Sunday 8 August 2021

دوا سەرنج لەسەر ترۆری مووسا باباخانی و پێشنیارێک

 دوا سەرنج لەسەر ترۆری مووسا باباخانی و پێشنیارێک

یەکەم
ترۆر خۆی لە خۆیدا دزێوترین کردەوەی مرۆڤەکانە لە هەر کوێ ولە لایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بکرێ، بەڵام هی وایە ترۆر بۆتە بەرنامە و ئیدە وباوەڕەکانی و ناتوانێ وازی لێ بێنێ. نموونەی هەرە زیندوو ڕێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران.
ترۆری ئەو جارە دەبێ زۆر بە وردی هەڵوێستەی لەسەر بکرێ، ئەو ترۆرە زۆر بە دانستە بەرنامەی بۆداڕێژراوە، بەرنامەیەک وئامانجێک کە ناکرێ حکوومەتی هەرێم لێی ئاگادار نەبێ. ڕاستە لە ترۆری مووسا باباخانی دا ئەوەی تا ئێرە دیارە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکا، کەمتەرخەمی خودی هاوڕێیانی حیزبی دیمۆکڕاتە، واتە بێ موبالاتی ئەو حیزبە هۆکاری سەرەکییە بۆ بە هاسانی دەداو کەوتنی کادر و ئەندامانی ئەو حیزبە. بەڵام لێرەدا سەرنجێکی تایبەتی هەیە کە لای زۆران پرسیارە.
حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی حکوومەت دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن بۆ هەولێر وەک پێتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ترۆرە هەڵبژێردراوە. ئایا ئەو ترۆرە ئەویش ڕاست هاوکات دەگەڵ سەفەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و گەڕانەوەی شتێکی لەخۆڕا و بێ بەرنامە بووە؟ ئایا ئێوە دەزانن هەر دوای ترۆرەکە دەس بەجێ هەندێ خەڵک ڕێک دەداوی ئەو پیلانە شوومە کەوتن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نووسیان ئەوە دیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئێران!! خۆ دیارە بەشێک لەو کەسانە هەر لە کەمین دان تا شتێکی ئاوا ڕوو بدا و ئەوان بیقوازنەوە ورێک هاوتەریب دەگەڵ ئامانجەکانی ڕێژیم مێشکی خەڵک تێک بدەن و لاوان و گەنجانی نیشتمانپەروەر بەلاڕێ دا بەرن، دووبەرەکی بخەنە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور کە هیچ گومان نییە ئەو دووبەشە چارەنووسیان وەها لێک گرێدراوە بە کەس جیا ناکرێتەوە!
با هەموو لایەک لەوە دڵنیا بن بە ترۆری مووسا باباخانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران تا ئێرە دوو ئامانجی پێکا، یەکەم نەیارێکی چالاک و شوێندانەری خۆی لە کۆڵ کردەوە دووهەم نومرەیەکی نیگەتیفی خستە سەر کارنامەی حکوومەتی هەڕیم بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و ئەمنیەتی پێتەختی ئەو حکوومەتە. ئەو ترۆرە ڕاست ئەو پەیامەیە کە تاران هەر کات بیهەوێ دەتوانێ پێتەختی حکوومەتی هەرێم بشڵقێنێ! ئەوجار ئێران بەو کارە یەک کەسی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ترۆر کرد بەڵام سومعەو هەیبەتی حکوومەتی هەرێمیشی تا ئێرە شکاندووە کە میلونەها ئینسانی کورد چاوی ئومیدی تێبڕیوە..
بەو پێیە حکوومەتی هەریمی کوردستان لە گەڵ تاقیکارییەکی زۆر هەستیار و مێژووی بەرەوڕوویە، لە لایەک ئێران گۆڵی خۆی کردووە و سەر مەست لە سەرخستنی پیلانەکەی ئەوا شاگەشکە بووە، لە لایەکی دیکەوە چاوی پڕ لە هومێدی میلونها ئینسانی کورد بە تایبەتی کوردی ڕۆژهەلات کە تا ئەم دەقیقەیەش بە هێزترین پشتیوانی مەعنەوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسگا ئاسایش و ئەمنیەتییەکانی هەرێمە تا بە دیتنەوەی تاوانباران هەم ئەوان لەبەرامبەر داگیرکەری قین لە دڵ و تاریک بیری سەدەکانی ناوەراست ڕووسور بێنە دەر و بینەری ئەوەش بن کە ئەو خەیانەتکارانەی لەپێشدا دەرهەق بە ئیعتیباری هەرێم ئەو ترۆرەیان کردووە و دوایەش کوردێکی دڵسۆزی نیشتمانییان بە ناهەق و بە خەیانەت خەڵتانی خوێن کردووە بدۆزرێنەوە و بێ سێ و دوو بە سزای خەیانەتی خۆیان بگەینرێن، لەبیری نەکەین مووسا باباخانی خەڵکی شاری کرماشانە و ئەو جێگەو پێگەیە هەستیاربوونی ئەو کەیسەی دوو هێندە لێ کردووە. ئیتر ئەوە ئێوە و ئەوە تاقیکاری مێژوویی کە هیوادارم حکوومەتە کوردیەکەمان روو سوور و سەربڵێند لێی بێتە دەر.
دووهەم
ڕووی قسەم لە هاوڕێیان و دۆستانی خۆمانە ، ڕۆژهەڵاتیەکان، لەکەیسی شەهید مووسا باباخانی هەرکەسەو قسەی خۆی کردووە، تووڕەبوون و خەمخۆریەکان بە ئاشکرا باس کراون، لێرە بەو لاوە لێگەڕێن با ئەو کەیسە ڕێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێ، ئیتر لێرە بەو لاوە ئاسایشی حکوومەتی هەرێم، کومیتەی بەدواداچوونی کەیسی مووسا باباخانی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بەرپرسی ئاشکرا کردن و دانی زانیاری زیاترن لەو بارەوە. با لێگەڕێین ئەوان کاری خۆیان بکەن.
رەوانی تازەترین شەهیدی دەستی ترۆر و خەیانەت مووسا باباخانی شاد
نەفرەت لە فاشیزمی مەسەبی ئێران.