Monday 27 February 2023

 تاڵە ژین

ئەوڕۆژانە وەها دەفکرانەوە چووبووم دەت کوت گەمێم غەرق بووە، هەرچی دەمکرد خۆم لە جەغزی بیرەوەریەکانی ڕابردووە ڕزگار بکەم نەمدەتوانێ بەیانی سێ جار و ئێوارێ سێ جار خۆم هەڵدەداشتە ناو هەروا هوریای شارە زل و زەبەلاحەکەی تۆرۆنتۆ و بووق و ئاژیری ماشێنە ئاگر کوژێنەوەکان کە رۆژانە وەک شتێکی ئاسایی ئیتر بە هات وهاوار بە بەردەم دووکانەم دا تێدەپەڕین بۆ چرکە ساتێک داوی خەیاڵی ڕابردووی دەقرتاندم بەڵام دیسانەوە پاش ماوەیەکی کورد سیمای بابم دەهاتەوە بەرچاو و دووکانەکەی و گەڕەکی سەربەرداشی، هاتو هاواری چەرچی و پاتۆڵ فرۆشەکان و فەرش و کەنارە لەسەر شانەکان، زرینکەی ئیستیکان وژێرپیالەی قاوەخانەکەی مامە ڕەحمان کە لە ڕووبەڕووی دووکانەکەی بابم لە زارکی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی و خانەقای شەمزینان پاش دەروێش مەحموودی جمەی دەهات لە مشتەری.
بیری ڕابردوو ئەو خەیاڵە رەنگینەیە کە وەک پەپوولەی باڵ نەخشین هەموو ڕۆژێ بە نەرمەفڕ بەبەڕچاومدا تێدەپەڕێ، دەگەڵی دەژیم و لە هەمان کاتتدا لە تێپەڕینی ئەو ڕۆژگارە بەو خێراییە سەرم سووڕ دەمینێ. زۆرجاران دەس بەجێ تاو دەدەمە تەلەیفوونەکەنم، زەنگ بۆ دایکم لێدەدەم کە ئیتر ئێستا پیر بووە عەجایب. چەند دەقیقەیەک قسەی دەگەڵ دەکەم پاشان ماڵاوا دایە گیان... بەڵام لەجیاتی ئەهوەنتر ببمەوە زیاتر تامەزرۆی نیشتمان و بیرەوەریەکان دەبم و دیسان بە هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ ڕابردوو بەجێ دێلم و دەگەڕیمەوە ناو ژیانی هەڵوەدایی و هەستێکی غەریبی غەریب دوور لە خزم و دۆست و هاوڕێ و کەسوکار تێکمەوە دەپێچێ.
ئەوڕۆژانە بیرم لەوە دەکردەوە کە کاتی خۆی و ڕۆژانی هەینی بابم دەگەڵ خۆی دەیبردمە دووکان و دەیکوت با دەگەڵ منداڵە وەرکان فێری قومار نەبێ، ئەوکاتیش قومار!! وەک خۆڵێ وابوون، بانژۆر و ئەسکەملە و جگێن و تەوغێن و مێشێن لەسەر تەپە جکۆلە لە کازینۆیەک دەچوو قەرەباڵغ ! ورددەپووڵ ئاشی پێدەگەڕا، باسی کازینۆم کرد ئەگەرچی کازینۆم هەر لە فیلمەکاندا دیوە. بەری بەیانیان بابم سەری یەکجار زۆر قاڵ دەبوو، منیش چوست وچالاک یارمەتیم دەدا، خەڵکێکی زۆری محال و شامات و شاروێران ڕسق و بەرووبوویان دێنایە دووکانی بابم و مامە حاجی ساڵە بۆ فرۆشتن کەئەویش ڕاست لە ڕووبەڕووی دووکانی بابم هەمان دووکانی هەبوو، هەر لەوێش قەند و چا و برینج و پێداویستیەکانی خۆیان دابین دەکرد. ئەوکات بەیارمەتیدانی بابم زۆر کەیف خۆش دەبووم، هەر خۆم دەزانم کە بابم دەیکوت برایم دا ئەو کارە بکە، ها برینجی دەو کیسە نایلۆنییە بکە و بۆم بێنە، دا سێ کەللە قەندانم بدەیە... ئیتر تا سەعات نزیک یەکی نیەوەڕۆ ئەوە حاڵمان بوو، دیارە هەر کە بانگی نیوەڕۆیەی دەدا بابم یەکسەر دەچووە مزگەوتی حاجی ئەحمەد و نوێژی دەکرد و دەگەڕایەوە.کەسەرمان چۆل دەبوو دەمەو نیوەڕۆ دەیکوت دانیشە ئێستا دێمەوە.
وەدەر دەکەوت و لەو دەروبەرە دەچوو دوو چنگی باینجانی (تەماتە) بچووک بچووکی وەک دەنکە گوێز دەهێنا و دەیکوت وەرە با بچین نانێکی بخۆین. دەستی دەگرتم و بە پلیکانەکانی مزگەوتی حاجی ئەحمەدی دا شۆر دەبووینەوە بۆ ئەو کەبابیەی ڕووبەڕووی شارەبانی کە بەداخەوە ناوم لەبیر نیە. هەر لە دووڕەوە بۆنی کەباب تێکەڵ بە چڕەدووکەڵی برژاندنی کەبابەکان مرۆڤی سەرخۆش دەکرد. ئیستاش کە ئێستایە من لەززەت وتامی ئەو کەبابانەم لەبیر ماوە . بۆ من دوو کەباب و باینجانێک وبۆخۆشی سێ کەباب و لەوێ خواردنی نیوەڕۆمان دەخوارد. کە دەگەڕاینەوە زۆر بێتاقەتی تەپەچکۆلەی دەبووم، هەستم دەگرد دەستەکانم وەخروو دەکەون بۆ هەڵخلاندنی مستێک قڕانی و دووقڕانی و پەنابادی. بەڵام بابم نەیدەهێشت لە دووکان بچمەدەر.
دوای نیوەڕۆیان بەردەرکی دووکان دەبوو بە هەراو گرمەیەک باب ئاگای لەکوڕێ نەبوو، دامەی بابم و لەتیفی یاهوو هەردووک بەڕەحمەت بن، دەستی پێدەکرد دامە نەبوو ئێستا کە بیر لەو دیمەنە دەکەمەوە وەک ئەو لەبەر یەک خوێندنەی بوکسێرەکانم دێتە بەرچاو پێش دەستپێکردنی کێ بەر کێ. ئەی بابم و ئەوها و هاها و هۆهۆی ئەو دووە وایدەکرد کە گەرەک بەتەواوی لەبەر دووکانی ئێمە کۆدەبوونەوە ، بابم تەختە دامەی بە سەری سیپەی چای کە لە دووکان وزۆر و زەوند بوو و خولخولەی پلاستیکی و دارینەکە دەیکردن بە دووکوتەوە ساز دەکرد و پاشان دەیدا بە حاجی ساڵەی خمگەر کە هەر دوو دووکان ئەولاتری دووکانی بابم بوو ئەویش بۆی ڕەنگ دەکرد. وەک ئێستا لەبیرمە کە خول خولە یان داشەکانی دامەی دە قوتوویەکی تەنەکەی چکۆلە دەکرد و دەگەڵ تەختەکە لە گۆشەیەکی هەرزاڵی دووکانەکە دایدەنا. ئیتر ئەوە کاری هەموو ڕۆژێیان بوو.
درنگانێک لای ئێوارێ و پێش بەرەوماڵ بوونەوە دووکانی بابم دەبوو بە شوێنی کۆبوونەوە، خالە محەمەد و کەریم بەفراو وئاغای زەبیحی و سەعید ئاغای مفتی و کاک لەتیفی یاهوو کۆدەبوونەوە بابم دەس بەجێ دەیناردمە لای مامە ڕەحمانی و دەیکوت بڕۆ بڵێ کەشەفێکمان چا بۆ بێنێ. ئیتر دەبوو بە بازاڕێ سیاسەت ، بی بی سی وای کوت، ئالمان وای کوت و گازەرد وابوو و واچوو.
ئێستا کە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە و لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ئاوڕ لە رابردوو دەدەمەوە بە تەواوی باوەڕ و هەست دەکەم کە ژیان تەنیا لە سێ بڕگەی زەمانی یەکجار کورت دا خۆ دەبینێتەوە ئەویش دۆینێ و ئەمڕۆ و سبەی کە هەرچەندنیش ساڵانێکی دوورودرێژ بژی یان کەم بژی دیسان هەر دۆینێ وئەمڕۆ و سبەینێ زیاتر نیەو ئەوان چۆن وا بە هاسانی هاتن و چوون ئێمەش هەروا ەو هاسانیە هاتووین و دەڕۆین.


No comments:

Post a Comment