Monday, 30 September 2013

ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ولێر و چه‌ند سه‌رنجێک به‌ کورتی


ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ولێر و چه‌ند سه‌رنجێک به‌ کورتی              برایم جه‌هانگیری

بۆچی ترۆره‌که‌ی دۆینێ خه‌ڵکی کوردی به‌گشتی و کوردی رۆژهه‌ڵاتی به‌تایبه‌تی نیگه‌ران کرد. ئایا پاش 6 ساڵ کردارێکی ترۆریستی له‌ چاو شوێنه‌کانی دیکه‌ی دنیا به‌ که‌مترین هه‌زینه‌ و قوربانی ئه‌و کاردانه‌وه‌ چڕ و پڕه‌ی پێویست بوو؟

هه‌ولێر پێته‌ختی حکوومه‌تێکی کوردییه‌ که‌ بۆته‌ سیمبولی کیان و ده‌سه‌ڵاتێکی نیوه‌ سه‌ربه‌خۆ و ئه‌گه‌رچی خه‌‌ڵکانێک له‌ به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی گرووپی و هه‌ر له‌هه‌مان دلاقه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن و شرۆڤه‌ی ده‌که‌ن به‌ڵام بمان هه‌وێ و نه‌مان هه‌وی ئه‌و ده‌سه‌ڵات وسیسته‌مه‌ خه‌راپ یان چاک، گه‌نده‌ڵ یان پاک و خزمه‌ت گوزار، ره‌مزی حکومه‌تیکی کوردییه‌ که‌ له‌ مێژوو دا کورد به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیتووه‌. حکوومه‌تێکی فیدراڵی دێمۆکراتیکی ناوچه‌یی که‌ به‌ر له‌هه‌موو لایه‌ک حکوومه‌تی ناوه‌نده‌ی دانی به‌ بوونی دا ناوه‌. حکوومه‌تێک که‌ وه‌ک تاکه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی کوردی ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن زۆر وڵات و ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ و مودێڕنی جیهان دانی پێدا نراوه‌، حکوومه‌تێک که‌ ئه‌گه‌ر رقابه‌تی به‌رچاوته‌نگی حیزب و رۆژنامه‌ و رووناکبیره‌کان لێگه‌ڕێ هێوا وهۆمێدی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانه‌.

به‌و پێیه‌ کورد مافی خۆیه‌تی به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ خه‌می ئه‌و تاقه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌و ده‌رووه‌ رووناکه‌ی هیواو و هومیدی خۆی دابێ. به‌ڵام ئامانجی ترۆر و ته‌قینه‌وه‌کانی هه‌ولێر و ترۆریستان ده‌بێ چی بێ؟ دیاره‌ به‌ دووری نازانم پلانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ نه‌بووبێ و بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردن یان به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن بووبێ و ئامانجیش له‌و کاره‌ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ ده‌نگده‌ران بسه‌لمێنن که‌ ئه‌و وڵاته‌ هێنده‌ش ئارام نییه‌ وه‌ک ئه‌وان بیری لێده‌که‌نه‌وه‌. دووهه‌م به‌ کۆمپانیه‌ بیانییه‌کان بڵێن که‌ چی دیکه‌ له‌و وڵاته‌ سه‌رمایه‌گوزاری نه‌که‌ن و واز له‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری و به‌شدرای له‌ گه‌شه‌ی ئابووری کوردستان بێنن.

بۆچوونی یه‌که‌م و هی دووهه‌میش به‌یه‌که‌وه‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کترین له‌ ناهومید بوونی خه‌ڵک و داو ده‌زگا حکوومی و بیانیه‌کان که‌ هه‌ولێر و کوردستان جێگای متمانه‌ نییه‌ له‌ بواری سه‌رمایه‌ گوزاری و بازرگانی و پیشه‌زسازی دا. هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی هه‌ندێ خه‌ڵکی مێشک نه‌خۆش ئه‌و هێرشه‌ ته‌نیا بۆ سه‌ر پارتی نییه تا ئه‌وان سناریۆی بۆساز بکه‌ن و داستانی کاڵفامانه‌ی خه‌یاڵی که‌ گومانم هه‌یه‌ خۆشیان باوه‌ڕیان به‌ نووسراوه‌کانیان هه‌بێ بۆ بژێننه‌وه‌. بۆیه‌ له‌ راستیدا ئه‌و هێرشه، هێرشێکی به‌رنامه‌ داڕێژراوه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاسایش و حکوومه‌تی هه‌ریم ده‌بێ زۆر به‌ جیددی و به‌ خێرایی سه‌ره‌داوی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ که‌ بێ گومان بێ هاوکاری ناوخۆیی هه‌رگیز به‌ ئه‌نجام ناگه‌ن بدۆزێته‌وه‌ و ته‌سلیمی یاسایان بکات.

ئه‌و کرده‌وه‌ ئه‌گه‌رچی خه‌ساره‌تی گیانی و مادی به‌دواوه‌ بوو به‌ڵام جارێکی دیکه‌ ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند که‌ کورد سووره‌ له‌ سه‌ر خۆ به‌ڕێوه‌بردن و بوون به‌ سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتێک مودێڕن . جگه‌ له‌وه‌ بووژاندنه‌وه‌ و وه‌جۆش هاتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی له‌ پارچه‌وکانی دیکه‌ی کوردستان ئه‌و هیوایه‌ی دوو هێنده‌کرد که‌ ترۆریسته‌کان ئاسنی سارد ده‌کوتن و خه‌یاڵیان خاوه‌ له‌ به‌ شکست هێنانی ئه‌و ته‌جره‌به‌ کوردییه‌ .

هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و کاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و کرداره‌ وه‌حشیه‌ی ترۆریستان ده‌توانێ یه‌کێک له‌و په‌یامه‌ گرینگانه‌ بێ به‌ ترۆریستان، ئه‌و هه‌سته‌ش له‌ خت و خۆڕایی نه‌هاتۆته‌ دی. حکوومه‌تی هه‌ریم و باشووری کوردستان بۆته‌ مه‌ئوا و مه‌سکه‌نی کورد و حه‌سانه‌وه‌ و گیرسانه‌وه‌ی خه‌باتکارانی ته‌ره‌بووی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. بۆیه‌ له‌م پیوه‌ندیه‌ دا و دوای به‌ ئاگا بوونی خه‌ڵک له‌ ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ولێر هاوخه‌می و به‌دواداچوونی کوردان به‌ تایبه‌تی کوردی رۆژ هه‌ڵات به‌ حیزب و رێکجراوه‌ سیاسیه‌کان و تاکی کوردیش سه‌رنجڕاکێشه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ کوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ زۆر بواردا بۆ مه‌حکوم کردن و له‌ قاودانی ئه‌و جنایه‌ته چالاکتر بوون له‌ خودی باشووریه‌کان. ئه‌و خاله‌ گرینگه‌ ده‌بێ بببێته‌ جێگای سه‌رنجی حیزب و رێکخراوه‌کانی باشوور به‌ گشتی و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی چوونکه‌ کوردانی رۆژهه‌ڵات به‌ ته‌واوی و له‌ چه‌ندین بۆنه‌ و موناسیبه‌ت دا له‌ ڕابردووش نیشانیان داوه‌ که‌ چاره‌نووسیان ده‌گه‌ڵ باشوور یه‌ک چاره‌نووسه‌ و ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ش دووباره‌ ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ که‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناو ئه‌م دووبه‌شه‌ی کوردستانی ئازاد و داگیرکراودا ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له‌ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی هه‌ستێکه‌ له‌ ناخی تاکی کورد دا بوونی هه‌یه‌ و شاراوه‌ نییه‌ و خه‌ڵک له‌و مه‌سه‌له‌و بابه‌تانه‌ش دا به‌ ئاگایی و دووربینی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن و له‌ ڕاستیدا له‌وباره‌وه‌ ئه‌وان زۆر له‌ رؤشنبیر و حیزبه‌کانیش له‌ پێشترن.

No comments:

Post a Comment