به یادی حاجی جه‌هانگیر ئه‌و بابه‌ی گه‌و‌ره‌ترین ئاواتی رزگاری کورد‌و کوردستان بوو
به یادی بابم که له‌سفره و به زه‌حمه‌ت و ماندوو بوون و به که‌ڵک
وه‌رگرتن له تێگه‌یشتن و له راستیدا به‌مێشکی خۆی 5 کچ و دوو کوڕی
پێگه‌یاند. دووکاندار بوو ، ئێواران که ده‌هاته‌وه له جیاتی حه‌سانه‌وه
بژار چنێکی ده‌ست ده‌دایه و به ده‌وری باخچه‌ی که‌وه‌ر و پیوازو
جه‌عفه‌ری و .... دا ده‌هات و ده‌چوو، بژاری ده‌کرد و ئاوی ده‌داشت و بنی
شتڵه باینجانه‌کانی ده‌دایه‌وه و پاشان که له‌و کارانه ته‌واو ده‌بوو
ده‌چووه سه‌ر بانی ژێرخانێ، له سه‌ر دۆشه‌گه‌ڵه تایبه‌تیه‌که‌ی خۆی که
خوری بوو داده‌نیشت وپاڵی وه‌و دوو سه‌نیره ده‌دا که دایکم به‌ر له
هاتنه‌وه‌ی بۆی دانابوو شایی دنیایه‌ی به باخچه‌که و به قایمه
مێوه‌که‌ی هه‌بوو که ترێی حوسێنی و سه‌حابی یه‌کجار زۆر جوانیان به‌ر
ده‌گرت. ده‌وری پلیکانه‌کان به یاسێکی بۆنخۆش ته‌نرابوو. له‌م نێوه‌ش دا
گوڵه یاسه‌مه‌نێکی جوان و بۆن خۆش سه‌ری ده سوێی بانی ژێرخانه‌که‌ی ده‌نا
که بابم و هه‌موومان له کاتی گه‌رما و هاوین دا هه‌ر له وێ
داده‌نیشتین. بابم ئه‌و گوڵه‌ی زۆر خۆش ده‌ویست. هه‌میشه‌ش ده‌یکوت به
خودای حه‌یف یاسه‌مه‌ن به‌و شلکی وبۆن خۆشییه زۆر ته‌مه‌نکورته!
ئه‌مڕۆ له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌م له سه‌فه‌رێکی کورتی دوو سێ رۆژه‌دا چاوم
به‌و گوڵه که‌وت. ده‌سبه‌جێ ماشێنه‌که‌م ڕاگرت و به‌یادی بابم یه‌ک دوو
وێنه‌م لێگرت. دیاره وه‌نه‌بێ هه‌ر ئه‌مڕۆ بابم وه‌بیر هاتبێته‌وه زۆر
جاران ئاکار و کردار و ته‌نانه‌ت ئاره‌زوه‌کانیم که گه‌وره‌ترینیان رزگاری
کورد و کوردستان بوو وه‌بیر دێته‌وه. له بیرمه نێوانی ئێران و ئه‌مریکا
زۆر ناخۆش بوو و به تایبه‌تی دوای کرداره ترۆریستیه‌که‌ی 11ی سیپتامبر
که ئه‌مریکا ئێرانی به یه‌کێک له سێ کوچکه‌ی شه‌ڕاڕه‌ت دانابوو و
ده‌نگۆو گومانی ئه‌وه هه‌بوو که ئه‌مریکا هێرشی نیزامی بکاته سه‌ر ئێران
، له زۆر مه‌جلیساندا له جوابی ئه‌و که‌سان دا که ده‌یان گوت ئامریکا
ئه‌گه‌ر هێرش بکا پاک و پیس پێکه‌وه ده‌روات و وڵات وێران و کاول ده‌بێ!
هێندی رق له‌و نیزامه بوو ده‌یکوت. یاخوا ئه‌مریکا هێرش بکات قه‌یدی ناکا
با یه‌که‌م بۆمب وماڵه من که‌وێ!
جارێکیان بۆ سه‌ردانی که‌سێک که
تازه له زیندان ئازاد ببوو چووبووینه ماڵه درواسێیه‌ک، خه‌ڵکێکی زۆر
له مه‌جلیسه‌که دانیشتبوون، کابرا وه‌به‌ر عه‌فووی خامنه‌یی که‌وتبوو،
بابی زیندانییه‌که لێکدا لێکدا ده‌یکوت هه‌ر چاکه ماڵیان ئاوادان بێ
چانییه به په‌یامی خامنه‌یی کوڕه‌که‌میان به‌رداوه! بابم هه‌ڵی دایه و
کوتی دڵنیا به ئه‌گه‌ر به قه‌را نووکه ده‌رزیه‌ک خه‌تای هه‌با به‌ر
نه‌ده‌بوو، ئه‌وانه ده‌زانن چ ده‌که‌ن، هه‌موو ساڵێ به چاو به‌ستراوی و
له گۆتره هه‌ندێ خه‌ڵک ده‌گرن تا له به‌ره به‌ری جه‌ژن و شتی وادا به
قسه‌ی خۆیان به په‌یامی ره‌هبه‌ر ئازادیان بکه‌ن! ئه‌و قسانه له حاڵیکدا
بوو که‌متر که‌س ده‌یوێرا وا به ڕاشکاوی دژی ده‌وڵه‌ت که بابم پێی
ده‌کوت دووله‌ت! قسه بکات. دیاره که من هه‌میشه دوای هاتنه ده‌ر له
مه‌جلیسه‌که ده‌گه‌ڵ بابم ده‌مکرده ده‌مه‌قاڵه و ده‌مکوت تۆ بۆ له
هه‌موو جێگایه‌ک قسان ده‌که‌ی؟ له‌سه‌ره خۆ ده‌یکوت بۆبرایم قسه‌یه‌کی
خه‌راپم کردووه؟ نه‌کا بوختانم کردبێ و دوا ڕۆژ گوناهبار بم؟!
یادی
حاجی جانگیری به هه‌یه‌به‌ت و قسه خۆشی ناو مه‌جلیسان، یادی به‌یت بێژ و
حه‌یران بێژه به‌سۆزه‌که، له ناو دڵ و ده‌روونم دا هه‌میشه زیندوویه.
No comments:
Post a Comment