Thursday, 3 October 2013

شه‌یتانه‌ بچکۆله‌ی ئێمه‌ و شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌ی ئه‌وان

  

 شه‌یتانه‌ بچکۆله‌ی ئێمه‌ و شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌ی ئه‌وان                               برایم جه‌هانگیری

  له‌وه‌تا رێژیمی ئیسلامی ئێران هاتۆته‌ سه‌ر کار ئه‌و رێژیمه‌ بناخه‌ی له‌ سه‌ر درۆ وفریودانی خه‌ڵک و هێزه‌ سیاسیه‌کان دامه‌زراوه‌ و تا ئێستاش به‌ هه‌مان تاکتیکه‌وه‌ له‌ ژیانی ئاسایی خۆی دا به‌رده‌وامه‌.  دیاره‌ سه‌رکرده‌ و دامه‌زرینه‌ری ئه‌و نیزامه‌ واته‌ خومه‌ینی هه‌ر پێش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ئێران دا بگرێته‌ ده‌ست هه‌م له‌ رێگای دین و ئایینه‌وه‌ کڵاوی زۆر گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر خه‌ڵکی نا و هه‌میش زۆر قه‌ول و به‌ڵێنی به‌درۆی دا به‌ ئومه‌تی ئیسلامی و مژده‌ی ساز کردنی به‌هه‌شتێکی خه‌یاڵی به‌ خه‌لکی ئێران دا و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی و دیاری کردنی جۆری نیزام و سیسته‌م دا کوتی " جمهوری ئیسلامی نه‌ یک کلمه‌ کمتر نه‌ یک کلمه‌ بیشتر" واته‌ کۆماری ئیسلامی نه‌ یه‌ک وشه‌ که‌م و نه‌ یه‌ک وشه‌ زیاد! به‌لام ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ی که‌ به‌ هه‌ویای به‌هه‌شته‌ خه‌یاڵیه‌که‌ بوون ده‌نگیان پێدا. رێژیم و دامه‌زرێنه‌ی ئه‌و رێژێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مریکای وه‌ک شه‌یتانی گه‌وره‌ ناودێر کرد و ئه‌وه‌ش وای کرد که‌ که‌س نه‌توانێ له‌م پێوه‌ندییه‌ دا باسێکی خێری تێدا بکات و هه‌وڵی ئاسایی کردنه‌وه‌ی نێوان ئه‌مریکا و ئێران بدرێ. هه‌ر ئه‌ودروشمه‌ش بوو که‌ زۆر که‌سی فریو دا، له‌م پیوه‌ندییه‌ دا ئه‌وه‌ هه‌ر خه‌ڵکی مه‌سه‌بی و ئاسایی نه‌بوون که‌ به‌ ته‌مای به‌لێنه‌کانی خومه‌ینی فریویان خوارد به‌ڵکوو به‌شێک له‌ حیزب و رێکخراوه‌ چه‌په‌کانیش به‌وهه‌ویایه‌ی که‌ ئه‌و رێژیمه‌ دژی ئیمپریالیست و دژی کاپیتالیسته‌ و ناچارده‌گه‌ڵ کۆمونیست و سۆسیالیسته‌کان ده‌که‌وێته‌ به‌ره‌یه‌که‌وه‌، ده‌نگیان پێدا و بۆ قایم کردنی بناخه‌ی ئه‌و رێژیمه‌ تا چه‌پۆکه‌ زله‌که‌یان پێدا درا خودا هه‌ڵناگرێ له‌ هیچ هاوکاری و پشتیوانییه‌ک درێغیان نه‌کرد. حیزبی توده‌ و رێکخراوی فیدائیانی گه‌ل ئه‌کسه‌ریه‌ت ئه‌و دوو هێزه‌ بوون که‌ زۆر به‌ هاسانی ده‌داوی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌کانی رێژیمی مه‌لایان که‌وتن و له‌ نهایه‌ت دا وایان به‌سه‌ر هات که‌ ئێستا ده‌یبینین.
  ئه‌و کات سیاسه‌تی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ واته‌ حیزبی توده‌ و فیدائیانی خه‌ڵک له‌سه‌ر حکوومه‌ت ئه‌مه‌ بوو که‌ جناحی خامنه‌یی جناحی دژی ئیمپریالیست و ئازادیخوازه‌ و ره‌فسه‌نجانی و دارو ده‌سته‌که‌ی به‌ ئه‌وی هه‌ره‌ کۆنه‌ په‌ره‌ست و بناژۆ پێناسه‌ ده‌کران که‌ دیاره‌ ئێستا روانگه‌ی لایه‌نگران و به‌جێماوه‌کانی ئه‌م دوو رێکخراوه‌ وه‌رچه‌رخانی 180 ده‌ره‌جه‌ییان هه‌یه‌ و ره‌فسه‌نجانی به‌ ریفورمخواز و خامنه‌ییه‌ به‌ کۆنه‌پارێز و شتی له‌و بابه‌ته‌ ده‌زانن.

   له‌م نیوه‌ دا هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون که‌ فریویان خوارد، کورد و هیزه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کانیش به‌ تایبه‌تی دێمۆکڕات له‌ چه‌ند نموونه‌ی ئاشکرا دا ده‌داوی ئه‌و رێژیمه‌ که‌وتوون و به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر میزی وتووێژ گه‌وره‌ترین سه‌رکرده‌ی کورد و دێپڵۆماتێکی کارامه‌ و سیاسه‌تمه‌دارێکی تاقانه‌ی له‌ده‌ست دا. دوکتور قاسملوو ئه‌و ئینسانه‌ بلیمه‌ته‌ بوو که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌داوی درۆ و ده‌له‌سه‌کانی رێژیم که‌وت و زۆر به‌هاسانی له‌ وییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش ترۆر کرا.

 ئه‌و رێژیمه‌ له‌ دوای سه‌رکوتی ئازادیخوازان و قایم کردنی جێ پێی خۆی شه‌ڕی ماڵوێران که‌ری عێراق و ئێرانی به‌ دروشمی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش واته‌ "صدور انقلاب اسلامی" بنیات نا که‌ ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌م ولاتێکی کاول و وێران و هه‌میش کوشتارێکی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ئینسانی لێکه‌وته‌وه. ئه‌گه‌رچی  کورد گوته‌نی کاتێ زۆر هات قه‌باڵه‌ به‌تاڵه‌، هه‌ر بۆیه‌ زه‌مانێک ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕاوه‌ستا و خومه‌ینی جامه‌ ژاره‌ به‌ نیو بانگه‌که‌ی به‌ گه‌روو داکرد که‌ ئیدی نه‌ که‌س باوه‌ڕی به‌ درێژه‌دانی شه‌ر هه‌بوو و نه‌ دروشمی رێگای قودس له‌ که‌ربه‌لاوه‌ تێده‌په‌ڕێ ره‌نگ و بۆیه‌کی پێوه‌ مابوو. بۆیه‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق به‌ بڕیاڕنامه‌ی به‌ ناوبانگی 598 له‌ 29 پووشپه‌ڕی 1366 ڕاوه‌ستا و ئه‌وجار رێژیم ده‌ست و باڵی ئاوالا بوو بۆ کوشتاری موخالیفان و زیندانیانی سیاسیی که‌ جنایه‌تی کوشتاری زیندانیانی  سیاسیی 1367 ی به‌ دوای خۆیدا هێنا که‌ له‌و دا نزیک به‌ 5000 زیندانی سیاسیی ‌سه‌ر به‌ حیزب و سازمه‌نه‌کانی موخالیفی رێژیم ئیعدام کران و زۆربه‌یان له‌ گۆڕستانی خاوه‌ران به‌ شێوه‌‌ی به‌ کۆمه‌ڵ و به‌ نهێنی به‌ خاک سپێردران. ئه‌و نموونه‌ گشتی و ئه‌و مێژووه‌ کورته‌ و خێرایه‌م  بۆیه‌ باس کرد تا ته‌نیا وه‌بیرهێنانه‌وه‌یکی کورت و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێیم له‌ ڕابردووی ئه‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌ کردبێ. 

 ئه‌وجار بێینه‌ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی رێژیمی ئیسلامی ئێران که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌ سه‌ر بنه‌مای درۆ و ئیدیعایه‌کی بێبنه‌ما دامه‌زراوه‌. سیاسه‌تی دژی ئه‌مریکا و دژی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دا که‌ هه‌ر له‌ ئه‌ساس دا سیاسه‌ت نه‌بووه‌ و نییه‌ و ته‌نیا بۆ فریودانی خه‌ڵک و نان پیوه‌خواردنی سه‌رانی ئه‌و رێژیمه بووه‌، بوو به‌ ستراتیژی ژیرێژیمی ئیسلامی ئێران‌ ، ئه‌و سیاسه‌ته‌ و و ئه‌و دروشمه‌ له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ بۆته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی سه‌رزاری رێبه‌ران و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و رێژیمه‌. ئه‌وان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی لانی که‌م  دوای شکستی ئابڕووبه‌رانه‌ له‌ شه‌ڕی 8 ساڵه‌ له‌ گه‌ڵ عێراق دا ئاوڕێکیان له‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ناسه‌ سارد و ماڵ و حاڵ وێرانه‌ دابایه‌وه‌ دیسان به‌ په‌یره‌و کردنی هه‌مان سیاسه‌تی ڕابردوو به‌لام به شێوه‌یه‌کی دیکه‌و به‌ سازکردنی گرووپ و ده‌سته‌ی سه‌ر به‌رێژیم له‌ سووچ و قوژبنی ئه‌م جیهانه‌ و گرتنه‌ به‌ری ترۆری موخالیفان و نه‌یارانی رێژیم له‌ ده‌ره‌وه‌ی ولات و ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ند بنکه‌یه‌کی دیپۆلوماسی سه‌ر به‌ ئه‌مریکا و ئیسرائیل له‌ لوبنان و ئارژانتین پێی نایه‌ قۆناخێکی نوێیه‌وه‌. به‌ڵام پاش گوشار هێنانی دنیای رۆژئاوا و ئه‌گه‌ری به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی جیددی ده‌گه‌ڵ رۆژئاوا به‌ره‌ به‌ره‌ له‌م سیاسه‌ته‌ش وازی هێنا و هه‌موو قورسایی خۆی خسته‌ سه‌ر پشتیوانی کردنی گرووپه‌ تروریستیه‌کان له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا  به‌تایبه‌تی حیزبوڵڵای لوبنان و حه‌ماسی فه‌له‌ستین. ئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ش بۆ خه‌ڵکی  ئیران و بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین ولوبنان ‌ جگه‌ به‌ فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی ئیران وماڵوێرانی و دابه‌ش کردن و شه‌ق کردنی ریزی لوبنانی و فه‌له‌ستینێه‌کان به‌ دوو یان چه‌ند به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ک تا ئێستا هیچ خێرێکی دیکه‌ی بۆ گه‌لی لوبنان و فه‌له‌ستین نه‌بووه‌.

 دیاره‌ هاوکات ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌ رێژێم له‌ مێژ ساڵه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌کی نهێنی ئه‌تۆمییه‌وه‌ خه‌ریکه‌ که‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێوه ‌سه‌رقاڵ کردووه‌، ئه‌وان له‌م باره‌وه و زۆر به‌ ئاشکرا ته‌نانه‌ت له‌ رێگای ره‌سمی و بڵیندگۆی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ هه‌ر به‌ پشت به‌ستن به‌و به‌رنامه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پاک کردنه‌وه‌ی رێژیمی ئیسرائیل له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جوغرافیای جیهانیان هێنایه‌ گۆڕی و نه‌ یه‌ک جار به‌ڵکوو چه‌ندین جار ئه‌و ئیدیعا و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی سیایی و نیزامی رێژیم دووپات کراوه‌ته‌وه‌.

  ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌یه‌ جارێکی دیکه‌ ئیرانی هێنایه‌ ناو رۆژه‌وه‌ی باسه‌کانی جیهان و له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووشدا چه‌ندی نجار ئێران وه‌ک ئه‌کته‌رێکی کارا و دیاری دژایه‌تی دنیای غه‌رب ناوی هاتۆته‌وه‌ ناو نیوان ئینسافه‌ن ئه‌ویش  زۆر کارامه‌ و شاره‌زایانه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌گه‌ڵ ئه‌و که‌یسه‌ کردووه سه‌لماندوویه‌تی که‌‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا شه‌یاتی گه‌وره‌یه‌ و له‌ سه‌رووی پیلان  وزیره‌کیه‌ تایبه‌تیه‌کان دا جیگه‌ی گرتووه‌ ئه‌وا ئێران و مه‌لاکانیش ده‌وری شه‌یتانه‌ بچکۆله‌که‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌گێڕن و ئینسافه‌ن ئه‌و شه‌یتانه‌ بچکۆله‌یه‌ش نیشانی داوه‌ که‌ زۆر جاران شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌ی فریو داوه‌ و له‌ خشته‌ی بردووه‌.

  دوایین فریوی کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی و شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌ ئیستا و له‌ حاڵی حازر دا خه‌ریکه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆک کۆماری تازه‌ی شه‌یتانه‌ بچکۆله‌که‌ خه‌ریکه‌ خۆی ده‌رده‌خا ، به‌ڵام ئایا ئه‌و جار ئه‌و فریوه‌ وه‌ک ساڵانی پێشوو به‌ سه‌رکه‌وتنه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات؟ ئه‌گه‌رچی زۆر که‌س به‌ خۆش بینبیه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ رووحانی چوون به‌ ته‌له‌یفوون قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ئۆباما کردووه‌ و ئیتر ئه‌وه‌ کلیله‌ ژه‌نگاویه‌که‌ی ده‌رگای داخراوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ ڕووی ئێران دا ده‌کاته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی ئێران له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ره‌کیه‌ی تێی که‌وتووه‌ رزگاری ده‌بێ و گه‌مارووه‌ ئابووریه‌کان که‌ کیشه‌ی سه‌ره‌کی رووحانین کۆتاییان پێ دێ، به‌ڵام پێم وابێ شه‌یتانه‌ بچکۆله‌ ئه‌مجاره‌یان نه‌توانێ وا به‌ هاسانی کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی فریو بدات و له‌ بنه‌وه‌ش خه‌ریکی کار و به‌رنامه‌ شاراوه‌کانی خۆی بێ، به‌ڵکوو راست وه‌ک رابردوو یان ده‌بێ خامنه‌ییش جامه‌ ژاریکی دیکه‌ به‌ گه‌روو داکات و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌کی ئاشکرا له‌ کار و چالاکیه‌کانیان دا ببینرێ یان تازه‌ ناتوانن وا به‌ هاسانی کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی و شیتانه‌ گه‌وه‌ره‌که‌ فریو بده‌ن.

 کورد و شه‌یتانه‌ بچکۆله‌که‌

  تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێی سیاسه‌تی خوێندبێ و لانی که‌می ته‌جره‌به‌ی له‌ سیاسه‌تی ئێران و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و رێژیمه‌ هه‌بێ هیچ گومانی له‌وه‌ دانیه‌ که‌ ئه‌و رێژیمه‌ جێگای متمانه‌  وباوه‌ڕ نییه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تڕا بۆ ئه‌وه‌ نابێ باوه‌ڕ به‌ هێج به‌ڵێن و په‌یمان و گفت و لفتێکی بکه‌ی. به‌لام له‌م نیوه‌ دا کورد ده‌بێ چ بکات. ئایا ئه‌وه‌ی که‌ به‌ قه‌ولی ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسانی تازه‌ی رێژیم باسی ده‌که‌ن وه‌ک ئازاد کردنی چه‌ندین که‌س له‌ زیندانیانی سیاسیی ئه‌منیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ وه‌ک گۆڕان له‌ سیاسه‌تی ریژیم له‌ ناو خۆ سه‌یر بکرێ یان وه‌ک ستارتی ئه‌و گۆرانکاریانه‌ بیته‌ ئه‌ژمار؟ من به‌ش به‌ حاڵی خۆم پێی خۆشبین  نیم به‌ڵام با ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێ که‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ زیندانیانی سیاسیی ئه‌منیه‌تی ده‌ردێته‌وه‌ هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان تا ئێستاش هێزن، له‌ ناو دام و ده‌سگاکانی رێژیمدا خه‌ڵکیان هه‌یه‌، خاته‌می و ره‌فسه‌نجانیان له‌ پشته‌ که‌ له‌ هیێنانه‌ سه‌رکاری رووحانی نه‌خشی به‌رچاویان هه‌بووه‌. که‌ وایه‌ پیوه‌ندی دانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ ئاڵوگۆڕی نیوخۆیی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تازه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌یکه‌ی هه‌ڵه‌ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ له‌به‌ر چاو نه‌گرین.

  به‌و پێیه‌ ئه‌گه‌ر کورد له‌م نیوه‌ دا دڵی به‌ بچووکترین ریفۆرم و ئاڵوگۆڕ خۆش کردووه‌ بێ ئه‌وه‌ی ببێ به‌ هێز و ده‌نگێکی دیاری یه‌کگرتوو، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووی ده‌کات. هه‌ر حزب ولایه‌نێک ‌دڵی ته‌نیا به‌ سیله‌ی ره‌حمی رووحانی خۆش کردبێ و سیاسه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ بنیات بنێ دوچاری لێکدانه‌وه‌یه‌کی سه‌ر له‌به‌ر هه‌ڵه‌ و ناواقیعی ده‌بێ. هه‌ر حزیبێکیش ته‌نیا به‌ دانیشتن و به‌یاننامه‌ ده‌رکردن له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی سوور بێ و له‌ ده‌رفه‌ت و ئیمکانه‌کان هه‌رچه‌ند بچووک و که‌م که‌ڵک وه‌رنه‌گرێ له‌ دنیای سیاسه‌ت و هونه‌ری سیاسه‌ت کردن دوور که‌وتۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ تازه‌یه‌ ئیمکانی پێک هێنانی ئاڵوگۆڕی هه‌یه‌ یان ناچارره‌ به‌ دانی هێندێک ئیمنتیاز له‌ قه‌یرانه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان رزگاری ببێ، با  وه‌ک کورد نه‌ک وه‌ک حیزب به‌ره‌ورووی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بێته‌وه‌. هیچ ئینسانێکی سیاسیی ناتوانی نکۆڵی له‌وه‌ بکات که‌ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ ئێران دا خوێندنی زمانی کوردی ئازاد بکرێ ئه‌وه‌ ده‌سکه‌وت نییه‌ و فریوه‌! ئه‌وه‌ سیاسه‌ت کردنی پێناڵێن. به‌لآم دڵنیا بن ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ئه‌گه‌رچی له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی دا هاتووه‌ تا کورد یه‌ک نه‌گرێ و نه‌بێ به‌ هێز هه‌رگیز وه‌دی نایه‌ و ناکه‌وێته‌ خانه‌ی پراکتیکه‌وه‌. ده‌کرێ کورد و رێکخراوه‌ کوردیه‌کان به‌ یه‌کگرتوویی و له‌ رێگای جۆراو جۆره‌وه‌ هه‌وڵی وه‌ده‌ست خستنی بچووکترین ئیمتیازیش بده‌ن و سیاسه‌ت و دروشم و تاکتیکه‌کانیشیان هه‌ر له‌ جێگای خۆی بێ. من وه‌ک خۆم هیچ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دڵخۆش نیم و پێم وانییه‌ هیچ خێرێکی بۆ کورد هه‌بێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ لێکدانه‌وه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بن،  هه‌موو لایه‌ک باش ده‌زانین تا نه‌بین به‌ هێز که‌س گوێمان بۆ ناگرێ و هێزیش ته‌نیا له‌ یه‌کگرتن دایه‌.

No comments:

Post a Comment