Sunday, 20 October 2013

ماچ .... ئای له‌و جنایه‌ته‌ سامناکه‌!




ماچ.....ئای له‌و جنایه‌ته‌ سامناکه‌!

دووگه‌نج له‌ سڵیمانی و له‌ سه‌ر پاشماوه‌کانی په‌یکه‌ره‌ی خۆشه‌ویستی ده‌ستیان له‌ ملی یه‌کتر کرد و یه‌کتریان ماچ کرد! ئه‌و ماچ کردنه‌ له‌ لایه‌ن داوای کاری گشتی خه‌ریکه‌ په‌روه‌نده‌ی بۆ ساز ده‌کرێ تا ئه‌و دوو مرۆڤه‌ به‌ تاوانی یه‌کتر ماچکردن و ده‌ڕبڕینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی بدرێنه‌ دادگا.

لای من ماچ کردنه‌که‌ هه‌م جوانه‌ و هه‌میش ئاساییه‌ و به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ماچه‌یه‌ که‌ عه‌رشی کولتووری سوننه‌تتی پووکی وه‌له‌زه‌ خستووه‌ و کۆشکی ناحه‌ز په‌ره‌ستان و فرۆشیارانی رق و کینه‌ی هه‌ژاندووه‌. ئه‌وان خه‌ریکن ئه‌وه‌ وه‌ک بیدعه‌تێک و وه‌ک شکاندنی سنووری ئه‌ده‌ب و نه‌زاکه‌تی کورد لێکده‌ده‌نه‌وه‌ و ئه‌و دوو گه‌نجه‌ ره‌پێجه‌کی دادگا ده‌ده‌ن.

ئه‌و بابه‌ته‌ گرینه‌، زۆریش گرینگه‌ و ده‌بێ هه‌موو ئینسانێکی عاشق که‌ خوازیاری وڵاتێکه‌ دامه‌زاراو له‌ سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و رێز گرتن له‌ تاک ، خوازیاری وڵاتێکه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای هه‌موو شتێکی جوان، ئینسانی و خۆشه‌ویستانه‌ و رق نه‌ویستانه‌یه‌. ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ چوون خه‌ریکه‌ کوردستان به‌ خشکه‌ به‌ره‌و سه‌له‌فه‌یه‌ت و ئیسلامیگه‌ری و دواکه‌وتووی هانده‌درێ و رێگه‌ له‌ هه‌موو ئازادیه‌کی تاک ده‌گیرێ، ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ چون مه‌لایه‌ک له‌ مزگه‌وت به‌ خۆی به‌ بڵینگۆیه‌کی گوێ که‌ڕکه‌ر! به‌ خۆی به‌ دارو دسته‌یه‌کی رێکخراو و به‌ له‌به‌ر ده‌ست دا بوونی مه‌کان و ئیمانی زۆر، هه‌موو هه‌فتان، دژی ئازادی، دژی نووسه‌ر، دژی شاعیر، دژی هونه‌رمه‌ند، دژی گۆرانی بێژ، دژی سه‌ماکه‌ر، دژی هه‌رچی جوانییه‌ ده‌نه‌ڕێنێ و ده‌گوڕێنێ و که‌سیش نیه‌ بڵی جه‌نابی مامۆستا تکایه‌ به‌سه‌! هیچ دادگا و هیچ یاسایه‌کیش نیه‌ که‌ پێشی بگرێ و "دۆسیه‌ی بۆ بجۆلێنێ"!!!

به‌ڵێ ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ هاوڕێم، دۆستم، کابرا له‌ مینبه‌ری مزگه‌وت و حیزبه‌وه‌ ، خه‌ڵک به‌ره‌و توند و تیژی هانده‌دا، خه‌ڵک به‌ره‌وه‌ خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ و جیهادی موقه‌ده‌س! هانده‌دا، که‌چی که‌س نێیه‌ لێی وه‌پێچێ و که‌س نییه‌ بڵێ جه‌نابی دادگای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، نیشتنی په‌پووله‌ ئاسای لێوی دوو دڵدار جنایه‌ته‌ یان دژایه‌تی جوانی و خۆشه‌ویستی ، دوژمنایه‌تی نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ! ماچ تاوانه‌ یان ژن کوشتن که‌ تا ئێستاش له‌ یه‌ک دۆسیه‌ دا نه‌مان دیت و نه‌مان بیست تاوانبار و قاتل و ئینسانکوژه‌کان. ژنکوژه‌کان به‌ سزای عادڵانه‌ی خۆیان بگه‌ن!

No comments:

Post a Comment