Thursday 11 June 2015

تاڵە ژین

تاڵە ژین
دایکی کورد

دایکی کورد واتە دایکی رۆڵەی کوردان ڕەنگە پڕ کوێرەوەریترین دایکی دنیا بێ. لەبیرمە تازە لە زیندان هاتبوومە دەر، وەزعی رووحیم هەرچەندی بڵێێ خەراپ بوو، لوقمانی بڕام ڕەنگە شاهید بووبێ کە من زۆر رۆژان بە دەنگی" اندک اندک جمع مستان میرسند" ی شەهرام نازری گۆرانیەکانی شەجەریان و... شوان و .... کۆڵێ فرمێسکم هەڵدەوەراند، من نەخوازراو تووشی وەزعێک بووبووم کە بەدەست خۆم نەبوو، لە یاران هەڵبڕابووم کە لانی کەم بەو شێوەیەی ئەو کات خۆمم بۆ ئامادەنەکردبوو وبە شاهیدی هەمو دۆستان تا ئەو کاتەی هاتمە دەرێش هەرگیز نەمتوانی بۆ یەک چرکەش دەگەڵ وەزعی مەوجوودی ناوخۆو ئێران و کوردستان ڕابێم.
لەبیرمە کاتێ پاش ماوەیەکی زۆر لە ماڵ مانەوە دۆستی هەرە نزیکم وەستا ڕەشیدی ئازەرپوور هاتە لام و دەگەڵ خۆی بردمییە دەرێ و بۆ قەراخ سەد دەڕۆیشتین زۆرمان دەردە دڵ کرد، زۆرمان قسە و باسی رابردوو بۆ یەک گێڕاویەوە، سەر ئەنجام هاتمە سەر ژیانی تایبەتی و خاو وخێزانی ولێم پرسی، چەند منداڵت هەیە؟ وابزانم ئەوکاتی کوتی ٤، منیش کوتم ماڵتە جا چوار منداڵت بۆچن خۆ بەتەما نین جووجەخانەیان لێدابنێی! کوتی برایم پێم سەیرە قسەی وادەکەی، کورد لانی کەم دەبێ ٤ منداڵیان هەبێ، کوتم بۆ؟ کوتی یەک بۆ زیندان، یەک بۆ چوونەدەر و پێشمەرگایەتی، یەک بۆ ماڵ و بەردەستی دایک وباب ئەگەر پێمانەوە بمێنێ، یەکیش بۆ زاپاس!
ئەو کاتی ئەو قسەیەم چوو دەکەللەیەوە و بەقسەیەکی تەواو ڕاستم زانی بۆیە تا ئێستا وەک شێعری ناسک و جوان لەبەرمە. بەڵام ئەو داستانە زەجر و کوێرەوەری دایک وبابیشی بەدواوەیە. دایک و بابی هەناسە سارد هەر خۆیان دەزانن لە نەبوونی منداڵکانیان لای خۆیان وبەتایەبەتی لە پێشمەرگایەتیدا چ گۆڕەوشارێک دەدرێن هەموو ڕۆژ و هەموو شەوێک. چەند جار دمن چەند جار دەژینەوە! دایکی منیش یەکێک لەو دایکانەیە.،
باش لەبیرمە لە ١٢ خەرمانانی ساڵێ ١٣٥٨ دوای شەڕێکی چەند رۆژە لە هەردوو بەری مەهاباد میانداو و مەهاباد نەغەدە - ورمێ و گەمارۆی سەختی چەند مانگەی ئابووری لە سەر شار سەرئەنجام لە ئێوارێی ئەو رۆژە ئەرتەش و سپای دژی گەلی رێژیمی ئیسلامی ئێران مەهابادیان داگیر کردەوە. من رۆژێک پێشتر پۆلێکم پێشمەرگە بردبوون بۆ قاوەخانەی ئەمیرئاباد و رۆژی دوایی گەڕامەوە مەهاباد و ئەو رۆژەی کە یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم بوو، کاتێ ئەرتەش گەیشتە سەر بلواری میاندواو و ئەو تەپەیەی کە ئێستا دانشکای پەیامی نووری لێیە گرتی و بە هێلیکۆپتیریش لە داشامەجید هێزی پیادەکرد ئیتر وردە وردە شار لە بنکە رەسمیەکانی حیزب چۆل کرا و منیش بۆ خودا حافیزی چوومەوە ماڵ ، جیبێکی ئەرتەشیم پێبوو، لەبەر دەرگا ڕامگرت و چووم کۆڵە پشتیەکم هەبوو دەستم دایەوە وەدەر کەوتم..
لەبەر دەرکێ دایکم بەدووم داهات و کوتی برایم بۆ کوێ دەچی؟ کوتم دایە دەڕۆم دەچمە دەڕی لە شار ، غاری دامێ و توند بەرۆکی گرتم و کوتی " شیری ئەو مەمکانەت لێ حەڵاڵ بێ رۆڵە مەڕۆ "! دایکم ماچ کرد و خودا حافیزیم لێکرد و ئەگەر راستیشتان بوێ زۆریشم گوێ لە داواکەی نەبو و هەستێکیشم بەرامبەر پاڕانەوەکەی دایکم نەبوو، هەست و غروور و هەموو سۆزێک ئەو دەمی کوردستان وحیزب و پێشمەرگایەتی بوو، ئیتر وەزعەکە وابوو و گوناهی کەسی تێدانەبوو هەرچی پێشمەرگە بوو ئەو کات ئەو غرورەی هەبوو.
دایکم بەجێ هێشت و بۆسەرهەڵێنان لە بنکەی خۆمان کە لە شوێنی کەڵانتەری و رووبەرووی کووچەی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی بوو سەردانی ئەوێم کرد کە بزانم کێی لێیە دەگەڵ خۆم بیبەمە دەرێ، کەچی بەسەر هەواری خاڵی داکەوتم و کەسم تێدا نەدیت، سەیر ئەوە بوو تا هاتمە دەر ماشێنەکەیان دزیم و خۆم بە تەنێ لەوگۆڕەی مامەوە. یادی بەخێر هەزار جاری دۆستێکی زۆر خۆشەویستم بە ماشێنی خۆی تا هەمزاوایەی بردم لەوێ دیتم چەند پێشمەرگەیەک ماشێنەکەی منیان پێیە و لەوێ ڕاوەستاون. لە پیشدا ماشێنەکەم لێ هەسستاندنەوە گلەیم لێکردن کە ئەگەر ماشێنیان پێویست بوو دەبو ئاگادارم بکەن خۆ من بەتەنێ بووم و ئەوانشم دەگەڵ خۆم دێنا دەر. بەڵام ئەوان هەر بەدەم فشەکردنەوە کوتیان کاک برایم بە خودای خەجاڵەتین نەمانزانی هی تۆیەو پاشان لەو بەلبەشۆیەی دا کێ لە ماشێنی کێ دەپرسێ؟.
بەڵێ ئەمە داستانی ژیانی کولە مەرگی کوردە، ئەوان ڕۆلەكان بوون و ئەمانیش دایکەکانن ، ئێستا دایکم و دایکەکانی دیکەش بێ ئەوەی ئارەزووی خۆیان وڕۆلەکانیان وەدی هاتبێ ، یان بەجێیان هێشتووین و یان پیری چواردوەری ژیانی تەنیون و بڕستی لێبڕیون. ئەو دایکانە و ئەوانەوی ڕۆلەکاننان لە رێگای داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کورد فیداکرد هەمووی دەبێ تاجی سەر بن، هەموو دەبێ نموونە بن، لەمەش گرینگتر دەبێ خۆزگەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارە حیزبیەکانەوە بە هێند بگیرێ.
هۆ دایکە دڵ پڕ لەخەم و ژیان پڕ لە کوێرەوەیەکە.. هۆ دایکانی رۆڵەخەباتکارەکانی کورد تۆزی بەرپێتانم، بمان بوورن نیشتمان پێوستی پێمان بووە و هەر کەس بە عەقڵی خۆی و بە تێگەیشتنی خۆی ملی لە رێگایەک ناوە کە بتوانێ خزمەتێکی ئەگەر بچووکیش بێ بە گەل و نیشتمانەکەی بکا.

No comments:

Post a Comment