Wednesday, 18 September 2013

تیرۆری د.شه‌ره‌فکه‌ندی په‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی تاوان به‌ ته‌وێلی ریژیمی ئیسلامیی ئیرانه‌وه





   تیرۆری د.شه‌ره‌فکه‌ندی په‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی تاوان به‌ ته‌وێلی ریژیمی ئیسلامیی ئیرانه‌وه
 ‌                                   
برایم جه‌هانگیری


دوای تیرۆر کردنی رێبه‌ری هه‌ڵکه‌وته‌ی گه‌لی کورد د.عه‌بدولره‌حمان قاسملوو که‌ هه‌م زه‌ربه‌یه‌کی کاریگه‌ر بوو له‌ جه‌سته‌ی حیزبی دیمۆکرات و هه‌میش زه‌برێکی گران له‌ سه‌نگه‌ری ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئیراندا،ره‌نگدانه‌وه‌ و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆره‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کورت هه‌م خه‌لکی کوردستانی نیگه‌ران کرد و هه‌م سه‌رجه‌م ئازادیخوازانی تاساند.
به‌ڵام بوونی رێبه‌رو مودیرێکی شاره‌زای وه‌ک د.سادق شه‌ره‌فکه‌ندی هه‌ر زۆر زوو ئه‌و ته‌مه‌ی ره‌وانده‌وه‌ که‌ داخوا دوای نه‌مانی سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌ک د.قاسملوو حیزبی دیمۆکرات چی به‌سه‌ر بێت!؟ چی پێ نه‌چوو ئه‌و که‌لێنه و بۆشاییه‌ تاراده‌یه‌کی زۆر پر بۆوه‌ و حیزب وه‌ک جاران له‌مه‌یدانی خه‌بات دا چالاک بۆوه‌و له‌ هه‌نده‌رانیش و له‌ نێو کۆر و کۆمه‌لی نێو ده‌وڵه‌تی دا وه‌ک رابردوو جێگه‌ی دیار و ده‌نگی دلێر بوو. ئه‌و هه‌ڵسو که‌وته‌ له‌ راستی دا په‌یامێکی بۆ بکوژانی د.قاسملوو هه‌بوو به‌و مانایه‌ که‌ ئه‌وان به‌ کوشتنی د. قاسملوو له‌راستی دا نه‌ ته‌نیا هیچ ده‌سکه‌وتێکیان نه‌بوو به‌لکوو ئه‌و تۆسقاله‌ ئابرووه‌ی به‌درو و ده‌له‌سه‌ و له‌ژێر په‌رده‌ی دیپلۆماسی فریو ده‌رانه‌ی دنیای ده‌ره‌وه‌ دا هه‌یان بوو ئه‌ویشیان له‌ده‌ست دا، دیاره‌‌  به‌ ئاشکرا نا ئاشکرا به‌لام هه‌موو هیز و لایه‌نێک ئه‌نگوستی تاوانی به‌ره‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌ره‌ سه‌رووی ئێرانی درێژ کرد.
د.شه‌ره‌فکه‌ندی که‌سێک بوو که‌ هه‌موو تێکۆشيرێک و نیشتمانپه‌روه‌رێک فه‌خری پیوه‌ ده‌کرد به‌ڵام چۆن بوو به‌و که‌سایه‌تییه که‌ ببێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵک و هه‌موو نیشتمانپه‌روه‌رێکی کورد شانازی پێوه‌ بکات‌،ده‌بێ چ هه‌ورازو لێژێکی بڕیبێ تا گه‌یشتبێ به‌م پله‌و پایه‌ سیاسییه‌ و کۆمه‌لایه‌تییه‌؟ له‌ پاش له‌ ده‌ست دانی باوکی و راست ئه‌و کاته‌ی که‌ به‌رپرسایه‌تییه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی براگه‌وره‌که‌ی خۆی واته‌ شاعیر و ئه‌دێبی ناوداری کورد‌ مامۆستا هه‌ژاری نه‌مر سه‌ره‌تای بیری کوردایه‌تی له‌مێشکی دا چه‌که‌ره‌ و چرو دەرده‌کات، ئه‌و به‌ بیره‌وه‌ری و یادگاره‌کانی کۆماره‌وه‌ خۆشه‌ویشتی کوردو کوردستانی په‌یدا کرد و له‌ ناو کۆرو کۆمه‌لی روناکبیری ئه‌و سه‌رده‌م دا بیری کوردانه‌ی فراوانتر کرد و به‌ تایبه‌تی کاتێ‌ بۆ دیتنی ده‌وره‌ی دۆکتورا چوو بۆ فه‌رانسه‌ و له‌وێ چاوی به‌ مامۆستاو بیرمه‌ندی به‌ توانای گه‌لی کورد و حیزبی دیمۆکراتی کوردسان د.قاسملوو که‌وت راسته‌و خۆ ده‌ستی به‌ کار کردن له‌گه‌ڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کرد.  
د. سادق وه‌ک سه‌رکرده‌و رێبه‌رێک به‌ دوو قۆناخی پێویست وجێگەی سەرنج دا تێ په‌ڕی، هه‌م له‌ نێو کۆرو کۆمه‌ڵی رۆناکبیریدا په‌روه‌رده‌ بوو و خۆی په‌روه‌رده‌ کردو هه‌م له‌ ناو کۆری یاران داو له‌ خه‌باتی سه‌ختی شاخ دا بوو به‌ پۆلای ئاودراو، ئه‌م دوو ئه‌زموونه‌ وای کرد که‌ ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ هه‌م له‌ بواری تئۆرییه‌وه‌ مرۆڤێکی به‌توانا بێت و هه‌م له‌ باری کردار و مودیریه‌ت دا که‌سێکی شۆرشگێر و بە بڕشت بێ. د.سادق هه‌رگیز نه‌ده‌بووبه‌ پاشکۆی بیرو ئه‌ندێشه‌ی که‌س و خۆی بیری ده‌کرده‌وه‌ و پاشان بریاری ده‌دا له‌ناو بۆچوونه‌ جیاجیاکان دا کام بۆچوون هه‌لبژیرێ. له‌گه‌رمه‌ی چه‌پ خۆشه‌ویستی دا هه‌رگیز ته‌بلیغاتی ئه‌و کاته‌ی به‌ناو چه‌په‌کانی قه‌بوول نه‌کرد وله‌ حالێک دا زۆر رووناکبیری ئه‌و کات دروشمی پر زه‌رق و به‌رقی دنیای چه‌پ هه‌ڵی فریواندبوون ئه‌و بیری کوردانه‌و ناسیۆنالیستی هه‌لبژارد و له‌ ناو ریزه‌کانی تیکۆشه‌رانی دێمۆکرات دا خۆی دیته‌وه‌. له‌گه‌رمه‌ی خه‌باتی سه‌ختی شاخ دا خۆی پێگه‌یاند و هه‌رله‌وێش بوو به‌ مودیرێکی لایق و به‌توانا و رێبه‌رێکی به‌ برشت له‌ باری تئورییه‌وه‌.
د.سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له‌ ماوه‌ی بوون به‌ ئه‌ندامی ریبه‌ری واته‌ له‌ کۆنگره‌ی 4 به‌م لاوه‌ زیاتر وه‌ک به‌شی راگه‌یاندن و به‌رپرسی به‌شی رادیۆ له‌ حیزب دا کاری ده‌کرد، له‌م باره‌شه‌وه‌ وه‌ک مرۆڤێکی ژۆرنالیست و ئاگا له‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌کان زۆر به‌ وردی سه‌رنجی ده‌دا روداو و پێشهاته‌کانی ئێران و جیهان وله‌ زۆر بوار دا بابه‌تی به‌ پیز و جێگه‌ی سه‌رنجی ده‌نووسی. له هه‌موو هه‌لسو که‌وته‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ئیرانی به‌وردی ئاگا بوو و له‌سه‌ر زۆربه‌ی رووداوه‌کانی ئەو کات بابه‌تی سیاسی و لێکدانه‌وه‌ی زانستی و مه‌نتیقی هه‌یه‌. د.سادق له‌بواری بیرو هزره‌وه‌ زۆر شتی جیگای سه‌رنجی هه‌یه‌ و نیشان ده‌دا که‌ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد و رزگاری له‌ ژیر ده‌سته‌یی دا چه‌ند به‌ ئیمانه‌ و چه‌نده‌ به‌ باوه‌ره‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی گه‌لی بن ده‌ستی کورد. له‌ په‌یامی سوپاس و پێزانینی د.سادق که‌ به‌ بۆنه‌ی هاوده‌ردی خه‌لکی کوردستان به‌دوای تیروری د. قاسملوو دا بلاو کرایه‌وه‌ هاتووه‌"با لاوانی کورد کور و کچ باش بزانن که‌ ژیان له‌ ئه‌سیری و ژێر ده‌سته‌یی دا و، به‌سه‌رشۆری و شه‌رمه‌زاریه‌وه‌ چه‌نده‌ بێ قه‌درو قیمه‌ته‌ و له‌ به‌رامبه‌ر دا هه‌ڵمژینی هه‌وای پاک و بێگه‌ردی سه‌ربه‌رزی و ئازادی چه‌نده‌ خۆش ودلرفێن."


د.سادق له‌ هه‌مان کات مرۆڤێکی واقع بین بوو و باوه‌ر‌ی به‌ ئالو گۆر و به‌ره‌و پێش چوونی هه‌موو کۆمه‌لگا هه‌بوو، هه‌ر گیز به‌ شیوه‌یه‌کی دۆگم چاوی له‌ پێشهاته‌کان نه‌ده‌کرد، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی هیندی مرۆڤی ویشکه‌رۆ که‌ لایان وا بوو کورد و حیزبی دێمۆکرات بێ قاسملوو وه‌جاخ کوێر ده‌مێنیته‌وه‌ هه‌ر ده‌س به‌جێ داوا له‌ لاوان ده‌کات که بێنە‌ ریزی تێکۆشه‌رانی دیمۆکرات و به‌تایبه‌تی که‌لینی د.قاسملوو پر که‌نه‌وه‌، ئه‌و زۆر به‌راشکاوی ده‌لی "ئاشکرایه‌ که‌ گه‌لی کورد وه‌جاخ کوێر نییه‌ و خاوه‌نی ده‌یان و سه‌دان قاسملووبووه‌ و هه‌یه‌.تایبه‌تمه‌ندی قاسملوو ئه‌وه‌ بوو که‌ لێوه‌شاوه‌‌یی و زانایی خۆی له‌ خزمه‌ت رزگاری و ئازادی گه‌له‌که‌ی دانابوو.
دوای شه‌هید کردنی د.قاسملوو شه‌هید د.شه‌ڕه‌‌فکه‌ندی به‌حه‌ق جیگرێکی شایسته‌ بوو بۆ ئه‌و رێبه‌ره‌ و بۆ پۆستی حه‌ساسی سکرتێری حیزبی دیمۆکرات،ئه‌و به‌ هێنانه‌ ئارای گه‌لاڵه‌ی به‌ره‌ی یه‌کگرتوو لەراستی دا زه‌برێکی کوشنده‌ی له‌ په‌یکه‌ری ریژیمی ئیسلامیی ئێران دا و هیواو هومێدی خسته‌ دل و ده‌رونی ئازادیخوازانی ئێران به‌ گشتی و کوردستانیش به‌ تایبه‌تی. هه‌ر بۆیه‌ سه‌رده‌م دارانی ترۆر و ریبه‌رانی جه‌هل و خورافات پیلانی تیرۆری هاوڕێ د.سادق شه‌ره‌فکه‌ندی یان داڕشت و به‌ داخه‌وه له‌ 26ی خه‌رمانانی سالی 1371 به‌رامبه‌ر به‌ 17 سیپتامبری 1992 له‌ ریستورانی میکۆنوس له‌ ولاتی ئالمان له‌ حالێکدا بۆ تاو توێ کردن و لێک نزیک بوونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی قه‌راری چاوپیکه‌وتنییان هه‌بوو هاورێ ده‌گه‌ڵ هومایو‌ن ئه‌رده‌لان و فه‌تاح عه‌بدولی نوری دیهکوردی که‌وتنه‌ به‌ر ده‌سترێژێ چه‌ند به‌کرێ گیراوێکی رێژیمی ئیسلامیی و شه‌هید کران.
ئه‌گه‌رچی ره‌وتی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و دوو سه‌رکرده‌ بڵیمه‌ته‌ ناوه‌ستێ به‌ڵام با ئه‌و راستیه‌ تاڵه‌ بزانین که‌ پڕ کردنه‌وه‌ی که‌لێنی هێنده‌ گه‌وره‌ ته‌نیا به‌ یه‌کڕیزی و رێکخستنی ناو ماڵی کوردان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ . هه‌ر هه‌نگاوێک بۆ یه‌کرێزی و ته‌بایی و ڕه‌بایی، وفاداریه‌ بۆ ئامانجی پیرۆزی شه‌هیدان و ‌وه‌گه‌ڕ خستنی ته‌وژمێکی به‌ گو‌ڕتری خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌که‌مانی به‌ دوادادێ.

 



No comments:

Post a Comment