Friday 6 April 2018

تاڵە ژین



تاڵە ژین
دنیایەکی کڕ

لە١٩٨٣-١٩٨٤- ١٩٨٥ لە خوارکورک لەلای هاوڕێیانی حیزبی شیووعی بووم ولە گوندە وێرانەیەک دەستی بەعس کە بەو حاڵەش دەتگوت سووچێکی بەهەشتە بە ناوی "ئەرمووش_ئارمووش " (ئەگەر ناوەکەم بە هەڵە نەنووسیبێ) بنکەو بارەگامان هەبوو، ئەو کات دۆستانی پەیرەوەی کۆنگرەی ٤ یش کە تازە ڕێژیمی ئیسلامی هیڕشی کردبوونە سەروێڕای حیزبی تودە و فیدائیەکان لەوێ بوون . پ ک ک ئەو دەم تازە بوو، هەر لە ئارد و نان ڕابگرە تا جلوبەرگ و چەک و تەقەمەنی زۆربەی هەرە زۆری پارتی یارمەتی دەکردن، دوای ئەو حیزبی شیوعی عێراق یارمەتی پ ک ک ی دەدا. خواکورد کەوتۆتە سێکوچکەی ئێڕان و عێراق و تورکیا، ئەو دەم پ ک ک لەو ناوە نەبوو بەڵام هاتووچۆیان زۆر بەکەمی هەبوو. ئەگەر کورتە ناسینێک لە سەر خواکورک بنووسم کە من هەموو دۆڵ و دەڕە و زۆربەی لووتکە چیاکانیم تەقاندووە، دەمم بە کانیاوەکانیەوە ناوە و تێرم ئەو ئاوە سارد و سڕە خواردۆتەوە، دەبێ بڵێم، دۆڵ و دەڕەیەکی هەزار بەهەزار، کە بە دەیان لووتکە کێوو دۆڵ و دەڕەی یەکجار جوان و لەهەمان کاتدا سەخت و هەڵەمووت ئالبۆمێکی یەکجار دڵگیریان بە ناوی خواکورک پێک هێناوە.
شەڕێ ئێران و عێڕاق بەگەرمی بەردەوام بوو، ئێران لە دۆڵی لۆلانەوە خەریک بوو جادەی لیدەدا تا بەرەو سیدەکان هیڕش بەرێ، عێراقیش ئاگای لەو بەزمە هەبوو بە تۆپ و بە تەیارە شەو ڕۆژ ئەو ناوەی دەکوتا، دەنگی تەیارە و گرمەی تۆپ بەڕاستی ئەوەی مانای ژیان بوو لەو دۆڵ و دەڕە جوانە نەیهێشتبوو. دەقیقەیەک بێدەنگ نەدەبوو. بۆگەنی باڕووت ئەو ناوەی پڕ کردبوو و ئیتر بە تەواوی هەستت پێدەکرد و بۆگەنی مێشکی مرۆڤی ئازار دەدا.
ڕۆژێکی دەگەڵ هاوڕێیانی شیوعی بۆ کڕینی مەڕ پەڕینەوە بەری ڕووبارێک کە لە خوارک را دەهاتە خوار و دەگەڵ ئەو ڕووبارەی لە لۆلان ڕا دادەگەڕا لە "کەوەرت" تێکەڵ دەبۆوە. "سپیگا" گوندێک یان باشترە بڵێم ماڵێک بوو کە "سۆفی ڕەمەزان" بە خۆی و بە منداڵەکانی ئاوەدانی کردبووە و مەڕ و ماڵاتێکی زۆریشی هەبوو، سۆفی هەرچەندی بڵێی قسە خۆش و مرۆڤێکی سادەو ساکار و راست و دروست بوو، لەهەموو گرینگتر تووتنێكی عەخجایبی هەبوو.
من بە شاهیدی دۆستان ئەنگێوەی چاک بووم، زۆر جاران کەروێشکم لە هەڵاتن دابە کەڵاشینکۆف راو دەکرد(مانگێ ٥ دینار یان زیاترم دەدا بە فیشک نەک بە فیئشەکی حیزبی شیوعی راوە کەروێشکم کردبێ). ئاوی ڕووبارەکە زۆر بوو، ساردیەکەشی لەوەی دانەبوو دەتکوت سەهوڵاوێ جەغەتەیە. هەرچۆنێ بوو پاش تاقی کردنەوەی سێ چوار بوار لە یەكیان دەرباز بووین، بەلام باوەڕ بکەن چێ وای نەمابوو هەرسێکمان ئاو بمان با. زۆر جاران لەو ڕووبارانە دەقاودەق دەگەڵ مەرگ دەستەو یەخە دەبووی چاریش نەبوو دەبوو بوارێک بدۆزییەوە و دەرباز بی ڕووباریش خوڕێین و بەردەڵان وهەڵدێڕ و سەرشێت....
هەرچۆنی بوو لە ڕووبار پەڕینەوە ، ئەو ناوە کەروێشکی زۆر بوو بەڵام ئەو ڕۆژە تووشی چ نەبووم، گەیشتینە سپیگا دەگەڵ سۆفی چاک و چوۆنیمان کرد، دانیشیتین و چاو نان وماست هاتە سەر سفرە . سۆفی بەتەنێ لەو ناوە دەتوانم بڵێم دەوڵەتێک بوو، ددیارە خۆی و سەروەت و سامانی نا ، دڵێ. کوتی ئەدی کوا کەروێشکا من؟ کوتم سۆڤی باوەڕ بکە نەسیب نەبووە یەک کەروێشکیشمان وەبەر چاو نەهات، ئاخر جار جارە کە بەرەو لۆلان دەچووین ئەگەر لە سەر ڕیگای سپیگا کوروێشکم کوشتبا حەتمەن سۆفی بەشی تێدەکەوت، با ئەوەندەش بلێم من ئەخلاقەن دەگەڵ ئەو گوندنشینانە یەکجار زوو دەبوومە دۆست و لە دانیشتین وقسە وگفت ولفتیان تێر نەدەبووم ئەوانیش ڕیزی منیان زۆر لەبەر بوو. 
لەو قسسانە دابووین هاوڕییەک کە بەراستی ناوەکەیم لەبیر نییە بەڵام کەرکووکی بوو و لە ئیعلام کاری دەکرد پرسی دەی سۆفی دەنگو باس، سۆڤی زۆر لەسەروە خۆ گوتێ خودێ چ نینە دنیایەکی کڕڕڕڕڕڕڕڕ.
قەتم ئەو قسەیە لەبیر ناچی ئەودەم کە سۆفی ئەو قسەیەی کرد هەر دەقیقە و چەند گولـلە تۆپ و کاتیووشا و خەمسە خەمسە وێكڕا وەهەردی دەکەوت و شریخە ودەنگدانەوە و هاشو هووشی بۆ ماوەیەک ئەو دۆڵەی پڕ دەکرد. ئەوڕۆژانە بیرم لەو قسەی سۆفی دەکردەوە و دەگەڵ "بەپەلە" ی ئەوڕۆی راگەیاندن و مێدیای کوردی پێکم دەگرتن و لە دڵە خۆم دا پێکەنینم بەو زەمانە و بەو ژیانە دەهات.
وێنەکەم لە گووگڵ وەرگرتووە.