Wednesday 23 November 2016

تاڵە ژین



شاهیدیەک بۆ مێژوو ١
تاڵە ژین
من کە چوومە ناو حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ووەک ئەندام و پێشمەرگە دەستم بە کار کرد. گەنجێکی ٢١ ساڵە بووم. بەڵام زیت و وریا و چوست وچالاک، لە گرتنی شارەبانی مەهاباد دا دەستی باڵام هەبوو ئەگەرچی پێش گرتنی شارەبانی لەترسی گیران هەڵاتبوومە سنە و لە ماڵی کاک عەبدوڵای حوسێن پوور دەمامەوە کە کوڕە خاڵ و مامۆستای کوردایەتیم بووە.  تا ئەو شەوەی کە ئیتر بۆ بە هەرا کە شا سبەی بارگەی تێکدەنێ و بە بارەگە تێکنانیشی قوڕێکی خەستتر لە قوڕی دەشتی شاماتی بەسەر سەری میلەت وگەلانی ئێران دادەکا. ئێران لە ئاوری خەڵاسی دەبێ و تووشی لافاو و سێڵاوی بێئامانی دڵڕەشتریبن ئینسانەکان دەبێ.
 کە شارەبانی گیرا دەسبەجێ هێرش  برایە سەر ستادی ژاندارمەری. سەرەتا لە ستادڕا تەقەیان کرد و ئێمەش بێچەک خۆمان وەپەنا گۆشە خەیابانی پەهلەوی ئەوکاتی دابوو، رووبەڕووی بانکی سپە لەو بەری نزیک مەیخانەکە خۆمان بە دیوارییەوە نووساندبوو، تەقە هێندەی نەبرد ئەوجار بڕێک خەستتر بوو، یەکێک بە جلی کوردی لە بن شێرەبەردینەکان درێژ ببوو و تەقەی لە قاتی سەرووی ستاد دەکرد کە لەوێڕا تەقەیان لەخەڵک دەکرد. دوایە بیستمەوە کە کوتیان ئەوە مینەی کاکە سواری بووە تەقەی لە ستاد کردووە کە بەداخەوە دوایە چەکی بۆ ڕێژیم هەڵگرت و بەدەستی پێشمەرگەش کوژرا.
 دوای ئەو تەقەیە خەڵکی وەهای هێرش بردە ناو ستاد کە کەس لەبەر پاڵەپەستۆ دەدەرگا زەلامەکەی ستادەوە نەدەچوو. سەیریش ئەوە بوو کەس نەیزانی ژاندارم وئەفسەر و دەرەجەداری ستاد بە کوێدا هەڵاتوون و بۆ کوێ چوون. نازانم چەندی پێچو بەڵام کەمتر لە سەعاتێک ستاد ئاداری بەسەر پاداریییەوە نەما و هەر بابا بوو بڕنەوێک یان ژ س ییەک بەدەستەوە و لە دەرگای ستاد دەهاتە دەرێ. من لەو هەڵمەتە دا بڕنەوێکی درێژم دەسکەوت. کە دوایی تەسلیمی مزگەوتی هەباس ئاغام کرد کە لەوێ گۆیا چەکیان وەک کومیتەیەک خڕدەکردەوە و ناویان دەنووسی و دوایە دەماندەنەوە کە قەتم چاو پێێ نەکەوتەوە. دوای ئەو هێرش وپەلامارە ئەوجار هێڕشمان بردە سەر هەنگی ژاندارمەری کە نزیک سێ ڕێیانی وەفایی و "کوی فرح" بوو. لەوی تا دیوارکونکردنیش چووینە پێش، وردە وردە تاریک دادهات و وابزانم خەڵک دەستیان بە هێندێک چەکوچۆڵ راگەیشتبوو کە گرمە و قرمەیەکی سەیر پەیدا بوو، لە نەکاو کوتیان تانک لە پادگانێڕا هاتوون و خەڵکیان وەبەر گولـلەداوە، چەند کەسێک کوژراون و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئیتر دەستمان بە کشانەوە کرد و تانک هاتنە سەر سێ ڕێیانی وەفایی و لای شێروخورشیدی قەدیمیش. ئێمە لە ترسی دەسڕێژی گولـلە خۆمان بە مالێکی داکرد کە ئەوەندەی لەبیرم بێ ناوی کابرا رەحمان بوو. کڵاو جەمەدانی لەسەر، هەر کەس هاتبا ژوور لێێ دەپرسی کوڕی کێ، ئەویش دەبوو خۆی ناساندبا، کە گەیشتە من کوتی کوڕی کێێ، کوتم کوڕی حاجی جانگیریم، هەرای کرد سمایل وەرە خزمەکەشت بە چەکەوە پەناهەندە بوو. کە سمایل هات رەحمەتی کاک سمایلی شەڕافەتی. ماڵی کاک ڕەحمان یەکی دیکە نەدەبرد وابزانم نزیک ٣٠ کەسی تێدا بوو. جگە لە من چەند کەسی دیکە چەکیان پێبوو.
درێژەی هەیە.

No comments:

Post a Comment