Monday 27 February 2023

 تاڵە ژین


تاڵە ژین
شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە
٣٥ ساڵ دوای کۆچی مامۆستا هێمن غەدر هەر نەبڕایەوە
هێمن ئەو شاعیرە هەست ناسکەی کە بە دەست تێوەردانی حیزبی توودە لە کاروباری حیزبی دێمۆکڕات لە ڕێگای چەند کەسێکی سەر بەو حیزبە وەک فاروقی کەیخوسرەوی بە پێچەوانەی باوەرەکانی خۆی ڕەگەڵ ڕەوتێک کەوت کە لە ڕووی سیاسییەوە هیچ هاوتەریب و هاو هەڵویست نەبوو دەگەڵیان دا.
مامۆستا هێمن وەک زۆر شاعیری سیاسیی کورد کەسێتێکی ٢ لایەنەی هەبوو، یەکەم شاعیر بوو دووهەم سیاسیی و لە حیزبێکی سیاسیی دا ئەندام بووە. هیچ گومان لەوە دا نیە هێمن لە ڕووی سیاسییەوە تووشی هەڵەیەکی گەورە هات و بەداخەوە لە لایەن چەند کەسێکی ڕاسپێردراو لە خشتە چوو و دەداوی گەمە سیاسیی و حیزبی وباندبازییەکان کەوت و لەو ڕووە و زەبرێکی گەورەی لە خۆی دا. بەڵام خەتا کار کێ بوو؟ سەبەبکار کێ بوو؟ ئەوە لەو نووسینە دا قامک لەسەر هۆکارە سەرەکیەکانی هەڵەی سیاسیی مامۆستا هێمن دادەنێم.
بەڵام بۆ ئەوەی هێمن بناسین پێویست بەوە ناکات کەس خۆی پێوە هەڵاوەسێ و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی تەنانەت دوای مەرگیشی کەڵکی نابەجێ لەو ئینسانە پەپوولەییە وەرگرێ.
هێمن وێڕای ئەمە کە چەندین ساڵ ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات بووە و ماویەکیش ئەندامی ئیفتیخاری کومیتەی ناوەندی بووە بەڵام زیاتر وەک شاعیر ناسراوە تا سیاسیی و حیزبی. کە باسی دەکرێ بۆ یەک جاریش لای هیچ کوردێک لانی کەم پێش شاعیریەتیەکەی وەک ئەندامی حیزب ناوی نەهاتووە و باسی ناکرێ، واتە هەمیشە وەک شاعیر ئەویش شاعیری گەل جوانترین پێناسەی دوکتور قاسملوو بۆ هێمن دەناسرێ.
هەر بۆیە پێویست ناکا بۆ ناسینی مامۆستا هێمن نە ڕاو بۆچوونی هەندێک کەسی بیر تەسک وبێ ئیسناف وەرگرن کە کاتی خۆی سەبەبکار بوون کە هێمن لە ڕووی سیاسیەوە توووشی هەڵدێر بێ. ئەو کەسانە ئێستاش پێیان وایە ساڵی ٦٠ و ٦١ی هەتاوییە وبەنیازی تۆڵە کردنەوە لە حیزبی دێمۆکڕات هەر وەک پێشوو دەدوێن وئێستاش لە مێژوو وشیعر و خۆزگەکانی هێمنی هەرگیز نەمر کەڵکی نابەجێ وەردەگرن و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان لەسەری دەدوێین. هەر لەو پێوەندیە دا بۆچوونی حیزبی دێمۆکڕاتیش وەر مەگرن بەڵکوو بگەڕینەوە بۆ شێعرەکانی هێمن کە قسەی دڵی خۆی تێدا کردووە. باشترین سەرچاوە بۆ ناسینی مامۆستا، چ پێش وازهێنان لە حیزب و چ دوای ئەو کاتە شێعرەکانیەتی، جا ئەو شێعرانە چ پێش ئەوەی بە فیتی چەند کەس سەر بە حیزبی توودە لە سەداقەت و پاکی مامۆستا کەڵک وەرگیرێ و لە حیزبی دێمۆکڕات داببڕێ و چ دوای ئەو مێژووە.
ئەگەر بێ لێکدانەوەی شێعرەکانی مامۆستا هێمن بە کورتی و بە کوردی هۆکاری دابڕانی لە حیزبی دێمۆکڕات دەست نیشان بکەین و ئەگەر کەس خۆ لە حەقیقەتی مەسەلەکە لا نەدا ئەوە ئەو هۆکارانە لە دوو خاڵ زیاتر نین:
مامۆستا هێمن بە دووهۆکار لە حیزبی دێمۆکرات دابڕا:
١- چەند کەسی بە ناو حیزبی و یەک لەوان فارووقی کەیخوسرەوەی بە دەسیسە و پیلانی حیزبی توودە چوون دەبن مامۆستا هێمنەوە و بە قازانجی بیری تەسلیم تەڵەبی خۆیان فریویان دا و بە رواڵەت ڕەگەڵ خۆیانیان خست، ئەو کارە گەورەترین خەیانەت بوو دەرهەق بە خۆشەویسترین شاعیری نەتەوەیی و قاسملوو گوتەنی شاعیر گەل. حیزبی توودە بەو دەستوەردانە بێجگە لەوەی کە گەورەتربن خەیانەتی بە بزووتنەوەی هەقخوازانەی گەلی کورد کرد و بەشێکی بەرچاو لە کادرە دڵسۆزە و بە وەجەکانی لەو حیزبە دابڕاند، هێمنی شاعیری بۆ مەڕامی سیاسیی خۆی بە دەستی کەسانی بەستراوە بەتوودە لە ناو حیزبی دێمۆکرات دا فریودا و لە کارێکی وەردا کە هەرگیز دەگەڵ خوو خدەو باوەرەکانی ئەو نەدەهاتەوە.
٢- لە ناو حێزبی دیمۆکراتیش دا وەک پیشەی هەمیشەیی ئەو حیزبە چەند کەسی دیاری ناو حیزب دەرکی رووح و ڕەوانی مامۆستا هێمنیان نەکرد هەر بۆیە مامۆستا هێمن بێزار لەو وەزعیەتە بە نابەدڵ ڕەگەڵ ڕەوتێک کەوت کە هەرگیز بە کردەوە باوەڕی پێی نەبوو. ڕەنگە ئەوە هۆکاری دووهەم بێ کە هێمن لە داخان دەداوی ئەو چەند کەسە بکەوێ و لە ڕووی سیاسییەوە لانی کەم بە ڕواڵەت ئەو زەربەیە لە خۆی و مێژووی خۆی بدا.
دوای مەرگی هێمن زۆر کەس و لایەنی دۆڕاوی سیاسیی هەوڵیان دا کە هێمن لەخەڵک و لە حیزبی دێمۆکڕات داببڕن و بە قسەی بێ بنەما وبوختانی ناڕەوا ویستیان پەیرەوانی شێعری هێمن لە حیزب بڕەنجێنن. بۆ؟ چون حیزب بە هێمنی کوتووە جاش؟ ئەوان کەسان هەر بە نەفەسی ڕق و بێزاری جارانیان ویستوویانە دوای مەرگی هێمنیش ئەو ئیسنانە کورد و نیشتمانپەروەرە بکەن بە ئامرازێک بۆ بیرە ژەنگهەڵگترتووەکانیان و دوای دۆڕانی ستراتیزی-سیاسیی خۆیان حیزب بەوە تاوانبار بکەن کە گۆیا بە هێمنی گوتووە جاش! ئایا یەک کەس هەیە لە ئەدەبیاتی حیزب تەنانەت ئەو کاتی کە حیزب لە ژێر سەخترین گوشارەکان دابوو لە لایەن ڕێژیم و خەنجەری خەیانەتی لە پشتەوە ڕا لێدرابوو، یەک ڕستە بدۆزێتەوە کە بە هێمنی گوتبێ جاش!
مرۆڤ حەیفە بۆ بردنە پێشی باوەڕە چەوت و دۆڕاوەکانی خۆی ئەوەندە بی ویژدانانە بدوێ و دوای نەمانی هێمنی شاعیری عەشق و ئازادی بە زمان ئەو ئیسنانە شۆڕشگێرە کوردپەروەر ونیشتمان پەوروەرە تەنانەت درۆ هەڵبەستی و وای بنوێنی کە دژی حیزب بووە!
لە دەست بەسەر کرانی دەستەیەک لە کادرەکانی حیزب دا کە بە تۆمەتی توودەیی یان کۆنگرەی ٤ ی دا دست بەسەر کران ومامۆستا هێمن یەکێک بوو لەوان، من یەک لەو دەستبەسەر کراوانە بووم، نامهەوێ ناوی کەسەکان بێنم بەڵام هەموو ئەوانەی ماون ولە لە مزگەوتی دۆلەتوو بە سیاسەتێکی هەڵەی تەشکیلاتەکانی ناوچەیی حیزب ویەک لەوان هی تەشکیلاتی مەهاباد لە ژێڕ چاووەدێری دابووین ئەو کات مامۆستا هێمنیان دیبوو کە یەک تۆز لە سیاسەتی گشتی حیزبی توودە نزیک نەبوو و بە مووش لە سیاسەتی حیزبی دێمۆکڕات دوور نەکەوتبۆوە. ئەو هەمان مڕۆفی شۆڕشگێری جاران و هەمان شاعیری گەل بوو کە دەیگوت:
هەتا دۆژمن نەگەوزێنێ دەخوێنم
دەخوێنم بۆ گەلی خۆ هەر دەخوێنم
داستانی گیرانی مامۆستا هێمن
زۆر جار لێڕەو لەوێ دەبیسینەوە کە حیزب مامۆستا هێمنی گرتووەو زیندانی کردووە، با لە پێشدا ئەوە بڵێم کە کاری حیزب لە دەسبەسەر کردنی هێمن نەک زیندانی کردنی بە هیچ لەونێ پاساو نادرێ و لەجێی خۆیدا نەبووە و حیزب تا هەیە دەبێ باجی ئەو هەڵەیە بدات، بەڵام لەو دەسبەسەر کردنە دا هێمن تەنیا نەبوو، من و چەند هاوڕێی دیکەی حیزبیش میوانی بەئیجباری حیزب بووین. یەکیان رەحمەتی یوسف رزوانی بوو ئەوانی دیکە ماون نامهەوێ ناویان بێنم، بەڵام زۆربەیان ئەو پۆستە دەبینن و دەتوانن ئەگەر لەو بارەوە هەڵەیەکم کردبێ یان ناڕاستییەک لە نووسینەکم دا هەبووبێ لە بن ئەو بابەتە بنووسن و هەڵەکەم راست کەنەوە.
من لە دوای کۆنگرەی ٥ لە حیزب دانیشتم و ڕووم لە چیاکانی باشوور کرد و چووبوومە لای حیزبی شیوعی عیرا ق، ماوەیەک بوو لەوێ لای هاوڕێیانی شیوعی بووم بەڵام کتێبخانەیەکی باشم هەبوو لە لە گوندی ئەحمەد بریو بە ئەمانەت دامنابوو. پاش ماوەیەک مانەوە لای حیزبی شیووعی داوام کرد کە بچم کتێبەکانم بێنم کە بەشێکی بەرچاو کتێبی کوردیشیان لە ناو دا بوو، بەرەو گوندی ئەحمەد بریو وڕێ کەوتم.
لە دەشتی ساوان بازاڕچەیەکی لێبوو لەوێ لامدا، ساردییەکم بە دەستەوە بوو چاوەڕێ بووم ماشێنێک _ سەیارەیەک بەو ناوە دابێ و بڕێک لە "ئەحمەدبریو" نزیکم کاتەوە. لە نەکاو لەندرۆوێرێک پەیدا بوو کە بەڕێز مامۆستا گۆران بەرپرسی بەشی قەزاییی حیزبی تێدابوو. پاش سڵاو چاک و چۆنی کوتم مامۆستا لە گەرانەوە دا ئەگەر ئیمکانی هەبێ تا نزیک ئەحمەدبریوم بەرن، ئەو کاتی چۆکێکم دێشا بە ڕاستی لە دابەزینی هەورازکاندا زۆری عەزیەت دەدام. . ئەوە بوو مامۆستا کوتی زۆر باشە و پاش ماوەیەک دەگەڵ یەک دووپێشمەرگە سوار بوو و منیشی بانگ کرد و سواری لەندرۆوێرەکە بووین. لە ڕیگا دا کوتی کاک برایم لە دەفتەر کاریان پێتەو دەگەڵمان وەرە سەردانێک بکە و دوایە بگەڕێوە ئەحمەد بریوو! منیش زۆرم بە لاوە سەیر بوو کوتم جا دەفتەر چ کاری بەمنە؟ کوتی وەڵا نازانم با بچین خۆت قسەیان دەگەڵ بکە، ئیتر ئەو دەفتەر دیتنە بۆ بە دەسبەسەر کرانم و کاتێ گەیشتمە شێوە جۆ و شەو لەوێ نووستم هەر بیری دەسبەسەر کرانم نەدەکرد. کەچی مەلابانگدانێ یەکیک لە کەلەکەی کوتام:
ئەتۆ مەلا برایمی؟
بەڵێ چ بووە بەو نیوە شەوە!
هەستە وەپێشمان کەوە!
ئیتر وەک بت بەن بۆ ئێعدام وە پێش خۆیان دام بۆ دۆڵەتوێ و تا هەوا ڕووناک داهات و گەیشتینە نێو مزگەوت بەو شێوەیە پێشمەرگەیەک لە پێش ویەک لە دوا دەست لەسەر تفەنگ بردیانم. دۆڵەتووی گەورکان پشت شێوە جۆ( ئەو دۆڵەتوویە دەگەڵ زیندانی دۆڵەتوو جیاوازە ئەمەیان هەر لە تەنیشت سەرکردایەتی حیزب بوو و زیندانی لێ نەبوو).
کە چوومە نیو مزگەوت کۆمەڵێ کادر وئەندامی حیزبی لێ بوو بە پێکەنینەوە کوتیان هەی بەخێری وەرە بابە لە مێژە لێت دەگەڕێن! ئیتر لەو مزگەوتە وابزانم نزیک مانگ و نیوێک ماینەوە لە راستی دا زیندانی نەبووین، لە ژێر چاوەدیریش دانەبووین چون دەیانزانی هیچیان دژی حیزب نین ، هەر بۆیە دوو پێشمەرگەیان بۆ دانابووین کە ئەوانیش وێڕای ئێمە لە مزگەوتەکە دەیانخوارد و دەنووستن، لێنان و خواردن و ئامادەکردنی خواردن لە ئەستۆی هەموومان بوو. وابزانم نزیک مانگێک بوو لەوێ بووین. من و ج -ح وەک هەمیشە لە بن سێبەری داران و تەنیشت جۆگاوێکی بچووک پەتوویەکی سەربازیمان راخستبوو و دانیشتبوون.
دیتمان یەکێک بە سواری ئەسپ پەیدا بوو دوو پێشمەرگەی دەگەڵ بوون ، یەکیان ڕەشمەی ئەسپەکە دەکێشا و یەکیشیان لە دواوە دەڕۆیی. دوور ونزیک بە سەرسووڕمانەوە دیتمان مامۆستا هێمنە.
ئیتر بردیانە ناو ژووری مزگەوتەکە من وئەو هاوڕێیەش دەس بەجێ گەڕاینەوە نێو مزگەوت و سڵاو و چاک وچۆنی لە مامۆستا و ئەوانی دیکەش دەورەیان دا، ئیدی هەم خۆش بوو کە دوای ماوەیەک لە نزیکەوە مامۆستا دەبینین و هەمیش ناخۆش بوو چۆن مامۆستا هێمنیان دەسبەسەر کردووە؟
هێمن بە هاتنی حاڵ وهەوای نێو مزگەوتی گۆڕی و بە قسە خۆشەکانی و شیئعر و گێڕانەوەی بەسەرهات رووحێکی تازەی بەبەر ئەو خەڵکە دا کرد کە ناڕەحەت ونیگەران بوون لەوەی حیزب بۆ ئەوانی دەس بەسەر کردووە؟
ماوەی ڕەنگە نزیک دوو حەوتوو ئەوندەی من لە بیرم مابێ حیزب ئەو کەسانەی کە لە لە خۆڕا و بە هەوەس و بە ئێشتیای هەندێ بەرپرسی تەشکیلاتەکان گرتبوونی ئازاد کرد وهەر کەسەو بەلایەک دا ڕۆیی. من ومامۆستا هێمن و ج- ح تا ڕەبەت بەیەکەوەهاتین، لەوێ مامۆستا ڕووی لەئێمە کرد و کوتی چ دەکەن؟ منیش وڵامم داوە کە دەچینە لای حیزبی شیوعی عیراقی ولەوێ دەمینینەوە. ئەوە قسەی کۆتایی و دوا وتەی مامۆستا هێمن بوو بە شاهیدی ئەو دۆستە:
" ئای کە کاری چاک دەکەن سەت بریا منیش توانام هەبا و هاتبام دەگەڵتان و لەوێ مابامەوە بەڵام شەکەت وماندووم، پیر بووم کاکە ! دەچم لە گوندەکەی خۆم لە شیلاناوێ دەمێنمەوە بزانم چارەنووس بەرەو کوێم دەبا".
مامۆستامان لە ئامێز گرت و بە چاوی پڕ لە فرمێسەکەوە ماڵ ئاواییمان لێ کرد. و ئێمە بەرەو خڕی ناوزەنگ و مقەڕی حیزبی شیوعی وەڕێ کەوتین.
ئیتر ئەوە داستانی دەسبەسەر کرانی مامۆستا بوو. دیسان لێرەوە دوای ئەو غەدرەش لە مامۆستا بەڵام مامۆستا هەر دڵی لای حیزب وبەرخۆدانی هاوڕێیانی بووە، ئەو خۆی ڕەنگە لە ناو حیزب دا ناکۆکی دەگەڵ هەندێ کەس هەبووبێ بەڵام هەرگیز ئەو ناکۆکیانەی بە هەموو قیمەتێک نەدرکاندووە. هەربۆیە تکایە بۆ مەرامی تایبەتی و بە قازانجی بیرو ئیدئۆلۆژی خۆتان کەڵکی نائینسانی لە هێمن و هەڵوێستەکانی وەرمەگرن.
کاتی مامۆستا هێمن لە سروە کاری کردووە هەندێ هاوڕێ و دۆست وناسیاوی من لەوێ کاریان کردووە. یەکیان(ع) دەیگێڕایەوە:
ڕۆژێک پاسدارێکی بەرپرسی سروە یان بەرپرسی ئۆرگانێکی سروە کۆی کردبوویەینەوە قسەی بۆ دەکردین. مامۆستا هێمن لەو کۆبوونەوەیە بوو. کابرا ڕووی لە هێمن کرد و گوتی ئیوە کاری چاکتان کردوە ڕیزی زیدی ئینقلابتان بەجێ هێشتووە ، ئاخر کورد بۆ دەبێ دەداوی کەسانی وەک قاسملوو کەوێ کە کورد نیەو تەنانەت کوردیش نازانێ! ئەو دۆستە بەحەماسەتەوە دەیگێڕایەوە کە مامۆستا لێی وەدەنگ هات وکوتی:
" ئەتۆ پێتوایە چون من دەگەڵ حیزب تووشی ناکۆکی و کێشە بووم هەرچی کوتت بۆت دەسەلمێنم، ئەگەر دەتهەوێ بزانی قاسملوو کوردی زانیوە یان نا بچۆ بەیەکێک بڵی با پێشەکی تاریک و ڕوونت بۆ شی کاتەوە بزانە قاسملوو کوردی زانیوە یان نا!"
مامۆستا هێمن یەکەم، ئەو کەسە نەبوو وازوو ڕەوتی تەسلیم تەڵەبی هەڵبژێرێ. ئەو باوەڕی بەهیچ جۆرێ بە ڕێژیم و بەو دەسگا وسیستەمە نەبووە وتا دوا هەناسەش هەو روا ماوەتەوە، دووهەم ئەو لە خۆشەویستی حیزب و پێشمەرگە دانەبرا، هەرگیز هیچ کەس نەیدیت سەرەڕای ئەو غەدرەی تەشکیلاتی مەهاباد وحیزب لێیان کرد یەک وشەش دژی حیزب لە هیچ جێگایەک بدرکێنێ. دەڵێین نا، بارگەی یاران یەکێک لە دوایین شیعرەکانی مامۆستا هێمن خۆی وڵامی زۆر پرسیاران دەداتەوە:
دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چبکەم؟
کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چبکەم؟
قەدی ئەو شۆخە وەکو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکو ماڵی کەوان من چبکەم؟
تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چبکەم؟
زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چبکەم؟
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندەخەوان من چبکەم؟
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی (گەلۆ) و (نیوەشەو) ان من چبکەم؟
بارگەیان تێکەوە پێچا و بەڕێ بوون یاران
لەدنێ وا بەتەنێ پاشی ئەوان من چبکەم؟
ژیانی من ئێستە وەکو خۆری دەمی زەردەپەڕە
پێم نەما تین و گوڕ و هێز و تەوان من چبکەم؟
سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چبکەم؟
ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چبکەم"


No comments:

Post a Comment