Sunday, 15 September 2013

ئاویه‌ر ده‌سوتێ

ئاویه‌ر ده‌سوتێ....
  

زۆر که‌س له‌م رۆژه‌ دا له‌ باره‌ی سووتانی ئاویه‌ر دا به‌هه‌ق شتی جوانی نووسیوه‌ و باسی ئازار ومه‌ینه‌تی داڕستانه‌ بێنازه‌کانی کوردستانی کردووه‌. ئاخر ئه‌وانیش راست وێنه‌ی مرۆڤی کورد له‌ هه‌ر چه‌وسانه‌وه‌یه‌ک و له‌ هه‌ر شه‌پۆلی سته‌مێک به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌شیان هه‌یه‌ و به‌ریان ده‌که‌وێ. ئاخر چۆن دوژمن به‌زه‌یی به‌ دار و دره‌خت و جه‌نگه‌ڵستانێک دا دێته‌وه‌ که‌ ره‌گی به‌ ناخی خاکی کوردستان دا چووبیته‌ خوار؟ چۆن به‌ ته‌مای ریشه‌ کێش کردنی دار و دره‌ختێک نابێ که‌ سوور ده‌زانێ سبه‌ی مافخوازێکی کورد، پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ بن سێبه‌ری دا وچان ده‌گرێ؟

ئاویه‌ر ده‌سووتێ له‌ ناو بێده‌نگی ئێمه‌ دا، له‌ ناو بێ هێزی ئێمه‌ دا، ئاویه‌ر ده‌سوتێ له‌ ناو په‌رته‌وازه‌یی کورد، ده‌سوتێ له‌ حاڵێکدا سوارچاکه‌ شه‌که‌ته‌که‌ هێشتا له‌ بن سێبه‌ری دا خرپه‌ی خه‌وی دێ! ئاویه‌ر، ئاربابا، جه‌نگه‌ڵه‌کانی هه‌ورامان، دارستانه‌کانی مه‌ریوان و به‌ گشتی کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌سوتێ..... به‌ ئارامی و ئێمه‌ خه‌ریکین هێدی هێدی باوه‌ڕ به‌و سووتمانه‌ و به‌ نه‌مانی سێبه‌رێک بۆ حه‌سانه‌وه‌ی کوڕانی دوارۆژ دێنین. ره‌نگه‌ نائومید بین له‌وه‌ی سبه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ک چنگی له‌ قه‌دی شاخ گیر بکات و به‌ هه‌وراز و هه‌ڵه‌موتی رژدی هه‌ڵگه‌ڕێ و له‌ سه‌ر لوتکه‌ی، له‌ ئامیزی دامینی دا، پێویستی به‌ حه‌سانه‌وه‌ و سێبه‌رێک هه‌بێ.

No comments:

Post a Comment