Wednesday 27 May 2015

تاڵە ژین

تاڵە ژین
بۆچی نیگەرانم، بۆ بێ سڵ کردنەوە کورد کوشتن مەحکووم دەکەم!
 


تا ساڵی ١٣٥٧ و تا دژە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەری ئایەتوڵا خومەینی من زۆر باشم لەبیرە کە، ماڵمان لە گەڕەکی یەرغوو وکووچەی شیرکەتی نەفتی بوو، ئەوندەی من لەبیرم بێ زۆر منداڵ بووم کە لە نێو خزمان دا حاجی جانگیری بابم یەکەم کەس بوو کە خانووی لەو شوێنە دروست کرد کە پێی دەکوترا کووچەی شیرکەتی نەوتی، بەدوای ئەودا، ئامۆزا و بن ئامۆزاو و برا وبە گشتی بەشێک لە تایفەی جەهانگیری لەدەوری یەک کۆ بوونەوە، هەرکەسە و لە تەنیشت ماڵی ئێمە یان دوو خانوو خوارترو سەرتر یان ڕووبەڕووی ماڵە بابم خانوویەکی بچکۆلانەی ساز کرد.
 ئەوان بۆیە لە پەنا یەک و لەنزیک یەک سەریان پێکەوە نا و مالیان ساز کرد  تا ئەگەر کەسێک تەعەدای لێکردن بتوانن بەهاواری یەکترەوە بێن. هەر واش بوو یەکدوو شەڕ و نووکەشەری بابم و مامە حاجیملە خەڵکی لەبیرە کە چۆن لەسەر یەکیان کردۆتەوە دەگەڵ مەست و ئەو لات و لووتانەی بە مەستی بە گەڕەکی مەدا دەهاتن و بەتایبەتی کە ئەواکاتی ئیتر هەر یەک ماڵ لەدوای ماڵی ئێمەوە بوو، ئەویتر زەوی و مەزارایەک بوو کە گەنم و جۆ کەروێشکەی دەکرد. زستانان جێگا  ومەکانی تەپکەدانانەوە بوو.
 تاساڵی ٥٧ و تا هاتنی خێروبەرەکەتی ئیسلامی بۆ ئێران وبۆ کوردستان ئەو برایەتییەو ئەو سەمیمیەتە هەر درێژەی هەبوو، لەپڕ بوو بە هەرا و تەزاهورات و ڕاپەڕین و شا هەڵات و خومەینی جێگای گرتەوە. حیزب هاتەوە و مقەراتیان دامەزراند و کۆمەڵە دەفتەروبارەگایان کردەوە، چریک و حیزبی توودە و پەیکار و رەزمەندەگان و .... خۆلاسە مەهاباد بۆ بە مەهدی دێمۆکڕاسی! چ دێمۆکڕاسیەک لە پێشدا خەڵکیان لێک کردە دوژمن، برایان لەبرا هەڵبڕی، باب و کوڕیان لێک کرد و دایک و کچیان لێک هەڵاوارد. ئیتر ئینسانیەت بە گشتی باری کرد و ناویشی لە کوولەکەی تەڕ دا نەما.
 ئێمە دەگەڵ ماڵە مامە حاجی جیرانی دەرک بەدەرکێوە بووین، دیواری حەسارمان تەنیا چوارچیوەیەکی دەرکەی تێدابوو و قەتی دەرگا بە خۆیەوە نەدیت، واتە یەک ماڵ بووین. نیورۆیان چیشتی کام لا خۆشتر بوایە هەموو ڕوومان دەوێ دەکرد، کفتەی ئایەفاتم و خۆرشت و دۆکڵیوی دایکم بازبازدێنیان لە نێوان ئەو دوو ماڵە دروست کردبوو، لەپڕ یەکمان بووین بە دێمۆکڕات وئەو دیکە بوو بە کۆمەڵە،  ئەو نێوانە نەما، خوشکوبرایەتیمان چڕژی تێکەوت، وردە وردە بووینە دوژمنی قەستە سەر! دایکمان.....  بەڵی دایکی هەناسە ساردی من وهی منداڵەکانی مامە حاجیش کە هیچیان ئەلف وبێی سیاسەتیان نەبیستبوو نەک بیزانن! ئەوانیش لە سیاسەت وەردران،ئەوانیش لەبەر خاتری منداڵەکان لایەک دێمۆکڕات و لایەک کۆمەڵەی هەڵبژارد،  ئەوان ئێمەیان دەکوتا وهی ئێمە ئەوانیان دەکوتا. سفرەی هابەش کۆکرایەوە ، هاتووچۆ نەمان، لێک نەبان بوین، سەیر، وێرانیان کردین و هیچ بنەمایەکی ئینسانیمان لە نێودا نەما، دەمارگرژی حیزبی وکۆمەڵەیی بڕستی لە جەستەی برینداری کورد بڕی... وێران کراین...
 وێرانیان کردین، دایان پڵۆسین ودایان ماڵین لە هەموو نەریتێکی ئێنسانی، ئێستا پاش ئەو هەمووە ساڵە ئەو شتانەم دیتەوە بیر و نیگەرانم، ئەمن بۆیە بەڕاشکاوی مەحکووم دەکەم، ترسی ئەوڕۆژەمە کوڕی دێمۆکرات و پ ک ک هەر یەکەو لە پێگەیەکەوە تەقە لەوی دیکە بکا و بیکوژێ و بە خەیاڵیشی دانەیە کە چ کارەساتێک لەسەر دەستی ئەو و بە گوللەی ئەو خەریکە ڕوودەدات! ئاخر ئەوان بە پرۆژە پەروەردە دەکرێن ولە کاتی پێویستداکورد کوشتن بە شانازی و بە سەرکەوتن دەزانن!   بەڵێ ئەمن ترسی ئەو ڕۆژەمە نەزانین بۆ کێ پرسە دابنین و نەزانین سەرەخۆشی لە کێ بکەین و چ ناوێک لە گیانبەختکردوەکانمان بنیێن!

وێنەکە ماڵی ئێمە و ماڵی مامە حاجی ساڵەیە کە دەگەڵ بابم بن ئامۆزا بوون بەڵام هیچ برایەک ئەوەندەی ئەوان یەکتریان خۆش نەدەویست و لەیکتر نزیک نەبوون.

No comments:

Post a Comment