Tuesday 28 February 2023

تاڵە ژین

 

لە ٦٠ ساڵەی تەمەن دا 
تاڵە ژین
وەکوو دۆینێ لەبیرمە بابم کە لە دووکان دەهاتەوە لەقەڵاندۆشی دەکردم و پشتاو پشت بە دیواری دادام و ئەو کارەی چەندین جار دووبارە دەکردەوە، وام عادەت پێکردبوو کە ئێوارە دادەهات ئیتر چاوەڕێ بووم بابم بێتەوە و لە سەر قەڵاندۆشی خۆییم دابنێ و پاڵ وەدیواری بدا و جار جارە بکشێتەوە و دووبارە لە دیواریم بداتەوە.

وەکوو دۆینێ بێ لەبیرمە، کاتێ لە گەڕەکی شیرکەتی نەفتی ولەسەر تەپە چکۆلەی پشت ماڵمان منداڵی گەڕەکی خەریکی مێشێن و جگێن وبانژۆڕ و ئەسکەمەلەو .... دەبووین. بەلێ ئەو کاتەی مێرمندالێکی قۆشمەی بزۆزی هاجوواج بووم و هەر کە لە مەدرەسە دەهاتمەوە دەتکوت لە زیندان بەربووم یەکسەر دوو سێ قڕان قەرەپووڵەکەم هەڵدەگرت و یەکسەر تەپە چکۆلە بگرەو هاتم.

تەپەچکۆلە کانگای هەموو مراد وئارەزوویەکمان بوو، دەستی پڕ لە ورکە پووڵ( پەنابات و تاقڕانی ودووقڕانی) و هەڵیخلێنە.... جگێن وتەوغێن و مێشن وکەللای سماتە و مەڕمەڕی ماست ودۆشاو هەموو ئاوات وئارەزووەکانمانی دێنایە دی. کەللای چاکت پێبا و قوڕقوشمت تیکردبا و جا جگی خەلکیت ئەنگاوتبا ئای چ کەیفێکی هەبوو، دووپتەت زانیبا و دووراودوور مەڕمەڕی کابرات بە گۆرتێک هەڵرتبا و چەپڵەی یەکێک ودەست خۆش دەست خۆشی دوانی دیکە هەموو دنیای دێنا وەک گوڵێکی عەنتیکەی فوتباڵت لێدا بێ وا بوو. بە خشکە دەباڵ یەکێت کردبا و میش ومحانجت لێکدابا ئای کە خۆش بوو.  ئیتر دنیا لای مەمانان ئەو کاتی هەر ئەمە بوو. ئای کە دنیاکەمان چەندە بچووک بەڵام چەندە جوان و چەندە بێ غەل و غەش بوو.

بەڵی هەر دەلێی دۆینێ بوو، بابم لەوبارەوە کەوتبووە بارێکی دیکە، تووڕە وتۆسن، کە ئێواران دەهاتەوە شەڕی دەفرۆشت، بەدایکم، بەهانەی بە من دەگرت، منیش هێندە ئەسڵ و جسن نەبووم، لێیدەدام . نەمدەزانی قەدەرێک بوو بۆ وا تووڕە بوو،  وای لیاهاتبوو جاری وابوو بابم جووڵابایەوە من دەر دەپەڕیم. ئیتر یەک دووساڵ بوو دەستی وێم رانەدەگەیشت. چوست چالاکێکی عەجایب بووم. دایکم هەمیشە دەیکوت نازانم ئەوانەی قسەهای من وبابام دەنووسن بۆ نایەن هی ئێوە بنووسن! ( قسەهای من و بابام داستانی بابو کوڕێک بوو لە مەدەرسە دەیانداینێ) ئەو کات گوڤارێکی بچووکی منداڵان لە قوتابخانەکان دەردەچوو بە ناوی " قصەهای من و بابام". تەنز و فوکاهی بوو زۆر خۆش بوون ، من هەمیشە دەمکرین. جار جارە بە قەستی بۆ بابیشم دەخوێندەوە . بابیشم پێی خۆش بوو جاری وابوو پێدەکەنی و بە ئاماژە بە منداڵەکەی ناو گۆڤارەکە دەیکوت ئەوەش وەک تۆ عەسڵ و جسنە!

ماڵەکەمان قایمە مێوێکی دەحەسارێدا بوو، بابم بۆخۆی پێی رادەگەیشت. ترێی جوانی حوسێنی و سەحابی دەگرت، وەک قوڕێی پێوە دەبوو. قایمە مێوەکە ڕێک لەگەڵ ژوورەکانی ئێمە هاو تەریب بوو. خانووەکەمان لەسەر بانی ژێرخانەکەمان دروست کردبوو، بانی ژێرخانەکە لە ژوورەکان زیاتر بوو و ئێوارنی هاوینان لەسەر ئەو بانە ژێرخانە دادەنیستین. خانوەەکە وەک دوو نهوم بێ وابوو.

تۆزێ باوخۆشتر ببووم جارێکیان کە ئێواڕێ لە تەپەچکۆلە هاتمەوە بابم لە ماڵ بوو، وەژوور کەوتم و لای دەرکی لێگرتم و شوولێک بەدەستەوە، پەلاماریدام پەنجەرەکرابۆوە غارمدا سەربانی ژێرخانێ، بەولایدا پێشی لێگرتم و منیش دیسان گەڕامەوە ژوورەکە، ئەوجار بە پەنجەرەدا پەلاماریدام ، بەدەرکەی دا بۆدەرچووم بەڵام دیسان لای ئەولای لیبڕیمەوە و ناجار هاتمەوە ژوور، دایکیشم لەو نیوەدا هەر دەیکوت کوڕە لێیگەڕێ منداڵی هەمووگەڕەکێ لەتەپەچکۆلەی قومارێ دەکەن دەیجا  چ بوو. خولاسە ئەو راوراوێنە زۆری نەخایاند و ناچار بابم کە زۆر تووڕە ببوو بە دەرکەی ژوورێدا پەلاماری دام و منیش وەک تیر لە کەوان ڕەها بووبێ بە پەنجەرەی دا دەرپەڕیم و بابایشم دووبارە بە توندی بەدەرکەی دا گەڕاوە کە پێشم لێبگرێ، ئیدی هەر لەوێڕا بەسەر مەحەجەرییەکەی (نەردە) قەراخ بانی ژێرخانەکەدا بازدم دا سەر قایمەمێوەکان و قایمە میو شکان ومنیش بە لاق برینداری و داڕووشاوی کە بە هۆی تەختە شکاوەکان بریندارببوم کەوتمە سەر هەردی و دەس بەجیش بەدەرکەی ماڵە مامە حاجیمدا بۆی دەرچووم. هێشتا لە نێوان هەرد و ئاسمانێدا بووم کە گوێم لێبوو بابم دەیگوڕاند ، هەی دین.... م کوڕە خۆ وەک رێوی خۆی دەرباز کرد.

ئیتر وای لێهاتبوو وەڕەز ببووم، ئێوارێ درەنگانێک هاتمەوە و بڕیارم دا ئەوجار کە بابم پەلاماری دام هەڵنەیەم. وەژوور کەوتم و دانیشتم و ئاگام لێبوو لە بنەوە هەر خەریک بوو خۆی ئامادە دەکرد دەرفەتێک بخوڵقێ و دەستی بمگاتێ. لەنەکاو غاریدامێ و منیش لەجێێ خۆم هەستامە حەواو توند لە بەرامبەری دا راوەستام! بابم زۆری پێسەیر بوو. کوتی ئای ئای خۆ هەڵیش نایە قورومساخ! منیش هیچم نەکوت بەڵام چاوم دەچاوی بڕیبوو. چاوەشینەکانی بابم ئاوریان لێدەباری بەڵام وردە وردە بێ ئەوەی دەستم لەسەر هەڵێنێتەوە چوو لەسەر جێگای خۆی دانیشت. منیش بەئەسپایی لەجێگای خۆم دانیشتمەوە و ئیتر خودا بتحەسێنێتەوە قسەهای من و بابابم کوتایی هات. پیوەندیەکان ئەوجار جۆرێکی دیکەیان لێهات، مەسەلەن بابم دەیکوت ڕۆلە برایمە ئەوڕۆ ئیوارێ کە لە مەدرەسە هاتییەوە وەرە یارمەتیم بدە لە دووکانێ‌! دەشچووم بەڵام کاڕێکی وای نەبوو و هەر دەیهەویست نەچمە تەپە چکۆلە و دەگەڵ منداڵی گەڕەکێ خەریکی قومار و مێشێن و جگێن و ئەسکەمەلە و ئەوشتانە نەبم.

 

ئێستا کە بیر لەو کاتی دەکەمەوە و سوور دەزانم کە هەرگیز بابم لە ڕووی ڕقو کینەوە گوشاری بۆ من نەدەهێنا، بابم بە جەوانی سارای دایکمی هەڵگرتبوو و لە گوندی دەرمانی جادەی برهان ڕا هاتبووە مەهاباد و پاش کەمێک کارکردن، توانیبووی لە زارکی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی دووکانێک بکڕێ وبیکاتە قاوەخانە. دوای ماوەیەکیش کردبوویە بەقاڵی و زۆربەی دێهاتی ناوچەی محاڵ و شامات مشتەری ئەو بوون. هەر بەدوای بابیشمدا مامە حاجی ساڵە لە ڕووبەڕووی بابم و مامە ڕەحمانیش هەر لەوێ و مامە مستەفا دوو دوکان خوارتری بابم و مامە حوسێن بەفراو سێ چوار دووکان خوارتر کە هەر هەمووی ئاماۆزای بابم بوون هەموو دووکانیان کڕیبوو و لە دەوری یەک خڕ ببونەوە.

ئێمە لە ماڵیدا ٧ منداڵ بووین، ٥ خوشک و دوو برا تازە برایەکیشمان مردبوو دەنا دەبووین بە ٨. سوور دەزانم بابم کە تازە دووکانی کردبۆوە گووشاری ماڵی لەسەر بووە و بەخێوکردنی ٧ منداڵ کە هەر هەمووشمان دەمانخوێند کاری حەزرەتی فیل بووە. بۆیە ئەو رەفتارەی دەگەڵ منیش و دەگەڵ دایکیشم بە سروشتی دەزانم و هەرگیز بۆ یەک چرکەش جگە لەسۆز و خۆشەویستی بەرامبەر بە بابم چی دیکەم لەدڵدا نەبووە.

تەپکە دانانەوە یەکێکی دیکە لەو یاری و سەرگەرمیانە بوو کە هەمانبوو، خۆ منداڵ ناکرێ هەر هاوینان گەمەو یاری بکات، ئەدی زستانان چی؟ بەلێ داشقەی کاک ئەحمەدی ڕەحمەتی مووی بە کلکییەوە نەمابوو هێندەمان لێدەرکێشابوو، لە شەقام و کۆڵاندا هەر داشقەیەک راوەستابا و رایگرتبا ئیتر ئەوە هەڵمان دەنا و هەر کابرای داشقەچی دیار نەبا غارمان دەدا و مووی کلکی ئەسپەکەمان دەر دەکێشا، جا جاری وابوو ئەسپ لە نیو داشقە دا جیفڕکی لە ئاسمانێ دەدا بەڵام خۆ چیگای نەبوو چ بکا. بەستە زمانە هێندەی جووتە لەو لاو لای داشقەکە دەدا لاق و لەتەرت چ نەدەمان.

هەر ئەو کاتی بە سیمی باریکی قولاپیش دەکرا تەبکەو داو دروست بکەی بەڵام ئەو لەبەر سەرما رەق هەڵدەهات و زوو لەبەریەک دەکشایەوە و ئەگەر داعباشی پێوە بووبا بەر دەبوو. لە حاڵێکدا مووی کلکی ئەسپی داعبای بەر نەدەدا. دوو ڕەنگمان مووی کلکی بەکار دێبنا، ئەمن هەمیشە دوو تەپکەم پێبەوو. یەکیان بە داوی سپی و ئەوی دیکە بە داوی ڕەش. ئەگەر تەپکەت بەداوی سپی دانابایەوە دەبوو "کا"ت بەدەوروبەری داوەکان داکردبا و پاشان دانت بۆ ڕۆکردبا، ئەگەر داوی ڕەشیشت بەکار هێنابا ئەوە دەبوو "پەین" ت بۆ داوەکان بەکار هێنابا و بە پەین تەپکەکەت داپۆشیبا.

ئەوانەی تەپکەمان دادەناوە ئەو کەسانە بوون تا ئەو جیگایە لەبیرم مابێ.

١-گوڵبەهار

٢-خالید ئەحمەد دەروێشی

٣-خزمێکی خۆی ئەگەر هەڵە نەبم ناوی سمایل بوو و دوایە بوو بە پیشمەرگە و شەهید بوو. تاریفی ئازایەتیان دەکرد.

٤-خودایاری باهووش

٥-کورێکی ماڵە ئەفشینی ڕەنگە هەر کاک عوسمان بێ

٦ خۆم و چەند کەسێکی دیکە کە لە یادم نەماون.

تەپکە بە دووڕەدیف دادەندرایەوە ئەو بەرەوبەری رێگاکە کە بە پێ شكێنرابوو تەپکەی لێدادەندرایەوە. ئەو کات هەموو ساڵی بەفر لە پشتێندی دەبوو. داعبای زۆرجوان هەبوون. قازەڵاخ، داعبایەکی هەتا بڵێی جوان و دەنگ خۆش، دەتکوت کەوە گەرنی بە خەتێکی ڕەش نەخشابوو، زۆر زوو کەوی دەبوو. خوێندنی تای بولبولی دەکرد. سریلە، باڵندەیەکی بچووکی فەقیرۆکە بوو هەر دەس بەجێ بە داوێیوە دەبوو، مەگەر سێرووم لەوی گێلتر دیبێ دەنا داعبای لێ فەقیرتر نەبوو. ئەویش وەک قازەڵاخ گەردنی خەتێکی ڕەشی پیداهاتبوو و دوو شاخی بچووکی تووکی بە سەرسەرییەوە بوو. دەنگ وخویندنێکی زۆر مەحزوون خەمگین و نەرمی هەبوو. چوڕڕە، دووجۆری هەبوو، یەکیان پۆپنەکی و یەکیان بێ پۆپنە و باریکتر بوو لەوی تریان. ڕەنگە نێرو مێش بووبن و ئیمە هەر ئەوەندەی لێحاڵی بووبین. کەلـلە گورگی (ناوی باڵندەیەکی بچووکی سەرزل بوو کە دندوکێکی زۆر قایمی هەبوو ، هەر کەسی دندوکی لەهەر کەس گیرکردبا زێڕەی لێهەڵدەستاند.)سەرو ملی بڕێ سوور ئاماڵ بوو. سێروو، ئیتر هەموو کورد سیروو دەناسێ وتەنانەت لەو کانادایەش پڕە لێ. هەر نیشتبا سەر تەپکەی یەک و دوو پێوە دەبوو.

گوڵبەهارئەو ژنە عەجەمە قسەخۆشەی قەت لەیاد ناچێتەوە، چون ماڵی لەو شوێنەی تەپکەکەمان لێدادەناوە زۆر نزیک بوو هەمیشە هەم زووتر لەوێ بوو و بازگەی چاکیشی هەڵدەبژارد، خودا هەڵناگرێ لێشی دەزانی. خۆشیان پاتاڵ و ماڵاتیان هەبوو و پەینی هەمیشە بە تەلیس لەوێ حازر بوو، بەشی کەسیشی نەدەدا. بەڵام ئێمە دەبوو زۆر جاران بە تەرسەقولی بارگینی داشقەچیەکانیش ڕازی باین کە وەک پەین و کا کاری نەدەکرد. ساڵێکیان لەبیرمە قازەلاخ زۆر بوو. من وباهووش و کابرایەکی پیر و گوڵبەهار کە ژنێکی بەڕەگەز تورک بوو کوڕێکی گەورەی هەبو بە نێوی عەلی هەر شتێک با هاواری عەلی دەکرد. عەلیش زۆر فەقیرۆکە بوو. گوایە ڕێژیم ئەویشی سەرەتای هێڕش بۆ کوردستان ئیعدام کردووە.

ئەو ساڵەی کە قازەڵاخ زۆر بوو، رۆژێک تەپکەمان دانابۆوە و زۆریش سارد بوو. هەرئەو چوارکەسەش لەوێ بووین، کڕێوەیەکی دەکرد چاو چاوی نەدەدیت. گوڵبەهار لێکدا لێکدا قازەڵاخی بۆ پێوە دەبوو ئێمەش هیچ. شوێنی تەپکەکان دەبوو لەئیمە دوور با، ئێمە لە پەنا ئاخر ماڵی تەنیشت تەپەچکۆلە کە ئیتر ئەو دەم هەموو گەنم و دەغڵ و دانی لێدەکرا خۆمان مات دەکرد. چون تەپکەکان لەڕیز یەکدابوون ئەگەر داعبا بە هەر تەپکەیەکەوە بوایە هەموو وێکرا هەڵدەهاتین. ئاخری دیسان قازەڵاخ بە تەپکەیەکەوە بوو ، جوان دیار بووهی گوڵبەهارە. باهووش بڵیند باڵا و شەقاو درێژ بوو، هەر داعبا فڕکەی هات وکەوتەوە باهووش وەک گوڵللە بۆی دەرچووو هاواری کرد کوتی ئەها ئەوە بە ئی منەوە بوو. ئەو هەڵات و منیش بەدوایدا و گوڵبەهار وکابرا پیرەش بەدوای ئێمەدا بەڵام بە کاوە خۆ. کە من گەیشتمێ باهووش خەریکی لێوەکردنی. قازەڵاخەکە بوو بەڵام داوەکە وەها لە ملی قایم ببو نەدەبۆوە. ئیتر کاتی لێوەکردنی داعباکەی نەبووهاکا گوڵبەهار گەیشتێ. هەربۆیە باهووش داوەکەی لەبنەوە هەڵقەندو چوو ملی بە داوێکی تەپکەکەی خۆیەوە کرد. هەتا ئەوان گەیشتنێ بە قەستی هەر خەریکی لێکردنەوەی بوو لەسەر تەپکەکەی خۆی.

هەموو تەپەکەمان داپۆشیووە لەپر گوڵبەهار کردییە قیژ و هاوار و کوتی ئەوە داعبای من بووە ئەو هەتیوە حیزە دزیوێتی‌! ئەوەتا داوێکم هەڵقەنراوە. وەڵاهی بەعەلی دەلێم بت ...! یەک بە خۆشی لەو دەشت و سەحرایە هاواری دەکرد کوڕە عەلی قوڕمساخ لە کوێی وەرە ئەو حیزە گەڵەگاییم لێدەکات و دازەلاخەکەم ناداتەوە ! جا بە قازەلاخی دەکوت دازەلاخ. خۆلاسە باهووش قازەڵاخی نەدایەوە و پاش چەند ساڵێش هەر کە تووشی باهووش دەبوو دەیکوت هەتیوە حیزە حەرامت بێ دازەڵاخەکەت لێ دزیم! گوڵبەهار جنێوی بەهەمو کەس دەدا و کەسیش لەدڵی گران نەدەهات، عەلی کوڕیشی بۆ کرداری جنێوەکانی هەمیشە حازر بوو.

 

تاڵە ژین

تاڵە ژین

دنیایەکی کڕلە١٩٨٣-١٩٨٤- ١٩٨٥ لەخوارکورک لەلای هاوڕێیانی حیزبی شیووعی بووم ولە گوندە وێرانەیەک دەستی بەعس کە بەو حاڵەش دەتگوت سووچێکی بەهەشتە بە ناوی "ئەرمووش_ئارمووش " (ئەگەر ناوەکەم بە هەڵە نەنووسیبێ) بنکەو بارەگامان هەبوو، ئەو کات دۆستانی پەیرەوەی کۆنگرەی ٤ یش کە تازە ڕێژیمی ئیسلامی هیڕشی کردبوونە سەر وێڕای حیزبی تودە و فیدائیەکان لەوێ بوون . پ ک ک ئەو دەم تازە بوو، هەر لە ئارد و نان ڕابگرە تا جلوبەرگ و چەک و تەقەمەنی زۆربەی هەرە زۆری پارتی یارمەتی دەکردن، دوای ئەو حیزبی شیوعی عێراق یارمەتی پ ک ک ی دەدا. خواکورد کەوتۆتە سێکوچکەی ئێڕان و عێراق و تورکیا، ئەو دەم پ ک ک لەو ناوە نەبوو بەڵام هاتووچۆیان بەکەمی هەبوو. ئەگەر کورتە ناسینێک لە سەر خواکورک بنووسم کە من هەموو دۆڵ و دەڕە و زۆربەی لووتکە چیاکانیم تەقاندووە، دەمم بە کانیاوەکانیەوە ناوە و تێرم ئەو ئاوە سارد و سڕە خواردۆتەوە، دەبێ بڵێم، دۆڵ و دەڕەیەکی هەزار بەهەزار، کە بە دەیان لووتکە کێوو دۆڵ و دەڕەی یەکجار جوان و لەهەمان کاتدا سەخت و هەڵەمووت ئالبۆمێکی یەکجار دڵگیریان بە ناوی خواکورک پێک هێناوە.

شەڕ ئێران و عێڕاق بەگەرمی بەردەوام بوو، ئێران لە دۆڵی لۆلانەوە خەریک بوو جادەی لیدەدا تا بەرەو سیدەکان هیڕش بەرێ، عێراقیش ئاگای لەو بەزمە هەبوو بە تۆپ و بە تەیارە شەو ڕۆژ ئەو ناوەی دەکوتا، دەنگی تەیارە و گرمەی تۆپ بەڕاستی ئەوەی مانای ژیان بوو لەو دۆڵ و دەڕە جوانە نەیهێشتبوو. شریخەی تۆپخانە دەقیقەیەک بێدەنگ نەدەبوو. بۆگەنی باڕووت ئەو ناوەی پڕ کردبوو و ئیتر بە تەواوی هەستت پێدەکرد و مێشکی مرۆڤی ئازار دەدا.

ڕۆژێکی دەگەڵ هاوڕێیانی شیوعی بۆ کڕینی مەڕ پەڕینەوە بەری ڕووبارێک کە لە خوارک را دەهاتە خوار و دەگەڵ ئەو ڕووبارەی لە لۆلان ڕا دادەگەڕا لە "کەوەرت" تێکەڵ دەبۆوە. "سپیگا" گوندێک یان باشترە بڵێم ماڵێک بوو کە "سۆفی ڕەمەزان" بە خۆی و بە منداڵەکانی ئاوەدانی کردبووە و مەڕ و ماڵاتێکی زۆریشی هەبوو، سۆفی هەرچەندی بڵێی قسە خۆش و مرۆڤێکی سادەو ساکار و راست و دروست بوو، لەهەموو گرینگتر تووتنێكی عەجایب خۆش کێشی هەبوو.

من بە شاهیدی دۆستان ئەنگێوەی چاک بووم، زۆر جاران کەروێشکم لە هەڵاتن دابە کەڵاشینکۆف راو دەکرد(مانگێ ٥ دینار یان زیاترم دەدا بە فیشک نەک بە فیشەکی حیزبی شیوعی راوە کەروێشکم کردبێ). ئاوی ڕووبارەکە زۆر بوو، ساردیەکەشی لەوەی دانەبوو دەتکوت سەهوڵاوێ جەغەتەیە.

ئێمە سێ کەس بووین، هەرچۆنێ بوو پاش تاقی کردنەوەی سێ چوار بوار لە یەكیان دەرباز بووین، بەلام باوەڕ بکەن چێ وای نەمابوو ئاو هەرسێکمان بەرێ. زۆر جاران لەو ڕووبارانە دەقاودەق دەگەڵ مەرگ دەستەو یەخە دەبووی چاریش نەبوو دەبوو بوارێک بدۆزییەوە و دەرباز بی ڕووباریش خوڕێین و بەردەڵان وهەڵدێڕ و سەرشێت.... سەرلەبەهاران بەتایبتی هەر لرفەی دەهات و سامێکی سەیری هەبوو. چەند جارم دیوە ئەسب و ئێستری بردووە و باوەڕ ناکەم کەسیش قولاغی دیبنەوە.

هەرچۆنی بوو لە ڕووبار پەڕینەوە ، ئەو ناوە کەروێشکی زۆر بوو بەڵام ئەو ڕۆژە تووشی چ نەبووم، گەیشتینە سپیگا دەگەڵ سۆفی چاک و چوۆنیمان کرد، دانیشیتین و چاو نان وماست هاتە سەر سفرە . سۆفی بەتەنێ لەو ناوە دەتوانم بڵێم دەوڵەتێک بوو، دیارە خۆی و سەروەت و سامانی نا ، دڵی دەوڵەتێک بوو. کوتی ڕەوەندۆ ئەدی کوا کەروێشکا من؟ ٠من لەوێ ناوم ڕەوەند بوو)کوتم سۆڤی باوەڕ بکە نەسیب نەبووە یەک کەروێشکیشمان وەبەر چاو نەهات، ئاخر جار جارە کە بەرەو لۆلان دەچووین ئەگەر لە سەر ڕیگای سپیگا کەروێشکم کوشتبا حەتمەن سۆفی بەشی تێدەکەوت، با ئەوەندەش بلێم من ئەخلاقەن دەگەڵ ئەو گوندنشینانە یەکجار زوو دەبوومە دۆست و لە دانیشتین وقسە وگفت ولفتیان تێر نەدەبووم ئەوانیش ڕیزی منیان زۆر لەبەر بوو.

لەو قسانە دابووین هاوڕێیەک کە کەرکووکی بوو و لە ئیعلام کاری دەکرد وابزانم ناوی ئەبوو فەلاح بوو، کورێکی بێدەنگی فەقیرۆکە، پرسی دەی سۆفی دەنگو باس، سۆڤی زۆر لەسەروە خۆ گوتێ خودێ چ نینە دنیایەکی کڕڕڕڕڕڕڕڕ.

قەتم ئەو قسەیە لەبیر ناچێ ئەودەم کە سۆفی ئەو قسەیەی کرد هەر دەقیقە و چەند گولـلە تۆپ و کاتیووشا و خەمسە خەمسە وێكڕا وەهەردی دەکەوت و شریخە ودەنگدانەوە و هاشو هووشی بۆ ماوەیەک ئەو دۆڵەی پڕ دەکرد. ئەوڕۆژانە بیرم لەو قسەی سۆفی دەکردەوە و دەگەڵ "بەپەلە" ی ئەوڕۆی راگەیاندن و مێدیای کوردی پێکم دەگرتن و لە دڵە خۆم دا پێکەنینم بەو زەمانە و بەو ژیانە دەهات کە وەک قومارێک وایە و هەموو شتێک بە خێرایی دەست پێدەکا و بەو خێراییەش لەپڕێکەوە کۆتایی دێ.

 

 

Monday 27 February 2023

تاڵە ژین ئەبوو عەشتار

 تاڵە ژین

ئەبوو عەشتار
ابو عشتار
سالی ١٣٦١ و دوای کێشە و ئیختیلافی جیددی دەگەل تەشیکلاتی مەهاباد بەرەو گەرمێن و بەرەو باشووری کوردستان هەڵکشام و لە ناوزەنگ و لە ناو حیزبی شیوعی دا خۆم گرتەوە. ئەو کات کە من چووم دوو کوردی دیکەش لای حیزبی شیوعی عێراق پەنابەر بوون، یەکیان خەڵکی لای سنە بووو لە دۆستانی فیدائیانی خەڵک بوو، ناوی چالاک بوو و ئەویدیکەیان ئارێز کە هەمان دوکتور ئەفراسیاب حلیمی یان هەورامی بوو کە بەداخەوە چەند ساڵ لەمەوبەر دڵە جوانەکەی لە لێدان کەوت. یەکی دیکەشم لەبیرە بە ناوێ "ه" کە نازانم چۆن گەیشتبووە ئەوێ، بەڵام لاوێکی خۆلیای وشەی کوردی و هەست ناسکێکی کەم وێنە بوو..
با لێرەدا یادێک لەو دوو دۆستە بکەم کە ئەگەرچی نازانم چاڵاک لە کوێیەو چۆن دەژی بەڵام لێرەوە یادی بەخێرو هیودارام لەهەر کوێیەک هەیە هەر ساخ و سڵامەت بێ. دەگەڵ چالاک زۆر جاران دانومان نەدەکوڵا ئەو بەڕاستی فیدای بوو و سیاسەتی ئەکسەریەتی بەتەواوی قەبووڵ بوو، منیش هەر لەسەر هەوای جارانم لێدەخۆڕی. سەیرەکەی ئەمە بوو دۆستان وهاوڕێیانی حیزبی شیوعی بە ێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی کاک چالاک داکۆکیان لە من ولە قسەکانی من دەکرد نەک لە چالاک.
ئارێز یان ئەفرسیاب، کوڕێکی هەرچەندی بڵێی لەسەرە خۆ و دەم بە پێکەنین بوو، دەریای باوەڕ بە خۆ بوون کوردێکی بێ غەل و غەش بوو، بە پێچەوانەی چالاک قەت دەگەڵ سیاسەتی ئەکسەریەت نەبوو ئەگەرچی بەناو ئەکسەریەت بوو. ئەو کوردێك بوو کورستانی و هەمیشەش باسی بابی دەکرد کە دیـمۆکڕات بووە ودەیکوت ئەوان سەرباقی بێسەوادیان سیاسەتیان لەمەمانان چاکتر زانیوە.
داستانی ئارێزو خاتیرەکانی کەم نین ڕەنگە ئەگەر مەجال هەبێ کتێبێکی قەوارە بچووک هەڵدەگرێ. ئاخر زیاتر لە سالێک شەو ڕۆژ بە یەکەوە بووین، بەداخەوە چەند سال لەمەوبەر هەوالی مەرگی لە ناکاوی ئەوم بیست کە لە ناخەوە هەژاندمی.
حێزبی شیوعی عێراق گەرچی هەڵەی ستراتیژی و هەڵبژاردنی ئیدەو باوەرێان ئەوانی وێران کرد بەڵام لە ژیانمدا هیچ حیزبێکم نەدیوە هێندی ئەوان خاوێن و بە دیسیپلین و راستگۆ بێ. حیزبی شیوعی عێراق بە پێچەوانەی حێزبە کومۆنیست ومارکسیستەکانی دیکە دەقاودەق دەگەڵ سیاسەتەکانی سۆڤیەت نەدەچووە پێشێ، مەسەلەن لە حاڵیکدا شوورەوی پیشوو قەرارداد و پەیماننامەی هاوکاری ٢٠ سالەی دەگەڵ عێراق هەبوو، ئەگەر هەڵە نەبم لە کۆنگرەی ٢٦ حیزبی کۆمۆنیستی شووڕەویدا کە هەئیەتی دەوڵەتی عێراقیش بانگهێشت کرابوون و ئامادە بوون هاورێ عەزیز محەمەد لە دژی سیاسەتەکانی حیزبی بەعسی فاشیست لەو کۆنگەرەیەدا وتاری خوێندەوە کە هەموو لایەک پێیان سەیر بوو. هاوڕێ عەزیز محەمەد سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعی عێراق کوردێکی دڵپاک و سیاسییەکی کارامە بوو. دیسان بە پێچەوانەی هەموو حیزبە شیوعیەکانی دەوروبەرمان کە زۆربەی پۆستەباڵاکانی دەسەڵاتی حیزبی دەبەر دەستی کەسانێک دابوون لە نەتەوەی باڵادەست، بەڵام لە حیزبی شیوعی عێراقبدا هەم سکرتێر وهەم جێگری سکرتێر کورد بوون واتە هاورێ عەزیز محەمد و مامۆستا کەریم ئەحمەد.
من نزیک ٥ ساڵ لای برایانی حیزبی شیوعی مامەوە، لەوێ زۆر کەسی کەسم ناسی، زۆر شتیان لێفێر بووم، هاوڕێی یەکجار زۆر باشم لە ناویاندا پەیدا کرد کە تائیستاش شانازی بە هاورێیەتیان دەکەم . زۆر برادەری عەڕەبم ناسی کە نموونەی وەفاداری و ئیمان وباوەڕی شۆڕشگێرانە بوون، لە ناویان دا ، دوکتور جەمال، ئەبوو عەبلە، ئەبوو رۆزە ئەبوو عەشتار و وزۆری دیکەش. ئەمە جگە لە هاوڕییانی کوردی هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی وەک کاک شەماڵ حەویزی، کاک ئاسۆ کەریم، سەرۆ قادر، هاشم کۆچانی شاعیر، محەمەد حەللاق( شەهیدی دەستی غەدر وتاوان)، شاخەوان و هەوراز و هاورێ محەمەدخدر ، حەسەن خدر، ئەحمەدی کاکی بەکر، هەمزە سوور و زۆری دیکە کە هەمیشە شانازی بەدۆستایەتیانەوە دەکەم.
ساڵی ١٩٨٤ من حیزبی شیوعیم بەجێ هێشت و بەرەو تورکیا ڕۆێشتم کە بەداخەوە لەوێ گیرام و بە دڕندانەترین شیوە ئازار درام و پاش ٣ مانگ مانەو لە ژێرزمێنێکی تەڕ وبرش دا و لە چلەی زستانێکی تووش و سەختدا بە نەخۆشی لە سەر حدود بەریان دام وکوتیان بڕۆ ئەمە ئێران!
داستانی ئەم گیران و بەربوونەم کتێبێکە بە ناوی "هەڵوەدا" کە لای دۆستێک لە کوردستان بە ئەمانەت ماوەتەوە.
با لێرە زیاتری درێژ نەکەمەوە باسی ئەم وێنەیە بکەم، من خاوەنی ئەو وێنەیەم لە ساڵی ١٩٨٣ بەولاوە نەدیتبۆوە، دۆینێ ئیوارێ سەعات هەشت دووکانم داخست وبەروەو ماڵ بوومەوە. لە نزیک ماڵەوە یەکێک بە دووچەرخە لەبەرامبەرمدا راوەستا و کوتی:
ئەمن ئەتۆ دەناسم!
منیش زۆرم پێ سەیر بوو، کوتم جەنابت؟
کوتی ئەتۆ ئەمنت وەبیر نایە؟
کوتم ناوەڵا قەتم نەدیتووی؟
کوتی ئەتۆ فیدایی نەبووی ؟
کوتم نا؟
کوتی قەت لە کوردستانی عێراق نەبووی؟
کوتم زۆر.
ئەوجار من شک هەڵی گرتم و پرسیم ئەتۆ کوردی؟
کوتی ناعەڕەبم؟
کوتم شیۆعی؟
کوتی بووم؟
پرسیم ناوت؟
ئەبوو عەشتار..
هەوەڵێ باوەڕم نەکرد و دووسێ جارم کوت ئەتۆ ئەبوو عەشتار نی بەڵام سەرئەنجام یەکترمان ناسییوە ویەکترمان لە ئامێز گرت. بە تانیای هاوژینم کوت ئەتۆ بڕۆ من جارێ دەگەڵ ئەو دۆستە تۆزێ رادەوەستم.
خۆلاسە باس و خواسێکی زۆر، بیرەوەریمان زۆر تازەکردنەوە خەریک بوو تاریک دادەهات ژمارەتەلەیفوونەکەی خۆم دایە وماڵاواییمان لێک کرد.
ئەوەی راست بێ سەرم سووڕ ما کە پاش ئەو هەمووە ساڵە ئەو دۆستە چۆنی من ناسییەوە؟
فارس دەڵی کێو بەکێو ناگا بەڵام بنیادەم دەگاتەوە یەک..
یادی هەموو ئەو هاوڕێ و ئەو دۆستە بەوەفایانە بەخێر.
وێنەکە بە کامێرای تەلەیفوونەکەم گیراوە.


تاڵە ژین چلەی مەرگی خومەینی

 تاڵە ژین

چلەی مەرگی خومەینی و ڕاوەماسی
کە خومەینی مرد من شایییم دەدڵ دا دەگەڕا، نەک من ئەگەر نەڵێم هەموو کوردێک بە دڵنیاییەوە زۆربەی کورد وابوون. بەڵام لە هەمان کاتدا ترسێکی سەیریش باڵی بەسەر وڵات داکێشابوو، خەڵک نیگەران بوو لەوەی بەهانەیان بەهەر کەس گرتبا دەیانتوانی چیان پێخۆشە دەگەڵی بکەن، بیکوژن، شکەنجەی بدەن، زیندانی بکەن وهتد.
شار بە هۆی ئەو تەعتیلییە زۆرە ملییەوە وەک قەبرستانی لیاهتبوو، بێدەنگ وچۆل وهۆل. من هەر زۆر وەڕەز بووم. ناچار زەنگم بۆ وەستا ڕەشیدی ڕەفیقم لێدا و کوتم ئەرێ بۆ نەچین بۆ راوەماسی، . خۆ دووکان بازار هەر تەعتیلە. جا کوتی وەڵا با بچین، ئەوە زەنگ بۆ وەستا حوسێن لیدەدەم ئەویش ساز دەکەم. وەستا حوسێن برایەتی. منیش نازانم چۆن بوو بەخیتیارب تاجریان - م ساز کرد. بەختیار کوڕێکی سوورکارەی قسەخۆشی دەم بە پێکەنینی خەڵکی سلێمانی باشووری کوردستان بوو.
خولاسە ٤ کەس ساز بووین نازابن بە ماشینی من یان هی وەستا ڕەشیدی ملمان پیوە نا تالاو بگرەو هاتم. هەوایەکی گەرمی هاوینی، لەنزیک پردەکەی تاڵاوێ هەر کەسەو چەند قولاپمان دانابۆوە ، دیارە بەختیار ڕاوی نەدەکرد، هەر راووچی نەبوو نازانم دوای ئەو ڕۆژە هۆگری بۆ ڕاو پەیداکردبێ یان نا. لە نەکاو ماشێنێکی سپای پاسداران بە خێرایی بە سەر رێگاکە دا بەرەو جادەی میاندواوڕۆیی. رێگاکە راست ٥- ٦ میتر لە سەرووی ئێمەوە بوو، هەم ئێمە ڕیگاکەمان لێدیار بوو هەمیش ئەوەی بە سەرڕیگاکە دا ڕۆیشتبا چ بە پێ و چ بە ماشێن ئێمەی دەدیت.
ماشێنەکە هێشتا ١٠٠ میترێک دوور نەکوتبۆوە ڕایگرت و پاش یەک دوو دەقیقە پاشەو پاش کشایەوە هەتا راستی ئێمە، دوو پاسداری لێهاتنە خوار و یەکیان کە بەتەمەنتر بوو و دیار بوو بەرپرس بوو بە لەهجەی تورکی کوتی:
- ئەوە ڵیرە چ دەکەن؟
- وەڵا خەریکی راوەماسین
- پەروانەتان نەیە؟ یانی ئیزنی ڕەسمیتان پییە؟
- بەڵێ هەمانە
- دەستێکی بە سەری داهێناو تۆزێ سەری خوراند وکوتی:
- باشە دەزانن ئەوڕۆژانە چ قەماوە؟
- کوتمان بەڵێ
- چ ڕوویداوە؟
- وەڵا ئیمام خومەینی ئەتۆ سڵامەت
- دەی ئەگەر وایە و خەڵک لە هەرچواڕقوڕنەی دنیایە ئەوە قورێ دەپێوێ و خوێن دەگری ئێوە لە چی دەگەڕێن؟
- قوربان باوەڕ بکە لە ناڕەحەتیان هاتوینە ئێرە؟
میلی کەڵاشینکۆفەکەی ڕاکێشاو فیشەکی وەبەر تفەنگێ داو کوتی یاڵا سەرکەون. وەپێش خۆی داین و سواری پشتی تۆیۆتاکەی کردین و ماشێن گەڕاوە ڕوو بەپایگای شیرناوێ. لەبیرم نییە ماشێنەکەی خۆمان لەوێ مایەوە یان یەکێک لە دۆستان هێنای بۆئەوێ یان پاسدارێکیان هێنای.
لەپشتی ئەو ماشێنە کە بە خێرایییەکی عەجایب دەڕۆیی جارێ بەو دەستەندازانەی ئەو جادەیە هەتا گەیشتینە پایگای نێو دامداریەکە، وەخت بوو جەرگ و دڵمان بێتە دەر. لەوێش کەهاتینە خوار وەها لە تۆز و خوڵ دا غەرق ببوین کە یەکتریمان نەدەناسییەوە. دایان بەزاندین و سەربازێکیان کەڵاشینکۆف بەدەست لە بەرامبەری داناین. من لە دڵە خۆمدا کوتم ئای دنیا، چەندەمان ئەو شاخەو ئەو شاخ کرد و چەندەمان کوێرەوەری دیت و چەندەمان بۆمبی تەیارەو گولـلە تۆپ و کاتیووشا لە پەنا تەقیوەو چمان لێنەهات لێرە وا بەهاسانی تێداچووین. جا هەر بەڕاستیش ئەگەر ئەو ڕۆژە کوشتبایانین هەر وا دەچوو.
هێندەی پێنەچوو ئەوەی گرتبووینی پەیدا بۆوە، لە پەنا یەک بەسەفی کردین و سەربازەکەی بردە پشتەوە و پێی کوت تکوون خوردند بزنشون(هەر جووڵانەوە لێیاندە) وەک فەرمانی لێدانەکە بە گولـلە بێ ئاوها بوو. ئەگەر باشم لەبیرمابێ وەستا ڕەشید لە لایدەستە چەپی من بوو، وەستا حوسێنی برای لەو لاتر و بەختیاری فەقیریش لە دەستە ڕاستی من بوو، هەر کە بەختیان کردین و سەفیان پێبەستین کوتی ئیدی جووڵەتان نەیە. بەهەڵکەوت من پێیەک واتە بستێک لە دواوەی هەموویان بم هەر بۆئە بە خێسەی چاوێک دەمتوانی بیانبینم دەنا خۆ بۆ کەس نەبوو جووڵەی هاتبا. ملی وەرسووڕێنێ، وەبیرم دێ لە سەر لاق شل بوون و تۆزە لاقەلاقێک جار جاروە تەپەی شەپێک دەهات و منیش لەو تەپە تەپە بێبەش نەبووم و تەپەم لێهەستا. خۆ لەبەر بەختیاریش هۆشم بەوانی دیکەوە نەمابوو.
گەرمایەک بوو هێلکەت لەسەر بەردی دانابا دەبرژی، دەشتی شامات و ئەو شۆرەکات و دەشتاییە هەر بۆسۆ و هاڵاوی لێهەڵدەستا، کار لە سەعات و دووسەعات دا نەما بەختیار سەری لە لای نێوچاوانی ڕا بڕێک وەریبوو، دەمدی ئارەقە زەنگوڵ زەنگول بەبە نێوچاوانی دا جۆگەلەی دەبست و زەنگوڵ زەنگوڵ بە سەر نووکی کەپۆی دا شۆڕدەبوونەوە و جار جارە بۆ ئەوەی ئارەقە نەچێتە نێوزارمان هەنموومان و یەک لەوانیش بەختیار وەک ئەسپ پڕمەیەکمان دەکرد. دیمەنی هەموانم لەبیرچووبێتەوە ئەو دیمەنەی بەختیارم قەت لەبیر ناچیتەوە سەرباقی هەموو دەردانیش پێکەنێنێک گرتبوومی خەریک بوو شەق بەرم. هەزار جارم کەس و کاری خۆم بە خەیاڵ مراند تا لە پڕمەی پێکەنێنێ نەدەم و وەبەرشەقان نەدرێم.
لەهەموو سەیرتر ئەوە بوو من وەک عادەتی هەمیشەییم شەپکەیەکم لەسەر بوو سەپکەکەیان لەسەر هەڵنەگرتبووم تاو لە دموچاوی نەدەدام بەڵام تەپڵی سەرم دەت کوت کوڵی. ئەگەر هەڵە نەبم تا ئیوارێ درەنگانێک لەوێ بەو شێوەیە ڕایانگرتن دوایە بەڕیان داین. کە هاتینەوە هەموو جارێ کە زەنگم بۆ بەختیار لێدەدا دەمکوت بەختیار سازبە سبەی دەچین بۆ راوەماسی، دەیکوت ماسی! وەڵا تازە ماسی بمخوا نایخۆم.
یادی هەموو ئەو دۆستانە بەخێر.
وێنەکە: خۆم ووەستا ڕەشید.

 تاڵە ژین

ئەوڕۆژانە وەها دەفکرانەوە چووبووم دەت کوت گەمێم غەرق بووە، هەرچی دەمکرد خۆم لە جەغزی بیرەوەریەکانی ڕابردووە ڕزگار بکەم نەمدەتوانێ بەیانی سێ جار و ئێوارێ سێ جار خۆم هەڵدەداشتە ناو هەروا هوریای شارە زل و زەبەلاحەکەی تۆرۆنتۆ و بووق و ئاژیری ماشێنە ئاگر کوژێنەوەکان کە رۆژانە وەک شتێکی ئاسایی ئیتر بە هات وهاوار بە بەردەم دووکانەم دا تێدەپەڕین بۆ چرکە ساتێک داوی خەیاڵی ڕابردووی دەقرتاندم بەڵام دیسانەوە پاش ماوەیەکی کورد سیمای بابم دەهاتەوە بەرچاو و دووکانەکەی و گەڕەکی سەربەرداشی، هاتو هاواری چەرچی و پاتۆڵ فرۆشەکان و فەرش و کەنارە لەسەر شانەکان، زرینکەی ئیستیکان وژێرپیالەی قاوەخانەکەی مامە ڕەحمان کە لە ڕووبەڕووی دووکانەکەی بابم لە زارکی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی و خانەقای شەمزینان پاش دەروێش مەحموودی جمەی دەهات لە مشتەری.
بیری ڕابردوو ئەو خەیاڵە رەنگینەیە کە وەک پەپوولەی باڵ نەخشین هەموو ڕۆژێ بە نەرمەفڕ بەبەڕچاومدا تێدەپەڕێ، دەگەڵی دەژیم و لە هەمان کاتتدا لە تێپەڕینی ئەو ڕۆژگارە بەو خێراییە سەرم سووڕ دەمینێ. زۆرجاران دەس بەجێ تاو دەدەمە تەلەیفوونەکەنم، زەنگ بۆ دایکم لێدەدەم کە ئیتر ئێستا پیر بووە عەجایب. چەند دەقیقەیەک قسەی دەگەڵ دەکەم پاشان ماڵاوا دایە گیان... بەڵام لەجیاتی ئەهوەنتر ببمەوە زیاتر تامەزرۆی نیشتمان و بیرەوەریەکان دەبم و دیسان بە هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ ڕابردوو بەجێ دێلم و دەگەڕیمەوە ناو ژیانی هەڵوەدایی و هەستێکی غەریبی غەریب دوور لە خزم و دۆست و هاوڕێ و کەسوکار تێکمەوە دەپێچێ.
ئەوڕۆژانە بیرم لەوە دەکردەوە کە کاتی خۆی و ڕۆژانی هەینی بابم دەگەڵ خۆی دەیبردمە دووکان و دەیکوت با دەگەڵ منداڵە وەرکان فێری قومار نەبێ، ئەوکاتیش قومار!! وەک خۆڵێ وابوون، بانژۆر و ئەسکەملە و جگێن و تەوغێن و مێشێن لەسەر تەپە جکۆلە لە کازینۆیەک دەچوو قەرەباڵغ ! ورددەپووڵ ئاشی پێدەگەڕا، باسی کازینۆم کرد ئەگەرچی کازینۆم هەر لە فیلمەکاندا دیوە. بەری بەیانیان بابم سەری یەکجار زۆر قاڵ دەبوو، منیش چوست وچالاک یارمەتیم دەدا، خەڵکێکی زۆری محال و شامات و شاروێران ڕسق و بەرووبوویان دێنایە دووکانی بابم و مامە حاجی ساڵە بۆ فرۆشتن کەئەویش ڕاست لە ڕووبەڕووی دووکانی بابم هەمان دووکانی هەبوو، هەر لەوێش قەند و چا و برینج و پێداویستیەکانی خۆیان دابین دەکرد. ئەوکات بەیارمەتیدانی بابم زۆر کەیف خۆش دەبووم، هەر خۆم دەزانم کە بابم دەیکوت برایم دا ئەو کارە بکە، ها برینجی دەو کیسە نایلۆنییە بکە و بۆم بێنە، دا سێ کەللە قەندانم بدەیە... ئیتر تا سەعات نزیک یەکی نیەوەڕۆ ئەوە حاڵمان بوو، دیارە هەر کە بانگی نیوەڕۆیەی دەدا بابم یەکسەر دەچووە مزگەوتی حاجی ئەحمەد و نوێژی دەکرد و دەگەڕایەوە.کەسەرمان چۆل دەبوو دەمەو نیوەڕۆ دەیکوت دانیشە ئێستا دێمەوە.
وەدەر دەکەوت و لەو دەروبەرە دەچوو دوو چنگی باینجانی (تەماتە) بچووک بچووکی وەک دەنکە گوێز دەهێنا و دەیکوت وەرە با بچین نانێکی بخۆین. دەستی دەگرتم و بە پلیکانەکانی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی دا شۆر دەبووینەوە بۆ ئەو کەبابیەی ڕووبەڕووی شارەبانی کە بەداخەوە ناوم لەبیر نیە. هەر لە دووڕەوە بۆنی کەباب تێکەڵ بە چڕەدووکەڵی برژاندنی کەبابەکان مرۆڤی سەرخۆش دەکرد. ئیستاش کە ئێستایە من لەززەت وتامی ئەو کەبابانەم لەبیر ماوە . بۆ من دوو کەباب و باینجانێک وبۆخۆشی سێ کەباب و لەوێ خواردنی نیوەڕۆمان دەخوارد. کە دەگەڕاینەوە زۆر بێتاقەتی تەپەچکۆلەی دەبووم، هەستم دەگرد دەستەکانم وەخروو دەکەون بۆ هەڵخلاندنی مستێک قڕانی و دووقڕانی و پەنابادی. بەڵام بابم نەیدەهێشت لە دووکان بچمەدەر.
دوای نیوەڕۆیان بەردەرکی دووکان دەبوو بە هەراو گرمەیەک باب ئاگای لەکوڕێ نەبوو، دامەی بابم و لەتیفی یاهوو هەردووک بەڕەحمەت بن، دەستی پێدەکرد دامە نەبوو ئێستا کە بیر لەو دیمەنە دەکەمەوە وەک ئەو لەبەر یەک خوێندنەی بوکسێرەکانم دێتە بەرچاو پێش دەستپێکردنی کێ بەر کێ. ئەی بابم و ئەوها و هاها و هۆهۆی ئەو دووە وایدەکرد کە گەرەک بەتەواوی لەبەر دووکانی ئێمە کۆدەبوونەوە ، بابم تەختە دامەی بە سەری سیپەی چای کە لە دووکان وزۆر و زەوند بوو و خولخولەی پلاستیکی و دارینەکە دەیکردن بە دووکوتەوە ساز دەکرد و پاشان دەیدا بە حاجی ساڵەی خمگەر کە هەر دوو دووکان ئەولاتری دووکانی بابم بوو ئەویش بۆی ڕەنگ دەکرد. وەک ئێستا لەبیرمە کە خول خولە یان داشەکانی دامەی دە قوتوویەکی تەنەکەی چکۆلە دەکرد و دەگەڵ تەختەکە لە گۆشەیەکی هەرزاڵی دووکانەکە دایدەنا. ئیتر ئەوە کاری هەموو ڕۆژێیان بوو.
درنگانێک لای ئێوارێ و پێش بەرەوماڵ بوونەوە دووکانی بابم دەبوو بە شوێنی کۆبوونەوە، خالە محەمەد و کەریم بەفراو وئاغای زەبیحی و سەعید ئاغای مفتی و کاک لەتیفی یاهوو کۆدەبوونەوە بابم دەس بەجێ دەیناردمە لای مامە ڕەحمانی و دەیکوت بڕۆ بڵێ کەشەفێکمان چا بۆ بێنێ. ئیتر دەبوو بە بازاڕێ سیاسەت ، بی بی سی وای کوت، ئالمان وای کوت و گازەرد وابوو و واچوو.
ئێستا کە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە و لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ئاوڕ لە رابردوو دەدەمەوە بە تەواوی باوەڕ و هەست دەکەم کە ژیان تەنیا لە سێ بڕگەی زەمانی یەکجار کورت دا خۆ دەبینێتەوە ئەویش دۆینێ و ئەمڕۆ و سبەی کە هەرچەندنیش ساڵانێکی دوورودرێژ بژی یان کەم بژی دیسان هەر دۆینێ وئەمڕۆ و سبەینێ زیاتر نیەو ئەوان چۆن وا بە هاسانی هاتن و چوون ئێمەش هەروا ەو هاسانیە هاتووین و دەڕۆین.


 تاڵە ژین بەشی ١

مەودای مەرگ و ژیان تەنیا یەک هەناسە
ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە ماڵە دۆستێک مابومەوە، چاوەڕێ بووم تا قاچاخچی بڵێ خۆت ساز کە تا وەڕێ کەوین. شەوانە تا درەنگ خەوم لێ نەدەکەوت، بیرم لەوە دەکردەوە و لۆمەی خۆم دەکرد، باشە ئەو هاوڕێیانەت بۆ بەجێ هێشت؟ کوا ئەوە پیاوەتی بوو؟ گەورەکان و ڕۆژنامەی کوردستان قەیدی ناکا دنیای منداڵانت بۆ بەجێ هێشت؟ لەمەو دوا لە کوێ نەقاشی و وێنە کێشانی منداڵە چاوگەشە پڕ لە هیواکانی قەڵا و وئازادی و زەوییە سپی و .... دەبینی؟ دەی کە دەتزانی ئەوە حاڵتە بۆ دەهاتیە کۆیە هەر یەکسەر ڕۆیشتبای!
شەڕێکی دەستەو یەخە لە دەروونم دا گەرم بوو:
-نا وانیە ، ئەوەتا بەو هەمووە هیواو ئومێدەوە هاتوومە دەر، ژن ومنداڵ وژیان و مانم خستۆتە مەترسیەوە کەچی دەنێو شەڕێکی بێ ئامان وبێ ئاکامی نێوخۆیی کەوتووم، باند و باند بازی و دەستەو دەستە بەندی بڕشتی لە حیزب بڕیبووە، نیوەی بە خوێنی نیوەکەی دیکەی تینوو بوو! دەی ئەوە بە من ناکرێ! نانا ئەو شەڕە کاری من نەبوو! هەقم بوو بڕۆم، خۆ لە قەڵا و لە کۆبوونەوەی گشتی من ڕێک ئەو قسانەم کرد، بە بەرچاوی هەموانەوە کوتم :
- خەڵک لە ناو خۆ هەویای پێتانە و دڵ و دەروونی لای ئێوەیە، گەنج و لاو و خوێندەوار و بازاڕی و کاسب و کارمەند ، ژن وپیاو بە هەزاران هەزار چاویان بڕیوەتە ئێوە و ئێوەش ئەوە کارتانە! ئەوە ئاکارتانە! بەربوونە گیانی یەکتری لە سەر چی؟خۆ هەموو لە بیریانە لە کاتی قسەکردن لە داخان کوڵی گریانم دە ئەوکی دامابوو!
نزیک ١٠- ١٥ ڕۆژ چاوەڕوانی و ١٠ -١٥ شەو شەڕی دەروونی خۆم چی پێوە نەهێشتبووم، بۆچوونی یەکەم هەق بوو یان هی دووهەم نازانم بەڵام دڵ خۆشی خۆم بەوەی دوایی دەدایەوە،! خۆم پێ قانع دەکرد، جار جارەش لە نیوە شەو دا وەخەبەر دەهاتم و دەمکوت بەهانەت هەبووە دەنا ئەتۆش وێڕای ئەو خەڵکەی.!
هیچ شەوێک بە ئاسوودەیی و بێ ئەو شەڕە دەروونییە خەوم لێنەدەکەوت!
سەروبەندی سەرما و سەخڵەتی پاییز بوو ڕۆژێک خانە خوێ کوتی سبەی وەڕێ دەکەون، من قسەم دەگەڵ قاچاخچیەکان کردبوو و کوتبووم کە من هەم تەمەنم لە سەرێیەو هەمیش دیسکی کەمەرم هەیە ناتوانم زۆر بەرێگا دابڕۆم،بەڵام بە خۆشییەوە وڵام ئەوە بوو هەر سێ -چوار سەىعات بە پێ دەرۆین و باقی هەمووی یان وڵاخە و یان سەیارە.
سبەی تولحی بەیانی وەڕێ کەوتین، یەکەم قوناغمان دیانا بوو، لەوێ دابەزین و من کوتم دەچم لە بازاڕ هەندێ گۆرەوی و شت ومەک دەکرم، دەمزانی کوێستانەکان سارد و سەرمان و دەبوو خۆمی بۆ تەیار بکەم، ئەز قەزا چاوم بە بازاڕی تاناکۆڕا کەوت و یەکسەر خۆم پێدا کرد، دەستێکم جلی وەرزشی سەروخوار (تراکسوت- گەرم کن) کڕی، نێوی کورک بوو و دەرەوەی مشەمایەک کە باو سەرمای لێ رەت نەدەبوو.
هێندەی نەبرد بەرەو سنوور وەڕ کەوتین، رێگاکەمان بە ێنو پێگەیەکی حکوومەتی هەرێم یان پارتی دا تێدەپەڕی، دەبوو چووباین بۆ سپای بارزان ولەوێ خۆمان ناساندبا، گەیشتینە ئەو مەڵبەندە و چووینە دەفتەری سپاکە و ئەفسەرێک چەند پرسیاری لێکردین و دوایی کوتی ئێوەش کوردستانتان بەجێ هێشت، قەیناکا، خواتان لە گەڵ.
سپای بارزانمان کە بەجێ هێشت بەرەو سنووری باکوور و باشوور وەڕێ کەوتین، دەمەو بوولێڵی ئێوارە ئاسمان نێوچاوانی تێک نابوو، گەواڵە لەبەر تەوژمی با خۆیان پێ ڕانەدەگیرا و پەنایان بۆ پەنا وپەسیوی لووتەکەکان دەبرد. ودەستەملانی لووتکە سەرکەشەکان دەبوون، با هەر وا ڕەوە هەوری ڕا دەدا و هاش و هووشی لەو کەژ وکێوانە دا هەڕەشە و گوڕەشەی سەرمای سەختی دەکر.
ئێمە سێ کەس بووین، کورێکی گەنجم دەگەڵ بوو بە نێوی شوانە، یەکی دیکەشمان دەگەڵ بوو وابزانم تورک بوو، خەڵکی لای شاپوور و ئەو ناوە بوو، ( ئەگەر باشم لەبیر مابێ) کەسێکی ئەو ناوەشمان وەک بەڵەد کە دەگەڵ قاچاخچیەکان کاری دەکرد دەگەڵ بوو. دیارە هەر یەکەم ڕۆژ من شەرتم پەڕی و زیاتر لە ٤-٥ سەیات بە پێ ڕۆیشتم، کۆڵکیشم کتێب پێ بوو. ئیتر زانیم قاچاخچی درۆی دەگەڵمان کردووە. ئێوارە درەنگانێ گەیشتینیە گوندێکی سەر سنوور، شەو لەو گوندە ماینەوە.
سیمای خانە خوێی هەژاری گوند نشین بەڵام خودای میهرەبانی، کە دەس بەجێ کوتی شێویان بۆ ساز کەن ئەوانە ماندوون، لە بیر ناچێتەوە، چیان هەبوو لە زاری خۆیان گێڕایانەوە و لە پێش ئێمەیان دانا ، ئاخر خۆ کەس پێی نەکوتبوون میوانتان دێ تا ئامادەی میوانداری بن. من کاتی خۆشی کە پشمەرگە بووم سەدان دیمەنی ئاوام دیبوو، لە گوند نشینە میهرەبانەکان وەژوور کەوتبووین بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەین، لە دەرگامان دەدا :
ماڵێ میوانان ڕا دەگرن؟ دەتوانم بڵێم هەمیشە ئەو وڵامەمان گوێ لێ دەبوو :
_میوان بە خێڕێ سەر سەر و سەر چاوان!
خانە خوێ دوای نان خواردن کوتی، ئەگەر بەتەمان ئاوەدیو بن باشترە بەیانی زوو هەستن و بڕۆن ئەگەریش جارێ لێرە دەمێننەوە ئەوە ماڵی خۆتانە. بەڵام خوا دەزانێ سبەی و دوو ی هەوا چۆن دەبێ تا ڕێگا نەبەستراوە بەفر تێی نەکردووە ئاوەدیو بن باشرە. دەبێ بەیانی پێش هەوا تاریک بوون سنوور ببەزنین دەنا ژاندارمی تورک لە ڕەبیەکان ڕا دەتان بینن، تەقەتان لێدەکەن! تورک زۆر بێڕەحمن! ئەمانەتی خۆتان بن.

بەیانی هەر زۆر زوو بەڵەدی رێگا هەڵی هەستاندین و هەر کەسەو گورج خۆی پێچایەوە، خانە خوێ پرێسکەکەیەکی نان و پەنیر بۆ تێکەوە پچاین و وەکابرای دەلیلی دا. تاریکە سەلاتێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، هەندێ ڕۆیشتین وردە وردە چاو خووی بە تاریکی گرت و بەرپێی خۆمان زۆر چاک دەدیت، لە ئاخرین ماڵی گوند کە وەدەر کەوتین سێ چوار سەگی مل ئەستوور کەوتنە دوامان و لە کۆڵمان نەدەبوونەوە، من کە شارەزای ئەو رێگایە نەبووم سروشتی بوو کە زیاتر لە سەوەڕی سەیەکان نیگەران وترسی ژاندارمی تورکم هەبێ کە تەقەمان لێ بکەن.
دووسەعاتێک دەبوو دەڕێیە کەوتبووین کە ورردە وردە دەهەورازی هەڵبووین، هەرلە خۆڕا پم وابوو دەبێ لە سنووری دەسکردی باکوور وباشوور نزیک بینەوە، لەو حاڵەش دا عەجایب دەفکرانەوە چووبووم ، جا باشە ئەوە لەو دۆڵ و شاخ وبەندەنە وەبەر گوللەی تورکان دراین خۆ کەس بە گۆڕەکەشمان نازانێ، منداڵەکان کێ ئاگای لێیان دەبێ، تۆ بڵێی کە لەو قاچاغە ڕێیە دا ئەگەر تێدا چووین حیزب بە ئەندام یان لایەنگرێک حیسابمان بکا؟ بڵێی لانی کەم ئەو ماوەیەی ڕابردوو دا کە ئێمەش شانمان دابووە بەرێ وگیانی خۆمان خستبووە سەر لەپی دەست حیزب و خەڵک ئێمە لەبیر نەکەن و لانی کەم ڕێزێکمان لێ بگرن!
لەو فکرانە دابووم شارەزا و دەلیلی ڕێگا بە ئەسپایی هاتە لامان وکوتی ئیدی لێروە بەو لاوە کەس نابێ سیگار بکێشێ و بە وشیاری و بە ئەسپایی یەک لە دووی یەک وەرن و کەس نابێ متەقی بێ نەکوو ژاندارم کەمینیان دانابێتەوە!
بایەکی ساردی دەهات، تەزووی سەرما بە بن کڵاوەکەم دا خۆی بە ناو شان وملم دا دەکرد، شالگەرنەکەم زیاتر لە دەوری ملم هاڵاند، ترسێک و خۆفێکی شاراوە بەسەرم دا زاڵ بوو.
دووهەم کەس لە پشت دەلیلەکە دەڕۆیشتم، هەستم دەکرد زەوی بەستوویەتی و لەبن پیان دا قرچەی دەهات. لە گەرووەکە سەرکەوتین هێندەی دیکە باو سەرما ئازاری دەداین، بە خێڕایی داگەڕاین و گەوەو گەوە بە توولە رێیەک دا کە دیار بوو هی قاغچیەکانی ئەو ناوچەیە بوو بەرەو شیوەکە شۆڕ بووینەوە، سەعاتێک زیاتر بە خێرایی و سەربەرەژێر داگەڕاین تا گەیشتینە قەراغ رووبارێک، شارەزای ڕێ لێمان نزیک بۆوە و کوتی تەواو، سنوورمان بڕی، ئێستا ئێمە لە ناو خاکی باکووری کوردستان وتورکیا داین.
هەوا کەم کەم ڕوونی دەکرد، بە تەنیشت ڕوبارەکەدا هەر سەر بەرەو ژێر دادەگەڕاین، بیرم لە قسەی کابرای دەکردەوە کە پێی کوتم، نیگەران مەبە تاقە سێ سەعات بە پێ دەڕۆی و تەواو ئەوی دیکە هەموو سەیارەیە. لە حاڵێکدا ئەوەندەی هاتبووم کاری ٩-١٠ سەعاتیش نەبوو، ئیدی زانیم دەبێ خۆم بۆ ڕێپێوانێکی زۆر زیاتر ئامادە بکەم.
تا پاش نیوەڕۆ هەر بە پێ ڕۆیشتین، پاشان لە کەندێک دا خۆمان حەشار دا، دەلیلی رێگا دەیکوت دەبێ مات بین تا تاریک دادێ دوایە دەچینە ئەو گوندە، ژاندارم و قەرەقۆڵ لەو ناوە دەسووڕێنەوە، بمان بینن دەمانکوژن! یەکەم جار بوو ناوی قەرەقۆڵم گو لێ دەبوو.
لە بناری چیایەکی سەربەتەم گوندێک دیار بوو، لووتکەی چیا و دامێنەکەی تا نزیک گوندەکە بەفر بەتەواوی دای پۆشی بوو، دیار بوو ئەو ناوە ساردترە. ئێمەش بە قسەی شارەزای ڕێ خۆمان مات دا و لە هەمان کات دا خەریکی نان خواردن بووین، سەرو بابۆڵەیەک نان وپەنیری خانەخوێی سەر سنووری باشووری کوردستانمان ساز کرد و ملمان دەبەر ملی نا، ئەوە هەم خواردنی بەیانی بوو هەم فراوین.
وردە وردە بوومەلێڵ باڵی بەسەر ئەو شیو دۆلە دا کێشا، نازانم بۆ هەستم دەکرد کە بێ چەک بووم بێدەسەلاتترین مرۆڤم، هەرچی ڕوویدابا خۆ چمان لە دەست نەدەهات، تەنانەت دڕندەی کێویش پەلاماری داباین چمان نەبوو داکۆکی پێ لە خۆمان بکەین. سەر باقی ئەوانە لەبەر سەرمای ئەو ناوە خەریک بوو ڕەق دەبووینەوە نە دەبوو بشجوڵێین، دەی تۆ لەبەر سەرما بی و جووڵەت لە خۆ بڕیبێ هەر دەبێ رەق بییەوە، وردە وردە تاریک داهات، وەک دڕندەی کێوی لە کەندی هاتینە دەرێ و بەرەو گوند وەڕێ کەوتین، نزیکی گوند بووینەوە دەلیل کوتی خۆتان ئا لێرە مات کەن نەجووڵێن و نەبزوون تا دەگەڕێمەوە.
سێ کەسی نەشارەزا و نابەڵەد بەو نیوە شەوە لەو کەندو دۆڵەدا بەجێی ماین بێ ئەوەی نە بڕە نانێك یان ئاوێکمان پێ بێ، بێ ئەوەی بەهیچ کوێ بزانین. خۆمان خزاندبووە نێو دۆڵێک ونێوان ثاشە بەردەکان تا سەرمامان نەبێ کە چی بەردەکان دەتکوت سەهۆڵن. تەواوی ئازای بەندەنمان وەژان کەوتبوو، ددانمان ددانی نەدەگرت و چەق و چۆمان هاتبۆیە، سەعاتێک، دوو سەعات نەخێر کابرا دیار نەبوو، تەواو بێتاقەت ببوین، دەستمان لە کابرا شوتبوو، تەمام گرت کە خۆ بە ناو گوندەکە دابکەم هەرچی دەبێ با ببێ خۆ چاکترە لەوەی لە سەرمان ڕەق هەڵێێن، دەنگی شوانە و ئەو کوڕە دیکەم دا وکوتم یاڵا هەستن . دەچینە ناو گوند.

هەرسێکمان ڕاست بووینەوە بەرەو ڕێگا سەرەکییەکەی گوند وەڕی کەوتین کەچی دەنگە دەنگێک لە دوورەوە دەهات، دووبارە خۆمان مات کردەوە و خۆمان بەو هەردەوە نووساند، هەردی چی، بەفر و سەهۆڵ و بەستەلەکێک بوو مەپرسە، هێندەی پێ نەچوو دەنگە دەنگ نزیک بۆوە و دیتمان خۆیەتی بەدوامان دا هاتۆتەوە، جاوەرە بەو حاڵەش متەقمان نەهات، نەمانکوت سەگی سەگباب ئاخرئەتۆ زیاتر لە دوو سەعاتە بەو بەفر و سەرمایە ئێمەت بۆ لێرە بەجێ هێشتووە! چما ورچیش ئاوا هەڵدەکا!
چارمان نەبوو دەبوو وستەمان نەیە، ئەو وەپێش کەوت و ئێمەش بەدوای دا، دووبارە کە لە گوند نزیک بووینەوە سەوەڕ پەیدا بوو، بەڵام لە سەرمان نە گوێمان بە سەوەر دەبزووت و نە دەداوکەوتنی ژاندارم. وەناو گوندی کەوتین و لەوێ هەنگاوەکانمان خێراتر بوون، لە کۆڵانێک دا بەدوای شارەزای ڕێ خۆمان بە ماڵێک داکرد و ئیتر یەکسەر چووینە ژوور، دیار بوو خانەخوێ لەپێشدا قەرار و مەداری دەگەڵ شارەزای ڕێ دانابوو، کورەیەکی نێڵ دابوو مەپرسە، هەموو گەش بببوینەوە . تازە کفنێکمان دڕیبوو، لە زیادییە بووین، چون بەڕاستی بێت و سەعاتێکی دیکە لەو شێوە ماباینەوە رەق دەبووینەوە.
وردە وردە من دەگەڵ خاوەن ماڵ سەری قسانم کردەوە، ئەودەمی کرمانجییەکم خەراپ نەبوو، و زۆر بەپارێز بووم، نە باسی کوردایەتی بکەم و نە بەخەراپە باسی تورکیا، یەکەم من بۆ سیاسەت و خەبات نەچووبوومە تورکیا، بەڵکوو بە هەزار کوێرەوەری خۆم گەیاندبووە ئەوێ کە لەو رێگایەوە مافی پەنابەری وەرگرم، دووهەم نەمدەزانی خانەخوێی چ کارەیە.ئەگەرچی زۆر زوو دەرکەوت مەلا و مامۆستای ئایینی بوو، بەڵام دیسان لە قسەی خۆماڵی وباسی چەرمەسەری ژیان لە ئێران بەو لاوە نەکرا. هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە کابرای خاوەن ماڵ هەرچی بێ و هەرکارەیەک بێ سیلەی رەحمی بەرامبەرمان زیاتر بجووڵێ.
ئیتر گەشابووینەوە خواردن دانرا و زگی برسیمان لەسەر دانا، دەوروبەری سۆبەکەمان بەر نەدەدا، شەو درەنگ بوو، جێگاو بانێکیان بۆ ڕاخستین لە ماڵە خۆشم شثی وام نەدیتبوو، دۆشەگ بستێک بڵیند بوو، هەمووی خوری، سەنیر نەرم و نیان سەرت تا بنان گوێیان لە نێوی دا ون دەبوو، لێفەی جوان و دەست درووی خوری بە بەرگێک کە هەر ترووسکەی دەهات، کوتیان بنوون ڕەنگە سێ یان چوار ڕۆژ لێرە بمێننەوە، لە دڵە خۆم دا کوتم خودای دەکردتا بەهار لێرە دەماینەوە. چما جێ لێرە نەرمێنتر هەیە؟!
هێندە شەکەت و ماندوو بووین هەر چووینە ناو جێگا یەکسەر خەومان لێکەوت، بەیانی دەگەڵ مەلا بانگدانێ تێمان ڕاخوڕین هەستن، چ بووە و چ باسە کاکە؟ وامان زانی قەرەقۆڵ پێیان زانیوین و دەبێ دیسان خۆ حەشار بدەین، کوتیان گورج خۆتان کۆ کەنەوە دەبێ بچنە سەربانی بنوون! کوتم چۆن سەربان؟ رەق دەبینەوە! کوتیان نا نا، سەری داپۆشراوە، رایەخ و پێ خەفتان بۆدێنین، شت و مەکتان دەدێنێ. خۆتان داپۆشن و بنوون تا ئێوارێ، نێو ماڵێ جارجارە قەرەقۆڵ و ژاندارم پەیدا دەبن بتان بینن مەلای لەدار دەدەن وئێوەش خودا دەزانێ چیتان بەسەر دێ! ئێواران دیسان وەرنەوە خوار.
لە دڵە خۆمدا یەکجار زۆرم دڵ بەو مەلا ماڵوێرانە سووتا باشە لە پێناو چی ئەو خەتەرە تووشی خۆی دەکا، ئەو جار دەی کوتمان مادام سەری داپۆشراوە و شتمان دەدنێ و ئێوارانیش دێنەوە خوار چ قەیدی نییە. خۆمان کۆ کردەوە و بە پەیژەو نەڕدیوانێک دا سەرکەوتین و دەس بەجێش نێردیوانەکەیان لێ کردەوە کوتیشیان بە هیچ جۆر متەقتان نەیە دەنا هەموو تێدا دەچین، کە چووینەسەربان، دیتمان سەربان داپۆشرانی چی وشتی چی خۆ دەگەڵ دەرێ فەرقی نییە! سەری داپۆشرابوو و و خرت و پرتی وەک ئەنبار تێدا کۆ کرابۆوە، بەڵام هەر چوار دەوری بە قەرا بستک ئاوەڵا بوو، بایەکی تێ دەکرد دەتکوت بای سەرسەڕییە، هەزار خۆزگەمان بە شیو و دۆڵ و شاخەکە خوارد، هێندەی نەبرد بەڕرەیەکیان بۆ هێناین و وتیان ئەوە ڕابخەن و پاش کەمێکی دیکە بەڕەیەکی دیکەشیان بۆ هێناین کوتیان بە خۆتانی دادەن. ئیتر وتیان وست! نێردیوان لێکرایەوە جا وەرە بەو سەرمایە لەو سەر بانە دەبێ چی بکەین ؟
بەڕە بۆ لە سەر نوستن هەر نابێ بۆیە وەک لەسەر هەردەکە نووستباین ئاوا بوو، سەربانەکەش سمیت بوو، ئەوەی دیکەی بۆشیان هێنابووین کە بە خۆمانی دادەین هاوتای ئەوی پێشێ بوو، درێژایی باش بوو بەڵام پانایییەکەی هەر ١.٢٠ س م دەبوو، بە درێژی بە خومان دادابا هەر یەک کەسی دادەپۆشی و دووەکەی دیکە چیان وەبەر نەدەکەوت، بە پانەوە بە خۆمان دادابا هەموو لاق و لەتەرمان بەدەرەوە دەبوو.
باوەڕم نەدەکرد ئەوانە ئێمە بەو حاڵە ٣-٤ شەو و ڕۆژان بێڵنەوە . بە خۆم دەکوت مامۆستا ئاگای لێ نیە دەنا چۆن شتی وا قەبووڵ دەکا خۆ سەگیش بەو سەرمایە و لەو سەربانە تاقەت ناهێنێ!
ئەوەی لەو چەند ڕۆژە دا لەو سەربانە و دەگەڵ کاک شوانەی باوەجانی و یەکی دیکە من ئەزموونم کرد یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکانی ژیانم بوون، ئەو شێ شەو ڕۆژە با لێی نەکردەوە، کە هاشەی دەهات رویت پێ نەدەما، بە بن ئەو بەڕەیە دا دەهەموو گیان ت دەگەڕا، هەرچۆنی خۆمان گرموولە دەکرد و پشتمان بە پشتی یەکەوە دەنووساند تا یەکتر گەرم ڕابگرین دیوەکەی دیکەمان پاش نیو سەعات خەریک بوو دەیبەست. سەرباقی هەموو دەردان میزت بە خۆت دا کردبا ئیمکانی چوونە ئاودەستت نەبوو.
نەخێر بە چاو قووچاندن وەک ڕێوییەکەی گەرمێنێ خۆمان بۆ فریو نەدەدرا و ڕاست گونمان بەتەڵەوە ببوو، شەوی ڕابردوو ئەو پەڕ قەدر و حورمەت و نوێن و بانی شاهانەو بە رۆژیش لە جێگایەک دەماینەوە بە دڵنیاییەوە سەگت لێ بەستباوە لەسەرمان قوولە قوولی رێگا ڕۆژێک دەڕۆیی. بووبووین بە گیسکەکەی هەیاسی.
سێ شەو و ڕۆژ ئەوە حاڵمان بوو، ئەو جار شەوێش لەسەر ئەو نوێن وبانە نەرمە، لەو ژوورە گەرمە، لە ترسی شکەنجەی ڕۆژەکەی دوایی هیچ چێژێکمان لە خەوتن نەدەبرد، بە بارێکی دیکە لەترسی سەرمای سەربانی هەر خەومان لێ نەدەکەوت.
تاڵە ژین بەشی ٤
مەودای مەرگ و ژیان تەنیا یەک هەناسە
وابزانم شەوی چوارەم بوو کە شارەزا کوتی بنوون بەیانی وەڕێ دەکەوین، خانە خوێی دیار بوو کە پێی خۆش بوو لە کۆڵی بینەوە بەڵام لە سیمای دا جۆرە نیگەرانیەک بەدی دەکرا. ئەو هەڵی دایە و کوتی بەیانی دەبێ خۆتان چاک داپۆشن گەروێ چیاێی ڕەش گەلێک عاسی و دژوارە. تا زیاتر ژووردا بچن سارترە! نخاسما بایەکی هێدیش لە گەروێ چیاێی ڕەش بهێت مرۆڤ سڕ دەبێ.
من هەر لەو قسانە را زانیم رۆژ و شەوکی سەختمان لەپێشدایە، بەڵام خوڵا خوڵام بوو هەرچی زووتر لەو گوندە نەجاتیمان بێ و چیدیکە سەرمای ئەو سەربانە لە بن بەڕەیەکی تەنک و باریک لە ناوگۆشت و پێست و ئێسک و هەموو لەشمان دا نەگەڕێ.
هەوا زۆر تاریک بوو کە لەخەو هەستاین ، ماڵاواییمان لە مەلا خواست، کە چووینە دەر نەرمە کڕێوەیەکی دەکرد ، من لەو گوندە وابزانم ٧٠ دۆڵارم دا بە یەکێک تا بەشێک لە کتبەکانم بۆهەڵگرێ، زۆر چاکم لەبیرە ئەو کارەم زیاتر بۆیە کرد کە لەو هەورازە سەختە تەنیا یەک دەلیلمان دەگەڵ نەبێ. دیارە بەڕاستی شەکەتیش بووبووم ئاخر شێ سەعات و چوار ساعت بە پێ ڕۆیشتن ئێستا لە حیساب دەرچووبوو. چۆرت نەیدەخوێندەوە.
تولحی بەیانی کە هەستاین من جوتێکم گورەی لە پێ کرد و دوایە نایلۆنکم بەسەر هەڵکێشاو ئەو جار جووتێکی دیکەشم گورەوی بەسەر دا لە پێ کرد.دیارە بەوانی دیکەشم کوت وابکەن، پێڵاوەکانمان هی زستان نەبوو، ئاخر قاچاغچیەکان وتیان تەنیا ٣- ٤ سەعات بە پێ دەرۆن دوایە هەموو سەیارە، بۆیە من وەک خۆم جووتێک پێڵاوی ئادیداسی سپۆرتم لە پێ دا بوو.
دیسان بە نێو سەوەڕی گوند دا لە دێ وەدەر کەوتین، تا دوورتر دەبووینەوە دەنگی سەوەڕ و چرای ماڵان لە دوورەوە کزتر دەبوون، چەند سەعاتێک بوو لە ڕێ دابووین، تا ڕووناک داهات زۆر لە گوند دوور کەوتبووینەوە و بە قاچاغە ڕێگایەک دا سەربەرەو ژوور دەڕۆیشتین کە بە تەنیشت جادەیەک دا تێدەپەڕی، جار جارە دەچووینە سەر جادە بەڵام کە هەستمان بە دەنگی ماشێن کردبایە دەبوو بەپڕتاو خۆ بگەینینە پەنای جادەکە و لە بن پنچک و شتی وا مات بووبیان، دەیان کوت ڕەنگە ماشێنی ژاندارمە بێ لێرە بمان گرن ڕاست وەبەر گوللانمان دەدەن.
وردە وردە بەرەو هەورازەکە و گەرووی چیاکە هەڵدەکشاین، بەشی زۆری رێگاکەمان تا دوندی چیاکە بڕیبوو، وردە وردە سەرما زیاتر بوو، بەفر و باڕن دەچاوی دەکردین، من جار جارە دەستم بە چاومەوە دەگرت و لە کەلێنی قامکەکانم ڕا سەیری دەرێم دەکرد و بەرچاوی خۆم دەدیت، بەڵام دەس بەجێ قامکەکان لە گۆ دەچوون و دەبوو بە پڕتاو دەگیرفانیان ئاخنمەوە.
تا لە گەرووێ چیاکە نزیکتر دەبووینەوە بەفرو کڕێوە زیادی دەکرد و باو سەرماش ئیدی بەڕاستی کاری لەسەر ئێسکان دەکرد، هەوا بوولێڵ ببوو، لەو دەمە دا لە دوورەوە لە ناو تەپ و تومانی و بەفر و کڕێوە و باڕن دا نووری چرای ماشێنک دیار کەوت کە لەو لای را دەهاتە خوار، هەموو بە پڕتاو خۆمان گەیاندە قەراغ جادەکە و لە پەنا جادەکە دا خۆمان مەڵاس دا، پەنا جادە هەڵدێڕێک بوو هەر کاممان هەلخلیسکاباین بە دلنیاییەوە کەس لەسەری رانەدەوەستا و بەجێ دەما، شوێنەکەش هەڵدێر و بەستەڵکێک بوو مەپرسە، بە نووکی کەوشەکان و بە چنجڕووک و نینۆکان خۆمان راگرتبوو تا هەڵنەدێڕێین، ماشێن بە.پڕتاو رەت بوو، هەناسەیەکمان هاتەوە بەرە خۆ و هاتینەوە سەر جادەکە. بڕێك هەناسەمان هاتەو ەبەرە خۆ..
تا زیاتر هەڵدەکشاین، بەفر زیاتر دەبوو، ئیدی وردە وردە گەیشتە پشتێندێ، بەفر کە لە ئەژنۆیان تێپەڕی شکاندنی هاسان نیە ، تۆ دەبێ جارێک چۆکت هەڵێنی و بەفرەکە بە چۆکت پان کەیەوە تا جێگای پێ هەڵێنانەوەت هەبێ دوایە بفرەکە ببڕی وهەنگاوێک بچییە پێش، بۆیە کە بەفر لە ئەژنۆیان تێپەڕی بەرێ دانەڕۆی زۆر باشترە مەگەر ڕیگایەکی کەم. ئەوەی مابوو تا لووتکەکە بە حیساب هەمووی ٢٠ دەقیقە ڕێ مابوو کە کە ئەو گەرووە سەخت و دژاورە کە ئێستا ببوو بە دوژنمێکی بێ رەحم و بێ بەزەیی ببرین بەڵام بەڕاستی ئەو ٢٠ دقیقەیە نەدەبڕایەوە، گەیشتنیە ٢٠٠ میتری گەرووەکە دیتمان لودێرک وەبن بەفرەکە کەوتووە و بەجێیان هێشتووە، زۆر بە زەحمەت ولە نێو نیگەرانی و ناهومێدی دا لودێرەکەمان بەج هێشت، لەو دەمە دا یەکێک لەو دووکەسەی وەک شارەزا دەگڵمان بوون کوتی با بگەڕێنەوە بە خوا هەموو تێدا دەچین! ئەو قسەیە ورەی هەموومانی دابەزاند، هەڵم دایەو دڵخۆشیم دانێ و کوتم مادام بە ڕێ دا دەڕۆین و ئەگەر ڕێگاکە ون نەکەین هیچمان لێ نایە، وەوجار تازە رێگا سەخەکەمان بڕیوە بۆ بگەرێنەوە؟ ئەوی دیکە کوتی نا نا رێگا بزر نابێ چون هەمووی هەر جادەیەو هەر ئاوە دیو بین ئیدی کار تەواوە. دووبارە تەکانمان لە خۆمان دا، لە گەروو شاخە ڕەش نزیک بووینەوە، دڵنیا بووم ئەو شوێنە زۆر کوردی کردۆتە قوربانی، کێ دەیزانی ئێمەش یەکێک نابین لەوانە.
بە نۆرە بەفرەکەمان. دەشکاند و دەڕۆیشتین، هاشو هووشی با بەو تاریکە شەوە یەکجار سامناک بوو، گەیشتینە خاڵی کۆتایی بەڵام بایەکە توندتری کرد، ئەو جار چاومان لەبەر کڕێوە هەر هەڵ نەدەهات وبەفرەکە زۆرتریش بوو، بەڵام سەربەرەوژێر دەڕۆیشتین، دیسان گەیشتنیە بۆردزیلێک کە تا نیوەی وەبن بەفرەکە کەوتبوو، بە تەنیشت بۆردزێلەکە دا داگەڕاین وردە وردە بەفرەکە تەنکتر دەبوو، تا دادەگەڕاین با و کڕێوە کەمتر و تاقەت و توانای ئێمەش کەمتر دەبوو، هەرچی وزەو توانامان هەبوو لەو هەورازە دامان نابوو، زۆر بەخێڕایی دادەگەڕاین، تا لە چنگ باو کڕێوەکە نەجاتمان بێ، نیو سەعاتێک داگەڕاین وردە وردە هەواکە فەرقی کرد، چاو وگوێ و لێومان وە خروو کەوت، دیار بوو لە بن بەستنێ بوون و سڕ ببوون وتازە خوێنیان تێ دەگەراوە.
وا دیارە بوو ئەو جاریش کفنمان دڕیبوو، زۆر داگەڕیان تا گەیشتینە شوێنێک کە لە دوورەوە سۆسەی چرایەک دەبینرا، شارەزا لێمان نزیک بووە و کوتی ئەوە قەرەقۆڵە! هەستمان بکەن تەقەی دەکەن و لەوانەیە هەموو ڕیگاکانمان لێبگرن، دەبێ زۆر بەخێرایی و بە لابەلایە دا دەرباز بین.
ئەو شوێنبەی ئەوان دەیان کوت باڕنی کردبوو و لێی دەرنەدەچووین ناچار رێ ڕەوەکەیان گوڕی بۆ جێگایەک کە ئیدی بە هاسانی پایگای قەرەقۆلمان لێ دیار بوو، زۆر بە پڕتاو ئەو گەوەیەمان دەبڕی تا هەرچی زووتر لە چاو بنکە سەربازیەکەی تورکیا نەدیو بین، لەو دەمە دا سەوەڕی سەگی پایگاکە دەستی پێکرد، لە دڵە خۆم دا کوتم تازە تەواو ئەو سەگانەمان تێبەر دەن بە خوا هیچمان دەرنابەین، زۆر بەخێرایی ئەو گەوەمان بڕی و لە پایگاکەر نەدیو بووین، دەنگی سەوەڕ هەر دەهات بەڵام وادیار بوو بەدوامان دا نەهاتبوو، لەو دەمە دا بەفرەکە لە بن لاقم دا ڕۆچوو و من تا پشتێندێ لایەکی بەدەنم لە بەفرەکە دا چووە خوارێ و ئیتر جووڵەم لێ بڕا، هەرام کردن کە من تێکەوتووم ناتوانم بەدوایان دابڕۆم بەجێم مەهێڵن، شوانە باوەجانی هاوشاریم بۆم گەڕاوە ، بەلام تا ئەو گەیشتێ بە هەزار زەحمەت خۆم لەو چاڵە بەفرە هێنا دەر. لە کاتی تێکەوتنەکە هەستم کرد پشتم کرتەیەکی لێ هات، زۆرم گوێ نەدایە.
تابەیانی هەر بەڕێوە بووین، تاریک و روونی بەیانی گەیشتینە نزیک رووباڕێکی خوڕێن بەڵام بچووک، ئەوێ دەتکوت بەهارە، هەموو وڵات ڕەشانگ بوو، دەممان بەئاوی ڕووبارەکەوە نا تێر تێرمان خواردوە، بەو سەرمایە سەیر تینوو ببووین، دڵم خۆش بوو لەو ناوە پەڵە بەفرێکت نەدەدی، وادیار بوو مەینەتی و سەرماو سۆڵمان لە کوۆڵبۆتەوە.
لە دەوری یەک کۆبووینەوە، ئیتر هەستت دەکرد هەموو براین، ئاخر لەو رێگایە دا هەموو یەک چارەنووسمان هەبوو، بۆیە دەبێ ئەو هەستە دروست بووبێ.پارووە نانێکمان خوارد و هەرکەسەو سەری وەسەر کەنداڵێک کرد، چاومان لە بەر بێخەوی دەبرژایەوە، شارەزای ڕێ کوتی:
خۆ مات کەن تا عارەبێ دێ! ئەو خەبەرە خۆش بوو، وادیارە لە شاخ و دۆڵ پێوان ڕزگارمان. بووە، من چاوم لەسەر یەک دانا وە خەوم لێ کەوت.
خۆر تازە سەری دەسوێیە نابوو, گزینگ وەک لیسگەیەکی مراوری لە گەرنی چیا سەرکەشەکانی دەوروبەر ئاڵابوو، دەنگی خوڕەی ئاوی ڕووبارەکە تێکەڵ بە شنەبایەکی نەرم بووبوو و موسیقایەکی دڵرفێنی لەو ناوەدا ساز کردبوو، کە چاوەکانم کردەوە هشتا وامزانی خەونە و دەنا ئێمە لە گەرووی شاخە ڕەش دا هەر گیرمان خواردووە و دەرنابەین، کەچی پاش ئەوەی چاوەکانم بڕێک هەڵگڵۆفی و سەیری دەوروبەرم کرد زانیم کە نەخێر ئەوجاریش لە چنگ مەرگ و سڕبوون نەجاتمان بووە و جارێ چارەنووس بەرەو هەڵدێری نەمان تووڕی هەڵنەداوین.
سەرما لە ئازای بەندەنم گەڕابوو، هەستم دەکرد دەئاوێیان هەڵکێشاوم و لەو گۆڕەی فڕێیان داوم، چەق و چۆیەکم هاتبوویە مەپرسە، خۆم گرموولە کردبوو و دەستەکانم خستبووە نێوان ڕانەکانم وبیرم لە چارەنووسی نادیاری خۆم دەکردەوە کە دەنگی ماشێنێک لە دوورەوە هاتە گوێ. بە قسەی دەلیلی ڕێگا دووبارە خۆمان لە کەند و پەنا تاشە بەردان شاردەوە تا ئەوان لە ماشێنەکە دڵنیا بن، دیارە خۆشیان بە ڕێگاکەدا وبە شێوەیەکی ئاسایی و بە دەست ڕاوەشاندن ڕۆیشتنە خوارێ. هێندەی پێ نەچوو یەکیان گەڕاوە و گوتی خێرا کەن وەرن، کە چووین لە خوارەوەی رووبارەکە پیکابێک(وانت بار) ڕاوەستا بوو ، دوو کەسی تێدابوو، یەکیان شۆفیر و ئەوەی دیکەیان لە پەنا شۆفیرەکە دانیشتبوو، ئێمە بە پەلە لە پشتەوە سوار بووین و ماشێن پێی پێوەنا و ئیتر لە دوو کەسەکەی دیکە واتە دەلیل و شارەزای ڕێی پێشوو هەڵبڕاین.
لە پشت پیکابەکە ساکی کتێبەکانم دیار بوو، هێندەی نیگەرانی خۆمان بووم دوو هێندە نیگەرانی ئەو کتێبانە بووم کە بەشێکیان کوردی بوون و پێم وابوو کە بمان گرن هەر بە تاوانی ئەو کتێبانەش بێ من جەزرەبە دەدەن. لە دڵە خۆمدا لە هێنانی ئەو کتێبانە پەشیمان بووم، بەڵام خەتاشم نەبوو، کابری قاچاخچی یەکەم کوتی تەنیا سێ سەعات بە پێ دەڕۆن.
جارێ هیچ لامان قسەمان نەکردبوو، تەنیا دەنگێک کە دەهات هاڕەی مۆتۆڕی ماشێنەکە بوو کە ڕێگاکەی دەبڕی و بەرەو هەوراز دەڕۆیی، تا پتر هەڵدەکشاین دووبارە بەفر لەو بەرەو بەری جادەکە زیاتر دەبوو، بەڵام ڕێگاکە ویشک و تۆزە بەفرێک نەبێ لێی نەبوو، لەو دەما دا شۆفێر سەری وەرسووراند و کوتی مامۆ چ هاتە سەر ڕێکا مە هون خۆ کڕ کەن تەمام، بەڵێ کوتمان تەمام.
ماوەیەک ڕۆیشتین و دوای چەن سەعاتثک گەیشتینە شوێبنێک بە هەمان دەستووری پێشوو، لە هەورازێک ئێمەیان دابەزاند وکوتیان بچن لەو کەندەی خۆ مات کەن تا ئێمە دێینەوە، هاتینە خوار و بە خڕێکی نزیک ڕێکاکە دا هەڵگەڕاین و خومان لە ناو خرەکە مات کرد، ئەوان ڕۆیشتن.
بە دیتنی پیکابەکە یەکەم. جار دڵمان خۆش بوو کە تازە لە کۆڵ ئەو نەهامەتیە و سەرماو سۆڵە بووینەوە، کەچی هێشتا بن قوونمان گەرم دانەهاتبوو، دووبارە وەک ڕێوی و گورگ و چەقەڵ لە بەندەنێک دا بەجێیان هێشتین.
هەوا وردە وردە تاریک داهات، سەرما دووبارە هێرشی هێنا، بەڕاستی ئەشکەنجەیەکی تەواو بوو، هەزار جار لە کارەکەی خۆم پەشیمان بووم بەڵام چارەم نەبوو تازە تێکەوتبووم، سەرباقی هەموو دەردەسەری و درۆو دەلەسەی دەگەڵیان کردبووین ئەو سەرمایە بڕستی لێ بڕیبووین، خۆ هەرچەندی هەوا سارد بێ کە مرۆڤ بە ڕێگا دا بڕوات هەست بە سەرمای وا ناکا بەڵام کە خۆت کڕ کرد وهەستت لە خۆت بڕی با و سەرما دەس بەجێ زەفەرت پێ دەبەن.
نزیک دوو سەعات دەبوو ڕۆیشتبوون کە لە دوورەوە نووری چرای ماشێنێک دەرکەوت، ماشێنەکە ڕاست لەو شوێنەی ئێمەیان لێ دابەزاندبوو ڕای گرت، یەژکێک لە ماشێنەکە دابەزی، بە دەنگێکی کپ هەرای دەکرد ، هۆ مامۆ وەرن وەرن، لە خۆشیان خەنی بووین، دیسان لە کەندی هاتینە دەر بەڵام بەراستی وەک ئیفلیج و گۆجان وابووین هەر بەلادادەهاتین و لاترەمان دەبەست. دەست و لاقمان سڕ ببوو، چاکمان خۆ پێ کۆنترۆڵ نەدەکرا، دەتکوت سەرمان دەکووپەی ناوە یان قەرەتەپە دوو لیوانمان ودکا هەڵاویشتووە!
دوبارە سواری پیکابە بووینەوە و شۆفێر پێی پێوە نا، گەیشتینە ناو گوندێک و خۆیان بەماڵێک داکرد، ماڵێکی دوور و درێژ دیوێک لەم لاو دیوێک لەو لا، و یەک دوو کۆختی بچووک بچووکیش لە نێوان ئەو دوو دیوە دیار بوو. ئێمەیان بردە دیوێکی گەورە، فەرشێکی گوڵ سووری گەورەی لێ ڕاخرابوو، دیوارەکانی سپی و جوان، پرسیان کاری ئاو دەست و شتتان هەیە هەرنە دەرێ بەڵام هەرکەستان دیت کڕ بن، چ نەبێژن، من دەمزانی بۆیە وایان دەکوت چون زاراوەکەمان هەو نەبوو و قسەمان کردبا خەڵکەکە دەیانزانی ئێمە سۆرانین ودەس بەجێ دەیانزانی کە هی ئەو مەڵبەندە نین ولەوانە بوو ڕاپۆرتیان لێ بدەن هەم ئێمە بگیرێین وهەم ئەو ماڵە سەریان بە فەتەڕات بچێ.
کوورە هەر بەگەیشتنمان نیڵ درابوو، ژوورێکی گەرم وگوڕ، هەرکەس کاری ئاو دەستی هەبوو چووە دەر، من تێرو پڕ دەست و چاوم شوت. هێندەی پێ نەچوو ژنێکی باڵابەرزی چوار شانە منداڵێک بە باوەشەوە وەژوور کەوت:
خێر هاتن .
ژنە چووە دەر و بە کەوڵێکەوە وەژوور کەوتەوە نیردوویەکی نان لە ناو دا بوو، کەوڵەمان راخست ، ئەوجار ژاژی (شیرێژ) و بڕێک پەنیری هێنا و ئێمەش وەک ئەوەی گورگمان کوشتبێ یەک و دوو لە سەر چۆکان لێی چووینە پێش، تامی ئەو نان و پەنیرە شثێک نیە کە تا مرۆڤ هەیە لە بیری بچێتەوە. نان خورا و ئەو جار جێگایان بۆ راخستین، من نیگەران بووم دەبێ بە ڕۆژ چمان لێ بکەن ؟ بۆ کوێمان بنێرن؟ لە کوێ دەبێ بخەوین.؟ ئایا دەردی گۆرینمان دەدەنێ؟
دوو کەسەکەی دیکە شۆفیر و ئەوە دەگەڵی بوو پێش ئەوەی ئێمە بخەوین ڕۆیشتن و کوتیان سبەی هێوارێ دێینەوە بە دووتان دا.

شۆفێر و هاوڕێیکەی ڕۆیشتن و ئێمەش هەر یەکەو لە سوووچێکی ماڵەکە لێی تخێل بووین، هێندە ماندوو بووین هەر دەس بەجێ خەومان لێ کەوت، بەیانی بەدەنگی کەڵەبابی ماڵەکە من وەخەبەر هاتم و چاوەڕێ بووم کە هەرچی زووتر شۆفر و هاوڕێیکەی بە پیکابەکەوە بێن و سوارمان کەن و لەو ٧ خانی ڕۆستەمە نەجاتمان بێ.
چاوەڕوانی فایدەی نەبوو، تاو هەڵات هەر نەهاتن، نازانم بۆ کە ڕۆژ دەبۆوە هەمیشە ستریس و نیگەرانیم زیاتر دەبوو، تا نیوەڕۆ چاوەڕێ بووین هەر نەهاتن، شەو داهات بێ فایدە بوو، ئیتر سێ دانە شەو و ڕۆژ بەو حاڵە لەو ماڵە ماینەوە و ئەو دووە خەبەریان نەبوو. پاش ئەو سێ شەو و ڕۆژە شەوێکیان درەنگانێک پەیدا بوون و لە حالێکدا ئێمە خەریک بوو دەنوستین کوتیان خۆتان کۆ کەنەوە دەڕۆین.
خۆمان کۆ کردەوە، لە دەرەوە بایەکی توند هەڵیکردبوو، جار جارە بە کەلێن و قوژبنی پەنجەرەی ماڵەکە دا بە فیکە کێشان خۆی بە ژوورەکە دا دەکرد، ژنە دووبارە بە خۆی بە منداڵەکەیەوە لە بەر دەرگا ڕاوەستابوو، وەک هەمیشە بێدەنگ، خەمبار، من هەر نەمزانی پیاوی ماڵ ومێردی ئەو ژنە لە کوێ بوو، ئایا لە ژیاندا ماوە یان نا؟ بۆ لەو سێ شەو و ڕۆژە دیار نەبوو؟ سەت فکر وخەیاڵ لەوبارەوە هەڵیگرتبووم، بڵێی لە زیندانی فاشیستی تورکەکان دا بەند کرابێ؟؟؟ بڵێی ڕەگەڵ گریلاکان کەوتبێ و دوور لە ماڵ ومنداڵ خودا دەزانێ ئێستا لە کام شاخ وبەندەنی کوردستان دا دەژی؟
مالاواییمان لە ژنەکە خواست و وەدەر کەوتین، سواری پیکابەکە بووین، تاریکە شەوێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، پیکابەکە بە ئەسپاییی لە ناو گوند وەدەر کەوت، ئەمجارەیان نەیان هێشت کتێب وتەنانەت جل وبەرگی زیادەش دەگەڵ خۆمان هەڵگرین و خۆمان و گوێچکەمان وجلی بەرمان.
چەند سەعاتێک ڕۆیشتین لە هەندێ جێگا لە جادە ئەسڵی و سەرەکیەکە لایان دەدا و دە کوێرەڕێیان هەڵدەبوون. من ئەو کاتانە لە جادە سەرەکییەکان دەچوونە دەر لە خۆڕا هەستم بە ئارامی زیاتر دەکرد، زۆر لەم بوو دەڕە دابووین، لە شوێنێک بۆ ماوەیەک ڕایان گرت، هەر لەناو پیکابەکە دا سەرخەوێکمان شکاند، کە چاوم کردەوە پیکابەکە بە جادە سەرەکیەکەدا دەڕۆیی.
خەریک بوو دنیا ڕوناک دەبوو، شۆفێر و ئەوەی پەنای لێیان بوو بە قڕڕە، من کرمانجیم زۆر باش دەزانی، دوو ساڵ لە قاتعی بادینانی حیزبی شیوعی عێراق مابوومەوە وزاراوەی کرمانجیم خەراپ نەبوو. تێگەیشتم لەسەر بە کوێ دا ڕۆیشتن دمەقاڵەیان بوو، یەکیان دەیکوت دەبێ لە جادەکە لادەین ویەکیان دەیکوت چ نیە ڕاست دەڕۆین وکەس لێمان ناپرسێ، بەڵام یەکیان ئەوی دیکەی بۆ قانع نەدەبوو، چون ئەویان پێی وابوو مادام ژن ومنداڵمان دەگەڵ نیە ڕامان دەگرن و کیملیک یان پێناسمان داوا لێ دەکەن. خۆلاسە لەسەر ئەوە ساخ بوونەوە هەر بەردەم قەرەقۆڵەکە دابڕۆن، من ئەوە یەکەم جار بوو سەیتەرە و بازدیدی ژاندارم و قەرەقۆڵی تورک ببینم، بۆیە هەر پێش دیتنی بەڕاستی ترسێک هەڵیگرتبووم.
لە دوورەوە چرای سەر جادەکە مانای ئەوە بوو لە قەرەقۆڵ نزیک دەبینەوە، شۆفێر وەرسوڕایەوە و کوتی خۆتان دەخەو کەن و کڕ بن، کڕڕڕرر !
هەر کەسەو سەری دەبەرە خۆ نابوو، بە جەمەدانی و شاڵگەردن سەرو سەکوتی خۆمان تا رادەیەک داپۆشیبوو و خەومان لە خۆ خستبوو، نزیک بووینەوە ومن زۆر بە جوانی لە ژێرەوە ئاگام لێ بوو کە ماشێنەکەی ئێمە نزیک بوویەوە یەکێک لە سەربازەکان هاتە سەر جادەو لە لای شۆفێرەوە سەری هێنا پێشەوە، شۆفێر تۆزێ شلەی دایە و ئەوجار کوتی هەستە وار( نەخۆشمان پێیە) و ئیدی ڕای نەگرت و بە هێواشی لە بازدیدەکە تێپەڕی بەڵام سەربازەکە بە دوامان داهات و کە دیتی پیکابەکە ڕای نەگرت بەپڕتاو گەڕاوە بۆلای بنکەی قەرەقۆڵەکە.
شۆفێر کە ئەمەی دیت پێی لەسەر گاز دانا و بەڕاستی باڵی بە پیکاب گرت هەتا ئەو جگایەی ماشێنێکی قەرەقۆڵ وەک پۆلیس چراکانی هەڵکرد وهاتە سەرجادە من لە دورەو ە ملم وەرسووڕانبووە و هەر سەیرم دەکرد، کە دیتم ماشێبنەکە بە دوامان دا هات کوتم ماڵێ نەوێرانم کارما تەواو بوو، تازە نەجاتمان نابێ جا وەرە پاش ئەو هەمووە کوێرەوەریە لەو رێگایە دا بکەوییە دەستی قەرەقۆڵ و ژاندارمی تورک، ئاخر بۆ ملی شکاوتان بە شوێنێکی دیکە دا نەدەڕۆیشثن!
پیکابی ئێمە هێندە توند دەڕۆیی شۆفیر بەڕاستی هیچ مەرجێکی ماشێن لێخوڕینی ڕەچاو نەدەکرد، لە یەک دوو شوێن هێندەی نەمابوو هەڵدێرێین، تا ماشێنی قەرەقۆڵ گەیشتە سەر جادە ئێمە چەند کیلۆمیترێک ئەو لاتر لە پێچێک لێ هاڵاینەوە، دەس بەجێ بە جیڕەی تورموز و ستۆپی شۆفیر ڕاچلەکاین و هێندەی نەمابوو بە سەر لە پێشەوەی ماشێبنەکە فڕێ درێینە دەرەوە، هەردووک بە پەلە دابەزینو دەرگای هەردووک لایان کردەوە کوتیان هەرن بۆ ئەو شیوە! ئێمە بەرەو شیوەکە داگەڕاین ئەوانیش پێیان پێوە نا ولە چاوان ون بوون، دو سێ دەقیقە دواتر ویڕە ویڕی ماشێبنی قەرەقۆل بە پڕتاو و بە خێراییەکی سەیر لە پێچەکە ئاوا بوو.
ئێمە هەر ٥٠٠ میتر ئەولاتر لە بەفر وبەستەلەکی ڕێگایەک کە دیار بوو کەسی پێدا نەڕۆیشتبوو لە پەنا ڕووبارێکی پڕ لە تاشە بەرد خۆمان حەشار دا، چاکی بەفرەکە ئەوە بوو چون لە ڕووبارەکە نزیک بوو و نمی ڕوبارەکە بەسەری کشابوو بەفرەکە بەستبووی، شوێن پێی بە هاسانی لێ دەرنەدەکەوت. لە هیچ کوێ لەو مەودایە دا ئێمە تێنەکەوتین.
قەراغ ڕووبارەکە بەفری لێ نەبوو و ڕەشانگێکی تەواو بوو بەڵام زۆر سارد بوو، با بەو شیوو ڕووبارە دا هەر هاشەی دەهات. گاشەبەرد وتاشەبەردی زل و تل بوۆە لە چیای بەرامبەر ڕووبارەکە پەناگەی چاک بوو بۆ خۆ مات کردن وخۆ حەشار دان بەڵام سەرماکە هەمان سەرمای جاران. چەند سەعات بەو شێوەیە ماینەوە، خەریک بوو ڕەق هەڵدەهاتین و وەک جارانی پێشوو سڕ و بێ ڕەمەق و بێ هێز ببوین، چەند سەعاتی دیکە بەو حاڵە ماینەوە، برسێتی هێرشی هێنابوو، سەرما بڕستی لێبڕبووین بەڵام ئەوان دیار نەبوون، هەزار فکر و خەیاڵی ئاڵۆز هەڵیگرتبووین، باشە ئەوانە گیرابن ئێمە تەکلیفمان چیە ، چۆن خۆمان لەو گێژاوە ڕزگار بکەین، چۆن خۆمان بگەیەنینە شوێنێکی جێگای هومێد.