Tuesday 2 May 2017

لە یادی ناسری قالە کرمانج دا

لە یادی ناسری قالە کرمانج دا                     برایم جەهانگیری


 ناسری قالە کرمانج، یان ناسری رەحمانی یەکێک لەو کوردە دڵسوزانەو ویەکێک لەوکوردە ئازایانە بوو کە دڵنیام نموونەیان لە نێو کۆمەـڵگای کوردەواری دا کەم نین، ئەویان لای من دیار و خەڵکی دیکەش لای کەسانی دیکە دیار.
 ناسری قالە کرمانج یان ناسری ڕەحمانی بە بنەماڵە کوردپەروەر و تێکۆشەر و ماندوویی نەناس بوو. ئەو لە رۆژە سەختەکاندا نوختە ئومێد و تاقە رێگای هاوتووچۆ و پێوندی گرتنی من و هاوڕێیانی حیزبی بوو، ئەو کاتەی تەنیا تەلەیفوون و نامە هەبوون، کاتێ نامەکانم نیشتوو پێچ دەکرد و بە هەزار ترس و نیگەرانیەوە قەرارمان دادەنا و لە یەخەی کاپشێنەکەیم داخنی و لێک دادەبڕاین ئاهێکی خۆشم هەڵدەکێشا و نیگەرانیکەانم دەڕەوین. ئاخر ئەو کاتی من لە ژێر توندترین چاوەدێری ئەمنیەتی دابووم و ئەویش واتە ناسر ئەمەی زۆر چاک دەزانی بەڵام  دیسان  ئامادەی هاوکاری و ڕاپەڕاندنی کاری حیزبی بوو. سەرنج ڕاکێش ئەوە بوو کە قەرارمان بوو نەلێ ئەو نامانە کێ دەیاننێرێ و من " مەریوان ب" چ کەسم. و ئینسافەن هەر واشی کرد و تا دواجار خۆم ئاشکرا نەکرد تەنانەت حیزبیش نەیدەزانی "مەریوان ب" کێیە؟
  داستانی من وناسر زۆر دوروو درێژن، چەند ساڵ بوو نامەکانم دەگەیشتنە دەستی سمایل بازیار بەڵام کاک سمایل نە دەیزانی من نووسەری نامە " مەریوان ب" کێم ونە دەیزانی هێنەری نامەکان کێن.  وەنەبێ ئیعتیماد و متمانە  لە نێوان ئێمە واتە سمایل بازیار و من و کاک ناسر دا نەبووبێ ،  نا، کاری سەختی تەشکیلاتی لە هەلوومەرجی سەختی ئەو کاتیدا ئەمەی دەخواست. هیچ گومان نەبوو ئەگەر من لەسەر ئەو پێوندیانە و ئەو کارانە گیرابام ئیعدام بچووکترین حوکمم دەبوو، بەڵام من گویم نەدایە، لەمن گرینبگتر ناسر بوو، ئەو دەیزانی کارکردن دەگەڵ من کە لە ژێر چاوەدێری دابووم و بە جۆرێک ئیتر وەک گای نێوچاوان سپیمان لێهاتبوو یەکجار مەترسیدارە، بەڵام  ئەو قەبوڵی ئەو کارەی کرد بێ هیچ شک و دوودڵیەک.  زۆر جار لە کاری تەشکیلاتی دا و لە هاوکاری کردندا ئەو هۆی دایەوە. من و ناسر زۆر بەکەمی یەکترمان دەدیت، وەک ئەوەی  بڵێی بە هەڵکەوت، هەرگیز بەڕواڵەت دوو دۆستی نزیک نەبووین، ئەوە کاری ئێمە بوو، دڵ و گیانمان لە کاری حیزبیدا دەگەڵ یەک بوو بەڵام لەدەرەوەی کاری حیزبی کەمتر دەگەڵ یەک بووین، کەمتر هاوڕێی و ڕەفیق بووین. ئەوە بەشێک بوو لە شێوەی کاری ئێمە و ناسری قالە کرمانج ئەم کارەی بەوپەڕی لێزانی و چازانی ڕەچاو دەکرد.

 خۆکاتێ سوور دەمزانی وەشوێن سەرم کەوتوون و کاتی کوردستانیشم بەجێ هێشت و هەر پەنام بۆ ناسر برد و کوتم دەبێ هەرچی زوور کوردستان بەجێ بێڵم دەنا ڕەنگە گرفتی زۆر گەورە بۆ خۆم وبۆ حیزب دروست ببێ. ئیتر وابوو بەیانی رۆژی  ١٠ خاکە لێوەی ١٣٨٠ مەهاباد زێد و نێشتمانم، حەز و ئارەزوو وخۆشەویستیەکانم، خۆزگەکانم، بە جێ هێشت و دەگەڵ کاک ناسر رێگای حاجی ئۆمەرانمان گرتە بەر.
 ئەو بەیانیە ناسر پەیکانێکی (ماشێنێکی سەواری) ئامادەکردبوو و تا ترمینال بە پشت سیلۆ داخۆمان گەیاندە ترمینال. لەوێش سواری ماشێنێک بووین وبەرەو خانێ واتە پیرانشار وەڕێ کەوتین. لە پیرانشار لە دەوروبەری فەرمانداری زۆر ماتڵ بووین تا دوو نامەی رەسمی چونە ئەودیوی بە پارەیەکی دیار وەرگرت بۆ ئەوەی کەس رێگامان پێنەگرێ. کە هاتینە حاجی ئۆمەران خەڵکیان کردبووە دوو بەش. تازە گەیشتبووینە جێ کە یەکێکی ریش پانی کراس سپی لە کەپرەکە هاتە دەر وە کوتی ئەوەی لە مەهاباد ڕاهوتووە بێتە ناو ئەو چارداغە. بە ناچار بێ سێ ودوو ڕوومان لە چارداغەکە کرد. کابرا ڕۆیی وهەر بێ سێ و دوو من هاتمە دەر و بۆلای کابرایەک چووم کە لەوێ سیگاری دەفرۆشت. تا ئاوڕم دایەوە دەرگای کەپرەکەیان داخست، خۆم شلوێ نەکردو داگەڕامە خوارێ ماشێنی لەندۆوێر ڕیزیان بەستبوو،چوومە پێشەوە وسواری یەکیان بووم و لە کابرای شۆفیرم پرسی بۆ ڕاوەستاوە؟ کوتی لەسەر مسافر! کوتم کاکە بڕۆ من پارەی هەموویانت دەدەمێ. کوتێ زۆر باشە. لە نێوەی رێگا کوتم من بارم لەو دیو ماوەتەوە ودەبێ هەرچی زووتر بگەمە ئەو دیوی دەنا پارەکەم دەخورێ دەچم بەلای سەردەشتێ دا دەڕۆم ئاسانترە. دیارە مەبەستم بوو هەرچی زووتر لەو شوێنە دوور کەومەوە.
ئیتر ناسر لەوێ بەجێ ما وهیچمان ئاگامان لە هیچمان نەما. کابرای شۆفێر کوتی جا بۆ وادەکەی کاکە با بچینە ئەو گوندەی وابزانم" چۆمان" بوو لەوێ ئەمن خزمم هەن دەس بەجێ وڵاغت بۆ دەگرم و بە هاسانی دەرباز بەو بارەکانیشت هەر بەو ڕێگایەدا بێنەوە. دەس بەجێ کوتم زۆر باشە خۆ ڕێی دوور دەرمان نیە.لەمە باشتر نابێ.
شوڕبووینەوە ناو گوند و دڵم هەر وا دەیکوتا، نیگەران بووم کە ناسر چی لێبەسەر دێ و ئاخۆ لەسەر من دوایە هەڵی دەپێچن یان نا، بەڵام من لەوە دڵنیا بووم کەمن لەو جێگایە دەسگیر دەکرام بەڵام ناسر نا. ئاخر ئەو کات کاک ئەمیری باباخانی تازە گیرابوو و من ناچار بووم دەبوو بڕۆم ، بەڵام ناسر پێوەندی دەگەل کەس نەبوو دەگەڵ من نەبێ. ئیتر دوای گیرانم ڕەنگە لە أێر شکەنجەدا ئەویش ناوی هاتبا و ...
لە گوندی چۆمان وڵاغێکیان ئامادە کرد و کورێکی مێرمنداڵ بە ناوی "هیوا" دەگەڵم هات. هیچمان سواری وڵاغەکە نەبووین، هەورازێکی هەتا بڵێی سەخت و ناخۆش بوو، تەڕو قوڕی بوو. هیوا زوو زوو بانگی دەکردم ئەرێ دە فەرموو سواری وڵاغەکە بە‌! منیش دەم گوت ناهیوا گیان تۆ سوار بە فەرق ناکا. تۆ سوار بە هیوا گیان کوڕەگەرەکەی منیش ناوی "هیوا"یە.
  لە کورتی ببڕمەوە لە جەنگەی هەوراز بڕیندا قوڵە سەربازێکمان لێ پەیدا بوو، دەگەڵ هیوای دەقسان گیرا و منیش خۆم لێ بێساحەب کردن و بەدوای ئیسترەبۆزی دا دەهەورازی هەڵبووم، لە ناکاو هەرای کرد "هەی کجا؟ مثل گوسفند سرتو انداختید پایین......" ڕاوەستام وکوتم وەڵا ئێوە سەرگەرمی قسانن کوتم موزاحیمتان نەبم. کوتی "نخیر بیا بینم کجا میری؟ اهل کجایی؟ "بۆ کوێ دەچی و خەڵکی کوێی؟" کوتم بارێکی زۆرم لەو دیوی مەحتەلە و دەبێ هەرچی زووتر بگەمێ بیانهێنمەوە دەنا تووشی زەرەرێکی زۆر دەبم، مشتەریەکانم لە سەرم مەحتەلن! کوتی باری چی؟ کوم وەسایلی بۆردیزێلین؟ کوتی بەتەمای بە کوێدا بیانهێنیەوە؟ کوتم کوێ ئەمینتربێ بەوێدا دەیانهێنمەوە. کوتی ئەگەر بێرەدابیانهێنییەو من یارمەتیت دەدەم،وکوتم ئەگەر ئەتۆ یارمەتیم بدەی منیش ئاگام لەتۆ دەبێ کوتی چەند بار دەبێ کوتم لانی کەم١٥ وڵاغ؟ کوتێ ئەمن پۆستەکەم ناگوڕم و سەربازەکەی دیکە کە هات دەنێرمەوە و تا بەیانی لێرە دەبم تا تۆ دەگەیەی نیگەران مەبە بە هاسانی بارەکەت بگەیەنە ناو دێ. ئەوە هیوا ئەمن زۆر چاک دەناسێ. کوتم قەولی مەردان؟ کوتی قەولی مەردان!
 خەریک بوو بڕۆم دەستم دەگیرفانم نا وپارەیەکم دەمستی نا کوتم ئەمە جارێ بۆ سیگار. تکایە ئێرە چۆل نەکەی من بە هیوای تۆ بەم شوێنەدا دەگەڕێمەوە. کوتی خاترجەم بە لە بن ئەو بەردەی تەکان ناخۆم!
 بەو جۆرە خۆم لە چنگ سەربازە رزگار کرد و دەرفەتی ئەوەم نەدایە لێم ببپرسێتەوە خەڵکی کوێم، ئاخر ئەو کاتی هاتوچۆی خەڵکی مەهاباد لەو سنوورانە زۆر سەخت بوو و دەتکوت سەردەشت و پیرانشار سنووری وڵاتێکی دەرەکین و ئێمەمانان پێیدا تێدەپەڕین.
 دەگەڵ هیوای کە هەر دەتگوت هیوای کوڕمە و تەنیا تۆزێک باوخۆشتر بوو دەقەدی شاخی هەڵبووین، گەیشتینە سەر سوێیە و ئاوەژوو بووینەوە.تا دەربازی سنوور بووین من دوو نیگەرانیم هەبوون، یەکەم ئەوەی کە بە دووماندا نەیەن و من دەگیر نەکەوم و دووهەم نیگەرانی ناسر بووم.
کە نزیکی حاجی ئۆمەران بووینەوە ئیتر خەمی یەکەمم رەوی بەڵام هی دووهەمم هەر ما. لە پەنا دووکانێک ڕاوەستام و چاوم بڕییە ئەو ڕیگایەی خەڵکی رۆژهەڵاتی پێدا دەهاتنە باشوور، ڕەنگە سەعات و نێوێک چاوەڕێ بووم هیچ خەبەر نەبوو، ناسر سەرو سۆراغی نەبوو. وردە وردە نیگەران دەبووم  بەڵام دەشمزانی ناسر زۆر زیرکە وخۆی بەهەر جۆرێک بێ دەرباز دەکا. لە نەکاو دیتم لە دوورەوە ناسر پەیدا بوو، سەری بەردابۆوە و لە دەریای خەیاڵات دا نوقمی نوقم و بە ئارامی دەهات و لە مقەر و لەو شوێنەی کە من چاوەڕیم دەکرد نزیک بۆوە. لێی چوومە پێشێ و کوتم ئەرێ ماڵتە ئەوە ئەتۆ چیت لێهات؟ بۆ خۆت لێشاردمەوە؟ کە ئەمنی دیت تاوێکی باش حەپەسا، دوایە زەردەیەکی هاتێ و کوتی ماڵتە بزانە پیاو خەراپیشم ناکەی؟ هەر بەراستی چۆن گەیشتوویە ئێرە؟  جێت لێهات؟ ئەو عالەمەت هەموو..... خۆ چی نەمابوو هەموومان وەبەر شەقان دەن لەسەر تۆ؟ کوتم بۆ؟ کوڕە کاکە دەیان کوت ئێمە٥ کەس بووین ئەوی دیکە چی لێهات؟  لە پڕ تۆ ون بووی ماڵتە بە منیشت نەکوت دەڕۆی بەتەمای چی؟ باشە بەڕاستی چیت لێهات بە کوێدا هاتوویە ئێرە؟ نەقڵەکەم لە نووکەوەبۆ گێڕاوەکوتی وەڵا خۆ کاری چاکت کرد بەڵام من هەر زۆر نیگەرانت بووم کوتم بە خودای گرتوویانە بۆیە هەر وەک بەردی بن گۆمێ ڕۆیی؟ ئای گورگی باراندیدە......
ناسر سادە بوو، بێ دەعیە و بێ غەڵ و غەش، حیزبایەتی وکوردایەتی هەرگیز بۆ نێو نەکرد. ئەو کوردێکی دڵپاک و ئازا و بەجەرگ بوو. لە سەختترین ڕۆژەکاندا ملی وەبەر کاری حیزبی ناو یارمەتی بە کاری تەشکیلاتی وپێوەندی نێوان شار و شاخ دەکرد. من لەسەر ناسر زۆر شتم هەیە بەڵام داخی گرانم و هێشتاش و دوای مەرگیشی هەموو شت بۆ کوتن نابن.ئیتر ئەوە حاڵی مەمانانە وچی دەگەڵ ناکرێ.هەر ئەوەندە ئەو ئەرکی کوردانە و نیشتمانی خۆی بەجێ هێناو لە یادان ناچێتەوە.
یادی ناسری قالە کرمانج هەمیشە لەدڵدا زیندوو.