Saturday, 21 September 2013

سه‌رنجێک له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی باشوور



ئه‌گه‌ر خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌ ڕاگه‌یاندن هه‌با                       برایم جه‌هانگیری


سه‌رنجێک له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی باشوور

هه‌ڵبژاردنی باشوری کوردستان له‌ نێو دڵه‌ڕاوکێی دڵسۆزانی کورد به‌ خۆشیه‌وه‌ به‌و په‌ڕی ئارامی و سه‌رکه‌و‌تنه‌وه‌ کۆتایی هات، دیاره‌ هه‌ندێ دیارده‌ی ناشارستانی و هه‌ندێ حه‌ڕه‌که‌تی قێزه‌ونی دوور له‌ ویژدان و مه‌عریفه‌تیش هه‌بوون که‌ له‌ ناخۆشترین حاڵه‌تیان دا گیان له‌ ده‌ست دانی ئه‌ندامێکی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بوو له‌ هه‌ولێر به‌ هۆی شه‌ڕ و ته‌قه‌یه‌ک که‌ له‌ نیوان ئه‌ندام و لایه‌نگرانی لایه‌نه‌کان رووی دا بوو به‌ قوربانی. دیاره‌ خوێنی ئینسانێک ئه‌وه‌نده‌ که‌م نییه‌ که‌ مرۆڤ به‌ سانایی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێ و خۆزگه‌ ئه‌و تاوانه‌ نه‌به‌خشراوه‌ ئه‌نجام نه‌درابا به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ناکرێ له‌ سه‌رکه‌وتنی پرۆژه‌ی هه‌ڵبژرادن به‌ شێوه‌یه‌کی دێمۆکراتیک و شایسته‌ی له‌ قه‌ده‌ر کوردی که‌م ئه‌زموونی تازه‌ پێهه‌ڵگرتوو به‌ گومان بین. 

لێره‌دا من له‌ روویه‌کی دیکه‌وه‌ باسی ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌م و وێڕای ئه‌مه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک پێی وایه‌ که‌ ده‌بێ هه‌موو حیزبه‌کان به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ ولانی که‌م شرۆڤه‌ی ئاڵووگۆڕی جیددی له‌ شێوه‌ی روانینیان دا بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ی من ده‌مهه‌وێ باسی بکه‌م ئه‌مه‌یه‌ که‌ گه‌لۆ ده‌وری راگه‌یاندن و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ چۆن ده‌نرخێندرێ؟ ئایا راگه‌یاندن هه‌مان وه‌زن و ئیعتیباری جارانی لای خه‌ڵک ماوه‌ یان ئه‌وانیش ده‌بێ وێڕای حیزبه‌کان به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌؟ ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و ئاکامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ر په‌یامی بۆ حیزبه‌کان پێ بوو یان بۆ به‌شی راگه‌یاندنیش په‌یامی تایبه‌تی هه‌بوو؟

ئه‌گه‌ر خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌ ڕاگه‌یاندنی کوردی هه‌با، یان به‌ بارێکی دیکه‌ دا ئه‌گه‌ر راگه‌یاندنی کوردی به‌ سه‌ربه‌خۆ و حیزبییه‌وه‌ لانی که‌می ئیعتیباری هه‌با ده‌بوو پاش ئه‌و هه‌مووه‌ هێرشه‌ی به‌تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی یه‌کساڵی ڕابردوو دا بۆ سه‌ر پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان کرا، هێڕشێک که‌ چه‌ند مانگه‌ حیزبه‌کانی باکوور و رۆژئاوا به‌خه‌ستی دژی پارتی و بارزانی به‌ ئاشکرا و به‌نهێنی ده‌یانکرد، هێرشێک که‌ گۆڕان و ئیسلامییه‌کان، ک ن ن و هاووڵاتی و ئاوێنه‌ و لڤین و سبه‌ی و .............. به‌ شیوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک په‌ویره‌ویان ده‌کرد ده‌بوو پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان پێنجه‌م بێ.

  من له‌ مێژه‌ سه‌رنجی ورد ده‌ده‌مه‌ ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ که‌ باسم کردون، ئێستا که‌ پارتی به‌و رێژه‌یه‌ ده‌نگی یه‌که‌م و متمانه‌ی خه‌ڵکی باشووری پاش ئه‌و هه‌مووه‌ سناریۆیه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ ئایا نابێ راگه‌یاندنی کوردی، به‌ حیزبی و سه‌ربه‌خۆوه‌ تۆزێک به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌؟ ئایا ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی پارتی له‌ هه‌مان کاتدا شکستێکی قورس و گران نییه‌ بۆ مێدیا و به‌شێکی  راگه‌یاندنی کوردی به‌ گشتی؟

 خۆزگه‌ ویرای به‌ خۆداچوونه‌وه‌ی هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کان به‌ پارتیشه‌وه‌، راگه‌یاندن و ئه‌و فه‌وزاو و فه‌زیحه‌ته‌ی ناوی نراوه‌ راگه‌یاندنی کوردی ئه‌ویش یه‌که‌م به‌ خۆیدا شکابانه‌وه‌ و پاشان به‌ خۆیاندا چووبانه‌وه‌ و ئوسلوبێکی دیکه‌ و شیوازێکی دیکه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنیان ڕه‌چاو کردبا. دووهه‌م شه‌هامه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێ که‌ خۆیان له‌ په‌یامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌دزنه‌وه‌.  ئاکامی هه‌ڵبژاردن ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند که‌ ئه‌گه‌ر هیزێکی رادیکاڵێ تووند و تیژ ، به‌ دژایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ دوژمنایه‌تی کردنی یه‌کیه‌تی و پارتی توانی ببێ به‌ هێزی دووهه‌م به‌لام له‌ هه‌مان کاتدا هێمنی  وئارامی له‌ شه‌ڕی راگه‌یاندن دا و هه‌ڵوێستی مه‌سئوولانه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر به‌و شێوازه‌ تونده‌ی راگه‌یاندنی ئه‌و به‌شه‌  له‌ نه‌یاران یان دژبه‌رانی خۆی ئه‌و پارته‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ له‌ ناو کۆڕ و کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا خۆشه‌ویستتر کرد و ده‌نگی متمانه‌ی ئاشکرای پێدا. ئه‌و ده‌نگدانه‌ به‌ پارتی دێمۆکراتی کوردستان له‌ هه‌مان کاتدا وه‌ک وتم گوتنێکی نایه‌ به‌ راگه‌یاندنی توند و تیژ و شێواز و هه‌ڵسوکه‌تی دوژمنکارانه‌ی لایه‌نه‌کان.

 له‌ کۆتا دا ده‌بێ بڵێم که‌ گه‌لی باشوور ئه‌وڕۆ له‌ دووروانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ په‌یامی خۆی به‌ گوێی هه‌موو لایه‌ک گه‌یاند که‌ ئاشکراترینی ئه‌و په‌یامه‌ ئه‌مه‌یه‌ ، خه‌ڵک خوازیاری ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا پرسی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییش بایه‌خی تایبه‌تی هه‌بووه‌ له‌ په‌یامی هه‌ڵبژاردنی باشوور دا. خه‌ڵک له‌ رادیکالیسم خۆ به‌دوور ده‌گرێ و لیبرالیسم و به‌سته‌ری دێمۆکراتیک به‌ باشترین  به‌ستێنی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی مه‌زه‌نده‌ ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ش ده‌نگی متمانه‌ی زۆرتری پێدا، با له‌ بیریشمان نه‌چێ ئه‌گه‌ر پارتی به‌رێکی ئه‌م متمانه‌یه‌ بووه‌ له‌ولاش یه‌کیه‌تی به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی پارتی و ده‌که‌وێته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ ئاشتی و سه‌قامگیری کوردستانی پێ له‌ هه‌موو شتێک گرینگتره‌ و ئه‌میان له‌م باره‌وه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌زینه‌ی گه‌وره‌شی داوه‌. که‌واته‌ کۆی ده‌نگه‌کانی پارتی و یه‌کیه‌تی له‌ راستیدا ده‌بێ وه‌ک ده‌نگی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که‌ خوازیاری ئاشتی و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیرییه‌ به‌ حیساب بێن.

No comments:

Post a Comment