Friday 23 June 2017

سیامەک عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیا و کەڵ ژیا


سیامەکی عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیاو کەڵ ژیا
ئەگەر بڵێم من سیامەکی عەلیارم لە نزیکەوە و زۆر باش دەناسی ڕەنگە وانەبێ، بەڵام لە ماوەی ٤ -٥ جار دیتن ودانیشتن لێرەو لەوێ ئەوەندەی من ناسیم دووخەسلەتی بەرزی مرۆڤانەی هەبوو کە ناکرێ وەبەر چاو نەگیرێن. ناکرێ باسیان نەکەی، با بۆ هەموو لایەک ئەوانەی لانی کەم دەربەستی هەردووک دنیان ببێ بە پەند.
سیامەک عەلیار ساڵانێکی دوورو درێژ بوو دەگەڵ شێرپەنجەی سی و واتە سیپەلاک بەرەوڕوو بوو، لەمدوایە دا دابوویە مێشکی و دوو جار جەراحی تۆمۆری مێشکیان بۆ کرد. ئاخرین جەراحی تۆمۆری مێشک زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بوو.
یەکەم خەسلەتی سیامەک ئازایەتی وچاونەترسی ئەو مرۆڤە بوو. تەماشای لاپەڕەی فەیسبووکەکەی بکەن تەنیا دوو هەفتە بەر لەمەرگی بە کام وێنە و بە کام پۆستەر بەرەوڕووی ژیانێک دەبێتەوە لە دوکتورەکانی ناهومێدیەکەیان بەرامبەری پێ ڕاگەیاندبوو. ئەو جوانترین وێنەکان و دیمەنەکان دەخاتە سەر لاپەڕەکەی خۆی. سیامەک بڕیاری داوە تا دوا هەناسە چێز لە جوانیەکانی ژیان وەرگرێ و بڕێارەکەشی بردە سەر.

من کاتێ زیاتر لە ساڵێک لەمەو بەر بیستم کە دوکتورەکان پێیان کوتووە تا چەند مانگی دیکە زیاتر ناژی ئەو بڕیاری دا بچێتەوە ئێران و خزم وکەسەکان بۆ دوا جار ببینێ و ئەگەر قەرار بێ هەر ئەو چەند مانگە بژی ئەو لە ناو خزم وکەسی خۆیدا بژی و لە زێد و وڵاتی خۆی گیان تەسلیم بکات و بەخاک بسپێردێ. بەڵام سیامەک ئەو کەسە نەبوو تەسلیمی مەرگ ببێ و ئەو چەند مانگێکی کردە دووساڵ . سەری خزمو دۆستانی دا و گەڕایەوە وزیاتر لە ساڵیکێش دوای گەڕانەوەی هەر وا بە ورە و بە باوەڕ بە ژیان هەڵسوکەوتی دەکرد. دواین پۆستی سیامەک لە فەیس بووک ڕاست دوو هەفتە لەمەوبەر بووە کە ١٠٠ کەس لە رەفیقەکانی بەوینەوە لە فەیسبووک وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بڵێ بەڵێ من تەنیا نیم. ئەوە سەت کەس لە نزیکترین و باشترین دۆستەکانم.
ڕەنگە بە قسە هاسان بێ دەگەڵ نەخۆشی شێر پەنجە ژیان و خەبات کردن، بەڵام بە کردار زۆر کەس بەر لەمەرگی شێرپەنجەیی، خۆیان تەسلیم دەبن و لەبەرامبەر ئەو نەخۆشیە کوشندەیە دا بە چۆک دادێن کەچی ئەلحەق سیامەک عەلیار بۆ ساڵانێکی دوررو درێژ شێرپەنجەی بەچۆک دا هێنا.
دووهەم خەسلەتی سیامەک عەلیار ئەو خەسلەتەبوو کە لە ناو کوردان دا بە خەسلەتی پیاوانە و پیاوەتی و مەردانە ناودێر کراوە، با کەس ئەو دەستەواژەیە بە باری رەگەزی دا وەرنەگرێ، نا، سفەت و خەسلەتی پیاوانە لێرەدا بە مانای هیمەت و ئەخلاقی باڵای مرۆڤایەتی دێ. بەڵێ سیامەک عەلیار لەو خەسلەتە دا بەڕاستی کەم کەس دەسکی لە دوو دەکرد. من خۆم پێمەوە دیوە و ئەوەی دەشی ناسێ ئەو خەسلەتە بە بەشێک لە سیما و لە رەفتاری سیامەک دەزانێ و لێکیان هەڵناوێرێ.
رەوانت شاد سیامەک عەلیار ، خزم و کەست سڵامەت بن.

Tuesday 20 June 2017

دەگەڵ تۆمە هاوڕێم دۆستم!

 دەگەڵ تۆمە هاوڕێم، دۆستم!
کە دادەنیشی لێرەو لەوێ بە سەر تەرمی ڕەفیقەکەتدا باز مەدە بۆ گەیشتن بە کەناری خەیاڵاوی گەورەبووندا! کاتێ نیازی سەرکەوتنت هەیە بۆ سەر مینبەر ، بۆ سەر کورسی، بۆسەری سەر... کەسێتی هاوڕێکەت مەکە پەیژە و پێیدا مەچۆ سەر..... چون ئەوت لێدیارنییە! ئەمە بێوێژادنیترین ئەخلاقە، نا ببورە ئەمە هەر بێئەخلاقییەکی تەواوە و ئەخلاق نایگرێتەوە!  ئاخر خۆ تا سەر ئاوات بۆ ناچیتەسەر، کەسایەتی وکەسێتی شتێک نییە بە کوشتنی کەسانی دیکە دەستت کەوێ، بە خستنی کەسانی دیکە دەستت کەوێ، کەسێتی دەبێ بە خۆتەوەی شک بەری، دەبێ زەحمەتی بۆ بکێشی و دەبێ بە درێژایی تەمەن پەیدای بکەی! دەنا ئەمەی تۆ دەیکەی بۆ دووهفتە بۆ دوو مانگ هەر زۆری برد بۆ دووساڵ بۆت دەچێتە سەر دوایە پەتەت ووەسەر ئاو دەکەوێ و هەم لای خەڵک بوودەڵە دەنوێنی و هەمیش ویژدان ئەگەر هەبێ بەرۆکت دەگرێ. بەڵێ کاکی کاکان بۆخۆت هەوڵبدە ببی بەکەس، نەک پێت وابێ کە پشتەسەر  یەکیترت شکاند ئیتر ئەوەندەی ئەو دەشکێ تۆی پێ گەرە دەبێ!

Wednesday 14 June 2017

کاوە قریشی بە کجا چنین شتابان

کاوە قریشی بە کجا چنین شاتابان!
کاک کاوە قوڕەیشی لاوێکی بە ڕەگەز کوردە، گەنجە و بەبۆچوون و بیرکردنەوەی خۆی خاوەن بیرە، بەڵام کام بیر، چۆن بیرکردنەوە؟ نوسەرە بەڵام کام نووسین بۆ کێ و بۆچی و بە کام ئامانج دەنووسێ؟ ئەمانە هەمووی دەکرێ بە نووسینەکانییەوە دیار بێ و خۆشی بەو نووسینانەوە بناسرێتەوە.
 کاوە لەو کوردانەیە کە هیچ ستراتیژی و تاکتیکێکی دیاری بۆ ئێتسا و بۆ دواڕۆژی خۆی وەک تاکێکی کورد نییە، ئەو لە جەغزی سیاسەتە عەجایبەکانی پ ک ک دا گیری خواردووە و بە هاسانیش تازە قوتاری نابێ.
 کاوە قوڕەیشی لە ئێراندا ئیسلاح تەڵەبە، لە تورکیا دژی ئیمپریالیستە، لە سوریا ئاڵقە لە گوێی ئیمپریالیستە، لای فارسەکان کورد و لای کوردەکان فارسە. لە سەر سنوری ڕۆژهەڵات دژی ئێرانە، لە عێراق و لە سوریا سەتا سەت لە خزمەت سیاسەتەکانی ئێراندایە. خولاسە  کاوە قوڕەیشی یەکێکە لە وجەماعەتەی کە بە کردارییەوە سەرت لە کاری خودا سووڕ دەمێنێ بۆ خیلقەتی.
 ئەمشەو یەکێک زەنگی بۆ لێدام وکوتی ئەرێ بۆچ ناڵێێ وادەی سەربەخۆییە و هەندێک کەس کێچیان دەکەوڵی کەتووە! دوا بەدوای ئەمیش برادەرێک لە ئەمریکاوە پێوەندی پێوە کردم و وێنەی دوو پۆستی کاوە قوڕەیشی بۆ ناردم و ئەویش نووسی ئەرێ بۆ بێدەنگی؟!
 ئەرێ خزمینە، هاوڕێ و دۆست و هەڤاڵانم  بۆ بێدەنگ نەبم، تۆ وەرە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا کورد هەبێ و بە ئاشکرا دژایەتی پرۆژەی سەربەخۆیی و هەنگاونان بەرەو ئەو ئومێدە چەندین ساڵەیەی بابو باپیرانمان بێ!؟  ئەوجار ناویشی بنێ سیاسەت؟ ناوی بنێ پرۆژەی سەربەخۆیی بارزانی؟ تۆ وەرە بە رۆژی ڕووناک ویستێکی رەوای نیشتمانی و کوردستانی، ئاوات وئامانجی میلۆن میلۆن ئینسانی کورد، واتە سەربەخۆیی بخرێتە مەزادی سیاسەتەوە و بە بەهانە و لە داخی بارزانی دژایەتی بکرێ؟ ئەوجار ناویشی بنرێ کوردایەتی؟ خۆ ئیتر بۆ هەموو لایەک وەک ڕۆژ ڕوونە کە کە ئەوانە لە بنەڕەتڕا دژی سەربەخۆیین و بارزانی تەنها بەهانەیە خۆ دەنا یەکێک لە شانازیەکانی بارزانی لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەر ئەمەیە کە خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانە و لێبڕاوانە لەو چەند ساڵەی رابردوو دا باسی کردووە.
 دەی ئاخر چۆن مێژوو دەتان بەخشێ، چۆن کورد و بەرەی داهاتوو دەتانبەخشێ. لە دژایەتی سەربەخۆیی  کورد جگە بانگاواز کردن بۆ ژێردەستەیی عەڕەب و تورک وفارس و مل کەچ بوون و سەرشۆڕبوون بۆیان هیچ ئامانجێکی دیکەتان نیە، تۆ بڵێێ خەڵک وبەتایبەتی بەرەی لاوی ئەمڕۆ هێندە گەمژە بێ ئەوە نەزانێ و دەداوی قسەی زل و هاتەران پاتەرانەکانی ئێوە بکەوێ؟ ئەجار خۆ ئێوە دەتوانن دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکەن، وەک زۆربەی فارس وعەڕەب و تورک دژایەتیی دەکەن،  بەڵام تکایە ئەو دەمامکە کوردبوونە لە ڕووتان داماڵن و بە ناوی کوردبوونەوە دژایەتی کورد و خواستەکانی کورد مەکەن. سەربەخۆیی ویستی یەکلایەنەی هیچ حیزبێک و هیچ سەرکردەیەک نییە، ڕەنگە حیزبێک زیاتری هەوڵ بۆدابێ و یەکی دیکە کەمتر بەڵام سەربەخۆیی ویستی خەڵکی کوردستانە و جگە لە داگیرکەران و نۆکەرانی بێخەڵاتوبەراتیان.... کەسی دیکە دژایەتی ناکات. بەڵێ کاکی برا، کاک کاوە قوڕەیشی بۆ کوێ وا بە پەلە! پێت وانیە دوا ڕۆژ لە ئاست ئەو نوسینانەت شەرمەزار و قەرزدار دێیە دەر؟

برایم جەهانگیری کانادا ١٥/٦/٢٠١٧