Thursday 6 June 2013

ئیسلامی سیاسیی



وەبیر هێنانەوەیەک له‌ ئیسلامی سیاسیی




ئیسلامی سیاسیی وه‌ک گەورەترین مەترسی ئەمرۆی کۆمەڵگای بەشەری




رەنگە ئەوە دووهەمین جار بێ لە سەر ئەو بابەتە بەجیددی بدوێم. دیارە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەڕاستی گەشە و نەشەی ئیسلامی سیاسیی سەلەفی و توند ئاژۆ بە گەورەترین مەترسی دەزانم بۆ سەر کۆمەڵگای بەشەری، ئەگەر بۆ چرکە ساتێکێش کاتمان هەبێ و رەفتاری ئەو ئیسلامە سیاسییە بە تایبەتی دوای ئەو ناوە نا بەحەقەی "بەهاری" عەڕەبی کە بۆ بزووتنەوەکانی ولاتانی عەڕەبیان هەڵبژارد و رەفتاری ئەو هێزە ئیسلامیانەی لە وێندەری باڵا دەستن ببینین، زۆر بە ڕاشکاوی هەست دەکەین کە ئەو دید و روانگەیە یەکجار دوورە لە مرۆڤایەتی و زەرەری یەکجار گەورەش لە پێکەوە ژیانی هێمنانەی رەگەز وئایینە جۆۆراوجۆرەکانی دیکە دەدات. لە تازە ترین دیمەن دا ئیسلامییەکانی لیبی گۆڕستانی مەسیحییەکانی ئەو ولاتەیان وەبەر هێرش و پەلاماری خۆیان دا و بە دەیان کێلی مردووەکانیان شکاندن. ئەوە لەسەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵاتیانە ئاوا رەفتار دەگەڵ مردووەکان دەکەن دەبێ سبەی دەگەڵ زیندووەکان چۆن رەفتار بکەن؟ لە میسر ئیسلامییەکانی ئەخەوان رۆژ دەگەڵ رۆژ زیاتر خەریکن ماهیەتی خۆیان دەردەخەن و شارستانیەت و مەدەنییەت خەریکە لە چنگیان وەزاڵە دێت. لە هەموو ئەو شوێنانەی ئیسلامی سیایی تێیدا باڵا دەستە ژنان، نیوەی کۆمەڵ یەکەمین توێژی کەمەلایەتین کە دەکەونە بەر هەڕەشە و تۆقاندن و زەبر و زەنگ.




لە کوردستان، سەلەفی و ئیسلامییە تەکفیرییەکان وایان کردووە کە فەرهەنگی دژایەتی کردنی هەموو روانگەکان، جگە لە خۆیان، خەریکە کۆمەڵگا دادەگرێ و رێشەی دەچێتە ناو ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگاوە، هەموومان گوێ بیسی وتار و لێدوانەکانی مەلای مزگەوتەکانی باشوور بووین، ئەوان هەموو شتێکی باوی ئەمرۆیی بە کوفر و ئیلحاد نیو دەبەن، گورانی و موزیکیان بە حەرام زانی وهێرشیان کردە سەر ناسری رەزازی بە نموونە، ژن بە تەنیا سواری ماشێن بوونیان بەراوەرد کرد دەگەڵ داوێن پیسی و چاو چنۆکی پیاوان و باڕ و کازینۆ یان ئاور تێبەردان و سەرچاوەی داهات و دەرەماەتی خەڵکیان وێران کرد ... دژایەتی سرودی ئەی رەقیب دەکەن و بە کوفری دەزانن، رۆژ نییە لە گۆشە وکەناری ئەو کوردستانە کچان وژنانی کورد هەر لەسەر هەمان کولتور و هەمان لێدوانی مەلاکان کە دنەی توند و تیژی دژی ژنان دەدەن ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر نەدەن یان بە دەستی بە ناو پیاوان نە کوژرێن و لێرەو لەوێ فڕێ نەدرێن. کە چی بە داخەوە حیزبە دیمۆکرات و عیلمانییەکان، هێزە سیاسیەکانمان ، رۆناکبیران و نوسەران زۆر کەم ئاوڕ لەو مەترسیە گەورەیە دەدەنەوە کە رۆژ بەرۆژ بە هۆی ئەو دەرفەتەی بۆیان رەخساوە خەریکن گەشە دەکەن، لە باشوور تا زەمانی سەدام حوسێن بوو ئەوانە بەگشتێ و زۆربەی هەرە زۆریان ، تەنانەت لە کاتی ئەنفالیش دا، لە کاتی قڕ کردنی بە کۆمەڵی کوردان دا هەر دوعا گۆ و پەسنبێژی سەدامی قاعید بوون، یەکیان متەقی لێوە نەهات و نەیدەکوت ئەو بە دەیان هەزار ئینسانە بیتاوانە، ئەو ئەشرەفی مەخلوقاتە، بۆ بە ناحەق دەکوژن، کەسیان ئەو دڕەندەییەیان بە کوفر دانه‌نا ، تەنانەت بە کارێکی ناعادیلانەشان دا نەنا، کەچی ئەمڕۆ لە کوردستان وەک دووپشک کلکیان لەسەر نەڕەی پشتێ داناوە و لە دژی هەموو بنیاد و بنەمایەکی ئینسانی کۆمەڵگا دەخوێنن و وتار دەدەن و خەڵکی هاندەدەن.



لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەی کە رێژیم دژی مەسەبی سوننیە بەڵام لە دامەزراندنی هیز و ریکخراوە ئیسلامییەکان و لە گەشەپێکردنیان لە کوردستان دا، لە هیچ هەنگاوێک خۆی نەبواردووە، ئەو رێژیمە زۆر چاک دەزانێ کە ناسیۆنالیسمی کورد چەندە مەترسییە بۆ دەسەڵاتی ئەوان و بۆ رێژیمە دیکتاتۆر و رەگەزپەرەستەکان و دەشزانێ کە سەلەفیەکانی کوردستان چەندە دژی حیزبە عیلمانییەکان و خواستی نەتەوەیی کوردانن، هەر بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا بە خشکە و لە بنەوە و بۆ ئەوەی خەڵکی هەست بە پیلانەکەیان نەکات خەریکە کاریان لەسەر دەکات و ئیمکانی نەشو نما کردنی بۆ پێک هێناون و جارو بارەش چەند کەسیکیان دەگرێ رەوانەی زیندانیان دەکات تا ئیعتیباریان پێبدات. من لە کاتی خۆی و لە مەهاباد ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی رێژیمی ئیسلامی ئێرانم لە مزگەوتەکان دا دیوە. هه‌ر ئه‌و کاتیش مەترسی ئەو هەوڵانەم بە جێگای خۆی گەیاندووە. بەڵام بەداخەوە هیشتا هەست ناکرێ کە ئەو مەترسییە بە هێند وەربگرن و لە جیاتی دژایەتی کردنی یەکترێ ئاورێک لەو مەسەلەیە بدەنەوە و خەڵکی لەو مەترسییە ئاگادار کەنەوە.


ئیسلامی سەلەفی و توند ئاژۆ تەنیا زەرەر لە جەستەی کۆمەڵگا و بنیاتە مەدەنییەکان نادات، ئەوان گەورەترین زەربەشیان لە ئایینی ئیسلام و کەسێتی ئەو ئایینە داوە. هەر بۆیە ئەوانەی باوەڕیان وایە کە ئیسلام دینی ئاشتی و تەبایی و برایەتییە، دینی پێکەوە ژیانی هێمنانەی هەموو ئایین و روانگەکانە، دەبێ بەر خەڵکانی دیکە وەجواب بێن و رەفتار و کردەوەی دژی ئینسانی ئەو کەسانە لە قاو بدەن و دژایەتیان بکەن.




تێبینی: تکایە لە بۆچون دانان دا هەوڵ بدەن بە هیچ شیوەیەک بێڕێزی نەبێ دەنا وێرای داوای لێبوردن بۆچوونەکە دەسڕێتەوە.

No comments:

Post a Comment