Saturday 8 October 2016

خۆتان شڵوێ مەکەن ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئێمەیە

خۆتان شلوێ مەکەن ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئێمەیە
کە حدکا لە یەکەم چوونەوە ناوخۆی ئەمساڵیدا زیاتر لە دە شەهیدی دا ناڵێم هەموو بەڵام زۆر کەسی سەر بەلایەنەکان لەجیاتی هاودەردی دەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان خوێیان بە برینان دادەکرد. دەیان کوت چۆن پێشمەرگە دەبێ دەخانوویەک دا لە کەمین کەون؟ ئەوە کەی پێشمەرگایەتیە؟ حدکا گیانی پێشمەرگەکانی بۆ گرینگ نییە و .... بەشێک لە قسەکە ڕاست بوو بەڵام کاتی نەبوو.
کە حدک لە چەند ڕۆژی رابردوودا پێشمەرگەکانی لە دەوروبەری سەردەشت بەسەر تەڵەی تەقینەوەی دوژمن دا کەوتن دوو شەهید و یەک برینداریان دا، کەم نەبوون ئەوانەی لە لایەنەکانی دیکە هەمان خوێندنەوە و هەمان هەڵوێستیان بۆ حدک هەبوو. زۆر بەڕاشکاویش کاک حاجی ئەحمەدی هەردووک لای کردە ئامانجی گورزی قسەکانی کە چۆن دەبێ هاوار بکەی ئەوە هاتم و ئەو دێم و خولاسە تا گەیشتە نەقڵی پشیلەڕەشەی مەشهوور.
ئێتستا کە گریلا لەکەمین کەوتوون و دوازدە کەسیان بە دەستی هێزە دژی بەشەریەکانی رێژیمی فاشیستی مەسەبی ئێران شەهید بوون لێرەو لەوێ هەمان کاریان کرد، بەناوی دڵسۆزی و بە ناوی نیگەرانی وپێناخۆش بوون وێنەی شەمزاو وتەرمی کوڕ و کچە گریلای شەڵاڵی خۆینیان بڵاوکردەوە ......
خۆ شلوێکردنی ناوێ، تووڕە بوونیشی پێویست نبیە، نەسیحەتکردنیش کار ساز نیە، یەکەم ئەوە راستی ناخی کۆمەڵگای ئێمەیە، ئەوە حەقیقەتی ئەو گەل و نەتەوەیەیە کە دەبوو چون یەکێک لە دەگمەن نەتەوە و گەلانی بێ ئالا وبێ وڵاتە لە هەموو میللەتێک یەکگرتووتر با، بەڵام نین، شپرزە و پەرتەوازە و دوژمن بەیەک، دوژمن لێمان دەکوژێ ئێمە خەریکین دەیکەیەن بەهانە بۆ کوتانی لایەنێکی دیکەی حیزبی، لە سیاسەت و هەڵسوکەوتدا شکستێک دەخۆین خەریکین خەڵکی دیکەی پێتاوانبار دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان لە ژێرباری ڕەخنە قوتار کردبێ. بەشکستی لایەنێک خۆشحاڵ و بەسەرکەوتنی خەمبارین، لێرەدا ئەگەرچی ئەمە بەشەخسیش هەڵکەوتووە بەلام بە گشتی ئەوە پەروەردەی هەموو حیزبەکانە ، ئەوان وایان دەوێ، کەسیان و هیچ لایەنێکیان ئامادە نییە پەروەردەیەکی ئەخلاقی و شۆڕشگێرانە بکاتە بنەما وئەگەر کەس لێێ لادا ئەوا سزای بدەن، لە ناو تەشکیلات و حیزب و رێکخراوەکدا دەری بکەن. نا ئەوان ئەو خەڵکەیان وا بار هێناوە. خەڵکی وایان پێویستە.
کابرا رۆژنامە نووسە، خۆی پێ ڕۆشنبیرە و چالاکی سیاسییە، چەندین ساڵە لەهەندەران دەژی، بە درۆ و بە خۆ هەڵاوەسین بە فڵانە حیزب و رێکخراوی سیاسیی رۆژهەتا ئێوارێ پێشەی بۆتە جنێودان بەم و بەو، کەس نییە شووڵێک دەست داتێ و دووی لە لمبۆزی دا و هەسی داتەوە! دەی ئەو کۆمەڵگایە بۆ و‌ێران نابێ و بۆ دا ناماڵرێ لە ئەخلاق و بۆچی بێ دایک وباب و سەرسەری و جنێو فرۆش دەسەڵاتی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەستەوە ناگرن.
خەسارەتی لەدەستدانی ئەو پۆلە ئینسانە ئەویش وا سووک و هاسان جگە لەمەی کەهەیبەتی ئەو هێزانەی شکاند کە نماد و سیمبولی کورد و بەرخۆدانی کوردانن ، رواڵەتێکی بەهێزیشی بەڕێژێمێکی گەندەڵی سەرتاپا پڕ لە کێشە و قەیران بەخشیوە. خۆ لەو ناوەدا هێزەکان هیچیان تاوانبار نین. چ گریلا و چ پێشمەرگە لەو خەسارەتانە دا هیچ تاوانێکیان نییە، ئاخر ئەوان نە وەک گریلاو نەوەک پێشمەرگە ناچنەوە ناوخۆ و هیچ خەباتێکی چەکداریش لە گۆڕیدا نییە، بەڵکوو ئەوە تەنیا نمایشێکی چەکداریە کە زیاتر حیزبەکان لە رقی یەکتری دەیکەن. خۆ پێشمەرگەش لە هەموو خەسلەتەکانی خۆی تەنیا ناو و تەنیا باوەڕی خۆی دەباتەوە ناوخۆ نەک خەسلەتەکانیتر.
گرفتی هەرە سەرەکی لەو کارەساتانە دا لێرەدایە کەئەوەی لەوچەند ساڵەی دوایی دا لە ڕۆژهەڵات کراوە خەباتی چەکداری نەبووە. ئەمە چوونەوەی پۆلێ کادر وپێشمەرگەی حیزبەکان بووە بۆ کاری ڕێکخستن جا ئەگەر دەکەمین کەوتبن کە تێ کەوتوون و ئاکامەکەشمان دیتووە ئەودەم کە ئیتر دوژمن بە دڵنیاییەوە باڵادەست بووە دەستیان کردۆتەوە نەک بۆ ئەوەی زەبر لە دوژمن بدەن تەنیا بۆ ئەوەی خۆ دەرباز کەن و نەجاتیان بێ لە کەمینەکە.
ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای کوردی و حەقیقەتی حیزب ومەسەلەی چوونەوەی پیشمەرگە وگریلایە، کەوایە بە براوی من دەبێ حیزبەکان، ئەوانەی بە نیازن پێشمەرگەیان لە ناوخۆ هەبێ بیرێک و چارەیەک لەو ستەمە بکەنەوە کە دەرهەق بە پیشمەرگە دەیکەن، ئەگەر پێشمەرگە دەچێتەوە دەبێ وەک پێشمەرگە بچێتەوە ناوخۆ، ئەو پێشمەرگەیەی دوژمن بە بیستنی ناوی چۆکی دەلەرزێ، لەبیرمە کاتێ دەیان کوت حیزب دەمەنتەقە دایە لە ٢ ی پاش نیوەڕۆ بەولاوە هیچ ماشێنێکی سپا و هیزە ئینتیزامیەکان بە هیچ جادەیەکی ئەو ناوچەیەی دەنگۆی حزووری پێشمەرگەی لێ هەبوو هامووشۆی نەدەکرد. ئێستا پێشمەرگە بۆ کاری رێکخستن دەچێتەوە ؟! پێشمەرگە و کاری رێکخستن ئەویش لەو دەروزەمانەدا؟ بۆ کاری رێکخستن ئێستا دەیان رێگای سالم و بێ مەترسی پێوەندی گرتن هەیە. ئامرازی پیوەندیگرتن یەکجار زۆرە، تەلەویزیۆنەکان هەموو شەوێ و هەموو ڕۆژێ ئیوە وباوەڕ و بۆچوونەکانتان دەبەنەوە ناوخۆ و بۆ کاری رێکخستن پێویست بە ناردنەوەی نیشانەی بجووڵ ناکا!
یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کورد وکوردستان بەخێر

No comments:

Post a Comment