی
ئەدەب و وشەی کوردی، دەڕنن بەرۆک و سینە
باخچەوانی گوڵستان، شوانەوێڵەی کوردستان
دەگەڵی ئاشنا نەبوون، ڕق و بوغزاندن و کینە
کۆچی مرۆڤێک لە گوڵ، هەڵقوڵاوی کانیی دڵ
بۆیە لە ناخی مندا هەروا شەپۆڕ و شینە
-------------------
میسرەعی یەکەم فۆلکلۆره‌
ئه‌و شێعره‌م کاتی خۆی بۆ کۆچی ناواده‌ی نه‌مر سوله‌یمان چیره‌ (مامۆستا هێرش) نووسی.
٢٠١٣/٤/١٢ ڕه‌وه‌ند