Friday 12 June 2015

مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە


مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە 
سەرنجێک لە سەر سەفەرەکەی قەشقاوی و هەیئەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان
کورد کوتوویە " مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە" ئەو پەندەکوردییە زۆر جاران وەڕاست گەڕاوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتە زەبەلاحە گەندەڵانەیە کە تا درێشەی پێشان نەدەی بارانی مشتەکۆڵەی ناوەستێ هەموو لایەک ئاگادارن کە ئێران لەوەتا هەیە چۆنی دۆژمنایەتی کورد بە تایبەتی کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچی خوێنی لە شەڕی براکوژیدا ڕژا لە خۆ بەزلزانی و پاوانخوازی کورد و پیلانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران ڕاسەرچاوەی گرت.
ئێران هەرگیز دەستی لە پیلانگێرێ دژی حکوومتی هەرێمی کوردستان بەرنەداوە و لە چەند مانگی ڕابردوو دا چەندەها پیلانی دژی حکوومەتی هەرێمی کردستان و بە تایبەتی دژی یەکدەنگی و یەکدڵی کورد لە باشوور وەرێخست تەنیا بۆ ئەوەی خەونی سەربەخۆیی لەبار بەرێ. بەداخەوە هەلوومەرجی کوردستان و جوغارافیای سیاسی کوردستان واهەڵکەوتووە کە سیاسەتوانی کورد زۆر بە پارێزەوە دەگەڵ ئەو کەڵەگایی و ملهوڕیەی داگیرکەران بەرەوڕوو بێ و لەبەر یەک نەبوون نەبوونی یەکڕیزی لە ناو حیزبە کوردیەکان دا وەک کورد دەڵێ ناچارن جار جارە بە حەریفی دایکیان بڵێن خاڵە! 
لێرەوە بەڕاشاکاوی دەمهەوێ باسی ئەو بابەبەت بکەم کە لەم چەند ساڵە دا بە تایبەتی پارتی کە بە پێچەوانەی حیزبە هاوپەیمانە دژبەرەکەی کە سەر بە ئێرانە و نەک سەر بە ئێرانە بەڵکوو بە قەولی کاک سەلاحی موهتەدی دەڵێ سپای پاسداران حوکمی یەکیەتی دەکات! پارتی لە بەرەی ڕۆژئاوا دایە و هەر بۆیەش دەگەڵ ئێران ئەگەر لە سەرەوەش و بە ڕواڵەت و بە دیپلۆماسی تایبەتی کە دەبێ دەگەڵ ئێران هەیانبێ دۆست بن ئەوا لە بنەوە ددان لێک دەچیڕەوە دەبەن و بەتایبەتی ئێران بە خوێنی سەری پارتی و بارزانی تینووە.
هەرچی ئورگانی سەر بە سپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی ئێرانە لەو ماوەیەی ڕابردوودا وهاوکات دەگەڵ هەندێ هێزی کوردی حەشریان بە پارتی و بە بارزانی کردووە، ئەوەی رەجانیوز و بازتاب و باقی ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران بۆ دژایەتی پارتی و هەزینە کردن بۆ ئەو دژایەتیە کردوویانە نە لە چاوی پارتیەکان دوورە و نە لە چاوی هیچ چاوەدێرێکی سیاسیی ونبووە. لە هەمان کاتدا ئەندام و لایەنگرانی پارتیش وا بۆ یەک دووساڵ دەچێ ئیتر بە ئاشکرا لە دژی ئێران دەنووسن و دەپەیڤن. 
پارتی تینی بۆهات، چەقۆی گەیشتە سەر ئێسقانی، لە دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی ئێران بەرامبەر بە خۆی ماندوو بوو، لەولاش گوشارێکی زۆر هەبوو کە بۆچی کوردی رۆژهەڵات دەبێ شۆڕش و ڕاپەڕینەکەی هەروا لە سێبەری هەلوومەرجی تایبەتی باشوور دا بمێنێتەوە و وردە وردە بەرەو توانەوە یان حیزبەکانی بەرەو دابڕان لە خەڵک بچن! ئەو بۆشاییە تا کەی دەبێ هەبێ و تا کەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێ ئاوڕ لە خۆزگەو ئارەزووەکانی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات نەداتەوە و تا کەی دەبێ بەربەست بێ لەبەردەم کردنەوەی بارەگا وبنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە سەرسنوور.
قەشقاوی بۆ بەهەڵەداوان خۆی گەیاندە هەولێر، ئەوان چاک لەخۆیان و لە ناخی کڵٶڵی خۆیان ئاگادارن، لەوە دڵنیان چەخماخەیەکی بچووک ڕەنگە وەک ئاوری پووش و پەڵاشی قەدپاڵێک بە خێرایی بتەنێتەوە و هەرچی هەیە لە حکوومەت و لە دەسەڵات و لە هێزی بێبنەما دەگەڵ خۆی بەرێ. پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێ بچنە ژێر هیچ چەشنە گوشارێکی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و ڕاست بە شێوەی خۆیانیان سیاسەت دەگەڵ بکەن. لەسەرەوە بڵێن بە چاوان و لەبنەوە لێگەڕێن با بۆسۆ وبۆچرووک لە ریش و پەشمی مەلایان هەڵبستێ و ئەو دێوەزمەیە بە یەکجاری لە کۆڵ گەل و وڵاتی داگیرکراومان کوردستان ببێتەوە. هەیئەتی ئێرانی تەنیا لە ترسی چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە و بەس!
ئێران ئەو دارە زلەیە کە لە دووڕەوە دەیبینی دەیان لق و پۆی لێبۆتەو بەڵام کاتێ لێێ نزیک دەبێیەوە گەندەیڵ و کڵۆڵی هەر لە خۆی جوانە. ئێران ئەو رێژیمەیە کە مەرگی شەیتانی گەورەی بە قۆنترات هەڵگرتبوو بەڵام ئێستا هەرچی شەیتانی گەورە بڵێ شەیتانە بچکۆلە ناڵێ نا! بەڕێزانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گڕوگیڤی ئێران نەتان خەجڵێنێ ئێوە ڕاست قامکتان لە سەر خاڵی هەرە لاوازی حکوومەتی ئێران داناوە. لەبیرتان نەچێ زۆر جار مشت لە درێشەدەگەڕێتەوە.

No comments:

Post a Comment