Thursday 2 September 2021

 مینەو فاتێ

ئەو بابەتە لە فەیس بووک و لە ٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە

ئەو وێنەیەم لەسەر دیواری کاک مەنسووری ئەمیری دیت و یەکسەر فلاش بەگێک و گەڕانەوە بۆ زیاتر لە ٥٠ ساال لەمەوبەر، ئەو کاتەی مێرمنداڵێکی بزۆز و قۆشمە بووم، سەرنجم بۆ لای هەمووشتێک دەچوو کە نامۆ با بوم و زوومی زەینم لەسەر رادەگرت و لە مێشکم دا تۆمارم دەکرد. ئەوکاتیش حەزم لە راوە ماسی بوو، دەگەڵ یەک دوو دۆست سیم و قولاپمان هەڵدەگرت و پیشکێکمان دەست دەدایەو دەچووین لە قەراغ چۆمە جوانەکەی مەهاباد و لە بن دار و کۆلکەدارەکان، مڵە و تەمبەڵە و کرممان کۆ دەکردەوە و دە قوتتویەکی تەنەکەمان دەکرد و بەرەو نزیک بیمارستانی "سیل" وەڕی دەکەوتین( قسە لە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەرە ئەگەر لەناوی بیمارستانەکە هەڵە بم بۆم ساخ کەنەوە) کە بەڕێگا دا دەڕۆیشتن و بەر لەوەی بگەینە سەرچۆمی لە بن ئەو دار و درەختانەی سەر ڕیگاکە کەپرۆکەیەکی شڕ و بێ ئەنوامان دەدیت کە دوو عاشق، دوو ئینسانی بێ پەنای سەیر بە دەست چەرمەسەریەکانی ڕۆژگارەوە پێوە بووی لەبن دا دەژیان.

مینە گەزۆ و فاتێ، مینە گەزۆ و فاتێ ئەو دوو ژن ومیردە بوون کە خەڵک پێیان دەکوتن شێتن، ئایا شێت بوون یان نا، من نازانم چون ئەوکاتی کە ئەوانم دەدیت ڕەنگە من هەر ١٣ - ١٤ ساڵان دەبووم، لەو بارەوە تەنیا شتێک کە سەرنجی منی رادەکێشا وەفا و پارێزگاری ئەەو پیاوە بوو لەو ژنە، ژنێکی چلکنی شرەپۆشی دەموچاو تێکچرژاو، خوای نەکردبا یەکێک گەپی بە فاتێ دابا، مینە وەهای لێدەرهەڵدەبوو جنێوی وای پێدەدا گەیشتباوە حەوت پشتی و خڕکەی وای ڕێدەهاڵاند وەهەرکەس کەوتبا نانی زیندوانی نەدەخوارد.
فاتێ هەمیشە گۆپاڵیکی بەدەستەوە بوو کە هەم گۆچانی دەستی بوو هەمیش کە منداڵ یان گەورە گەمژەکان گەپیان پێدەدا و پێی پێدەکەنین هەڵی دەزووراند بۆ ئەوەی خەڵکەکە وازی لێ بێنن، من چەندین جار ئەو دیمەنەم دیوە چون زۆر بە کووچەی سەربەرداشی دا دەهات و سوالی دەکرد، ناڵیم بابی خۆم بوو بەڵام هەرگیز نەمدیت ئەو گەپیان پێبدات، هەمیشەش کە دەگەیشتنە لای بابم چون یارمەتی دەدان، پەنیر و شیرێژ وڕۆن و شت و مەکی دەدانێ و قەتیش گەپی پێنەدەدان زۆرم بەلاوە سەیر بوو کە ئەو مینە گەزۆیەی کە من زەندەقم لێی چووبوو پێدەکەنی و بە بابمی دەکوت بە قوربانت بم، نۆکەری تۆم و خودا خێرت بنووسێ و...... لەو قسانە، هەر لەوێ دەترازا دووکانداری ئەو بەرەو بەر ( نەک هەموویان) زۆریان فشەیان پێدەکرد و گەنج و لاویش کە ئیتر باسیان ناکرێ ئیتر مینە دەبۆوە بە شێتە بەناوبانگەکە و خەلکی بەولاو لادا راوودەنا. زۆر جاران لە کابرای نزیک دەبۆوە و بەهەموو دەمای خۆی لێێ ڕادەسا بەڵام کە کابرا دەیکوت مینە نەکەی من هەو نیم، لە حاڵێکدا زور چاک دەیزانی ئەوەی فشەی پێکردووە هەر ئەو کەسەیە بەڵام خاو دەبۆوە و بەلایەکی دیکە دا دەڕۆیی.
مینە، فاتێی خۆش دەویست عاشقتی ئەو بوو، تەنانەت لە کاتی سوالکردنیش دا قاپە فافۆنەکەی رادەگرت و دەیکوت تێی هاوێ بۆ فاتێیە. مینەو فاتێ کوڕێکیان هەبوو ناوی ڕەحمان بوو، باوەڕتان بێ هیچی نەبوو، بەڵام چون کوری مینە وفاتێ بوو خەڵک ئەویشیان شێت کردبوو. ڕەحمان کورێکی گەنجی چوارشانەی گورج و گۆڵ دیار بوو، زۆر جاران فاتێ کە لە لایەن خەلکەوە فشاری بۆدەهات هاواری دەکرد ، مینە . ڕەحمان ئەوە لە کوێن؟!.... کە کەس بە هاورای نەدەگەیشت سەری دەبەرە خۆی دەنا و دەگریا، دەستە چرچ و لۆچەکانی کە قەتماخەی چڵکیان بەسەرەوە دیار بوو بە چاوانی دا دێنا و فرمیسکەکانی دەسڕییەوە.
ئەوڕۆ بەدیتنی ئەووێنەیە ڕاست ئەوڕۆژانەم وەبیر هاتنەوەو بیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا بڵێێ ئێستاش مینەو فاتێ ورەحمان لە وڵاتی ئێمەداهەبن، ئایا ئێستاش خەلکی لەجیاتی یارمەتی ماددی وڕووحی و ڕەوانی هەر ئازاریان دەدەن یان دنیاکە گۆراوە و ئینسانیەت هەر لەسەر لاپەڕە و دێرەکان نین و رەگی بۆ ناخی کۆمەڵگاش دا شۆڕکردۆتەوە ولەو بارەوە گۆڕانی جیددی بە خۆیەوە دیوە. بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆلەو سێیە کامیان ماون و کامیان نا، کێهایان لە پێش ئەوی دیکەدا مردووە و ئاخۆ دەبێ ئەوانی دوای ئەو چ شتینێکیان بۆ کردبێ و کەژاوەی مەرگی بە کاروانی چەندەها مرۆڤ بەرەو گۆڕستانی ئەبەدی بەڕێکرابێ؟