Friday 23 June 2017

سیامەک عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیا و کەڵ ژیا


سیامەکی عەلیار ئەو کەسەی کەم ژیاو کەڵ ژیا
ئەگەر بڵێم من سیامەکی عەلیارم لە نزیکەوە و زۆر باش دەناسی ڕەنگە وانەبێ، بەڵام لە ماوەی ٤ -٥ جار دیتن ودانیشتن لێرەو لەوێ ئەوەندەی من ناسیم دووخەسلەتی بەرزی مرۆڤانەی هەبوو کە ناکرێ وەبەر چاو نەگیرێن. ناکرێ باسیان نەکەی، با بۆ هەموو لایەک ئەوانەی لانی کەم دەربەستی هەردووک دنیان ببێ بە پەند.
سیامەک عەلیار ساڵانێکی دوورو درێژ بوو دەگەڵ شێرپەنجەی سی و واتە سیپەلاک بەرەوڕوو بوو، لەمدوایە دا دابوویە مێشکی و دوو جار جەراحی تۆمۆری مێشکیان بۆ کرد. ئاخرین جەراحی تۆمۆری مێشک زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بوو.
یەکەم خەسلەتی سیامەک ئازایەتی وچاونەترسی ئەو مرۆڤە بوو. تەماشای لاپەڕەی فەیسبووکەکەی بکەن تەنیا دوو هەفتە بەر لەمەرگی بە کام وێنە و بە کام پۆستەر بەرەوڕووی ژیانێک دەبێتەوە لە دوکتورەکانی ناهومێدیەکەیان بەرامبەری پێ ڕاگەیاندبوو. ئەو جوانترین وێنەکان و دیمەنەکان دەخاتە سەر لاپەڕەکەی خۆی. سیامەک بڕیاری داوە تا دوا هەناسە چێز لە جوانیەکانی ژیان وەرگرێ و بڕێارەکەشی بردە سەر.

من کاتێ زیاتر لە ساڵێک لەمەو بەر بیستم کە دوکتورەکان پێیان کوتووە تا چەند مانگی دیکە زیاتر ناژی ئەو بڕیاری دا بچێتەوە ئێران و خزم وکەسەکان بۆ دوا جار ببینێ و ئەگەر قەرار بێ هەر ئەو چەند مانگە بژی ئەو لە ناو خزم وکەسی خۆیدا بژی و لە زێد و وڵاتی خۆی گیان تەسلیم بکات و بەخاک بسپێردێ. بەڵام سیامەک ئەو کەسە نەبوو تەسلیمی مەرگ ببێ و ئەو چەند مانگێکی کردە دووساڵ . سەری خزمو دۆستانی دا و گەڕایەوە وزیاتر لە ساڵیکێش دوای گەڕانەوەی هەر وا بە ورە و بە باوەڕ بە ژیان هەڵسوکەوتی دەکرد. دواین پۆستی سیامەک لە فەیس بووک ڕاست دوو هەفتە لەمەوبەر بووە کە ١٠٠ کەس لە رەفیقەکانی بەوینەوە لە فەیسبووک وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بڵێ بەڵێ من تەنیا نیم. ئەوە سەت کەس لە نزیکترین و باشترین دۆستەکانم.
ڕەنگە بە قسە هاسان بێ دەگەڵ نەخۆشی شێر پەنجە ژیان و خەبات کردن، بەڵام بە کردار زۆر کەس بەر لەمەرگی شێرپەنجەیی، خۆیان تەسلیم دەبن و لەبەرامبەر ئەو نەخۆشیە کوشندەیە دا بە چۆک دادێن کەچی ئەلحەق سیامەک عەلیار بۆ ساڵانێکی دوررو درێژ شێرپەنجەی بەچۆک دا هێنا.
دووهەم خەسلەتی سیامەک عەلیار ئەو خەسلەتەبوو کە لە ناو کوردان دا بە خەسلەتی پیاوانە و پیاوەتی و مەردانە ناودێر کراوە، با کەس ئەو دەستەواژەیە بە باری رەگەزی دا وەرنەگرێ، نا، سفەت و خەسلەتی پیاوانە لێرەدا بە مانای هیمەت و ئەخلاقی باڵای مرۆڤایەتی دێ. بەڵێ سیامەک عەلیار لەو خەسلەتە دا بەڕاستی کەم کەس دەسکی لە دوو دەکرد. من خۆم پێمەوە دیوە و ئەوەی دەشی ناسێ ئەو خەسلەتە بە بەشێک لە سیما و لە رەفتاری سیامەک دەزانێ و لێکیان هەڵناوێرێ.
رەوانت شاد سیامەک عەلیار ، خزم و کەست سڵامەت بن.

No comments:

Post a Comment