Thursday 8 December 2016

bowmanville

bowmanville



تاڵە ژین

تاڵە ژین
شاهیدیەک بۆ مێژوو ٣
لەبیرم ناچێ جار جارە دەگەڵ کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی دەچووینەوە ماڵی خۆمان، دایکم هەموو کەڕەتێ دەیکوت ڕۆلە ئەوە خەڵکی سەردەشتێیە و پێێ بلێ شەرمێ نەکا ئەویش وەک تۆ وایە، هەر کوڕی خۆمە ، با بێ و حەمامێ بکا و جلوبەرگی دابنێ بۆی دەشۆم. ( لە ٢٠١٤ کە من بۆ سەردان چوومە سوێد زۆرم هەوڵدا کە سەردانی کاک مەلاحەسەن بکەم و دووسێ دۆستیش بەڵێنیان پێدام کە دەگەڵم بێن و بچینە لای بەلام بەداخەوە هەر دەستی نەدا.) لەپادگان مامەوە تا چەکوچۆڵی پادگان شەوانە بە ماشێنان ڕادەگوێزران.
چی پێنەچوو شەڕ دەستی پێکرد، لەهەموو لاوە خەبەر وباسی شەڕ بڵاو دەبۆوە، لەسنە ڕێژیم بە هەموو هێزییەوە  پەلاماری سنەی دابوو، رۆژێ بەسەتان تۆپ و خۆمپارە لەو شارە وەهەردی دەکەوت کە شەهید وبرێندارێکی زۆری لێکەوتبۆوە.
لە مەهاباد و دەوربەریشی شەڕ دەستی پێکردبوو، یەکەم عەمەلیاتی شەڕ و هێڕش بۆسەر دوژمنم کاتێ تاقی کردەوە کە دەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان و بەرپرسانی سەربازی لە ئوردووگایەکی ئەرتەش و سپامان دا لە نزیک محەمدیار، لێدانەکە وا قەرار بوو بە تۆپ لێی بدرێ بەلام ئێمەشیان دەگەڵ خۆیان برد و لە شوێنێک کەمینێکمان دانایەوە کە دوای لێدانەکە ئەگەر بەو شوینەدا هاتبان ئێمە دەبوو لێیان دەین. تاریکە شەوێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، قەرار بوو سەرگورد عەباسی بەتۆپ لەو ئوردووگایە بدا کە لەوێ مۆڵدرابوو تا لەوێڕا هێرشی سەر مەهاباد بکەن. بەلێ نیوە شەو تەقەی تۆپان و گرمەی تەقینەوەی تۆپەکان بێدەنگی ئەو ناوەی وەها شڵەژاند هەر مەپرسە. ئێمە لە گوندێک نزیک بووین وابزانم خەلیفەلیان بوو، بووو بە چەقوولوری سەگان لە هەموو لاوە، وادیار بوو ئەوانیش ترسا بوون. ئەگەرچی ئەو شەوە ئێمە و ئەو مەفرەزەیەی کە مەلارەسووڵی پێشنمازو وابزانم کاک سەیدحەسەنی ورچان سەرپەرەستیان دەکرد چمان نەکردو کەسمان دەکەمین نەکەوت بەڵام ئەو شەوە هەم ترس و هەم هەست بە غروورێکی عەجایب تەواوی وجوودمی داگرتبوو.
ئەو ڕۆژەی کە ئەرتەش لە دەروازەی میانداوەوە لە مەهاباد نزیک دەبۆوە، دەستەیەک پێشمەرگەم بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد، لەوان یەکیان کاک کوروشی شەهابی بوو. خۆم کە گەڕامەوە ناوشار، شار بە تەواوی شڵەژابوو، ئەرتەش بە هەموو جۆرێک ناوشاری دەکوتا، فانتۆم بەیانی ونیوەڕۆ ئێواران بەسەر شااردا دەخولایەوە و دیواری سەوتی دەشکاند، داشامەجید پۆلێکی پێشمەرگە لێبوون ئەوان بە کالیبر پەنجا تەقەیان لە فانتۆمەکان دەکرد بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، ئاخری ئەو دەستە پێشمەرگەیە لە ژێر بارانی ڕاکێت و مووشەکی فانتۆمەکان ناچار داشامەجیدیان چۆل کرد و بەدیوی شاریدا هاتنەخوار.
تا شار گیراو تانک هاتنە سەر ئەو تەپەیەی ئێستا زانکۆی پەیامی نووری لێیە خەڵکێکی زۆر وەک پێشمەرگە هەر لە ناو شار بوون، بەڵام ئیتر هەرکەسەو بەجۆرێ خەریک بوو شاری بەجێ دەهێشت، دەفتەری حیزب چۆل کرابوو، شووڕای نیزامی کەسی تێدا نەمابوو. بەرەبەرە شار چۆل دەکرا، خەڵکێکی زۆر هەرچی وەدەستیان کەوتبا وەک ماشێن وتەڕاکتۆر و ئوتووبووس سواری دەبوون و شاریان بەجێ دەهێشت.
ئەو کات من ماشێنیکی پەیکانی خۆم پێبوو کە ساڵی ٥٦ لە ورمێ کڕیبووم، سواری ماشێنەکەم بوومەوە چوومە بەردەرکی ماڵە خۆمان و ماشێێنەکەم لەوێ بەجێ هێشت ماڵاوییم لەدایکم خواست. نازانم لەودەمی دا بابم لە کوێی بوو بەلام دایکم زۆرم لەبەر پاراوە کە نەچمە دەڕێ و بەجێیان نەهێڵم و دەستی بەسینگییەوە گرت و گوتی:" برایمە شیری ئەو مەمکانەت لێ حەلال بێ ڕۆڵە مەچۆ دەرێ و بە جێمان مەهێڵە" باوەڕ کەن وەمدەزانی دەگەڵ داروبەرد قسە دەکات، کوتم دایە گیان من خۆ هەر کوڕی تۆ نیم کوڕی ئەو خەڵکەم و خودا حافیز." ئەوە خۆ هەڵکیشان نییە هەرچی کوڕ وکچی ئەو کاتی بوو لە سەتا نەوەدیان وا بوون، کەللەمان بە باوەڕی شۆڕش و بەرخۆدان گەرم بوو، نیشتمان کەوتبۆوە بەر گوشاری رێژیم و بەسەختترین و وەحشیانەترین شێوە وئەو ڕێژیمە رەفتاری دەگەڵ خەڵکی ئەو شارو شوێنانە کردبوو کە پێش مەهاباد گیرابوونەوە. نەفرەتێکی سەیر لەو ڕێژیمە ناخمانی داگرتبوو. دەستم دەملی دایکم کرد ولە حاڵێکدا فرمێسک بە سەر گۆنا چرچەکان ڕێچکەیان بەستبوو بەجێم هێشت. نازانم کوڕو کچەکان لەکاتی وادا بێڕەحمن یان دەردە کورد وایە کە دەبێ هەمومان هەر یەکەوە وبەجۆرێک بە ژانی بێئامانییەوە بتیلێینەوە.
ئیتر من بە پێ هاتم و لەسەر زارکی کووچەی شیرکەتی نەفتی سواری تاکسیەک بووم و چوومە بەردەرکی شارەبانی، کەچی بەسەر هەواری خاڵی دا کەوتم، نەماشێنێکی لێمابوو نە کەسێ لێدیار بوو. یەکێک لەدۆستە کۆنەکانم بە ماشێن بەوێدا هات وزۆر بەنیگەرانی کوتی ئەرێ ئەوە ئەتۆ لێرە چدەکەی؟ کوتم وەڵا هاتووم لێرە دەگەڵ ئەو باقی پێشمەرگانە بچمە دەرێ کەچی ئەوان ماشێنەکەیان بردووە و منیش لێرە ماومەوە، کوتی وەرە سەرێ، دەگەڵی سوار بووم و تا هەمزاوایەی هێنام، لە ڕێگا جادەدی سەردەشت تەپووتۆزێک بوو چاو چاوی نەدەدیت. هەر خەڵک بوو بە سورای ماشێن وتەراکتۆر ومۆتۆڕسیکلێت لە شاری وەدەردەکەوت ودەڕێیە کەتبو. ئەو دۆستە و ئەوکەسەی ئەو ڕۆژە منی لە شار هێنایە دەر کارمەندی دەوڵەت بوو، لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دیسان ناوێرم ئەو جوامێرە و ئەو رەفیقەی ڕۆژی لێقەومان بناسێنم چون مناڵەکانی پارەی بازنشەستەگی و خانە نشینی ئەو وەدەگرن و دەترسم ناوی بێنم ئەو رێژمە زاڵمە دوژمن بە ئینسانە ئەو پارەیەش لە زاری ماڵ و منداڵی بگێڕێتەوە. یادی کاک م _ س هەمیشە لەدڵدا زیندوو.
ماوەیەک لە هەمزاوا و دەورەبەری ماینەوە، حیزب بەو پاشەکشە لە نەکاوە بەجارێ شیرازەی لەبەر یەک هەڵوەشابوو، ئاخر خۆ هێشتا خۆی نەگرتبوو، تەشکیلاتەکان و هیزی چەکدار بەتەواوی سازمان نەدرابوون کە شەڕێکی دژوار بەرۆکی گرت. بەڵام بە خێرایی و بە وردی خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە بوو، پەل و مەفرەزەو لکەکان دادەمەزران.
پاش ماوەیەک ئێمە بەڕێکراینە کاوڵان و لەوێوەش دەگەڵ دەستەیەکی یەکیەتی لاوان بەرەو سنووری ناوزەنگ ونۆکان وەڕێ کەوتین . لەوێ بۆ ماوەیەک ماینەوە و پاش قەدەرێک دەبوو بچین ئەبووبەکری رەشیدزادە لە ئوردووگایەکی قەڵادزە بێنینەوە بۆ نۆکان کە بەرپرسێکی سازمانی جەوانان یان کوڕێکی هەڵسووری سازمانی جەوانانی حیزب بوو. ئەو کارە خۆی داسستانێکی دوور ودرێژی هەیە.
درێژەی هەیە

تاڵە ژین

تاڵە ژین
شاهیدیەک بۆ مێژوو ٢
کە تانکەکان گەڕانەوە و ئێمە لە ماڵە کاک ڕەحمان هاتینە دەر، من و چەند کەسی چەک بەدەست گەڕاینەوە مزگەوتی هەباس ئاغای و و لەوێ بڕنۆ درێژەم تەحویل دا( کاک حەسەنی ماوەڕانی لە بابەتێکدا دەلی ئەوان واتە ئەو و کاک سولەیمان چیڕەی یاد بەخێر ئەو کومیتەیەیان دانابوو) و چومەوە لای شارەبانی، ئەگەر هەڵە نەبم کاک ع-ق م لەوێ دیت کە دەگەڵ یەکێکی دیکە ڕاوەستابوون و قسەیان دەگەڵ ئەو چەند چەکدارە دەکرد کە لە ناو شارەبانی ڕاوەستابوون، کە منیان دیت ئەوەی دەگەڵی راوەستابوو گوتی فڵان کەس وەرە، و ئاماژەی بەمن کرد کە با فڵان کەس سەرپەرەستی ئێرە بکا. ئیتر لەو دەقیقەوە ئاسایشی شار کەوتە دەستی ئێمە و وردە وردە خەڵکمان لێزیاد بوو، تا ئیتر نیگابانی هەموو شوێبەکانی شار وەک هەر دوو دەروازەی میانداو و ورمێ و بانکەکان و رادیۆ و تەلەویزیۆن و چواررێ و مەیدانەکان. لەو پێشمەرگانە ئەگەر هەڵە نەبم دوو کەسم لەبیرن، یەکیان کاک سەرهەنگ و ئەوی دیکەیان کەریم حەسەنی ڕەحمەتی.
تا پادگان گیرا، من لەو شوێنە بووم، ئییر چەندی کێشا نازانم بەڵام هەرگیز جگە بۆحەمام کردنێکی بەپەلە و جلوبەرگ گۆڕینێک نەدەچوومەوە ماڵی خۆمان بۆ پشوودانیش، نەک هەر من هەرچی لەوێ بوو هەر وابوو، ئەوێمان پێ لەماڵ خۆشتر بوو، چون ولاتمان بە هی خۆمان دەزانی. کەس هەستی بە ماندوو بوون نەدەکرد.
ئیتر کارەکەمان هەر دەهات ونەزمی پەیدا دەکرد تا هەموو بنکەو بارەگاکانی حیزب و باقی رێکخراوەکانی دیکە لە ناو شار دامەزارن. پاش ماوەیەک بەڕێیان کردم بۆ پادگان کەتبووە دەست خەڵک. لە پادگان کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵیم بۆ یەکەم جار دیت. لاوێکی بەهەستی و پڕ کاری چوست وچالاک، هەرچی کردبای وهەرچی کوتبای بزەی لەسەر لیوی نەدەبڕا. ماندووبوون نەبوو، من ماویەکی کەمی لەگەڵ نەبووم، هەر لەیەک ژوور ولە یەک شوێن ،کارمان دەکرد. هەڵبەت جاری وابوو شەووڕۆژێک یەکترمان نەدەدیت، هەر هەڵات هەلات بوو. لیستێکدەهات دەبوو مەسەلەن، ٢٠ ژ س و چەند سندووق فیشەک بدەین بەکێ و .. کارەکەمان سەرباقی پاراستنی پادگان دانی ئەو چەکانە بوون کە بە نامەی حیزبی دەهاتن و ئێنمەش دەبوو دابامان بە خەڵک. لە هەڕەرتی لاوەتی دا ئەوجار شانازی ئەوەم پێبڕا کە بۆ ماوەیەکی دیار هاوکاری مامۆستا مەلاحەسەنی شیوەسەڵی بم و زۆر شتی لێفێر بم. ئەلهەق و ئینساف لەوماوەیەدا ئەوەی من دیتم یەکێک لە سادقترین وپاکترین و دڵسۆزترین ئەندام وکادرەکانی حیزب بوو.
لەوێش کارمان هاسان نەبوو، دەبوو نیگابانمان بۆ هەموو زاخەکان دانابا ،سەر دوندی چیای پشت پادگان و هەموو دەوری سیمی خاردارەکانمان بە نیگابانی کرچ و کاڵ پڕکردباوە، کە دەڵێم کرچ و کاڵ ئینسافەن چیان نەدەزانی و منیش هەر وەک وان. ئەوەندە بوو زۆر بەنەزم و دیسپلین کارەکانمان دەکرد و پۆستی نیگابانی لە کاتی دیاریکراودا دەگۆڕدرا، سەردانیان دەکرا و بەتایبەتی شەوانە بە دوو دەستە بەسەریان دا دەگەڕاین، تیمێکی ئامادەشمان هەمیشە هەبوو. دیارە هەندێ کەسی بەئەزموون و کۆنە پێشمەرگە و کادری حیزب جار جارە دەهاتنە نێو پادگان، هەرە کەسەو چەند پێشمەرگەیەکی دەگەڵ بوو، وەک کاک مەلاڕەسوڵی پێشنماز، شادڕەوان سەیدرەسووڵی بابی گەروە ، جگە لەوانە کوڕێکی گەنجی لێبوو کە وابزانم ناوی میرزا عەلی بوو، باڵابەرزی کەڵەگەت کە دەیان کوت لە فەلەستین دەورەی دیوە. بۆ ماوەیەک ئەو کەسەش لە پادگان دەمایەوە، دوایە ئیتر نەمدیتەوە. ئەگەر هەڵە نەبم کاک عەلێ شەمیش ماوەیەک لەپادگان مایەوە، جەفەنگ و قسەخۆشەکانی لەبیرناکرێن. ئەو زیاتر نیگابانی لای زاغەو موهیمات بوو.
راگرتنی پادگان بەو خەڵکەی تێکەڵەی کە زۆربەیان چیان نەدەزانی کارێکی هێندە ئاسان نەبوو، چەندین جار بە تەحزریکی هێزەسیاسیەکانی دیکە خەڵک هێرشی هێنایە سەر پادگان و جارێکیان بەتایبەتی هێڕشیانب کردە سەر مامۆستا مەلاحەسەنی شیوەسەڵی کە کاک عەلی شم و هەندێ لەو پێشمەرگە گەنجانەی ئامادە بەگژیان دااتینەوە و چەک ڕاکاشرا و شەقەی چەماغ راکێشان لەهەردووک لایەن دەستی پێکرد، هەرچۆنی بوو خەلەککەمان وەدەر نا و دووبارە ئارامی گەراوە ناوپادگان.
جگە لەمە شەوانە لە گۆشەو کەناری پاسدگان را تەقەیان لیدەکردین و هێرشیان دێنا بۆ ناو پادگان و تەنانەت ڕۆژێک باشنم لەبیرە کۆمەڵێ خەڵکی چەکدار کە ئەوەندەی لەبیرم زیاتر لە مەنگوڕەکان بوون دوای تەقەیەکی زۆر خۆیان گەیاندە نیو پارکی مۆتۆری. تەقە وەها گەرم بوو دەتگوت حەشرە یەکەم شەڕی من ئەو رۆژە بوو کە تیربارێکی ژ س یمان لە زاغە را هێنایە خوار و بە هەموو لایەک هەرچی ماشین و دەوروبەری پارکی مۆتوڕی بوو وەها گووللەباران کرا بۆ ماوەیەکی زۆر کەس نەیوێرا خۆی بە پادگان دا بکات. ئەو ڕۆژە کوتیان کوشتە وبریندار هەبووە لە ناو پارکی مۆتۆری و بەلام تا رەنگان ئیمە ناهاتینە خوار ئاگاشمان لە دەفتەری نیگابانی نەبوو کە دخوا چی بەسەر هاتووە، بەلام وادیار بوو هێرشەکە هەر بۆ زاغەو موهیماتەکە بوو.
درێژەی هەیە

Wednesday 23 November 2016

تاڵە ژین



شاهیدیەک بۆ مێژوو ١
تاڵە ژین
من کە چوومە ناو حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ووەک ئەندام و پێشمەرگە دەستم بە کار کرد. گەنجێکی ٢١ ساڵە بووم. بەڵام زیت و وریا و چوست وچالاک، لە گرتنی شارەبانی مەهاباد دا دەستی باڵام هەبوو ئەگەرچی پێش گرتنی شارەبانی لەترسی گیران هەڵاتبوومە سنە و لە ماڵی کاک عەبدوڵای حوسێن پوور دەمامەوە کە کوڕە خاڵ و مامۆستای کوردایەتیم بووە.  تا ئەو شەوەی کە ئیتر بۆ بە هەرا کە شا سبەی بارگەی تێکدەنێ و بە بارەگە تێکنانیشی قوڕێکی خەستتر لە قوڕی دەشتی شاماتی بەسەر سەری میلەت وگەلانی ئێران دادەکا. ئێران لە ئاوری خەڵاسی دەبێ و تووشی لافاو و سێڵاوی بێئامانی دڵڕەشتریبن ئینسانەکان دەبێ.
 کە شارەبانی گیرا دەسبەجێ هێرش  برایە سەر ستادی ژاندارمەری. سەرەتا لە ستادڕا تەقەیان کرد و ئێمەش بێچەک خۆمان وەپەنا گۆشە خەیابانی پەهلەوی ئەوکاتی دابوو، رووبەڕووی بانکی سپە لەو بەری نزیک مەیخانەکە خۆمان بە دیوارییەوە نووساندبوو، تەقە هێندەی نەبرد ئەوجار بڕێک خەستتر بوو، یەکێک بە جلی کوردی لە بن شێرەبەردینەکان درێژ ببوو و تەقەی لە قاتی سەرووی ستاد دەکرد کە لەوێڕا تەقەیان لەخەڵک دەکرد. دوایە بیستمەوە کە کوتیان ئەوە مینەی کاکە سواری بووە تەقەی لە ستاد کردووە کە بەداخەوە دوایە چەکی بۆ ڕێژیم هەڵگرت و بەدەستی پێشمەرگەش کوژرا.
 دوای ئەو تەقەیە خەڵکی وەهای هێرش بردە ناو ستاد کە کەس لەبەر پاڵەپەستۆ دەدەرگا زەلامەکەی ستادەوە نەدەچوو. سەیریش ئەوە بوو کەس نەیزانی ژاندارم وئەفسەر و دەرەجەداری ستاد بە کوێدا هەڵاتوون و بۆ کوێ چوون. نازانم چەندی پێچو بەڵام کەمتر لە سەعاتێک ستاد ئاداری بەسەر پاداریییەوە نەما و هەر بابا بوو بڕنەوێک یان ژ س ییەک بەدەستەوە و لە دەرگای ستاد دەهاتە دەرێ. من لەو هەڵمەتە دا بڕنەوێکی درێژم دەسکەوت. کە دوایی تەسلیمی مزگەوتی هەباس ئاغام کرد کە لەوێ گۆیا چەکیان وەک کومیتەیەک خڕدەکردەوە و ناویان دەنووسی و دوایە دەماندەنەوە کە قەتم چاو پێێ نەکەوتەوە. دوای ئەو هێرش وپەلامارە ئەوجار هێڕشمان بردە سەر هەنگی ژاندارمەری کە نزیک سێ ڕێیانی وەفایی و "کوی فرح" بوو. لەوی تا دیوارکونکردنیش چووینە پێش، وردە وردە تاریک دادهات و وابزانم خەڵک دەستیان بە هێندێک چەکوچۆڵ راگەیشتبوو کە گرمە و قرمەیەکی سەیر پەیدا بوو، لە نەکاو کوتیان تانک لە پادگانێڕا هاتوون و خەڵکیان وەبەر گولـلەداوە، چەند کەسێک کوژراون و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئیتر دەستمان بە کشانەوە کرد و تانک هاتنە سەر سێ ڕێیانی وەفایی و لای شێروخورشیدی قەدیمیش. ئێمە لە ترسی دەسڕێژی گولـلە خۆمان بە مالێکی داکرد کە ئەوەندەی لەبیرم بێ ناوی کابرا رەحمان بوو. کڵاو جەمەدانی لەسەر، هەر کەس هاتبا ژوور لێێ دەپرسی کوڕی کێ، ئەویش دەبوو خۆی ناساندبا، کە گەیشتە من کوتی کوڕی کێێ، کوتم کوڕی حاجی جانگیریم، هەرای کرد سمایل وەرە خزمەکەشت بە چەکەوە پەناهەندە بوو. کە سمایل هات رەحمەتی کاک سمایلی شەڕافەتی. ماڵی کاک ڕەحمان یەکی دیکە نەدەبرد وابزانم نزیک ٣٠ کەسی تێدا بوو. جگە لە من چەند کەسی دیکە چەکیان پێبوو.
درێژەی هەیە.

هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز برایم جەهانگیری نووسه‌ر و چالاکی سیاسی به‌بۆنه‌ی 8ی مارس

هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز برایم جەهانگیری نووسه‌ر و چالاکی سیاسی به‌بۆنه‌ی 8ی مارس

AddThis Social Bookmark Button
braim jehangiri:: پرسیار : تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟
:: برایم جەهانگیری:   سوپاس کاک رەحمان بۆ وروژاندنی ئەو پرسە گرینگەی کۆمەڵگاکەمان. برایم جەهانگیری م و هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتی گەلانی ئێران
دژی رێژیمی پاشایەتی لە ئێران دا واتە ساڵی 1357 هەتاوی رووم کردۆتە کار و باری سیاسیی و بە کردەوە تا ئێستا لەو بارەوە لە جووڵە نەکەوتووم.
:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
:: برایم جەهانگیری: پرسی ژن پرسێکی سیاسیی کۆمەڵایەتییە کە لە زۆر ولات دا تا ئێستاش دەگەڵ کێشە وگرفتی زۆر سەرەکی بەرەوروویە. ئەگەرچی لە هەموو جیهاندا تەنانەت لە وڵاتانی هەرە پێشکەوتووی جیهانیش جار و بارە بێعەدالەتی بەرامبەر بە ژن دەبینرێ و تەنانەت لە سیستەم و یاساش دا هەندێ جیاوازی دانان هەیە لە نێوان پیاو ژن دا بەڵام بە گشتی ئەو کێشەیە، کێشەی سەرەکی وڵاتە ئیسلامییەکانە ، ئەو وڵاتانەی بە پێی کولتووری شەریعەت هەر لەسەرەتاوە هەندێ یاسایان خستۆتە ناو کۆمەڵگاوە کە لەو دا ژن بە تەواوی دەچەوسێتەوە و وەک مرۆڤ حیسابی بۆ ناکرێ. لە شەریعەتی ئیسلامیدا پیاو سالار و سەردارە، مافی هەیە 4 ژن بێنێ، لە ئەگەری مردنی دایک و باب دا ژن بە قەرا نیوەی پێاوێکی لە ماڵی بابی پێدەبڕێ، لە کێشەو گرفتەکانی ناو دادگە دا بە سێیان شاهیدێکن. ژن و پیاوێک بە شێوەیەکی ناشەرعی لەگەڵ یەک تێکەڵاو دەبن، سزای ژنە کە مردنی بە بەردباران کردنە و پیاوەکە بە وەرگرتنی حوکمی چەند قامچییەک و رەنگە چەند مانگ زیندان کێشە و تاوانەکەی لە مل دا دەماڵڕێ.
ئەوانە کە باسمان کرد لەراستیدا بوونەتە بنەمایەک کە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا کە لە باری رەوانییەوە ژن لەو کۆمەڵگایانە دا خۆی هەست بە نوقستانی و کەم و کووڕی بکات لەبەرامبەر پیاواندا. پیاویش بەداخەوە بە هەمان موڕاڵ و ئەخلاقیات رەفتاردەکات و ئەو دەسەڵاتەی لە لایەن ئایین و شەریعەتەوە پێی بەخشراوە بۆتە کولتوور و چووەتە ناو رەگ و دەمارەکانی خوێنی هەردووک لایان. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایە بە گشتی کۆمەڵگایەکی پیاو سالارە و لەو دا بە داخەوە ژن لە بچووکترین ماف بێبەشە.
کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەش بەداخەوە ئەو خاڵە دەیگرێتەوە و ئەگەرچی بە بوونی خەباتی دژی زۆرداری و بوونی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان تا رادەیەک ژنان بە ماف و ئازادیەکانیان ئاشنان و تاک و تەرا و لێرەو لەوێ ژنی زۆر چالاک و بوێر و وشیار لەو بوارە دا هەن بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو چالاکییە نەبۆتە سیستەم و نەچووەتە ناو ژیانی رۆژانەی ژنان و پیاوانەوە. رێکخراوەکانی ژنان لەو بارەوە بەداخەوە کەمتەرخەمن. ئەوان لە جیاتی پرسی خۆیان لە حیزبەکان و سیاسەتی حیزبەکان جیا کەنەوە و وێرای بەشداریان لە کار و چالاکی حیزبی بەڵام پرسی ژن وەک پرسێکی ناحیزبی و گرفتی سەرەکی توێژێکی گەورەی کۆمەڵگا سەیر بکەن زۆر جار هەر لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبدا هەوڵی خۆیان بۆ دەربڕنی داد و هاواری ستەم و بێعەدالەتیەکان چر دەکەنەوە . لە حاڵیکدا ئەو پرسە هی حیزبێک و گروپێکی سیاسیی نییە کێشەی گەورەی کۆمەڵگایە. کەوایە ژن لەو بارەوە دەبێ هەوڵی زیاتر بدات بە تایبنەتی کە گەیشتە کێشەی ژنان لە روانگەی ژنەوە دەرد و مەینەتیەکان بخەنە بەر باس نەک لە روانگەی سیاسەتی حیزبەوە. دیارە بە خۆشییەوە لەم دواییانە دا هەندێ هەوڵی سەربەخۆی ژنان دەبینرێ کە من هیوادارم ئەو هەوڵانە چرتر بکڕێنەوە و بەردەوام بن.
:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟
:: برایم جەهانگیری : چالاکی ژنان لە ناو حیزبە کوردیەکان تا چەند ساڵ لەمەوبەر هەر بەرچاو نەبوو، لە ناو حزبە چەپەکان تا ڕادەیەک چالاکی ژنان بەرچاو و دیار بوو بەڵام لەوێش ئەو چالاکییە بارتەقای وەزن و سەنگی ژنان نەبووە، هەموو حزیبێک و رێکخراوێکی کوردستانی دروشمی ئەوەیە کە ژنان نیوەی کۆمەڵن و مافی ژن و پیاو دەبێ بەرامبەر بێ. بەڵام لە ناو خودی حیزبەکان ئەو مەسەلەیە لەبەر چاو نەگیراوە لە دابەش کردنی دەسەڵات و مودیریەتی گشتی وسەرێ دا ژن بێبەش یان زۆر کەم بەشە. بەهانەش ئەوەیە کە ژنی چالاک و بەتوانای پلەی رێبەری کەمن! لە حاڵێکدا رەنگە پیاوان بەو دەلیلەی کە هەمیشە هەلی فێر بوون و خۆدەرخستنیان لە ژنان زیاتر بووە دەرکەوتەتر و دیارتر بن بەڵام هەر ئێستا لە ڕیزی سەرکردایەتی حیزبەکان دا زۆر بەڕوونی جێگای بەتاڵی ژنان دیار و ئاشکرایە و هەن کەسانێکی بەتوانا لە ڕیزی ژناندا کە دەتوانن لە جیات فڵانە پیاو ئەو پۆستە وەربگرن . ئەو ئیمکانە هەر لە سیاسەت و بەڕیوەبەریدا لە ژنان وەرنەگیراوەتەوە، کەمی رادەی ژنان لە رێزی حیزبەکان وای کردووە کە رێژەی زیاتری ئەندامانی کۆنگرە پیاوان بن وئەوانیش بە دڵنییاییەوە زۆر جاران ئەو کەم و کووڕیەی حیزبەکەی خۆیان نابینن و تەنیا لە بەر یەک هۆکار کە رەنگە هۆکارەکان لای لای تاکەکان جیاواز بن لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگ دەدەن بە پیاوەکە نەک بە ژن.
:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟
:: برایم جەهانگیری : پرسی ژن و هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو بێعەدالەتییەی بەرامبەر بە ژنان لە ئارا دایە تەنیا کار و ئەرکی ژنان نییە، هەموو ئینسانێکی بەرابەری خواز و ئازادیخواز دەبێ لەو ئەرکە گرینگە دا هاوکار و پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای رێکخراوەکانی ژنان بێ، هیچ بەهانەیەک لەم بارەوە لە کەس قەبووڵ ناکرێ کە خۆی لە کێشەکانی ژنان بدزێتەوە. کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەبە خەستی بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنێ، رۆژ نییە ژنان و کچانی نیشتمانەکەمان لە دەست ئەو بێعەداڵەتیەی بەرامەبەریان پەیرەوە دەکرێ ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر نەدەن. کێ لە خوڵقانی ئەو رووداوانە تۆمەتباری سەرەکییە. من ئەو باسە بۆیە وا روون و شەفاف دێنمە گۆڕێ تا کەس خۆی لە راستیەکان نەدزیتەوە. هەر بۆیە ناکرێ دان بەوە دا نەنێن کە ژنان و کچان بۆیە ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردەدەن چون لە لایەن کولتوری پیاوسالار و باوک سالارانە تینیان بۆ دێ و کورد گوتەنی چەقۆ دەگاتە سەر ئێسقانیان و ناچار مەرگیان پێ لە ژین شیرینتر دەبێ و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. بۆیە و لەم پیوەندییە دا تەنانەت من پیاوانییەکسانیخواز لەو خەباتە دا بە پێشەنگ دەزانم و ئەگەر بەڕاستی باوەڕیان بە عەدالەت و دادپەروەری و یەکسانی ژن و پیاو هەیە با ئەو پەڵە شوورەییە لە ناوچاوانی پیاوی کورد بسڕنەوە و هەوڵ بدەن بۆ هەمیشە کۆتایی بەو ستەم و بێعەدالەتییە بێنن کە بەرامبەر بە ژن پەیرەوە دەکرێ. کە باسی کەمتەرخەمی ژنان دەکرێ لەگەڵ ئەوەیدا کە رەنگە ئەمە وەک روویەکی مەسەلەکە راست بێ بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئەوان بە تەنیان، دەنگی پیاوانیان دەگەڵ نیە و ئەگەریش هەیە ئەو دەنگە زۆر کز و لاوازە و یان شتێکی فۆرمی و پۆزێکی رۆشنبیرانەیە.
ژنان بە بروای من دووکاری سەرەکی دەبێ بکەنە پێشەی خەبات و تێکۆشانی خۆیان، یەکەم لەگەڵ ئەوەی دا کە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە چەوساندنەوەی ژنان بە دەستی سیستەم و کولتوری پیاو سالارەوە بە ئنجام دەگات بەڵام لەو خەباتە دا نابێ وا نیشان بدەن کە ژن لەبەرامبەر پیاوان دا رادەوەستن و سەنگەربەندی لەبەرامبەر پیاوان نەکرێتە تاکتیکی سیاسەت و خەباتی ژنان . بە پێچەوانە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی مافخوازانەی خۆیان دەبێ هەڵ بدەن هەرچی دەتوانن پیاوانی یەکسانیخواز وەک پاڵپشتی بەهێزی ئەو رەوت و حەرەکەتە لە دەوری خۆیان کۆکەنەوە. ئەو پرسە وەک کوتم راستە وەک ماف باسی ماف و ئازادیەکانی ژنە بەلام پرسەکە هی ژن و پیاوە و ئەو خەباتە نابێ جیا بکرێتەوە لە خەبات بۆ رزگاری خاک و نێشتمان، نابێ جیا بکرێتەوە لە خەبات بۆ ئازادییە دێمۆکراتیکەکان. کەوایە لێرە دا دیسان پیاو و ژن هاوشانی یەکتر بۆ لاچوونی ئەو ستەمە دەبێ هەوڵ بدەن.
:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟
:: برایم جەهانگیری : من لەسەروو ئاماژەم بەو خاڵە داوە و دووبارە دەڵیم وێڕای ئەوەی کە گرینگی دان بە مەسەلەی ژنان و خستنە ناو بەرنامە و پرۆگرامی حیزبەکان کارێکی دێمۆکراتیک و پێشکەوتووانەیە کە حیزبەکان ئەنجامی دەدەن و تەبلیغی بۆ دەکەن بەڵام ژنان مەسەلەی خۆیان زۆر جاران دەبێ لە چوارچێوەی حیزبەکان بەدەر بزانن و خۆیان وەک ژن باسی کێشەکانیان بکەن و سیاسەت و ئیستراتیژی و تاکتیکی بۆ دا بنێن. بەتایبەتی کاتێ کە رێکخراوێکی کارا و چالاکی ژنان لە سەر ئاستی واقیع بوونی خۆی راگەیاند.
:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟
:: برایم جەهانگیری: پرسی ژن و لاچوونی ستەمە بێئەژمارەکان لە سەر ژنان تەوەرێکی دادپەروەرانە و دیمۆکراتیکە، ناکرێ ئازادیخواز بی و باوەڕت بە یەکسانیی ژن و پیاو نەبێ، ناکرێ شۆڕشگێر بی و دژایەتی ئەو داب و نەریتە کۆن و سەقەتەی کۆمەڵگا نەکەی، ناکرێ نیشتمانپەروەر بی و باسی ئازادی نیشتمان بکەی، بەڵام توێژی هەرە فیداکاری کۆمەڵگا ، دایکان و خوشکانی لە خۆ بردوو لە رەوتی ئەو خەباتە لە بیر بکرێن و بۆ ئازادی و گەیشتن بە مافەکانی ئەوانیش هەوڵ نەدەی. باوەڕ هێنان بە مافی ژن بە کردەوە نەک بە قسە، وەک سەنگی محەکی دێمۆکرات بوون و پێشکەوتوو بوون وایە، عەیارە بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتوو بوون و نەبوون، قسەکانم سەبارەت بەو بابەتە گرینگە بەو شێعرەک مامۆسیتا هێمنی نەمر کۆتایی پێدەێنم کە دەڵێ:
با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی روونیشمان هەبێ
تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە.

Saturday 8 October 2016

تالە ژین لە دەلاقەیەکی بچووکەوە

تالە ژین لە دەلاقەیەکی بچووکەوە
ئەو رۆژانە قسەی کوڕە بچووکەکەم، هێمن م هاتەوە بیر
چەند ساڵ لەمەوبەر کە من وێڕای ژانی دیسکی کەمەر رۆژانە دەگەڵ دۆستێک کاری کلێنیکم دەکرد، واتە وڵاتم خاوین دەکردەوە، کەسکم لێدەدا، پەنجەرەم دەشووت، عەیب نەبێ دەست شوویی و توالەتم پاک دەکردەوە، ئێوارەیەکی زۆر ماندو بووم، شەڵاڵی ئارەقە هاتمەوە ماڵ، جلەکانم فڕێدانە سەر باڵکون و ئاوێکم بە خۆم داکرد و هاتم لەساڵۆن لە پشت کۆمپیوتێرەەکەم دانیشتم.
هێـمن هەڵیدایە و کوتی ئێستا ڕاحەتتری یان ئەو دەمی کە بە مسقاڵ زێڕت دەفرۆشت؟ ڕاچڵەکیم لەو پرسیارە، ئاخر چاوەڕێێ ئەوە نەبووم. کوتم مەنزوورت چییە ڕۆڵە؟ کوتی هیچ لە خۆت نەگەڕای ئاخر ئەو حاڵە هەتە بە نەخۆشی وبەو تەمەنەوە.......
کوتم ڕۆڵە، ئینسان بۆیە ئینسانە هەڵوێستی هەبێ، گا بەو زلییە دەگێرەی دەکەن دەنگی نایە ، دەجووتی دەکەن دەنگی نایە، دەست و پێێ دەبەستن بۆ سەر بڕین ئامادەی دەکەن کێردی بەگەرووی دادێنن ئەوجار وەلینگە فرتە دەکەوێ. دەی خۆ مرۆڤ گا نییە؟ دەبێ هەڵوێستی هەبێ. بەڵێ هەزار جار لێرە ڕاحەتترم. یەکەم لەوەتا لێرەم هیچ قوڵە پاسدارێک بەربینگی پێنەگرتووم بپرسێ لەکوێڕا هاتووی و بۆ کوێ دەچێ؟ دووهەم هەموو هەفتان لە ئیدارەی ئیتلاعات بانگم ناکەن و ژیانم لێناکەن بە جەهەندەم..... سێهەم ئێوەم گەیاندۆتە وڵاتێک کە داهاتووی ڕوونتان دەبێ ئەگەر بتان هەوێ.
جا وات نەکردبا را با بانگیان نەکردبای؟ زندەگیان لێ نەکردبایە جەهەنەم.
چیم کردبوو؟ ئەو حکوومەتەم خۆش نەدەویست و وەک کوردێک بچووکترین کارێک کە لەدەستم هاتبێ بۆ گەلەکەم کردوومە!
دەی باشە پیرۆزت بێ سبەی تاجت لەسەر دەنین!
بۆ تاج لەسەر نان هیچم نەکردووە، ئەوەی کردوومە بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانیوە. لەڕێگای بیرو باوەڕدا کردوومە.
بیری ئەو رۆژە کەوتمەوە کە سمایلی بازیار( ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئەو کاتی) زەنگی بۆ لێدام کوتی ئەمن وەستا شەریفم کاک مەریوان فەرشەکانت ماون؟ دڵم داخورپا، کوتم ئەوە لە کوێی وەستا بەلێ ماومن. کوتی دبێ بت بینم دێمە کن مزگەوتی سەید نیزام تا نیوسەعاتی دیکە. تەلەیفوون قەتع بوو.
خیزانم نانی شەوی دانابوو هێندە بە پەلە خۆم پێچایەوە لێنگێکم گورەوەی لەبیرچووبوو بیکەمە پام. بە شڵەژاوی هات کوتی ئەوە چ بووە دیسان؟ کوتم هیچ ئەمن کارێکم بۆ هاتۆتە پێش ئێوە نان بخۆن چاوەڕێی من مەبن، زۆر بەنیگەرانییەوە یەخەی گرتم کوتی چ بووە. هیچ نەبووە دێمەوە ئێوە نانتان بخۆن.
وەدەر کەوتم و لەنزیک مزگەوتی سەید نیزام کە ئەزقەزا رووبەڕووی ماڵە خەزوورم بوو جارێک ڕۆێشتم و مزگەوتم بەجێ هێشت. وەستا شەریف دیار نەبوو، دیسان گەڕامەوە و تاوێک لەبەردەرکی مزگەوت ڕاوەستام وەستا دیار نەبوو، دەدەقیقەی لە قەرار لادابوو هەر دیار نەبوو، زۆر نیگەران بووم، چوومە ناو مزگەوت و دیتم چەند کەسێک دەست و چاویان لەسەر حەوزەکە دەشوت. هیچیان هەو نەبوون. هاتمە دەرێ و دووبارە لەدەرکی مزگەوت بەرەو سەر هەڵکشام، یەکێک لە لە ڕوبەڕوم ڕا هات وهەر ئەوندەی کوت مەریوان وەدوام کەوە.
بەتەنیشت کووچەی مزگەوتی سەیدنیزام دا دەگەڵ کاک سمایل چووینە لای پشت قەڵا و تاریکە شەوێک بوو مەپرسە...
ئەو شەوە ژیانی من وماڵی ئێمە تاڵترین ژیان بوو. ئاخر لە لایەن ئیتلاعاتەوە زۆر بەتوندی چاوەدێری دەکرام، هەر نیگەران بووم سمایل بگیڕێ ئیتر هەم ژیان وهەم ئابڕوو دەکەوتە خەتەرەوە. من درەنگانێک سمایلم بەجێ هێشت و گەڕامەوە، کەدەرگام کردەوە خێزانم لەسەر پلیکانەکان بەرەوڕووی دەرگا دانیشتبوو. نیگەرانی ...... نیگەران.....لە سیمای دا وەها وێرانیییەکم دەدیت هەر مەپرسە. خۆمان هیچ بەڵام مەمانان چ زوڵمێکمان لە ماڵو منداڵێش نەکرد.
بەڵێ ئەوە نوختەیەکی بچووک لە ژیانی ئێمە بووە . لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بێوەفایی و بێسفەتی نزیکترین دۆست و هاوڕێیانی خۆم بۆ دەرکەوت و بە خۆم کوت جار جارە منداڵێک دەتوانێ لە مامۆستایەکی زانکۆش عاقڵانەتر و واقعیتر بیر بکاتەوە.
یادی ئەو ڕۆژەو یادی هاوڕێ سمایل بازیار و هەموو ئەو هاوڕێ و دۆستانەی لە ناوخۆ دەستەویەخەی مەرگ و ژیانن بەخێر.

خۆتان شڵوێ مەکەن ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئێمەیە

خۆتان شلوێ مەکەن ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئێمەیە
کە حدکا لە یەکەم چوونەوە ناوخۆی ئەمساڵیدا زیاتر لە دە شەهیدی دا ناڵێم هەموو بەڵام زۆر کەسی سەر بەلایەنەکان لەجیاتی هاودەردی دەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان خوێیان بە برینان دادەکرد. دەیان کوت چۆن پێشمەرگە دەبێ دەخانوویەک دا لە کەمین کەون؟ ئەوە کەی پێشمەرگایەتیە؟ حدکا گیانی پێشمەرگەکانی بۆ گرینگ نییە و .... بەشێک لە قسەکە ڕاست بوو بەڵام کاتی نەبوو.
کە حدک لە چەند ڕۆژی رابردوودا پێشمەرگەکانی لە دەوروبەری سەردەشت بەسەر تەڵەی تەقینەوەی دوژمن دا کەوتن دوو شەهید و یەک برینداریان دا، کەم نەبوون ئەوانەی لە لایەنەکانی دیکە هەمان خوێندنەوە و هەمان هەڵوێستیان بۆ حدک هەبوو. زۆر بەڕاشکاویش کاک حاجی ئەحمەدی هەردووک لای کردە ئامانجی گورزی قسەکانی کە چۆن دەبێ هاوار بکەی ئەوە هاتم و ئەو دێم و خولاسە تا گەیشتە نەقڵی پشیلەڕەشەی مەشهوور.
ئێتستا کە گریلا لەکەمین کەوتوون و دوازدە کەسیان بە دەستی هێزە دژی بەشەریەکانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران شەهید بوون لێرەو لەوێ هەمان کاریان کرد، بەناوی دڵسۆزی و بە ناوی نیگەرانی وپێناخۆش بوون وێنەی شەمزاو وتەرمی کوڕ و کچە گریلای شەڵاڵی خۆینیان بڵاوکردەوە ......
خۆ شلوێکردنی ناوێ، تووڕە بوونیشی پێویست نبیە، نەسیحەتکردنیش کار ساز نیە، یەکەم ئەوە راستی ناخی کۆمەڵگای ئێمەیە، ئەوە حەقیقەتی ئەو گەل و نەتەوەیەیە کە دەبوو چون یەکێک لە دەگمەن نەتەوە و گەلانی بێ ئالا وبێ وڵاتە لە هەموو میللەتێک یەکگرتووتر با، بەڵام نین، شپرزە و پەرتەوازە و دوژمن بەیەک، دوژمن لێمان دەکوژێ ئێمە خەریکین دەیکەیەن بەهانە بۆ کوتانی لایەنێکی دیکەی حیزبی، لە سیاسەت و هەڵسوکەوتدا شکستێک دەخۆین خەریکین خەڵکی دیکەی پێتاوانبار دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان لە ژێرباری ڕەخنە قوتار کردبێ. بەشکستی لایەنێک خۆشحاڵ و بەسەرکەوتنی خەمبارین، لێرەدا ئەگەرچی ئەمە بەشەخسیش هەڵکەوتووە بەلام بە گشتی ئەوە پەروەردەی هەموو حیزبەکانە ، ئەوان وایان دەوێ، کەسیان و هیچ لایەنێکیان ئامادە نییە پەروەردەیەکی ئەخلاقی و شۆڕشگێرانە بکاتە بنەما وئەگەر کەس لێێ لادا ئەوا سزای بدەن، لە ناو تەشکیلات و حیزب و رێکخراوەکدا دەری بکەن. نا ئەوان ئەو خەڵکەیان وا بار هێناوە. خەڵکی وایان پێویستە.
کابرا رۆژنامە نووسە، خۆی پێ ڕۆشنبیرە و چالاکی سیاسییە، چەندین ساڵە لەهەندەران دەژی، بە درۆ و بە خۆ هەڵاوەسین بە فڵانە حیزب و رێکخراوی سیاسیی رۆژهەتا ئێوارێ پێشەی بۆتە جنێودان بەم و بەو، کەس نییە شووڵێک دەست داتێ و دووی لە لمبۆزی دا و هەسی داتەوە! دەی ئەو کۆمەڵگایە بۆ و‌ێران نابێ و بۆ دا ناماڵرێ لە ئەخلاق و بۆچی بێ دایک وباب و سەرسەری و جنێو فرۆش دەسەڵاتی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەستەوە ناگرن.
خەسارەتی لەدەستدانی ئەو پۆلە ئینسانە ئەویش وا سووک و هاسان جگە لەمەی کەهەیبەتی ئەو هێزانەی شکاند کە نماد و سیمبولی کورد و بەرخۆدانی کوردانن ، رواڵەتێکی بەهێزیشی بەڕێژێمێکی گەندەڵی سەرتاپا پڕ لە کێشە و قەیران بەخشیوە. خۆ لەو ناوەدا هێزەکان هیچیان تاوانبار نین. چ گریلا و چ پێشمەرگە لەو خەسارەتانە دا هیچ تاوانێکیان نییە، ئاخر ئەوان نە وەک گریلاو نەوەک پێشمەرگە ناچنەوە ناوخۆ و هیچ خەباتێکی چەکداریش لە گۆڕیدا نییە، بەڵکوو ئەوە تەنیا نمایشێکی چەکداریە کە زیاتر حیزبەکان لە رقی یەکتری دەیکەن. خۆ پێشمەرگەش لە هەموو خەسلەتەکانی خۆی تەنیا ناو و تەنیا باوەڕی خۆی دەباتەوە ناوخۆ نەک خەسلەتەکانیتر.
گرفتی هەرە سەرەکی لەو کارەساتانە دا لێرەدایە کەئەوەی لەوچەند ساڵەی دوایی دا لە ڕۆژهەڵات کراوە خەباتی چەکداری نەبووە. ئەمە چوونەوەی پۆلێ کادر وپێشمەرگەی حیزبەکان بووە بۆ کاری ڕێکخستن جا ئەگەر دەکەمین کەوتبن کە تێ کەوتوون و ئاکامەکەشمان دیتووە ئەودەم کە ئیتر دوژمن بە دڵنیاییەوە باڵادەست بووە دەستیان کردۆتەوە نەک بۆ ئەوەی زەبر لە دوژمن بدەن تەنیا بۆ ئەوەی خۆ دەرباز کەن و نەجاتیان بێ لە کەمینەکە.
ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای کوردی و حەقیقەتی حیزب ومەسەلەی چوونەوەی پیشمەرگە وگریلایە، کەوایە بە براوی من دەبێ حیزبەکان، ئەوانەی بە نیازن پێشمەرگەیان لە ناوخۆ هەبێ بیرێک و چارەیەک لەو ستەمە بکەنەوە کە دەرهەق بە پیشمەرگە دەیکەن، ئەگەر پێشمەرگە دەچێتەوە دەبێ وەک پێشمەرگە بچێتەوە ناوخۆ، ئەو پێشمەرگەیەی دوژمن بە بیستنی ناوی چۆکی دەلەرزێ، لەبیرمە کاتێ دەیان کوت حیزب دەمەنتەقە دایە لە ٢ ی پاش نیوەڕۆ بەولاوە هیچ ماشێنێکی سپا و هیزە ئینتیزامیەکان بە هیچ جادەیەکی ئەو ناوچەیەی دەنگۆی حزووری پێشمەرگەی لێ هەبوو هامووشۆی نەدەکرد. ئێستا پێشمەرگە بۆ کاری رێکخستن دەچێتەوە ؟! پێشمەرگە و کاری رێکخستن ئەویش لەو دەروزەمانەدا؟ بۆ کاری رێکخستن ئێستا دەیان رێگای سالم و بێ مەترسی پێوەندی گرتن هەیە. ئامرازی پیوەندیگرتن یەکجار زۆرە، تەلەویزیۆنەکان هەموو شەوێ و هەموو ڕۆژێ ئیوە وباوەڕ و بۆچوونەکانتان دەبەنەوە ناوخۆ و بۆ کاری رێکخستن پێویست بە ناردنەوەی نیشانەی بجووڵ ناکا!
یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کورد وکوردستان بەخێر

Wednesday 21 September 2016

شارلاتانیزم، لۆمپەنیزم

Image may contain: 1 person , textشارلاتانایزم، لۆمپەنیزم
مەترسی بوونی شارلاتانیزم و لۆمپەنیزم لەوەدایە کە ببێتە کولتوری گشتی کۆمەلگا یان لانی کەم بەشێکی چین وتوێژەکانی کۆمەلگا، ئیتر ئەو کاتە نە ئەدەب بایەخی دەمینێ و نەکەسایەتی کەس پارێزراو دەبێ، عەلی کەریمی لەو بارەوە پەڵەیەکی ڕەشە بەتەوێڵی مێژووی ئەو شاڕلاتانیزمە، کەسانی وەک ئەو ئەو کۆمەلگایە بەرەو ئەو هەڵدێرە مەترسیدارە دەبەن و خۆشیان باکیان نییە کە لەو سۆنگەیەوە بەرامبەرەکەیان کە ئەویش هەر دەسکرد و رەنگدانەوەی کارەکانی خۆیانە چۆن و بە هەمان شێواز و بە هەمان ڕاوێژ بەردەبنە گیانی خۆی و کەس و کاری. ئەو دەستەیەی دیکە لە ڕاستیدا بۆی تیدەکەنەوە ودەبنە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکانی عەلی کەریمی کە دابرانی کۆمەلگایە لەیەکتری وبەدوژمن بوونی نیوە دەگەڵ نیوەکەی تریەتی، ئەمەی کە چەندین سالە پ ک ک بە ئاشکرا بەنێوی تەشکیلات سازکردن لە پارچەکانی دیکەی کوردستان پەیرەوەی دەکا. بەڵێ عەلی کەریمی راسپاردەو بەکرێگیراوێکی مەترسیدارە بۆ لێکترازانی نەتەوەیەک، بۆ وێران کردنی کۆمەڵگای کوردەواری و خالی کردنی لەرووحی تەساموح و تەساهول و پێکەوە هەڵکردن. ئەو کەسە لە هەموو ژیانیدا یەک دێڕێشی بۆ پێکەوە سازانی هێزەسیاسیەکانی کوردستانی نەنووسیوە و یەک جاریش لەو بارەوە دەنگی لێنەهاتووە، ئەوەی دەیڵێ تەنیا و تەنیا بۆ لێکترازان و یەکترقەبووڵ نەکردنی هێزەسیاسیەکانی کوردستانەو بەس.
شارلاتانیزم لۆمپەن بەرهەم دێنێ، ئەو لۆمپەنەی بە ڕەخنەیەکی ئێمەمانان لە پ ک ک ئەوەی لەزاری دێتە دەربە ناوی لایەنگری لە پ ک ک لێرەو لەوێ پێمان دەڵێ، ئەو لۆمپەنەی بە بێشەرمانەترین شێوە سووکایەتی بە قاسملو دەکات و دەشڵێ دەنگم بڵاوکەوە باکم نییە، ئەو لۆمپەنەی سووکایەتی بە کچە گریلا و شەڕوان دەکات و قاقاش پێدەکەنێ. ئەو لۆمپەنەی سووکایەتی بە مام جەلال و کاک مەسعوود دەکات، ئەو لۆمپنەی جنێووبێڕێزی بە مستەفا هیجری و عەبدوڵا حەسانزادە بە نێوی بۆچوون لە بن بابەتی خەڵک دەنووسێ و وەک نەبای دیبێ و نەباران هەژدەر هەژدەر پێدەکەنێ..... بەڵێ ئەمانە شاگردەکانی مەکتەبی شارلاتانیزم و لۆمەپەنیزمن کە جارێ عەلی کەریمی رابەرایەتیان دەکات. سەیری بۆچوون نووسەکانی بن بابەتەکانی بکەن تا راستی قسەکەی منتان لێوەدەر کەوێ.
کەمتر دیمانەی عەلی کەریمی هەیە کە هەڵینەکوتابێتە سەر پارتی، نەک بەنیازی رەخنەگرتن بەڵکوو بەنیازی خۆش کردنی ئاگری دووبەرەکی نێوان گۆڕان و پارتی، یەکیەتی وپارتی، ئاخر شاڕلاتانەکەی ڕۆژهەلات دەزانێ تا ئەوان دوژمن بە یەک بن عەلی کەریمی پێویستە و پارووی چەورە؟ شرۆڤەکارە، رۆژنامە نووسی گەورە و مێژوو ناسی رۆژهەڵاتە! ئەو سەری لەبەر تاوێ سپی نەکردووە، زۆرچاک دەزانی ئەگەر گۆڕان و یەکیەتی و پارتی، گۆڕان و پارتی، بێنەسەر عەقڵ و مەنتیق و ڕەچاوی وەزعی حەساسی کوردستان بکەن و بسازێن ئیتر ئەودەم دبێ عەلی کەریمی کەشەفێ بگیرێ، وەسوال کەوێ. جا مەگەر خانەنشێنبکرێ بە پلەی وەزیری نهێنی ئیعلامی گۆڕان.
شارلاتانیزم لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبەکان بەگشتی لە رووداە میژوویەکان دیار و حاشاهەڵنەگرە. لە شەڕی نیوان کۆمەلە و دیمۆکرات، لە شەری نیوان پ ک ک و پارتی ویەکیەتی، بەتایبەتی لە شەری نێوان یەکیەتی و پارتیدا گەیشتە چڵە پۆپە. خۆزگە کەسیک دەنگی گەلی کوردستانی ئەو کاتی و رادیۆ دەنگی کوردستانی ئەو کاتی بە تۆمار کراوی لا دەبو و چەند ویدۆیەکی دەنگی دادەنا، کلک زەرد و کلک سەوز موحتەرەمانەترین دەستە وشەکان بوون کە بۆ یەکتری بەکار دەهاتن. ئیستا عەلی کەریمی دەیهەوێ جارێکی دیکە ئەو ڕەوتە بەگوڕتر بکات، دیارە لە رۆژهەڵات ئەو کارەی بەچاکی بۆ ناکرێ لەبەر ئەوەی ناسراوە وخەلک قسەکانی بەهێند ناگرن. بەڵام لە بەشەکانی دیکە چالاکە بەتایبەتی لە باشوورکە زەمینەکە لەبارترە ئەگەرچێ ئەوە هەر کاری ئەو نییە کە ببێتە قوڵەچۆماخی گۆڕان ولەجیاتی گۆرانەکان شەڕی پارتی بکات، گۆڕانیش زیرەکانە هەموو شەڕەکانی بەسەبکی خۆی، واتە ئەدەبیاتی شاڕلاتانیزم جارێ بە عەلی کەریمی دەکات.
دریژەی هەیە.
تکای برایانەم لێتەر لە نووسینی بۆچووندا ڕێز بگرە با بٶچوونەکەت نەسڕمەوە.

شارلاتانیزم، لۆمپەنیزم


بێ هیچ دڕدۆنگی و سڵەمینەوەیەک لەو راستیە عەلی کەریمی نموونەی هەرە دیاری ئەو مەکتەبە و شاگردی هەرە بەوەفای ئەو دیاردە قێزەونەیە. من ئێستا کە وتار و دیمانە شانۆگەریەکانی دەبینم بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر کاتی خۆی یەکێک لە ناوکۆمەڵە دابووبێ و خاوەنی ئەو فکرە بووبێ کە ویستبێی حیزبە وردەبورژوازیەکەی دێمۆکرات لە ناو بەرێ ولەجیاتی ئەو حیزبی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان لە کوردستان حاکم بکات ڕەنگە عەلی کەریمی بێ. وەنەبێ لە لایەن دێمۆکراتیش عەلی کەریمیەکان نەبووبن کە پێیانوابوو کۆمەڵە بە مەنجڵێک دۆڵمە تێردەخۆن و هەر بەرگەی قەڵتێکی دێمۆکرات دەگرێ وبەس! ئاخر ئەو فکرە و ئەو مێشکە ژەنگگرتوویە و ئەو دڵەی کانگای نەفرت و کینەیە لەوە زیاتر ناکرێ چیدیکەی لە دەفتەری ببیرەوەریەکانی لێهەڵکرێنی.
شارلاتانیزم، لۆمپەنیزم ........ برایم جەهانگیری
شەڕی براکوژی نێوان کۆمەڵە و دێمۆکرات لەسەر ئەوچەشنە ڕوانینەو ئەو چەشنە لێدوانانە قەومان و دەیان و سەدان لاوی بەهەستی کۆمەڵە و دیمۆکراتی تێدابوون بە قوربانی.
هەموو ئەو کەسانەی دوور و نزیک دەگەڵ دەستەوشە و ئیسلاحاتی سیاسیی ئاشنان ڕەنگە ئەو دوو دەستەوشەیە و ئەو دوو دەستەبرایەی سیاسەتیان بیستبێ. شارلاتانیزم و لۆمپەنیزم کە دایک وبیوەڵەی یەکترین، ئەم دووە بەر لەوەی دەستە وشەیەکی سیاسیی بن، کولتورێکن کە ڕەنگە زۆر جار هەر لەبنەماڵەرا یان لە کۆمەڵگارا بەکەسێک بڕابێ. من لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدام و لەو بارەوە ڕەنگە بە رادەی پێویست تەجرەبەم هەبێ و سوور دەزانم هەندێ شت تەنانەت پێوەندی بە بنەماڵەو کۆمەڵگاشەوە نییە و هەر وەک خوو و خدە دەگەڵ لەدایک بوون دەخوێنی هەندێ مرۆڤ دایە و هەر دەمێنێ.
عەلی کەریمی یەکێک لەو مرۆڤانەیە کە بەڕاستی دەتوانرێ وەک پێشەنگی مەکتەبی شارڵاتانیزمی کوردی پێناسەبکرێ. ئەو کەسە کە بە ناوی شرۆڤەکاری سیاسیی رۆژهەڵات لە لایەن بزووتنەوەکەی نەوشیرەوان مستەفاوە گەورە کراوەتەوە و تەلەویزیۆنی KNN ی لە ئیختیاردایە بۆ هەڵڕشتنی قین و بوغزەکانی نەوشیرەوان مستەفا بەرامبەر بە پارتی، لە تازەترین تۆمەتنامەیدا کۆمەڵێ قسەی سووک و بیقیمەتی بازاری بەرامبەر بە من ڕیزکردووە کە ئەو دەربڕینە و ئەو ئەدەبیاتە بێجگە لە بوختانەکانی دەقیقەن لات و لووتانە و شارلاتانەیە و هەر لەخۆی جوانن.
کاک عەلی بەجارێ چاوی سوور بوون و خوێنی تێچزاوە کە دەبینێ یەکێک نزیک ساڵێک لەمەوبەر ڕەخنەی لێگرتووە. هەربۆیە لە هەموو نووسینەکەی مندا تەنیا بە ڕستەیەکەوە نووساوە کە من کاتی خۆی بەهەڵە بەرامبەر بە کاک عەلی بەکارم هێناو دەسبەجێش پاش یەک دوو بۆچوونی کاک یوسف شێخ محەمەدی(ماڵی هەزار جار ئاوەدان بێ ) من زانیم کە هەڵە بووم ورستەکەم لابردو بەتایبەتیش داوای لێبوردنم لە عەلی کەریمی کرد. بەڵام لە باقی نووسینەکەم هەرگیزپەشیمان نیم چون هێشتا چیم لەبارەیدا نەکوتووە هەر بۆیەش کاک عەلی بە یەک وشەش بەلای بۆچوونەکەی من دا لە باقی نووسینەکەدا نەچووە.
کاک عەلی تازە وەبیری هاتۆتەوە یان لەبەر کار و مەشغەڵەی کوردایەتی و شەڕی جەبهەی دژی داعش هێندەی سەر قاڵ بووە نەپڕژاوەتە ئەوەی کە نوووسینەکان و ڕەخنەکان لەبارەی خۆیدا بببینێ یان بەهەر حاڵ و بەهەر دەلیلێکی دیکە ئەو کەیسەی جارێکی دیکە ئابدیەت کردۆتەوە. ئەگەرچی من لە دڵەوە پێشوازی لەو تازەبوونەوەیە دەکەم چون من و کاک عەلی زۆر شت هەیە کە دەبێ دەگەڵ یەکی یەک لا کەینەوە. وەنەبێ من خوازیاری شەڕ وهەرا بم یان وەنەبێ چون ئەو رێزە تۆمەتە منداڵانەیەی لەمن داوە وبەشێک لە لۆمپەنەکانی هاوڕێی لەسەر دیوارەکەی ئەو تەنانەت بابی منیشیان کە چەند ساڵە کۆچی دوایی کردوووە لە جنێوەکانیان بێبەش نەکردووە لێێ تووڕە بم و بمهەوێ تۆڵەی لێبکەمەوە. نا هەرگیز و هیوادارم ئەگەر لێشی تووڕە بم حورمەتی قەڵەم و نوسین نەشکێنم. بەلێ پێم ناخۆش نییە من و عەلی کەریمی وەک دوو ڕوانگەی جیاواز بەیەکەوە گفتگۆیەکی بێپەردەمان هەبێ.
با کەس وابیر نەکاتەوە دەمهەوێ جوابی تەحا بە پەحا بدەمەوە، چوونکە هەر دوایی تۆمەتنامەکەی عەلی کەریمی من زۆر بە ئارامی و وەک یەکەم کەس لە بن بابەتەکە بۆم نووسی کە کاکە ئەو رستەیە هەڵە بووە و داوای لیبوردنیشت لێکراوە لە نووسراوەکەش دا کەیەکجار کۆنە نەماوە، دیارە لێبوردن تەنیا لەبارەی هەڵەیەک کە من کەسێکم بۆ یەکەم جار لە مەهاباد چاو پێکەوت وامزانیبوو جەنابتی بەڵام من هەڵە بووم و داوای لیبوردنیشم لێکردووی، بۆیە تکایە هەرچی زووتر یان بۆ ئەو تۆمەتانەی خستووتە پاڵ من بەڵگەیەکی هەرچەند بچوکیش بێ بخە پاڵ نووسینەکەت دەنا ئەگەر نەبوو شەهامەتی لێبوردنێکت هەبێ. بەڵام وادیارە کاک عەلی ڕاسپێردراوە ئەو باسەی یەکساڵ لەمەوبەر چەواشەبکات و دوایەش زیندووی کاتەوە. بەهەرحاڵ تەقدیر ئەمەیە من و کاک عەلی ئەو باسە درێژە بدەین.
درێژەی هەیە.

Monday 15 February 2016

کۆنگرەی ١٦ حدک و بەرپرسیارەتی مێژوویی





کۆنگرەی ١٦ حدک و بەرپرسیارەتی مێژوویی

هەلوومەرجی ناوچە و ئاڵووگۆڕ و کێشە و ناکۆکیەکانی دەوڵەتانی دەوروبەر، شەڕ وکاوڵکاری و بێهێزی دوژمنان و داگیرکەران وبە هێز بوونی کورد و هەڵکەوتنی دەرفەتی لەبار بۆ کورد، بوونی دوو دەسەڵاتی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و هەژاندنی شەقامی باکووری کوردستان و پارلەمانی تورکیا لە لایەن کوردی باکوورەوە و زەقبوونەوەی بیری سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ناوچەکەمان بەرەو گۆرانکاری گەورەو تەنانەت چاوەڕواننەکراو هەنگاو دەنێ. هەر بۆیە خویندنەوەی دروست وخۆتەیارو ئامادەکردن وبۆ شوێندانەر بوون و بەپیرەوەچوونی پێشهاتەکان ئایندەیەکی پڕ لە ئومێدمان دەخاتە پێش ولەهەمانکاتیشدا هەر چەشنە سستییەک وخوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ روادو وپیشهاتەکان، لەگێژاوی ڕووداووە نەخوازراوەکاندا بێسەروشوێنمان دەکات.
کۆنگرەی ١٦ حدک چەند ڕۆژێکە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێناوە، هەر بە تەواو بوونی کۆنگرە بە ئاشکرا هەندێ کەس کەوتوونە پڕتەو بۆڵە و تانە و تەشەر کە ئەوکۆنگرەیە ئەگەر هیچی نەگۆڕی بۆچی ئەوخەڵکەی لە هەرچوار قوژبنی دنیارا هێنایە کوردستان ! ئەوکۆنگرەیە دێمۆکرای نەقز کردووە و مافی ئەم وئەوی نەپاراستووە و ...
دیارە مررۆڤ لەهەق نەگوزەرێ ڕەخنەگری زۆر باسیش هەبوون کە بەنیازی رەخنەگرتن و چاکسازی نقورچیان لە سکرتێر و ئەندامانی رێبەری و کۆنگرە گرتووە و وشیاریان کردوونەتەوە کە پێتان وانەبێ خەڵک ناتان بینن وهەرچی پێتان خۆش بێ دەتوانن ئەنجامی بدەن. من لێرە نامهەوێ باسە دووبارە بکەمەوە و باسی کەمووکوڕیەکان بکەم کە رەخنەی جیدییان لەسەر و هەر وەک نموونە هەڵبژێرانی لە گۆترەی ئەندامانی رێبەری وەک بیدعەتێک دەزانم و لەراستیدا پێموایە کە دەکرێ وەک پێشێلکردنی ئەساسنامەش سەیری بکرێ. بەڵام ئایا کۆنگرە هەر ئەوکارە ناپەسەندانەی کردووە ئیتر هیچی دیکەی تازەی پێنەبووە و هیچ خاڵێکی وەرچەرخان و گۆڕان بەرەو پێشی لێ بدەدی ناکرێ.
ئالێرەدایە کە ئینساف و داد لە نوسینی کەم کەس دادەبینرێ، خۆ ڕەخنە و هەاڵسەنگاندنی بابەتێکی وەک کۆنگرە هەر تەوس وپلار تێگرتن نییە بەبۆنەی هەڵەیەکی کۆنگرەو ورێبەری ئەو حیزبە. خۆ ئەوە ناچێتە خانەی شرۆڤە و لێکدانەوە مەگەر هەر لە لای کورد و لای ڕەخنەگری کورد ئەو حیسابەی بۆ بکرێ. کۆنگرە جگە لە بڕیار وپەسەند کردنی هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە دەگەڵ هاوڕێیانی حدکا کە بڕیارێکی یەکجار دڵخۆشکەرە و لە هەست بەمەسئولیەت لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێ سێ خالێ دیکەی پەسەند کرد کە لانی کەم دوانیان تازەن و گرینگن.
١-ئازادی بیرورا لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا تا پێکهێنانی فراکسیون.
٢-چالاککردنەوەی هێزی پێشمەرگە و کەڵکوەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات
٣-گەلی کورد مافی خۆیەتی کە داوای رێفراندۆم بکات و شێوەی ژیانی خۆی دەستنیشان بکات.

ئەو سێ خاڵە بەلای منەوە و بۆ ئەوەی شۆرشێ رۆژهەلات وەجووڵە کەوێ و بۆ ئەوەی بیرێکی تازە و خوێنێکی تازەبڕژیتە ناو دەمارەکانی نەوەی نوێ یەک لە یەکێ ئەرینیتر و بەجێترن. بۆ کەس باس لە چالاکردن و وەگەڕخستنی ئەو سێ خاڵە ناکات، بۆ ڕەخنەگران نالێن حدک ئیدەیەکی تازەی هێناوەتە ئاراوە وبا پشتی بگرین وێرای بوونی رەخنەکان و لەجێی خودا بوونی رەخنەی رەخنەگران.

لێرەوە ئەرکی سەرشانی هەر ئەندامێکی حدک قورستر دەبێ، شانەخاڵی کردن لەژێرباری بەرپرسایەتی و دەرچوون لە بازنەی حیزبی هەڵاتنە لەتەوژمی خەباتێکی نوێ کە دەکرێ هەرچی زووتر وەگەڕ بخرێ. ئەندامانی رێبەرایەتی و لەسەرووی هەمووان کاک خالیدی عەزیزی بەرپرسە بەرامبەر بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیاراتە، ئەندامانی رێبەری قەرزاداری دەنگدەرانی خۆیانن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو سێ خاڵە. ئەندامانی کۆنگرە قەرزداری ئەو کەسانەن کە وەک نوێنەر ئەوانیان ناردۆتەوە کۆنگرە. ئەندام ولایەنگری حدک دەبێ جێبەجێکردنی ئەو سێ خاڵە و خاڵی یەکگرتنەوەش دەگەڵ برایانی حدکا بکەنە بەرنامەی هەنووکەیی ولەئێستارا کاری بۆ بکەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان بمان هەوێ و نەمان هەوێ تەنیا بەقرمەی پێشمەرگە و بە یەکگرتوویی هێزەسیاسیەکان زیندوو دەبێتەوە و رووحێکی تازەی بەبەر دا دەکرێ. لە باسی رێفراندۆمدا ، ئەو پرسە پێویستییەکی بەڕچاوە و دەبێ حدک بە بەرنامە و سیستەماتیک بۆئەو باسە بچێ. خەڵک ولاوانی کوردستان هەر لە ئێستاوە بەبیری سەربەستی پەروەردە بکات وسەرەتای ئەم باوەڕە دەبێ هەرچی زووتر لە کوردکاناڵ دەنگ ورەنگی حدک بە گوێێ هەموو خەڵکی کوردستان بگات ئەگەرنا ئەو باسە لە چوارچێوەی تەبلیغات تێناپەڕی و حدک لەو بارە دەبێ باجی ئەو دروشمە بدات.

ئەندامان ولایەنگرانی حدک لەجیاتی خۆیان بە پرسە لاوەکیەکان خەریک کەن دەبێ قۆڵی لێهەڵکەن و ئەو چەند خاڵە زەقە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. دیارە لە سەر یەکگرتنەوە و مکانیسمەکانی ئەو یەکگرتنەویە قسە زۆرە بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ لایەک نابێ کیسە بۆ ئەوە هەڵدروون کە لایەک دەڕۆخێ وناچار دەچتەوە باوەشی ئەویدیکە! ئەو باوەرە و ئەو شێوە بیرکردنەوەیە دەبێ بۆ هەمیشە لای هەم ئەندام و بەدەنە و هەم سەرکردایەتی هەردووک لا لەگۆڕبنرێ.

Tuesday 26 January 2016

تاڵە ژین، مامەکەریم و خاڵە محەمەد


تاڵەژین
مەرگی کەریم بەفراو و ئاوڕدانەوە لە مێژوویەکی ونبوو
کەریم بەفراو و وەستا محەممەدی نەجاڕ
من وردە وردە تەمەنم بەرەو سەر هەڵدەکشێ و سەرەتای بەهاری ئەمساڵ پێ دەنێمە ٦٠ ساڵییەوە و ئەگەر هەر لەسەر وەعدی خۆم بمێنم کە هیوادارم وا بێ، ئیتر شەرتی چالاکیی سیاسیم بە چەشنی پێشوو دەپەڕێ....
من وا داڕێژراوم و خەسلەت و مۆڕاڵم ئاوهایە کە زۆر جاران ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە و ژیان و بەسەرهاتی خۆم ودۆست و ناسیاو و کەسانی دیکەش، وەک پەردەیەکی بچووکی سینەمایی، بە بەرچاوم دا و بە ئارامی تێدەپەڕن. جار جارە، بەر لە خەوتن، بە بیرکردنەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو و زیندووکردنەوەی خاتیرەی دۆستان و هاوڕێیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناومان دا نەماون، بە چاوی تەڕەوە خەو دەمباتەوە.
کۆچی کەریم بەفراو چەندین قارەمان و چەندین پێشمەرگە و سەربازی ونی کوردانی وەبیر هێنامەوە کە دڵنیام لە هەموو شار و باژێڕان نموونەیان یەکجار زۆرە. نازانم چ ساڵێک بوو، بەڵام دەزانم بەر لەوەی بچم بۆ تاران، واتە ساڵی ١٣٥٣(١٩٧٥)، زۆر جاران سەری ماڵە خاڵم، لە کووچەی دامپزیشکی، دەدا. یەکەم جار وشەی "گازەرد"م لە خاڵم بیست. گازەرد لای سیاسییەکانی ئەوکاتی بە پاشای ئێران دەکوترا، کەسم نەدیت هێندەی خاڵم ڕقی لە شا بێ، ڕۆژ نەبوو دە جاران نێوی بە خەراپە نەبا و پللارێکی تێنەگرێ.
خاڵە محەممەد، یان وەستا محەمەد، لە گرتن و ڕەپێچەکدانی ئەندامانی حیزب، لە ٤٦ و ٤٧ دا، وێڕای مامە محەممەدم کە بە مامە کەیخودا ناسرابوو، گیرا و دەگەڵ پۆلێک خەڵکی دیکە ڕەوانەی زیندانی دەریا کران. کەریم بەفراو و بابم و زۆری دیکەش کە من چاکم لە بیرە زۆر جاران لە مالە ئێمە کۆ دەبوونەوە و باسی کوردایەتی و پێشمەرگەیان دەکرد، لەو بگیر وببەندە دەرباز ببوون، بەڵام زۆر ڕۆژان بانگیان دەکردن و پرس و جۆیان لێدەکردن. قەت دەیمەنی ئەو کاتانەی کە دەگەڵ بابم دەچووم بۆ زیندانی دەریا لەبیر ناچێ، ئەمن ئێستاس نازانم چۆن بوو بابم زۆر جاران ئەمنی دەگەڵ خۆی دەبرد و لە پشت دیوارە شووسەکەی زیندانی دەریاوە چاوم بە مامم دەکەوت و بەتەلەیفوونێک کە لەوبەرەوبەری دیوارە شووشەییەکە بوون قسەمان دەکرد.
باش لە بیرمە ئەو کاتانە کە مێرمنداڵێکی قۆشمە بووم، لە قوتابخانەی خەیام دەمخوێند؛ رۆژێکیان کاتێ چوومەوە مالێ، لە بەر دەرکی ماڵێ پۆلیس و مەئموور ڕاوەستابوون. یەکێک کە جل و بەرگی مەدەنی لەبەر بوو، لە بەر دەرگا پێشی پێگرتم و گوتی ناهێڵم بڕۆیە ژوور! منیش کە ئاگام لە هیچ نەبوو، کوتم بۆ؟ ئێرە ماڵە خۆمانە. کوتی دەزانم، بەڵام ئەگەر پێم بڵێی ئەوشۆ کێ لێرە بووە و دوایەش تفەنگەکەی بابتم پێشان بدەی، ڕێگات دەدەم بچیە ژوورێ. دەسبەجێ وەبیرم هاتەوە، شەوێ مامە کەریم بەفراویش لە ماڵە مە بوو و پێشمەرگەیەکیش کە وابزانم هەر خزمەکەی خۆمان بوو، لە ماڵی ئێمە بوو و نیوەشەوێ بە سەربانی جیرانەکەماندا و بۆ لای تەپەچکۆڵە کە من زۆر جاران هەر بەوێدا دەچووم بۆ میشێن، جگێن و ئەسکەملە، لێیدا ڕۆیی. بەیانی، پێش ئەوەی بچمە مەدرەسە، بابم هات و قامکی لەسەر هەردووک لێوەکانی ڕاگرت و کوتی هیچت نەدیوە.
کە کابرای مەئموور کوتی تفەنگەکەی بابتم پێشان نەدەی و پێم نەڵێی شەوێ کێ لێرە بووە، ئەوانەم هەموو دە چرکەیەکدا بە مێشکی دا هاتن و چاوە شینەکانی بابم و برۆ تێکبەزیوەکانی لە بەر چاوم قوت بوونەوە: "چت نەدیوە"! بە مەئموورەکەم کوت وەرە با تفەنگەکەی بابمت پێشان بدەم. نازانم چۆن بوو، وەک قوماری منداڵانم هاتە بەر چاو؛ بردمە متبەق، کۆڵەوەژێک لەوێ بوو، کۆڵەوەژەم دەست دایە و کوتم ئەوە تفەنگی بابم! ئەویش بە هەموو دەمای خۆی زلـلەیەکی لێدام کە تا ماوەیەک جێگا قامکەکانی لەسەر ڕوومەتم دیار بوون. ئەوە هەر تۆزقاڵێک لە هەوا و فەزای بنەماڵەی ئێمە بوو کە دڵنیام بە دەیان بنەماڵەی لە ئێمەش کوردتر لەو ساڵە و لە ساڵەکانی دیکەشدا لە کوردستان هەبوون و ئێستاش هەن.
زەمانی بە سەر دا هات و مامە کەریم و خاڵە محەممەدم هەر یەکە و بە لایەکدا کەوتن. خاڵم، دوای تێشکانی شۆڕشی ١٩٧٥، لە بارزانی هەڵگەڕاوە و بوو بە لایەنگری یەکیەتی؛ مامە کەریمیش، بە ڕاستی نازانم بوو بە لایەنگری پارتی، یان هەر لە ڕقی یەکیەتی دەگەڵ خاڵم هەمیشە دەمەقاڵەیان بوو. ئەو جووتە کە لە ساڵانی ٤٦ و٤٧ دا چالاکترین کەسانی دێمۆکڕات بوون و وەک بۆخۆیان دەیانگێڕاوە هەرچی خۆیان پەیدایان دەکرد و بە



سواڵ لە خەڵکیش کۆیان دەکردەوە، بۆیان دەناردن. ئێستا هەر کەسە و کەوتبووە لایەکی. هەر بۆیە هەمیشە دەمەقالەیان بوو. زۆر جاران لێک هەڵدەبەزینەوەو یەکجار زۆر توند لەبەریەک ڕادەچوون. ئەوەندەی من لە هەردووکیانم هەڵکڕاندبێ، هیچیان لە کەسیان قەبووڵ نەدەکرد. لە بەرامبەر هەرکەس و هەر باوەڕێکدا با، ئەوان داکۆکییان لە ئیدەی خۆیان دەکرد و بە گژ ئەویدیکەدا دەهاتن.
ڕۆژێکیان کە خۆشم لەوێ بووم، دیسان لێیان بوو بە قڕە و مامە کەریم کوتی برایم با بڕۆین. منیش دەچوومەوە دووکانێ، دەگەڵی وەدەر کەوتم. مامە کەریم کە پێشتر بەننا و میعمارێکی کارامە و چازان بوو، ماوەیەک بوو کاری نەدەکرد و ڕۆژانە بەیانان لە دووکانی خاڵم و لای نیوەڕۆیانیش لە دووکانی بابم، وێڕای میرزا ئەحمەدی دادگا، فەقێ(بابی شەهید هەژار، فەرماندەی هێزی پێشەوای دێمۆکرات)، سەقەفی و جار جارەش سەعیدی مفتی کۆ دەبوونەوە. لە ڕێگا دا مامە کەریم کوتی برایم ماڵت بە قورێ نەگیرێ بۆ خاڵی هەتە، ماڵتە کەسی لێ خێلەسەرتر و کەسی لێ کەلـلەڕەقتر نییە، بەلام خوڵا هەڵناگرێ کەسیشی لێ کوردتر و کەسیشی لێ ئازاتر نییە.
جارێکیان دیسان لێیان دەبێ بە قڕە. خاڵم ئەو جار توورە دەبێ و دەڵێ هەستە بڕۆ، منیش دووکانێ دادەخەم. وا بزانم مامە کەریم دەڵێ ناڕۆم! دەرم دەکەی؟ خاڵیشم بە ئەسپایی دێتە دەرێ و دەرکەی دووکانێ قفڵ دەکا و دەڕوا. هێندێک دەڕوا، لە دەوری مەلا جامی تووشی کاک حوسێنی بەکتەری دەبێ؛ بانگی دەکا و دەڵێ وەرە ئەو کلیلانە بگرە و بچۆ دەرکەی دووکانێ بکەوە با کەریم بێتە دەر. بەڵێ، ئەوان دوانەی تەبا و ناتەبا بوون. وێڕای جیاوازیی بیرکردنەوە، قەت بێ یەکیش هەڵیاننەدەکرد و ڕۆژێک مامە کەریم نەچووبا دووکانی خاڵم، ئەویش پێی وابوو شتێکی لێ ون بووە.
ئێستا کە بیر لە وان و لە خۆمان دەکەمەوە، ئەوان لە کوێ و ئێمە لە کوێ!؟ ئەوان بێسەواد و ئێمە هەموو سەواددار، سیاسی، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس و...، کەچی هیچمان تەحەمولی هیج کەسمان نییە، سەرکردەکان لە خەڵکە عادی و ئاسایییەکە خەراپتر و خەڵکەکە لە وان خەراپتر. هەرچی لە پەرتەوازەیی، ئینشیعاب، جودابوونەوە و وێرانبوونی ناو ماڵی کورد دەیبینن، هەمووی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەمە کە یەکتری تەحەموول ناکەین. جیاوازیی بیرکردنەوە لە کەس ناسەلمێنین. لە حاڵیکدا ئەو دووە و هەزاران دووی بێسەوادی دیکە، لە ڕابردوودا، برایانە ژیاون و ئامانجی سەرەکییان کە کوردایەتی و دژایەتیی دەگەڵ نەیاران بووە، قەت فیدای حیزب‌بازی و گرووپ‌بازی و خۆخۆری نەکردووە.
یادی هەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و سەربازە ونانەی کوردستان لە دڵدا زیندووە.
ڕەوانیان شاد.