Thursday 8 December 2016

تاڵە ژین

تاڵە ژین
شاهیدیەک بۆ مێژوو ٣
لەبیرم ناچێ جار جارە دەگەڵ کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی دەچووینەوە ماڵی خۆمان، دایکم هەموو کەڕەتێ دەیکوت ڕۆلە ئەوە خەڵکی سەردەشتێیە و پێێ بلێ شەرمێ نەکا ئەویش وەک تۆ وایە، هەر کوڕی خۆمە ، با بێ و حەمامێ بکا و جلوبەرگی دابنێ بۆی دەشۆم. ( لە ٢٠١٤ کە من بۆ سەردان چوومە سوێد زۆرم هەوڵدا کە سەردانی کاک مەلاحەسەن بکەم و دووسێ دۆستیش بەڵێنیان پێدام کە دەگەڵم بێن و بچینە لای بەلام بەداخەوە هەر دەستی نەدا.) لەپادگان مامەوە تا چەکوچۆڵی پادگان شەوانە بە ماشێنان ڕادەگوێزران.
چی پێنەچوو شەڕ دەستی پێکرد، لەهەموو لاوە خەبەر وباسی شەڕ بڵاو دەبۆوە، لەسنە ڕێژیم بە هەموو هێزییەوە  پەلاماری سنەی دابوو، رۆژێ بەسەتان تۆپ و خۆمپارە لەو شارە وەهەردی دەکەوت کە شەهید وبرێندارێکی زۆری لێکەوتبۆوە.
لە مەهاباد و دەوربەریشی شەڕ دەستی پێکردبوو، یەکەم عەمەلیاتی شەڕ و هێڕش بۆسەر دوژمنم کاتێ تاقی کردەوە کە دەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان و بەرپرسانی سەربازی لە ئوردووگایەکی ئەرتەش و سپامان دا لە نزیک محەمدیار، لێدانەکە وا قەرار بوو بە تۆپ لێی بدرێ بەلام ئێمەشیان دەگەڵ خۆیان برد و لە شوێنێک کەمینێکمان دانایەوە کە دوای لێدانەکە ئەگەر بەو شوینەدا هاتبان ئێمە دەبوو لێیان دەین. تاریکە شەوێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، قەرار بوو سەرگورد عەباسی بەتۆپ لەو ئوردووگایە بدا کە لەوێ مۆڵدرابوو تا لەوێڕا هێرشی سەر مەهاباد بکەن. بەلێ نیوە شەو تەقەی تۆپان و گرمەی تەقینەوەی تۆپەکان بێدەنگی ئەو ناوەی وەها شڵەژاند هەر مەپرسە. ئێمە لە گوندێک نزیک بووین وابزانم خەلیفەلیان بوو، بووو بە چەقوولوری سەگان لە هەموو لاوە، وادیار بوو ئەوانیش ترسا بوون. ئەگەرچی ئەو شەوە ئێمە و ئەو مەفرەزەیەی کە مەلارەسووڵی پێشنمازو وابزانم کاک سەیدحەسەنی ورچان سەرپەرەستیان دەکرد چمان نەکردو کەسمان دەکەمین نەکەوت بەڵام ئەو شەوە هەم ترس و هەم هەست بە غروورێکی عەجایب تەواوی وجوودمی داگرتبوو.
ئەو ڕۆژەی کە ئەرتەش لە دەروازەی میانداوەوە لە مەهاباد نزیک دەبۆوە، دەستەیەک پێشمەرگەم بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد، لەوان یەکیان کاک کوروشی شەهابی بوو. خۆم کە گەڕامەوە ناوشار، شار بە تەواوی شڵەژابوو، ئەرتەش بە هەموو جۆرێک ناوشاری دەکوتا، فانتۆم بەیانی ونیوەڕۆ ئێواران بەسەر شااردا دەخولایەوە و دیواری سەوتی دەشکاند، داشامەجید پۆلێکی پێشمەرگە لێبوون ئەوان بە کالیبر پەنجا تەقەیان لە فانتۆمەکان دەکرد بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، ئاخری ئەو دەستە پێشمەرگەیە لە ژێر بارانی ڕاکێت و مووشەکی فانتۆمەکان ناچار داشامەجیدیان چۆل کرد و بەدیوی شاریدا هاتنەخوار.
تا شار گیراو تانک هاتنە سەر ئەو تەپەیەی ئێستا زانکۆی پەیامی نووری لێیە خەڵکێکی زۆر وەک پێشمەرگە هەر لە ناو شار بوون، بەڵام ئیتر هەرکەسەو بەجۆرێ خەریک بوو شاری بەجێ دەهێشت، دەفتەری حیزب چۆل کرابوو، شووڕای نیزامی کەسی تێدا نەمابوو. بەرەبەرە شار چۆل دەکرا، خەڵکێکی زۆر هەرچی وەدەستیان کەوتبا وەک ماشێن وتەڕاکتۆر و ئوتووبووس سواری دەبوون و شاریان بەجێ دەهێشت.
ئەو کات من ماشێنیکی پەیکانی خۆم پێبوو کە ساڵی ٥٦ لە ورمێ کڕیبووم، سواری ماشێنەکەم بوومەوە چوومە بەردەرکی ماڵە خۆمان و ماشێێنەکەم لەوێ بەجێ هێشت ماڵاوییم لەدایکم خواست. نازانم لەودەمی دا بابم لە کوێی بوو بەلام دایکم زۆرم لەبەر پاراوە کە نەچمە دەڕێ و بەجێیان نەهێڵم و دەستی بەسینگییەوە گرت و گوتی:" برایمە شیری ئەو مەمکانەت لێ حەلال بێ ڕۆڵە مەچۆ دەرێ و بە جێمان مەهێڵە" باوەڕ کەن وەمدەزانی دەگەڵ داروبەرد قسە دەکات، کوتم دایە گیان من خۆ هەر کوڕی تۆ نیم کوڕی ئەو خەڵکەم و خودا حافیز." ئەوە خۆ هەڵکیشان نییە هەرچی کوڕ وکچی ئەو کاتی بوو لە سەتا نەوەدیان وا بوون، کەللەمان بە باوەڕی شۆڕش و بەرخۆدان گەرم بوو، نیشتمان کەوتبۆوە بەر گوشاری رێژیم و بەسەختترین و وەحشیانەترین شێوە وئەو ڕێژیمە رەفتاری دەگەڵ خەڵکی ئەو شارو شوێنانە کردبوو کە پێش مەهاباد گیرابوونەوە. نەفرەتێکی سەیر لەو ڕێژیمە ناخمانی داگرتبوو. دەستم دەملی دایکم کرد ولە حاڵێکدا فرمێسک بە سەر گۆنا چرچەکان ڕێچکەیان بەستبوو بەجێم هێشت. نازانم کوڕو کچەکان لەکاتی وادا بێڕەحمن یان دەردە کورد وایە کە دەبێ هەمومان هەر یەکەوە وبەجۆرێک بە ژانی بێئامانییەوە بتیلێینەوە.
ئیتر من بە پێ هاتم و لەسەر زارکی کووچەی شیرکەتی نەفتی سواری تاکسیەک بووم و چوومە بەردەرکی شارەبانی، کەچی بەسەر هەواری خاڵی دا کەوتم، نەماشێنێکی لێمابوو نە کەسێ لێدیار بوو. یەکێک لەدۆستە کۆنەکانم بە ماشێن بەوێدا هات وزۆر بەنیگەرانی کوتی ئەرێ ئەوە ئەتۆ لێرە چدەکەی؟ کوتم وەڵا هاتووم لێرە دەگەڵ ئەو باقی پێشمەرگانە بچمە دەرێ کەچی ئەوان ماشێنەکەیان بردووە و منیش لێرە ماومەوە، کوتی وەرە سەرێ، دەگەڵی سوار بووم و تا هەمزاوایەی هێنام، لە ڕێگا جادەدی سەردەشت تەپووتۆزێک بوو چاو چاوی نەدەدیت. هەر خەڵک بوو بە سورای ماشێن وتەراکتۆر ومۆتۆڕسیکلێت لە شاری وەدەردەکەوت ودەڕێیە کەتبو. ئەو دۆستە و ئەوکەسەی ئەو ڕۆژە منی لە شار هێنایە دەر کارمەندی دەوڵەت بوو، لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دیسان ناوێرم ئەو جوامێرە و ئەو رەفیقەی ڕۆژی لێقەومان بناسێنم چون مناڵەکانی پارەی بازنشەستەگی و خانە نشینی ئەو وەدەگرن و دەترسم ناوی بێنم ئەو رێژمە زاڵمە دوژمن بە ئینسانە ئەو پارەیەش لە زاری ماڵ و منداڵی بگێڕێتەوە. یادی کاک م _ س هەمیشە لەدڵدا زیندوو.
ماوەیەک لە هەمزاوا و دەورەبەری ماینەوە، حیزب بەو پاشەکشە لە نەکاوە بەجارێ شیرازەی لەبەر یەک هەڵوەشابوو، ئاخر خۆ هێشتا خۆی نەگرتبوو، تەشکیلاتەکان و هیزی چەکدار بەتەواوی سازمان نەدرابوون کە شەڕێکی دژوار بەرۆکی گرت. بەڵام بە خێرایی و بە وردی خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە بوو، پەل و مەفرەزەو لکەکان دادەمەزران.
پاش ماوەیەک ئێمە بەڕێکراینە کاوڵان و لەوێوەش دەگەڵ دەستەیەکی یەکیەتی لاوان بەرەو سنووری ناوزەنگ ونۆکان وەڕێ کەوتین . لەوێ بۆ ماوەیەک ماینەوە و پاش قەدەرێک دەبوو بچین ئەبووبەکری رەشیدزادە لە ئوردووگایەکی قەڵادزە بێنینەوە بۆ نۆکان کە بەرپرسێکی سازمانی جەوانان یان کوڕێکی هەڵسووری سازمانی جەوانانی حیزب بوو. ئەو کارە خۆی داسستانێکی دوور ودرێژی هەیە.
درێژەی هەیە

No comments:

Post a Comment