Friday, 20 September 2013

ئینکار وحاشا کردن تا به‌ که‌ی؟!



ئینکار وحاشا کردن تا به‌ که‌ی؟!                              

ئینکار و حاشاکردن له‌و راستیه‌ی که‌ هه‌یه‌ و ده‌بینرێ ده‌لاله‌ت له‌ نا واقعی بوونی مونکیر ده‌کات، له‌ تورکیا ده‌وڵه‌تی تورک به‌و زل و زه‌به‌لاحیه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ ئینکاری پ ک ک و کوردی باکوور ده‌کات که‌چی قه‌ت بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر.

له‌ باشور و له‌ رۆژهه‌ڵاتیش به‌ هه‌مان شێوه‌. له‌ ناوخۆشمان دا هه‌مان ئینکار کردن هه‌یه‌، باشوور دوو حیزب و دوو رکه‌به‌ری تا سه‌ر ئیسقان دژ به‌یه‌کی هه‌بوو ئێستا بوون به‌ سێ، هیچکام له‌ رکه‌ به‌ره‌کان له‌ پێناسه‌ی ئه‌ویتریان له‌ سه‌رتاسه‌ری ته‌مه‌نیان به‌لای راستی و واقعیه‌ته‌وه‌ نه‌چوون و سیاسه‌تی ئینکار و حاشاکردنیان تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌. پارتی هێزێکه‌ و بوونی هه‌یه‌ به‌ هه‌موو یه‌کیه‌تی و گۆڕان و ئیسلامیه‌کان له‌ ناو ناچێ، یه‌کیه‌تی بووه‌ به‌ مێژوو و له‌ ناو ره‌گ و خوێنی به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه‌ دا هه‌ر وا له‌ گه‌ڕ دایه‌ و به‌ گۆڕان ناسڕێته‌وه‌، گؤڕان له‌ هه‌ناوی یه‌کیه‌تی و له‌ ناو ململانه‌ی یه‌کیه‌تی دا به‌و په‌ڕی توند و تیژی و له‌ ناو جه‌رگه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵک له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی ده‌سه‌ڵات دا سه‌ری هه‌ڵدا و به‌ خێرایی جێگه‌ی خۆی کرده‌وه‌ و بوو به‌ واقعیه‌تی مه‌وجوود، ئینکار کردنبی به‌ مانای نه‌ ناسینێ رووحی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارییه‌. ئیسلامیه‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ که‌م و زۆر به‌شێکن له‌ پێک هاته‌ی کۆمه‌ڵگای کورد له‌ باشوور. خۆزگه‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ چاوی عه‌قڵ و مه‌نتیقه‌وه‌ برواننه‌ مه‌سه‌له‌ و دیارده‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌کان و به‌ ویژدانه‌وه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگا بریندار و مه‌ینه‌تباره‌ خێر نه‌دیتووه‌ به‌ ئاقارێکی راست و دروست دا به‌ڕێوه‌ به‌رن، توند و تیژی توند و تیژی دێنێ، زمانی زبر و خۆ به‌ حه‌قی موتڵه‌ق زانین له‌ سه‌ر بناخه‌ی سیاسه‌تی ئینکار داده‌مه‌زرێ. ئه‌و سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌ی ماڵی کورد و ماڵی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌توانێ وه‌ک که‌للاوه‌ به‌ سه‌ر یه‌کدا تێک بته‌پێنێ.

سبه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، تیتۆڵێک له‌ حیزبی شیوعی کوردستان دادڕن ، با که‌م هێزیش بن، با نه‌داریش بن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ده‌گه‌ڵ زۆربه‌ی حیزبه‌کان جیاوازی زۆر بنه‌ڕه‌تیان هه‌یه‌، هه‌م ئه‌خلاقیان ده‌سیاسه‌ت دا ره‌چاو کردووه‌ و هه‌میش مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لای ئه‌وان به‌هایه‌کی گرانه‌ و به‌ کرده‌وه‌ سه‌لماندوویانه‌ که‌ رێزی لێده‌گرن و ئاماده‌ نین بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و مه‌سه‌له‌ گرینگه‌ یه‌ک دێر و یه‌ک وشه‌ به‌ سه‌ر زار دا بێنن.

حیزبه‌کانی باشوور تکایه‌، سبه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ستێنێکی له‌باری هزری و ره‌وانی بۆ لاوان، بۆ ژنان و پیاوانی کورد، ئاماده‌ بکه‌ن با خه‌ڵک به‌ دوور له‌ ناخی قین گرتوو و به‌ دوور له‌ شه‌ڕی ئه‌م و ئه‌و ، به‌ دڵیکی ئاسووده‌ و ره‌وانێکی ئارام به‌ره‌و سندووقه‌کانی ده‌نگدان بڕۆن. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هێزه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی باشوور راست بکه‌ن و دڵسۆزی کورد و نیشتمانی کوردان، دڵسۆزی کوردستان بن که‌ من پێم وایه‌ هه‌مووتان هه‌ن، هه‌ر که‌س براوه‌ بێ ، کورد و کوردستان براوه‌یه‌

No comments:

Post a Comment