Thursday 8 December 2016

bowmanville

bowmanville



تاڵە ژین

تاڵە ژین
شاهیدیەک بۆ مێژوو ٣
لەبیرم ناچێ جار جارە دەگەڵ کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی دەچووینەوە ماڵی خۆمان، دایکم هەموو کەڕەتێ دەیکوت ڕۆلە ئەوە خەڵکی سەردەشتێیە و پێێ بلێ شەرمێ نەکا ئەویش وەک تۆ وایە، هەر کوڕی خۆمە ، با بێ و حەمامێ بکا و جلوبەرگی دابنێ بۆی دەشۆم. ( لە ٢٠١٤ کە من بۆ سەردان چوومە سوێد زۆرم هەوڵدا کە سەردانی کاک مەلاحەسەن بکەم و دووسێ دۆستیش بەڵێنیان پێدام کە دەگەڵم بێن و بچینە لای بەلام بەداخەوە هەر دەستی نەدا.) لەپادگان مامەوە تا چەکوچۆڵی پادگان شەوانە بە ماشێنان ڕادەگوێزران.
چی پێنەچوو شەڕ دەستی پێکرد، لەهەموو لاوە خەبەر وباسی شەڕ بڵاو دەبۆوە، لەسنە ڕێژیم بە هەموو هێزییەوە  پەلاماری سنەی دابوو، رۆژێ بەسەتان تۆپ و خۆمپارە لەو شارە وەهەردی دەکەوت کە شەهید وبرێندارێکی زۆری لێکەوتبۆوە.
لە مەهاباد و دەوربەریشی شەڕ دەستی پێکردبوو، یەکەم عەمەلیاتی شەڕ و هێڕش بۆسەر دوژمنم کاتێ تاقی کردەوە کە دەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان و بەرپرسانی سەربازی لە ئوردووگایەکی ئەرتەش و سپامان دا لە نزیک محەمدیار، لێدانەکە وا قەرار بوو بە تۆپ لێی بدرێ بەلام ئێمەشیان دەگەڵ خۆیان برد و لە شوێنێک کەمینێکمان دانایەوە کە دوای لێدانەکە ئەگەر بەو شوینەدا هاتبان ئێمە دەبوو لێیان دەین. تاریکە شەوێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، قەرار بوو سەرگورد عەباسی بەتۆپ لەو ئوردووگایە بدا کە لەوێ مۆڵدرابوو تا لەوێڕا هێرشی سەر مەهاباد بکەن. بەلێ نیوە شەو تەقەی تۆپان و گرمەی تەقینەوەی تۆپەکان بێدەنگی ئەو ناوەی وەها شڵەژاند هەر مەپرسە. ئێمە لە گوندێک نزیک بووین وابزانم خەلیفەلیان بوو، بووو بە چەقوولوری سەگان لە هەموو لاوە، وادیار بوو ئەوانیش ترسا بوون. ئەگەرچی ئەو شەوە ئێمە و ئەو مەفرەزەیەی کە مەلارەسووڵی پێشنمازو وابزانم کاک سەیدحەسەنی ورچان سەرپەرەستیان دەکرد چمان نەکردو کەسمان دەکەمین نەکەوت بەڵام ئەو شەوە هەم ترس و هەم هەست بە غروورێکی عەجایب تەواوی وجوودمی داگرتبوو.
ئەو ڕۆژەی کە ئەرتەش لە دەروازەی میانداوەوە لە مەهاباد نزیک دەبۆوە، دەستەیەک پێشمەرگەم بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد، لەوان یەکیان کاک کوروشی شەهابی بوو. خۆم کە گەڕامەوە ناوشار، شار بە تەواوی شڵەژابوو، ئەرتەش بە هەموو جۆرێک ناوشاری دەکوتا، فانتۆم بەیانی ونیوەڕۆ ئێواران بەسەر شااردا دەخولایەوە و دیواری سەوتی دەشکاند، داشامەجید پۆلێکی پێشمەرگە لێبوون ئەوان بە کالیبر پەنجا تەقەیان لە فانتۆمەکان دەکرد بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، ئاخری ئەو دەستە پێشمەرگەیە لە ژێر بارانی ڕاکێت و مووشەکی فانتۆمەکان ناچار داشامەجیدیان چۆل کرد و بەدیوی شاریدا هاتنەخوار.
تا شار گیراو تانک هاتنە سەر ئەو تەپەیەی ئێستا زانکۆی پەیامی نووری لێیە خەڵکێکی زۆر وەک پێشمەرگە هەر لە ناو شار بوون، بەڵام ئیتر هەرکەسەو بەجۆرێ خەریک بوو شاری بەجێ دەهێشت، دەفتەری حیزب چۆل کرابوو، شووڕای نیزامی کەسی تێدا نەمابوو. بەرەبەرە شار چۆل دەکرا، خەڵکێکی زۆر هەرچی وەدەستیان کەوتبا وەک ماشێن وتەڕاکتۆر و ئوتووبووس سواری دەبوون و شاریان بەجێ دەهێشت.
ئەو کات من ماشێنیکی پەیکانی خۆم پێبوو کە ساڵی ٥٦ لە ورمێ کڕیبووم، سواری ماشێنەکەم بوومەوە چوومە بەردەرکی ماڵە خۆمان و ماشێێنەکەم لەوێ بەجێ هێشت ماڵاوییم لەدایکم خواست. نازانم لەودەمی دا بابم لە کوێی بوو بەلام دایکم زۆرم لەبەر پاراوە کە نەچمە دەڕێ و بەجێیان نەهێڵم و دەستی بەسینگییەوە گرت و گوتی:" برایمە شیری ئەو مەمکانەت لێ حەلال بێ ڕۆڵە مەچۆ دەرێ و بە جێمان مەهێڵە" باوەڕ کەن وەمدەزانی دەگەڵ داروبەرد قسە دەکات، کوتم دایە گیان من خۆ هەر کوڕی تۆ نیم کوڕی ئەو خەڵکەم و خودا حافیز." ئەوە خۆ هەڵکیشان نییە هەرچی کوڕ وکچی ئەو کاتی بوو لە سەتا نەوەدیان وا بوون، کەللەمان بە باوەڕی شۆڕش و بەرخۆدان گەرم بوو، نیشتمان کەوتبۆوە بەر گوشاری رێژیم و بەسەختترین و وەحشیانەترین شێوە وئەو ڕێژیمە رەفتاری دەگەڵ خەڵکی ئەو شارو شوێنانە کردبوو کە پێش مەهاباد گیرابوونەوە. نەفرەتێکی سەیر لەو ڕێژیمە ناخمانی داگرتبوو. دەستم دەملی دایکم کرد ولە حاڵێکدا فرمێسک بە سەر گۆنا چرچەکان ڕێچکەیان بەستبوو بەجێم هێشت. نازانم کوڕو کچەکان لەکاتی وادا بێڕەحمن یان دەردە کورد وایە کە دەبێ هەمومان هەر یەکەوە وبەجۆرێک بە ژانی بێئامانییەوە بتیلێینەوە.
ئیتر من بە پێ هاتم و لەسەر زارکی کووچەی شیرکەتی نەفتی سواری تاکسیەک بووم و چوومە بەردەرکی شارەبانی، کەچی بەسەر هەواری خاڵی دا کەوتم، نەماشێنێکی لێمابوو نە کەسێ لێدیار بوو. یەکێک لەدۆستە کۆنەکانم بە ماشێن بەوێدا هات وزۆر بەنیگەرانی کوتی ئەرێ ئەوە ئەتۆ لێرە چدەکەی؟ کوتم وەڵا هاتووم لێرە دەگەڵ ئەو باقی پێشمەرگانە بچمە دەرێ کەچی ئەوان ماشێنەکەیان بردووە و منیش لێرە ماومەوە، کوتی وەرە سەرێ، دەگەڵی سوار بووم و تا هەمزاوایەی هێنام، لە ڕێگا جادەدی سەردەشت تەپووتۆزێک بوو چاو چاوی نەدەدیت. هەر خەڵک بوو بە سورای ماشێن وتەراکتۆر ومۆتۆڕسیکلێت لە شاری وەدەردەکەوت ودەڕێیە کەتبو. ئەو دۆستە و ئەوکەسەی ئەو ڕۆژە منی لە شار هێنایە دەر کارمەندی دەوڵەت بوو، لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دیسان ناوێرم ئەو جوامێرە و ئەو رەفیقەی ڕۆژی لێقەومان بناسێنم چون مناڵەکانی پارەی بازنشەستەگی و خانە نشینی ئەو وەدەگرن و دەترسم ناوی بێنم ئەو رێژمە زاڵمە دوژمن بە ئینسانە ئەو پارەیەش لە زاری ماڵ و منداڵی بگێڕێتەوە. یادی کاک م _ س هەمیشە لەدڵدا زیندوو.
ماوەیەک لە هەمزاوا و دەورەبەری ماینەوە، حیزب بەو پاشەکشە لە نەکاوە بەجارێ شیرازەی لەبەر یەک هەڵوەشابوو، ئاخر خۆ هێشتا خۆی نەگرتبوو، تەشکیلاتەکان و هیزی چەکدار بەتەواوی سازمان نەدرابوون کە شەڕێکی دژوار بەرۆکی گرت. بەڵام بە خێرایی و بە وردی خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە بوو، پەل و مەفرەزەو لکەکان دادەمەزران.
پاش ماوەیەک ئێمە بەڕێکراینە کاوڵان و لەوێوەش دەگەڵ دەستەیەکی یەکیەتی لاوان بەرەو سنووری ناوزەنگ ونۆکان وەڕێ کەوتین . لەوێ بۆ ماوەیەک ماینەوە و پاش قەدەرێک دەبوو بچین ئەبووبەکری رەشیدزادە لە ئوردووگایەکی قەڵادزە بێنینەوە بۆ نۆکان کە بەرپرسێکی سازمانی جەوانان یان کوڕێکی هەڵسووری سازمانی جەوانانی حیزب بوو. ئەو کارە خۆی داسستانێکی دوور ودرێژی هەیە.
درێژەی هەیە

تاڵە ژین

تاڵە ژین
شاهیدیەک بۆ مێژوو ٢
کە تانکەکان گەڕانەوە و ئێمە لە ماڵە کاک ڕەحمان هاتینە دەر، من و چەند کەسی چەک بەدەست گەڕاینەوە مزگەوتی هەباس ئاغای و و لەوێ بڕنۆ درێژەم تەحویل دا( کاک حەسەنی ماوەڕانی لە بابەتێکدا دەلی ئەوان واتە ئەو و کاک سولەیمان چیڕەی یاد بەخێر ئەو کومیتەیەیان دانابوو) و چومەوە لای شارەبانی، ئەگەر هەڵە نەبم کاک ع-ق م لەوێ دیت کە دەگەڵ یەکێکی دیکە ڕاوەستابوون و قسەیان دەگەڵ ئەو چەند چەکدارە دەکرد کە لە ناو شارەبانی ڕاوەستابوون، کە منیان دیت ئەوەی دەگەڵی راوەستابوو گوتی فڵان کەس وەرە، و ئاماژەی بەمن کرد کە با فڵان کەس سەرپەرەستی ئێرە بکا. ئیتر لەو دەقیقەوە ئاسایشی شار کەوتە دەستی ئێمە و وردە وردە خەڵکمان لێزیاد بوو، تا ئیتر نیگابانی هەموو شوێبەکانی شار وەک هەر دوو دەروازەی میانداو و ورمێ و بانکەکان و رادیۆ و تەلەویزیۆن و چواررێ و مەیدانەکان. لەو پێشمەرگانە ئەگەر هەڵە نەبم دوو کەسم لەبیرن، یەکیان کاک سەرهەنگ و ئەوی دیکەیان کەریم حەسەنی ڕەحمەتی.
تا پادگان گیرا، من لەو شوێنە بووم، ئییر چەندی کێشا نازانم بەڵام هەرگیز جگە بۆحەمام کردنێکی بەپەلە و جلوبەرگ گۆڕینێک نەدەچوومەوە ماڵی خۆمان بۆ پشوودانیش، نەک هەر من هەرچی لەوێ بوو هەر وابوو، ئەوێمان پێ لەماڵ خۆشتر بوو، چون ولاتمان بە هی خۆمان دەزانی. کەس هەستی بە ماندوو بوون نەدەکرد.
ئیتر کارەکەمان هەر دەهات ونەزمی پەیدا دەکرد تا هەموو بنکەو بارەگاکانی حیزب و باقی رێکخراوەکانی دیکە لە ناو شار دامەزارن. پاش ماوەیەک بەڕێیان کردم بۆ پادگان کەتبووە دەست خەڵک. لە پادگان کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵیم بۆ یەکەم جار دیت. لاوێکی بەهەستی و پڕ کاری چوست وچالاک، هەرچی کردبای وهەرچی کوتبای بزەی لەسەر لیوی نەدەبڕا. ماندووبوون نەبوو، من ماویەکی کەمی لەگەڵ نەبووم، هەر لەیەک ژوور ولە یەک شوێن ،کارمان دەکرد. هەڵبەت جاری وابوو شەووڕۆژێک یەکترمان نەدەدیت، هەر هەڵات هەلات بوو. لیستێکدەهات دەبوو مەسەلەن، ٢٠ ژ س و چەند سندووق فیشەک بدەین بەکێ و .. کارەکەمان سەرباقی پاراستنی پادگان دانی ئەو چەکانە بوون کە بە نامەی حیزبی دەهاتن و ئێنمەش دەبوو دابامان بە خەڵک. لە هەڕەرتی لاوەتی دا ئەوجار شانازی ئەوەم پێبڕا کە بۆ ماوەیەکی دیار هاوکاری مامۆستا مەلاحەسەنی شیوەسەڵی بم و زۆر شتی لێفێر بم. ئەلهەق و ئینساف لەوماوەیەدا ئەوەی من دیتم یەکێک لە سادقترین وپاکترین و دڵسۆزترین ئەندام وکادرەکانی حیزب بوو.
لەوێش کارمان هاسان نەبوو، دەبوو نیگابانمان بۆ هەموو زاخەکان دانابا ،سەر دوندی چیای پشت پادگان و هەموو دەوری سیمی خاردارەکانمان بە نیگابانی کرچ و کاڵ پڕکردباوە، کە دەڵێم کرچ و کاڵ ئینسافەن چیان نەدەزانی و منیش هەر وەک وان. ئەوەندە بوو زۆر بەنەزم و دیسپلین کارەکانمان دەکرد و پۆستی نیگابانی لە کاتی دیاریکراودا دەگۆڕدرا، سەردانیان دەکرا و بەتایبەتی شەوانە بە دوو دەستە بەسەریان دا دەگەڕاین، تیمێکی ئامادەشمان هەمیشە هەبوو. دیارە هەندێ کەسی بەئەزموون و کۆنە پێشمەرگە و کادری حیزب جار جارە دەهاتنە نێو پادگان، هەرە کەسەو چەند پێشمەرگەیەکی دەگەڵ بوو، وەک کاک مەلاڕەسوڵی پێشنماز، شادڕەوان سەیدرەسووڵی بابی گەروە ، جگە لەوانە کوڕێکی گەنجی لێبوو کە وابزانم ناوی میرزا عەلی بوو، باڵابەرزی کەڵەگەت کە دەیان کوت لە فەلەستین دەورەی دیوە. بۆ ماوەیەک ئەو کەسەش لە پادگان دەمایەوە، دوایە ئیتر نەمدیتەوە. ئەگەر هەڵە نەبم کاک عەلێ شەمیش ماوەیەک لەپادگان مایەوە، جەفەنگ و قسەخۆشەکانی لەبیرناکرێن. ئەو زیاتر نیگابانی لای زاغەو موهیمات بوو.
راگرتنی پادگان بەو خەڵکەی تێکەڵەی کە زۆربەیان چیان نەدەزانی کارێکی هێندە ئاسان نەبوو، چەندین جار بە تەحزریکی هێزەسیاسیەکانی دیکە خەڵک هێرشی هێنایە سەر پادگان و جارێکیان بەتایبەتی هێڕشیانب کردە سەر مامۆستا مەلاحەسەنی شیوەسەڵی کە کاک عەلی شم و هەندێ لەو پێشمەرگە گەنجانەی ئامادە بەگژیان دااتینەوە و چەک ڕاکاشرا و شەقەی چەماغ راکێشان لەهەردووک لایەن دەستی پێکرد، هەرچۆنی بوو خەلەککەمان وەدەر نا و دووبارە ئارامی گەراوە ناوپادگان.
جگە لەمە شەوانە لە گۆشەو کەناری پاسدگان را تەقەیان لیدەکردین و هێرشیان دێنا بۆ ناو پادگان و تەنانەت ڕۆژێک باشنم لەبیرە کۆمەڵێ خەڵکی چەکدار کە ئەوەندەی لەبیرم زیاتر لە مەنگوڕەکان بوون دوای تەقەیەکی زۆر خۆیان گەیاندە نیو پارکی مۆتۆری. تەقە وەها گەرم بوو دەتگوت حەشرە یەکەم شەڕی من ئەو رۆژە بوو کە تیربارێکی ژ س یمان لە زاغە را هێنایە خوار و بە هەموو لایەک هەرچی ماشین و دەوروبەری پارکی مۆتوڕی بوو وەها گووللەباران کرا بۆ ماوەیەکی زۆر کەس نەیوێرا خۆی بە پادگان دا بکات. ئەو ڕۆژە کوتیان کوشتە وبریندار هەبووە لە ناو پارکی مۆتۆری و بەلام تا رەنگان ئیمە ناهاتینە خوار ئاگاشمان لە دەفتەری نیگابانی نەبوو کە دخوا چی بەسەر هاتووە، بەلام وادیار بوو هێرشەکە هەر بۆ زاغەو موهیماتەکە بوو.
درێژەی هەیە