Thursday, 5 September 2013

کوردایه‌تی به‌ خه‌یاڵ، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی



کوردایه‌تی به‌ خه‌یاڵ، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی



کورته‌ سه‌رنجێک له‌سه‌ر قسه‌کانی  مامۆستا عه‌باس وه‌لی

 ئه‌گه‌ر ته‌عه‌سوب و ده‌مارگرژی لێت گه‌ڕێ و ئه‌گه‌ر به‌ چاوێکی واقعبینانه‌ بروانیته‌ دۆخی حیزب و لایه‌نه‌کان، ئه‌ندام و لایه‌نگره‌ توند و بێ مه‌نتیقه‌کانی له‌ حیزبه‌کان خه‌راپتر، هه‌رچه‌ند ده‌که‌ی دڵت به‌و کوردستانه‌ و به‌ کورده‌ ناگه‌شێته‌وه‌ که‌ له‌ چوار په‌رچه‌ کوردستان دا هه‌ن و دیارن و گۆیا 40 یان 50 میلۆنین. که‌چی هه‌ندێ له‌ دۆستان باسی کوردی ئازه‌ربایجان و کازاخستان و روسیا و ئه‌فغانستان و کوێ و کوێ ده‌که‌ن؟ تازه‌ هی وایه‌ وه‌ک پرسیار به‌ره‌وڕووی هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێ ئه‌رێ هیچ به‌رنامیه‌کتان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کوردانه‌ و پرسیار وشتی له‌م بابه‌ته‌ت جار  وباره‌ لێره‌و له‌وێ گوێ لێ ده‌بن‌؟!

 که‌ سه‌یری خۆشمان ده‌که‌م، هه‌م کوردستانێکی دیار و هه‌م کوردێکی مشه‌ له‌ چوارچیوه‌یه‌کی دیاری جوغرافیایی دا بوونی هه‌یه‌، دیاره‌. ته‌نانه‌ت دۆژمنانیش نه‌یانتوانیوه‌ تا ئێستا حاشامان لێبکه‌ن، که‌چی خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان، به‌ ئاکارمان به‌ ره‌فتارمان، به‌ دوور بوون له‌ هه‌موو فکره‌یه‌کی دێمۆکرات و هه‌موو باوه‌ڕ و ئایدیایه‌کی دێمۆکراسی نیشانمان داوه‌ که‌ ئه‌وه‌ی هه‌شه‌ و له‌ سایه‌ سه‌ری که‌رێتی دۆژمن و یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی کورد و زلهێزه‌کان وه‌ده‌ست هاتووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسیه‌ نامه‌سئوول و خۆ به‌زلزانه‌کان وه‌ک لانکه‌ راده‌ژێ و هێشتا پاش زیاتر له‌ 20 ساڵ ئارامی نه‌گرتووه‌.

 که‌سه‌یری لێدوانی هه‌ندێ پسپۆڕ و شاره‌زا ده‌که‌م ، که‌ مامۆستای زانکۆن، که‌ دۆکتۆرایان هه‌یه‌ له‌ زانست و فه‌لسه‌فه, زیاتر ده‌گه‌مه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ زۆر جاران تێگه‌یشتن و حاڵی بوون به‌ خویندن و به‌ دوکتوڕا و به‌ مامۆستای زانکۆ بوون نییه‌، ئه‌گه‌رچی که‌م نین که‌ ئیعتیباری ئه‌و خوێندنه‌یان پاراستووه‌ و لێدوانه‌کانیان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ که‌ به‌ باشی له‌و زانسته‌ و له‌و‌ خویندنه‌ که‌ڵکیان وه‌رگرتووه‌ و مرۆڤ له‌ هه‌ر لێدوان و نووسراوه‌یه‌کیان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و شت فێر ده‌بێ. ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌وان کاک عه‌باسی وه‌لی بێ به‌ڵام من هه‌رچی ده‌که‌م و ده‌کرێنم سه‌رم له‌م لێدوانه‌ی ده‌رناچێ که‌ ده‌ڵێ: کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێستا ئه‌و کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ که‌ به‌ دڵی تورک و بارزانییه‌! دیاره‌ ئه‌و قسه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێ که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ک که‌سانی ساده‌ و ساویلکه‌ و ده‌مارگرژی حیزبه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ت که‌ یه‌که‌م جار ئه‌و فکره‌یه‌ واته‌ فکره‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی فکره‌ی ئۆجالان بووه‌! ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ کاک حاجی ئه‌حمه‌دی له‌ دیمانه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌ی دا باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌و فکره‌یه‌ هی ئه‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسی عه‌لاقاتی خاریجی حیزبی کۆمۆنیستی چیکوسلواکی و جه‌نابی ئولاف پالمه‌ به‌و پێشنیار کراوه‌ و ئه‌ویش ئه‌و کات پیشنیاره‌که‌ی به‌ حیزبی دێمۆکرات گه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و کات خۆی ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ بووه‌ به‌ڵام حیزب یان دوکتور قاسملوو گوێی نه‌داوه‌تێ. ئه‌گه‌رچی لای من گرینگ نیییه‌و قه‌تیشی گوێ ناده‌مێ که‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی فکره‌ی کێ بووه‌ یان نا، به‌ڵێ با فکره‌ی به‌ڕیز ئۆجالان بێ و که‌سیش ناتوانێ حاشا له‌وه‌ بکات که‌ ئویش و پارتیه‌که‌شی به‌ کرده‌وه‌ ئه‌و فکره‌یان له‌ رابردوو دا خستۆته‌ بواری کرداره‌وه‌ به‌ڵام کوا وروژاندی ئه‌و باسه‌ بۆ کاک عه‌باسی وه‌لی ده‌بێ؟ کوا له‌م کات و ده‌مه‌ ئاسته‌مه‌ دا له‌ جیاتی هه‌وڵ دانێک بۆ هه‌رچی کاراتر کردن و گورج  گۆڵترکردنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ستن و سه‌رکه‌وتنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ جێگای ئه‌و قسانه‌یه‌؟ ئه‌و کێبه‌رکێی و مسابه‌قه‌ حیزبییه‌ تا که‌ی و ئه‌و جار ئێوه‌ بۆ ده‌که‌ونه‌ ئه‌و خانه‌یه‌وه‌ مامۆستا حه‌باسی وه‌لی؟
  مه‌به‌ست له‌ ورووژاندنی ئه‌و باسه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئاخۆ کاک عه‌باسی وه‌لی به‌ کام ئامانج به‌ ته‌مایه‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ئیفلیج بکات؟ ئایا ئه‌و لێدوانه‌ هیچ قازانجێک به‌و کۆنگره‌یه‌ و به‌ به‌ستی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئایا به‌راستی به‌ستنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ و ئیراده‌ی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ له‌ به‌رده‌ستی تورکیا  و بارزانی دایه‌؟ کێن ئه‌وانه‌ی پێیان ناخۆشه‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ به‌ لانی که‌می ده‌سکه‌وتیش بێ سه‌ربگرێ؟ به‌ره‌ی دژ و به‌ره‌ی موافقی پێک هاتنی کۆنگره‌ کامانه‌ن؟ ئایا به‌ ڕاستی ئێران و تورکیا و ته‌نانه‌ت حکوومه‌تی مالیکیش پیان خۆشه‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ سه‌ر بگرێ؟  ئامانجی خۆی ئه‌گه‌ر به‌ که‌میش بێ بپێکێ؟  من له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م نه‌خێرو هه‌رگیز داگیرکژه‌رانبی کژوردستان پێیان خۆش نییه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دا هه‌موو حیزبه‌ کوردستانیه‌کان له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه‌ و باس له‌ خۆیان و له‌ نیشتمانی داگیرکراو و له‌ رێکاری وه‌ده‌ست هێنانی هێوا و خه‌ونه‌کانی گه‌لی کورد بکن. جا بۆیه‌ من هه‌ر دێ و نائومێدتر ده‌بم له‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ و پێم وایه‌ و ده‌ستێک به‌ ئانقه‌ست و به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌ هیچ جۆرێ ناهێڵێ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ سه‌ر بگرێ. کۆنگره‌یه‌ک که‌ ده‌توانێ لانی که‌م ببێته‌ میحوه‌ریێکی بچووک به‌ڵام مێژوویی بۆ پێکه‌وه‌ کارکردن و لێک تێگه‌یشتنی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان که‌ هه‌ر ئێستا له‌ ناو کۆنگره‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆنگره‌ش وه‌ک کێرد و په‌نیر وان.

No comments:

Post a Comment