Tuesday 26 January 2016

تاڵە ژین، مامەکەریم و خاڵە محەمەد


تاڵەژین
مەرگی کەریم بەفراو و ئاوڕدانەوە لە مێژوویەکی ونبوو
کەریم بەفراو و وەستا محەممەدی نەجاڕ
من وردە وردە تەمەنم بەرەو سەر هەڵدەکشێ و سەرەتای بەهاری ئەمساڵ پێ دەنێمە ٦٠ ساڵییەوە و ئەگەر هەر لەسەر وەعدی خۆم بمێنم کە هیوادارم وا بێ، ئیتر شەرتی چالاکیی سیاسیم بە چەشنی پێشوو دەپەڕێ....
من وا داڕێژراوم و خەسلەت و مۆڕاڵم ئاوهایە کە زۆر جاران ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە و ژیان و بەسەرهاتی خۆم ودۆست و ناسیاو و کەسانی دیکەش، وەک پەردەیەکی بچووکی سینەمایی، بە بەرچاوم دا و بە ئارامی تێدەپەڕن. جار جارە، بەر لە خەوتن، بە بیرکردنەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو و زیندووکردنەوەی خاتیرەی دۆستان و هاوڕێیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناومان دا نەماون، بە چاوی تەڕەوە خەو دەمباتەوە.
کۆچی کەریم بەفراو چەندین قارەمان و چەندین پێشمەرگە و سەربازی ونی کوردانی وەبیر هێنامەوە کە دڵنیام لە هەموو شار و باژێڕان نموونەیان یەکجار زۆرە. نازانم چ ساڵێک بوو، بەڵام دەزانم بەر لەوەی بچم بۆ تاران، واتە ساڵی ١٣٥٣(١٩٧٥)، زۆر جاران سەری ماڵە خاڵم، لە کووچەی دامپزیشکی، دەدا. یەکەم جار وشەی "گازەرد"م لە خاڵم بیست. گازەرد لای سیاسییەکانی ئەوکاتی بە پاشای ئێران دەکوترا، کەسم نەدیت هێندەی خاڵم ڕقی لە شا بێ، ڕۆژ نەبوو دە جاران نێوی بە خەراپە نەبا و پللارێکی تێنەگرێ.
خاڵە محەممەد، یان وەستا محەمەد، لە گرتن و ڕەپێچەکدانی ئەندامانی حیزب، لە ٤٦ و ٤٧ دا، وێڕای مامە محەممەدم کە بە مامە کەیخودا ناسرابوو، گیرا و دەگەڵ پۆلێک خەڵکی دیکە ڕەوانەی زیندانی دەریا کران. کەریم بەفراو و بابم و زۆری دیکەش کە من چاکم لە بیرە زۆر جاران لە مالە ئێمە کۆ دەبوونەوە و باسی کوردایەتی و پێشمەرگەیان دەکرد، لەو بگیر وببەندە دەرباز ببوون، بەڵام زۆر ڕۆژان بانگیان دەکردن و پرس و جۆیان لێدەکردن. قەت دەیمەنی ئەو کاتانەی کە دەگەڵ بابم دەچووم بۆ زیندانی دەریا لەبیر ناچێ، ئەمن ئێستاس نازانم چۆن بوو بابم زۆر جاران ئەمنی دەگەڵ خۆی دەبرد و لە پشت دیوارە شووسەکەی زیندانی دەریاوە چاوم بە مامم دەکەوت و بەتەلەیفوونێک کە لەوبەرەوبەری دیوارە شووشەییەکە بوون قسەمان دەکرد.
باش لە بیرمە ئەو کاتانە کە مێرمنداڵێکی قۆشمە بووم، لە قوتابخانەی خەیام دەمخوێند؛ رۆژێکیان کاتێ چوومەوە مالێ، لە بەر دەرکی ماڵێ پۆلیس و مەئموور ڕاوەستابوون. یەکێک کە جل و بەرگی مەدەنی لەبەر بوو، لە بەر دەرگا پێشی پێگرتم و گوتی ناهێڵم بڕۆیە ژوور! منیش کە ئاگام لە هیچ نەبوو، کوتم بۆ؟ ئێرە ماڵە خۆمانە. کوتی دەزانم، بەڵام ئەگەر پێم بڵێی ئەوشۆ کێ لێرە بووە و دوایەش تفەنگەکەی بابتم پێشان بدەی، ڕێگات دەدەم بچیە ژوورێ. دەسبەجێ وەبیرم هاتەوە، شەوێ مامە کەریم بەفراویش لە ماڵە مە بوو و پێشمەرگەیەکیش کە وابزانم هەر خزمەکەی خۆمان بوو، لە ماڵی ئێمە بوو و نیوەشەوێ بە سەربانی جیرانەکەماندا و بۆ لای تەپەچکۆڵە کە من زۆر جاران هەر بەوێدا دەچووم بۆ میشێن، جگێن و ئەسکەملە، لێیدا ڕۆیی. بەیانی، پێش ئەوەی بچمە مەدرەسە، بابم هات و قامکی لەسەر هەردووک لێوەکانی ڕاگرت و کوتی هیچت نەدیوە.
کە کابرای مەئموور کوتی تفەنگەکەی بابتم پێشان نەدەی و پێم نەڵێی شەوێ کێ لێرە بووە، ئەوانەم هەموو دە چرکەیەکدا بە مێشکی دا هاتن و چاوە شینەکانی بابم و برۆ تێکبەزیوەکانی لە بەر چاوم قوت بوونەوە: "چت نەدیوە"! بە مەئموورەکەم کوت وەرە با تفەنگەکەی بابمت پێشان بدەم. نازانم چۆن بوو، وەک قوماری منداڵانم هاتە بەر چاو؛ بردمە متبەق، کۆڵەوەژێک لەوێ بوو، کۆڵەوەژەم دەست دایە و کوتم ئەوە تفەنگی بابم! ئەویش بە هەموو دەمای خۆی زلـلەیەکی لێدام کە تا ماوەیەک جێگا قامکەکانی لەسەر ڕوومەتم دیار بوون. ئەوە هەر تۆزقاڵێک لە هەوا و فەزای بنەماڵەی ئێمە بوو کە دڵنیام بە دەیان بنەماڵەی لە ئێمەش کوردتر لەو ساڵە و لە ساڵەکانی دیکەشدا لە کوردستان هەبوون و ئێستاش هەن.
زەمانی بە سەر دا هات و مامە کەریم و خاڵە محەممەدم هەر یەکە و بە لایەکدا کەوتن. خاڵم، دوای تێشکانی شۆڕشی ١٩٧٥، لە بارزانی هەڵگەڕاوە و بوو بە لایەنگری یەکیەتی؛ مامە کەریمیش، بە ڕاستی نازانم بوو بە لایەنگری پارتی، یان هەر لە ڕقی یەکیەتی دەگەڵ خاڵم هەمیشە دەمەقاڵەیان بوو. ئەو جووتە کە لە ساڵانی ٤٦ و٤٧ دا چالاکترین کەسانی دێمۆکڕات بوون و وەک بۆخۆیان دەیانگێڕاوە هەرچی خۆیان پەیدایان دەکرد و بە



سواڵ لە خەڵکیش کۆیان دەکردەوە، بۆیان دەناردن. ئێستا هەر کەسە و کەوتبووە لایەکی. هەر بۆیە هەمیشە دەمەقالەیان بوو. زۆر جاران لێک هەڵدەبەزینەوەو یەکجار زۆر توند لەبەریەک ڕادەچوون. ئەوەندەی من لە هەردووکیانم هەڵکڕاندبێ، هیچیان لە کەسیان قەبووڵ نەدەکرد. لە بەرامبەر هەرکەس و هەر باوەڕێکدا با، ئەوان داکۆکییان لە ئیدەی خۆیان دەکرد و بە گژ ئەویدیکەدا دەهاتن.
ڕۆژێکیان کە خۆشم لەوێ بووم، دیسان لێیان بوو بە قڕە و مامە کەریم کوتی برایم با بڕۆین. منیش دەچوومەوە دووکانێ، دەگەڵی وەدەر کەوتم. مامە کەریم کە پێشتر بەننا و میعمارێکی کارامە و چازان بوو، ماوەیەک بوو کاری نەدەکرد و ڕۆژانە بەیانان لە دووکانی خاڵم و لای نیوەڕۆیانیش لە دووکانی بابم، وێڕای میرزا ئەحمەدی دادگا، فەقێ(بابی شەهید هەژار، فەرماندەی هێزی پێشەوای دێمۆکرات)، سەقەفی و جار جارەش سەعیدی مفتی کۆ دەبوونەوە. لە ڕێگا دا مامە کەریم کوتی برایم ماڵت بە قورێ نەگیرێ بۆ خاڵی هەتە، ماڵتە کەسی لێ خێلەسەرتر و کەسی لێ کەلـلەڕەقتر نییە، بەلام خوڵا هەڵناگرێ کەسیشی لێ کوردتر و کەسیشی لێ ئازاتر نییە.
جارێکیان دیسان لێیان دەبێ بە قڕە. خاڵم ئەو جار توورە دەبێ و دەڵێ هەستە بڕۆ، منیش دووکانێ دادەخەم. وا بزانم مامە کەریم دەڵێ ناڕۆم! دەرم دەکەی؟ خاڵیشم بە ئەسپایی دێتە دەرێ و دەرکەی دووکانێ قفڵ دەکا و دەڕوا. هێندێک دەڕوا، لە دەوری مەلا جامی تووشی کاک حوسێنی بەکتەری دەبێ؛ بانگی دەکا و دەڵێ وەرە ئەو کلیلانە بگرە و بچۆ دەرکەی دووکانێ بکەوە با کەریم بێتە دەر. بەڵێ، ئەوان دوانەی تەبا و ناتەبا بوون. وێڕای جیاوازیی بیرکردنەوە، قەت بێ یەکیش هەڵیاننەدەکرد و ڕۆژێک مامە کەریم نەچووبا دووکانی خاڵم، ئەویش پێی وابوو شتێکی لێ ون بووە.
ئێستا کە بیر لە وان و لە خۆمان دەکەمەوە، ئەوان لە کوێ و ئێمە لە کوێ!؟ ئەوان بێسەواد و ئێمە هەموو سەواددار، سیاسی، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس و...، کەچی هیچمان تەحەمولی هیج کەسمان نییە، سەرکردەکان لە خەڵکە عادی و ئاسایییەکە خەراپتر و خەڵکەکە لە وان خەراپتر. هەرچی لە پەرتەوازەیی، ئینشیعاب، جودابوونەوە و وێرانبوونی ناو ماڵی کورد دەیبینن، هەمووی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەمە کە یەکتری تەحەموول ناکەین. جیاوازیی بیرکردنەوە لە کەس ناسەلمێنین. لە حاڵیکدا ئەو دووە و هەزاران دووی بێسەوادی دیکە، لە ڕابردوودا، برایانە ژیاون و ئامانجی سەرەکییان کە کوردایەتی و دژایەتیی دەگەڵ نەیاران بووە، قەت فیدای حیزب‌بازی و گرووپ‌بازی و خۆخۆری نەکردووە.
یادی هەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و سەربازە ونانەی کوردستان لە دڵدا زیندووە.
ڕەوانیان شاد.