Thursday 5 March 2015

قەیرانی نێوان حیزبیی کۆیە و حیزبیی هەندەران


قەیرانی نێوان حیزبیی کۆیە و حیزبیی هەندەران

ئەوا چەند ساڵە حیزب و پێشمەرگەی رۆژهەڵات لەو هەیبەت و ئازایەتییە و لەو جەربەزەیەی ساڵانی ڕابردوو دوور کەوتوونەوە، ئەوان بە هۆی ئەو وەزعە تایبەتیەی بۆ باشوور هاتۆتە پێش و حکوومەتێکی کوردی لەوێدا لە سەرکارەو ئەو حکوومەتە کوردیەش لە لایەن داگیرکەرانەوە هەر جارناجارەی قەیران لەسەر قەیرانی بۆ ساز دەبێ ناچار لە کۆیە وەک ئیدارەیەک و ئۆرگانێکی ئیداری خەریکی کاری راگەیاندن و سیاسین کە تا ئێرە لەمە زیاتر ناکرێ.
ئەوا چەند ساڵە ئەم دوور کەوتنەوە لە رۆژهەڵات وەک کرمێک بەربۆتە هیواوئاوات و ورەی شۆڕشگێرانەی هەموو ڕۆژهەڵاتیەک و هەموو خەمخۆرێکی ئەو بەشەی نیشتمانی داگیرکراوی تاساندووە، مات و سڕی کردووە. ئەو وەزعەی لە کۆیە هەیە و دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەری و دەرباز بوون لەو سست بوون و فیدابوونەی شۆڕش و بەرخۆدانی رۆژهەڵات لە راستی دا لە پێشدا کاری ئەو کەسانەیە کە لەوێ دەژین و ئەوان بڕیاردەری سەرەکین، چون هەر ئەوانن ئەگەر قەراربێ ئاڵووگۆڕێک لە سیاسەت و تاکتیکیان دا ڕووبدا دەبێ قۆڵ هەڵکەن و سینگیان بکەنە قەڵغانی گوللەو لەگەڵ یەکەم شریخەی هەوری بەهاری، شنەی بەرەبەیانی کوێستانە زەمەند و چیا سەرکەشەکانی کوردستان و زیندوو بوونەوەی دار و دەرخت و خاک، ڕاچلەکانی دڵەکان، شەکانەوەی پەلکی گوڵان ، بەرەو نیشتمانی بێکەسی بێدەرەتان، بەرەو نیشتمانێک کە لە نێوان بەرداشی سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوور و باکوور دا بۆتە کارتێکی گەمە پێکردن و هەر بۆ بەرژەوەندی حیزبی ئەوان وەک گیسکەکەی هەیاسیان لێهاتووە، تێریان دەکەن و تاوناتاوێک گورگێکیان پێشان دەدەن و دەیانهێننەوە سەر کێشی هەوڵێ... هەنگاو بنێن.

بەڵێ ئەوانن کە دەبنە پێشمەرگەو مەرگیان ڕەپێش مەرگی من وتۆ و ئەو دەکەوێ، ئەمە خوێندنەوەی واقعبینانەی دەوێ، گەمە نیە، باسی گیان و وێران بوونی ساختار و بنەمای یەک بنەماڵە و ژیان و ئەمڕۆ و داهاتووی ئەو کەسانەیە کە بڕیار دەدەن بچنەوە ناوخۆی وڵات یا نا؟

رۆژهەڵات بێ خەباتێکی هەمە لایەنە لە چەکدارییەوە بگرە تا خەباتی مەدەنی سەر شەقام، ناو کۆڕ و کۆمەڵە ئەدبی و وەرزیشی و ناو زانکۆکان نەبێ زیندوو نابێتەوە و هەر رۆژیش کە لە تەمەنی ئەو سیاسەتە تێپەرێ خەراپتر دەبین، لێک بڵاوتر دەبین و خەڵکیش وەک سەرچاوەی مان و مەوجودیەتی حیزب و شۆڕش و بەرخۆدان کەسیرە و سڕبردووی ئەو سیاسەتە شەختە لێدراوە دەبن. کێ تاوانبارە؟ ئایا تاوانێک کراوە؟ ئایا تاوانبارێک هەیە؟ ئەگەر تاوانبار هەیە با بەدوای دا بگەڕێن، خۆ من سوور دەزانم لەو بارەوە هەموو قامکەکان بەرەوی چاوی حیزبەکانە! چار چییە ؟ رێگای دەربازبوون لەم قەیرانە چییە؟ خۆ هەر ناکرێ فارس کوتەنی لە دوورەوە دانیشین و بڵێین " ئاهای... لینگش کن"! کوردیش دەڵی "ئەوەی لەمەیدان دانەبێ شێرە!" داستانی چوونەوەی ناوخۆ ئەگەر رێگاشت لێنەگرن هێندە ئاسان نییە وەک کوتم چوونەوە یانی خۆ قوربانی کردن، یانی سینگ بە گوللەوە نان. ئایا ئەو دۆستانەی سوور دەزانم لە ڕووی دڵسۆزییەوە هەمو هات وهاواریان ئەمەیە با حیزب واز لە دەشتی کۆیە بێنێ ڕوو لە ناوخۆی وڵات و نیشتمان ورۆژهەڵات بکاتەوە خۆیان ئامادەن نەک وەک پێشمەرگ بەڵکوو وەک کادر و هاوکاری دەرمانی و شتی لەو بابەتە ڕەگەڵ مەفرەزەی ێشمەرگە کەون بۆ ناو خۆی وڵات؟ ئەگەر کەسانێک هەن کە وڵامیان بەڕاشکاوی ئایە ئەوا هەقیانە هەرچی گوشار بخەنە سەر حیزبەکان کە با واز بێنن لە کۆیە و روو لە ڕۆژهەڵات بکەن، بەڵام خۆ ئەو کاتیش ئەو کارە هێندە ئاسان نییە، هەم خوێندنەەی دروستی دەوێ و هەمیش ئامادەکاری لە هەموو بارێکەوە لە پێشدا ئامادەکاری سیاسیی و سەربازی پێویستە. ئەگەرچی کورد و پێشمەرگە هەر لەمەیدانی کردەوە دا پێگەیشتوون و قارەمان و فەرماندەی زۆر ئازا و لێزانیشی لەوبارەوە هەبووە بەڵام حیزب دەبێ بە تەجرەبە وەرگرتن لە ڕابردووو، لەوشەڕانەی ئێستا لە باشوور و لە ڕژئاوا لە ئارا دایە هەرچەند فەرقی ئەو شەڕە دەگەڵ شەری بەرامبەرەکەیان لە ئێران هەبێ، خۆی و پێشمەرگە ئامادە بکات و ئەو جار ناوی خواو رەسولانی لێ بێنێ وخۆی تێبکات.

لەم ناوە دا قەیرانێک هەیە لە نێوان حیزبیەکانی کۆیە و حیزبیەکانی هەندەران، ئەوەی ڕاستی بێ خۆم هەڵناوێرم و منیش وەک ئیوە و تازە وەک مەڵای ئەو گرووپە خەڵکە هێشتا بە تەواوی لە وەزع و هەلوومەرجی حیزب ئاگادار نیم، یان نامانهەوێ هەندێ ڕاستی تاڵ ببینین.

بۆچوونی من وەک تاکە کەس ئەمەیە کە، بەداخەوە دەبێ بڵێم بوونی خەڵکێکی باش وبەکار و زەحمەتکێشی ناو بارەگاکانی کۆیەو دەوروبەر کافی نییە بۆ ورووژاندنی وزەیەکی شۆڕشگێرانە و هەلکوتانە سەر ئەو ژیانەی وەک ژیانی بنەماڵەیی شۆڕشگێرانی دێمۆکڕات، بڕستی لە زۆربەیان بڕیوە، هەر بۆیە تا ئێستاش بە تایبەتی دێمۆکڕاتەکان نەیانتوانیوە تەنانەت لە ئەدەبیاتیشدا بچووکترین کێشەی ناوخۆیان چارەسەر بکەن و هەروا لەجەغزی دەستەوشەی" هاوڕێاینی پێشوو" دا دەخولێنەوە. چوونەوە بۆناوخۆی ڕۆژهەڵاتی دیل و ئەسیر بازدانێکی شۆڕشگێرانەی دەوێ بەر لە هەموو شتێک بەسەر ئەو خوو و خدە خۆپەرەستانەی مێشکی سیاسییەکارەکانی بە خۆیەوە بەستۆتەوە. تا لەو داووبەندە ڕەها نەبن و خۆیان وێران نەکەن و سەر لە نوێ هەڵی نەشێلنەوە یان لادانی ئەو مێشکە چەقبەستوویە لە دەسەڵاتداری حیزب، چونەوە ناو خۆ و هەستانەوەی شۆڕشی ڕۆژهەڵات کاری ئەوان نییە. با هەموو شت هەر خەتای باشوور و باکووریەکانیش نەگرن، ئەگەر دێمۆکڕات و کۆمەڵە وا کوت کوت و لەت و پەت نەبووبان، ئەگەر دوای لەت بوون ئاوڕێکیان لە خۆیان دابایەوە و بۆچارەسەری کێشەکان سادقانە ملیان پێوەنابا، دڵنیام ئێستا قرمەی کەڵاشینکۆڤ و قەناسەی پێشمەرگە ڕۆژهەڵاتی دەهەژاند.

No comments:

Post a Comment