Monday 2 November 2015

لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا


لە یادی محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی دا



محەمد حەلاق کادرێکی سەربازی و فەرماندەیەکی بەوەج و چاونەترسی حیزبی شیوعی عیراق بوو. لە بنەماڵەیەکی شەهیدپەروەری کوردپەروەربوو، ئازا و چاونەترس بوو، لە دەشتی هەولێر بە جیڤارای کوردستان دەناسرا ،باڵابەرزی سمێڵ خورمایی، هەمیشە دەم بە خەندە، من نێوانم دەگەڵی زۆر خۆش بوو، کاتێ لە پشتئاشان و لای هاوڕێیانی حیزبی شیوعی دەژیام تا هاتبایەوە ئەو ناوە دەرفەت هەبا یەکترمان دەدیت،ئەو لوتفی دەگەڵ ئێمەی رۆژهەلاتی هەبوو، بەتایبەتی کاک ئەفراسیاب هەورامی هەمیشە لەدلدا زیندوو و منی هەر دەدیت. دوای شەڕی پشتئاشان و دوای داگیرکردنی پشتئاشان لە لایەن یەکیەتیەوە و کوژرانی نزیک ٨٠ کەسی شیوعی محەمەد حەلاق بەجارێ سیمای گۆڕابوو، ئیتر هەر کات دیتبات لە جیاتی زەردەخەنە و بزە شیرینەکانی نیوان دوو برۆیانی گنجی پێوەدیار بوو، خەمناک ... خەمێکی قووڵ کە وەک مەتەڵێکی تەمو مژاوی کەس ماناکەی بۆ لێکنەدەدرایەوە.


کوردستان ئازاد کرا و پارتی ویەکیەتی هەر یەکەوە دەفەرێکی بۆخۆی بڕدا و خەڵک بە لێشاو ڕوویان لەو دوو حیزبە کوردیە کرد. حیزبی شیوعی سۆڤیەت (شورەوی پێشوو) بە دوای هاتنە سەرکاری گورباچۆڤ و پرۆسترۆیکا و چاکسازی گۆرباچۆف لە بەر یەک هەڵتەکا، بە دوای ئەو دا هەر حیزبە کۆمۆنیستەی لە قوژبن و سووچێکی ئەم دنیایە هەبوو وەک پزدان دەپووچایەوە و لە بەر یەک هەڵدەوەشا! حیزبی شیوعی عێراقیش وێرای پێشینەیەکی زۆر خاوێنی سیاسیی و بوونی سەدان کادری بەوەجی کورد و سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە ڕیزی ئەو حیزبە دا لەو هەڵتەکاندنە بێبەری نەبوو، لە ناکاو هەڵتەکا و زۆربەی کادرەکانی روویان لە پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان کرد، بەلام محمەد حەللاق لە گەڵ هاوڕێ ئەبوو حیکمەت پارتێکی تازەی چەپی کوردیان دروست کرد بە ناوی پارتی کاری سەربەخۆ.

جارێکیان کە بە سەردان چووبوومە باشوور برادەرێکی کۆنە شیوعیم بینی کوتی محەمەد حەلاق هەواڵی پرسیوی، کوتم لە کوێیە زۆرم پێخۆشە بیبینم. کوتی وەڵا ئەوە لە کۆیەیە، هاتمە لای هاوڕێ شاخەوان و هاورێ هەوراز بە پرسیار ئەوانم دیتەوە و لە رێگای ئەوانەوە ماڵی کاک محەمەد و خودی کاک محەمەد حەلاقیشم دیتەوە، شەوێک میوانی بووم و زۆرمان باسی ڕابردوو و گۆرانکاریەکانی ئەم جیهانە و بەتایبەتی کورستان کرد. هەمان گوڕوتینی جارانی پێوەدیار بوو، دڵخۆش بوو بە رزگاری کوردستان بەڵام نیگەرانی داهاتوو بوو. باسی شیعرێکی منی کرد و کوتی ئەگەر لات ماوە تکایە نوسخەیەکم بدەیە، شیعرەکە ناوی "هەڵۆ تاکە" بوو و بۆ کارەساتی پشتئاشان و هێرشی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بۆ سەر هاوڕێیانی شیوعی نووسرابوو، سەرەتای ئەو شێعرە ئاوا دەست پێدەکا:
"هەڵۆ تاکە"
ئاسۆ لێڵ و وڵات کۆترێکی تاساوە
لەسەر بانی ماڵێکی چۆل هەڵکورماوە
تاریکایەکی سامناک
شار و گوندی داگرتووە
چەقولووری سەگی کۆڵان
لە هاتنی دزی شەو و
رێبوارێکی نائاشنا خەبەر دەدا
لە گوێسوانەی گوندەکانا
کوندەبوو تەقڵە لێدەدا
چاوی ئاسمان کز دەسوتێ
بزەی زەوی پڕوکاوە
مانگ ژنێکی چارشێو رەشە
ئەستێرەکان ڕووی دەڕنن
بزەی شیعری ئاگراوی
لە گێژاوی خەیاڵات دا حەپەساو..!

ئەوەم بۆ خوێندەوە، سەری لەبەر خۆی نا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و کوتی هەک ..... هەموو برینەکانم نوێ بوونەوە! ئاگام لێبوو دەفکرانەوە چوو، ناڕەحەت بووم و کوتم خۆزگە بۆم نەخوێندبایەوە. کاتی خۆی بەشێک لەو شێعرەم بۆ خوێندبۆوە، وابزانم لە سەفەری سووریا گەڕابۆوە و تیربارێکی بی کەی سی بەدەستەوە بوو، بیستبووی ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیانی پشتئاشان و کارەساتە لەبیرنەکراوەکەی کوتووە.

ئەوشەوە دوایین دیداری من بوو دەگەڵ کاک محەمەد و ئیتر نەمدیتەوە. لە مەهاباد و لە سەر دووکان بووم کە لە هەواڵەکان بیستم لە بازگەی کۆیە تەقە لە محەمەد حەلاق و هاوڕێیانی کراوە و شەهید کراون،رەنگە هەر هەمان بازگە بێ کە شەهیدانی دێمۆکڕاتی تێدا خەڵتانی خوێن کرا!

یەکیەتی زۆری خەڵک کوشتووە، هەر ئەو نا حیزبەکانی دیکەش زۆر جار دەستیان بە خوێنی خەڵکی سوور بووە، بەڵام ئەو تاوانەی یەکیەتی هەرگیز لە بیر هیچ ئینسانێکی بەوێژدان ناچێتەوە، ئاخر نە محەمەد حەلاق و نە حیزبەکەی ڕکەبەری یەکیەتی و هیچ حیزبێکی دیکەی باشووریان پێنەدەکرا ، ئەوان تازە بناخەی پارتێکی چەپی کوردیان دامەزراندبوو بەناوی پارتی کاری سەربەخۆ، بەداخەوە تا ئێستاش نازانرێ هۆکاری ئەو کوشتارە سامناک و جنایەتکارانەیە چ بووە، کێ بووە فەرمانی ئەو جنایەتەی داوە و بە دەستووری کام بەرپرسی یەکیەتی ئەو تاوانە نەبەخشراوە ئەنجام دراوە و چۆنە تا ئێستا هۆکاری ئەو کوشتارە دیار نییە؟

بەڵی بەداخەوە لە ڕۆژی 1995/11/2 و لە دەروازەی کۆیە دەستی ڕەشی تاوان لە ناو رێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەسڕێژی لەو کۆمەڵە تێکۆشەرە کرد و ئەوەی لەوێ شەهید کرا دەنا ئەوانی دیکە راگوێزران و پاشان هەموویان گوللە باران کران. ئەو تاوانە ڕاست وێنەی تاوانی شەهیدکردنی کۆمەڵێ کادر و پێشمەرگەی دێمۆکڕات تا هەتایە بە ناوچاوانی یەکیەتییەوە وەک پەلەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە . خۆزگە ئەوانەی ئێستا بوونە بڵیندگۆی ئازادیخوازی و دادپەروەری و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ئەو کەیسەیان زیندوو کردباوە و لانی کەمی هۆکاری کوشتنەکەیان بۆ خەلکی روون کردبایەوە.

یادی محەمەد حەللاق و هاوڕێیانی هەمیشە لەدڵدا زیندوو
نەفرەت لە بکوژان و نەفرەت لەوانەی وا بە هاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەکانەوە
نەفرەت لەوانەی کە ئاگایان لەو کارەساتە هەیە و تا ئێستا بێدەنگەیان لێکردووە.

No comments:

Post a Comment