Friday 20 February 2015

بارزانی و نەیارانی




بارزانی و نەیارانی
من کە قسە لە بارزانی دەکەم وەک سەرۆکی هەرێم و وەک سەرۆکی تاقە حکوومەتی دانپێدانراوی کوردی باسی دەکەم، سەرۆکی هەرێم لە مێژە خەت و رێگای دەگەڵ هەندێ خەڵکی دیکە جێا کردۆتەوە، ئەو دیارترین خەتی نەتەوەیی و نیشتمانی پەیڕەودەکات و تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی نەیارانی ئەو قسەو باسانەی بارزانیان پێ بەتەبلیغاتی نەورۆز و ساڵی تازە و رێکلامی حیزبی و قسەی پێ پشتیوانە زانیوە بەڵام ئەو، لەسەر هەمان رێبازی کوردایەتی و سەربەخۆ بوون هەنگاو دەنێ.
زۆر منداڵانەیە کەسێک باوەڕ بەو تەبلیغاتە گرووپی و حیزبیە بکات کە لەدژی بارزانی جار جارە بە لێشاو دەڕژێتە لاپەڕی ماڵپەڕە بێ ناوونیشانەکان یان دیار ونادیارەکان، خۆ ئەگەر قسەکانی بارزانی هەر وەک قسە و باسێکی تەبلیغی حیزبی دابنڕێن هێشتا ئەو لەپێگەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە قسە دەکات و دوژمنان هەر دەس بەجێ بە بیستنی پەیامی کوردانەی کێچیان دەکەوڵی دەکەوێ و دەکەونە خۆ و زۆرجاران داگیرکەران لە هەر چوار لاوە لێی هاتوونە دەنگ، کاتی خۆی و کاتی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە باشوور و کاتێ بارزانی کوتی کورد ئاڵای خۆی هەیە و دەبێ ئەو ئاڵایە لە تەلاری پارلەمان و شوێنە حکوومیەکان بەرزبکرێتەوە ئەودەمیش هەم نەیارانی ناوخۆ و هەمیش داگیرکەران دەستیان بە هەڵبەز دابەز کرد و هەڕەشەی لەشکرکێشی سەرکوردستانیش لە لایەن تورکیەوە بوو بەسەرتۆپی هەڕەشەکان. بەڵام بارزانی لە وڵام دا کوتی : من لە مەهاباد و لە ژێر ئەو ئاڵایە لە دایک بووم و هەموو دەمیش ئامادەم بۆ ئەو ئاڵایە بمرم، قسەیەک کە ئەوکاتیش بێجگە لە هەڵوێستی دیاری داگیرکەران نەیارانی بارزانی هەر وەک تەبلیغاتی حیزبی سەیریان دەکرد.
ئاڵا هەڵکرا و کورد جارێکی دیکە یادگاری کۆماری کوردستانی بۆ زیندووکرایەوە، ئاڵای سێ رەنگی ئاوێتە بە تیشکی زێڕینی خۆر لە سەر بارەگا و کۆشک و تەلارە حکوومەیەکان باڵی لە پەڕەی ئاسمانی هیوای کوردان دەسوو. تورکیا لە هەڕەشەکردنەکان بەردەوام بوو و بارزانیش گوێێ نەدایە، ئەوجار فڕۆکە خانەکان وەگەڕ کەوتن، ئەوەی تا پێش دەسەڵاتی کوردی لە باشوور کورد خەونیشی پێوە نەدەدیت، شەریکەی فرۆکەوانی کورد دامەزرا و ئاڵای کوردستانی کردە ڕمز وسیمبولی شەریکە و کۆمپانیای خۆی، دیسان تورکیا ئاگری گرت و کوتی ئیزن نادات هیچ فرۆکەیەک بە ئاڵای کوردستانەوە بە ئاسمانی تورکیا دا بفڕێ.
فرۆکە بە ئاڵای کوردستان بە ئاسمانی تورکیا دا فرێن کە هیچ لە ناوەڕاستی ئیستامبوول و ئانکاراش هەر بە ئاڵای کوردستانەوە نیشتەوە. کورد ئەو گەوەشی بڕی. ئەوجار کورد دەبوو قۆناخێکی دیکەی پڕ مەترسی دەرباز بکات، دەبوو هەوڵی سەربەخۆیی ئابووری و سەروەری سیاسیی خۆیبدا، ئەوە بوو هەوڵی هەناردە کردنی نەوتی دا، دەگەڵ تورکیا سەرەتا رێککەوتنی بچووک و پاشان رێککەوتنی گەورەتری ئیمزا کرد، پێوەندیە بازرگانیەکان دەگەڵ تورکیا پەرەیان گرت، لەو لا لە لای یەکیەتی نیشتمانی رو لە تاران کرا، هەناردە کردنی نەوت بەڕێگای تانکێرەوە دەستی پێکرد و رۆژانە بە سەدان تانکێر نەوت ئاوەدیوی ئێران دەکرا کە وابزانم ئەمیشیان هەر بەتەوافوقی حکوومتی هەرێم و تەوافوقی ناوخۆ بووە. ئەوجار دوژمنان بە سەت فێڵ و تەڵەکە کێشەیان بۆ حکوومەت دروست کرد، هەموویان دەستیان دایە دەستی یەک و حکومەتی هەرێمیان رێک کوشی تا بەچۆک دابێ. حکوومەتی ناوەندی کە بە پێی یاسا کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکوومەتی شەریک و برابەشی خۆی دەزانی مووچەی لە کورد و لە خەڵکی کوردستان بڕێ، رێگای هاتنی شتوومەکی لێگرت، بەڵام کورد لە هەناردە کردنی نەوت پاشگەز نەبووە و لەبەر ئەوەی ئەو کارە جگە لە باری ئابووری و سەربەخۆیی ئابووری سەربەخۆیی بڕیاردانیشی لەپشت بوو، کورد ناکرێ و نابێ بۆ هەتایە هەر بەدەم چکە چکەی خێر وخێراتی حکوومەتی ناوەندییەوە بێ.
حکومەتی کوردی توشی قەیرانی ماڵی هات، کێشەی دارایی بۆ دروست بوو، لەم بارەوە دیسان هاوکات دەگەڵ داگیرکەران دەنگە ناشازەکان بەرزبوونەوە، یەک دەیکووت حکوومەتێک نەتوانێ مووچەی خەڵک بدات سەربەخۆیی ئابووری و سیاسیی چی؟ یەک دەیکووت نەفتی بە تاڵان داوە بەتورکیا ، حکوومەت نۆکەری تورکیایە؟ خۆی بە تورکیا فرۆشتووە .... لێرەداکەس باسی نەوتی ئەولای نەدەکرد کە ڕۆژانە بە سەدان تانکێر لە سنووری باشماغ ئاوەدیو دەبوو و ئێستاش دەبێ. نەیارانی حکوومەتی هەرێم کاریان لەسەر هەست و نەستی لاوان دەکرد، تا دژی حکوومەتە کوردیەکە هەڵوێست بگرن، حکوومەتێک کە بە دەنگی خەڵک ولە هەڵبژاردنی ئازاد دا هاتبوە سەرکار لە لایەن هەندێ کەس و لایەنی دیار دژایەتی دەکرا، ئەو کۆمەڵە خەڵکە هەرگیز یەکجاریان ئەو شێعرە کە واقعێکی سیاسیی کۆمەڵایەتی لە ناخی خۆیدا مەڵاس داوە لەبەر چاو نەگرت .
داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ
سەربەخۆیی بێفیداکاری ئەبەد سەرناگرێ
کورد لە باشووری کوردستان لە باری داهات و مووچەی مانگانەوە کێشەی هەیە، بەڵام وەنەبێ لەبرسان پشتی بەزگییەوە نووسابێ، وەنەبێ مووچە نەدرابێ، درەنگ کەوتووە بەڵام دراوە، کورد لە باشوور لە میانەی تاقیکردنەوەیەکی مێژووی دایە ، ئەگەر هەندێ کارمەند مووچەیان درەنگ کەوتووە ئەوا ئەمڕۆ پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی دیفاع لە کوردستان ولە خاکی نیشتمان خوێن دەدا و ماڵومندال بێ سەرپەرەست و بێپەنا بەجێ دێلێ، بۆیە ئیزن نەدان بە هەلپەرەستان تا مووچە لە خەڵکە کارمەند و مووچەخۆرەکە بکەنە گرفتی هەرە گەورە ئەرکێکە کە لەسەر شانی هەموو لایەکە. بەڵێ مووچە یانی قووت و یانی رسق و رۆزی بەڵام وەک کوترا دواکەوتنی هەبووە بەڵام نەبڕاوە ، بەتایبەتی لە هەلوومەرجی ئێستای کوردستان دا کە دوژمنان تەمای داگیرکردنی خاک و نیشتمانی کاردانیان هەیە هەموو لایەک دەبێ دان بە خۆدابگرنو ئەو تەنگو چەڵەمەیە تەحەمول بکەن چۆن بە دڵنیاییەوە کاتییە. بەتایبەتی کە مەسەلەی کورد بە قسەکانی دۆێنێی بارزانی لە کەرکووک پێێ نایە قۆناخێکی نوێ.
بارزانی دۆێنێ سەردانی کەرکووکی کرد. لەوێ دەگەڵ فەرماندە سەربازیەکان کۆ بووە و قسەی ئاخت=ری خۆی کرد، ئەو بڕیاری ئەوەی دا کە پێی دەسەلاتی ناوەندی لە کوردستان ببرێ. بە ڕاشکاوی کوتی نە فیرقەی ١٢ و نە حەشدی شەعبی کە ڕاستەوخۆ لە ژێرفەرمانی قاسم سولەیانی و سپای پاسدارانە نابێ بێنەوە کەرکووک. بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستە کاردانەوەی ئێران وعێراقی بە دوادادێ، ئەمن وەک تاکطکی کۆمەڵگای کوردەواری لە هەڵوێست و کاردانەوەی ئێران وعێراق نە نیگەرانم ونە گلەییم هەیە بەڵام سەرم لە کوردە سووڕ ماوە کە بەر لە داگیرکەران لەو هەڵوێستە نیشتمانییە وەدەنگ هاتووە و خەریکی کرمێ کردنی دڵی خەڵک و ورووژاندنی پێچەوانەی هەستی لاوانە.
بارزانی قسەی خۆی کرد ئەو ئەگەر باوەڕی بەو قسەیە هەیە وەرن با هەموو ئەو کەسانەی باوەڕمان بە نیشتمانێکی ئازاد هەیە پشتگیری بکەین، ئەگەر بە قەولی نەیارانی بازرانی ئەو بۆ تەبلیغات ئەو قسەیە دەکات، دیسان ئەگەر ئێمە نیشتمانی بیردەکەینەو و کوردایەتی دەکەین وەرن با ئەو قسەیەی لەسەر بکەین بەماڵ. وەرن بە هەموو مان پشتگیری ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیە بکەین کە تەنیا رێگای رزگاری نەتەوە و نیشتمانە لە چنگ داگیرکەران.
نەیارانی بارزانی بۆیان ناچیتە سەر کە بیانووی دژایەتی جامانەی سوور و کۆشکی سەرۆکایەتی زەرق بریقەدار دژایەتی هەڵوێستی کوردانەی سەۆکی هەرێم بکەن، نەیارانی بارزانی بۆیان ناچێتەسەر کە پێیان وابێ قسەی بارزانی بەزاندنی سنوورەکانی یاسایی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمە! نەیارانی بارزانی بۆیان ناچێتە سەر کە گۆیا کاتی نییەو حکومەتێک نەتوانێ بوودجە بدات چۆن داوای سەربەخۆیی دەکات؟ ئەوانە هەموویان هەم کڵاو لەسەر خۆنانە و هەمیش خەڵک بە لاڕێدابردنە، داگیرکەر سەربەخۆییت بۆ لەسەر کەشەفی زێڕین دانانێ و بە دیاری بۆت ناهێنێ، سەربەخۆیی بە پاڵدانەوە و لە سەر مۆبلی نەرم ونۆڵ و قسە و قسەلۆکی فەیسبووک و ماڵپەڕ و پۆزی رۆشنبیرانە و حیکمەتی فەیلەسووفانە دەستەبەر نابێ، سەربەخۆیی ئیرادەی سەرکردە و گەلی دەوێ. خوێنی دەوێ، برسیەتی و نەبوونی و نەداری چێژتنی دەوێ، ئازایەتی و مقاومەتی نەتەوەیی دەوێ. ئەوانە هەموویان سەرباقی تەبلیغاتی زۆر ژاراوی داگیرکەر و نەیارانی سەربەخۆیی لە کورددا وجوودیان هەیە، هەنگاو نان بەرەوسەربەخۆیی دنیا و کوردیش دەخاتە بەردەم بڕیارێکی بە کردەوە، کێ دەگەڵ بێ مێژووی شەڕەف و کەڕامەتی نەتەوەیی بۆخۆی و بۆ داهاوتووی گەلەکەی تۆمار دەکا و کێش دژایەتی بکا بە دڵنیایەوە ناوی دەچێتە لیستی رەشی مێژووی کوردەوە. بەڵی بارزانی دۆینێ قسەی خۆی کرد ماوە کورد بڕیاری خۆی بدا.

Tuesday 10 February 2015

دڵسۆزی بە جەواڵ


دڵسۆزی بە جەواڵ
لڤین پرێس: 
"له‌گه‌رمه‌ى قه‌یرانى دارایى و داعشدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كوردستانیان جێهێشتووه‌"

لە ئاست نووسینی ئاوا بێدەنگ بوون کارەساتە، ئاخر ئەگەر ئێوە چاوتان بەرایی نادات تا ببینن و تاقە ڕاپۆرتێک لەسەر چاوپێکەوتن و دیدارەکان و پێگە وبایەخی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینن و دڵی ڕەش و ناخی قڕێژگرتووتان ئەو شانازیەی لەو رێگەوە بۆ کورد دەگەرێتەوە بۆی قووت نادرێ..... گوناهی کێیە هی گەمژەیی خۆتان نەبێ!

ئەوە چ دڵسۆزیەکە بۆ کورد و کوردستان نیشانی دەدەن بۆ ڕاست کۆپی دیار ونادیار و نووسراوەکانی قانعی فەرد دەکەن! بۆ بە شێوازی ئەوان لە دژی حکوومەتی هەرێم کە هەڵبژاردەی خەڵکی باشوورە قسە دەکەن، خۆ خودا نەخواستە ئێوەش لە سپای قودس پارە وەرناگرن! شەرمێک بتانگرێ سەرۆکی هەرێم نەچووە بۆ گەڕان، نەچووە بۆ کازینۆ و قومارخانەکان، وەدوای دەردی ئەو خەڵکە کەوتووە، وەدوای پەیدا کردنی پشتیوانی زیاتر کەوتووە بۆ گەلی کورد کە گۆیا ئێوەش بەشێکی ئەو گەلە پێک دێنن؟! چووە تا بۆ بەگژداچوونی داعشی دەسکردی ئاغاکانتان هاناو هاوارێک بکا و دۆستی زیاتر پەیدا بکا و یارمەتی زیاتر وەرگرێ! بەڕیوەبەرانی لڤین پرێس دەزانن فارس بەو شێوە دلسۆزیە دەڵێن "اشک تمساح" یانی فرمێسکی تیمساح. تیمساح کاتی نێچێرەکەی ڕاو دەکات و خەریکی خواردنێتی چاوەکانی تەڕ دەبن و جۆگەلەی فرمێسک وەڕێ دەخا! ئەو دڵسۆزیەی ئێوەش ڕاست وەک ئەو دڵسۆزیە دەچێ، سەیرە زۆر سەیرە ئەو خەڵکە بۆ بەردەبارانتان ناکات! چۆن لە ڕووتان هەڵدێ بە خۆتان بڵێن رۆژنامە نووس و رۆژنامەی ئەهلی! خودا هەڵناگری ئەهلین بەڵام ئەهلی و دەستەمۆی دوژمنانی کورد و کوردستانن.

ئەو بابەبەتم بە هیچ جۆرێ دیفاع لە بارزانی نیە بەڵام بێویژدانی و بەدرۆ دڵسۆزی نواندن بۆ کوردان و هیچ و پووچی نووسەرانی لڤین ناچاری کردم ئەو چەند دێرە بنووسم. ئێوەش ویژدانتان بکەنە قازی و بزانن ئەوەیە ئەخلاقی رۆژنامەگەری و ئەوەیە دڵسۆزی نواندن بۆ کورد و کوردستان؟