Saturday 8 October 2016

تالە ژین لە دەلاقەیەکی بچووکەوە

تالە ژین لە دەلاقەیەکی بچووکەوە
ئەو رۆژانە قسەی کوڕە بچووکەکەم، هێمن م هاتەوە بیر
چەند ساڵ لەمەوبەر کە من وێڕای ژانی دیسکی کەمەر رۆژانە دەگەڵ دۆستێک کاری کلێنیکم دەکرد، واتە وڵاتم خاوین دەکردەوە، کەسکم لێدەدا، پەنجەرەم دەشووت، عەیب نەبێ دەست شوویی و توالەتم پاک دەکردەوە، ئێوارەیەکی زۆر ماندو بووم، شەڵاڵی ئارەقە هاتمەوە ماڵ، جلەکانم فڕێدانە سەر باڵکون و ئاوێکم بە خۆم داکرد و هاتم لەساڵۆن لە پشت کۆمپیوتێرەەکەم دانیشتم.
هێـمن هەڵیدایە و کوتی ئێستا ڕاحەتتری یان ئەو دەمی کە بە مسقاڵ زێڕت دەفرۆشت؟ ڕاچڵەکیم لەو پرسیارە، ئاخر چاوەڕێێ ئەوە نەبووم. کوتم مەنزوورت چییە ڕۆڵە؟ کوتی هیچ لە خۆت نەگەڕای ئاخر ئەو حاڵە هەتە بە نەخۆشی وبەو تەمەنەوە.......
کوتم ڕۆڵە، ئینسان بۆیە ئینسانە هەڵوێستی هەبێ، گا بەو زلییە دەگێرەی دەکەن دەنگی نایە ، دەجووتی دەکەن دەنگی نایە، دەست و پێێ دەبەستن بۆ سەر بڕین ئامادەی دەکەن کێردی بەگەرووی دادێنن ئەوجار وەلینگە فرتە دەکەوێ. دەی خۆ مرۆڤ گا نییە؟ دەبێ هەڵوێستی هەبێ. بەڵێ هەزار جار لێرە ڕاحەتترم. یەکەم لەوەتا لێرەم هیچ قوڵە پاسدارێک بەربینگی پێنەگرتووم بپرسێ لەکوێڕا هاتووی و بۆ کوێ دەچێ؟ دووهەم هەموو هەفتان لە ئیدارەی ئیتلاعات بانگم ناکەن و ژیانم لێناکەن بە جەهەندەم..... سێهەم ئێوەم گەیاندۆتە وڵاتێک کە داهاتووی ڕوونتان دەبێ ئەگەر بتان هەوێ.
جا وات نەکردبا را با بانگیان نەکردبای؟ زندەگیان لێ نەکردبایە جەهەنەم.
چیم کردبوو؟ ئەو حکوومەتەم خۆش نەدەویست و وەک کوردێک بچووکترین کارێک کە لەدەستم هاتبێ بۆ گەلەکەم کردوومە!
دەی باشە پیرۆزت بێ سبەی تاجت لەسەر دەنین!
بۆ تاج لەسەر نان هیچم نەکردووە، ئەوەی کردوومە بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانیوە. لەڕێگای بیرو باوەڕدا کردوومە.
بیری ئەو رۆژە کەوتمەوە کە سمایلی بازیار( ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئەو کاتی) زەنگی بۆ لێدام کوتی ئەمن وەستا شەریفم کاک مەریوان فەرشەکانت ماون؟ دڵم داخورپا، کوتم ئەوە لە کوێی وەستا بەلێ ماومن. کوتی دبێ بت بینم دێمە کن مزگەوتی سەید نیزام تا نیوسەعاتی دیکە. تەلەیفوون قەتع بوو.
خیزانم نانی شەوی دانابوو هێندە بە پەلە خۆم پێچایەوە لێنگێکم گورەوەی لەبیرچووبوو بیکەمە پام. بە شڵەژاوی هات کوتی ئەوە چ بووە دیسان؟ کوتم هیچ ئەمن کارێکم بۆ هاتۆتە پێش ئێوە نان بخۆن چاوەڕێی من مەبن، زۆر بەنیگەرانییەوە یەخەی گرتم کوتی چ بووە. هیچ نەبووە دێمەوە ئێوە نانتان بخۆن.
وەدەر کەوتم و لەنزیک مزگەوتی سەید نیزام کە ئەزقەزا رووبەڕووی ماڵە خەزوورم بوو جارێک ڕۆێشتم و مزگەوتم بەجێ هێشت. وەستا شەریف دیار نەبوو، دیسان گەڕامەوە و تاوێک لەبەردەرکی مزگەوت ڕاوەستام وەستا دیار نەبوو، دەدەقیقەی لە قەرار لادابوو هەر دیار نەبوو، زۆر نیگەران بووم، چوومە ناو مزگەوت و دیتم چەند کەسێک دەست و چاویان لەسەر حەوزەکە دەشوت. هیچیان هەو نەبوون. هاتمە دەرێ و دووبارە لەدەرکی مزگەوت بەرەو سەر هەڵکشام، یەکێک لە لە ڕوبەڕوم ڕا هات وهەر ئەوندەی کوت مەریوان وەدوام کەوە.
بەتەنیشت کووچەی مزگەوتی سەیدنیزام دا دەگەڵ کاک سمایل چووینە لای پشت قەڵا و تاریکە شەوێک بوو مەپرسە...
ئەو شەوە ژیانی من وماڵی ئێمە تاڵترین ژیان بوو. ئاخر لە لایەن ئیتلاعاتەوە زۆر بەتوندی چاوەدێری دەکرام، هەر نیگەران بووم سمایل بگیڕێ ئیتر هەم ژیان وهەم ئابڕوو دەکەوتە خەتەرەوە. من درەنگانێک سمایلم بەجێ هێشت و گەڕامەوە، کەدەرگام کردەوە خێزانم لەسەر پلیکانەکان بەرەوڕووی دەرگا دانیشتبوو. نیگەرانی ...... نیگەران.....لە سیمای دا وەها وێرانیییەکم دەدیت هەر مەپرسە. خۆمان هیچ بەڵام مەمانان چ زوڵمێکمان لە ماڵو منداڵێش نەکرد.
بەڵێ ئەوە نوختەیەکی بچووک لە ژیانی ئێمە بووە . لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بێوەفایی و بێسفەتی نزیکترین دۆست و هاوڕێیانی خۆم بۆ دەرکەوت و بە خۆم کوت جار جارە منداڵێک دەتوانێ لە مامۆستایەکی زانکۆش عاقڵانەتر و واقعیتر بیر بکاتەوە.
یادی ئەو ڕۆژەو یادی هاوڕێ سمایل بازیار و هەموو ئەو هاوڕێ و دۆستانەی لە ناوخۆ دەستەویەخەی مەرگ و ژیانن بەخێر.

No comments:

Post a Comment