Thursday 28 November 2013

جۆرابێنی شه‌وانی پێشمه‌رگایه‌تی


قسه‌ی خۆش با ون نه‌بێ

جۆرابێنی شه‌وانی پێشمه‌رگایه‌تی

ساڵی 1361_ 1360 له‌ محاڵی ئاختاچی به‌رپرسی رێکخراوی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ک هاوکات کادری ناوچه‌ش بووم، با هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ یه‌کێک له‌ خۆشترین کاته‌کانی ژیانم ئه‌و رۆژانه‌بوون که‌ له‌ناو خه‌ڵکدا و بۆ خه‌ڵک و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بووم. جه‌وله‌ یان گه‌ڕانی سیاسی یه‌کێک له‌ کاره‌کانی کومیته‌کانی حیزب بوو. زستانان به‌تایبه‌تی ئه‌و جه‌ولانه‌ تام و چێژێکی تایبه‌تیان هه‌بوو، سه‌ردانی هه‌ر گوندێکمان ده‌کرد یه‌که‌م کارمان ئه‌وه‌ بوو که‌ بڵیندگۆی مزگه‌تمان هه‌ڵده‌کرد و بانگاوازمان ده‌کرد که‌ ئه‌و شه‌و له‌ لایه‌ن حیزبی دێمۆکڕاته‌وه‌ له‌ فڵان سه‌عاته‌ دا کۆبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و قسه‌ بۆ خه‌ڵک ده‌که‌ین. خه‌ڵکیش زۆر به‌تامه‌زرووییه‌وه‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانیان ده‌کرد.
شه‌وانی زستان بۆیه‌ تام و چێژێکی تایبه‌تی هه‌بوو چوونکه‌ له‌ دێهاته‌کان باوی جۆرابێن هه‌بوو و منیش جۆرابێنم زۆر پێخۆش بوو، دیاره‌ ده‌شمزانی له‌قه‌ده‌ر خۆم، له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌ی زۆر وه‌ک جۆراب باز نێوبه‌ده‌ره‌وه‌ بوایه‌ ئه‌حمه‌ده‌ ڕه‌ش یان ئه‌حمه‌دی ڕه‌شی بوو که‌ خه‌ڵکی گوندی قه‌مته‌رێ بوو و کومیته‌ی حیزبیش له‌و ساڵانه‌ له‌و گونده‌ بوو، ئه‌حمه‌د ره‌شی یان ئه‌حمه‌ده‌ ڕه‌ش هه‌م جۆرابێنی زۆر چاک ده‌زانێ هه‌م به‌ڕاستی هه‌ر شیرین بوو له‌ لای دانیشتبای و سه‌یری جۆرابێنی ئه‌و ئینسانه‌ت کردبا، ده‌یکرده‌ گوڕه‌وهه‌رایه‌ک باب ئاگای له‌ کوڕێ نه‌ده‌ما، کابرا زۆر جۆراببازی چاکیش با ده‌ستی تێکه‌ڵ ده‌هات و مازووی ته‌سلیم ده‌کرد. ئه‌و کاک ئه‌حمه‌ده‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکڕات دا له‌ حاڵێکدا له‌ مینی بووسێکرا به‌ره‌و قه‌مته‌رێ ده‌هاتنه‌وه‌ له‌ که‌مینی کۆمه‌ڵه‌ که‌وتن و ته‌قه‌یان لێکرا و ئه‌و شه‌هید بوو. هه‌زار جار یادی له‌ دڵدا زیندوو.
حاجی شێخ عه‌ولای کولیجه‌ی، که‌ به‌ڕاستی جۆرابێنی زۆر چاک ده‌کرد و گوڵ راکێشان هه‌ر له‌ خۆی جوان. شه‌قه‌ی گوڵ له‌خۆدانی ده‌تگوت ده‌نگی ده‌مانچه‌یه و مرۆڤی له‌به‌ر راده‌چه‌نی. مه‌لاحه‌سه‌نی ده‌رمانی که‌ ئامۆزام بوو ئه‌ویش جۆرابێنی چاک ده‌کرد، دیاره‌ جۆراب بازی زۆر چاکی دیکه‌ش هه‌بوون که‌ به‌داخه‌وه‌ من ناوه‌کانیانم له‌ بیر نه‌ماوه‌ که‌ یه‌کیان خه‌ڵکی سونجاخ بوو هه‌ر شتێکی سه‌یر بوو.
شه‌وێک له‌و شه‌وانه‌ که‌ سه‌ردانی گوندی ئیساکه‌ندمان کردبوو دوای کۆبوونه‌وه‌ و قسه‌ و باس له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی له‌ ماڵی دۆستێک کۆ بووینه‌وه‌ ، مامۆستا مه‌لا عه‌لی ئیساکه‌ندی که‌ هه‌رچه‌ندی خودا حه‌زی ده‌کرد ئینسانێکی رووح سووک و قسه‌ خۆش و کورد و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ من حه‌تمه‌ن سه‌ردانم ده‌کرد، من له‌ ژیانمدا تا ئه‌م دواییانه‌ش که‌ له‌ مه‌هاباد ده‌مدیت هه‌رگیز لیباسی مه‌لایه‌تیم له‌به‌ر دا نه‌دیت و هه‌میشه‌ هه‌ر که‌واو پاتۆڵه‌ جوانه‌که‌ی له‌به‌ر بوو، مامۆستا به‌ڕاستی خۆشه‌وسیتی هه‌موو لایه‌ک بوو. ئه‌و شه‌وه‌ جۆرابێنمان ده‌کرد و من و مامۆستا لایه‌ک بووین و له‌ به‌رامبه‌رمان دا سی دۆستی دیکه‌ دانیشتبوون، کوڕێکی مامۆستا له‌ ته‌نیت مامۆستا دانیشتبوو، ئه‌و هه‌ر چاوی لێده‌کردین ده‌نا ئه‌هلی جۆرابێن نه‌بوو. به‌ پێجه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی جۆرابێنی هه‌ڵیش په‌ڵیش من ومامۆستا زۆر به‌ مشوور جۆرابێنمان ده‌کرد، پرسو رامان زۆر پێک ده‌کرد، من به‌ تایبه‌تی ڕیزی زۆرم بۆی هه‌بوو، جارێکیان که‌ ته‌ڕه‌ف ده‌گه‌ڕا هه‌ر گۆره‌وه‌ی ئاخری گه‌ڕا من که‌ شکم زۆر قایم بوو، هه‌ڵمدایه‌ و کوتم مامۆستا جا شکت له‌ کوێیه‌؟ ئه‌ویش هه‌ر زۆر له‌ سه‌ره‌ خۆ کوتی وه‌ڵا مه‌لابرایم گیان جاشکم ئه‌وه‌تا له‌ په‌نا خۆم دانیشتووه‌! ئیدی هه‌ر بابا بوو به‌لا داده‌هات و ده‌ستی به‌زگی ده‌گرت، ئه‌من له‌ سه‌ره‌تا دا بڕێک خه‌جڵام به‌ڵام دوایه‌ چار نه‌ما. به‌ڕاستی ئه‌و شه‌وه‌ به‌قه‌را ساڵێک پیکه‌نیم. یادی مامۆستا عه‌لی ئیساکه‌ندی و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ پڕ له‌هه‌ست و سۆزه‌، دڵسۆزه‌، دڵگه‌رم و نیشتمان خۆشه‌ویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو دڵم دایه‌ و ئێستاش ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کم بۆ کورد و کوردستان هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئه‌مه‌گداری و وه‌فاداری بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ چاکه و میهره‌بانیه‌که‌یانم قه‌ت له‌بیر ناچێ.

وێنه‌که‌ له‌ گووگڵ وه‌رگیراوه

Tuesday 26 November 2013

ئایا رێککه‌وتن ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌ مانای سه‌ره‌تای رێفۆرمی ناوخۆیه‌

  • ئایا رێککه‌وتن ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌ مانای سه‌ره‌تای رێفۆرمی ناوخۆیه         برایم جه‌هانگیری


    به‌ دووری مه‌زانه‌ ببێته‌وه‌ خشه‌ خش!

    وه‌نه‌بێ چوونکه‌ سه‌ره‌تای هه‌ندێ ده‌نگۆی جیاواز له‌ ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌ی رێککه‌وتننامه‌ی ئێرانی ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوایی به‌ تایبه‌تی ئه‌مریکا ده‌بیسرێ من وای بۆ بچم که‌ هه‌ر بینا ئه‌و رێککه‌وتنه‌ مێژووییه‌ی که‌ شکستی بێ ئه‌ملاو ئه‌و لای سیاسه‌ته‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردووی ئێران ده‌سه‌لمێنی درزی تێکه‌وت. ئه‌و شکسته‌ و ئه‌و ملکه‌چبوونه‌ ئابڕووبه‌رانه‌یه‌ی ده‌گه‌ڵ چه‌پڵه‌ ڕێزان و هه‌لهه‌له‌ی سه‌رکه‌وتنی براده‌رانی میله‌تی "برتر" واته‌ فارس، به‌ ده‌وڵه‌ت وبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌ .

    ئێران و بناخه‌ی دامه‌زرانی ئێرانی ئیسلامی له‌سه‌ر ئیدئۆلۆژی ئیسلامی و مه‌سه‌بی شیعه‌ دامه‌زراوه‌. ئه‌و مه‌سه‌به‌ی هه‌موو درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنی ئامانج و پرۆژه‌کانی خۆی وه‌ک " ته‌قیه‌" به‌ڕاست ده‌زانێ و هه‌ر بۆیه‌ش له‌وه‌تا هه‌یه‌ هه‌م ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناوخۆ درۆی کردووه‌ هه‌میش دنیای ده‌ره‌وه‌ی به‌ درۆکانی فریو داوه‌.

    رێژیمی ئیسلامی و به‌ تایبه‌تی رووحانی و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی و پاڵه‌وانی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ واته‌ "زه‌ریف" جارێ مه‌ستی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ن و ورده‌ ورده‌ و پاسان ده‌زانن سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی ئه‌تۆمی که‌ ئامانجی ستراتیژیکی ئه‌و رێژیمه‌ی له‌پشت بووه‌ چ قه‌لێکیان له‌ ئاته‌گی فڕیوه‌. هه‌ر که‌س به‌ چاو خشاندنێکی سه‌ر پێی به‌ سه‌ر بڕگه‌کانی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ بۆی ده‌ر ده‌که‌وێ که‌ ئێران به‌و رێککه‌وتنه‌ وه‌ک مریشکی ماشێنی له‌ په‌ڕ و پۆ که‌وتووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هیچی له‌ کار و کردار و ڕه‌عه‌مه‌ڵ هێنانی ئورانیۆم له‌ ناوخۆی وڵات دا نییه‌. با هه‌زار ساڵی خۆیان هه‌ڵخه‌نه‌وه‌ و ئه‌و زه‌لاله‌ته‌ی شکستی سیاسه‌تی چه‌ندین ساڵه‌یان به‌ سه‌رکه‌تن بزانن.

    به‌ دوور له‌ هه‌را و هوریای ته‌بلیغاتی رێبه‌رانی نیزام، دڵنیام ورده‌ ورده‌ کێشه‌ و ناکۆکیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و رێککه‌وتنه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و به‌و ناسیاوییه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و رێژیمه‌ دژی به‌شه‌رییه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ ته‌مه‌نی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ زۆر له‌وه‌ کورتتر ده‌بێ که‌ پێشبینی ده‌کرێ. چوونکه‌ له‌ هه‌موو سیسته‌میکدا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ وسیاسه‌تی ناوخۆیی دووڕووی دراوێکن، ئه‌وه‌ی رێژیم له‌و رێککه‌وتنامه‌یه‌ دا کردوویه‌تی له‌ نیگای یه‌که‌م و ساده‌ دا جۆری رێفورم وگۆڕان به‌ باری ئه‌رینی دایه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌کی خۆیدا، به‌لام ئایا به‌راستی ئه‌ورێژیمه‌ ده‌توانێ له‌ ئاست سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ نه‌رمیشی قاره‌مانانه‌ بنوێنی وه‌ک ئه‌وه‌ی دیتمان و له‌ ئاستی ناوخۆ دا هه‌مان دڕنده‌که‌ی جاران بێ؟ ئایا به‌و حاڵه‌ ده‌کرێ هیوای ریفۆرم و گۆڕان له‌و رێژیمه‌ دا به‌ قه‌را نووکه‌ ده‌رزییه‌ک هه‌بێ؟

    ئه‌و رێژیمه‌ به‌ هیچ جۆرێ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ نه‌گه‌یشتووه‌ که‌ ده‌بێ ئاوڕ له‌ سیاسه‌ته‌کانی خۆی بداته‌وه‌ و به‌خۆی دابچێته‌وه‌ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی کرا به‌چۆکدا هاتن بوو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی یه‌کده‌ستی دنیای ده‌ره‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی رێژیمی ئیسلامی ئیران. ئه‌و رێژیمه‌ نه‌ته‌نیا هیچ نه‌گۆڕاوه‌ به‌ڵکوو بڕێک ره‌گی ملی ئه‌ستوورتر و ژێنی به‌ که‌ڵه‌گا بوونی زیاتر به‌قووه‌ت بوون. ئه‌و رێژیمه‌ هه‌مان رێژیمه‌ داپلۆسێنه‌ره‌کی جارانه‌ و هیچ ئاڵووگورێکی به‌سه‌ر دانه‌هاتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌به‌ر چاونه‌گرتنی راستیه‌کان و سڕینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ مێشکی خۆمادا و له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زارنییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌ لێکدانه‌وه‌ سیاسییه‌کان دا تووشی هه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوو نه‌کراوه‌مان ده‌کات. جارێ هیچ ئاسه‌وارێکی ئاڵووگۆڕ له‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌ دانابینرێ با له‌ خۆڕا و بێ ئه‌وه‌ی بچووکترین نیشانه‌کانی گۆڕان و به‌خۆداچوونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دابببینین به‌ره‌وپیری تراویلکه‌و سه‌راوێک نه‌چین که‌ سوور ده‌زانین دووچاری قڕ بوون ده‌بین. ئه‌گه‌ر هات و نیشانه‌کانی گۆڕان و به‌ خۆداچوونه‌وه‌ له‌و رێژیمه‌دا به‌دی کران ئه‌و کات ده‌کرێ خۆشبینانه‌و بڕوانینه‌ داهاتوو و سیاسه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌ساسی واقع بنات بنێین و ئێمه‌ش به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌.

    وه‌ک دوایی وته‌ و وه‌ک ئه‌وه‌ی زۆر جاران سه‌باره‌ت به‌و ڕێژیمه‌ کوتوومه‌ دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ رووحانی پیاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش هاتۆته‌ سه‌ر کار تا بتوانێ هه‌ندێ له‌و گرژییه‌ی نێوان ئه‌مریکا و ئێران خاو کاته‌وه‌ و باری گرانی ئه‌و گه‌مارووه‌ ئابوورییانه‌ بڕێک له‌سه‌ر شانی ده‌وڵه‌ت که‌م کاته‌وه‌ نه‌ک میله‌تیش! هه‌ر بۆیه‌ من هیچ پێی خۆش بین نیم و هه‌تا ئه‌و حکوومه‌ته‌ هه‌بێ باس کردن له‌ بچووکترین ماف و ئازدیه‌کان خه‌یاڵێکی هێنده‌ شپرزه‌یه‌ که‌ به‌ شیعریش بۆمان ده‌سه‌ر یه‌ک نابێته‌وه‌. به‌ڵێ دیسانیش تۆز له‌ قوڕێ هه‌ڵناستێ!

Saturday 23 November 2013

سیاسه‌ت له‌سه‌ر تێزی قسه‌ی پیاوان یه‌که‌!



   سیاسه‌ت له‌سه‌ر تێزی قسه‌ی پیاوان یه‌که‌!                  برایم جه‌هانگیری


  راسته‌ مرۆڤه‌کان جیاوازن، روانگه‌کان جیاوازتر، زۆر ده‌گه‌مه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ چه‌ند ‌هاوڕێی زۆر نزیک له‌ یه‌ک حیزب و له‌ یه‌ک ته‌شکیلاتی دیاریکراویش دا له‌ سه‌ر هه‌موو بابه‌تێک هاوڕا و هاو نه‌زه‌ر بن، ئه‌وه‌ لای هه‌موومان ده‌بێ ئاشکرا بێ. هه‌ر ئه‌و روانگه‌ جیاوازانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ستێنی دیالۆگێکی دۆستانه‌ی مه‌نتیقی دا تاووتوێ بکرێن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاکامی باش و لێک تیگه‌یشتنی شیاوی سه‌رنجی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

 به‌ڵام جار و باره‌ مرۆڤ له‌ دوگم بوونی هه‌ندێ خه‌ڵک به‌ڕاستی ده‌می ده‌بێ به‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو. من زۆر جاران کوتوومه‌ کێشه‌ی کورد له‌ ئێران دا به‌ هێچ بارێکدا ده‌گه‌ڵ فارس به‌ حکوومه‌ت و به‌ میله‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێ. مه‌به‌ست چاره‌سه‌ری واقعییه‌. دیاره‌ به‌و تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌ی ئێستا له‌ ناو ده‌وڵه‌ت وئۆپۆزیسیۆنی فارس دا هه‌یه‌ ئه‌و روانگه‌یه‌ لای من جارێ هه‌ر له‌ سه‌ر جێگای خۆیه‌تی. ئه‌و روانگه‌یه‌ بۆیه‌ له‌ناخی مندا چرۆی کرد و بوو به‌ باوه‌ڕ، چوونکه‌ فارس به‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌ خه‌ڵک و به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ قه‌تی گوێ نه‌داوه‌ته‌ مافی کورد و هه‌میشه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی وه‌ک بابه‌تێکی ئه‌منیه‌تی سه‌یر کردووه‌ و هه‌ر هه‌موویان له‌و ده‌لاقه‌وه‌ روانیویانه‌ته‌ کوردسان و مه‌سه‌له‌ ره‌واکه‌ی.له‌و باره‌وه‌ له‌وه‌تا وه‌بیرم دێ گله‌ییمان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت که‌ فاشیزمێکی مه‌سه‌بییه‌ و دان به‌ مافی هیچ ئینسانێک به‌ تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئێران دانانێ، ئۆپۆزیسیۆنیش به‌ چه‌پ و ڕاسته‌وه‌ هه‌مان روانگه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی. ده‌وڵه‌ت له‌ کام ده‌لاقه‌وه‌ سه‌یری کێشه‌ی کورد ده‌کات رۆشنبیرانی فارسیش له‌ هه‌مان روانگه‌وه‌ سه‌یری کورد  وکوردستان ده‌که‌ن. زۆر له‌ ئێمه‌مانان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌ڵسووکه‌تانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ بووین که‌ کێشه‌ی کوردان ده‌گه‌ڵ ئه‌و فارسانه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێ وئێمه‌ ناتوانین له‌ وڵاتێک دا هاوبه‌ش دا پشکداری به‌ڕیوه‌به‌ری  وده‌سه‌ڵاتداری و له‌ راستی دا ژیانی وه‌ک یه‌ک بین.

  قاسملوو ده‌ڵێ : ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاریمان نه‌کردووه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت ماف  وئازادیه‌کانمان به‌ ره‌سمی بناسێ به‌ڵکوو هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لامان ئه‌وه‌بووه‌ که‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگات که‌ ده‌گه‌ڵمان دا‌بنیشێ و لێمان بپرسێ ئێوه‌ بۆ واده‌که‌ن؟ چیتان ده‌وێ؟
  ئۆجالان له‌ کاتێکدا په‌یامی یه‌کجار گرینگ و مێژوویی ئاشتی کرده‌ هه‌وێنی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌ سیاسه‌ت دا و ئوردوگای یه‌کده‌ستی تورکانی پێ ته‌فر و تونا کرد که‌ تا ئه‌و کاته نه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌ت و نه‌ له‌ ناو میله‌تی تورکیا دا(جگه‌ له‌ چه‌ند ده‌نگێکی وه‌ک بێشکچی) ونه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ی ئه‌و وڵاته‌ هیچ که‌س پ ک ک ی وه‌ک هێزێکی سیاسیی ‌ده‌ناسی. ئه‌وان زۆرتر و له‌ باشترین حاڵه‌ت دا ئه‌و هێزه‌یان وه‌ک میلیشیایه‌کی چه‌کدار پێناسه‌ ده‌کرد. په‌یامی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌ها له‌ ناو تورکان دا ده‌نگی دایه‌وه‌ که‌ ده‌س به‌جێ ده‌وڵه‌ت به‌ پیر ئه‌و بانگوازه‌وه‌ هات و پرۆسه‌یه‌ک به‌ نێوی پرۆسه‌ی ئاشتی که ئیستاش درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ ره‌سمی له‌ نێوان پ ک ک و ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستی پێکرد. ‌ ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدا بووکه‌ پێشتر چه‌ندین جار ئاگربه‌سته‌کانی پ ک ک له‌ لایه‌ن تورک و ده‌وڵه‌تی تورکانه‌وه‌ پشت گوێ خرا و به‌ هێند نه‌گیرا.

 له‌ سه‌فه‌ری ئه‌م داواییه‌ مه‌سعوود بارزانی بۆ ئامه‌د و به‌تایبه‌تی له‌ دانیشتن ده‌گه‌ڵ عوسمان بایده‌میر و ئه‌ندامانی ب د پ دا، بارزانی قسه‌یه‌کی زۆر به‌نرخی کرد که‌ ده‌بوو زۆر که‌س که‌ سه‌رقاڵی کار و باری سیاسییه‌  و له‌وبواره‌دا چالاکه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ وه‌رد ده‌نه‌وه‌ و به‌ هێندی بگرن. مه‌سعوود بارزانی گوتی: له‌ چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوودا شه‌ڕی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ ئێنمه‌ محو نه‌بینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ ناو نه‌چین و نه‌توێینه‌وه‌. به‌ڵام ئیستا ئه‌و قۆناخ تێپه‌ڕ بووه‌ و کاتی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانمانه‌ به‌ رێگای ئاشتیدا ....
 له‌ تورکیا ده‌س به‌جێ په‌یامی ئاشتی ئۆجالان و سه‌فه‌ره‌که‌ی بارزانی کاردانه‌وه‌ی ئه‌رینی لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌ردووغان له‌ دوایین دانیشتنی پارله‌مان و دوای سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی له‌ پارله‌مانی تورکیا دا بۆ یه‌که‌م جار ناوی کورد و چه‌ندین جار ناوی کوردستانی هێنا و باسی شوان په‌روه‌ر و باسی ئه‌حمه‌د کایا وئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی کرد که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وان په‌یڕه‌و کراوه‌. ئه‌و قسانه‌ ‌ ئاماژه‌یه‌کی زۆر به‌ئاشکرا بوو به‌ مافی کورد، دان پێدانان بوو به‌ هه‌ڵه‌ی تورک به‌ حکوومه‌ت و به‌ میله‌ته‌وه‌. شوان و ئه‌حمه‌د کایا نموونه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و ناڕه‌زایه‌تی چه‌ندین ساڵه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ تورک و ده‌وڵه‌تی تورک. زۆر که‌س باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌ردوغان خه‌ریکه‌ كڵاو له‌سه‌ر کوردی باکوور ده‌نێ ده‌نا با به‌ ڕاشکاوی باسی سه‌رهه‌ڵدانی پ ک ک و شه‌ڕ و قاره‌مانه‌تیه‌کانی گریلا بکا، ئه‌و دۆستانه‌ جار جاره‌ ره‌نگه‌ پێیان وابێ ئه‌ردوغان ئه‌ندامی پ ک ک  یه‌ و یان ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌ی پ ک ک وه‌ قسه‌ بکات. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ خودی ئه‌ردوغان یه‌کێک بووه‌ که‌ به‌درێژایی مێژوو ئینکاری کورد و مافی کوردی کردووه‌ وله‌ ناو تورکیادا ئێستاش  CHP(ج ه پ) و MHP ( م ه پ) تا سه‌ر ئێسقان دژی هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ردوغان و پرۆسه‌ی ئاشتین له‌ تورکیا دا. که‌وایه‌ ئه‌ردوغان جگه‌ له‌ کێشه ‌ده‌روونیه‌کانی خۆی له‌و لاش ده‌گه‌ڵ رکه‌به‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌کانی خۆی و دۆژمنه‌ قین له‌دڵه‌کانی کورد ته‌ڕه‌فه‌. ده‌رک کردنی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌رکی رێبه‌رانی کوردی باکووره‌، ناسین و قواستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌کان به‌ دوور له‌ هات و هاواری ته‌بلیغاتی بۆ حیزب و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌توانێ کوردی باکوور له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ دا به‌ره‌و ده‌سکه‌و‌تێکی مێژوویی به‌رێ به‌ تایبه‌تی به‌ سه‌رنج دان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی که‌ تورک پێوێستیان به‌ چوونه‌ ناو یه‌کیه‌تی ئوروپا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی ئوروپا به‌رامبه‌ر به‌ داوای تورکیا بۆ چوونه‌ ناو ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌وه‌. 

 رۆژهه‌ڵات و ڕاڕایی حیزب و تاک 

  نوریزاد به‌ نموونه‌:

نوریزاد ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی زیاتر له‌ 25 ساڵ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی و بۆ خۆی له‌ خزمه‌ت نیزام دابوون، ئه‌و ڕۆژانه‌ خۆی و سه‌فه‌ره‌که‌ی و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بۆته‌ هۆی مشت و مڕێکی جیددی له‌ نیوان چالاکانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردی رۆژهه‌ڵاتدا ، ناوبراو سه‌فه‌رێکی کوردستانی کرد و سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و رۆڵه‌ ئیعدامکراوه‌کانی کرد، له‌ هه‌ر شاره‌ی سه‌رنجێکی نووسی، نووسینه‌کانی هه‌مووی داننان به‌ هه‌ڵه‌ی رابردوو و داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بوون، بابه‌تکانی هه‌ستیار بوون و باسی ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی ده‌کرد که‌ چه‌ندین ساڵ کورد هاوراری ده‌کات و که‌س گوێ لێناگرێ. گرینگی ئه‌و باسانه‌ له‌وه‌ دایه‌ که‌ ئه‌و نووسراوانه‌ له‌ ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، قسه‌ی که‌سێکه‌ که‌ خۆی ساڵه‌های ساڵه‌ ئینکاری مافی ئێمه‌ی کردووه‌ و دیفاعی له‌ سه‌رکوتی خه‌ڵک له‌ لایه‌ن رێژیمه‌و کردووه‌. من هه‌رچی ده‌که‌م نازانم ئه‌و باسانه‌ و دان نان به‌و حه‌قیقه‌ته‌ بۆچی خه‌راپه‌؟ بۆچی زه‌ره‌ری کوردی تێدایه‌؟ باشه‌ ئه‌ی خه‌باتی ئێمه‌ و به‌رخۆدان و قوربانیدانمان له‌ پێناو چیدا بووه‌. خۆ که‌م که‌س له‌ من توندتر بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ سازان ده‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌له‌ خۆ پێزۆر و فه‌رمانڕه‌وا و باڵا ده‌سته‌ واته‌ فارس! ئه‌وجار ئه‌و کابرایه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ نه‌ک  نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت، نه‌شهاتووه‌ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر یه‌کێک ده‌ردی دڵی ئێمه‌ و ئه‌و سته‌مانه‌ی له‌ سه‌رمان په‌یره‌وه‌ کراوه‌ ئاشکرای کردن و له‌ دوژمنی له‌ هه‌ڵا دا ده‌بێ نه‌فرینی بکه‌ین و بێڕێزی پێبکه‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی زه‌عف نییه‌ که‌ ئێمه‌ چه‌نده‌ بێباوه‌ڕین به‌ خۆمان و به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان که‌ لێکدا لێکدا باسی فریو...، ترسی فریو...، ئۆقره‌ی ‎لێهه‌ڵگرتووین؟  مه‌سه‌له‌ چیه‌ که‌ نه‌ قسه‌کانی ئوردوغان و نه‌ نووسراوه‌کانی نوریزاد له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌کانی باکوور و رۆژهه‌ڵات باسی لێوه‌ ناکرێ؟  نه‌کا وه‌ک چۆن له‌ ناو ئه‌وان دا که‌سانێک هه‌ن که‌ نانیان له‌ شه‌ڕ و کوشتار دایه‌ عه‌ینی ئه‌و ته‌یف و لایه‌نه‌ش له‌ ناو ئێمه‌دا هه‌بن؟!

 چالاکانی سیاسیی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌وانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌سپی هه‌وه‌سی خۆیان له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تاو داوه‌ و قسه‌ی بێ مه‌سئولیه‌ت و دروشمی قه‌به‌و زل ناوئاخنی نوسراوه‌کانیان بووه‌ وشیار و ئاگادار بن که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی گۆڕانی زۆر جیددی له‌ روانگه‌ و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ به‌سه‌ر داهاتووه‌، دڵنیا بن به‌و میتۆد و به‌و خوێندنه‌وه‌ دۆگم و نه‌گۆڕه‌  ته‌نیا له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و له‌ توێژی هه‌ره‌ وشیاری کۆمه‌ڵگا که‌ که‌میش نین داده‌بڕێن و سبه‌ی راست ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌وڕوو ده‌بن که‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ پێوه‌ندیداره‌کان دا سه‌تا سه‌ت روانگه‌ی جیاوازی ده‌گه‌ڵ ئیوه‌ هه‌یه‌. جا به‌و راهاتنه‌ی که‌ ئێمه‌مانان هه‌مانه‌ و دیاره‌ چه‌نده‌ رای جیاواز قه‌بووڵ ده‌که‌ین ده‌بێ ئه‌و وه‌زعه‌ بێنینه‌ به‌رچاو و بزانین له‌ دواڕۆژ دا ئه‌گه‌ر عه‌قڵانیه‌تی سیاسیی و مه‌نتیقی روانینمان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌کان نه‌بێ... ده‌بێ چۆن ده‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ هه‌ڵبکه‌ین که‌ له‌ زۆر بابه‌ت دا له‌ سه‌دا سه‌ت ده‌گه‌ڵ ئێمه‌مانان جیاوازن و هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تڕا له‌ توخمی ئێمه‌ نین. 

  لێکدانه‌وه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هه‌رگیز له‌ سه‌ر بنه‌مای ئیحساس و دروشمی خه‌ڵک فریوده‌رانه‌ له‌م هه‌ورازه‌ هه‌زار به‌ هه‌زاره‌ی سیاسه‌تی کوردیدا سه‌رده‌رناکات. سیاسه‌ت له‌ سه‌ر تێزی "قسه‌ی پیاوان یه‌که‌" ناگاته‌ ئه‌نجام، سیاسه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌مری واقع ده‌کرێ و پێویسته‌ هه‌ر شته‌ی له‌ جێگه‌ی خۆی لێکدرێته‌وه‌ و شرۆڤه‌ی بۆ بکرێ. نوریزاد نه‌ ده‌وڵه‌تی له‌پشته‌ و نه‌ هیچ کاره‌یه‌که‌  تا بتوانێ کورد و هێزه‌سیاسیه‌کان فریو بدات. چ قه‌وماوه‌ و چی روویداوه‌ به‌ تاقه‌ سه‌فه‌رێکی نوریزاد ئه‌وجار ئێمه‌ کێچمان که‌وتۆته‌ که‌وڵی؟! ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نوریزاد به‌ قه‌ناعه‌تێک گه‌یشتووه‌ که‌ بێگۆمان وه‌ک هه‌ندێ له‌ ده‌وڵه‌تمه‌ردانی تورک به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتوون هیچ گومان له‌وه‌ دانییه‌ که‌ ئه‌و به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنه‌، به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یاندنه‌. قوربانی دان و خه‌باتی سه‌ختی کوردان ئه‌وه‌ی به‌ دوژمنان سه‌لماند که‌ له‌ رێگای سه‌رکوت و داپڵۆسینه‌وه‌ ره‌نگه‌ بتوانن خه‌ڵک بۆ ماوه‌یه‌ک بیده‌نگ بکه‌ن به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ وه‌ک هاووڵاتی وه‌ده‌ست بێنن. له‌ تورکیا به‌سێک له‌ خه‌ڵک و له‌ ده‌وڵه‌ت به‌و قه‌ناحه‌ته‌ گه‌یشتوون به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵات دا خه‌راپی کاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نیا یه‌ک نوریزاد و یه‌ک شادی سه‌در هه‌ڵکه‌وتوون. خه‌راپ نییه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داری کورد و رۆشنبیری کورد هه‌وڵ بده‌ن له‌ به‌ره‌ی دوژمن که‌م که‌نه‌وه‌ و به‌ره‌ی دۆستانی کورد به‌رفراوان بکه‌ن. کورد هه‌تا دۆستی زیاتر بێ سه‌رکه‌وتووتره‌، ده‌نگی دلێرتره‌. 

Wednesday 20 November 2013

ده‌رده‌ دڵێکی دۆستانه‌....



     ده‌رده‌ دڵێکی دۆستانه‌ی فه‌یس بووکی و ئه‌ولاتریش                         برایم جه‌هانگیری

  ،با له‌ پێشدا بڵێم که‌ شانازی ده‌که‌م به‌ دۆستایه‌تیتانیه‌کجار خۆشحاڵم کە دەبینم زۆربەی دۆستان ئەمەگ و وەفاداریان لەچاو دایە و هونەرمەندی نەتەوەیی شوان پەروەریان لەبیر نەکرد و لەو کاتە ئاستەمە دا بە تەنێیان بەجێ نەهێشت و بڕوا و متمانەیان بەرامبەر بە شوان پەروەر لەدەست نەداوە. گەز گەز باڵا دەکەم کاتێ کەسانی دیاری نەتەوەکەمان بە لایکێک لێدان لەو پۆستە کورتە پشتگیری خۆیان لە شوانپەروەری کوردان دەربڕیوە، یان بە بۆچوونێکی مەنتیقی و دوور لە دەمارگرژی لەسەر بابەتەکە دواون جا چ موافق چ موخالیف. خۆشحاڵم لە ناخی دڵمەوە و سوپاسی بەشداریتان دەکەم و دڵگەرمم بەو باسانە کە مژدەی سه‌ره‌تا و ده‌سپێکی روحیەی وێکهەڵکردن و زەمینەی دیالۆگێکی سالممان دەداتێ. هیچ گومانم نییە کە تێکڕای ئێمە لە هەموو بابەتێک و هەموو مەسەلەیەک دا وەک یەک بیرناکەینەوە و زۆر جار جیاوازی بۆچونمان هەیە، له‌ هه‌مان کات دا و له‌ ناو جیاوازی ره‌نگه‌کان و ده‌نگه‌کان دا گرینکترین مەسەلە  رێزگرتنە لە جیاوازیه‌کان سەره‌ڕای موخالیفەت کردنمان ده‌گه‌ڵ یه‌کتری .

 ئه‌و باسه‌ی یه‌ک دووڕۆژی ڕابردوو بوو به‌ هه‌وێنی نووسینی ئه‌م جه‌ند دێڕه‌، جگه‌ له‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه‌ روویه‌کی دیکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ وخاڵێکی گرینگی دیکه‌ بە لای منەوە ئەوەیە کە دیاردەی خۆ بەحەقی موتڵەق زانین کە بناخەی زۆربەی کێشەکانە دەبێ بن بڕ کرێ. هەر ئەو روانگەیەیە کە هەژاری ئه‌دیب و کوردیزان بەو هەمووە خزمەتەیەوە به‌ شاعیری دەربار دەزانێ. هێمنی نەمری بێ لەبەرچاوگرتنی کار و خزمەتەکانی بە خاین لەقەڵەم ده‌دا و شوانپەروەری کوردان بەتەسلیم بوون و چوونە ژێر ئاڵای تورک تاوانبار دەکات بێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکی نانیشتمانی لێ دیتبێهەر ئەو خۆ بەهەقی موتڵەق زانینە وای کردووە کە هەر کەس و هەر لایەنێک بوونی خۆی لە نەبوونی ئەوی دیکە دا ببینێتەوە، ئەو بیرۆکە مەترسیدارەی تا ئێستاش کۆسپی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رده‌م سازانی نیشتمانی و کۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تا ئه‌و شێوازه‌ له‌ بیر و ئیدئۆلۆژی و حیزب په‌ره‌ستی و ده‌سته‌ و ده‌سته‌ به‌ندییه‌ هه‌بێ ئه‌و گه‌له‌ هه‌ر وا له‌ ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان دا ده‌مێنێته‌وه‌. 
   وه‌ک ده‌بینن و هه‌موولایه‌ک هه‌ستی پێده‌که‌ن کۆمه‌لگاکه‌مان ، له‌ هه‌لوومه‌رجێکی سایکۆلۆژی خه‌راپ و نا ته‌راز دا ده‌ژی، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پۆست و ستاتووسانه‌ی سه‌ر فه‌یس بووک به‌ نموونه‌ بێنینه‌وه‌و بیانکه‌ین به‌ فاکت که‌ من پێم وایه‌ ده‌کرێ وای دابنێی چونکه‌ چالاکانی ناو فه‌یس بووک ده‌کرێ به‌ به‌شێکی وشیاری ناو کۆمه‌ڵگاکه‌شمان بزانین و ئه‌و به‌شه‌ وه‌ک کورد ده‌ڵێ به‌ نموونه‌ی خه‌روه‌ره‌که‌ وه‌رگرین ده‌بینین، ناخی تاکی کورد که‌ زه‌حمه‌ته‌ بێلایه‌نی تێدابێ ئاخنراوه‌ له‌ رق و کینه‌، له‌ زۆر شوێن دا براده‌ری وایه‌ زۆر به‌هاسانی بۆ نموونه‌ به‌ شوانپه‌روه‌ر ده‌ڵێ لۆتی! به‌ بچووکترین جیاوازی بیر و ڕا تا سنووری یه‌کتر داپاچین و هاڕێن داده‌به‌زینه‌ سه‌ر یه‌کتری، خودا خودامانه‌ یه‌کێک ، لایه‌نێک هه‌ڵه‌یه‌کی بچووک بکا، بۆی ده‌که‌ین به‌ ئاڵا و ئه‌وه‌ی نه‌شبووه‌ له‌سه‌ری زیاد ده‌که‌ین، بیری تۆڵه‌ کردنه‌وه‌ و په‌راوێزخستن ناخی زۆربه‌ی چالاکانی سیاسیی و حیزبه‌کانی ئاخنیوه‌، ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ هه‌ر له‌ نێو سیاسیه‌کان دا نییه‌، ئه‌و ڕکه‌به‌ره‌ایه‌تیه‌ ناسالمه‌ هه‌موو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌، شاعی شاعره‌که‌ی دیکه‌ی قه‌بووڵ نییه‌، وه‌رزشکار ، وه‌رزشکاره‌که‌ی دیکه‌ ده‌ب غزێنێ، هونه‌رمه‌ندان دژی یه‌ک ده‌خوێنن..... کێ ده‌بێ چاره‌یه‌ک له‌و وه‌زعیه‌ته‌ بکات؟ به‌ ناشکوری نه‌بێ حیزبه‌کان که‌ خۆیان بنیاتنه‌ری ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ن وه‌خۆ نایه‌نه‌وه‌ و هه‌و وه‌ک رابردوو و وه‌ک جاران ئه‌سپی خۆیان لینگ ده‌ده‌ن و نه‌ سه‌ر هه‌ڵدێنن تا بزانن به‌م کۆڵه‌باره‌وه‌ بۆ کوێ رکێف کوت ده‌یکوتن ، نه‌ ئاورێک له‌ دوای خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ تا بزانن له‌ مه‌ودای نێوان ئێستا و رابردوو دا چ هه‌ڵه‌یه‌کیان کردووه‌ و چۆن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ قه‌ره‌بوو که‌نه‌وه‌ و چۆن رێگا و رێبازێکی دیکه‌ی سه‌رده‌م هه‌ڵبژێرن تا دوچاری هه‌ڵه‌ی دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌ مێژوومانه‌وه‌ دیاره‌ هه‌ڵه‌ و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ ....

 ئا به‌م حاڵه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌نده‌ران و له‌ لای گه‌لانی خودا پێداو پێی ده‌کوترێ رۆشنبیر و رۆژنامه‌ نووس و ئومێدی چاکسازی و رێفۆرمی لێده‌کرێ و دینامۆی گۆڕانه‌ له‌ ناخی کۆمه‌ڵگا دا ، به‌داخه‌وه‌ لای ئێمه‌ ئه‌ویش چ بڕ باشتر نییه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ ده‌مارگرژه‌کانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان. ئه‌گه‌رچی زۆر که‌س خۆی پێ سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ڵام له‌ راستیدا و له‌ کاتی هاتنه‌ ئارای بابه‌تی تازه‌ و جێگای باس و خواس ده‌بینین هه‌ر ئه‌و دۆستانه‌ له‌ ئه‌ندام حیزبه‌کان زیاتر دیاره‌ به‌ زیره‌کی تایبه‌تی خۆیان خه‌ریکه‌ گۆمه‌که‌ ده‌شڵه‌قێنێ تا له‌ ئاوی لێل ماسی بگرێ!  لێره‌دا یه‌ک پرسیار به‌ره‌و ڕووی هه‌موومان ده‌بێته‌وه‌. ئایا به‌ڕاستی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ شایسته‌یه‌ که‌و وا لێی بێده‌نگین و جێگای نیگه‌رانی نییه‌؟ ئایا ئه‌وکۆمه‌ڵگایه‌ له‌ راستیدا تووشی جۆرێک نه‌خۆشی گشتی نه‌بووه‌ و رق و کینه‌ ونه‌فره‌ت له‌ ناومان دا نه‌بۆته‌ کولتوور و نه‌ریتی باو؟ ئایا وه‌ک  کوێری "خۆزه‌ ساراماگۆ " شار به‌گشتی دوچاری کوێری نه‌بووه‌ و هه‌ر که‌سه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ هه‌مووشتێک هه‌ر به‌ یه‌ک ڕه‌نگ نابێنێ؟ ئایا به‌ڕاستی به‌ستێنه‌ ره‌وانییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژ، بۆ منداڵه‌کانمان، بۆ جگه‌ر گۆشه‌کانمان،  ‌فه‌زایه‌کی رووحی و ڕه‌وانی باشیان بۆ میرات به‌جێ دێڵێن!؟ئه‌وان له‌ سایه‌ سه‌ری ئێمه‌ و باوه‌ڕه‌ چه‌قبه‌ستووه‌کانمان ئاسووده‌ وئارام له‌ ژیانی ئاسایی به‌رده‌وام ده‌بن؟
  ئه‌و نووسراوه‌یه‌ به‌ نه‌سیحه‌ت دامه‌نێن، من یه‌کێکم له‌و که‌سانه‌ی له‌و نووسراوه‌ دا باسی کراوه‌، نه‌ک یه‌کیانم بگره‌ مه‌ڵاشم. به‌ڵام نیگه‌رانم، زۆریش نیگه‌رانم، ده‌شزانم چاره‌سه‌ری ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ هاسان نییه‌و یه‌کجار دشواره‌. به‌ڵام وه‌ک گۆشه‌یه‌کی بچووک له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌فته‌ره‌ تاریکه‌ سه‌ره‌تای ئه‌و باسه‌تان ده‌گه‌ڵ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ده‌زانم ئیوه‌ش  به‌ته‌واوی هه‌ستی پێده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بێ به‌ڵکوو لاوه‌کان، ئه‌وانه‌ی تازه‌ ده‌گه‌نێ و فکر و هزریان به‌ ده‌یان جار باشتر له‌ هی مه‌مانان بڕ ده‌کات و تێگه‌یشتوو وپێگه‌یشتوون له‌ بواره‌ زانستیه‌کانه‌وه‌ له‌هه‌وڵی رێگا چاره‌یه‌ک‌ دابن. به‌ڵکوو ئه‌وان بیرێکی ژیرانه‌ی لێبکه‌نه‌وه‌ ده‌نا با لانی که‌م وه‌ک سه‌ره‌تا و ده‌سپێک هه‌ر که‌س له‌لای خۆی ده‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ره‌وڕوو بێته‌وه‌. دیاره‌ من هیچ گومانم نییه‌ ره‌فتار  وکرداری سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی حاکم له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو دا له‌و باره‌وه‌ شوێنی کاریگه‌ری له‌ سه‌ر ئێمه‌ش داناوه‌، به‌لام با به‌ کژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و کولتووره‌ سه‌قه‌ته‌ی که‌ دڕی به‌ خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی داوه‌ وئاسه‌واری نه‌هێشتووه‌ ببێته‌ به‌شێک له‌ تێکۆشان بۆ ئازادی و بۆ پیگه‌یشتن و بازدانێکی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆناومان، بۆ دامه‌زراندنی بناخه‌ی روحیه‌ی وێکهه‌ڵکردن و ریز لێنان له‌ بیر و بؤچوونه‌ ره‌نگاوره‌نگه‌کان. 

  وه‌ک دوا وته‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و باسه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئێنمه‌ش ئاوڕێکمان له‌ خۆمان دابێته‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌تان به‌ره‌وڕوو ده‌که‌مه‌وه‌، ئایا له‌بیرتانه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ناوفه‌یس بووک دا چه‌نده‌ها دۆست و براده‌ری وامان هه‌بوون بێ یه‌ک هه‌ڵمان نه‌ده‌کرد؟ ئایا هه‌مان دۆست و براده‌ر ئێستاش وه‌ک ڕابردوو دۆست و براده‌رن؟ له‌گه‌ڵمانن؟ سه‌ردانی بابه‌ت و نووسراوه‌کانمان ده‌که‌ن؟ ئایا ئه‌گه‌ر نین هۆکار چ بووه‌؟ شه‌ڕمان کردووه‌؟ ماڵ و مڵکی یه‌کترمان داگیرکردووه‌؟ یان ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی بیروڕا هه‌یه‌ و ته‌حه‌مه‌ولی یه‌کتری ناکه‌ین ئه‌و دوور که‌تنه‌وه‌یه‌ رووی داوه‌ و لێک نه‌بانین؟ ئه‌وشێوه‌بیرکردنه‌وه‌ی خۆره و داڕزێنه‌ری کولتوری وێک هه‌ڵکردنه‌ و دڵنیاش بن هه‌تا یه‌کێک خۆی پێ فریشته‌یه‌ و ئه‌وی دیکه‌ به‌ شه‌یتان بشوبهێنێ دۆستایه‌تی و جیرانه‌تی و برایه‌تی رۆژ به‌رۆژ ره‌نگی کاڵتر ده‌بیته‌وه‌؟

گەز گەز باڵا دەکەم به‌ دۆستایه‌تیتان ده‌رده‌ دڵێک....




گەز گەز باڵا دەکەم به‌ دۆستایه‌تیتان  و ده‌رده‌ دڵێک....             برایم جه‌هانگیری

... چەندە خۆشحاڵم کە دەبینم زۆربەی دۆستان ئەمەگ و وەفاداریان لەچاو دایە و هونەرمەندی نەتەوەیی شوان پەروەریان لەبیر نەکرد و لەو کاتە ئاستەمە دا بە تەنێیان بەجێ نەهێشت و بڕوا و متانەیان بەرامبەر بە شوان پەروەر لەدەست نەداوە. گەز گەز باڵا دەکەم کاتێ کەسانی دیاری نەتەوەکەمان بە لایکێک لێدان لەو پۆستە کورتە پشتگیری خۆیان لە شوانپەروەری کوردان دەربڕیوە یان بە بۆچوونێکی مەنتیقی و دوور لە دەمارگرژی لەسەر بابەتەکە دواون جا چ موافق چ موخالیف. خۆشحاڵم لە ناخی دڵمەوە سوپاسی بەشداریتان دەکەم و دڵگەرمم بەو باسانە کە مژدەی سه‌ره‌تا و ده‌سپێکی روحیەی وێکهەڵکردن و زەمینەی دیالۆگێکی سالممان دەداتێ. هیچ گومانم نییە کە تێکڕای ئێمە لە هەموو بابەتێک و هەموو مەسەلەیەک دا وەک یەک بیرناکەینەوە و زۆر جار جیاوازی بۆچونمان هەیە ، گرینکترین مەسەلە لەو پێوەندییە دا رێزگرتنە لە بیروڕای جیاواز سەرڕای جیاوازی و موخالیفەت کردنمان ده‌گه‌ڵ یه‌کتری.
خاڵێکی دیکەی گرینگ بە لای منەوە ئەوەیە کە دیاردەی خۆ بەحەقی موتڵەق زانین کە بناخەی زۆربەی کێشەکانە دەبێ بن بڕ کرێ. هەر ئەو روانگەیەیە کە هەژاری ئه‌دیبان و کوردیزان بەو هەمووە خزمەتەیەوە به‌ شاعیری دەربار دەزانێ. هێمنی نەمری بێ لەبەرچاوگرتنی کار و خزمەتەکانی بە خاین لەقەڵەم ده‌دا و شوانپەروەری کوردان بەتەسلیم بوون و چوونە ژێر ئاڵای تورک تاوانبار دەکات بێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکی نانیشتمانی لێ دیبێ. هاوڕێیان و دۆستانی زێدە ئایز هەر ئەو خۆ بەهەقی موتڵەق زانینە وای کردووە کە هەر کەس و هەر لایەنێک بوونی خۆی لە نەمانی ئەوی دیکە دا ببینێتەوە، ئەو بیرۆکە مەترسیدارەی تا ئێستاش کۆسپی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رده‌م سازانی نیشتمانی و کۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تا ئه‌و شێوازه‌ له‌ بیر و ئیدئۆلۆژی و حیزب په‌ره‌ستی و ده‌سته‌ و ده‌سته‌ به‌ندییه‌ هه‌بێ ئه‌و گه‌ڵه‌ هه‌ر وا له‌ ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان دا ده‌مێنێته‌وه‌.
  خۆشه‌ویستن وه‌ک ده‌بینن کۆمه‌لگاکه‌مان ، له‌ هه‌لوومه‌رجێکی سایکۆلۆژی خه‌راپ و نا ته‌راز دا ده‌ژی، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پۆست و ستاتووسانه‌ی سه‌ر فه‌یس بووک به‌ نموونه‌ بێنینه‌وه‌و بیانکه‌ین به‌ فاکت که‌ من پێم وایه‌ ده‌کرێ وای دابنیێ ده‌بینین، ناخی تاکی کورد که‌ زه‌حمه‌ته‌ بێلایه‌نی تێدابێ ئاخنراوه‌ له‌ رق و کینه‌، له‌ زۆر شوێن دا براده‌ری وایه‌ زۆر به‌هاسانی بۆ نموونه‌ به‌ شوانپه‌روه‌ر ده‌ڵێ لۆتی! به‌ بچووکترین جیاوازی بیر و ڕا تا سنووری یه‌کتر داپاچین و هاڕێن داده‌به‌سینه‌ سه‌ر یه‌کتری، خودا خودامانه‌ یه‌کێک ، لایه‌نێک هه‌ڵه‌یه‌کی بجووک بکا بۆ ده‌که‌ین به‌ ئاڵا و ئه‌وه‌ی نه‌شبووه‌ له‌سه‌ری زیاد ده‌که‌ین، بیری تۆڵه‌ کردنه‌وه‌ و په‌راوێزخستن ناخی زۆربه‌ی چالاکانی سیاسیی و حیزبه‌کانی ئاخنیوه‌، کێ ده‌بێ چاره‌یه‌ک ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ بکات؟ به‌ ناشکوری نه‌بێ حیزبه‌کان که‌ خۆیان بنیاتنه‌ری ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ن وه‌خۆ نایه‌نه‌وه‌ و هه‌و وه‌ک رابردوو و وه‌ک جاران ئه‌سپی خۆیان لینگ ده‌ده‌ن و نه‌ سه‌ر هه‌ڵدێنن تا بزانن به‌م کۆڵه‌باره‌وه‌ بۆ کێ رکێف کوت به‌ڕێوه‌ن ، نه‌ ئاورێک له‌ دوای خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ تا بزانن له‌ مه‌ودای نێوان ئێستا و رابردوو دا چ هه‌ڵه‌یه‌کیان کردووه‌ و چۆن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ قه‌ره‌بوو که‌نه‌وه‌ و چۆن رێگا و رێبازێکی دیکه‌ی سه‌رده‌م هه‌ڵبژێرن تا دوجاری هه‌ڵه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.
 ئا به‌م حاڵه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌نده‌ران و له‌ لای گه‌لانی خودا پێداو پێی ده‌کوترێ رۆشنبیر و رۆژنامه‌ نووس و ئومێدی چاکسازی و رێفۆرم دینامۆی گۆڕان له‌ ناخی کۆمه‌ڵگا دا ، به‌داخ ه‌وه‌ لای ئێمه‌ ئه‌ویش چ بڕ باشتر نییه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ ده‌مارگرژه‌کانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان. ئه‌گه‌رچی زۆر که‌س خۆی پێ سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ڵام له‌ راستیدا و له‌ کاتی هاتنه‌ ئارای بابه‌تی تازه‌ و جێگای باس و خواس ده‌بینین له‌ ئه‌ندام حیزبه‌کان زیاتر به‌ زیره‌کی تایبه‌تی خۆی خه‌ریکه‌ گۆمه‌که‌ ده‌شڵه‌قێنێ و له‌ ئاوی لێل ماسی ده‌گرێ! ئا به‌م حاڵه‌ یه‌ک پرسیاره‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌موومان ده‌بێته‌وه‌. ئایا به‌ڕاستی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ شایسته‌یه‌ و جێگای نیگه‌رانی نییه‌؟ ئایا ئه‌وکۆمه‌ڵگایه‌ له‌ راستیدا تووشی جۆرێک نه‌خۆشی  گشتی نه‌بووه‌، ئایا وه‌ک رۆمانی  کوێری "خۆزه‌ ساراماگۆ " شار به‌گشتی دوجاری کوێری نه‌بووه‌ و هه‌مووشتێک هه‌ر به‌ یه‌ک ڕه‌نگ نابێنێ؟ ئایا نه‌ڕاستی ئه‌و حاڵ و هه‌وایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژ، بۆ منداڵه‌کانمان، بۆ جگه‌ر گۆشه‌کانمان ‌ فه‌زایه‌کی رووحی و ڕه‌وانی باش به‌جێ دێڵێن.
  ئه‌و نووسراوه‌یه‌ به‌ نه‌سیحه‌ت دامه‌نێن، من یه‌کێکم له‌و که‌سانه‌ی له‌و نووسراوه‌ دا باسی کراوه‌، نه‌ک یه‌کیانم بگره‌ مه‌ڵاشم. به‌ڵام نیگه‌رانم، زۆریش نیگه‌رانم، ده‌شزانم چاره‌سه‌ری ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ هاسان نییه‌و یه‌کجار دشواره‌. به‌ڵام وه‌ک گۆشه‌یه‌کی بچووک له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌فته‌ره‌ تاریکه‌ سه‌ره‌تای ئه‌و باسه‌تان ده‌گه‌ڵ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ده‌زانم ئیوه‌ش  به‌ته‌واوی هه‌ستی پێده‌که‌ن. به‌ڵکوو لاوه‌کان، ئه‌وانه‌ی تازه‌ده‌گه‌نێ و فکر و هزریان به‌ ده‌یان جار باشتر له‌ هی مه‌مانان بڕ ده‌کات له‌هه‌وڵی رێگا چاره‌یه‌ک‌ دابن، بیرێکی ژیرانه‌ی لێبکه‌نه‌وه‌ و لانی که‌م هه‌ر که‌س له‌لای خۆی ده‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ره‌وڕوو بێته‌وه‌. وه‌ک دوا وته‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و باسه‌م ئه‌و پرسیاره‌تان به‌ره‌وڕوو ده‌که‌مه‌وه‌، ئایا له‌بیرتانه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ناوفه‌یس بووک دا چه‌نده‌ها دۆست و براده‌ری وامانهه‌بوون بێ یه‌ک هه‌ڵمان نه‌ده‌کرد؟ ئایا هه‌مان دۆست و براده‌ر ئێستاش وه‌ک ڕابردوو دۆست و براده‌رن؟ ئایه‌ ئه‌گه‌ر نین هۆکار چ بووه‌؟ شه‌ڕتان کردووه‌؟ ماڵ و مڵکی یه‌کترتان داگیرکردووه‌؟ یان ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی بیروڕا هه‌یه‌ و ته‌حه‌مه‌ولی یه‌کتری ناکه‌ن  ویه‌ک خۆی پێ فریشته‌یه‌ و ئه‌وی دیکه‌ به‌ شه‌یتان ده‌شوبهێنێ دۆستایه‌تی و جیرانه‌تی ره‌نگی کاڵ بۆته‌وه‌؟