Tuesday 28 February 2023

تاڵە ژین

 

لە ٦٠ ساڵەی تەمەن دا 
تاڵە ژین
وەکوو دۆینێ لەبیرمە بابم کە لە دووکان دەهاتەوە لەقەڵاندۆشی دەکردم و پشتاو پشت بە دیواری دادام و ئەو کارەی چەندین جار دووبارە دەکردەوە، وام عادەت پێکردبوو کە ئێوارە دادەهات ئیتر چاوەڕێ بووم بابم بێتەوە و لە سەر قەڵاندۆشی خۆییم دابنێ و پاڵ وەدیواری بدا و جار جارە بکشێتەوە و دووبارە لە دیواریم بداتەوە.

وەکوو دۆینێ بێ لەبیرمە، کاتێ لە گەڕەکی شیرکەتی نەفتی ولەسەر تەپە چکۆلەی پشت ماڵمان منداڵی گەڕەکی خەریکی مێشێن و جگێن وبانژۆڕ و ئەسکەمەلەو .... دەبووین. بەلێ ئەو کاتەی مێرمندالێکی قۆشمەی بزۆزی هاجوواج بووم و هەر کە لە مەدرەسە دەهاتمەوە دەتکوت لە زیندان بەربووم یەکسەر دوو سێ قڕان قەرەپووڵەکەم هەڵدەگرت و یەکسەر تەپە چکۆلە بگرەو هاتم.

تەپەچکۆلە کانگای هەموو مراد وئارەزوویەکمان بوو، دەستی پڕ لە ورکە پووڵ( پەنابات و تاقڕانی ودووقڕانی) و هەڵیخلێنە.... جگێن وتەوغێن و مێشن وکەللای سماتە و مەڕمەڕی ماست ودۆشاو هەموو ئاوات وئارەزووەکانمانی دێنایە دی. کەللای چاکت پێبا و قوڕقوشمت تیکردبا و جا جگی خەلکیت ئەنگاوتبا ئای چ کەیفێکی هەبوو، دووپتەت زانیبا و دووراودوور مەڕمەڕی کابرات بە گۆرتێک هەڵرتبا و چەپڵەی یەکێک ودەست خۆش دەست خۆشی دوانی دیکە هەموو دنیای دێنا وەک گوڵێکی عەنتیکەی فوتباڵت لێدا بێ وا بوو. بە خشکە دەباڵ یەکێت کردبا و میش ومحانجت لێکدابا ئای کە خۆش بوو.  ئیتر دنیا لای مەمانان ئەو کاتی هەر ئەمە بوو. ئای کە دنیاکەمان چەندە بچووک بەڵام چەندە جوان و چەندە بێ غەل و غەش بوو.

بەڵی هەر دەلێی دۆینێ بوو، بابم لەوبارەوە کەوتبووە بارێکی دیکە، تووڕە وتۆسن، کە ئێواران دەهاتەوە شەڕی دەفرۆشت، بەدایکم، بەهانەی بە من دەگرت، منیش هێندە ئەسڵ و جسن نەبووم، لێیدەدام . نەمدەزانی قەدەرێک بوو بۆ وا تووڕە بوو،  وای لیاهاتبوو جاری وابوو بابم جووڵابایەوە من دەر دەپەڕیم. ئیتر یەک دووساڵ بوو دەستی وێم رانەدەگەیشت. چوست چالاکێکی عەجایب بووم. دایکم هەمیشە دەیکوت نازانم ئەوانەی قسەهای من وبابام دەنووسن بۆ نایەن هی ئێوە بنووسن! ( قسەهای من و بابام داستانی بابو کوڕێک بوو لە مەدەرسە دەیانداینێ) ئەو کات گوڤارێکی بچووکی منداڵان لە قوتابخانەکان دەردەچوو بە ناوی " قصەهای من و بابام". تەنز و فوکاهی بوو زۆر خۆش بوون ، من هەمیشە دەمکرین. جار جارە بە قەستی بۆ بابیشم دەخوێندەوە . بابیشم پێی خۆش بوو جاری وابوو پێدەکەنی و بە ئاماژە بە منداڵەکەی ناو گۆڤارەکە دەیکوت ئەوەش وەک تۆ عەسڵ و جسنە!

ماڵەکەمان قایمە مێوێکی دەحەسارێدا بوو، بابم بۆخۆی پێی رادەگەیشت. ترێی جوانی حوسێنی و سەحابی دەگرت، وەک قوڕێی پێوە دەبوو. قایمە مێوەکە ڕێک لەگەڵ ژوورەکانی ئێمە هاو تەریب بوو. خانووەکەمان لەسەر بانی ژێرخانەکەمان دروست کردبوو، بانی ژێرخانەکە لە ژوورەکان زیاتر بوو و ئێوارنی هاوینان لەسەر ئەو بانە ژێرخانە دادەنیستین. خانوەەکە وەک دوو نهوم بێ وابوو.

تۆزێ باوخۆشتر ببووم جارێکیان کە ئێواڕێ لە تەپەچکۆلە هاتمەوە بابم لە ماڵ بوو، وەژوور کەوتم و لای دەرکی لێگرتم و شوولێک بەدەستەوە، پەلاماریدام پەنجەرەکرابۆوە غارمدا سەربانی ژێرخانێ، بەولایدا پێشی لێگرتم و منیش دیسان گەڕامەوە ژوورەکە، ئەوجار بە پەنجەرەدا پەلاماریدام ، بەدەرکەی دا بۆدەرچووم بەڵام دیسان لای ئەولای لیبڕیمەوە و ناجار هاتمەوە ژوور، دایکیشم لەو نیوەدا هەر دەیکوت کوڕە لێیگەڕێ منداڵی هەمووگەڕەکێ لەتەپەچکۆلەی قومارێ دەکەن دەیجا  چ بوو. خولاسە ئەو راوراوێنە زۆری نەخایاند و ناچار بابم کە زۆر تووڕە ببوو بە دەرکەی ژوورێدا پەلاماری دام و منیش وەک تیر لە کەوان ڕەها بووبێ بە پەنجەرەی دا دەرپەڕیم و بابایشم دووبارە بە توندی بەدەرکەی دا گەڕاوە کە پێشم لێبگرێ، ئیدی هەر لەوێڕا بەسەر مەحەجەرییەکەی (نەردە) قەراخ بانی ژێرخانەکەدا بازدم دا سەر قایمەمێوەکان و قایمە میو شکان ومنیش بە لاق برینداری و داڕووشاوی کە بە هۆی تەختە شکاوەکان بریندارببوم کەوتمە سەر هەردی و دەس بەجیش بەدەرکەی ماڵە مامە حاجیمدا بۆی دەرچووم. هێشتا لە نێوان هەرد و ئاسمانێدا بووم کە گوێم لێبوو بابم دەیگوڕاند ، هەی دین.... م کوڕە خۆ وەک رێوی خۆی دەرباز کرد.

ئیتر وای لێهاتبوو وەڕەز ببووم، ئێوارێ درەنگانێک هاتمەوە و بڕیارم دا ئەوجار کە بابم پەلاماری دام هەڵنەیەم. وەژوور کەوتم و دانیشتم و ئاگام لێبوو لە بنەوە هەر خەریک بوو خۆی ئامادە دەکرد دەرفەتێک بخوڵقێ و دەستی بمگاتێ. لەنەکاو غاریدامێ و منیش لەجێێ خۆم هەستامە حەواو توند لە بەرامبەری دا راوەستام! بابم زۆری پێسەیر بوو. کوتی ئای ئای خۆ هەڵیش نایە قورومساخ! منیش هیچم نەکوت بەڵام چاوم دەچاوی بڕیبوو. چاوەشینەکانی بابم ئاوریان لێدەباری بەڵام وردە وردە بێ ئەوەی دەستم لەسەر هەڵێنێتەوە چوو لەسەر جێگای خۆی دانیشت. منیش بەئەسپایی لەجێگای خۆم دانیشتمەوە و ئیتر خودا بتحەسێنێتەوە قسەهای من و بابابم کوتایی هات. پیوەندیەکان ئەوجار جۆرێکی دیکەیان لێهات، مەسەلەن بابم دەیکوت ڕۆلە برایمە ئەوڕۆ ئیوارێ کە لە مەدرەسە هاتییەوە وەرە یارمەتیم بدە لە دووکانێ‌! دەشچووم بەڵام کاڕێکی وای نەبوو و هەر دەیهەویست نەچمە تەپە چکۆلە و دەگەڵ منداڵی گەڕەکێ خەریکی قومار و مێشێن و جگێن و ئەسکەمەلە و ئەوشتانە نەبم.

 

ئێستا کە بیر لەو کاتی دەکەمەوە و سوور دەزانم کە هەرگیز بابم لە ڕووی ڕقو کینەوە گوشاری بۆ من نەدەهێنا، بابم بە جەوانی سارای دایکمی هەڵگرتبوو و لە گوندی دەرمانی جادەی برهان ڕا هاتبووە مەهاباد و پاش کەمێک کارکردن، توانیبووی لە زارکی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی دووکانێک بکڕێ وبیکاتە قاوەخانە. دوای ماوەیەکیش کردبوویە بەقاڵی و زۆربەی دێهاتی ناوچەی محاڵ و شامات مشتەری ئەو بوون. هەر بەدوای بابیشمدا مامە حاجی ساڵە لە ڕووبەڕووی بابم و مامە ڕەحمانیش هەر لەوێ و مامە مستەفا دوو دوکان خوارتری بابم و مامە حوسێن بەفراو سێ چوار دووکان خوارتر کە هەر هەمووی ئاماۆزای بابم بوون هەموو دووکانیان کڕیبوو و لە دەوری یەک خڕ ببونەوە.

ئێمە لە ماڵیدا ٧ منداڵ بووین، ٥ خوشک و دوو برا تازە برایەکیشمان مردبوو دەنا دەبووین بە ٨. سوور دەزانم بابم کە تازە دووکانی کردبۆوە گووشاری ماڵی لەسەر بووە و بەخێوکردنی ٧ منداڵ کە هەر هەمووشمان دەمانخوێند کاری حەزرەتی فیل بووە. بۆیە ئەو رەفتارەی دەگەڵ منیش و دەگەڵ دایکیشم بە سروشتی دەزانم و هەرگیز بۆ یەک چرکەش جگە لەسۆز و خۆشەویستی بەرامبەر بە بابم چی دیکەم لەدڵدا نەبووە.

تەپکە دانانەوە یەکێکی دیکە لەو یاری و سەرگەرمیانە بوو کە هەمانبوو، خۆ منداڵ ناکرێ هەر هاوینان گەمەو یاری بکات، ئەدی زستانان چی؟ بەلێ داشقەی کاک ئەحمەدی ڕەحمەتی مووی بە کلکییەوە نەمابوو هێندەمان لێدەرکێشابوو، لە شەقام و کۆڵاندا هەر داشقەیەک راوەستابا و رایگرتبا ئیتر ئەوە هەڵمان دەنا و هەر کابرای داشقەچی دیار نەبا غارمان دەدا و مووی کلکی ئەسپەکەمان دەر دەکێشا، جا جاری وابوو ئەسپ لە نیو داشقە دا جیفڕکی لە ئاسمانێ دەدا بەڵام خۆ چیگای نەبوو چ بکا. بەستە زمانە هێندەی جووتە لەو لاو لای داشقەکە دەدا لاق و لەتەرت چ نەدەمان.

هەر ئەو کاتی بە سیمی باریکی قولاپیش دەکرا تەبکەو داو دروست بکەی بەڵام ئەو لەبەر سەرما رەق هەڵدەهات و زوو لەبەریەک دەکشایەوە و ئەگەر داعباشی پێوە بووبا بەر دەبوو. لە حاڵێکدا مووی کلکی ئەسپی داعبای بەر نەدەدا. دوو ڕەنگمان مووی کلکی بەکار دێبنا، ئەمن هەمیشە دوو تەپکەم پێبەوو. یەکیان بە داوی سپی و ئەوی دیکە بە داوی ڕەش. ئەگەر تەپکەت بەداوی سپی دانابایەوە دەبوو "کا"ت بەدەوروبەری داوەکان داکردبا و پاشان دانت بۆ ڕۆکردبا، ئەگەر داوی ڕەشیشت بەکار هێنابا ئەوە دەبوو "پەین" ت بۆ داوەکان بەکار هێنابا و بە پەین تەپکەکەت داپۆشیبا.

ئەوانەی تەپکەمان دادەناوە ئەو کەسانە بوون تا ئەو جیگایە لەبیرم مابێ.

١-گوڵبەهار

٢-خالید ئەحمەد دەروێشی

٣-خزمێکی خۆی ئەگەر هەڵە نەبم ناوی سمایل بوو و دوایە بوو بە پیشمەرگە و شەهید بوو. تاریفی ئازایەتیان دەکرد.

٤-خودایاری باهووش

٥-کورێکی ماڵە ئەفشینی ڕەنگە هەر کاک عوسمان بێ

٦ خۆم و چەند کەسێکی دیکە کە لە یادم نەماون.

تەپکە بە دووڕەدیف دادەندرایەوە ئەو بەرەوبەری رێگاکە کە بە پێ شكێنرابوو تەپکەی لێدادەندرایەوە. ئەو کات هەموو ساڵی بەفر لە پشتێندی دەبوو. داعبای زۆرجوان هەبوون. قازەڵاخ، داعبایەکی هەتا بڵێی جوان و دەنگ خۆش، دەتکوت کەوە گەرنی بە خەتێکی ڕەش نەخشابوو، زۆر زوو کەوی دەبوو. خوێندنی تای بولبولی دەکرد. سریلە، باڵندەیەکی بچووکی فەقیرۆکە بوو هەر دەس بەجێ بە داوێیوە دەبوو، مەگەر سێرووم لەوی گێلتر دیبێ دەنا داعبای لێ فەقیرتر نەبوو. ئەویش وەک قازەڵاخ گەردنی خەتێکی ڕەشی پیداهاتبوو و دوو شاخی بچووکی تووکی بە سەرسەرییەوە بوو. دەنگ وخویندنێکی زۆر مەحزوون خەمگین و نەرمی هەبوو. چوڕڕە، دووجۆری هەبوو، یەکیان پۆپنەکی و یەکیان بێ پۆپنە و باریکتر بوو لەوی تریان. ڕەنگە نێرو مێش بووبن و ئیمە هەر ئەوەندەی لێحاڵی بووبین. کەلـلە گورگی (ناوی باڵندەیەکی بچووکی سەرزل بوو کە دندوکێکی زۆر قایمی هەبوو ، هەر کەسی دندوکی لەهەر کەس گیرکردبا زێڕەی لێهەڵدەستاند.)سەرو ملی بڕێ سوور ئاماڵ بوو. سێروو، ئیتر هەموو کورد سیروو دەناسێ وتەنانەت لەو کانادایەش پڕە لێ. هەر نیشتبا سەر تەپکەی یەک و دوو پێوە دەبوو.

گوڵبەهارئەو ژنە عەجەمە قسەخۆشەی قەت لەیاد ناچێتەوە، چون ماڵی لەو شوێنەی تەپکەکەمان لێدادەناوە زۆر نزیک بوو هەمیشە هەم زووتر لەوێ بوو و بازگەی چاکیشی هەڵدەبژارد، خودا هەڵناگرێ لێشی دەزانی. خۆشیان پاتاڵ و ماڵاتیان هەبوو و پەینی هەمیشە بە تەلیس لەوێ حازر بوو، بەشی کەسیشی نەدەدا. بەڵام ئێمە دەبوو زۆر جاران بە تەرسەقولی بارگینی داشقەچیەکانیش ڕازی باین کە وەک پەین و کا کاری نەدەکرد. ساڵێکیان لەبیرمە قازەلاخ زۆر بوو. من وباهووش و کابرایەکی پیر و گوڵبەهار کە ژنێکی بەڕەگەز تورک بوو کوڕێکی گەورەی هەبو بە نێوی عەلی هەر شتێک با هاواری عەلی دەکرد. عەلیش زۆر فەقیرۆکە بوو. گوایە ڕێژیم ئەویشی سەرەتای هێڕش بۆ کوردستان ئیعدام کردووە.

ئەو ساڵەی کە قازەڵاخ زۆر بوو، رۆژێک تەپکەمان دانابۆوە و زۆریش سارد بوو. هەرئەو چوارکەسەش لەوێ بووین، کڕێوەیەکی دەکرد چاو چاوی نەدەدیت. گوڵبەهار لێکدا لێکدا قازەڵاخی بۆ پێوە دەبوو ئێمەش هیچ. شوێنی تەپکەکان دەبوو لەئیمە دوور با، ئێمە لە پەنا ئاخر ماڵی تەنیشت تەپەچکۆلە کە ئیتر ئەو دەم هەموو گەنم و دەغڵ و دانی لێدەکرا خۆمان مات دەکرد. چون تەپکەکان لەڕیز یەکدابوون ئەگەر داعبا بە هەر تەپکەیەکەوە بوایە هەموو وێکرا هەڵدەهاتین. ئاخری دیسان قازەڵاخ بە تەپکەیەکەوە بوو ، جوان دیار بووهی گوڵبەهارە. باهووش بڵیند باڵا و شەقاو درێژ بوو، هەر داعبا فڕکەی هات وکەوتەوە باهووش وەک گوڵللە بۆی دەرچووو هاواری کرد کوتی ئەها ئەوە بە ئی منەوە بوو. ئەو هەڵات و منیش بەدوایدا و گوڵبەهار وکابرا پیرەش بەدوای ئێمەدا بەڵام بە کاوە خۆ. کە من گەیشتمێ باهووش خەریکی لێوەکردنی. قازەڵاخەکە بوو بەڵام داوەکە وەها لە ملی قایم ببو نەدەبۆوە. ئیتر کاتی لێوەکردنی داعباکەی نەبووهاکا گوڵبەهار گەیشتێ. هەربۆیە باهووش داوەکەی لەبنەوە هەڵقەندو چوو ملی بە داوێکی تەپکەکەی خۆیەوە کرد. هەتا ئەوان گەیشتنێ بە قەستی هەر خەریکی لێکردنەوەی بوو لەسەر تەپکەکەی خۆی.

هەموو تەپەکەمان داپۆشیووە لەپر گوڵبەهار کردییە قیژ و هاوار و کوتی ئەوە داعبای من بووە ئەو هەتیوە حیزە دزیوێتی‌! ئەوەتا داوێکم هەڵقەنراوە. وەڵاهی بەعەلی دەلێم بت ...! یەک بە خۆشی لەو دەشت و سەحرایە هاواری دەکرد کوڕە عەلی قوڕمساخ لە کوێی وەرە ئەو حیزە گەڵەگاییم لێدەکات و دازەلاخەکەم ناداتەوە ! جا بە قازەلاخی دەکوت دازەلاخ. خۆلاسە باهووش قازەڵاخی نەدایەوە و پاش چەند ساڵێش هەر کە تووشی باهووش دەبوو دەیکوت هەتیوە حیزە حەرامت بێ دازەڵاخەکەت لێ دزیم! گوڵبەهار جنێوی بەهەمو کەس دەدا و کەسیش لەدڵی گران نەدەهات، عەلی کوڕیشی بۆ کرداری جنێوەکانی هەمیشە حازر بوو.

 

تاڵە ژین

تاڵە ژین

دنیایەکی کڕلە١٩٨٣-١٩٨٤- ١٩٨٥ لەخوارکورک لەلای هاوڕێیانی حیزبی شیووعی بووم ولە گوندە وێرانەیەک دەستی بەعس کە بەو حاڵەش دەتگوت سووچێکی بەهەشتە بە ناوی "ئەرمووش_ئارمووش " (ئەگەر ناوەکەم بە هەڵە نەنووسیبێ) بنکەو بارەگامان هەبوو، ئەو کات دۆستانی پەیرەوەی کۆنگرەی ٤ یش کە تازە ڕێژیمی ئیسلامی هیڕشی کردبوونە سەر وێڕای حیزبی تودە و فیدائیەکان لەوێ بوون . پ ک ک ئەو دەم تازە بوو، هەر لە ئارد و نان ڕابگرە تا جلوبەرگ و چەک و تەقەمەنی زۆربەی هەرە زۆری پارتی یارمەتی دەکردن، دوای ئەو حیزبی شیوعی عێراق یارمەتی پ ک ک ی دەدا. خواکورد کەوتۆتە سێکوچکەی ئێڕان و عێراق و تورکیا، ئەو دەم پ ک ک لەو ناوە نەبوو بەڵام هاتووچۆیان بەکەمی هەبوو. ئەگەر کورتە ناسینێک لە سەر خواکورک بنووسم کە من هەموو دۆڵ و دەڕە و زۆربەی لووتکە چیاکانیم تەقاندووە، دەمم بە کانیاوەکانیەوە ناوە و تێرم ئەو ئاوە سارد و سڕە خواردۆتەوە، دەبێ بڵێم، دۆڵ و دەڕەیەکی هەزار بەهەزار، کە بە دەیان لووتکە کێوو دۆڵ و دەڕەی یەکجار جوان و لەهەمان کاتدا سەخت و هەڵەمووت ئالبۆمێکی یەکجار دڵگیریان بە ناوی خواکورک پێک هێناوە.

شەڕ ئێران و عێڕاق بەگەرمی بەردەوام بوو، ئێران لە دۆڵی لۆلانەوە خەریک بوو جادەی لیدەدا تا بەرەو سیدەکان هیڕش بەرێ، عێراقیش ئاگای لەو بەزمە هەبوو بە تۆپ و بە تەیارە شەو ڕۆژ ئەو ناوەی دەکوتا، دەنگی تەیارە و گرمەی تۆپ بەڕاستی ئەوەی مانای ژیان بوو لەو دۆڵ و دەڕە جوانە نەیهێشتبوو. شریخەی تۆپخانە دەقیقەیەک بێدەنگ نەدەبوو. بۆگەنی باڕووت ئەو ناوەی پڕ کردبوو و ئیتر بە تەواوی هەستت پێدەکرد و مێشکی مرۆڤی ئازار دەدا.

ڕۆژێکی دەگەڵ هاوڕێیانی شیوعی بۆ کڕینی مەڕ پەڕینەوە بەری ڕووبارێک کە لە خوارک را دەهاتە خوار و دەگەڵ ئەو ڕووبارەی لە لۆلان ڕا دادەگەڕا لە "کەوەرت" تێکەڵ دەبۆوە. "سپیگا" گوندێک یان باشترە بڵێم ماڵێک بوو کە "سۆفی ڕەمەزان" بە خۆی و بە منداڵەکانی ئاوەدانی کردبووە و مەڕ و ماڵاتێکی زۆریشی هەبوو، سۆفی هەرچەندی بڵێی قسە خۆش و مرۆڤێکی سادەو ساکار و راست و دروست بوو، لەهەموو گرینگتر تووتنێكی عەجایب خۆش کێشی هەبوو.

من بە شاهیدی دۆستان ئەنگێوەی چاک بووم، زۆر جاران کەروێشکم لە هەڵاتن دابە کەڵاشینکۆف راو دەکرد(مانگێ ٥ دینار یان زیاترم دەدا بە فیشک نەک بە فیشەکی حیزبی شیوعی راوە کەروێشکم کردبێ). ئاوی ڕووبارەکە زۆر بوو، ساردیەکەشی لەوەی دانەبوو دەتکوت سەهوڵاوێ جەغەتەیە.

ئێمە سێ کەس بووین، هەرچۆنێ بوو پاش تاقی کردنەوەی سێ چوار بوار لە یەكیان دەرباز بووین، بەلام باوەڕ بکەن چێ وای نەمابوو ئاو هەرسێکمان بەرێ. زۆر جاران لەو ڕووبارانە دەقاودەق دەگەڵ مەرگ دەستەو یەخە دەبووی چاریش نەبوو دەبوو بوارێک بدۆزییەوە و دەرباز بی ڕووباریش خوڕێین و بەردەڵان وهەڵدێڕ و سەرشێت.... سەرلەبەهاران بەتایبتی هەر لرفەی دەهات و سامێکی سەیری هەبوو. چەند جارم دیوە ئەسب و ئێستری بردووە و باوەڕ ناکەم کەسیش قولاغی دیبنەوە.

هەرچۆنی بوو لە ڕووبار پەڕینەوە ، ئەو ناوە کەروێشکی زۆر بوو بەڵام ئەو ڕۆژە تووشی چ نەبووم، گەیشتینە سپیگا دەگەڵ سۆفی چاک و چوۆنیمان کرد، دانیشیتین و چاو نان وماست هاتە سەر سفرە . سۆفی بەتەنێ لەو ناوە دەتوانم بڵێم دەوڵەتێک بوو، دیارە خۆی و سەروەت و سامانی نا ، دڵی دەوڵەتێک بوو. کوتی ڕەوەندۆ ئەدی کوا کەروێشکا من؟ ٠من لەوێ ناوم ڕەوەند بوو)کوتم سۆڤی باوەڕ بکە نەسیب نەبووە یەک کەروێشکیشمان وەبەر چاو نەهات، ئاخر جار جارە کە بەرەو لۆلان دەچووین ئەگەر لە سەر ڕیگای سپیگا کەروێشکم کوشتبا حەتمەن سۆفی بەشی تێدەکەوت، با ئەوەندەش بلێم من ئەخلاقەن دەگەڵ ئەو گوندنشینانە یەکجار زوو دەبوومە دۆست و لە دانیشتین وقسە وگفت ولفتیان تێر نەدەبووم ئەوانیش ڕیزی منیان زۆر لەبەر بوو.

لەو قسانە دابووین هاوڕێیەک کە کەرکووکی بوو و لە ئیعلام کاری دەکرد وابزانم ناوی ئەبوو فەلاح بوو، کورێکی بێدەنگی فەقیرۆکە، پرسی دەی سۆفی دەنگو باس، سۆڤی زۆر لەسەروە خۆ گوتێ خودێ چ نینە دنیایەکی کڕڕڕڕڕڕڕڕ.

قەتم ئەو قسەیە لەبیر ناچێ ئەودەم کە سۆفی ئەو قسەیەی کرد هەر دەقیقە و چەند گولـلە تۆپ و کاتیووشا و خەمسە خەمسە وێكڕا وەهەردی دەکەوت و شریخە ودەنگدانەوە و هاشو هووشی بۆ ماوەیەک ئەو دۆڵەی پڕ دەکرد. ئەوڕۆژانە بیرم لەو قسەی سۆفی دەکردەوە و دەگەڵ "بەپەلە" ی ئەوڕۆی راگەیاندن و مێدیای کوردی پێکم دەگرتن و لە دڵە خۆم دا پێکەنینم بەو زەمانە و بەو ژیانە دەهات کە وەک قومارێک وایە و هەموو شتێک بە خێرایی دەست پێدەکا و بەو خێراییەش لەپڕێکەوە کۆتایی دێ.

 

 

No comments:

Post a Comment