Friday 12 June 2015

مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە


مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە 
سەرنجێک لە سەر سەفەرەکەی قەشقاوی و هەیئەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان
کورد کوتوویە " مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە" ئەو پەندەکوردییە زۆر جاران وەڕاست گەڕاوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتە زەبەلاحە گەندەڵانەیە کە تا درێشەی پێشان نەدەی بارانی مشتەکۆڵەی ناوەستێ هەموو لایەک ئاگادارن کە ئێران لەوەتا هەیە چۆنی دۆژمنایەتی کورد بە تایبەتی کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچی خوێنی لە شەڕی براکوژیدا ڕژا لە خۆ بەزلزانی و پاوانخوازی کورد و پیلانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران ڕاسەرچاوەی گرت.
ئێران هەرگیز دەستی لە پیلانگێرێ دژی حکوومتی هەرێمی کوردستان بەرنەداوە و لە چەند مانگی ڕابردوو دا چەندەها پیلانی دژی حکوومەتی هەرێمی کردستان و بە تایبەتی دژی یەکدەنگی و یەکدڵی کورد لە باشوور وەرێخست تەنیا بۆ ئەوەی خەونی سەربەخۆیی لەبار بەرێ. بەداخەوە هەلوومەرجی کوردستان و جوغارافیای سیاسی کوردستان واهەڵکەوتووە کە سیاسەتوانی کورد زۆر بە پارێزەوە دەگەڵ ئەو کەڵەگایی و ملهوڕیەی داگیرکەران بەرەوڕوو بێ و لەبەر یەک نەبوون نەبوونی یەکڕیزی لە ناو حیزبە کوردیەکان دا وەک کورد دەڵێ ناچارن جار جارە بە حەریفی دایکیان بڵێن خاڵە! 
لێرەوە بەڕاشاکاوی دەمهەوێ باسی ئەو بابەبەت بکەم کە لەم چەند ساڵە دا بە تایبەتی پارتی کە بە پێچەوانەی حیزبە هاوپەیمانە دژبەرەکەی کە سەر بە ئێرانە و نەک سەر بە ئێرانە بەڵکوو بە قەولی کاک سەلاحی موهتەدی دەڵێ سپای پاسداران حوکمی یەکیەتی دەکات! پارتی لە بەرەی ڕۆژئاوا دایە و هەر بۆیەش دەگەڵ ئێران ئەگەر لە سەرەوەش و بە ڕواڵەت و بە دیپلۆماسی تایبەتی کە دەبێ دەگەڵ ئێران هەیانبێ دۆست بن ئەوا لە بنەوە ددان لێک دەچیڕەوە دەبەن و بەتایبەتی ئێران بە خوێنی سەری پارتی و بارزانی تینووە.
هەرچی ئورگانی سەر بە سپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی ئێرانە لەو ماوەیەی ڕابردوودا وهاوکات دەگەڵ هەندێ هێزی کوردی حەشریان بە پارتی و بە بارزانی کردووە، ئەوەی رەجانیوز و بازتاب و باقی ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران بۆ دژایەتی پارتی و هەزینە کردن بۆ ئەو دژایەتیە کردوویانە نە لە چاوی پارتیەکان دوورە و نە لە چاوی هیچ چاوەدێرێکی سیاسیی ونبووە. لە هەمان کاتدا ئەندام و لایەنگرانی پارتیش وا بۆ یەک دووساڵ دەچێ ئیتر بە ئاشکرا لە دژی ئێران دەنووسن و دەپەیڤن. 
پارتی تینی بۆهات، چەقۆی گەیشتە سەر ئێسقانی، لە دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی ئێران بەرامبەر بە خۆی ماندوو بوو، لەولاش گوشارێکی زۆر هەبوو کە بۆچی کوردی رۆژهەڵات دەبێ شۆڕش و ڕاپەڕینەکەی هەروا لە سێبەری هەلوومەرجی تایبەتی باشوور دا بمێنێتەوە و وردە وردە بەرەو توانەوە یان حیزبەکانی بەرەو دابڕان لە خەڵک بچن! ئەو بۆشاییە تا کەی دەبێ هەبێ و تا کەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێ ئاوڕ لە خۆزگەو ئارەزووەکانی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات نەداتەوە و تا کەی دەبێ بەربەست بێ لەبەردەم کردنەوەی بارەگا وبنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە سەرسنوور.
قەشقاوی بۆ بەهەڵەداوان خۆی گەیاندە هەولێر، ئەوان چاک لەخۆیان و لە ناخی کڵٶڵی خۆیان ئاگادارن، لەوە دڵنیان چەخماخەیەکی بچووک ڕەنگە وەک ئاوری پووش و پەڵاشی قەدپاڵێک بە خێرایی بتەنێتەوە و هەرچی هەیە لە حکوومەت و لە دەسەڵات و لە هێزی بێبنەما دەگەڵ خۆی بەرێ. پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێ بچنە ژێر هیچ چەشنە گوشارێکی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و ڕاست بە شێوەی خۆیانیان سیاسەت دەگەڵ بکەن. لەسەرەوە بڵێن بە چاوان و لەبنەوە لێگەڕێن با بۆسۆ وبۆچرووک لە ریش و پەشمی مەلایان هەڵبستێ و ئەو دێوەزمەیە بە یەکجاری لە کۆڵ گەل و وڵاتی داگیرکراومان کوردستان ببێتەوە. هەیئەتی ئێرانی تەنیا لە ترسی چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە و بەس!
ئێران ئەو دارە زلەیە کە لە دووڕەوە دەیبینی دەیان لق و پۆی لێبۆتەو بەڵام کاتێ لێێ نزیک دەبێیەوە گەندەیڵ و کڵۆڵی هەر لە خۆی جوانە. ئێران ئەو رێژیمەیە کە مەرگی شەیتانی گەورەی بە قۆنترات هەڵگرتبوو بەڵام ئێستا هەرچی شەیتانی گەورە بڵێ شەیتانە بچکۆلە ناڵێ نا! بەڕێزانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گڕوگیڤی ئێران نەتان خەجڵێنێ ئێوە ڕاست قامکتان لە سەر خاڵی هەرە لاوازی حکوومەتی ئێران داناوە. لەبیرتان نەچێ زۆر جار مشت لە درێشەدەگەڕێتەوە.

Thursday 11 June 2015

تاڵە ژین

تاڵە ژین
دایکی کورد

دایکی کورد واتە دایکی رۆڵەی کوردان ڕەنگە پڕ کوێرەوەریترین دایکی دنیا بێ. لەبیرمە تازە لە زیندان هاتبوومە دەر، وەزعی رووحیم هەرچەندی بڵێێ خەراپ بوو، لوقمانی بڕام ڕەنگە شاهید بووبێ کە من زۆر رۆژان بە دەنگی" اندک اندک جمع مستان میرسند" ی شەهرام نازری گۆرانیەکانی شەجەریان و... شوان و .... کۆڵێ فرمێسکم هەڵدەوەراند، من نەخوازراو تووشی وەزعێک بووبووم کە بەدەست خۆم نەبوو، لە یاران هەڵبڕابووم کە لانی کەم بەو شێوەیەی ئەو کات خۆمم بۆ ئامادەنەکردبوو وبە شاهیدی هەمو دۆستان تا ئەو کاتەی هاتمە دەرێش هەرگیز نەمتوانی بۆ یەک چرکەش دەگەڵ وەزعی مەوجوودی ناوخۆو ئێران و کوردستان ڕابێم.
لەبیرمە کاتێ پاش ماوەیەکی زۆر لە ماڵ مانەوە دۆستی هەرە نزیکم وەستا ڕەشیدی ئازەرپوور هاتە لام و دەگەڵ خۆی بردمییە دەرێ و بۆ قەراخ سەد دەڕۆیشتین زۆرمان دەردە دڵ کرد، زۆرمان قسە و باسی رابردوو بۆ یەک گێڕاویەوە، سەر ئەنجام هاتمە سەر ژیانی تایبەتی و خاو وخێزانی ولێم پرسی، چەند منداڵت هەیە؟ وابزانم ئەوکاتی کوتی ٤، منیش کوتم ماڵتە جا چوار منداڵت بۆچن خۆ بەتەما نین جووجەخانەیان لێدابنێی! کوتی برایم پێم سەیرە قسەی وادەکەی، کورد لانی کەم دەبێ ٤ منداڵیان هەبێ، کوتم بۆ؟ کوتی یەک بۆ زیندان، یەک بۆ چوونەدەر و پێشمەرگایەتی، یەک بۆ ماڵ و بەردەستی دایک وباب ئەگەر پێمانەوە بمێنێ، یەکیش بۆ زاپاس!
ئەو کاتی ئەو قسەیەم چوو دەکەللەیەوە و بەقسەیەکی تەواو ڕاستم زانی بۆیە تا ئێستا وەک شێعری ناسک و جوان لەبەرمە. بەڵام ئەو داستانە زەجر و کوێرەوەری دایک وبابیشی بەدواوەیە. دایک و بابی هەناسە سارد هەر خۆیان دەزانن لە نەبوونی منداڵکانیان لای خۆیان وبەتایەبەتی لە پێشمەرگایەتیدا چ گۆڕەوشارێک دەدرێن هەموو ڕۆژ و هەموو شەوێک. چەند جار دمن چەند جار دەژینەوە! دایکی منیش یەکێک لەو دایکانەیە.،
باش لەبیرمە لە ١٢ خەرمانانی ساڵێ ١٣٥٨ دوای شەڕێکی چەند رۆژە لە هەردوو بەری مەهاباد میانداو و مەهاباد نەغەدە - ورمێ و گەمارۆی سەختی چەند مانگەی ئابووری لە سەر شار سەرئەنجام لە ئێوارێی ئەو رۆژە ئەرتەش و سپای دژی گەلی رێژیمی ئیسلامی ئێران مەهابادیان داگیر کردەوە. من رۆژێک پێشتر پۆلێکم پێشمەرگە بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد و رۆژی دوایی گەڕامەوە مەهاباد و ئەو رۆژەی کە یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم بوو، کاتێ ئەرتەش گەیشتە سەر بلواری میاندواو و ئەو تەپەیەی کە ئێستا دانشکای پەیامی نووری لێیە گرتی و بە هێلیکۆپتیریش لە داشامەجید هێزی پیادەکرد ئیتر وردە وردە شار لە بنکە رەسمیەکانی حیزب چۆل کرا و منیش بۆ خودا حافیزی چوومەوە ماڵ ، جیبێکی ئەرتەشیم پێبوو، لەبەر دەرگا ڕامگرت و چووم کۆڵە پشتیەکم هەبوو دەستم دایەوە وەدەر کەوتم..
لەبەر دەرکێ دایکم بەدووم داهات و کوتی برایم بۆ کوێ دەچی؟ کوتم دایە دەڕۆم دەچمە دەڕی لە شار ، غاری دامێ و توند بەرۆکی گرتم و کوتی " شیری ئەو مەمکانەت لێ حەڵاڵ بێ رۆڵە مەڕۆ "! دایکم ماچ کرد و خودا حافیزیم لێکرد و ئەگەر راستیشتان بوێ زۆریشم گوێ لە داواکەی نەبو و هەستێکیشم بەرامبەر پاڕانەوەکەی دایکم نەبوو، هەست و غروور و هەموو سۆزێک ئەو دەمی کوردستان وحیزب و پێشمەرگایەتی بوو، ئیتر وەزعەکە وابوو و گوناهی کەسی تێدانەبوو هەرچی پێشمەرگە بوو ئەو کات ئەو غرورەی هەبوو.
دایکم بەجێ هێشت و بۆسەرهەڵێنان لە بنکەی خۆمان کە لە شوێنی کەڵانتەری و رووبەرووی کووچەی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی بوو سەردانی ئەوێم کرد کە بزانم کێی لێیە دەگەڵ خۆم بیبەمە دەرێ، کەچی بەسەر هەواری خاڵی داکەوتم و کەسم تێدا نەدیت، سەیر ئەوە بوو تا هاتمە دەر ماشێنەکەیان دزیم و خۆم بە تەنێ لەوگۆڕەی مامەوە. یادی بەخێر هەزار جاری دۆستێکی زۆر خۆشەویستم بە ماشێنی خۆی تا هەمزاوایەی بردم لەوێ دیتم چەند پێشمەرگەیەک ماشێنەکەی منیان پێیە و لەوێ ڕاوەستاون. لە پیشدا ماشێنەکەم لێ هەسستاندنەوە گلەیم لێکردن کە ئەگەر ماشێنیان پێویست بوو دەبو ئاگادارم بکەن خۆ من بەتەنێ بووم و ئەوانشم دەگەڵ خۆم دێنا دەر. بەڵام ئەوان هەر بەدەم فشەکردنەوە کوتیان کاک برایم بە خودای خەجاڵەتین نەمانزانی هی تۆیەو پاشان لەو بەلبەشۆیەی دا کێ لە ماشێنی کێ دەپرسێ؟.
بەڵێ ئەمە داستانی ژیانی کولە مەرگی کوردە، ئەوان ڕۆلەكان بوون و ئەمانیش دایکەکانن ، ئێستا دایکم و دایکەکانی دیکەش بێ ئەوەی ئارەزووی خۆیان وڕۆلەکانیان وەدی هاتبێ ، یان بەجێیان هێشتووین و یان پیری چواردوەری ژیانی تەنیون و بڕستی لێبڕیون. ئەو دایکانە و ئەوانەوی ڕۆلەکاننان لە رێگای داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کورد فیداکرد هەمووی دەبێ تاجی سەر بن، هەموو دەبێ نموونە بن، لەمەش گرینگتر دەبێ خۆزگەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارە حیزبیەکانەوە بە هێند بگیرێ.
هۆ دایکە دڵ پڕ لەخەم و ژیان پڕ لە کوێرەوەیەکە.. هۆ دایکانی رۆڵەخەباتکارەکانی کورد تۆزی بەرپێتانم، بمان بوورن نیشتمان پێوستی پێمان بووە و هەر کەس بە عەقڵی خۆی و بە تێگەیشتنی خۆی ملی لە رێگایەک ناوە کە بتوانێ خزمەتێکی ئەگەر بچووکیش بێ بە گەل و نیشتمانەکەی بکا.

ئایا سەرکەوتنی هەدەپ سەرکەوتنی کوردیش مانا دەکرێتەوە؟


ئایا سەرکەوتنی هەدەپ سەرکەوتنی کوردیش مانا دەکرێتەوە؟

ئەگەر بە دوور لە دەمارگرژی و بە دوور لە بازنەی سیاسەتی داخراوی گرووپیدا ئەو سەکەوتنەی ه د پ وەرد دەینەوە
 لە یەکەم هەناودا ئەو سەرکەوتنە بە شکستی دەسەڵاتداری تاک لایەنەی حیزبی داد و گەشە پێدان کە سەرۆکەکەی ئەردوغانێکی لەخۆبایی و چەواشەکار و دروزنە تەواو بووە، واتە لە تورکیا هیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ بڵێ من حاکمی موتڵەقم.
لەوەەتا تورک هەیە و حکوومەتی هەیە هەرگیز ئەو وڵاتە لە حکوومەتێکی یەک لایەنە و خۆبەزلزانی تاکڕەو نەترازاوە، دیمۆکڕاسی و سیستەمی پارلەمانی لە وڵاتە هەمیشە یان بەدەم کودەتا سەربازیەکان و یان بەدەم دەسەڵاتی حکوومەتە فاشیستی و تاکڕەوەکانەوە بووە کە هەر هەموویان تاسەر ئێسقان دوژمن بە کورد و داوا ڕەواکەی کورد بوون. ئێستا ئەو هەیمەنە و ئەو تابۆیە بەدەستی کورد، بەڵێ بەدەستی کورد و بەدەنگی کورد چرژی تێکەوت، ئیدی هەیمەنەی تورک بەسەر کورددا هەرگیز لەم ڕۆ بەو لاوە وەک ڕابردووی لێنایەتەوە و ورد وخاش کرا. ئایا ئەوە سەرکەوتنێک نییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دێمۆکڕاسی هەیە و خوازیاری ئازادی و گەشەکردنی فرەدەنگی و فرە چەشنین، ئەویش بیستنی دەنگی کورد؟! خۆ هیچ کەسمان گومانمان لەوە نییە کە ئەوەی دەنگی بە ه د پ داوە زۆربەی هەرە زۆریان کورد بوون. تۆ بڵێی ئەو کوردە کە خۆڕا دەنگی بە ‌ ه د پ دابێ؟
دووهەم مەسەلە کە دەبێ باسی لێوەبکرێ و بە ىروای من یەکجار گرینگە ئەمەیە کە، کورد لە باکوور بە رەسمی و بە دەنگی گەل پێی نایە قۆناخێکی تازەی سیاسەت کە بەدڵنیاییەوە پڕدەسکەوتترین خەباتی کورد دەبێ لە باکوور و دەرسێکیش دەبێ بۆ هەموو لایەنەکانی دیکە. گرینگی دیکەی ئەو بابەتەش ئەمەیە کە ئیتر کورد تەنیا هیوای چەک وچیا نییەو بە جیددی بیر لە چڕکردنەوەی خەباتی مەدەنی کە لووتکەی خەباتەکە دەبێتە خەباتی پارلەمانی بکاتەوە و کاری بۆ بکا. ڕاستە دوژمنان کوردان وەک نەتەوەیەکی چەک خۆشەویست وێنا کردووە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کوردی مەجبوور کردووە کە پەنا بۆ چەک بەرێ ئەوە داگیرکەرانی کوردستانن دەنا کورد لەوەتا هەیە هەوڵی ئەوەیە کە لە رێگای دەنگدان و لە رێگای هەڵبژاردن و لە ڕیگای بنیات و دامەزاراوە مەدەنیەکان قسەی خۆی بە گوێی کەڕی داگیرکەران بگەیەنێ بەڵام ئەوان خۆیان لە ئاست داوخوازیەکانی کورد هەمیشە کەڕ و کڕ وکپ کردووە،
هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا و سەرکەوتنی کوردەکان لەو هەڵبژاردنە دا بە دڵنیایەوە گۆڕانکاری گەورە هەم لە سیاسەتی کوردان دا و هەمیش لە سیاسەتی تورک دا بە دوای خۆیدا دێنێ بە تایبەتی ئەگەر کورد ژیرانە هەڵسوکەت دەگەڵ مەسەلەکە بکات. راستە ئەوەی تا ئێستا ئینکاری کورد و مافی کوردانی لە تورکیا کردووە دەسەڵاتتدارانی تورک بوون بەڵام ئیدی وەزن و سەنگی نوێنەران وپارلەمانتارانی کورد لە پارلەمانی تورکیا بۆ بە کەمگرتن نابێ و تورک دەبێ روانگەی بە رامبەر بە کورد گۆڕانی جیددی بەسەر دابێ.
بەڵێ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ دا کوردی باکوور سەرکەوت و ئەردووغان و فاشیزم وڕەگەز پەرەستی تورک بە چۆکداهات، گەمەی سیاسیی دوای چوونە ناو پەرلەمانی ه د پ شتێکە کە هەر خۆیان دەبێ بزانن چۆنی دەگەڵ ڕادێن کە لەویش دا هیوای سەرکەتنیان بۆ دەخوازم.
تێبینی: وێنەکە لە وێبسایتی ڕادیۆ فەردا وەرگیراوە

Tuesday 2 June 2015

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد ده‌فرۆشێ

ئێران لە رێگای پ ک ک و یەکیەتییەوە شەڕ بە کورد ده‌فرۆشێ
  بەشی سێهەم
پ ک ک و قەندیل و ستراتیژی پاراستنی سنوورەکانی رۆژهەڵات

 پ ک ک کاتی خۆی کە سوریای چۆل کرد لە چیا و دۆڵە سەختەکانی "خواکورک" پترجێگیر بووو ئەو ناوەی کردە بنکەی سەرەکی خۆی، خواکورک دەگاتە سێکوچکەی ئێران، تورکیا، عێراق، خۆاکورک یان دۆڵی خواکورک لە ڕاستیدا دۆڵێکە هەزار بەهەزار. تەنانەت لە قەندیل زۆر سەختر و ئاستەم ترە. یەک دۆڵە بەڵام سەتان دۆڵی لێدەبێتەوە . لایەکی دەرواتەوە بۆ زێوەی مەرگەوەری و لایەکی تری دەکرێ بڵێین بە دۆڵی "کەوەرت" و دەراو دا بەرەو "لۆلان" هەڵدەکشێ کە ئەویش هەر دەگاتەوە ناوچەی شنۆ. لەم لایەشڕا دەچێتە سەر کەوەرت و "لێکان" و دەشتی "سیدەکان" کە عەشیرەتی هەرکی لێ نیشتەجێن. لایەکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆڵی "حەیات" وشۆڕدەبێتەوە بۆ دەشتی "بەرازگری" و لەوێڕا بەرەو حدوودی باکووری کوردستان دەکشێ، ئەو شوێنە بۆ پ ک ک باشترین شوێن بوو، ئاوێکی زۆر و شاخی هەزار بەهەزار و دۆڵ و دەڕەی بێ ئەژمار، لە ڕاستیدا خۆی وڵاتێکە. بەڵام چی پێنەچوو پ ک ک لە ژێر گوشاری بۆمباران وتۆپخانەکانی تورکیا خواکورکی بەجارێک چۆل کرد و رووی لە قەندیل کرد کە بەدەیان کیلۆمێتر لە حدوودی تورکیا دوورە.

 ڕەنگە لە سەرەتا دا پ ک ک بۆ دەرباز بوون لە گوشارەکانی تورکیا خواکورکی چۆل کردبێ و قەندیلی وەک بنکەی سەرەکی خۆی هەڵبژاردبێ بەڵام وردە وردە قەندیل بوو بە مەکۆی حەسانەوە دەسدرێژی کردنە سەر باشوور و بیری سازکردنی حیزبیش بۆ رۆژهەڵات هەر لەو پێوەندیەدا و لەوێڕا زیاتر ئەو بیرە لە لایان زەق بۆوە و بە چەندین قوونە شەڕی پژاک دەگەڵ سپای پاسداران توانیان هەستی لاوی رۆژهەلاتی بجووڵێنن و کۆمەڵی گەنجی رۆژهەڵاتی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن .

ئەگەرچی تورکیا چەند جار هەوڵی دا کە پ ک ک لە قەندیل دەربکا بەڵام دووری رێگا و بوونی سەدان کۆسپی ئابووری و هەروەها بوونی گریلا گیان فیداش لە ناوچە جیاجیاکان ئەو ئیمکانەی لای تورکیا هێندە ئاسان نەدەکرد. بۆیە پاش چەندین جار هێرشی ئاسمانی ئەویش ئیتر جارێ وازی لە هەڕەشە و گوڕەشە هێنا بە تایبەتی کاتێ دیتی ئیتر پ ک ک ئەو مەترسییە سەربازییەی جاران نەبوو بۆ تورکیا.

ئێستا و ئەوا چەند ساڵێکە بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێڤاژۆو گفتگۆی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا لە لایەک و ئۆجالان لە ئیمراڵی و "ەدپ" لە باکوور و سەرکردایەتی پ ک ک لە قەندیل ساز بووە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا ئەگەرچی هەم ئەردۆغان و حکوومەتی تورکیا دەگەڵ کورد رووڕاست نین و درۆ دەکەن و هەوڵی سادقانەیان نیە بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو بەشە بەڵام لایەنی شەڕخوازی ناوپ ک ک ش هەر تاو ناتاوێ بە هەڕەشە و گوڕەشە وڵامی قسە و کردارەکانی تورکیای داوەتەوە کە ئەو هەڕەشانە هەرگیز نەچوونە خانەی کردارەوە.

گرینگترین گۆڕان لە سیاسەت و تاکتیکی پ ک ک کاتێ روویدا کە ڕۆژائاوا دوای شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساتوسەودایەکی نێوان پ ک ک- بەشار ئەسەد دا کەوتە دەست کوردەکان و ئیتر پ ک ک کەوتە تەراتێن و لە کورت ماوەترین کاتدا هەرچی حیزبی ئەو بەشەی کوردستان بوو ڕایماڵین وبە ترۆر و تەقە لێکردن و گرتن وتۆقاندن وایکرد کە زۆربەی ئەو حیزبانەی کاتی خۆی دژایەتیان دەگەڵ سووریا دەکرد و ئەندامانیان لە ژێر ئەشکەنجەو ڕاوەدوونانی حکوومەتی ئەسەد دابوون رۆژئاوای کوردستان لەترسی پ ک ک چۆل بکەن، ڕاست ئەو کاتەی هێزەکانی رۆژئاوا لە زیندانەکانی سوریادا لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەی حکوومەتی ئه‌سه‌ددابوون  پ ک ک دەستی دەگەڵ ئەسەد تێکەڵ بوو و بە ئاشکرا بنکەو بارەگای لە سووریا داهەبوو، بەڵام کە لەم چەند ساڵەی دوایی هەلومەرجەکە گۆڕا پ ک ک بە هێزی سەربازی توانی دەست بە سەر رۆژئاوا دابگرێ و هەرچی حیزبی ئەو بەشەیە ڕایانماڵێ و تا ئەم کاتەش ئامادە نییە دەگەڵ هیچ هێزێکی کوردی هاوپەیمان بێ لە حاڵیکدا لە تازەترین هاوپەیمانیدا جگە لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ئاشکرا لە هەندێ شوێنی وەک حەڵەب دەگەڵ هێزەکانی ئەسەدیش دا چۆتە بەرەیەک بۆ بەرەبەرەکانی داعش.

 بەڵام سەبارەت بەرۆژهەڵات،  پ ک ک لە قەندیل و دوای چەندین شەڕی پژاک و سپای پاسداران و بە رێککەوتنێک دەگەڵ حکومەتی ئێران پژاکی بە جارێ بێدەنگ کرد تا ئەو جێگایەی ئێستا لە بەیاننامەدەرکردنیشدا ناوی لە کوولەکەی تەڕدا نەماوە. ئێستا ئیترئەو تەجرەبەیەی رۆژئاوای بۆ بۆتە حوکم و بۆی بۆتە تئوریەک کە پشتی پێدەبەستێ هەر بۆیە لە تازەترین کەڵەگایی ئاشکرایدا بەرامبەر بە حدکا و باقی هێزەکانی رۆژهەڵات دەڵێ ئیزنی مانەوە بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات نادات تا لە سنوورەکانی خاکی بابوباپیرانیان بنکە بکەنەوە و بەرەو ئەو دیوی سنوور شۆڕ بنەوە.  ئەگەر لە هۆکار و پاساو هێنانەوەی بێ بنەما وەک " هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئارادان بۆیە تورکیا و بارزانی و حدکا دەیان هەوێ زەبرمان لێدەن"! گەڕێن پ ک ک بە دوو هۆکار ئەمە دەکات، لە ئێستا دا ئەو هەوڵەی بە پێی ئەو رێککەوتنە نهێنییانەیە کە لە نێوان پ ک ک و حکومەتی ئیسلامی ئێران داهەیە. بۆ داهاتووش وا پێشبینی دەکات کە ڕەنگە ئێرانیش لە باشترین حاڵەتدا وەک ئەسەدی لێ بێ! دەی ئەو کات ئەو ئەوە لە سنوورەکانی رۆژژهە‌ڵات و ئێران نیزیکە وهەمان سناریۆی رۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتیش دووپات دەکاتەوە.

ئەوەپوختەی لێکدانەوەی پ ک ک یە و هیچ کەس نابێ گومانی لەو شتە دا هەبێ. ئێستا ئایا هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەگەنە ئەو راستییە کە کاتی گالتە کردن بە خۆیان وبە ڕابردوویان بۆ نییە؟ دەگەنە ئەو عەقڵیەتە کە وشیاری خۆیان نەبن سبەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ ببێتە جێگەی رمبازێنی پ ک ک و لەوێش بە پێی ئیدئۆلۆژیەکانی خۆی ئەو بەشە لە کوردستان تووشی کارەسات و تووشی بێ سیاسەتی بکات . من بێ هیچ پێچ و پەنایەک ئاسۆیەکی تاریک و لێل لە داهاوتووی ئەو ناوچەیە دێتە بەرچاوم و هیچ باوەڕیشم بە پ ک ک نییە دەگەڵ کەس بێتە ڕەدایە، ئەوان سیاسەتی خۆیان بێ زەڕڕەیەک ئەو لاو ئەم لا پەیرەو دەکەن و ئەوەی لە ئیعلام و راگەیاندنیش دا جار جارە باسی دەکەن ئەگەرچی بە ئاشکرا دیارە بە زۆر بەسەر زاریان دا دێ تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵکەو چیتر نیە. پ ک ک هێزێکی باکووری کوردستانە بە دڵنییاییەوە ناتوانێ چۆن بەسەر رۆژئاوا دا زاڵ بوو بە سەر رۆژهەڵاتیشدا زاڵ بێ، جیاوازی یەکجار زۆر لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دایە، ئەوانەی دیفاع لەو سیاسەتە ولە دەست تێوەردانەی پ ک ک دەکەن بەرپرسیاری هەموو ئەو خوێنانەن کە لە داهاتوو و لە شەڕی کورد کوژیدا  له‌ نێوان پ ک ک و باقی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشوور و رۆژئاوا گیان لەدەست دەدەن. سەرکردایەتی پ ک ک دەبێ ئاوڕ لە مێژووی خۆی بداتەوە و بزانێ هەر لەسەر ئەو مەزنیخوازییەی لەسیاسەتدا هەیەتی چها خوێنی لە شەڕی کوردکوژی دا ڕشتووە . چها خەڵکی لە خۆی کردووە بەنەیار!  رێبەرایەتی پ ک ک زۆر بەجیددی دەبێ بیر لەوە بکەنەوە و فریوی چەند کەسی چەپڵە لێدەری چاوقووچاوەی ڕۆژهەڵاتی نەخۆن و لەوە دڵنیا بن کە رۆژهەڵات رۆژئاوا نییە. ئەگەر ئەمڕۆ ئەوان هێزی چەکداریان لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات زیاترە هەر بەوەش دەخوڕن حیزبەکانی رۆژهەڵات هەم لە ناو خەڵک وهەمیش لەناو کۆمەڵگای ناودەوڵەتی ئیعتیبار و گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە و تێکەوتن دەگەڵ ئەو هێزانە وا بە هاسانی بۆ پ ک ک بووز ناخوا. جگە لەمە دێمۆكڕاتەکان دەتوانن لە کەمترین ماوەدا هێزی چەکداری خۆیان بگەیننە هەزاران ئەو شتەی پ ک ک زۆر باش دەیزانێ بە شەرتیک دەرفەتیان هەبێ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

هیوادارم لێرەوە دەنگی ناڕەزایەتی زۆر کەس و لایەن بەرامبەر بە کرداری مەترسیداری پ ک ک بڵیند بێ و هەموو لایەنێک ئەو مەزنیخوازییەی پ ک ک و ئەو کەڵەگاییەی پ ک ک بە پێی توانای خۆیان لە قاو بدەن بەڵکوو بۆ یەکجار بووبێ سەرکردایەتی پ ک ک واز لە سیاسەتی پاوانخوازی و دژبەری بەرامبەر هەموو پارت و هێزێکی کوردستانی بێنێ و رێگای دیالۆگ و گفتگۆ و برایەتی بگرێتە بەر. با هەموو لایەکیش ئەوە بزانێ سازش و چاوپۆشی کردن لە سیاسەتی هەڵە  ورەخنە نەگرتن لە کرداری ناننیشتمانی هێزە سیاسییەچەکدارەکانی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات نەک نوسینی چەند دێڕ رەخنە ئەگەر بە زمانی کوتکیش بێ!