Monday, 2 September 2013

سه‌باره‌ت به‌ کوشتاری موجاهیدین



کوشتاری موجاهیدین جنایه‌تێکی سامناک له‌ جسنی کیمیا بارانی دیمه‌شق              برایم جه‌هانگیری       
                                                    


جنایه‌تی رێژیمی ئێران و مالیکی دژی ئۆردوگای ئه‌شره‌ف و موجاهیدین هیچی وا که‌متر نییه‌ له‌ جنایه‌تی کۆمه‌ڵکوژی به‌عسی سوریا له‌ کیمیا باران کردنی دیمه‌شقی پێته‌ختی سوریا، له‌ ئه‌شره‌ف کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی په‌نابه‌ری بێ چه‌ک و بێدیفاع هێدی هێدی بوونه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ غه‌ڵه‌ته‌کانی سه‌رکردایه‌تی موجاهیدین و دڕنده‌یی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران و حکوومه‌ته‌ سێبه‌ره‌که‌ی له‌ عێراق واته‌ حکوومه‌تی مالیکی.

کێ ده‌بێ به‌ هانای ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ بێ؟ کێ ده‌بێ ولامده‌ری ئه‌و کاره‌ساته‌ بێ؟ مه‌گه‌ر که‌مپی ئه‌شره‌ف و موجاهیدین له‌ ژێر چه‌تری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دا نین؟ به‌ بڕوای من به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌و جنایه‌ته‌ خودی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مریکایه‌ و به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ره‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ر وه‌ک جارانی پێشوو به‌رامبه‌ر به‌ مالیکی و جۆری هه‌ڵسووکه‌وت کردن له‌ گه‌ڵ ئه‌م که‌یسه‌ هه‌ر وه‌ک جاران ره‌فتار بکه‌ن، ئیتر من هیچ گومانم له‌ شه‌ریکه‌ تاوان بوونیان دا له‌ باره‌ی کوشتاری دژی ئینسانی موجاهیدن له‌ که‌مپی ئه‌شره‌ف نامێنێ.

ئه‌و کوشتاره‌ و ئه‌و قه‌تڵ و عامه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا له‌ ئارا دایه‌ نیشانده‌ری ئه‌و راستیه‌ن که‌ کۆمه‌ڵگا دواکه‌وتووه‌کان جارێ ماویانه‌ و به‌داخێکی گرانه‌وه‌ نه‌وه‌ نه‌تیجه‌مان له‌ دوای خۆشمان هه‌ر وا ئه‌و سینارۆیه‌ و ئه‌و شانۆ خوێناویه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ . چوونکه‌ مه‌یلی گۆڕان له‌ که‌س دا نابینم. هه‌وڵدان بۆ شارستانیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌تی دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسوورکردنه‌وه‌ له‌ گوڕێ دانییه‌، خۆسه‌پاندن و خۆ به‌ حه‌قی موتڵه‌ق زانین و به‌رامبه‌ر به‌ هیچ! وایکردووه‌ دوارۆژی کوردیش هه‌ر هه‌مان دووپاته‌ بوونه‌وه‌ی میژووی رابردوو بێ. بۆیه‌ له‌م نێوه‌ دا من وه‌ک خۆم هیچ پێم وانیه ئێمه‌ی کورد له‌وان باشتر بین و به‌ڕاستی هه‌ست ده‌که‌م ئاسۆیه‌کی لێڵ و خوێناوی چاوه‌ڕوانی کورد ده‌کات ، ئاسۆیه‌ک که‌ دیسان کورد خۆی کاراکتێری سه‌ره‌کی سوور هه‌ڵگه‌ڕانه‌که‌یه‌تی، شێوازی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ باشووری کوردستان و خه‌ت و نیشان کێشانی کوردان له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتری له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و که‌ڵه‌گایی و دیماگۆژی و فریوکاری هه‌ندێ حیزبی کوردی هه‌موویان دلاله‌ت له‌و راستیه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌گه‌ر خه‌مخۆرانی راسته‌ قینه‌ی گه‌ل و نیشتمان وریا و چاو کراوه‌ نه‌بن ده‌بێ له‌ داهاتوو دا و سه‌باره‌ت به‌وکاره‌ساته‌ پیشبینی کراوه‌ سه‌ری شه‌رم و خه‌جاڵه‌ت له‌ ئاست کۆمه‌ڵگای پێشکه‌وتوو و نێو ده‌وڵه‌تیدا به‌رده‌ینه‌وه‌.

تێبینی: وێنه‌که‌ له‌ سایتی بی بی سی وه‌رگیراوه‌ که‌ له‌و دا بازره‌سانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرووه‌کان سه‌ردانی که‌مپی ئه‌شره‌ف ده‌که‌ن.

No comments:

Post a Comment